مام جەلال لەدیدارێکی 360 خولەکیدا بەشی 1

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
143895.jpg

دیدار: عومەر شێخموس

تکایە ناوی تەواوی خۆتم پێ بڵێ؟

-من ناوم جەلال-ە، لەمنداڵییەوە پێم دەڵێن مام جەلال، باوکم ناوی حوسامەدینە، نازناوەکەشم تاڵەبانییە.

لە چ ساڵێک لەدایکبوویت؟

-بەڕاستی ئەوە نازانم، چونکە نەنوسراوە، بەڵام بە تەقدیری ئەوەی کە لەدایکم بیستوومە، دەیزانی هاوین بووە، بەحسابی ئەو رووداوانەی کە ئەو باسی دەکرد یان 1933 یان 1934م، ئیتر نازانم کامیانە.

لە چ شوێنێک لەدایک بوویت لە شار یان لادێ؟

-لەدێیەک بەناوی کەلکان لەبناری چیای کۆسرەت، ئێستا سەر بەقەزای دوکانە، سەر بەلیوای سلێمانی، دکتۆر مەحمود دەیگووت ئێستا بەتەواوەتی تێکدراوە.

بەمنداڵی و بەگەنجیت دایک و باوکت زۆر شوێنی خۆیان گۆڕیوە؟

-من لەلادێ لەدایکبووم، پاش پێنج شەش ساڵ باوکم چۆتە کۆیە.

بەشی زۆری گەنجێتی و منداڵیت لەکۆیە بەسەربردووە؟

-نا، من دەتوانم بڵێم لەساڵی 1939 و 1940ەوە تا ساڵی 1950 لەکۆیە بووم، دوای ئەوە بۆ خوێندن چوومەتە هەولێر ساڵێک، ساڵێکیش لەکەرکوک و ئیتر بەغداو زانکۆ، ئیتر داخڵی سیاسەت بووم، ئەگەر حساب بکەیت هەر 10-12 ساڵ بەسەریەکەوە لە کۆیە بووم و ئیتر کۆیەم نەدیوەتەوە.

خوێندنگەی سەرەتاییت لەکۆیە تەواوکرد؟

-بەڵێ ساڵی 1947 لەکۆیە تەواوم کرد.

ئەی ناوەندی؟

-ناوەندیشم هەر لەکۆیە تەواوکرد ساڵی 1948 تا 1950.

ئەی دواناوەندی و زانکۆ؟

-پۆلی چواری دواناوەندیم لەهەولێر تەواوکرد و پێنجی دواناوەندیشم لەکەرکوک تەواو کرد.

دوای ئەوە چوویتە زانکۆ، لەچ بەشێک؟

-ئەو وەختە زانکۆ لەعیراق نەبوو، چەند کۆلێجێک هەبوو، من چوومە کۆلێجی حقوق. کە من چوومە کۆلێجی حقوق زانکۆ نەبوو، کۆلێجی جیاجیا هەبوو، چونکە زانکۆ لەزەمانی کۆماریدا دروستبوو. چوومە کۆلێجی پزیشکی، قبوڵیش کرام، بەڵام لەبەر کاری سیاسی گواستمەوە بۆ حقوق.

خوێندنەکەت لەبەر کاری سیاسی پچڕ پچڕ بوو؟

-تا پۆلی چواری حقوق مونتەزەم بووم، هەموو ساڵێک چەند جارێک دەگیرام، بەڵام هەر تێیدا دەردەچووم و پۆلەکەم تەواودەکرد، لەپۆلی چواربووم سەفەرێکی دەرەوەم کرد ئەو سەفەرەی کە چووم بۆ وارشۆو مۆسکۆو پەکین، لەدوای ئەوە ساڵێک فەسڵ کرام لەکۆلێج.

ساڵی 1956 کە پەلاماری میسریان دا و خۆپیشاندان و مانگرتن بوو، بێگومان من بەشداریم کرد، ئەوجارە بە یەکجارەکی فەسڵ کرام، هەتا دوای شۆڕشی 14ی تەمموز چوومەوە کۆلێجم تەواو کرد.

پاش ئەوەی کە کۆلێجت تەواوکرد، هیچ کارت کرد وەکو پارێزەر؟

-بەناو بەڵێ، بەڵام بە عەمەلی نا، لەتەمەنی خۆمدا یەک دەعوا هەبوو کە مامۆستا برایم درا بەدادگا کە لە(خەبات) بووین، چەند پارێزەرێک وەکو خۆبەخش ناوی خۆیان نووسی منیش هەر ناوی خۆم نووسی، ئەگینا بەعەمەلی نەخێر، هیچ دەعوایەکی دادگام نەبینیوە.

پاش دەرچوون بووبووم بەپارێزەر، شەریکی کاک روشدی عارف بووم، بەڵام ئەوەش هەر بەناو بوو، دوایی بانگ کرام بۆ خزمەتی سەربازیی، کۆلێجی ئیحتیاتی ئەفسەرانم تەواوکرد، چەند مانگێک بووم بەئەفسەر لەکەتیبەی چواری تانک، یەکەم جۆری تانکی T55 کە هاتبوو بۆ عیراق ئەوە یەکەم کەتیبە بوو، دوای ئەوە لەوێوە هاتمەوە (خەبات) بۆ کاری رۆژنامەگەری ئیتر دەعواو شتی وام نەدیوە.

باشە ئەو خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندیانە خوێندنگەی تایبەتی بوون یان حکومی؟

-نا هەمووی حکومی بوون.

وەک پێشتریش عەرزم کردیت ئەمە بۆ مەبەستی عیلمییە، بۆ تێزێکی دکتۆرایە، بۆیە پێویست بەوە دەکات بەو جۆرەی دەتوانیت ئەوەی کە رازیت باسی بکەیت لەهەمان کاتدا ئازادی کە نەتوانی وەڵامی هەندێک پرسیار بدەیتەوەو بەئازادییەکی تەواو دەتوانی بڵێی ناتوانم وەڵامی بدەمەوە.

لەمنداڵی خۆتدا تا تەمەنی 10 ساڵە چەند خوشک و برا بوون؟

-دوو خوشکم هەبوو.

پەیوەندیت لەگەڵ خوشک و براکانتدا چۆن بوو؟

-پەیوەندیم باش بوو، تاکە کوڕ بووم، خۆشەویست بووم، لەگەڵ خوشکەکانم بەینم خراپ نەبوو.

