مێژووی (پەچە) لای ژنی کورد

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Wene kech.jpg
Pache.jpg

نووسینی: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد


جلوبەرگی تایبەتی هەر میللەتێک، مێژوویەکی دیاریکراوی خۆیی هەیە.

لێکۆڵینەوە و نووسینیی کوردیی لە ئەم لایەنەوە زۆر هەژارە و هێشتا وەڵامی دەیان پرسیاری وەک: ئایا مۆرک وتایبەتمەندی جلوبەرگی کوردیی چییە؟ جیاوازی لەگەڵا جلوبەرگی نەتەوەکانی دیکەدا، لە کام لایەنەوەیە؟ هاوبەشی لەچیدایە؟ وەڵام نەدراوەتەوە...

پۆشینی ئایینی، بەشێکە لە پەیامی هەموو ئایینەکان و زۆر دوور نەڕۆین لە ئایینی یەهودیدا و لە چیرۆکی (سفر التکوین)دا و لە چوارچێوەی (عەورەت) باس کراوە و دەڵێت (ئافرەتەکە خۆشیی لەبەرهەمی درەختەکەدا بەدیکرد و زانی کەچێژ لەبینیندا هەیە و هێز بەتێگەیشتن و هۆشیاری دەبەخشێت، ئیتر خواردی و بەشێکیشی بەمێردەکەی دا، بە ئەمە، چاویان کرایەوە و زانیان کەڕوتن و چوون لەگەڵای هەنجیر بەرگیان دروستکردو عەورەتیان پێ شاردەوە) هەروەها لە ئایینی ئیسلامیشدا ئەم بابەتە لە سورەتی (الاعراف)،(النور)دا هاتووە و پوختەکەی ئەوەیە کە خوا دەفەرموێت (بەژنانی بڕوادار بڵێ: چاوی خۆیان لەحەرامی بگرن و داوێنی خۆیان بپارێزن و جوانی خۆیان بێجگە لەو ئەندازەی کە دیاری کراوە، دەرنەخەن و بەشی خوارەوەی لەچکەکانیان بەسەر سنگیانا بدەن و جوانی خۆیان دەرنەخەن).

ئەگەر (حیجاب) ڕاستەوخۆ لە پەیامی ئایینی ئیسلامەوە داهێنرابێت و فەرز بێت، ئەوا (پەچە) دواتر داهێنراوە و بەشێک نییە لە پۆشاکی ئیسلامی و ڕوبەند یان (نقاب)یش ناگەیەنێت کە کورد لەهیچ سەردەم و شوێنێکدا نەیپۆشیوە و زۆرتر لە وڵاتانی کەنداو و باشوری ڕۆژئاوای ئێراندا بەکار هاتووە. تەنانەت نەقابیش وەک (یوسف قەرزاوی) دەڵێت (نەفەرزە و نەبیدعەیە).

(فیگو ئەروا) دەڵێت: (پارچەیەکی سپیییە کە ژنان بەدەموچاویانەوە کردووە و بەزەحمەت توانراوە ببینرێن). (شاردن)یش دەڵێت (بریتییە لە ڕوبەند کەتەنها دەموچاوی گرتووەتەوەو شێوەی شەبەکەیی هەبووە و تایبەت بووە بە چوونە مزگەوت یان پەرستگاکانەوە). (هێنی هارۆڵد) پێی وایە کە عاباو پێچە بەیەکەوە بەکاردێن و دەڵێت (عاباو پێچە لە خواروی کوردستاندا هەیە، لەش ودەموچاو بەتەواوەتی دادەپۆشێت.(ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە)ش پێی وایە (قوماشێکی ڕەشی تایبەتی لەجورجێت دروست کراوە.)

