من دژی دیموکراسی و دژی یەکیەتیی نەتەوەییم

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
14Temxel.jpg

نووسینی: تەیموور خەلیل

لە یەکیەتیی سۆڤییەت سەرجەم ئەو بڕیارانەی کە پێوەندییان بە ژیان خەڵک و وڵاتەوە هەبوو، لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەی سیاسیی حیزبی کومۆنیستەوە پەسند دەکران، کە بە هەزاران کەس لە زاناو بیرمەندانی وڵات بە مشوورو ئایدیاو تێفکرینی خۆیانەوە هاوکاریان بوون. بەڵام کاتێک گۆرباچۆف بە دیمۆکراسیەکەی خۆی و بە برایەتی گەلانەوە هات و رایگەیاند کە بڕیاردان لەسەر ژیان و چارەنووسی ئێمە پێویستە لەلایەن گەلەوە بدرێت، خەڵک لەو زاناو بیرمەندانە کشانەوەو وەدووی هێندێک بەناو بیرمەندو زانای ساختە کەوتن کە دەنگیان بڵیندتر، باڵایان بەرزترو خۆشەویستییان زیاتر بوو و …. وڵات پارچەپارچە بوو و هەڵوەشایەوە….

دیارە کە چەند زلهێزێک لە پشت ئەو هەڵوەشاندنەوەدا بوون

ئاماژەکان دەریدەخەن کە زۆر هێزی گەورە لە پشت وێرانکردنی کوردستان و دروستنەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردانیشدا هەن و، بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن لە ڕێگای خۆفرۆشان و دوژمنانی ئێمەوە پیلانەکانیان جێبەجێ بکەن. ئەو هێزانە لە رێگای دەست و پێوەندیەکانیانەوە هەوڵ دەدەن گەلی ئێمە لە هزرڤانان و بیرمەندانی خۆیان دوور بخەنەوەو بیانکەن بە خولیای کەسانێک کە لە گوفتاردا گەورە دەنوێنن بەڵام بیرو ئەندێشەیان لێڵ و تاریکە.

هەر دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت بەکاری دێنن بۆ ئەوەی نەتەوە لە ڕەسەنایەتی و بنچینەی خۆی دوور کەوێتەوەو بانگی برایەتی گەلان بدات. بۆ ئەوەی لە زمانی خۆی دوور بکەوێتەوەو، بە زمانی دەسەڵاتی داگیرکەر بدوێت، لەئاڵای خۆی دوور بکەوێتەوەو ئاڵای دەستکرد بڵیند بکاتەوە. بە کورتی هۆشمەندی ساختەیان بۆ دروست دەکەن. دوژمنانی ئێمە لە ڕێگای خایینان و نیشتمانفرۆشانەوە هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی نەتەوەی پاک و بێگەردو جوامێری ئێمە هیچکات نەتوانێ لە ژێردەستەیی رزگاری بێت و بە ناچاری ملکەچی ئەو دەسەڵادارانە بن کە داگیرکەر بۆیانی دەستنیشان دەکات.

دوژمن بە چ شێوەیەک دەتوانێ سەرکەوتوو بێت؟

دوژمن زۆر بە باشی دەزانێت کە نەتەویەک هەرچەند پاک و نیشتمانپەروەریش بێت، دیسان دەکرێت بڕوا بە سۆزو عاتیفەی گەورەی لەلا دروست بکرێت. وەکوو نموونە:

