من و دایکم و غەوسی گەیلانی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
266156431.jpg

نووسینی: شێرزاد حەسەن

دایکە و ئەسپە بۆرەکەی هیتلەر

+ماوەیەکە پتر لە جاران بیری دایکم دەکەم، چونکە شتگەلێک و رووداو و ماجەرای ژیان هەن کە زوو زوو ئەوم بیر دێننەوە، بەڵکو جار و بار هەستێکی واشم هەیە کە کۆچی نەکردووە، رۆحیانەتی دایکم بۆ هەمیشە وەک خەرمانەی دەوری مانگی لە چواردە بە دەوری سەرمەوەیە، یادی ئەو لە دڵی مندا زیندووە و نزیکترە لەوەی کە خۆیشم مەزەندەی بکەم، ناوی ئەم لەسەر زارمە و بگرە من تەنها ئەو بە نموونەی باڵای خۆم دەزانم. لە ساڵی '١٩٩٩'دا ماڵئاوایی لێکردین، ئەو شەکرە ژنەی کە نەخۆشی "شەکرە" لێمانیسەند و بردی، چ سەیر و تەوسێکی سەراسیمەیە، کە تاسە و غەریبی بکەم، ئەوەندە نابات کە لە خەونەکانمدا دێت و سەردانم دەکات، بەڵام هەندێک جاریش سووکە گلەییم لێدەکات کە ئەمن پتر لە ناو خەڵکیدا و لە دیدارەکانمدا ناوی باوکم لەسەر زارمە، ئەگەر جارێک وەک چاکەکار، دە ئەوەندە پتر وەک بەدکار و شەڕانگێز، بە ئەندازەیەک کە خەریکە ناوی ئەوم بیر بچێتەوە، کە ئەمن بە دەست ماچکردنێک ئەو گومانەی دەڕەوێنمەوە. گلەیی ئەو میهر و سۆزێکە کە ناوی خاووخێزانی خۆمان لەکەدار نەبێت، چ بۆ مردووەکان و چ بۆ زیندووەکان، وەک ئەوەی بڵێت کوڕەکەم ئەتۆ بۆچی ئەوەندە سپڵە و بێ ئەمەکیت، سەرزەنشتم دەکات کە ناکرێت نهێنی و سڕ و تڕی ناو خانەوادەی خۆمان بە ناو دونیادا بڵاو بکەمەوە، ناکرێت خەڵکی ناحەز بە خۆمان خۆش بکەین.

ئەم بەدەم حەسرەتی زەمانی پڕ لە ئەشکەنجە و ئازاری خۆیەوە رێنمایم دەکات کە مادامەکێ "شەیتان" هەر بە زوندووێتی دەستی لە باوکم شۆریوە، کەواتە هەقە ئەمنیش بیدەمەوە دەست خودای خۆی و تەواو، چش لەوەی ستەمکار بووە و بگرە دایکە ئازارچەشتووی دەستی ئەم بووە، گوایە من پتر باسی بابم دەکەم، نەک دایکم، گەرچی ئەویش دەیزانێت کە باوکە کەتنکەرێکی سەیر و سەمەرە بوو، هەم دەستوەشێن و دەمارگیر، بە تایبەتی لەناو خانەوادەی خۆیدا، کەچی لە دەرەوە سافی و عەوافی بوو، قۆشمەچی و بەزمگێڕێکی خۆشەویست لە لای هەمووان، جوێنفرۆش بۆ مەشرەفخۆشی، نەک بۆ بریندارکردنی کەس، بەڵام لە کاتی گەمەی دۆمینە و ئەزنیف و تاوڵە و کۆنکان و تەرەقە و بیست و یەکدا لێکدا لێکدا و بێ وچان جنێوی بە دار و بەرد و پوولی دۆمینە و کاغەزەکانی قومار دەدا، بگرە ئەوانەشی کە پولی دۆمینە و کاغەزی قوماریان داهێناوە، بە تایبەتی کە دەیدۆڕاند.

دیارە زەحمەت بوو بۆ من دەنێو خەونێکی کورتخایەن و راگوزەری کە تیایدا مۆڵەتی لە مەرگ وەرگرتووە، منیش سەرپێی بۆی بڕسێم کە من هەقایەت و چیرۆکان دەنووسم، کەواتە باوکم و دایکم و خوشکەکان و براکانم و خزموخوێش و خەڵکی گەڕەکێ و هەم شارۆمەندەکانی خۆمان بێپرسی من خۆیان بخزێننە نێو سەرگوزشتە و هەقایەت و چیرۆکەکانمەوە، بە هەر دوو دیوی چاکە و خراپەکارییەوە ببن بە کارەکتەر و فیگەر و نموونەی مەردمگەلێک کە پەند و وانەیان لێوەربگرین.. مەحاڵ بوو تێیبگەێنم کە لەبەرچی من لە ماڵی خۆمانەوە دەستم پێکردووە.. نەک لە خەڵکانی لایدە و ئاشنا و رۆشنای دیکە! باوکە لە ناو ماڵی خۆیدا ناوچەوان گرژ و دڕدۆنگ و کەمدوو بوو، کە پتر لە فەریکە 'هیتلەر'ێکی چکۆلە دەچوو، هیتلەر لە دووەمین جەنگی جیهانگیریدا 'ئەلمانیا-ی' کاول کرد کە نیشتیمانی خۆی بوو، لەتەک چەندین وڵاتی دیکە کە تیایدا شارەکانی وێران کرد، بابم ماڵی خۆمانی کردبووە شەڕگە و کاولەئاشی خۆی.. شەلم.. کوێرم.. ناپارێزم، دیارە من درەنگتر زانیم کە ئەم هەوا و کەیف و شکۆمەندییەکی قەڕووحانەی هەبووە، ئەم زۆر جاران سزا دەدرا لە پای ئەوەی وەک پێویست سەلام قوتی بۆ ئەفسەرەکان و پلەدارەکان نەدەکرد، باوکە وەک هەیتە و پۆلیسێکی نەخوێندەوار پلەدار نەبووە کە ببوو بە گرێی دەروونی و هەستکردن بە کەمبوودی، زۆر جاران کە دەهاتەوە ماڵ و خۆی تەنها دەکرد و بەسەر هەر هەموو ئەفسەرەکاندا دەڕشایەوە و بە نەفرەتی دەکردن، خەون و خولیای ئەوەش بوو کە من رۆژگارێک ببمە ئەفسەر و بەقەد ئەو سەلام قوتەی کە ئەم بۆ ئەفسەرەکانی کردووە، من قەرەبووی بۆ بکەمەوە بەوەی کە پۆلیسەکانی هەولێر و رواندزێ سەلام-قوتم بۆ بکەن، کە دەیزانی من خەون و خولیایەکی وام نییە و دڵگەرم نیم، بە جۆرەها بڕ و بیانوو و پەڵپگرتن بە منەوە.. دارکاری دەکردم، ئەم پتر راژدی و شەقی دەوەشاند، دەستیشی زێدە قورس بوو کە میزی خۆم بۆ رانەدەگیرا، کوشندەتر لەوەش ئەوە بوو کە لەبەرچاوی من و خوشک و براکانم سەر و گوێلاکی دایکمی دەکوتایەوە و دڵڕەقانە دایدەپڵۆسی، بە تایبەتی کە لە قوماردا دەیدۆڕاند کە ئەم چیرۆک و رووداو و ماجەرایە پتر لە بیست ساڵی خایاند!