سەبارەت بە مێژووی پەچە، (ئەولیا چەلەبی) لە سیاحەتنامەدا دەڵێت: (وەکو لە برادەرانم بیبستووە، ئافرەتانی ئێرە جلکی سپی لەبەر دەکەن، پەچە دەگرنەوە و تاسڵاوی زێڕو زیو لەسەر دەنێن و بەرگیان هەمووی ئاوریشمە)، هەروەها لەباسی (دیاربەکر)دا دەڵێت (هەموو چارشێوی سپی بەخۆیاندا دەدەن و پەچەش دەگرنەوە و کڵاوی بەزنجیری زێڕو زیودابەستراو لەسەر دەنێن و جزمە لەپێ دەکەن... بەقسەی پیاو ماقوڵان لەدیار بەکردا سەدو چل ماڵا گەرماویان لەماڵی خۆیاندا هەیە، چونکە ژنیان نابێ بچێتە دەرەوە). (میجەر نۆئیل) لە زمانی خاتو بێڵەوە دەڵێت: (ئەوەی کە سەرنجی خاتوو بێڵی ڕاکێشابوو، وەک خۆی بۆی گێڕامەوە، ئەوەیە کە کوردەکان هەستێکی ڕیشەداری دوژمنایەتیان لەگەڵا تورکەکاندا هەیە. ئەمە نموونەیەکی زەقی بەهێزە کە ئافرەتی کورد بەتایبەتی کابانەکان ئامادەن لەگەڵا مێردەکانیاندا بەبێ عاباو پەچە چاویان بەکۆمەڵێ‌ لە ئەمەریکییەکان بکەوێت کە لە گەڵا خاتوو بێڵدا چووبوون، بەڵام هەرگیز ئامادە نین لەگەڵا تورکەکاندا ئەوە بکەن) هەر لە هەمان کتێبدا دەڵێت (ئافرەتی کورد هەتا ڕادەیەک ئازاترە لەئافرەتی تری دراوسێی. ئەگەر مێردەکەشی لەماڵ نەبێت، زۆر هەژاریش بێت کەچی بۆ پێشەوازی و بەڕێکردنی میوان زۆر ئازادە. بەبێ عاباو چارشێو لەگەڵا براو پیاواندا بۆ ئیشوکاری ناو دەشت و دەر دەچن).

ئەگەر لە زاراوەکەوە سەرنج بدەین، هەروەک ناوەکانی: چۆغە، سەڵتە،....هتد، ئەوەمان بۆدەردەکەوێت کە لە زمانی بێگانەوە وەرگیراون. هیچ سەرچاوە، وێنە، پەیکەرێکی کۆن، پەند و حیکایەتێکی کوردی نادۆزینەوە کە بوونی پەچە نەک بگەڕێنێتەوە بۆ پێش پەیدابوونی ئاینی ئیسلام، بەڵکو بیگەڕێننەوە بۆ سەدەی هەژدە و نۆزدەی زایین.

دەقە شیعرییە کلاسیکییەکان باشترین سەلمێنەری ئەم قسەیەمانن و لە دێڕە هۆنراوەیەکی کلاسیکی کوردیدا وەسف یان باسی پەچە نابینین.

بەشێوەیەکی گشتی، دەبێت لەسێ‌ لاوە سەرنج لە ئەم کاریگەریی و لێوەرگرتنە بدەین:

یەکەمیان: ڕێگەی ئاراستەی باکورە و مەبەست لێی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییە. گومانی تیانییە ئەم ڕێگەیە لەژێر کاریگەری ئەدەبیاتی ئیسلامیدا بووە.

دووەمیان: ئاراستەی باشورە و سنوری ئەم کاریگەرییە ڕاستەوخۆیە لەگەڵا شارستانییەتی عەرەبی ئیسلامیی و تاوەکو ناوچەکانی گەرمیان دریژ بووەتەوە و ڕەنگی ڕەشی جلو بەرگ، چەفتەو سەربەست، ڕەنگدانەوەی ئەم ئاراستەیەن. ئاراستەی سێهەم: پێی وایە لەژێرکاریگەری ڕۆژهەڵاتەوە بووە، کە دیارە ئەمیش دیسانەوە لەکاریگەریی ئەدەبیاتی ئیسلامی بەدەر نییە، ئەگەرچی سیفات و تایبەتمەدی جیاکەرەوەی خۆیی هەیە، بەڵام لەزۆر سەردەمی حوکمڕانێتی جیاوازدا بەکارهاتووە، هەر لەسەردەمی کەریم خانی زەندەوە تا تەواوی پاشاکانی قاجاری لە ئێراندا.

