میرنشینی ئەردەڵان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
666658.jpg

میرنشینی ئەردەڵان سەرەتا لە ناوچەی شارەزووردا پەیدا بوو، دامەزرێنەری ئەم میرنشینە (بابا ئەردەڵان) یا خود (بەبە) بوو کە ماوەیەک لە ناو هۆزەکانی گۆراندا ژیاوە.

دوای دەسەڵاتی جەنگیز خان، واتە لە دەورووبەری ساڵی (٦١٧ی کۆچی/١٢٢٠ی.ز)دا توانیویەتی دەست بەسەر ناوچەی شارەزوور (بە کەرکووکیشەوە)دا بگرێت و میرنشینەکەی تیادا دابمەزرێنێ.

بابا ئەردەڵان پیاوێکی ورد و لێهاتوو بووە و ئازا و بەجەرگ و نەترس و بە دەست و برد بووە و لە ماوەیەکی کەمدا میرنشینەکەی فراوان کردووە و بەردەوام برەوی بە قەڵەمڕەوی خۆی داوە و هەتا لە ژیاندا بووە بە سەربەستی و بەسەربەخۆی و سەرداری ژیاوە.

ئەم میرنشینە بە بەناوبانگترین میرنشینی کوردی دادەنرێت لە ڕووی فراوانی و ڕووبەری زەوی و دەسەڵاتییەوە لە مێژوودا.

لەم میرنشینەدا نزیکەی (٤٠) میر فەرمان ڕەواییان کردووە، کە بەناوبانگترینیان (کڵۆڵ بەگ) بووە کە کوڕی بابا ئەردەڵانە و لە دوای باوکی لە جێگەی دانیشتووە و فەرمانڕەوایی میرنشینی ئەردەڵانی کردووە، لەسەر هەمان شێوە و دەستووری باوکی و بە هەمان شێوە لێهاتوو و زیرەک و ئازا و نەترس بووە و هەمیشە خەریکی ئیشی چاکە و خزمەتکردنی میرنشینەکەی بووە، لە سەردەمی (کڵۆڵ بەگ)دا میرنشینەکە زۆر زیاتر فراوان بووە و هەتا هەولێری گرتووەتەوە.

ئەم میرنشینە ئەوەندە بە دەسەڵات و بەرفراوان بووە، لەبەر ئەوە جەلایرییە مەغۆلەکان زۆر ناحەزیان بوون و بۆ لەناوبردنیان بەردەوام لە دژایەتیاندا بوون.

هەر کاتێک ئەم میرنشینە کە زیاتر پەرەی سەند بێت و گەشەی کردبێت، جەلایرییەکانی مەغۆل زیاتر ترسیان لێ نیشتووە و زیاتر کەوتوونەتە پیلان و دوژمنایەتیکردنی.

هەرچەندە جەلایرییەکانی مەغۆل لە سەردەمی (حەسەن بەگ کوڕی خدر بەگ) کە یەکێک بووە لە میرە بەناوبانگ و بەجەرگەکانی میرنشینی ئەردەڵان، سەرەڕای ئەو هەموو پیلان و ناحەزییانەی کە جەلایرییەکانی مەغۆل هەوڵیان بۆ دەدا بۆ لەناوبردنی ئەم میرنشینە، بەڵام لە سەردەمی (حەسەن بەگ)دا هەرچەندە ویستیان بە هێرشی سەربازی و لەشکرکێشییەوە میرنشینی ئەردەڵان لە ناو ببەن، بەڵام (حەسەن بەگ) توانیویەتی بەرەنگاری لەشکری مەغۆلەکان ببێتەوە و بیان شکێنێت و نەی هێشتووە لە میرنشینەکەی نزیک ببنەوە.

یەکێکی تر لە میرە بەناوبانگەکانی ئەم حکوومەتە (میرنشینی) (مەئموون بەگ) بوو کە لە سەردەمی ئەودا میرنشینەکە سەقامگیر و هێمن و ئارام بووە، ئەم میرە لە دوای مردنی باوکی فەرمانڕەوایی میرنشینەکەی کردووە، ئەم میرە بە شەش پشت دەچێتەوە سەر دامەزرێنەری میرنشینەکە (بابا ئەردەڵان)ە.

لە سەردەمی مەئموون بەگدا میرنشینەکە سەربەخۆ بووە و ماوەیەکی زۆر بە باڵا دەستی و سەربەستی ژیاوە و ئەمیش لە دوای خۆی سێ کوڕی لە پاش بەجێ ماوە کە ئەمانەن: – (( بێگە بەگ، سورخاب بەگ، محەممەد بەگ)) بوون.

لە سەردەمی ئەم میرەدا (مەئموون بەگ) لەشکری حکوومەتی ئەردەڵان لە باکوورەوە گەیشتووەتە زێی گەورە و تەنانەت لە ڕەواندزدا میرنشینی ئەردەڵان سوپای داناوە.

لە سەدەی سێزدەیەمدا هەتا سەدەی چواردەیەمی زایینی هەموو ناوچەکانی ئامێدی و زاخۆ و هەریری گرتووەتەوە و جۆرە فیدراڵییەکی لە ژێر سایەی خۆیدا بەو ناوچانەی بەخشیوە و بۆخۆشی وەکوو حکوومەتێکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتی کردووە.