باوکم زێدە سەرسام بووە بە 'هیتلەر' تا ئەندازەی ئەوەی کە لە قۆناغێکی تەمەنی خۆیدا کە دەستەپیاو بووە، سمێڵی خۆی وەک ئەم دەهێشتەوە، بگرە وەک پۆلیسێک هەمیشە هەوڵی دەدا کە پۆشاک و هیندامی لە جۆری ئەو بەرگ و تەرزە پۆشاکە بێت کە 'هیتلەر-ی' پێدەناسرایەوە، هاوکات لەتەک پیشەکەیدا، بەرگدرووێکی  دەسترەنگین بووە.

ئەم بەر لەوەی ناو لە من بنێت 'شیرۆ' یان ' شێرزاد، کە فەرمانبەری 'دایەرەی نفوس" دەیگۆڕیت بە دووەمیان کە من بۆ خۆم هەنووکە بیری لێدەکەمەوە ئاسوودەم بە یەکەمیان، باوکم حەزی کردووە بە 'هیتلەر' ناوزەدم بکات، بەڵام دایکە قایل نابێت، گوایە ناوێکی کافرانەیە و لە ناوی دەعبا و دەعەجانییەوە نزیکترە تا هی بەشەر.

باوکم گەر هێور و ئاسوودە بووایە بە "زارۆک" بانگی دایکمی دەکرد، کە کورتکراوەی ناوی 'زارێ' یان 'زارا'یە، بەڵام کە دەمارگیر و تووڕە و تۆسن بووایە ئەو کاتەی کە لە قومار بیدۆڕاندبایە کە پتر بیست و یەک و کۆنکان و چەندەها جۆری دیکە بوون کە من ناویانم نەدەزانی؛ ئەوسا لە تاو قەهری دۆڕاندن دایکمی بە {ڕوو ڕەش} بانگ دەکرد کە ئەوەیان زێدە دایکم و من و فرزەندەکانی دیکەی دەشکاند، گەرچی دایکم بۆ هەمیشە گۆناکانی ئاڵ و گوڵڕەنگی دەینواند.

راستی دڵم نایەت و حەز ناکەم ئەو جنێوانە بنووسمەوە و ریزی بکەم کە باوکە ئاراستەی منی دەکردم، بەدەم تف کردنە چەهرەمەوە!

دراما و بەزمی قومارکردن و دۆڕاندنی بڕێکی زۆری مووچەکەی باوکم ، لە هەموو مانگێکدا، وایکرد کە من لە تەمەنی دە ساڵییەوە بیر لەوە بکەمەوە کە ئیش و کارێک بدۆزمەوە کە لەگەڵ توانا و شەنگی جەستەی باریک و بنێسی مندا بگونجێت، منی ڕیوەڵە و جافیلۆک، خولیام بوو کە لە پاڵ خوێندندا پارەیەک بۆ دایکم و خوشکەکان و براکانم پەیدا بکەم، بە حوکمی ئەوەی کوڕی گەورەی ماڵ و نۆبەرە بووم.

هەستم دەکرد دایکم لە خەمی ئەوەدایە کە چلۆن حەوت منداڵی سەرکەوبنکە بێ نان و خوان نەکات، کزۆڵە و پرسەدارانە سەردولکەی دەچڕی و زۆر جاران دەگریا و بەختی رەشی خۆی بە نەفرەت دەکرد کە ئیدی ئەوەش منی هەستیار دەکرد بەوەی چڵۆن بتوانم دەریچەیەک بدۆزمەوە تاوەکو فرمێسکەکانی رابگرم و تۆزێک شادی بکەم.

بیرمە کە لە شارۆچکەی "رواندزێ" بووین، کە باوکم ئەوسا و لەوێندەرێ پۆلیسی ئەسپ-سوار بوو کە پێیاندەگوت 'خەیالە' یان 'سوارە'، لە ساڵی "١٩٥٨"دا دایکم پەلی گرتم و بردمییە مەکتەبی 'پاشای گەورە' وەک قوتابی قەیدی کردم، بەدەم رەوتی پیادەڕەوی ئەمن و دایکم زوو زوو بە میهرەوە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەمن نۆبەرە و کوڕە گەورەی ماڵی خۆمانم، ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئیدی ئەمن مەرجە نانێکیان بۆ پەیدا بکەم کە فەراقە و هەراشتر بووم، وێنەیەکی دیکەم لە زەیندا چاپ بوو کە مەکتەب نانەواخانەیە نەک قوتابخانە.