لە دەیەی حەفتای سەدەی رابردوودا زۆر حیزب و ڕێکخراوو کۆمەڵەو دامەزراوەی رێکوپێک و بەهێز لە باکووری کوردستاندا چالاکییان هەبوو و بەپێی خوێندنەوەیان بۆ بارودۆخی ئەوسەردەمە، داوای ئوتۆنۆمی یان فیدرالیەتیان دەکرد. دەوڵەت لەترسی بە تاوانبارزانینی لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و کاردانەوەی وڵاتانی بیانی، نەیدەتوانی بە زەبرو زۆر لەناویان ببات. تەنها رێگا بۆ ئەوەی کە گەل لەو رێکخراوانە دوور بخاتەوە ئەوە بوو دامەزراوەیەک چاک بکات کە سۆزو خولیای زیاترو ڕادیکاڵتر لە ویست و سۆزی ئەو رێکخراوانە ببەخشێتە گەل. لەسەر بنەمای ئەم ستراتجیەی دەوڵەتی تورکیا، رێکخراوێکی کوردی دامەزرا کە نەک ئوتۆنۆمی و فیدراڵییەت، بەڵکوو بە سەربەخۆیی کەمتر بۆ کوردستان ڕازی نەدەبوو. ئەمەش گەلی تووشی ئەو پرسیارە کرد بۆ لەباتی هاوکاریکردنی چەند کەس کە باسی ئەتۆنۆمی و فیدراڵییەت دەکەن هاوکاری سەربەخۆییخوازان نەکەین؟

ئاکامی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی داگیرکەر بوو بەوەی کە گەل لەڕێکخراوە وڵاتپارێزەکان دوور کەوتنەوەو لە دەوری رێکخراوێکی دەستکردا کۆبوونەوە. وەکوو ئەو پاکەتە شیرەی لێهات کە ئەوکاتەی کە نوێیە دەتوانی لێی بخۆی بەڵام ئەگەر ماوەیەکی دیاریکراوی بەسەردا تێپەڕی ئیدی کەڵکی خواردنەوەی نامێنێت و ژەهراوی دەبێت، بۆیە ناتوانی بیخۆیت. بە کورتی شیری تازە “سەربەخۆیی” بوو، کە کۆن بوو و ماوەی بەسەرچوو دەبێتە ژەهرو پێویستە وازی لێبێنی.

کاتێک کە دوژمن ویستی کوردستان خاپوور بکات بیری لەوە کردەوە کە بە چ رێگایەک دەتوانێ وێرانی بکات و دونیای لێ نەبێتە دوژمن؟ ڕێگاکەشی دیتەوە! رێگای کۆڵانی خەندەقەکان.

لە خەندەقەکانی پێشوودا، شار وێران ببوون، بە دەیان کەس کوژرابوون، بە هەزاران کەس ئاوارە ببوون و بەناچاری نیشتمان و ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێهێشتبوو و لە زێدی باوباپیرانی خۆیان وەدەرکەوتببوون و ڕێی غەریبستانیان گرتبووە بەرو هەرکەسەو لە شوێنێک گیرسابوونەوە. بەڵام خەندەقەکانی پێشوو بۆ ئەو ڕێکخراوە نەبوونە وانەیەک بۆ ئەوەی دەستیان لێبکێشێت. دوژمن دەیەویست خەندەقی زیاتر هەڵقەندرێن، بۆ ئەوەی شاری زیاتر خاپوور بکرێن، کوردی زیاتر بکوژرێن و خەڵکی نیشتمانپەروەری زیاتر ناچار بن زێدو نیشتمانی خۆیان بەجێ بهێڵن. و هەڵقەندران …

دوژمن بەوەش ڕازی نەبوو و پرۆژەی دیکەی بۆ خاپوور کردنی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەبوو. بۆخۆی نەیدەتوانی سوپا ڕەوانەی وڵاتانی دیکە بکات هەربۆیە بیانووی پێویست بوو. بیانووی ساز کرد، گوتی ئەو وڵاتانە تیرۆریستیان لێیەو ئێمە پێویستە شەڕی تیرۆر بکەین.

بەو بیانووەوە دەستیانکرد بە کوشتن و دەربەدەر کردنی خەڵک و وێرانکردنی زێدو نیشتمانەکەیان… ئەو “تیرۆریستانە” لەو وڵاتانە چی دەکەن؟

لە باشوور بنکەی سەربازی ئاوا دەکەن و بە دانیشتووانی ئەو بەشەی کوردستان دەڵێن: بۆتان نیە لە گوندی خۆتانەوە بڕۆنە گوندی براکانتان، بوونەتە بەشێک لە حەشدی شەعبی و هەوڵ دەدەن ناوچەکانی شنگال لە هەرێمی کوردستان داببڕن و بیخەنە ژێر رکێفی دەسەڵاتی عێراق.

