ماکیاجی كچانى ئیزیدى

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

پرۆژەی ڕێبین چالاک بۆ ئێزیدیەکان
پرۆژەی ڕێبین چالاک بۆ ئێزیدیەکان

لە ساڵى 2019 لە ڤینسیا پرۆژەى ؛ دەمامکى كچانى ئیزیدى، لە لایەن ئۆرگانیزاسیۆنی: ( Canadian Museum for Human Rights) بەڕێوە چوو. کاک ڕێبین چالاک ؛ هونەرمەندی کورد، بەشداری کردووە لەم پرۆژەیەدا. لە سەر پەیجی ‌؛ ( Human Right ) نوسراوە : لە کاتی ژینۆسایدی ئێزیدیەکان لە لایەن داعشەوە، ژنانی ئێزیدی گیراون و ئازار دراون، بە زۆر بە شوو دراون بە پیاوانی ئیسلامی. بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەوان، هونەرمەندی کورد، ڕێبین چالاک، ماسکی خستە سەر دەم وچاوی ڕزگارکراوەکانیان.

لەبەر ئەوەی پێشانگاکەم نە بینیوە و کارەکانی تری کاک ڕێبینم نەبینیوە، بۆیە تەنها لەسەر ئەو کارە دەدوێم کە لە سەرەوە دانراوە .

ڕێکخستنی پیشانگایەک بۆ ئێزیدیەکان، لە لایەن هەر کەسێکەوە بڕیاری لەسەر درابێت، گرنگ و پیرۆزە، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت نەک تەنها ئازار و تاوانی ئێزیدیەکان بە جیهان بناسێنێت، هەروەها بە کورد خۆشی، لە هەمان کاتا توانای هونەرمەندانی کوردستانیشمان لەو ڕووەوە پێ دەناسێنن. وەک کاک ڕێبین دەڵێت ؛ چووە بۆلای ئێزیدیەکان و خۆی کۆپی دەموچاویانی بە ماسک کردووە، واتە؛ یەک بە یەک ماسکی ڕاستە و خۆی بۆ دەموچاویانی کردووە، کەواتە ئەو ماسکانە شوناسیان هەیە و ماسکیش نین بە مانای ماسک ( شاردنەوەی شکڵێک)، بەڵکو شکڵی ڕاستەقینەی کەسایەتیەکانن کە لە تراژیدیای دەوڵەتی ئیسلامیدا ژیاون، بۆیە دەبێت چەمکی ماسک لەبیر بەرینەوە لەم کارەدا. چەمکی ماسک، وەک کەسێکی نەناسراو، بە بێ شوناس، یان شاردنەوەی کەسایەتیەک لەژێر ئەو ماسکەوە، یان کاتێک، ماسک دەیەوێت گوزارشت لە هەموو مرۆڤێک بکات بە بێ جیاوازی، بە بێ دەستنیشان کردنی ڕەگەز و شێوە.

ئەوەی گرنگە لەم کارەدا ئەوەیە کە کاک ڕێبین خۆی چووە بۆ لای ئێزیدیەکان و ماسکی بۆ کەسایەتیەکان کردووە، ئەمە پیرۆزترین کارە و دەوری ساڕێژکردنی تاوان لێکراو دەبینێت، لە هەمان کاتا ئەم کارە، دەوری خۆ ئامادەکردنێكی گرنگ دەبینێت بۆ کارە هونەریەکەی.