ئەوەی کە سەرنجی راکێشام ئەوە بوو کە دایکم رژد  و مکوڕ بوو کە بخوێنم، کەچی باوکم بە هەق لەوە بێباکتر بوو بمباتە مەکتەب، بڕوای وابوو کە پیشەیەکم بۆ بدۆزێتەوە لەو "دارا دوو داری دی"یە بەسوودتر و خێردارترە، دایکە دلێرانە بەرپەرچی دەدایەوە و دەیگوت: هۆ کابرا.. ئەمن و تۆ زەین کوێرین، با کوڕەکەمان وەکی مە زەین کۆر نەبیتن. 

ئەوەی پتر سەرسامی کردم و ترساندمی ئەوە بوو کە دایکم بە بەڕیوەبەرەکەی گوت، " ئەوجا گەورەم هەر لە هەنووکەوە بیزانن کە گۆشتەکەی لۆنگۆ بیتن و ئێسقانەکانیشی بدەنەوە خۆم." یەکەمین جار بوو کە دایکە ئەو هەستەی دامێ کە دەبێت ئەوەیان قەسابخانە بێت نەک نانەواخانە و قوتابخانە، بە تایبەتی کە ئەنوەر-ە فەندی بەڕێوەبەر باگۆی دایکمی دایەوە و فەرمووی کە هیچ خەمی نەبێت، هەڵبەتە دوای چل ساڵ کارکردنم وەک پەروەردکار بڕوای تەواوم هەیە کە بە هەق قوتابخانە: قەسابخانە و زیندانە بە ئیمتیازەوە!

دیارە لە میانەی ئەو کەین و بەینەدا 'ئەنوەرە فەندی' لە دایکمی پرسی کە بۆچی باوکم نەیهێناوم و ئەم ژنی کێیە.. ئیدی تێیگەیاند کە باوکە پۆلیسی سوارییە و چۆتە ناو ئەو شاخ و داخانە کە ئەشقیا و پیاو خراپان راو بکات و بیانگرێت، بەڕێوەبەرەکە بە خەندەوە سەری لەقاند.. یانێ ها.. تێگەیشتم.

جەنابی بەڕێوەبەر زاری هەڵینا بەوەی کە ئەمن تەمەنم پێنج ساڵ و نیوە کە مەرجە حەوت ساڵ بێت بۆ تۆمارکردنی ناوم لە هەر قوتابخانەیەکدا بە فەرمی، دایکم ویستی بیسەلمێنێت کە ئەمن زیت و وریام و شایستەی ئەوەم جێگام بکەنەوە، 'ئەنوەر-ە فەندی' خۆی لە گورە نەبرد و بە خەندەوە باگۆی دایکمی دایەوە و فەرمووی کە من و دایکم بێخەم بین.. وەرگیراوم و تەواو، بیانووەکەشی ئەوە بوو کە لەو ئانوساتەدا تیمێکی فلیمسازی عەرەبی، میسری یان عێراقی بوو، هاتبوونە 'رواندزێ' تا بە ناوی "نەبوخزنەسر: ٥٦٢-٦٠٥" بەر لە زایین، کە دووەمین پادشای "بابلییەکان" بووە لە عێراق فیلمێک چێبکەن، کە گوایە کچێکی جوان و بەگزادەی خواستووە بە نێوی "ئومێد" لە نێو ئەو شاخوداخانەدا و کردوویەتی بە بووکی خۆی و ئەویش زاوا، گوایە (الجنائن المعلقە: باخچە هەڵواسراوەکان)ی لە "بابل"ی پایتەخت بۆ دڵنەوایی و دیاری بۆ ئەو نەوبووکەی لای خۆمان رازاندۆتەوە نەکا بێ بینینی تاڤگە و رووبار و سەوزایی و شاخ هەست بە غەریبی بکات، ئەم سەرگوزشتەیە دەبێت بە هۆکاری وەرگیرانم لە مەکتەب، چونکە کە بۆ دۆزینەوەی ئەسپێک گەڕاون، رەسەنترین ئەسپی بۆ دەدۆزنەوە کە هی باوکم بووە کە نازناوەکەی لە کن بابم "ئەسپە بۆرە" بووە، کە من دڵنیاتان دەکەم باوکە بە قەد ئەسپەکە منی خۆشنەویستووە، بگرە ئیرەیی و بەغیلیم دەبرد بە ئەسپە بۆر!

ئیدی باوکە کە زانی ئەسپەکەی ئەم بەختی منی یار کردووە و زووتر لە وادەی تەمەنی گونجاو بۆ خوێندن.. وەریانگرتووم، ئیدی سەد جاران منی بە قوربانی ئەسپەکەی دەکرد، دایکە لە داخی کەش و فشی باوکە دەیگوت کە ئەوەیان هونەری خۆی بووە کە بردوومی بۆ ناونووسین، دەنا تا تەپڵی قیامەت باوکە لەوە بێباکتر بوو کە رەنجی ئەوە بکێشێت کە من ببم بە مەکتەبلی.. جا بە هەق دایکم راستی دەکرد.