وەک چۆن (دروویل) دەڵێت: (ژنانی ئێرانی...ڕوی خۆیان دەپۆشن بەپارچە قوماشێک کەلەشێوەی چوارگۆشەدایە و بەدوو هەڵواسێنەر بەستراوەتەوە بەعاباکەیانەوە، بەجۆرێک کە دەتوانرێت لاببرێت و دابدرێتەوە) بە کورتی هەرسێ ڕێگەکە سەر بە شوێنکەوتەیی ئەدەبیاتی ئیسلامین و چەند ڕەگەزێکی گرنگ هەموویان پێکەوە کۆدەکاتەوە، بەڵام لەوردەکارییدا تایبەتمەندی خۆیانیان پاراستووە و بەشێوەی جیا جیا ئەو ڕێبازەیان پیادەکردووە.

من پێم وایە ئاراستەی یەکەمیان دروستترین ڕێگەی وەرگرتنی پەچەکردنە لەلایەن ئافرەتی کوردەوە؟ چونکە ئەوکاتەی کە دەسەڵاتدارێتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی گەیشتووەتە ناوچەکە، ئیتر ئەم کاریگەرییە لەسەر هەمووشتێ‌ ئاسایی ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە: لەسەر جلوبەرگ بە پیاوانە و ژنانەشەوە.

(هێنی هارۆڵد) لە ئەم بارەیەوە دەڵێت: (پەچە: لەتورکەکانەوە وەرگیراوە، جۆرە پۆشاکێکی – تورکی – کوردی یە. جاران و ئێستاش لەزۆر جێگادا لەناوچەکانی ئیسلامەتیدا هەر لە مەراکیشەوە بگرە لە ڕۆژئاواوە، تاوەک ئەفغانستان لە ڕۆژهەڵاتەوە، لە بۆسناو هێرزیگوڤینا بگرە لەباکورەوە تاعەدەن لەباشور، ئافرەت کەلەماڵا دەر چوون لەبەریان کردووە.) هەروەها (بەدرخان سندی) لەکتێبەکەیدا دەنووسێت: (البوشیە او البیجیە: جۆرە قوماشێکی ڕەشە کەئافرەت دەیدات بەڕویدا تاوەکو پیاوان ڕوی نەبینن، بەڵام خۆی دەتوانێ ببینێ و لە بنەڕەتدا تورکییە) ئەوەشی کە ئەم ڕوانگەیەمان زیاتر بۆ ڕوندەکاتەوە، ئەو ڕاستییەیە کە جگە لە ئەوەی تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەستا نییە کە پیشانمان بدات پەچە پێش بوونی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لەکوردستاندا بونی هەبووە، ئەو ڕاستییەشە کە هیچ دەقێکی ئەدەبیی کوردی تا سەدەی نۆزدە نابینینەوە باسی پەچەی تیادا کرابێت، ئەمە لەکاتێکدا ئەدەبیاتی ئیسلامی، زۆر پێش ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە.

پەچەکردن زیاتر نەریتێکی شارەکیی بووە، ئەمەش جگە لەوەی دەری دەخات کە نەریتێکی ڕەسەنی پۆشینی کوردی نییە، ئەوەشمان بۆ ڕون دەکاتەوە کە لەدەرەوە وەرگیراوە.

پرسیار ئەوەیە ئەوانەی کە پەچەیان بەکار هێناوە کێبوون؟

(هێنی هارۆڵد) لەدوو شوێندا ئەمە باس دەکات و دەنووسێت: (لە کوردستانی خوارودا، عابا و پەچە لە هەر چوار مەڵبەندی ئافرەتان – مەبەستی لەمەڵبەندەکانی دەرەبەگایەتی، جوتیاری، خوێندەواریی و نەخوێندەوارییە – لەبەردەکرا، بەڵام زۆر بەجیاوازی.

ئافرەتی مەڵبەندی دەرەبەگایەتی دێ لەهەڵسوکەوتی ڕۆژانەدا لەبەریان نەدەکرد، تەنیا بۆ سەردانی شار لەبەریان دەکرد، هەتا لەوکاتەوە کەلەماڵا بەڕێ دەکەوتن تا دەگەڕانەوە لەبەریاندا بوو. عابا لەبەرکردنیان نیشانەی ئەوە بوو کە لەمەڵبەندی لادێوە دەچنە مەڵبەندی شار.