خۆ ئامادەکردن چیە ؟

خۆ ئامادەکردن بۆ کارێکی هونەری، خۆی دەبینێتەوە لە چەندەها شکڵ و جۆردا؛ کاتێک موسڵمانێک پێش نوێژکردن، دەست نوێژ دەگرێت. دەستنوێژ گرتن، خۆ ئامادەکردنە بۆ نوێژکردن و خۆ بینینەوە لە بەردەم ئێزداندا، لەو کاتەدا کە ئەو کەسە دەستنوێژ دەگرێت، خۆی دەخاتە حالەتی کەسێک کە دەیەوێت سوجدە بۆ ئێزدان ببات. مەسیحیەکان بە برسیەتی دەچن بۆ کەنیسە و پیش ئەوەی بچنە ژورەوە، بەهەمان شێوە دەستیان بە ئاوی پیرۆز دەشۆن. کابرایەکی سۆفییش پێش ئەوەی گۆرانی بڵێت چاوی دادەخات و بە خۆیدا دەچێتەوە و هەناسەی قوڵ هەڵدەمژێت، بە گوێرەی رێبازی سۆفی گەری خۆیان، چەند سورەتێک یان ریتوێڵێک دووبارە دەکاتەوە بە سەرەمۆنی، هەتا خۆی بخاتە ئەو حاڵەتەی کە گۆرانی و ئاوازەکە گەرەکیەتی. کابرایەکی گۆرانی بێژی ڕۆک، یان مۆسیقارێکی ڕۆک، بۆ ئەوەی خۆی بخاتە ئەو توند و تیژیەی کە ئاوازەکە پێویستیەتی، پێش کۆنسێرتەکەی درەگ یان کحول دەخوات و خۆی ڕادەوەشێنێت و دەرونی دەورووژێنێت، هەندێک جاربەگژ کەسانی چواردەوریدا دەچێتەوە، هەتا خۆی بخاتە ئەو حالەتەوە کە ئاوازەکە دەیەوێت. کابرای ژاپۆنییش پیش ئەوەی کالی گرافی بکات، دوو بەرد دەخشێنێت لە یەکتری بۆ ماوەیەکی زۆر، بە مەبستی دروست کردنی مەرەکەبی چینی، خۆ مەرەکەبی چینی ئامادەکراو هەن، بەلام کاری کالیگرافی پێوسیتی بە حاڵەتێکی تایبەتی ئارامبوونەوە و تەرکیز هەیە؛ لەو کاتەدا، ئەو بەردە دەخشێنێت و دەیبات بە ئەسپایی بە بەردێکی تردا، یارمەتی دەدەتا خۆی بخاتە ئەو حەڵەتەوە؛ بیر دەکاتەوە و دەچێتەوە بە خۆیدا، خۆی ئارام دەکاتەوە.

هونەرمەندێکی شیوەکاریش کاتێک خۆی دەبینێتەوە لە بەردەم تابلۆیەکدا، لەبەردەم پانتاییەکی سپیدا، پیش ئەوەی دەست بکات بە نەخشکردن، هەر هونەرمەندە و بە جۆرێک خۆی ئامادە دەکات، بۆ خۆ خستە حالەتێکەوە کە بیرۆکەکە پێویستیەتی، هەندێك هونەرمەند وای بە باش دەزانن، خۆیان چوارچێوەکە دروست بکەن، وەک کاری خۆ ئامادەکردن پێش نەخش کردن. چونکا خۆ دۆزینەوە لە بەردەم تابلۆیەکی سپی دا ڕۆح دەلەرزێنێت.

کاک ڕێبینیش بۆ خۆ ئامادەکردن، چووە بۆ لای ئێزیدیەکان و ڕاستە و خۆ کاتێکی بەسەر بردووە لە گەڵ تاوانبار لێکراوندا، بێ شک و بە بێ گومان کاریگەریەکی گرنگی هەبووە لە سەر هونەرمەند، لە هەمان کاتا ئەو کارە کاریگەریشی هەبووە لە سەر تاوان لێ کراوە ئێزیدیەکانیش؛ کاتێک ئەوان کەسانێکیان بینیوە گرنگی دەدەن پێیان، کاتێکیان بردۆتە سەر لەگەڵیانا، کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەرێنی لەسەر ئەوان هەبووە. هونەر لێرەدا دەوری شامانیزم دەبینێت، دەوری جادوگەری بە مانا ئەرێنیەکەی، دەوری ساڕێژ کردنی بینیوە، کە پێی دەڵێن هونەری تێراپتیک (Thérapeutique).

مەگەر هونەرمەند بەرد بووبێت، دەنا ئەو کەسایەتییانە کاریگەریەکی راستەو خۆی هەبووە لەسەر هونەرمەند و کارەکەی، لەبەر ئەوەی هونەر بە هەموو جۆرێکیەوە کارێکی سپیریتوێڵە و هونەرمەند لە حاڵەتێکی ڕۆحی پیرۆزدا دەژی، لە کاتی بەرهەم هێنانی هەر کارێکی هونەریدا. بۆیە، ئەو کاتەی کە ئەو ماسکی بۆ کردوون، بێ شک بە مەبەستی ماسکێکی ماکیاج نەبووە، هەر بەو پێیەش دەبووا کارەکەش دوور بێت لە ماکیاج کردن. ماکیاج کردن بە مەبستی شاردنەوەی ڕاستیەکانە بێ گوومان.