عیزرائیل و نەوبووکی نەباڵق

ساڵان تێدەپەڕین و باوکم پتر وپتر ئالوودەی گەمەی دۆمینە و قومار دەبوو، کە لەگەڵ ئەو هەموو پلار و سەرزەنشتەی دایکم، لە پاڵ پاڕانەوە و لاڵانەوەی منی مێرمنداڵ کە واز بێنێت، دیارە بەدەم ترس و تۆقینەوە تا ئەندازەی هەترەشچوون کە باج و سزای زارهەڵێنانم لە حزوری باوکی موعەزەم و پیرۆزدا لێدان و کوتان و چاوشکاندن و دڵشکان و سەرشکاندن بووە کە زەبرەکانی وەها کوشندە بوون کە نەخۆشی دەخستم، کە بۆ هەمیشە لە ئاکامدا سزای من و دایکمی دەدا لە باری رەوانی و هەم جەستەیی کە هەمیشە من و دایکە بەرگریمان لە خۆمان و لە یەکتری دەکرد، بەڵام لە بەردەمی باوکەدا بێجگە لە بەزین و نوچدان هیچی دیکەمان دەست نەدەکەوت و مایەپووچ بووین. باوکە دەستی گەلێک قورس بوو کە بێ برین و خوێن و گرین بە ساغڵەمی دەرنەدەچووین.

سەرەڕای ئەوەش دایکە بە بەر چاوی منەوە شەرمەندە و سەرکزانە رووی نەدەهات چاوان هەڵبڕێت، ئاخر من و خوشکان و براکانم و دایکە و باوکە لە هەمان ژووردا دەخەوتین کە خانووێکی گڵین بوو، شەرم و تەریقبوونەوە زادەی ئەو دۆخە بوو کە باوکە هێشتا خورت و بەگوڕ بوو، شەوبێری تێدا نەدەکرد و بە زۆردارەکی دەچووە گژ دایکم، گەر بیدۆڕاندبایە بە قەهرەوە دەیگەوزاند، خۆ گەر براوەش بووایە لە قومار کەیفخۆشانە دەچووە گژی هەمدیس دەیگەوزاند و دەیشمەزاند، کە پتر لە پەلاماردانی پڵنگێک دەچوو کە کارئاسکێک لە بنەخۆیدا بنێت کە تا ئێسقان هاڕین کۆڵی نەدەدا.

ئەمنیش لە بری خۆم و دایکەش خنکاوانە دەگریام و خۆم بە نابووت و رسوا دەزانی کە هەڵناستم بەرگری لە دایکە بکەم کە ناحەزانە خۆی رادەستی چنگ و کەڵبەکانی ئەو پیاوە دەکات کە لە پاش ملە و بە دەنگی نزم بە 'عزرائیل' ناوزەدی دەکرد و حەواڵەی خودای دەکرد کە بە ئەفعالەکانی خۆی لەگەڵدا بکات، نزای دەکرد کە نغرۆی بن عەردی بکات، دایکم لە شەرم و تەریقی خۆیدا دەگریا، من پتر لە هەر هەموویان هەستم دەکرد و هەردوو گوێکانی خۆم دەگرت و مەچەکی خۆم دەگەزت.. بێسوود بوو، بۆ منێکی سۆزداری داکم و دڕدۆنگ و ناحەز بە بابم خەونم بەوەوە دەبینی کە گەورە ببم وە دەست و قامم هەبێت بیکوژم. کەچی دایکە لەسەر ئەم خەیاڵە خوێناوییە بە تیرۆگ و مشتەکۆڵە تێمبەر دەبوو، کە دیارە دایکم بەوە دەتلایەوە کە دەکرێت لە ناو هەمان ژووردا کە دەخەوتین، منی تازە لاو یان یەکێک لە خوشک و براکانم بەو بەزمی هەوەسبازانەی باوکمان بزانین، دایکم ئەوەندە هەستیار بوو کە هەتا بۆی بکرایە چاوە شۆڕ و شەرمنەکانی لە ئێمە دەشاردەوە، چ تەریقی و حەیبەت و حەیاچوونێک بوو.. خودای بانی سەر! ساڵ و نیوی تێپەڕ نەدەکرد، یان ئەوپەڕی دوو ساڵ کە بەدەم واقە واقی کۆرپەلەیەکی دیکە بەدەم ژان و ئازاری بەرە ژانی زانەوە ئێمەی بێدار دەکردەوە، کە ئەوەش وایکرد ئیدی لەو تاقە ژوورەی کە هەموومان تیایدا لە قەڕەپەستانێی بەردەوامدا بووین، سەر و قاچەکانمان تێکدەئاڵا، هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە بێ ئەوەی بزانم نووسینی ئەدەبی چییە، بە دزییەوە وەک کچانی شەرمن کە دەفتەری یادەوەری و خاتیراتیان هەبوو بۆ نووسینی راز و نیاز و سووکە نهێنی زۆر سادەی ئارەقکردوو لە ترسان، ئەمنیش دەفتەرێکی وام کوناوکون دەشاردەوە، چونکە شەڕ و گێچەڵ و ماجەرای بەزم و رەزمی نێوان بابم و دایکم دەنووسییەوە کە ئەگەر بزاندرایە، سزاکەی خوێنی سەری خۆم بوو!

ئیدی نەدەکرا من بوەستم تا دایکە خوێنی نامێنێت و لە سوڕی مانگانە دەکەوێت، بە تایبەتی ئەو ژنێکی دەردەدار بوو لە باری رۆحی و هەم جەستەییەوە، ئەوەی منی ماندوو دەکرد ئەوە بوو کە دەبوو بەردەوام لانک و بێشکە رابژەنم کە زێدە غەمناکی دەکردم، لە گەمە و زرمەزلێ و کوڕانی هاوسێ دووری دەخستمەوە، دایکیشم بە دەم شیردانی بە کۆرپەکانی و راژەندنی لانکەوە خۆی دەلاواندەوە و هۆن هۆن دەگریا کە منی شێت و دەهری و دەللی دەکرد، هەستم دەکرد دایکم دوو زنە و کانیلەی فرمێسکی پەنگخواردوو لە قاپولکەی چاوانیدا هەڵگرتووە، یان لە ناو هەناویدا، هەمیشە دڵگەرمانە و جەرگبڕانە دەکڕوزایەوە و سەردولکەکانی منیشی دەخستە سەر گڕکانی تەقیو بە رۆندکی رەش و ئەسرینی خوێنین!