لە ڕۆژهەڵات لەبەرانبەر کارەکانیاندا مەعاش لە دەسەڵاتی داگیرکەر دەستێنن.

لە سوریا ئامانجی دوژمنان دەستەبەر دەکەن – دوژمنان بە مەرجی ملکەچبوونیان، ماوەیەک ئیزنیان پێدەدەن بەڕێوەبردنی هەرێمەکانیان لەئەستۆدا بێت و ماوەیەک رێگایان پێ دەدەن لە هەموو شوێنێک قوتابخانەی کوردی بکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵکیان لەدەور کۆ بێتەوە، لە ڕۆژئاوا ئەمریکا پێی ڕاگەیاندن: ئێمە چەک و کەرەستەی سەربازیتان پێدەدەین بەو مەرجەی کە ئێوە نەڵێن پەکەکەین، – ڕۆژی دواتر وێنەی سەرۆکەکەیان هەڵدەگرن و بە کۆڵانەکانی ڕۆژئاوادا دەسووڕێنەوەو هەڵیدەواسن. لە باکووریش کە هاواری برایەتی گەلان دەکەن و بەپەرۆشی یەکیەتیی خاکی تورکیان و هەوڵی پاراستنی دەدەن.

چ پێویستییەک بەمانە هەبوو؟

لەحاڵێکدا گەلی ئێمە ئاڵای خۆی هەبوو، چ پێویست بوو ئاڵایەکی نوێ سازبکرێت؟ کاتێک دەستەواژەی “پێشمەرگە “هەبوو چ پێویستییەک بە دەستەواژەی “گریلا” هەبوو؟ کاتێک گەلی ئێمە زمانی دەوڵەمەندی خۆی هەیە بۆ دەبێ کارەکانتان بە زمانی داگیرکەر جێبەجێ بکەن؟ لەبەرچی “کوردستانی ڕۆژئاوا” بکەمە “رۆژئاوا”و دواتریش بیکەمە”باکووری سوریا”؟

ئەمانە هەموویان بەرنامەو شەڕی دەروونی دوژمنن کە یەکێک لە پێشنیارە سەرکەوتووەکانی بریتی بوو لەوەی کە: سەرۆکێکی دیکە هەڵنەبژێرن لەبەر ئەوەی کە ناوی سەرۆکەکەتان بەرگوێی خەڵک کەوتووەو ناسراوەو جێی گرتووە، ڕەنگە ئەگەر سەرۆکێکی نوێ دەستنیشان بکەن لەلایەن خەڵکەوە مەقبووڵییەتی نەبێت و ڕێکخستن و ڕێکخراوەکەتان بەرەو شەق بوون و لەناوچوون ببات. من لەبەرچی دژی دیمۆکراسی و یەکیەتیی کوردانم …

یەکیەتیی نەتەوەیی چیە؟ من و دەوڵەت نەویستەکان، خاوەن کۆڵانی خەندەقەکان، پارێزەرانی یەکیەتیی خاکی تورکیا، کەسانێک کە دژبەری ئاڵای کوردستان و دژی زمانی کوردین پێویستە ببینە یەک و یەکگرتوو بین. ئەو یەکگرتنە چیی لێ شین دەبێت؟ لەبەر ئەوەی کە ئەوان بە ژمارەی خۆیان زۆرینەن، لە هەر دەنگدانێکدا بە پێی دیموکراتیەت دەبێ کەمینە ملکەچی زۆرینە بێت. یان ئەوەی کە من لەڕووی بێهیواییەوە ببمە هاوکاری دوژمن بۆ ئەوەی پرۆژەکانی جێبەجێ بکات. دیارە من مافی ئەوەم هەیە کە لە کاتی دەنگداندا دژی داخوازیەکانیان بم بەڵام ئەوە بێسوودەو کەڵکی نابێت.

بە کورتی ئەگەر لە دەسپێکی یەکیەتیی نەتەوییدا نیوەی کوردەکان داخوازی دوژمنان جێبەجێ بکەن لەپاش دروستوونی یەکیەتیی نەتەوەیی هەموو نەتەوەکە کار بۆ داخوازی دوژمنان دەکات.

