لە ستایشی بەدبینی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Herzad.jpg

نووسینی: شێرزاد حەسەن


دەستخۆش "مانوو"ی برام، سەبارەت بە دەقی پەخشانەکەت کە بە هەوای شیعر موتوربەت کردووە، من وا مەزەندە دەکەم کە 'دار'ەکەی ناو رستەی: "نە دارا دوو داری دی." کە دەستکاریکردنی رستەکەی ناو کتێبی "ئەلف و با"ی کوردی ڕەوانشاد "ئەمین باڵدار"ە کە نووسراوە: دارا دوو داری دی. هەڵبەتە لە ناو ئەو کتێبەی پەروەردەناسەکەمان بەرامبەر بەو رستەیە رەسمی دوو درەخت دەبینین، بەڵام هەر بە راستی و دروستی لە ژیانی ئێمەدا کە دەکرێت هەر یەکێکمان بۆ خودی خۆی 'دارا' بێت، یان 'دارا' هەر هەموومان بین، ئاخۆ ئێمە هیچ درەختێکی بەردار و میوەدارمان بینیوە، یان بۆ هەمیشە درەختەکانی ئێمە زڕ و بێ بەر بوون بە دیوە واقیعی و هەم رەمزییەکەی؟

دیارە من پیتی/ پەیڤی 'دار' لای پەروەردەناس بە خوازە و مێتافۆر دەبینم، نەک 'دار'ی پەتی، گەرچی دەشزانم کە نووسەر گەرەکییەتی پیتی/ پەیڤی 'دال' لە مێمۆری قوتابییەکاندا جێگیر بکات، بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرنجە من لە ناوئاخنی رستەکەدا کە "مانوو" دەستکاری کردووە بە مەبەستی راگەیاندنی مانیفێستی ڕەشبینانەی خۆی کە بێگومان گوزارشتە لە تووڕەیی و بێ ئومێدی زۆرینەمان، بێجگە لە کاسەلێسەکان، لە میانەی سەرلەبەری پەخشانە شیعرەکەدا ئەو دیوە کارەساتبارەی ژیانی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێمە رەنگی داوەتەوە، کە زێدە سۆزهەژێن و رۆح پڕوکێنە بۆ زۆرینەمان کە من لە کۆمێنتەکانی دۆستانی دیکەدا خوێندمەوە کە هاوسۆزی لەتەک نووسەرەکەماندا دەنوێنن.

بە مافی خۆمی دەزانم ئەم رازە بدرکێنم کە دروستە 'نە دارا دوو داری دی' ئاماژە و هێما بێت بۆ کوێربوونی واقیعی یان رەمزی و ئەخلاقی هەر هەموومان کە وەک 'دارا' قوتابی سەرەتایی بووین و هەنووکەش گەورە و تەواو، بەڵام وەکو 'دارا' نابینا بووین و هیچ درەختێکی سەوز و بەردارمان نەبینیوە، کە خودی درەخت بۆ خۆی رەمزی ژیان و زیندەگی و بووژانەوەیە کە لە کۆی ئەم دەقەدا بەدبینی و لاواندنەوەی پرسەدارانە بۆ مەرگی جوانی و خۆشەویستی و شکۆمەندی پڕاوپڕ و بەرجەستەیە بە ئەندازەی نەمان و سڕینەوەی زۆرینەمان، بێجگە لە وڵاتفرۆشەکان.

کەواتە لە بری بینینی درەختی ژیان و بوونمان، ئێمە و 'دارا' پیکەوە بە دریژایی زیندەگی خۆمان لە خانەکانی وەک خانەوادە و قوتابخانە و مزگەوت و و حوجرە و دیوەخانە و ئاخوڕ و تەویلە و گەوڕەکانی سیاسەتبازە سەرمایەدارەکان داغان و هەلاهەلا بووین لە ژێر زەبری داربەدەستەکانی ئەم نیشتمانی خاکەسارەدا، لەژێرزەبری دار و قامچی و مەترەق و تێڵا و حەیزەران و شولکی تەڕ و لە ئاو هەڵکێشراودا رۆحی پەژموردەمان زیواڵ زیواڵ بوون، بگرە چاوشکێن و سەرشکێن و دڵشکێنیان کردین، سەدەها جار و بێ وچان، ئێمە ئەو دارانەمان بینیوە کە لە سەد لاوە پرزۆل پرزۆلی کردین، چ وەک جەستە و چ وەک رۆح، من دەمێکە گوتوومە کە پشکنینێک بکەن و ئامار و داتا کۆ بکەنەوە و راپرسی بکەن لە ناو ئەو خانانەی ئێمە تیایاندا ژیاین کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداون، لە منداڵییەوە، بە تایبەتیش لە ناو قوتابخانەکان و خانەوادەکان کە کانگای هەر هەموو نەخۆشییە دەروونی و دەمارییەکانن، ئەگەر چەند منداڵێک و تۆڵازێکی شادومان و ئارام و ساغڵەمتان دۆزییەوە، ئەمن پێشنیاری ئەوە دەکەم کە هەقە بیانبەین بۆ ناو مۆزەخانەکانی خۆمان و دونیای دەرەوە و وەک دارەکەی سەر پشت و ناو لەپ و سەر ملی ئێمە و 'دارا' بیانچەقێنین هەر وەک چەند نموونەیەکی دەگمەن و دانسقە و سەیر و سەمەرەی سەدەی بیست و یەک و هەزارەی سێیەمی نێو "ڕەشهەڵاتی ناوەراست"! "شێرزاد حەسەن"


{دارا دوو داری دی}

نووسینی: مانوو

{دۆی دادە لە مێژە دزراوە

نە یەکێتی داوەکەی دارای دی

نە گۆڕان کورسی دی

نە یەکگرتوو یەکی گرت

نە کۆمەڵ بەشی برد

نە شام شەکر بوو

نە کەرکوک شیرینتر بوو

نە شۆریجە پێشمەرگەی دی

نە رەحیماوا ئاسایشتی دی

دارا ! ئەوەی لە کەرکوک بوو

تانک و حەشدی شەعبی بوو

نە دارا دوو داری دی

نە مێردەکەی مرواری دوو ژنی دی

نە مام زۆراب مێوژی دی

نە ئاسکۆڵ باسوقی دی

ئای دارا.. چەندەها ساڵە دۆی دادە دزراوە!"