جارێکیان بە دایکمم گوت کە لەوە دەچێت ئەو وەختەی من لە ناو هەناوتدا بووم، لە ناو گۆمیلکەی سەر-ڕێژ لە فرمێسک وەک دەڵەمەیەک و سەرەمێکوتە مەلەم کردبێت، دانی پێدانا کە بەدەم مەمک مژینەوە وەک کۆرپەلەیەک بۆ هەمیشە فرمێسکەکانی ئەم رژاونەتە ناو دەمم و ئیدی سایلی دایکم منیش بوومەتە گۆمیچکە و گۆلاوی گریانی سەرکردوو، تا هەنووکەش ئەمنیش سایلی دایکە تاو تاو گرینۆک و خەمزەدە و خانەخراپ دەبم.

قومار و دۆڕانی زۆر و بردنەوەی کەمی باوکم خۆش بێت، زاووزێ نەدەوەستا و لەو ژوورەی کە هەموومانی بە زۆردارەکی کۆ کردبۆوە کە پتر لە ژوورێکی دۆزەخ ئاسا دەچوو کە لە کاتی دروستکردندا بە رێکەوت لە دەستی "یەزدان" کەوتبێتە خوارێ بووبێت بە خانۆچکە و کاولە لانەی ئێمەی بەدبەخت و بێچارە!

بەختم یار بوو کە دایکم خەونی بە چوونە "حەج'ەوە دەبینی، ژنێک کە بێجگە لە باوکی من چاوانی گەشی بۆ هیچ پیاوێک هەڵنەدەبڕی، زوو زوو دەیگوت کە کچی دایکە 'حەوا'ی گوناهبارین و لە پەراسووی چەپ و خواری 'ئادەم' خوڵقاوین و لارین و هەرگیز راست نابینەوە، گوایە خۆشەویست فەرموویەتی، رۆحم بە قوربانی بێت، کە ئەگەر بچن بە گژ راستکردنەوەی ژنان.. ئەوسا ورد و خاش دەبین. کە دنەم دەدا و دەمپرسی چما ئەم چ گوناهێکی کردووە؟ باگۆی دەدامەوە کە مادامەکێ کچانی "حەوا"ین.. کەواتە ڕووسیا و گوناهبارین.

ئیدی بە بیانووی ئەوەی پوول و دەرامەتی چوونە 'حەج' مەحاڵ بوو، من هێشتا دوا ساڵی خوێندنم بوو لە زانکۆی 'بەغدا'، ئیدی هەل و دۆخێکی رێک رەخساوم بۆ هاتە پێشێ کە لەگەڵ خۆمدا بیبەمە 'بەغدا' و پێکەوە بچینە سەر مەزاری "غەوسی گەیلانی: ١٠٧٨-١١٦٦" زایینی، کە دەمزانی دایکم خولیای ئەوەی هەیە کە بۆ هەمیشە بچیتە سەر مەزاری پیر و پیاوچاک و شێخ و یان هەر مەزارێک کە لەژێر تیلمە و لەتە پەڕۆی سەوزباودا خنکابووبێتن، کە ژنان و کچان بۆ خواست و نیاز و رازی جیاواز سەردانیان دەکردن کە گیرۆدە و نوقمی نامورادی و مەحاڵی خەونەکانیان بوون.

ئیدی بارگە و بنەمان تێكنا و پێکەوە شان بە شان و "غەوسی گەیلانی" خۆت بگرە وا هاتین، رێگای دووری 'بەغدا' کۆمەکی کردین کە توانیم دەیەها راز و نیاز و سەرگوزشتەی شاراوە و و شەرمنۆک و سەراسیمە لە ناو دڵی دایکەدا دەریانبێنم و بیاندوێنم، یەکێک لەو نهێنییە ترسناکانە ئەوە بوو کە ئەم وەک کچی دایکێکی بێوەژن، رەمیدە و هەڵەتە و راکردوو لە دەست مێردێکی تەمەندار و ستەمکار، لە گوندی "قەشقە و خوڕخوڕ"ەوە رووەو پیرە هەولێرێ سەری خۆی هەڵگرتووە، کە پتر وێنەی ئەو باوکەیە کە لە نۆڤلێتی {حەسار و سەگەکانی باوکم}دا رەنگی داوەتەوە، نەنکم ژنێکی هەر بە خۆرسک سەرکەش و یاخی بوو کە بڕوام وایە سەرمەشق و کەڵکەڵەی خۆ ئازادکردن و خولیای سەربەستی لەو زاتەوە فێر بووم، بەر لە ناسینی رۆحی سەربەستی لەنێو کتێباندا.

من لەو گەشتەدا زانیم کە دایکم لە تەمەنی خونچەگوڵێکدا بووە کە دایکە بێوەژنەکەی لە ترسی ئابڕووچوون زوو بە مێردی داوە و ئیدی چارەنووسەکەشی ئەو باوکە بووە کە وەک دەزانن بۆ من و نووسینەکانم بۆتە سەرچاوە و بەهرە کە تا هەنووکە دەرەقەتی نەهاتووم بەو رەنگانەی کە خۆی هەڵگری بوون، بە هەردوو دیوی جوانی و ناشیرینی رەسم و وێنای بکەم.