لەمەڵبەندی ساکاری لادێشەوە هەمان شت بوو. زۆرجار وادەبوو لەبازاڕی سلێمانی، ئافرەتێکی بەپەچەوە قسەی لەگەڵا دەکردم و کە پەچەکەی هەڵدەدایەوە دەردەکەوت کە خەڵکی گوندی تۆپزاوایە و من نەمدیبوو کە لە ئەوێ پەچە بپۆشێ! نەمدی بەدیار پیاوی بیانییەوە سەرپۆش یان ئەوەندەی بەسەر دەموچاویاندا بدەن کە گرانڤیست دەڵێ: گوایە ئافرەتی فەلەستینی ئەم ڕەوشتەیان هەیە). هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا دەنووسێت: (لە لایەکی تریشەوە، ئافرەتی خوێندەوارو نەخوێندەواری شار، کەلەماڵا دەچنە دەرەوە، هەمیشە عاباو پەچە لە خۆدەدەن.

قەت بەبیری کەسدا نەدەهات لەشارێکی وەک سلێمانی یان بنکەیەکی بچوکتری بازرگانی وەک هەڵەبجە، ئافرەت بەبێ عاباو پەچە لەماڵەوە بێتە سەر جادە. کچ کەتەمەنی دەگەیشتە 13-14 ساڵی ناچاردەبوو عاباو پەچە بپۆشێ) ئەمانە ڕاستن، بەڵام سەبارەت بە ئەوەی کەکەس نەیتوانیوە بەبێ پەچە بچێتە دەرەوە، شتی وانە بووە و دەیان وێنە لەبەردەستان کە لە دەرەوە و ناوەندی شارێکی وەک هەڵەبجەدا گیراون و سەردەمی وێنەگرتنەکەشیان بۆ زۆر پێش نوسینەکەی هێنی دەگەڕێتەوە.

پۆلێنکارییەکەی هێنی زۆر بەشێوەیەکی جوان ئەوە ڕوندەکاتەوە کە پەچەکردن جگە لە ئەوەی پەیوەندی بە شار و لادێ و خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە هەیە، پەیوەندیشی بەوەوە هەیە کەئایا لەگەڵا پیاوەکەشیدا بێت بەهەمان شێوەیە یان نا؟ بۆ ئەم مەبەستە هێنی دەڵێت: (عاباو پەچە: لەمەڵبەندی دەرەبەگایەتی و ژنەجوتیاریدا ئافرەت پیاوی لەگەڵا بێت و پیاوی لەگەڵا نەبێت دەیپۆشێت، بەڵام لە مەڵبەندی خوێندەوار و نەخوێندەواردا، لەجێگەیەک هەیەو لەجێگەیەک نییە) ئالێرەدا جۆرە لێکنەگەیشتنێک هەیە کەنازانم تاچەند پەیوەندی بە هێنییەوە هەیە و ڕەنگە هۆکارەکەشی وەرگێڕانەکەی بێت؟ چونکە لەهەندێ شوێندا جیاوازی نەکردووە لە نێوان پەچە و لەچکەدا؟ بەڵگە بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە کە پەچەکردن بەهیچ شێوەیەک لە مەڵبەندی لادێ‌ نشیندا نەبووە، بەڵام هێنی باسی دەکات و بەڕەگەزی هەمیشەیش ناوی دەهێنێت.

واتە بوونی نەک هەر هەبووە، بەڵکو هەمیشەیش بووە؟! بەڵام زیاتر بۆ ئەوە دەچم کە هەڵەکە هی هێنی خۆی بێت نەک وەرگێڕانەکەی، چونکە ئەو لە کتێبی (کچانی کورد)ەکەشیدا کەوتووەتەوە هەمان هەڵەوە، لەکاتێکدا دیارە کە ئەم دوو کتێبە لەلایەن دوو کەسی جیاوازەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی.

سەبارەت بەتەمەنی ئەو ژنانەی کە ئەم جۆرە پۆشینەیان بەکار هێناوە ئەگەرچی هێنی دەڵێت: لەتەمەنی 13-14 ساڵانەوە بەکار هێنراوە، بەڵام هەست دەکەم کە ئەمە وانییە، یان لایەنی کەم بەپێی ناوچە و ئەو مەڵبەندانەی کەهێنی ناویانی هێناوە لەگۆڕاندا بووە. هەرچۆنێک بێت، ئەمە هیچ لە ئەوە کەم ناکاتەوە کە تەبایی پەچە لەگەڵا حیجاب و عابادا لە ئەوەوەیە کە جوانی ژن، یان کچی پێگەیشتوو دەرنەکەوێت.

