مێژووی کارگێری گوندی حەفتاچەشمە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Gond70.jpg

نووسینی: پشتیوان ئەکبەر حەفتاچەشمەیی

حەفتاچەشمە گوندێکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوک بە دووری (50)کم، لە ڕووی کارگێڕییەوە سەربە ناحیەی قەرەحەسەن (لەیلان)ە، ئەم گوندە مێژوویەکی دێرینی هەیە بە هۆی بوونی چەندین تەپە وگۆڕستانی کۆن کە لە بیرەوەری دانیشتوانی ئێستای ئەم گوندەدا نیە وەک گۆڕستانی زەوی دەروێش وگۆڕستانی ئیمام شەریف وگردی گاور، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی نووسین وپشکنینی شوێنەواری مێژووی گوندەکە دیار نیە، تیرە وبنەماڵەکانی کە لە ئێستادا بە حەفتاچەشمەیی ناسراون ودانیشتووی ڕەسەنی ئەم گوندەن مێژوویان بە پێ ژمارەی پشتەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم.

ئەو تیرە وبنەماڵانەی نیشتەجێ ئەم گوندەن ئەمانەن:

تیرەی ڕەحمان پەپوو، تیرەی حوسێن ناینە، تیرەی کاکەڕەش، بنەماڵەی ئەحمەد سەلمە، تیرەی سۆفی قادر مەولان، بنەماڵەی شکور، بنەماڵەی شێخ ساڵح، سەید حوسێن محەمەد وئەحمەد ڕەعنە، کەریم زەکێ، سەید محێدین وکەسانی تر. شێوازی بەڕێوەبردنی گوندی حەفتاچەشمە جیاواز بووە لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی گوندەکانی ناوچەکەو کوردستانیش، چونکە زۆرینەی گوندەکانی کوردستان لە لایەن ئاغایەک یان شێخێک ویان بەگێک ویان کوێخایەک سەرپەرشتی ئەکرا وبەڕێوە دەبرا، بەڵام حەفتاچەشمەییەکان هەر بنەماڵەیەک لە بنەماڵەکانی پیاوماقوڵ وڕیش سپی خۆی هەبووە نویێنەرایەتی دەکرد بەرامبەر بە کاروباری دەرەوەو وناوخۆی گوندەکە، سەرەتا ئەم کەسایەتیانە ناویان هاتووە وەک ڕیش سپی وپیاوماقوڵی گوندەکە: ڕەحمان پەپوو، حوسێن ناینە، کاکە ڕەش.

ئەم کەسایەتیانە ڕۆڵیان هەبووە لە بونیادنان وئاوەدانکردنەوەی گوندی حەفتاچەشمە،و چارەسەرکردنی کێشە وگیرگرفتەکانی ڕۆژانەی دانیشتوانی گوندەکە ونوێنەرایەتی گوندەکە بەرامبەر بە دەسەڵاتداران وگوندەکانی دەوروبەری، پاش ئەم کەسایەتیانە نەوەکانی ئەم کەسایەتیانە وکەسایەتیەکانی دیکەی نیشتەجێی ئەم گوندە ڕۆڵیان هەبووە لە بەڕێوەبردنی کاروباری گوندی حەفتاچەشمە.