زانیم کە دایکم لە تەمەنێکی ناسکی كچۆڵەیی کە هەر جارە و ژمارەیەکی دەدامێ بە باوکمەوە پەرچ و پەیوەست کراوە، ژمارەکان لە دە ساڵی تا چواردە جۆلانێی دەکرد، هەمیشە دەیگوت ئەتوو بەهەشتی چونکە لە یەکەمین خوێنی زۆر پاکی من بوویت، خوێنی خۆناسین و باڵقبوونی خۆی مەبەست بوو، ئیدی من بە بیانووی سەردانی 'غەوسی گەیلانی' ئەوەم بۆ روون کردەوە کە ئەم بۆ هەمیشە ناوکی دەکەوێت و ژانە سەر و هەم دەیناڵاند بەدەم ئازارێکەوە کە سەر دڵی گرتووە و ناو هەناوی رزاندۆتەوە، هەم تا زێ و دۆڵان و خوار دامێنی کشاوە و بۆتە برین و تیراوە، وەک ئەوەی خڕکە بەردێک لە نێو گیانیدا جێگیر بووبێت، دیارە ئەو دۆخەی کە تێیکەوتبوو بە دەم ترس و شەرم و حەیبەتێکی كوشندەوە دەیدرکاند، لە رێگەی مێتافۆر و خوازە و زمانی ژنێکی شەرمن تا ئەندازەی مەرگ، هەر جارە و تۆزێکی دەدرکاند! من دەمزانی کە سکوزاکردنی بەردەوام بۆ ئەو خانمە باریک و وردیلەیە واتا هەنگاونانی هێواشە رووەو خۆکوشتن، ئێمە پێکەوە چووینە سەر مەزاری 'غەوسی گەیلانی' کە بۆنی کەسکوون و تیژ و هەم زێدە مەستانەی دەوری مەزار و چرپە چرپی ئەو سەدەها ژنە چاو بە گریانە دیمەنێکی وای دەنواند کە سیخناخ بێت لە سام و هەیبەت و زەلیلی و لاوانەوە و خیزەخیزی سینەی قوتووی تەقەت ئاسا بۆ هەتاهەتایە، وایدەکرد منی بیژمۆت و هەم فەریکە سۆفیلۆک حەز بکەم گوێم لە کۆی نزا و راز و نیاز و نمازی هەمووان بێت، بە تایبەتی ژنەکان و کچەکان.. مەحاڵ بوو دەنگ هەڵبڕن و پەردەی شەرم دابدڕن، بەغێلیم بە 'خودا' و 'غەوسی گەیلانی' دەبرد کە پێکەوە گوێیان لە کچان و ژنانی پەریشانحاڵ گرتووە، گەرچی بایی خۆم خەفیە و سیخوڕ بووم لەوەی کە بە دزییەوە گوێ لە کچان و ژنانی گەڕەک بگرم کە ئاخۆ ئەو توخمە زەبوون و سەیر و سەمەرانە بیر لە چی دەکەنەوە؟

من لەو کاتەدا سەرەتای ئەو دۆخە دەژیام کە دەمزانی 'غەوسی گەیلانی' ناتوانێت هیچ کام لەو خواست و حەز و نیاز و خەونانەی ئەو حەشاماتە بێنێتە دی کە بە دەوری تەرمی بە خۆڵەمێش-بووی 'غەوس'دا دەخولێنەوە، بۆن و بەرامەی عەترلی پەنگخواردووی ناو مەزارەکە دایکم و میوانانی دیکەی حەیران و حۆل کردبوو، هەر هەموویان بە نەرمی یان بە دڵگەرمییەوە شیشەبەندی دەوری مەزاریان راتەکاند بە ئەندازەی ئەوەی کە حەز بکەن 'غەوسی گەیلانی' ببێت بە پەیکی شارەزا تا بەردەمی قاپی 'یەزدان'.

دایکە کەف و کوڵی خۆی دامرکاندەوە بەدەم پاڕانەوە و تلانەوە و گریانەوە، دواتر چرپاندی بە گوێمدا کە لە 'خودا' و 'غەوسی گەیلانی' خواستووە کە منداڵەکانی بمێنن و بە تایبەتی منی نۆبەرە کە خودا دەست بە باڵمەوە بگرێت تا لەم دونیایە و لە قیامەتێ لە هیچم کەم نەبێت و حەساوە بم!

نەزۆکی دەستکرد و خەمی گوناهباری

+ ئیدی کاتی ئەوە هات هانی بدەم کە بیبەمە لای دکتۆرێکی شارەزا کە پێشتر زۆر بە وردی دڵیم خۆش کردبوو کە ناو هەناو و رەحمی و زێ و دامەنی بپشکنن و دەردەکانی هەرچی بن تیماری بکەن، پێشتر وردەکاری ئەو دیدارەم ساز و  ئامادە کردبوو، دایکە چاوانی گەشتر و خوێنێک گەڕابۆوە سەر گۆناکانی و هەنگاوی چوست و سوکەلانتر بوون، بەڵام شاد بووم بەوەی کە دکتۆرێکی ناودارم بەوە قایل کردبوو کە ئیدی مەرجە ئەم ژنە چیدیکە منداڵی نەبێت و  بەدەم ئازار و ژان و بەسەر زانەوە نەمرێت، دیارە بەبێ ئەوەی دایکە بزانێت، چونکە بیزانیایە.. مەحاڵ بوو قایل بێت.