پەکەکەو گریلا وەکوو ئەوەیە کە لە دوو وڵات و دوو نەتەوەی جیاواز بن پێویستە هەوڵ بدەین کە گەنجە پاک و جوامێرەکانمان لەو کەسانە دوور بخەینەوە، چونکە ئەو کەسانەو لاوە دڵسۆزەکانمان دەڵێی لە دوو نەتەوەو دوو وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان: من لە خزمەتی دەوڵەتدام، کاتم پێ بدەن با خزمەتی زیاتر بکەم. نابێ کورد دەوڵەتی هەبێت چونکە لەم سەردەمەدا دەبێتە هاوشێوەی دەوڵەتی ئیسرائیل.

جەمیل بایک: “ئێمە وازمان لە بیرکردنەوە لە کوردستانێکی سەربەخۆ هێناوە.”

سەلاحەددین دەمیرتاش: “ئێمە دەوڵەتی کوردیمان ناوێت، هیچ بەرنامەیەکمان بۆ دابەشکردنی خاکی تورکیا نیە.”

دوران کاڵکان: “نەتەوەیەک بەناوی کورد، بوونی نیە.”

ساڵح موسلیم: “سەردەمی بیری سەربەخۆیی کوردستان بەسەرچووە، ئێمە بۆ دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراتی دەجەنگین.”

رزا ئاڵتوون: “بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی کێشەکانمان زیاد دەکەن، ئێمە پرسی کورد وەکوو پرسی نەتەوەیی نابینین. دروستبوونی هەر دەوڵەتێک بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە، بۆیە ئێمە دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردیین.”

هەتیب دجلە: “ئێمە بیری دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردمان خستە ناو تەنەکەی خۆڵەوە.”

هەتیب دجلە: “پێویستە پەرلەمانتارانی هەدەپە لە پەرلەماندا بەشدار بن و دابەشکاری لەسەر بنەمای کوردبوون نەمێنێت و کورد لەسەر جیاوونەوە هەڵوێستی ڕوونە، پاراستنی یەکیەتیی و یەکپارچەیی خاکی تورکیا ئەرکی ئێمەیە.”

عەبدوڵڵا ئۆجەلان2: “ئەگەر پێنووسەکانمان بشکێنن و قڕمان بکەن، چەند رێکخراوێکی دیکە ئامادەن بێن جێگەی ئێمە بگرنەوە، ئەوان داخوازیی زیاتریان لە تورکیا دەبێت. تورکیا پێویستە تێبگات ئەگەر کوردەکان لە داهاتوودا ببنە خاوەن دەوڵەتێکی نەتەوەیی، لە چ بارودۆخێکی مەترسیداردا دەبێت.”

نۆرسەل ئایدۆگان: “لەبەر پەکەکە و ئۆجەلان نەبوایە، ئەمریکاو ئینگەلتەرا دەوڵەتی کوردستانی گەورەیان دادەمەزراند.” ئۆجەلان لەبەرانبەر یەکگرتوویی کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لەمپەرێکی بەهێزە! ئەگەر پەکەکە لە مەیداندا نەمێنێت، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەوڵەتێکی گەورەی کوردی دروست دەبێت…”. “هەردوو وڵاتی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ئینگەلتەرا دەیانەویست دەوڵەتێکی کوردی بنیات بنێن، بەڵام ئێمە (هەدەپە) و پەکەکە پێشمان پێ گرتن. سەرەکیترین هێز کە لەبەردەم بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی ئاستەنگی دروست کردووە، روانگەکانی ئۆجەلان و پەکەکەن. پێویستە ئاکەپە لەوبوارەدا خزمەتەکانی ئێمە (هەدەپە)ی لەبەرچاو بێت، نەوەک بەها بداتە بارزانی و ئێمە پشتگوێ بخات”!