150706.jpg

تەکیەی جەباری

پاش جەنگی جیهانی یەکەم (1914 1918) واتا لە ساڵی 1919 گوندی تەکیەی جەباری بە شێوەیەکی فەرمی کرایە ناحیە و سەید محەمەد کوڕی سەید عەبدولسەمەد کوڕی سەید عەبدولقادر کوڕی سەید مستەفا کوڕی سەید ئیسماعیلی گەورە، کە ناسراوە بە(سەید محەمد جەباری) بووە بە بەڕێوەبەری ناحیەکە و(34) گوندی ناوچەکە خرایە سەر ئەو ناحیەیە و یەکێک لەو گوندانە حەفتاچەشمە بووە، تەکیەی جەباری پێش ئەوەی بکرێت بە ناحیە، وەک سەنتەرێک ومەڵبەندێکی ئایینی وزانستی بووە بۆناوچەی هۆزی جەباری، ئەم تەکیەیە ساڵی (1470)ی زايينی سەید عەبدولجەبار کوڕی سەید ئەمین جبرائیل دایمەزراند، کە لە ناوچەی تەکيەی قەرەداغەوە لەگەڵ کوڕە گەورەکەی کە ناوی شەرەفەدين بووە، ڕووی کردوەتە سنووری کەرکوک ولە گوندی (سەڵباتوو) نيشتەجێ بووە وتەکيەیەکی لەو گوندە بەناوی تەکيەی سەيد عبدالجبار دامەزراندووە، بەدامەزراندنی تەکيەی جەباری ناوی گوندەکە گۆڕاوە بۆ تەکيەی جەباری، دوای چەند ساڵێک سەيد عبدالجبار ناوچەکەی جێهێشتووە وبە مەبەستی ئيرشادی ئايينی ڕووی کردووەتە وڵاتي شام وشەڕەفەدينی کوڕی لە ناوچەکە ماوەتەوە ولە جياتی باوکی ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تەکيەکە وئامۆژگاريکردنی خەڵکی گرتووەتە ئەستۆ بۆ پەيڕەوکردنی ئايينی پیرۆری ئيسلام.. بەدرێژایی مێژووی دوور و نزیکی بنەماڵەی ساداتی جەباری تەکیەکەیان بووەتە مەڵبەندێک بۆ کۆبوونەوەی هەژاران و ڕێبواران و شوێنێک بووە بۆ حەوانەوەی ئەو کەسانە، حەفتاچەشمەییەکان پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی توند وتۆڵیان هەبووە لەگەڵ تەکیە وگوندەکانی هۆزی جەباری، ئەم پەیوەندیە توندوتۆڵە بوەتە هۆی ناساندنی گوندی حەفتاچەشمە وەک گوندێکی هۆزی جەباری، دواتریش حەفتاچەشمە بەشێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 1919بووە گوندێک لە گوندەکانی ناحیەی جەباری تاکو چلەکانی سەدەی بیستەم کە حەفتاچەشمە وچەند گوندێکی تری ناحیەی جەباری وەک : حەمک، حەسەن خانە، چیمەن، خرایە سەر ناحیەی قەرەحەسەن. شێوازی بەڕێوەبردن لەم گوندە گۆڕانکاری بەسەردا نەهات لە ماوەی چارەگەی یەکەمی سەدەی بیستەم (واتا لە نێوان ساڵانی 1900 بۆ 1925)، ئەو پیاوماقوڵ و ڕیش سپیانەی ناو وڕۆڵیان هەبووە لە گوندی حەفتاچەشمە ئەمانە بوون: بابا ساڵح کوڕی ڕەحمان پەپوو، عەزیز کوڕی محەمەد کوڕی ڕەحمان پەپوو، بابا ڕەزا کوڕی قادر کوڕی کاکە ڕەش، شەریف کوڕی قادر کوڕی کاکە ڕەش، عەزیز کوڕی حوسێن ناینە، عەلی کوڕی ساڵح کوڕی ڕەحمان پەپوو، محێدین کوڕی قادر کوڕی ڕەحمان پەپوو، محمد شانک کوڕی مارف کوڕی حوسێن ناینە، خدر کوڕی یەسوع کوڕی کاکە ڕەش، ئەحمەد سەلمە کوڕی سەعدوڵا کوڕی مەلا محەمەد، فەتاح هولان کوڕی ئەحمەد کوڕی ڕەحمان پەپوو، کەریم کوڕی سۆفی قادر، سەید شکور، مەلا کەرەم کوڕی سۆفی قادر وکەسانی تر.