باشە ئەگەر رۆژێک بهاتیتایە ماڵەوە لەخوێندنگە یان رات بکردایە و نەچوویایتە وانەوە، یان بهاتیتایە ماڵەوە، چێشتێکیان لێنابێت و بتوتبایە نایخۆم؟

-دوو شت هەیە، یەکەم قەت رام نەکردووە لەخوێندنگە، خوێندکارێکی باشبووم، زۆریشم خوێندنگە پێ خۆش بوو، لەبەرئەوە لەهیچ وانەیەک ڕام نەکردووە لەتەمەنی خۆمدا، مەگەر لەحقوق، کە گەیشتمە حقوق، ئەوێ جیاواز بوو. لەبەرئەوە ئیشوکاری خوێندنگەم رێکوپێک بوو، قەت هەڵنەهاتووم.

حەزیشم لەخوێندن بوو. لەبەرئەوە لەگەڵ خوێندنگە زۆر گونجاو بووم، بەڵام لەماڵەوە وانەبووم، ئەگەر بهاتبامایەوە خواردن حازر نەبایە، هەرایەکی گەورەم دەنایەوە، شەڕم دروست دەکرد، یان شتێکم داوا بکردایەو جێبەجێ نەبوایە قڕەقڕم زۆر دەکرد.

باشە لەمنداڵیی خۆتدا دایک و باوکت بەچ چاوێک تەماشایان دەکردی، خزمەکانت، منداڵێکی لەسەرخۆ بووی یان بەگرفت بووی؟

-دوو پرسیاری جیاوازە، ئارامی جیایەو گرفت جیایە، من بەمنداڵی هیچ گرفتیەکم نەبوو، چونکە لەخوێندنگە باش بووم، هیچ ئەملاو ئەولایەکم نەبوو، چاک دەمخوێند و تاقانەش بووم، هەم لەبەرئەوەی تاقانە بووم خۆشەویست بووم، هەم لەبەرئەوەی خوێندکارێکی باش بووم، هەموو ساڵێک بەیەکەم دەردەچووم. لەدوو سێی سەرەتایی لەکۆبوونەوەدا من شیعرم خوێندۆتەوە، لەتەمسیلی خوێندنگە بەشداریم دەکرد، بەڵام ئارام نەبووم، منداڵێکی زۆر عەجول و هاربووم.

پەیوەندیت لەگەڵ هاوڕێکانت و مامۆستاکانت؟

-زۆر باش بوو، لەگەڵ مامۆستاکانم زۆر باش بووم، لەگەڵ هاوڕێکانم ئێجگار باش بووم، لەبیرم نایەت شەڕێکم کردبێت لەگەڵ یەک خوێندکار، پەیوەندیم زۆر باش بوو، ئەوەندەی مامۆستام هەبوو، پەیوەندیم باش بوو لەگەڵیاندا، زۆریشیان خۆش دەویستم، هەم لەبەرئەوەی خوێندکارێکی باش بووم، هەم لەبەرئەوەی لەبەرچاوی ئەوان خۆم بەخوێندکارێکی ئارام و فەقیر نیشان دەدا.

لەمنداڵی و گەنجێتیت ژمارەی هاوڕێت زۆر بوو؟

-بەڵێ ئێجگار زۆر بوو، بەتایبەتی لەسەرەتایی، هەموو خوێندکارەکان دۆستم بوون، زۆرجار لەگەڵ پۆلێکی هەورازتریشدا بەینم باشبوو، بۆ نموونە من لەپێنج بووم، لەگەڵ خوێندکاری شەشەکانیش بەینم باش بوو، جارێکی کۆمەڵەیەکی خوێندکارانمان دروست کرد، نەک هەر لەخوێندنگەکەی خۆم، بەڵکو کۆیە دوو خوێندنگەی لێ بوو، من لەگەڵ خوێندکاری هەردوو خوێندنگەکە بەینم باش بوو.

ئەو خوێندکارانەی کە دۆستت بوون، یان خزم بوون یان لەهەمان گەڕەکدا بوون،یان لەهەمان چین بوون لەسەر بنەمای چینایەتی؟

-نەخێر، پەیوەندیم لەگەڵ هەموو خوێندکاران باش بوو، بەڵام بە پلەبوو، خوێندکاری زیرەک یان ئەوەی بەلای خۆمەوە باش بوو، هیچ پەیوەندی بەخزمایەتی و گەڕەکەوە نەبوو، زۆرجار پەیوەندیم لەگەڵ خەڵکی گەڕەکی دوورتر زۆر باشتربوو، لەگەڵ ئەوەی خەڵکی گەڕەکی خۆمان بوو، یەک خزمم هەبوو، هێندەی بێگانەکان بەینم باش نەبوو لەگەڵیاندا.

لەدواناوەندی، لەزانکۆ بەشی زۆری هاوڕێکانت سیاسی بوون یان هاوڕێی تریشت هەبوو؟

-ئەوە جیاوازی تێدایە، لەسەرەتاییەوە من داخڵی سیاسەت بووم، ئەو سەردەمە هاوڕێکانم هەم سیاسی بوون هەم هەوڵیشمان دەدا خەڵک راکێشین، لەناوەندیی زۆربەی هاوڕێ نزیکەکانم هەر ئەو کەسانە بوون کە هاوبیری سیاسیم بوون، بەڵام من لەگەڵ شیوعییەکانیش بەینم باش بوو، بیرم دێ خوێندنگەی ئێمە دوو بەش بوو، لەبیرمە 85 خوێندکاری لێبوو، دوو تەیاری سیاسی هەبوو، 42 شیوعی بوو 42ی تر تەییارەکەی تر بوون، من لەگەڵ هەردوو تەیارەکە بەینم باش بوو، بێگومان زۆرتر پەیوەندیم لەگەڵ ئەو تەرەفە بوو کە خۆم لەگەڵیان بووم، بەڵام بەگشتی لەگەڵ هەردوولا بەینم باشبوو. بۆنموونە کاک فاتیح رەسول یەکێکیان بوو کە ئێستاش بەینم لەگەڵی باشە.

کە چوومە دوا ناوەندی چونکە خەباتەکە سڕی بوو، دۆستایەتی نزیکم لەگەڵ هەموو کەسێکدا هەبوو، ئەوەی پێم باشبوایە.