کە چووینە دیداری دکتۆرەکە و دوای پشکنین هاوسۆزی نواند و بە عەرەبی تێیگەیاندم کە زێ و گیانی دایکم زۆر لە مێژە تەقیوە و زێدە بیمارە، ناوبەندی ئێسقانەکانی حەوز و نێوان هەردوو رانی بەرتەنگن و بەرگەی سکوزای دیکە ناگرێت، سەرەتا بەر لە دیدارەکەی دایکم، من تکام کردبوو لە دکتۆرە خان کە بە "لەولەب" یان هەر ئامرازێکی دیکەی تازەبابەت رەحمی/ منداڵدانی ببەستێت، کە ئاسانیش نەبوو مل بدات، دیارە بێجگە لە ئازار و ژان و ژوری دایکم هەقایەتی قومارکردنی بابم و کەمدەرامەتیم بە شێوەیەکی دراماتیک و تراژیک باس کردبوو، کە دایکمی بینی هاوسۆزی پیشاندا، درکاندم کە دایک و بابم بڕوایان بەوە هەیە کە هەر سەرێک دێتە دونیاوە رزق و ئازووقەی خۆی لەگەڵدا دەنێرێت، من بە دیوێکی کۆمیدی و هەم بە غەمناکییەوە درکاندم کە ئەمن نەمبینیوە بۆ یەک رۆژیش 'خودا' بە زەمبیل یان قەرتاڵە رزق و ئازووقەمان بۆ شۆڕ بکاتەوە لە ئاسمانێ.

خانمی سەنگین هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنی نەما کە سەرەتا هەیبوو، منی وەدەرنا بەو نیازەی کە ئیدی خەریکی پشکنین و پاشان پینەکردنی دایکە دەردەدارەکەم بێت کە لە داهۆڵێکی پەڕپووت دەچوو، شادومانی ئەوە بووم کە پلان و نەخشەکەم دایکە زیندوو دەکاتەوە و ئاسوودە بووم کە خەونەکەم هاتە دی.

ئیدی وای لێهات دایکم شەنگ و هێزێکی سەردەمی جحێڵی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام باوکم  هەمیشە بەدەم نەڕەنەڕ و قەهرەوە سكاڵای لە دایکم دەکرد کە چ زوو لە سکوزا کەوتووە، کە ئاخۆ دایکە چ دوعایەکی لە لای 'غەوسی گەیلانی' کردووە کە وا زوو نەزۆک بێت؟ دایکیشم باگۆی باوکمی دەدایەوە کە خودای بانی سەر خۆی زوڕییەت دەدات و خۆیشی نایدات و هەر خۆیشی دەیباتەوە کنە خۆی، منیش لە ژێرەوە کەیفەکەرانەیەک دایدەگرتم کە ئیدی دایکم حەساوەترە. 

بەڵام من و خوشکەکانم و براکانیشم هێشتا لە تەنگژەدا بووین کە هەتا دەهات هەراشتر دەبووین و گەورەتر، ئیدی ناچار ژووری گەنجینە و ئازووقەمان گۆڕی بە ژوورێکی دیکە بۆ خەوتن و سەعی و زیندەگی هاکەزایی، کە پتر منی تازە باڵق و خوشکەکانم کە بنی مەمکیان دادەنا و دەڕسکان، کوڕەکانیش بە ترس و شەرمەوە و خەتی تەنکە سمێڵێکی گووگرەی بەر لووتیان تەنیمۆک ئاسا دەینواند، زیبکەی سەر روومەت و چەناگەیان سەغڵەتی دەکردن. لە هەمان کاتدا عەزرەتی بووین و هار بە کەفکردنی خوێنێکی تازە دەنێو هەر هەموو دەمارە دەزوولەیی و شادەمار و موولووەکانی ئاوساو بە تەوژمی سۆزێکی تازە و خۆش کە هەمانە و هەم زەندەقی بردووین.. سۆزێکی شەرمنانە و وێڵ و کزۆڵە کە ناو ناو لە ناکاو لە خەونێکدا حەزێکی شەرمنمان دەهاتە دی، کەچی وەک ئاسک و کەڵەکێوی سرک خۆمان رادەپسکاند و بێدار دەبووینەوە.. هەزار ئەفسووس؛ ناچار ئێمەی نێرینە نزا و تکاکار بووین لە خوداوەندی خەونەکان کە جارێکی دیکە لە هەمان خەونی بزێو بەهرەمەند بین و بیبنینەوە، بەڵام بە رەهایی مەزەندەم دەکرد کە خوشکەکانم و کچانی گەڕەک زەندەقیان لەمجۆرە خەونانە دەچێت، یان هەر بە هەق هیچ خەونێکی وا نابینن کە خوێنیان کەف بکات!

چەندە پێمان خۆش بوو کە زوو گەورە بین و وەک چۆلەکەی هێشتا سەردەنووک زەرد لە خەونی ئەوەدا بووین کە ئیدی کەی باڵ دەگرین و دەفرین، بەڵام بارتەقای ئەوەش دەترساین کە ئاخۆ باز و شەهێن و باشووکە و هەڵۆکانی ئاسمانێ وەک تیری تیژی لە کەوان دەرچوو دەنووک و چنگیان لە ئێمەی تازە مەست بە فڕین گیر ناکەن؟ یان ئاخۆ نابین بەو ماسیانەی کە خۆیان لە قرشەکان لادەدەن وەک مەل باڵ دەگرن و لە سینەی زەریا و رووەو ئاسمان دوور دەکەونەوە، کەچی ئەمجارەیان چی باڵندە و مەلی گۆشتخۆر هەن تێیان دەورووکێن و لە گەرمەی خۆشی فڕیندا پەڕ و باڵیان هەڵدەوەرێن و دەبنە پۆڕی خوراو و نێچیری ئاسان راوکراو!

ئەم هەوڵەی من دایکەی زیندوو راگرت بۆ ماوەی ساڵانی دیکە، باوکە کۆڵیدا و بەو چارەنووسە قایل بوو، لە کاتێکدا گەرچی باوکم کۆرپەلە و منداڵی ساوای زۆر خۆشدەویست، بێجگە لە ناوی خۆمان، بۆ هەمیشە ناوێکی دیکەی دەکرد بە نازناوی هەر یەکەمان، ناوەکانیش دەبوو بێزەوەر بن نەکا چاو و زار کارمان تێبکات، بۆ خوشکەکانیشم حەزی بە چوونە قوتابخانە نەبوو، بەڵام دایکم رژد و مکوڕ بوو کە وەک خۆی نەخوێندەوار و زەینکوێر نەبین، بەڵام باوکم زاڵ و داربەدەست بوو، نەیدەهێشت کچەکان قۆناغی سەرەتایی تەواو بکەن، لە مەکتەب دەریدەهێنان، بیانووەکەشی ئەوە بوو کە ناکرێت كچان بگەنە ئەو ئاستەی کە بتوانن نامەی دڵداری بۆ کوڕان بنووسن!