سەردەمی موختاری لە گوندی حەفتاچەشمە

لە سەرەتای چلەکانی سەدەی بیستەم دەسەڵاتدارانی سەردەمی پاشایەتی لە عێراق(1921 1958) سیستەمێکی نوێیان پەیڕەو کرد لە بەڕێوەبردنی گوند وگەڕەک وناوچەکان، ناوی (موختار)یان لێ ناوە، موختار وشەیەکی عەرەبیە لەوشەی (اختیار) ەوە هاتووە کە مەبەست لە کەسێکی هەڵبژێردراوە لەلایەن کەسانێکی ترەوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان، موختار کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی وکارگێڕی گرنگی بووە لە گوندەکان، وە پێویست بووە لەسەر موختار ئاگاداری کاروبار گوزەرانی خەڵکی گوندەکە ببێت وبەشداربێت لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکان ویارمەتیدانی خەڵکی گوند و ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانیان لەلای دەسەڵاتداران وهاوکاری دەسەڵاتدارانی حوکومی بۆ پێدانی زانیاری وکۆکردنەوی داهاتی حکومەت لە گوندنشینان، یەکەم موختاری گوندی حەفتاچەشمە لەسەرەتای چلەکان کاک (ئەمین کوڕی ساڵح کوڕی ڕەحمان پەپوو) بووە، کە دوواتر بە (ئەمین موختار) ناوبانکی دەرکرد تاکو ناوەڕاستی پەنجاکان موختار بوو، لەم ماوەیەدا گوندەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە چوەتە سەر ناحیەی (قەرەحەسەن)، ئەم ناحیە سەر بە ناوەندی شاری کەرکوک بووە. پاش ئەمین موختار ئەم کەسایەتیانە کاری موختاریان کردووە:

ستار کوڕی شەریف کوڕی قادر کوڕی کاکە ڕەش

حوسێن کوڕی عارەب کوڕی مارف کوڕی حوسێن ناینە

دوا موختاریش حاجی ڕەئوف کوڕی ڕەحیم کوڕی ئەحمەد کوڕی مارف ناینە بووە لەگەڵ حاجی عەلی کوڕی ستار کوڕی شەریف، تاکو ئەم سیستەمە لە بەڕێوەبڕدن کۆتای پێ هات لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیستەم.

لێرەدا پێم باش بوو ڕوونکردنەوەی بکەم لەسەر ناوهێنانی موختاری گوندی حەفتاچەشمە کە هەندێ نووسەر کاتێ باسی ژیاننامە وڕۆڵی نەجمەدین شوکر رەئوف تاڵەبانی دەکەن کە ناسراوە بە (مامە ڕیشە 1955 1985)، بابەتەکە بە تەواوی باس ناکرێت وموختارەکە بە کەسێک باش دەرناکەوێ، لێرەدا چەند دێرێک لەو نووسینانە دەنووسین وپاشان ڕوونکردنەوە لەسەری دەدەین :-

[ ساڵی 1978 ئیستخباراتی عەسکەری، (کامیل تەیب) یان لەزیندانی ئەبو غرێب بەردا بەهۆی تاوانێکەوە 20 ساڵ حوکم درا بوو، بۆ ئەوەی بگاتە گەرمیان تا (سیروان تاڵەبانی یان سەرکەوت) بکوژێت، کامیل لەگەڵ تالیبی حاجی جەمال بە دوو چەکەوە روودەکەنە گوندی (حەفتاچەشمە)، بۆ بەدەستهێنانی متمانەش دەیانەویست موختاری گوندەکە بکوژن، بەڵام بەڕێکەوت موختار لەوێ نابێت، ئێوارەکەی روودەکەنە گوندی تاڵەبان، لەوێ نەجمەدین وا دەزانێ ئەوانە پێشمەرگەن، بەیانیەکەی لەگەڵیاندا دەکەوێتە رێ روودەکەنە گوندی بنەکە، تالیب پیلانەکەی کامیلی پێ قبوڵ ناکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ چەمچەماڵ، کامیل و نەجمەدین لەگوندی بنەکەی ناو زەنگنە بەحەمەجان و حەمەخان دەگەن هەر چواریان روو دەکەنە گوندی کانی عوبێد، سەرکەوت و خالید گەرمیانی و سامان گەرمیانی و مەحمود سەنگاوی و مام ساڵحی گۆڕی ئەسپ لەوێ دەبن، نهێنی پلانەکەی کامیل-یان لە ئەبوغرێبەوە پێ گەیشبتوو پێشوازیان لێدەکەن، لەکاتی جەولەدا پێشمەرگەکان مەسافە وەردەگرن، نەجمەدین لەنێوان چەند پێشمەرگەیەکدا مەسافەوەر دەگرێت و دەڕۆن، لەوکاتە کامیل ویستبوی لە تەک پێشمەرگەکاندا مەسافە وەربگرێت، سامان گەرمیانی و مەحمود سەنگاوی، چەکی دەکەن.