بۆنموونە کە گەیشتمە تەمەنێکی دیاریکراو لەگەڵ خەڵکی باش و بە ئەخلاق پەیوەندیم دەکرد، دەتوانم بڵێم لەحقوق پەیوەندیم زۆر فراوان بوو، بۆنموونە بۆ کوردێک عەجیب بوو لەگەڵ نەتەوەییەکاندا پەیوەندی هەبێت، من لەگەڵ ئەوانیش پەیوەندیم هەبوو، دۆستی نزیکی شیوعیم هەبوو، دۆستی نزیکی بەعسیم هەبوو، دۆستی نزیکی ئیستیقلال و وەتەنی دیموکراتی، بێجگە لەکوردەکانی خۆشمان.

ئەگەر بیر لەکاتی منداڵیی خۆت و گەنجێتیت بکەیتەوە لەڕووی ئابوورییەوە وەزعی ماڵی خۆتان لەگەڵ دەورەوپشتتان، ئایا لەوان باشتربوو، یان وەکو ئەوان بوو، یان خراپتر بوو؟

-ئەگەر جیرانەکانمان حساب بکەین جیرانی دەستی راستمان ماڵی زۆر دەوڵەمەندی کۆیە بوون، جیرانی ئەولاترمان چینی مامناوەند بوون و بۆیە وەزعمان بە قۆناغی جیاجیادا هاتووە، قۆناغێک زۆر باش نەبوو، بەڵام مامناوەند بوو.

ئەوە هیچ کاریگەریی لێکردوویت، بەبیرت دێت ئەو دۆخە ناخۆشانە؟

-من هەرگیز وەزعی ناخۆشم نەبینووە لەڕووی ئابوورییەوە، وەزعم خراپ نەبووە، یان زۆر باش بووە، یان نیمچە باش بووم.

دایک و باوکت قەت ئیشیان کردووە؟ چ ئیشێکیان دەکرد؟

- دایکم جگە لەئیشی ماڵ هیچ شتێکی نەکردووە، بەڵام باوکم کشتوکاڵی کردووە، پاشان بوو بەمورشیدی تەکیەی تاڵەبانی لەکۆیە، واتە ئیشی ئاینی دەکرد، تەهلیلەو زیکر.

لەناو ماڵی ئێوە خزمەتکارتان هەبوو؟

-بەڵێ.

چەند؟

- هەمیشە زۆرمان هەبوو، دوو سێ ژن هەبوون لەماڵەوە کاریان دەکرد، لەتەکیەش هەبوون.

لەپەروەردەکردنتدا کێ زیاتر دەوری دەبینی دایکت یان باوکت؟

-وەڵا هیچیان، زۆرتر ماڵە کەسوکار، ئەوانەی کە خوێندەواربوون، لەپەروەردەکردنی ئاساییدا هەردووکیان دەوریان هەبوو، بەڵام لەڕێنوێنی کەم، چونکە زۆر زوو من داخڵی سیاسەت بووم، رایەڵبووم لەگەڵ خزمەکانم، ئەو سەردەمە خزمی خوێندەوارم هەبوو، لەکۆلێج بوون کە قسەیان دەکرد، من دایمە لەمەجلیسی گەوراندا دادەنیشتم، زۆرتر لەوانەوە کاریگەریم تێ دەکرا وەک لەئیرشاداتی باوکم و قسەی دایکم.

لە چ ساڵێک خێزانت دروستکردووە؟

-لە1967ەوە هێرۆ دەستگیرانم بووە، بەڵام پێموابێ لەساڵی 1970دا زەماوەندمان کرد.

ئێستا چەند منداڵتان هەیە؟

-دوو.

کچن یان کوڕ؟

-هەردووک کوڕن.

دەتوانی باسی ئەوەمان بۆ بکەیت کە لەکاتی منداڵی و گەنجێتیدا ئەو خانووانەی تیایدا ژیاوی، گەورە بوون یان بچووک؟

-لەلادێ خانووی قوڕو بچووک بوو، خانووی خۆشیش نەبوو، بەڵام بەبەراورد بەخەڵکی گوندەکە کەمێک ئەوەی ئێمە باشتربوو، کە هاتینە کۆیە لەناو تەکێیەکی زۆر گەورەدا دەژیاین، بەشێکی ماڵ بوو، ماڵەکەش دوو بەش بوو، بەشێکی گەچ بوو، بەشێکیشی قوڕبوو، بەڵام قوڕێکی باش بوو، تەکیە ئێجگار گەورەبوو ساحەیەکی گەورە، مزگەوتێکی گەورەی تێدابوو، دیوەخانی گەورە، پاشان کە لەناوەندی دەردەچووم، ئیتر کەوتمە خانووی کرێوە.

لەخوێندنگەی سەرەتایی بەکوردی خوێندت، یان عەرەبی؟

-زەمانی ئێمە خوێندنگەمان کوردی بوو، لەقەدیمەوە لەعیراق لەو ڕشتەی کە خەڵک هەڵیبژاردبوو بەکوردی بوو، دیارە وانەی عەرەبیش هەبوو.

مامۆستاکانتان هەمووی کورد بوون؟

-مامۆستاکانمان لەسەرەتایی هەمووی کورد بوون، جارێک یەک عەرەب هەبوو، ئەوەندە ساڵە لەکۆیە بوو کوردی فێربووبوو، ناوی عەلی موزەفەر بوو، کوڕەکانیشی ببوون بەپارتی و پێشمەرگە.

لەدوای ئەوەی چوویتە ناوەندی؟

-لەناوەندی هەر خوێندکاری کوردی لێ بوو، بەڵام مامۆستای عەرەبی لێ بوو. دوو یان سێ مامۆستای عەرەبمان هەبوو کە دەرکرابوون، دووانیان لەسەر سیاسەت دەرکرابوون، یەکیان شیوعی بوو، یەکیان حزبی شەعبی بوو، ئەوی تریان لەسەر سەرخۆشی نەقڵی کۆیە کرابوو، پەیوەندیم لەگەڵ ئەو دووانەیاندا باش بوو، بەڵام لەگەڵ سەرخۆشەکە نا، چونکە خۆشم نەدەویست، بەڵام دووەکەی تر پەیوەندیم لەگەڵیان باش بوو، ئێستاش دۆستمن.