سیەل یجیتالپ: “لە بەرانبەر ئەوانەی کە دەیانەوێت وڵاتی ئێمە دابەش بکەن، لە بەرانبەر فاشیزمدا بە کورد، تورک، ئەرمەنی، ئاشووری، ژن و پیاو، لەگەڵ یەک و پێکەوە بۆ ژیانێکی شایستەو پڕ لە کەرامەت، ناونیشانی دروست هەدەپەیە.”

  • پژاک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ: “ئامانج و داخوازیی ئێمە، دیموکراتی بوونی دەوڵەتی ئێرانە.”
  • پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێ: “ئامانج و داخوازیی ئێمە، دیموکراتی بوونی دەوڵەتی سوریایە.”
  • په‌كه‌كه‌ لە باکووری کوردستان دەڵێ: “ئامانج و داخوازیی ئێمە، دیموکراتی بوونی دەوڵەتی تورکیایە.”
  • هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەەری کەجەکە، جەمیل بایک: “پەکەکە لە بارودۆخێکی جیاوازدایەو ئامانجی ئێمە کوردستانێکی سەربەخۆ نیە و ئێمە خوازیاری کۆنفێدراسیۆنی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریین. مەسەلەی کوردیش وەکوو سەرجەم پرسەکانی دیکە لە بارودۆخێکی ئازاددایە کە پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت.”
  • هاوسەرۆکی کەجەدە، ئەحمەد تورک: “دامەزراندنی کوردستانێکی ئازادو سەربەخۆ بۆ کوردەکان کردەوەیەکی خۆکوژییە.”
  • هاوسەرۆکی کەجەکە، بەسێ هۆزات (هۆلیا ئۆران – ڕێژە): “ئارمانجی ئێمە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نیە، ئێمە 13 ساڵ بەر لە ئێستا مژاری نەتەوە – دەوڵەت بوونمان لە بەرنامەی خۆمان وەلا نا.”
  • پەرلەمانتاری بەدەپە:، سڕی سورەییا ئۆندەر: “ئاتاتورک کەسایەتییەکی هەرە ژیری سەد ساڵی ڕابردووەو شەخسییەتێکی زۆر بەنرخە.”
  • پەرلەمانتاری بەدەپە، هاکاری عادڵ زۆزانی: “ئێمە ئاڵای تورکیا بەرز دەکەینەوە.”
  • بەدەپە رایدەگەیەنێت: “هێندێ لایەن نایانهەوێت تورکیا گەشە بکات، ئێمە لەگەڵ گەشەسەندنی تورکیاداین.”
  • سەرۆکی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕوو لە ئورووپاییەکان: “پرسی کورد پرسێکی ناوخۆیی تورکیایەو پێویست بە دەستێوەردان ناکات.”
  • ئۆجەلان لە وەڵامی رۆژنامەوانی بەناوبانگی تورک، ئالنۆر چەڤکی: “ئاک پارتی بەهێز دەبێت، پەکەکە پێویستە لەگەڵ هێزە کەماڵیستەکان یەکبگرن و سەرلەنوێ بجەنگن.”!

¤¤¤ لە ئەنجامی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا چەند دەوڵەتێکی نوێ دروست بوون، لەناو ئەو دەوڵەتانەدا عێراق و سووریا بە داگیرکەرانی کوردستان زیاد بوون. یەکیەتی سۆڤیەتی هەڵوەشایەوە 15 دەوڵەتی نوێ دروست بوون لە ناویاندا ئازەربایجان بوو بە داگیرکەری کوردستانی سوور. وڵاتانی داگیرکەری کوردستانیش دەکرێ هەڵوەشێنەوەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش نامومکین نیە. تەنها بە مەرجێک دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی مومکین نابێت کە: کورد بۆخۆی نەیهەوێت سەربەخۆ بێت. دوژمنانی کورد لە رێگای خۆفرۆشانەوە کار لەسەر ئەو مەسەلە دەکەن و تا ڕادەیەکی بەرچاویش توانیویانە سەرکەوتوو بن. گەلی کورد پێویستە بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرەنگاری ئەو کەسانە ببێتەوە کە هەوڵ دەدەن ئامانجەکانی دوژمن دەستەبەر بکەن.[١]