هەر لەوێ؛ نەجمەدین و حەمەجان و حەمەخانیش دەگرن، دوای لێکۆڵینەوەیە، لێیان دەدەن، کامیل دان بەپیلانەکەدا دەنێ، حەمەجان و حەمەخان یش نهێییەکان دەدرکێنن، تەنیا نەجمەدین دەڵی من ئاگام لەو پیلانە نییە، هاتوم ببم بە پێشمەڕگە...هتد].

لەم نووسراوە وا دەردەکەوێ موختاری ئەم گوندە کەسێکی باش نەبووبێ بەلای شۆڕشگێڕانەوە، بەڵام ئەم شتە ڕاست نیە، ئەو کەسەی باس کراوە لەم ڕووداوە حاجی (عەلی)ە، ئەوەی ئەم کەسەی ناسی بێ دەزانێ کەسێک دڵسۆز وڕاستگۆ وبەڕەوشت بووە وهیچ ناپاکیەکی لێ نەبینراوە، بەڵام بەهۆی ڕەفتاری هەندێ موختاری خڕاپ ناوبانگی موختار لەکەدار بوو، نەک تەنها لە گوندەکان بەڵکو لە نێو گەڕەکەکانی نێو شارەکانیشدا، ئەو ناو زڕاندنەیش ئامانجێکی گڵاوی ڕژێمی بەعس بوو بۆ دروستکردنی دوو بەرەکی وبەکارهێنانی موختارەکان بۆ بەدیهێنانی مەرامەکانی خۆی.

دیارە کاری موختار لە ماوەی هاتنی بەعسیەکان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی (1968) کارێک سەخت ودژوار بووە لە ناوچە کوردنشینەکان، چونکە موختارەکان دەکەوتنە نێوان دوو لایەنی دژ بەیەک دەسەڵاتی بەعس لە لایەک و پێشمەرگە وشۆڕشگێڕانی کورد لە لایەکی تر، ڕژێمی بەعس هەوڵی دەدا لە ژێر فشار وترساندن موختارەکان بەکار بهێنێ بۆ ئەوەی زانیاری دەربارەی جموجۆڵی پێشمەرگە وشۆڕشگێرانی کورد پێبدات، بۆیە هەندێ موختار چوونە ژێر ئەو بارەوە، ئەمە بووە هۆی ناو زڕاندنی موختارەکان لە نێو کورداندا، بەڵام مانای ئەوە نیە هەموو موختارەکان ڕازی بوبن هاوکاری ڕژێمی بەعس بکەن دژ بە خواستی گوند وگەلەکەیان، بە پێچەوانەوە چەندەها موختار هەبوو بە شێوەکی زۆرباش ودڵسۆزانە مامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخەکە دەکرد وهاوکاری خەڵکی گوند وشۆڕشگێرانیان دەکرد وەک پێدانی زانیاری وهاوکاری دارایی وتەندروستی وپەروەردەیی.

بۆیە بە پێویستم زانی کە ئەم ڕاستیە جێگیر بکەین دەر هەق بە مێژووی حەفتاچەشمە، کە ئەو نووسەرە بەڕێزانە بەشێوەکی باش ڕوونیان نەکردوەتەوە، جگە لەوەی کە باسکردنی ژیاننامەی تێکۆشەر مامە ڕیشە هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی حەفتاچەشمەییەکان نادرێ، (مامە ڕیشە) کەسێکی خۆشەویست بووە لەلای حەفتاچەشمەییەکان، چەندەها جار هاتووەتە گوندەکە وحەفتاچەشمەییەکان ماڵەکانیان بەڕویدا واڵا کردووە وهاوکار وبەشدار بوونە لە شەڕەکانیدا، کەچی تاکە ڕووداو باسدەکرێ لە ژیاننامەی مامە ڕیشە ڕووداوی موختارەکەیە¡¡؟،

حەفتاچەشمەییەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خەبات وشۆڕشەکانی گەلی کوردستان بۆ بەدیهێنانی مافی ڕەوایان لە ئازادی وسەربەستی، هەر لە شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی حەفید وشۆڕشی ئەیلوول وگوڵان وشۆڕشی نوێ و ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان دژ بە داگیرکەران وستەمکاران، وە ڕۆڵیان هەبووە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق وجەنگی دژی تیرۆرستان وستەمکاران، حەفتاچەشمەییەکان دەیان شەهید وجینۆسایدکراویان هەیە ودەیان تێکۆشەر وپێشمەڕگەی قارەمانیان بەخشیوەتە کوردستان بۆیە پێویستە بە دادپەروەرانە باس لە مێژووی ڕۆڵەکانی حەفتاچەشمە بکرێ.