قەت هەستت بەوە نەدەکرد کە کوردیت جۆرە تەعدایەک یان ئیهانەیەک هەبووبێ بەرامبەرت؟

-نا، بەپێچەوانەوە لەناوەندی چونکە لەعەرەبیدا باش بووم، مامۆستاکانم باش بوون لەگەڵمدا.

مامۆستای عەرەبیەکەمان شیوعی بوو، من پارتی بووم، چونکە باش بووم لەوانەکەیدا، بەینمان زۆر باش بوو، ئێستاش زۆر دۆستین، رۆژێک لەڕۆژان کێشەیەکمان نەبووە.

خۆت دەزانی هەموو کەسێک چ لەمنداڵی چ لەگەنجی رووداوێک دەبینێ زۆر ناخۆش بێ، مومکینە رووداوی سیاسیی شەخسی، کاریگەرییەکی قووڵ بەجێ دەهێڵێت، لەوانەیە تائێستاش لەبیرت مابێت، ئەگەر رووداوێکی وا هەبێت لەمنداڵی و گەنجیتدا باسی بکەیت؟

-لەمنداڵیدا رووخانی کۆماری کوردستان زۆر کاریگەری تێکردم، وەک تەعزییە بوو، ریشم نەبوو تا ریش بهێڵمەوە. بەڵام عاجزو خەمبار بووم، ئەوە یەکەم رووداو بوو کە قەت لەبیرم ناچێ، دووەم هەر رووداوی سیاسی بوو کە بارزانی دەربەدەر کرابوو، هەندێک ژنە بارزانی هاتبوون لەکۆیە سواڵیان دەکرد، ئەوەشم قەت لەبیر ناچێتەوە، پیرەژنێکی بارزانی کە دەربەدەرکرابوو هاتبووە کۆیە. شتی کۆمەڵایەتییش مامۆستایەک جیرانمان بوو، تازە ژنی هێنا بوو، بەئوتۆمبیل وەرگەڕابوو و مرد، ئەوەش زۆر کاری تێکردم.

حەز دەکەم بزانم خولیابوونت بەسیاسەت لەچ تەمەنێکدا بوو؟

-زۆر زوو دەستم پێکرد، پێش ئەوەی لەسیاسەت تێبگەم، ئەو وەختە لەخوێندنگەی ئێمە سروود دەخوێنرا، مامۆستاکانمان هەموو کوردپەروەر بوون، هەموو سروودەکانیش کوردپەروەرانە بوون، بۆنموونە بەسەر کوردستان و خەباتی میللەتی کوردو دەمی راپەڕینەو ئەی کوردینە ئەی مەردینەو یەکبگرن‌و..، ئەوە لەیەک و دوو و سێی سەرەتایییەوە لەمێشکمدا بوو، لەپاشان ئەوەی کە لەبیرمە رووداوی سیاسی وەکو خەون، زۆر لەزووەوە شەڕێک بوو عیراق و ئینگلیز، وامزانی سوپای عیراقی چووبوو هێرشی کردبوو بۆ حەبانییە، کە پێیان دەوت (سن الزوبان)، کەدەیانوت (سن الزوبان)ی ئابڵۆقەداوە، وام دەزانی چوونە ئینگلتەرایان ئابڵۆقە داوە، پێمخۆشبوو عیراق ئینگلیز ئابڵۆقە بدات، دوایی کە گەورە بووم تێگەیشتم.

یەک رووداوی تریشم لەبیرە خزمێکم هەبوو لەکەرکوک بوو بەبەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق، دەهاتە کۆیە، دۆستی مامۆستا ئیبراهیمیش بوو، ناوی شێخ فازیل بوو، باوکی ئەو خەسرەوەیە کە ئێستا لەکەنەدایە، یەکەمجار گوێم لەوشەی سۆڤێت بوو باسی ئەوەی دەکرد، کە روس هەر ئەڵمان دەشکێنێ، ناپلیۆنیش هاتووە ئەڵمان دەشکێنێ، چونکە پەلاماری روسی داوە، خزمێکم هەبوو زۆر ئەڵمانی خۆش دەویست، جا هەموو جارێ بۆ توڕەکردنی خزمەکەم ئەو مەوزوعەی دەکردەوە، هەر دەیوت: روس ئەڵمان دەشکێنێت، نەشمدەزانی روس چییەو ئەڵمان چییە، تەنانەت وشەی سۆڤێت، زۆرجار لێم تێکەڵاو دەبوو.

ئەی هۆشیاریی سیاسیت؟

-بێگومان کوردایەتی ئەوا بوو لەخوێندنگە، لەبەرئەوەی من یەکێک بووم لەو خوێندکارانە، لێرە عادەتێک هەبوو، نازانم لەسوریا هەبوو یان نا، بەرلەوەی بچوینایەتە وانەوە ریزدەبووین و سروودمان دەوت، جا یەکێک دەهات شیعری دەخوێندەوە، هەموو رۆژێک ئەو یەکەی کە شیعری دەخوێندەوە من بووم، لەسێی سەرەتاییەوە ئەو شیعرانەم لەبەردەکرد کە هەمووی شیعری حاجی قادرو کوردایەتی بوو، ئەو شتانەی کە بۆنی سیاسەتی لێدەهات، نەورۆز دەکرا لەکۆیە، مامۆستاکانمان ئێمەیان دەبرد و دەبوایە بچین، کوڕێکمان هەبوو ناوی حوسامەدین تەیب بوو بەڕەحمەت بێت ئەو لە شەشی سەرەتایی بوو، ئێمە لەچوار بووین، زۆرجار باسی کوردایەتی بۆ دەکرین، جارێک بانگی کردم و وتی وەرە شتێک بخوێنەرەوە، ئەو بۆی نووسیبووم، یان پێی وتم، باشم لەبیرنییە، تا وەکو وتاری نەورۆز بیخوێنمەوە یەک لاپەڕەبوو، یەکەمجارم بوو کە هاتمەوە مامۆستایەکمان هەبوو کوڕێکی چاک بوو حەمە ئەمین مەعروف هەتا ئەندامێتی لیژنەی مەرکەزیی پارتیش هات، دوایی بایدایەوە بۆ ئیسلامێتی و بووە سۆفی، پیاوێکی زۆر چاک بوو، نموونەی ئەخلاق و رەوشت بەرزی بوو کە هاتمەوە شیعرەکەم خوێندەوە، وتی ئافەرم بەڵام هەڵەیەکی تێدابوو، کە دەڵێت: هەموو عالەم بوو بەشت ئەوە جووش بوو بەشت، هەر کورد مایەوە، وتی بۆ سوکایەتی بەجوو دەکەیت؟ ئەویش بەشەرە وەکو ئێمە، ئەوەم لەبیرە، من شەخسی خۆم رقم لەجوو نەبوو، لەکۆیە گەڕەکی جوولەکان هەبوو، هاوڕێیەکم هەبوو لەناو جوولەکەکاندا. هەندێ گەنج پەلاماری ئەوانیان دا، ئەو برادەرەی من سەری شکا بوو، خوێنی پێدا دەهاتە خوارەوە، ئەوەم هەرگیز لەبیر ناچێ، رامکرد بۆ لای و چووم رزگارم کرد، ئەوە یەکێک بوو لەو شتانەی کە زۆر کاری تێکردم. من پەیوەندییشم لەگەڵ جوولەکەی شارەکەی خۆماندا زۆر خۆش بوو.