لەو میرە بە توانایانەی تری حکوومەتی ئەردەڵان (هەڵۆخان)ە کە پیاوێکی زۆر بەجەرگ و لێهاتوو و کارامە بووە، وڵاتی خۆی ئاوەدان کردووەتەوە.

جگە لە قەڵای (زەڵم) کە پایتەختی هەڵۆخان بووە، سێ قەڵای تریشی دروست کردووە، کە ئەوانەش قەڵای (حەسەن ئاوا) کە لە سەر کەژێکی بەرز دروستی کراوە و قەڵای (پاڵنگان) کە لە ناوجەرگەی وڵاتی گۆران بووە و هەروەها قەڵای (مەریوان)، کە بەشێوەیەکی ڕێک و پێک دروستی کردووە لە میرنشینەکەیدا.

لەسەردەمی هەڵۆخاندا گەنجینەی حکوومەتەکەی (میرنشینەکەی) بەردەوام پڕ لە زێڕ و زیو بووە و زۆریش بەخشندە و خێرەومەند بووە.

زۆر بایەخی بە ئاوەدانکردنەوە داوە و گەلێک مزگەوت و تەکیە و خانەقا و فێرگەی ئایینی دروست کردووە.

لەسەردەمی فەرمانڕەاییەکەیدا میرنشینەکەی ئارامی و هێمنی و خۆشی و هەرزانی باڵی بەسەر خاکی قەلەمڕەیدا کێشابوو.

ئەم میرە (هەڵۆخان) سەری بۆ کەس دانەنواندووە، نە بۆ سوڵاتنی عوسمانی داگیرکەر و نە بۆ شای سەفەوی داگیرکەر.

هەر لەبەر ئەم ئازایەتی و نەبەردی سەر شۆڕ نەکردنەی بووە کە هەردوو دەوڵەتەی داگیرکەری (عوسمانی و سەفەوی) بە جووتە لێی ترساون و بە بەردەوامی بە مەترسییان داناوە بۆ سەر فەرمانڕەوایی و بەرژەوەندییەکانیان.

شا عەباسی سەفەوی بە نیازی داگیرکردنی حکوومەتەکەی (میرنشینی ئەردەڵان) بە لەشکرێکی ئێگجار گەورە و بەرفراوانەوە هاتووەتە سەری لە نزیک (هەمەدان) لە گوندی (سەهیم)، بەڵام هەڵۆخان توانیویەتی ئەم لەشکرە گەورەیەی شا عەباسی سەفەوی داگیرکەر تێکبشکێنێت و میرنشینەکەی لە داگیرکاری شا عەباسی سەفەی بپارێزێت.

لە میرە بەناوبانگەکانی تری میرنشینی ئەردەڵان میر (خان ئەحمەد خان)، کە (سنە)ی کردە پایتەختی خۆی و لەوێیەوە پەلی هایوشت و دەستی کرد بە بەرفراوانکردنی میرنشینەکەی و توانی هۆزەکانی (بلباس و موکریان) و شارەکانی (سابڵاغ و ئورمیە و مەراغە) داگیر بکات و بیانخاتە سەر میرنشینەکەی و فەرمانڕەوایی بکات.

بە کورتی حکوومەتی ئەردەڵان یەکێک بووە لە حکوومەتە بە هێزەکانی کورد کە دەسەڵاتێکی فراوانی هەبووە.

ئەم میرنشینە (میرنشینی ئەردەڵان) سکەی خۆیان هەبووە و سەردەمێک بە تەواوی سەربەخۆ بووە و لە وتارەکانیاندا، تا ماوەیەکی زۆر بە هیچ شێوەیەک باسی هیچ کەسێکیان تێدا نەکردووە و بەناوی خۆیانەوە وتاریان خوێندووەتەوە، واتە نە بەناوی سوڵتانی عوسمانییەوە، نەبە ناوی شای سەفەوییە، وتاریان خوێندووەتەوە، واتە تا ڕادەیەکی زۆر سەربەست و سەربەخۆ بوون.

بەڵام بەهۆی هاتنی هەندێک میری لاواز و بێ توانا و ناکۆکی ناوخۆ بەرەو لاوازی چوون و لە دوای ئەوە هەندێک جار بەو هۆیەوە سەر بە دەوڵەتی سەفەوی بوون و تا ساڵی (١٨٦٨ی.ز) بە تەواوی لەناوچووە.

لە دوای ساڵی (١٦٣٩ی.ز) ڕێکەوتنی زەهاو ئیتر کوردستان بە تەواوی بوو بە دوو بەشەوە، بەشێکی لە ژێر دەستی ڕژێمی شیعەی سەفەوی و بەشەکەی تریشی لە ژێر دەستی رژێمی عوسمانی مایەوە و هۆزەکانی کەلهوڕ و ئەردەڵانیش بوونە بەشێک لە سەفەوی و تەنها ناوچەی ئامێدی و جزیرە بۆ ماوەیەکی باش بە نیمچە سەربەخۆی مابوونەوە.

سەرچاوە: kurdizanist.com