پێکهێنانی ئەنجوومەنی گوندەکان

لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم شۆڕشگێڕانی کورد ئەنجومەنی گوندەکانیان وەکو سیستەمێکی نوێ بۆ گوندەکان داهێنا لەرێگای هەڵبژاردنی خەڵکەوە، یەکەم جار ئەو ئەنجومەنە لەگوندی وەرتی دروست بوو لەسەرەتای 1982، دواتر لە سەرگەلوو وشەدەڵە ویاخسەمەر وگوند وناوچە ڕزگارکراوەکانی تر کە لە ژێر دەستی شۆڕشی کوردیدا بوو.

ئەم ئەنجوومەنانە لەسەر دەستی شۆڕش دروست بوو بەڕامبەر بە موختارەکان، چونکە شۆڕشی کورد وەک پێشتر باسمان کرد بە هۆی ڕەفتاری هەندێ موختاری گوندەکان کە زانیاری جموجۆڵی شۆڕشگێڕانی کوردیان دەگواستەوە بۆ ڕژێمی بەعسی عێڕاق، ئەو دەنگۆیانە وایی کرد ئەو ئەنجومەنانە دابمەزرێ، هەڵبەتە ئەم ئەنجوومەنانە پاڵپشتیەکی بەهێزبوون بۆ شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان، چ لە ڕێگەی دابینکردنی شتومەک وپێداویستی وشوێنی حەوانەوەیان و چ لە ڕێکخستنی گوندنیشنان وناوچەکانیان لە ڕووی پەروەردەیی وهۆشیاریی وچەسپاندنی هەستی کوردایەتی وگیانی شۆڕشگێری وبەرخودان لە نێوانیاندا.

ئەو کەسانەی ئەنجومەنەکەیان لە گوندی حەفتاچەشمە بەڕێوەدەبرد ئەم کەسانە بوون:

کەریم عەزیز شەریف.

مەلاساڵح قادر ئەحمەد.

مەلا غەفور عەبدولوەهاب ڕەزا.

لەگەڵ ئەنجومەنەکە چەند تێکۆشەرێک پاڵپشتیانیان دەکرد، کە ئەم کەسانە بوون:

شاعیری پێشمەرگە عادل حوسێن ئەحمەد هولان.

پێشمەرگە یادگار ستار شەریف.

پێشمەرگە فازڵ حاجی عەزیز حوسێن.

ئەم ئەنجومەنە بەردەوام بوو تاکو شاڵاوەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستان لە لایەن ڕژێمی فاشستی بەعسەوە لە ساڵی 1988.

پاش شاڵاوی ڕەشی ئەنفال بە تایبەت لە (25 9 1989) ناحیەی قەرەحەسەن هڵوەشێنرایەوە وگوندەکانی خرایە سەر ناحیەی تازە لە نێوانیشیان گوندی حەفتاچەشمە، دواتر بە بڕیاری نهێنی کە لە دیوانی سەرۆکایەتی ڕێژێمی عێڕاق دەرکرا لە(24 12 1998) ناوی ناحیەکە کرا بە(ام المعارک) ودووبارە ناحیەی قەرەحەسەن خرایەوە سەر ناوەندی شاری کەرکوک.

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە 20ئاداری ساڵی 2003ز ناوچەکە گەڕایەوە سەر باری ئاسایی خۆی، گوندی حەفتاچەشمە دووبارە ئاوەدانکرایەوە پاش 15ساڵ لە چۆڵکردن بەهۆی سیاسەتە دڕندانەکەی ڕژێمی فاشستی عێراقەوە، ئەنجوومەنی گوندەکە دووبارە دەست بەکار بووە وبەڕێز [ مەلا ساڵح حاجی قادر باڵدار کوڕی ئەحمەد سەلمە]وەک ئەنجومەنی گوند دەستنیشانکراوە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری گوندی حەفتاچەشمە تاکو ئامادەکردنی ئەم وتارە لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی(1 2 2018).