ساڵی 1948 و ئەوانە بوو؟

-نە ئەوە دەوروبەری ساڵانی 1942 بوو، زۆر منداڵ بووم، تا ساڵانی 1948 تا 1950 پەیوەندیی شەخسیم لەگەڵیاندا باش بوو.

لەگەڵ گەنجێتی خۆتدا لە 13 تا 17 ساڵی، دەتوانی ناوی چەند کتێبم بۆ باس بکەیت کە خوێندوتەتەوەو زۆر کاریی تێکردووی؟

-من لەدوو شت دەمخوێندەوە، کە خوێندکار بووم یەکیان گۆڤاری گەلاوێژ کە ئەوە تاکە گۆڤاری کوردی بوو دەهاتە کۆیە، لەبەر شیعر لەبەرکردن بوو کە لەخوێندنگەی بیخوێنیتەوە، گۆڤارێکی کوردی بوو زۆرم دەخوێندەوە، رۆژنامەی ئەهالیم دەخوێندەوە زۆر لێی تێنەدەگەیشتم بەڵام ئەهالی بەناوبانگ بوو، لەبیرمە لەسەرەتایی ئیشتراکم کرد لەکتێب و شتی وادا، من ئەوە لەماوەی ساڵی 1946دا دەستم بەسیاسەت کرد و بووم بەئەندامی پارتی، ساڵی 1947 ئەو کتێبانەی کەوا باوبوو لەلای ئێمە، کتێبی کوردی نەبوو، یەک کتێب ئەوەڵ جار دایانمێ بیخوێنمەوە، ناوی (ێدیقتنا الاتحاد السوفیتی) بوو، ئەو کاک فاتیح رەسوڵە کە شیوعی بوو، ئەو دایمێ، زۆریش لێی تێنەدەگەیشتم، عەرەبی بوو، بەڵام کە بووم بە پارتی، کتێبیان بۆ شەرح دەکردین، سێ کتێب هەبوو یەکیان (المسڕلە الوگنیە)کەی ستالین بوو، (المادە الدیالیکتیکیە) کە ستالین نووسیبووی، ئەو کاک عەلی عەبدوڵڵایە بۆی شەرح دەکردین کە ئێستا سکرتێری پارتییە، ئەو وەختە (اسس اللینییە) هەبوو، من ئێستاش مارکسیزمم وەک زانست پێ باشە، ئەوی راست بێت حەزدەکەم ئەوەت پێ بڵێم من دژی دۆگماکردنی مارکسیزمم، ئەگەرنا مارکسیسزم لینینیزمم وەک زانست پێم باشە، چۆن لەبنەمای ئابووری سوودی لێدەبینرێت، بەڵام مارکسیسزم ئەوەی لێی ناڕازیم ئەوەیە کە کرا بەدۆگما و ئایین، ئیتر مارکس چی وت دەبێ وابێت، یان لینین یان ماوسی تۆنگ چی وت دەبێت وابێت، بۆیە زانست چەندین بنەمای زیندووی هەیە، مرشد العملە، نەک وەک ئایین پیرۆزی بکەیت.

ئینجا دوای ئەوە کتێبێک دەرچوو کە زۆر کاریگەریی تێکردم لەو کتێبە عەرەبیانە، ئەویش هەر بەکاریگەری گەلاوێژ بوو، لەگەلاوێژدا شت بڵاودەکرایەوە لەسەر بۆ نموونە پیاوە گەورەکانی دونیا، کتێبێک دەرچوو لەساڵی 1946 یان 1947 بینیم ناوی الدیمقراگیە الحدیپە زەکی خەیری تەرجەمەی کردبوو، لەپاشان کتێبێکی تریش هەر زەکی خەیری تەرجەمەی کردبوو بەناوی (رجل ێ‌سیا) لەسەر ماوتسیتونگ بوو، ئینجا من بەڕاستی ئەو دوو کتێبەم زۆر خوێندۆتەوەو زۆرپێی کاریگەربووم، چونکە زۆر باو بوو لەشارەکەی ئێمە و وەک حیکایەتێک وابوو، چاکترینیان بوو بۆ عەقڵ و تەمەنی من کە لێی تێدەگەیشتم، دەتوانم بڵێم کاریگەریی ماوتسی تۆنگم لەو کتێبەوە کەوتەسەر، چونکە لەسەر ئەو بوو و باسی خەبات و کاروانی گەورەو ئەوانەبوو هێشتا لەچین سەرنەکەوتبوون و لەشاخ بوون، ئەو کتێبە زۆر کاریگەریی هەبوو. لەساڵی 1948 چووم بۆ بەغدا، مامۆستایەکمان هەبوو ناونیشانی کتێبێکی دامێ، وتی: بیکڕە، بێگومان ئینگلیزی بوو، هیچی لێ تێنەگەیشتم، دوو کتێبی دامێ وتی بۆم بکڕە، بۆم کڕی یەکێکیان ناوی دە رۆژ دونیای هەژاند هەرگیز لەبیرم ناچێ، لەمنداڵییەوە لەبەرم کردووە، ئەوە لەکتێبخانەی مەرکەزی بۆم کڕی، تەنها وەرگێڕانەکەی ئەوە بوو لەگەڵ کاک عومەر دەبابە چووین ئەو بردمی لەو کتێبخانەیە بۆی کڕیم، کتێبێکی دیکەش هەبوو بەناوی ستالین ئۆن لینین ستالین لەبارەی لینینەوە.