کارە هونەرییەکەی ڕێبین چالاک
کارە هونەرییەکەی ڕێبین چالاک


کاتێک سەیری کارە هونەریەکە دەکەین، دەبینین؛ کەسایەتیەکان چوێندراون بە ماسک لە بۆشایدا، بە ئاراستەیەکدا دەڕۆن؛ لە نزمایەوە بەرە و بەرزایی، لەو ئاراستەیەدا بە پانتاییەکی تردا تێ پەڕ دەبن، ئەو پانتاییەش بریتیە لە قەفەزێکی ئاسن، ئەم قەفەزە ئاسنە هیچ ڕێگری نەکردووە لە بەردەم ماسکەکاندا، ماسکەکان پێیدا تێ دەپەڕن بە بێ تەنگژی، وەک ئەوەی ئەو قەفەزە بوونی نەبێت، بە پێچەوانەشەوە ماسکەکان لە قەفەزەکەدا بەرزدەبنەوە.بە بینینی ئەو قەفەزە، بە بێ گوومان کردن لە خۆمان، ئەگەریش ئاگاداری کارەساتی ئێزیدیەکان نەبین، ئەوا ئەو چوارچێوە ئاسنە ( قەفەزی دەور دراو بە شیش)، وەک شوێنێکی ئەشکەنجە دێتە پێش چاومان. جەگە لەوەی کە ئەو وێنەیە لە ناخی هەمووماندا گرێ دراوە بە ڕوداوێكی تراژیدیەوە؛ هەمومان بینیومانە لە کارە دژوارەکانی داعشدا و بیرەوەریەکی تاڵی هەیە، دەی ناسینەوە و، دەزانین چۆن تاوانبارانیان تێدا ئەشکەنجە دەدان و دەیان سوتاندن بە بێ بەزەیی.

قەفەزی ئاسنینی داعەش و بەندکراوەکان
قەفەزی ئاسنینی داعەش و بەندکراوەکان

چۆن ڕێی تێ دەچیت، ئەم ماسکانە بەو پانتاییەدا تێبپەڕن وەک ئەوەی ئەو چوارچێوەیە بوونی نەبێت و کاریگەری نەبووبێت لەسەر ئەو کەسایەتیانە ؟ هەر تەنێک هەر فکرەیەک، هەمووو ئەو شتانەی لە دەوری خۆماندا دەیان بینین، لە هەموو ئەم گەردووندا، بە بێ ئەوەی باسی تراژیدیش بکەین، کاتێک تەنێک روروبەروی دژ بە خۆی دەبێتەوە، بە پانتاییەکی تردا تێپەڕ دەبێت، بە دژدا تێ دەپەڕێت، گۆڕانکاری بە سەردا دێت، ئەمە یاسای سروشتە و کەس ناتوانێت لێی دەربازبێت، جگە لەوەی دیالەکتیکی هیگڵە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت. خۆ ئەگەر بە ئیلهامی شیعری درۆ، یان بە هەستی حەماسی پیاوانی سیاسی ئەو هەستە بشارینەوە، ئەوا هونەر زمانی حەماس و درۆ و ڕق ناناسێت، جەگە لە زمانی فەلسەفە نەبێت.

سێ پانتایی دەبینرێت لە کارەکەی کاک ڕێبیندا ؛ پێش، ناو، پاش. بە مانای: ئێزیدیەکان پیش ڕوداوی داعش، ئێزیدیەکان لە ناو دەولەتی ئیسلامیدا و لە ئەشکەنجەدا، ئێزیدیەکان دوای گەڕانەوەیان. یان ؛ تێ پەڕبوونی کۆمەڵە کەسێک بە تەنگژیەکدا، تەنگژیەکە لێرەدا قەفەزە ئاسنەکەیە و کۆمەڵە کەسەکە ئێزیدییەکانن. گوایە ئەو پانتاییە بوونی نیە، ئەو قەفەزە ئاسنە کاری نەکردۆتە سەر ئەو ماسکانە، ماسکەکان بە ناویاندا تێپەڕ دەبن بە بێ بەربەست، بە پیچەوانەشەوە یارمەتی ماسکەکان دەدات بچنە بارێکی بەرزاترەوە وەک وەک حاڵەتێکی شادی.

دەبینین لە هەر سێ بارەکەدا ماسکەکان هیچ گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە، وەک کۆتر دەفڕن بە بێ دەنگی و بە خامۆشی. نە لە جۆری ئۆرگانیزاسیۆنیان، کاتێک بە قەفەزەکەدا تێ دەپەڕن، نە بە هیچ جۆرێکی تری هونەریی، گۆڕانکاریان بەسەردا نەهاتووە، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، وەک ئەوەی ئەو بەندیخانە ئاسنە لەویادا بوونی نەبێت. ئەی کەواتە ئەو قەفەزە چی دەکات لەویادا ؟ ئەی کەواتە بۆچی هونەرمەند چووە بۆ لای ئێزیدیەکان و ماسکی بۆ دروستکردوون ؟ بۆیە دەڵێم ؛ پێ دەچێت چووبێت ماکیاجی کردبێتن.