ساڵان تێپەڕین و 'پلکە زارێ'ی دایکم دیسانەوە ناو هەناو و سکی کەوتەوە سەر ژان و ئازارێکی کوشندە و خەوزڕێن، ناچار بووم کە دیسانەوە بیبەمەوە 'بەغدا' و لای "غەوسی گەیلانی" و هەمان دکتۆر کە بە ناوساڵاندا کەوتبوو، بەڵام جوانییە رەوەندی و بەدەوییەکەی لە جەنگدا بوو لەگەڵ تەمەن و زەمەندا، ئەمجارەیان دۆستانە مامەڵەی کردین، حەزم کرد دایکم باسی دۆخی نالەباری خۆی بکات، پزیشکەکە فەرمووی کە ئێمە لە یادمان چووە کە ئەم ئاگاداری کردبووین کە هەر کاتێک دایکە هەستی بە ئازار و ناساغڵەمی کرد.. مەرجە بێینەوە، لە راستیدا ئەمن لە خۆشی وەستانی سکوزای دایکە ئەو پەیامەم بیر چووبۆوە. گوتی گرفتێک نییە و مەرجە ئەو "لەولەب"ە دەربێنم و ئیدی تەمەنی ئەم هی ئەوە نییە سکوزا بکات، ئەم دیسانەوە تکام لە دکتۆر کرد وا باشترە کە بە چیرۆکی 'لەولەب' و رەحم بەستن و کردنەوە نەزانێت!

دایکم بە لابردنی 'لەولەب'ەکە حەسایەوە و لەگەڵ رۆژگاردا پرسیاری ئەوەی لە دڵدا دەگەڕا کە بۆچی وا زوو لە سکوزا کەوت؟ درەنگانێ راستی و دروستی نەخشە و پلانی خۆم بۆ درکاند، غەمگین و تووڕە دەینواند و گلەیی لێکردم کە لە بەردەم قاپی خودا چ وەڵامێک بداتەوە کە ئەوەی ئاسمان پێیخۆشە ئومەتی ئیسلام زیاد بکات، گوایە ئەمنی بیژمۆت ئەوم لەوتاوی کردووە بە گوناهێکی گەورە، بۆ پاکبوونەوە لەو گوناهەش پتر سەرگەرمی رۆژی و نوێژان ببوو، بەڵام ناچار بووم بیری بێنمەوە:

"دکتۆرە خان وەک تۆ دیندار بووە، ئەو کارەی کرد و رەحمی تۆی بەست نەکا بمریت و منداڵەکانت هەتیو ببن، کە خۆت دەتگۆت منداڵ بە داکی هەتیم دەبیتن نەک بە بابی!"

دڵنیام کردەوە کە ئەگەر گوناهیش بووبێت، ئەوە یەکەمجار ئەمن و ئینجا دکتۆرەکە گوناهبار دەبین، بەڵام دایکە تا دوا ماڵئاوایی و پشتکردنە دونیای دوون و غەمناک بۆ ئەم، خەمی ئەوەی بوو کە خودا لەسەر ئەو کەتنەی من.. هەردووکمان سزا بدات، هەر بۆ مەزاق و لاقرتێ دەمکرد بە چەڤەنگ و خۆشی کە گوایە ئەم بە نیاز بووە پێکەوە بەهەشتی بین و باگۆییم دەدایەوە:

"هۆ..دایکە گیان..  بێخەم بە و گرنگ ئەوەیە کە پێکەوەین.. خۆ جەهەننەمیش هەر ماڵی خودایە!"

سەرنجێك: بە درێژایی ژیانی ئەدەبی و ئەزموونی خۆم وەک مرۆڤ و نووسەر، پرسیاری ئەوەم لێکراوە تا ئەندازەی سەرزەنشتکردن کە ئاخۆ من بۆچی پتر خۆم و ئەندامانی خێزانەکەی خۆمان دەکەم بە سەرمەشق و بابەتگەلی چیرۆکەکان و رۆمان و سەرگوزشتەی درامی و هەم تراژیک و کۆمیک. لە راستیدا وای دەبینم کە ئەو خانەوادەیەی من تیایدا ژیام نموونەی هەر خانەوادەیەکی دیکەی خەڵکانی خۆمانە بە کەم و زۆری جیاوازییەکانەوە.

ژمارەیەکی زۆریش لە نووسەرانی دونیام ناسیوە کە پەیڕەوی هەمان خوو و خدە و خولیا بوون سایلی من.

رێنمایی زۆرینەی نووسەرەکانیش بڕوایان بەوە هەبووە کە مەرجە هەر نووسەرێک لە خۆی و خانەوادەکەی خۆیەوە دەست پێبکات، نەک لە کەسانی لایدە و نەناس، منیش بڕوام وایە کە ئەو خۆ پشکنین و خۆ هەڵکۆڵینە یەکەمین ئەرک و پەیامی نووسەری راستەقینەیە!

نووسەر و فەیلەسووفی ئینگلیزی "کۆلن ولسن: ١٩٣١-٢٠١٣" بوو کە لە سەردەمی لاوییەتی ناسیم و تێیگەیاندم کە وەک نووسەرێکی لاو.. وا چاکترە لە خۆمەوە دەست پێبکەم و هەر واشمکرد و بەردەوامم. (شێرۆ-ی پلکە زارێ)