جا ئەو ستالین ئۆن لینینەم لەبیرە، چونکە مامۆستایەکمان هەبوو ناوی زەکی ئەحمەد هەناری بوو ئەو کتێبەی لەو مامۆستایەوە وەرگرتبوو، زەکی ئەحمەد ئینگلیزیی دەزانی، مامۆستاکەمان ئینگلیزی نەدەزانی، خۆی دانابوو کە بەوە ئینگلیزی فێر ببێ، زەکیە فەندی گاڵتەی بەشیوعی دەکرد، پیاوێکی زۆر خۆش بوو، هەرگیز لەبیرم ناچێ هەمووکات دەیگوت و خەڵکی پێ توڕە دەکرد.

بەو قسانەی ستالین لەوێدا باسی ئەوە دەکات کە لینین دەڵێت هەتیو وس بن لینین هات، رەنگە تێیدا نەبێ، ئەو ئەوەی دەهێنایەوە بۆ گاڵتەو گەپ.

ئەو کتێبانەم لەبیرە لەوانەی کە خوێندبێتمەوە لەپەنجاکانیشدا مێژووی حزب بڵاوبۆوە، خالید بەگداشیش دوو کتێبی هەبوو زۆر باو بوو، یەکیان ناوی النڤام والڕستقلال فی سوریا ولبنان راپۆرتەکەی بوو بۆ کۆنگرەی حزبی خۆیان، لەپاشان کتێبێکی هەبوو لەسەر الحرب الاهلیە فی اسبانیا ئەوەش باو بوو، پاشان مێژووی حزبی بۆلشەویک بڵاوبۆوە، ئەوەش کاریگەریی هەبوو، ئەو زەمانە ئەو کتێبانەی کە بەرچاوم کەوتبوون و من خوێندبێتمەوە هەر ئەمانە بوون.

زیاتر کتێبی سیاسی بوون؟

لەساڵی 1950 یەک کتێبی ئەدەبیم خوێندەوە کە ئەوە لەوانەیە ئاخرو ئەوەڵ بووبێت لەتەمەنمدا، چیرۆکی ئەجنەبی بوو بەناوی ئانا کارنینا هی تۆڵستۆی، هیچی دیکەم نەخوێندۆتەوە هەروەها رۆمانی (الام)یش باو بوو.

باشە وەک یەکێ لەوڵاتی جیهانی سێیەم کە پڕە لەنەخۆشی کۆمەڵایەتی کە دوا ناوەندیت تەواو کرد، چەند گرفتی کۆمەڵایەتیت بەلاوە گرنگ بوو؟

-من لەناوەندی بووم زۆرتر بووم بەسیاسی و چالاکیش بووم، هەم لە یەکێتیی قوتابیان بووم و هەم خەریکی ئیشی حزبی بووم، لەبەرئەوە نەمپەرژاوم لەوەی بیر لەگرفتی کۆمەڵایەتی بکەمەوە، تەنها ئەوەی کە رووبەڕووم دەبۆوە، خوێندکاری فەقیر بوو، هەمیشە یارمەتی ئەو کەسانەمان دەدا کە زۆر فەقیرن، زستانان قاپوتیان نییە، کە بۆیان بکڕین.

دەفتەرو کتێبیان نییە کە بۆیان بکڕین، ئەوە یەکێک بوو لەو گرفتانەی مەسەلەی جووتیار و دەرەبەگایەتی و ئەو زوڵم و زۆرەی کە لەجووتیار دەکرا. لەبیرمە ئەوەڵجار کە مێشکم بەوە کرایەوە شیعرێک بوو کە یونس رەئوف (دڵدار) ناردبووی بۆ گەلاوێژ کە بڵاوکرابۆوە، ئەوەی دانەری ئەی رەقیب هەر ماوە (دڵدار)، شیعرێکی نووسیبوو لەسەر کەسێک کە لالەباس-ی ناوبوو، ئێستاش هەندێکیم لەبیرە، باسی جووتیارێک دەکات عەزیز ئاغای ساڵح ئاغا غەدری لێکرد بوو، ئەویش ناردبووی بۆ گەلاوێژ، ئینجا من کە گەلاوێژم دەخوێندەوە ئەوەشم لەبەرکرد، لەیەکێک لەو کۆبوونەوانەی خوێندنگەدا خوێندمەوە و ئەوە گرفتێکی دروست کرد، ئەفسەرێک لەوێ بوو، کە پیاوێکی زۆرباش بوو ئێستاش هەموومان دەیناسین ناوی حامیدە قەرەبوو حامیدە رەش ئەوە تازە هاتبوو ببوو بە ئەفسەری نفوسی کۆیە، پێش ئەو ئەفسەرێکی تری لێ بوو ئەو لەشیعرەکەدا هەجوی ئەفسەر دەکات و دەڵێت: (یەک کوڕم هەبوو بردمە لای زابتەکە بۆم بکات بە موعیل) واتە بەخێوکەر، ئەو وەختە دیارە لالەباس پیاوێکی پیرەو تەمەنی 80 ساڵەو ریشی وەک پەمووەو جا دەڵێت پێموت:

(ڕەسوولەی کوڕت ڕەنجبەری چاکە

زەلامی مل هور، لاوی جوست و جۆ

کوا بۆچی جووتت لەباتی ناکا،

بۆچی تۆ نادا، بۆچی نابرێ شۆ)

ئینجا دەڵێ:

(کردی بە عەسکەر، بردی لە بۆ کۆ

لە کۆیە چوومە لای زابت ووتم

ئەفەندی عومرم گەییە حەفتاو نۆ

بێجگە لەم کوڕە ووجاغم کوێرە

بەمنی ببەخشە مەمکە رەنجەرۆ

زابت تووڕە بوو هەڵسایە سەر پێ

فڕێی دامەدەر، بە پاڵەپەستۆ).