خۆ ئەگەر باسی میتۆلۆژی بکردایە یان باسی ئەفسانەی بکردایە بە شکڵی مار و تاوس و هەر شكلێکی تری میتۆلۆژی ئێزیدیەکان و بەو قەفەزەدا تێ پەڕاندایە، بە بێ تەنگژی، ئەوا ڕیی تێ دەچوو، لەبەر ئەوەی باسی هەقیقەت ناکەین لەویادا، باسی بەردەوامی ئێزیدیەکان دەکەین لە مێژوودا، نەک ناخی مرۆڤێک کە هونەرمەند بە ماسک شوناسی پێ داوون و هەر یەکێک لەو ماسکانە لە ئەشکەنجەیەکی دەروونی بی ئەندازەدا ژیاوە، هەندێکیان لەبەر گرانی باری دەروونیان خۆیان کوشتووە، یان لە خەمۆکێدا دەژین و هەرگیزا و هەرگیز نەیان توانیوە و ناتوانن جارێکی تر وەک ئەوەی هەبوون لە راوبووردودا ژیانێکی ئاسودە بدۆزنەوە، بۆ هەتایە لە ئەشکەنجەیەکی دەروونی قوڵدا دەژین. ئەو قەفەزەش بۆ ئەوان و بۆ ئێمە لە بیرەوەریەکانماند بۆ هەتایە دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر هونەرمەند دەیەوێت بەسەریا باز بدات، ئەوا فکرەیەکی تەواو ڕۆمانتیکی و شعیرانەیە و دورە لە هەقیقەتەوە.

پرۆژەی تێپەڕبوونی تاوسی ئێزیدیەکان بە قەفەزی داعشد (سەردار حەمەڕەش)
پرۆژەی تێپەڕبوونی تاوسی ئێزیدیەکان بە قەفەزی داعشد (سەردار حەمەڕەش)


ئەگەر ئەم کەسایەتیانە بەو پانتایی قەفەزەکەدا تێ پەڕیوون بە بێ تەنگژی، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، وەک هونەرمەند خۆشی پێمان دەڵێت: ئێوە تێ ناگەن من چیم کردووە.

وەک ئەوەی ئێمە کوێربین و ئەویش باسی فیزیای کونتۆممان بۆبکات، بۆیە ئێمە سەرمان تەقەی دێت، وەک ئەوەی هونەرمەند فکرەیەکی گرنگی شاردبێتەوە لە هونەرەکەیدا و ئێمە لە ئاستیدا نەبین لێی تێ بگەین. بەڵام بە ڕاشکاوی دەڵێم ئەمانە ماسکن بە مانای ماکیاج، شاردنەوەی تراژیدیایەکە کە نامانەوێت بیبینین، لە بەر ئەوەی کە تێیدا نەژیاوین، وەک ئەکتەرێکی درۆزن ڕۆڵێک دەبینین کە لە ئاستیدا نین و نازانین خۆمان بخەینە ئاستی. تەنها مەبەستی کاکی هونەرمەند ئەوەیە کە پێمان بلێ ئەو تراژیدیایە بە بێ تەنگژی تێ پەڕی و ئێزیدیەکانیان ناودارکردن و ناساندنی بە جیهان، لەوە زیاتر هیچ مانایەکی تر نادات بە بینەر، مەگەر لە مێشکی هونەرمەندا فکرەیەک خۆی حەشار دابێت و نەیتوانیبێت گوزارشتی لێ بکات. ئەم کارانە زیاتر لە کاری دیکۆر و ڕازاندنەوە دەچن، هەتاوەکو کارێکی هونەریی کە بتوانێت گوزارشت لە ئازار و تراژیدایایەک بکەن. ئەم کارانە بۆشن، دانی کرمێن، بێ ڕۆحن، لامپێکی جوانی ساڵۆنەکانن و بۆ ساڵۆنەکان کراوون.

هونەرمەندێکی تر: ڕێبوار سەعید، بە هەمان شێوە، بۆ کارەساتی ئەنفال، چەند ماسکێکی کردووە وەک گڵۆپی سوپەر مارکێتەکان، ڕازاوە، بەلام کاری کاک ڕێبین وادیارە کە لامپێکی مۆدێرن ترە.

پرۆژەی ڕێبوار سەعید بۆ ئەنفال
پرۆژەی ڕێبوار سەعید بۆ ئەنفال

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو خۆ ئامادەکردنە، واتە چونی بۆ لای ئێزیدیەکان دەوری نەبووە لەسەر کاکی هونەرمەند، یان پێ دەچێت کە سێکی بێ گیان بووبێت و ئەو کەسایەتیانە کاریگەری نەبووبێت لەسەری، بۆیە ئاوا بە بێ خەم بەو قەفەزە ئاسنەدا، بە بێ تەنگژی تێ دەپەڕن و بەرز دەبنەوە.

ئێمە باسی میتۆلۆژی و ئەفسانە ناکەین، ئێمە باسی دەروونی ئەو کەسانە دەکەین کە هونەرمەند ڕاستە و خۆ چووە ماسکی بۆ کردوون. چاوەڕوانیش ناکەین کاکی هونەرمەند ئاگر و خوێنمان نیشان بدات. نەخێر.

کۆتایی.