حامیدە قەرە توڕەبوو لەیونس، بۆیە ناچاربوو لەژمارەی داهاتووی گەلاوێژدا روونکردنەوە بدات و وتی ئەو وەختەی کە من ئەو شیعرەم وتووە، فڵانەکەس لەوێ نەبووە، یەکێکی تر لەوێ بووە، ئەوەشم لەبیرە ئیتر بوو بەقەرەباڵغی لەکۆبوونەوەکەدا، ئەوەش کاریگەریی تێکردم لەڕووی کۆمەڵایەتی و دەرەبەگایەتی جووتیار و توتنەوان، چونکە پەیوەندیمان هەبوو، هیچی ترم لەبیر نایەت وەک گرفتی گەورە.

پێدەچێت کە مەسەلەی چوون بۆ ناو کاری سیاسی و گرنگیدانت بەسیاسەت پڕۆسەیەکی دورودرێژ بووبێت، نەک بڵێ رووداوێکی تایبەت بووبێ کە پەلاماری دابێتی؟

-نا دوو سێ شت هەیە، بۆ کوردبوون و کوردایەتی خوێندنگە بوو، لەخوێندنگە سروودو شیعریان پێدەوتین، بەڵام بۆ راکێشران بۆ حزبایەتی و بۆ سیاسەت و ئیشوکاری قوتابیان، مامۆستایەکمان هەبوو بەناوی کەمال عەبدولقادر نەشئەت، ئێمەی دەبینی لەخوێندنگە، رۆژێک بانگی کردین بۆ ماڵی خۆیان، من و وریا عەلی کە خوێندکارێکی زیرەک بوو، بانگی کردین و فێری کردین کۆمەڵەیەک دروست بکەین، کۆمەڵەی پێشکەوتنی خوێندەواری، لەبیرم دێ یەکەمجار فێری پیتی لاتینی کردین، ناوەکەیمان لێنابوو KPX کە (X) پیتی (خێ)-یە، ئەوە لەوەوە فێربووم. بەڵام بۆ سیاسەت لەکاک عومەر دەبابەوە فێربووم، ئەو کاک عومەر دەبابەیە لاوێکی دیاری کۆیە بوو، هاتبوو کە لەچایخانە دادەنیشت لەکۆیە، خەڵک لێی کۆدەبۆوە، رۆژێک منیش یەکێک بووم لەوانەی لێی کۆبوومەوە، کاک عومەر رۆژێک وێنەی مەلا مستەفاو قازی محەمەدو رۆژنامەیەکی کوردستان-ی پێ بوو، یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی پارتی پێبوو دای بەمن و وتی ها بیانخوێنەرەوە، ئەوە ئەوەڵ راکێشانم بوو بەلای پارتیدا، بەڕاستی کە ئەو شتانەم دیت، ئەوە یەکەم چوونم بوو بەلای سیاسەتدا، دوایی هەر لەخوێندنگە قوستمیانەوە، مامۆستایەکمان هەبوو ناوی تاهیر سەعید بوو، پیاوێکی زۆر باش بوو، زمانی ئینگلیزی و عەرەبی باش دەزانی، ئەو تەکلیفی لێکردم و بردمی کردمی بەپارتی، بەڵام کاک عومەر سەرنجی راکێشام بەو رەسم و شتانەوە، کۆماری مهابادم لەبیرە کە چۆن دامەزرابوو، شۆڕشی بارزانم زۆر لەبیر نییە، بەڵام پەرنابەریی بارزانیم لەبیرە، حکومەتی مهاباد زۆر کاریگەریی لەسەرم هەبوو، چونکە بەتایبەتی کۆیە پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە لەگەڵ مهاباد، هەتا هەندێک لەخێزانەکانی کۆیە بەئەسڵ مهابادین، هاتووچۆ و بازرگانی هەبوو لەو سەردەمانەدا، هەموو رۆژێک هەواڵی مهاباد دەهات و دوو کۆییش رایان کردبوو چووبوونە مهاباد، هەردووکیان باس دەکران لەکۆیە، یەکێکیان بەکر کەریم بوو ئەفسەر بوو، ئەوی تریان محەمەد تۆفیق وردی بوو کەپێشتر مامۆستای خۆشم بوو، رایکردبوو چووبووە ئەوێ، دەمانپرسی مامۆستاکەمان چی لێهاتووە، دەیانوت چووە کوردایەتی بکات، ئەوە زۆر کاریگەریی تێکردم و ئەمە زەمینەی سیاسیشی دیاری کردین لەوەی کە کورد هەقی هەبێ و ئەوە رووس بوو بەخۆشەویست لامان و ستالین و شیعرەکەی هەژار ئەو وەختە باو بوو:

بژی ئێستالین خۆش بێ چەکوچ و داس،

لەژێر ئیستیبداد کوردی کرد خەڵاس

ئەو شتانە زۆر کاری تێدەکردین.

من یەکەمجار مەیلم بەلای ئەوانەوە بوو کە قسەیان بۆ دەکردین، شیوعییەکان بوون، ئەکتیڤ بوون، بەڕاستی لەسەر ئەوەی کورد نەتەوەیە یان نەتەوە نییە تێکچووم، من باوەڕم بەوە بوو کە چۆن دەبێ نەتەوە نەبێت، تێکچووم، شیوعییەکان بەو شێوەیە بیریان دەکردەوە، کورد نەتەوە نییە و مافی چارەی خۆنووسینی نییە، ئەوەم پێ ناخۆش بوو، ئەوە لەڕووی فیکرییەوە دایچڵەکاندم.

وەک شەخسێک، مەسەلەی بوون بەکورد چۆن تێدەگەیت و لەبەشەکانی تری کوردستاندا کاریگەریی تر هەیە، بۆنموونە کوردی تورکیا هەتا تەمەنی 25 ساڵ هەر لەمنداڵییەوە شتێکی سروشتی بوو، بۆنموونە ئێستا کەسێکی بێگانە پرسیارێکت لێ بکات بپرسێ بۆچی دەڵێی کوردم لەجیاتی ئەوەی بڵێی عیراقی یان ئێرانیم بۆچی وایە؟

-بەڕاستی من خۆم بەعیراقی نازانم لەدڵی خۆمدا خۆم بەکورد دەزانم، نەفەری نەتەوەیەکم کە داگیرو دابەشکراوە، عیراقییەکە وەکو شتێک کە بەزۆر بەسەرمدا سەپابێت وایە، بەڵام لەواقیعدا مامەڵەی لەگەڵ دەکەم کە عیراقیم.

باشە بۆچی خۆت بەعیراقی نازانی هۆیەکەی چییە؟

-چونکە نەفەرێکم لەنەتەوەی کورد، دووەم ئەو عیراقی بوونە بەدەستکردێکی ئیستعمار دەزانم و بەعینوانی داگیرو دابەشکردنی کوردستان و سەپاندن و لکاندنی دەزانم.

باشە کە دەڵێی من کوردم ئەو وشەی کورد یان کوردبوونە خۆی لەچیدا دەنوێنێ، چ مانایەکت دەداتێ کە دەڵێی من کوردم؟

-بێگومان بەکورد دروست بووم و فیکرەیەک نییە من هەڵمبژاردبێت لەکۆمەڵگەیەکدا دەژیم باوکم و دایکم کوردن و لەخاک و ئاوی کوردستان پەروەردەبووم و هەست دەکەم کە ئەندامێکی ئەو نەتەوەیەم.

واتە مەسەلەی ناسنامەو کەسایەتی لەوەدا دەیبینی یان لەچیدایە؟

-کوردبوون بەشانازی نازانم لەسەر میللەتێکی تر، وەک یەکێک لەقولەڕەشەکانی ئەفریقاش دروست بام، هەر هەمان هەستم دەبووم، لەبەرئەوە من وەک شتێکی سروشتی دەیبینم کە کوردم، نە هەست بەکەمی دەکەم کە کوردم و نە هەستیش بەفەخرو خۆبەزلزانی دەکەم کە بەکورد دروست بووم، لای خۆشمەوە هیچ پەشیمان نیم کە کوردم و واش نییە کە وابزانم شانازییەکمان هەیە بەسەر مرۆڤایەتیی و نەتەوەی ترەوە، بەڵکو بەڕووداوێکی مێژوویی دەبینم، وەک ئەندامێک دروست بووم لەو نەتەوەیە.

مەبەستت ئەوەیە کە مرۆڤ ناسنامە میللییەکەی گرنگە؟

-بەڵێ ناسنامە میللییەکەی خۆم بەکورد دەزانم و لەبنەڕەتەوە بۆ کورد خەبات دەکەم و کورد هەقی خۆیەتی مافی خۆی وەربگرێ و ئەوە بەلامەوە گرنگەو پێم شتێکی سروشتی و رەسەنە ئەفکارو ئەو حاڵەتە نییە وەک کوردبوون، بۆنموونە کورد بوون رەسەنترە لەوەی دیموکراتییەتی کوردی بێ یان سۆسیالیستی کوردی بێ، کوردبوون شتێکی سروشتی و رەسەنە و مرۆڤ توند دەبەستێتەوە بەژیان و مان و نەمان و ئاوو هەواو وجودەوە.

مرۆڤ ئەگەر بیر لەوەزعی پێش زەمانی شۆڕشی فەرەنسا بکاتەوە، پێش ئەوە دەوڵەتی میللی دروست بووە، بۆنموونە مرۆڤ ناسنامەو بوونی خۆی بەشتی دیکەوە بەستووە، بەڵام ئێستا بەلای تۆوە مەسەلەی میللی چۆنە؟

-مەسەلەی میللی و نەتەوەیەتی بەدوو شتی سروشتی دەزانم کە لەمێژوودا دروست دەبن، لەئەنجامی ئابووری، سیاسی، جوگرافی، زمان، مێژوویی هەموو ئەوانە دروست دەبن، هەموو ئەوانە، لەبەرئەوە خۆ ئینکارکردن بەناسروشتی دەزانم و بەناڕاستی دەبینم.

ئەوە پڕۆسەی خۆی هەیە لەمێژوودا نەتەوە پەیدابوون و گەشەکردنی و رۆشتنی، قۆناغی مێژوویی خۆی هەیە، کە لەو قۆناغە مێژووییە دەژێیم کارلێک دەکەم و خۆم دەگونجێنم و هەوڵ دەدەم بەرەو پێشی بەرم، بەو مانایەش نییە، کە ئێستا هەموو جیهان ببێت بەیەک دەوڵەتیش من پێمباشە، نەتەوەپەرستێکی تەسک بین نیم، بەڵام لەواقیع راناکەم و لەوە راناکەم کە کوردم و سروشتی کۆمەڵگەی کوردو قۆناغی گەشەسەندن و مێژووی کوردستان لەوەدایە، نەتەوە حەقیقەتێکەو جووڵانەوەی نەتەوایەتی تێیدا پەیدادەبێت و دەبێت رزگاربێت و لەسەر بنەمای ئەوەی بۆنموونە من خەبات دەکەم، کوردایەتی دەکەم، رزگاریی یەکگرتنەوەی نەتەوەی کوردو مافی چارەنووس، لەسەر شتێکی عیرقی و نەتەوەیی تەسک نایکەم، وەکو پڕۆسەیەکی مێژوویی و ئابووریی سیاسی تێیدا بەشدار دەبم، واتە ئەو پڕۆسەیە بابەتییەو بەئەنجامی دۆخی ئابووری و ئەنجامی پێداویستیی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و پێداویستیی پێشکەوتنی ئابووریی سیاسی هاتۆتە کایەوە، نەک وەکو مەسەلەیەکی سۆزداریی و ئیتنیکی.

باشە بەشێکت لەپرسیارەکەی من وەڵام دایەوە، بەڵام بەگشتی کوردبوون کە ئێستا باست کرد، خۆی لەچیدا دەنوێنێ لەزمان، لەفەرهەنگ، لەفولکلۆر لەدین لەرێڕەوی مێژوویی؟

-هەمووی پێکەوە، هەموو ئەو شتانە پێکەوە لەوەدا خۆی دەنوێنێ کورد هەر ئەوە نییە بەزمانی کوردی قسە بکەین، کوردبوون ئەوەیە نەفەرێکی لەکۆمەڵگەی کوردستان، زمانی کوردی، کەلتووری کوردی، شارستانییەت، پێداویستیی پێشکەوتنی کوردی، هەمووی دەگرێتەوەو چارەنووسی هاوبەش دەگرێتەوە و هەوڵدان بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی و فیکرو رزگاربوون و هاتنەدەر لەبندەستی ئیستعمارو ئیستبدادو کۆڵۆنیالیزم دەگرێتەوە، دیموکراسی و ئازادی دەگرێتەوە، مەسەلەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوەو هەموو ئەوانە دەگرێتەوە.


سەرچاوە: ماڵپەری چاودێر 13-02-2016