(گۆران)ی شاعیر لە دێڕە هۆنراوەیەکدا، بەزمانێکی ناڕەزاییەوە پەچە وەسف دەکات و دەڵێت:

وەلێ لەبەر ئەوە، هەیهات ! ئەسیرو زیندانم

مەداری فەخرو سروورم بووە بەقوتبی کەدەر!

هەروەها (هێمن) ئەم نەرێتە، بەهەمان شێوەی (گۆران) دەڵێت:

هەتا لاو بووم، چاوی جوانم لێ ون بوو

پەچەو ڕوبەندو چارشێوم دوژمن بوو

وەک باسکرا، سەرەتای ئەم نەرێتەلەکوردستاندا، بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، بەتایبەت ئەوکاتانەی کە ئینگلیز لەناوچەکەدا دەسەڵات پەیدادەکات و ئەم ماوەیە وەک بەریەککەوتنی دوو کەلتووری جیاواز لە نێوان پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامیی عوسمانیی و کەلتوری هاوچەرخی دەسەڵاتی داگیرکاری ئینگلیز کە لەنێو خەڵکیدا بەدەسەڵاتی کوفر لەسەرزاربووە، هۆکارێکی لەباربووە بۆ زۆربەی ژنانی ئەو سەردەمە کە بەنەریتێکی داهێنراو خۆیان بە پاشماوەی باوەوە ببەستنەوە. واتە: مەبەستی سەرەتایی لە پەچەپۆشین، بۆ ڕەهەندی ئایینی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە دواتردا، بۆ ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیی گوازراوەتەوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەم وێنەیە نەک لاواز بووە، بەڵکو پێچەوانەش بووەتەوە؟! ئەگەر لەسەرەتادا پەچەکردن وێنەی ڕەوشت بەرزیی و پلەی چاکەکاری هەبووبێت، ئەوا وردە وردە ئەم وێنەیە پێچەوانە بووەتەوە.

هەروەک (هێنی هارۆڵد) دەڵێت: (پەچە بنیادی نیشانەی ئافرەتی بەشەرەف بوو بەرانبەر بەئافرەتی سۆزانی و بێ ڕەوشت، ئێستا وای لێهاتووە کە تەنیا ئافرەتی خراپ و سۆزانی پەچە لەخۆ دەدەن) دیارە ئەوکاتەی کە هێنی قسەی تیدا دەکات، مەبەست لە ساڵی 1957 بەدواوەیە، چونکە پەچە بەپێی ڕۆژگار لە مانای ئایینیی دابڕا و ئافرەت و ژن بۆ ئەوەی کردەوەی خراپی بە شاراوەیی بمێنێتەوە، پەچەی کردووە. (ناجی عەبباسی) وەرگێڕی کتێبەکەی (هێنی هارۆڵد) لەپەراوێزێکدا دەنووسێت: (ئێستا لەشاری سلێمانی ژنان بەدەگمەن ڕویان بەپەچە دادەپۆشن، ئێستا تەنها ژنە سواڵکەرەکان بۆ ئەوەی کە نەناسرێنەوە و بەئاسانیی و بێ شەرمانە دەرۆزەبکەن، دەموچاویان باش بەپەچەیەکی زۆر سفت دادەپۆشن) تەنانەت ڕۆژگار لەماوەیەکی زۆر کورتدا وای لێهات کە بەهۆی کەمی ژمارەی پەچە پۆشەکانەوە، پەچە پۆشەکان لە ڕێگەی باڵا و جۆری پەچەکەیانەوە دەناسرانەوە، بۆ نموونە دەگوترا: ئەوە پەچە پۆشە دزەکەی، ئەوەیان دەموچاوهەڵگرەکەیە، ئەوەیان لەشفرۆشەکەیە و ئەوەیان سواڵکەرەکەیە.

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆدەدا و دوای ئەوەی دەسەڵاتدارێتی عوسمانییەکان نەماو قۆناغێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لەناوچەکەو ئێراق و کوردستانیشدا هاتە ئاراوە، ئیتر وردە وردە لە ژێر هەژموونی ئەو گۆڕانکارییانەدا، ڕۆلێکی تایبەتی بۆ ئافرەت و ژنی کورد پەیدا بوو، کە چیتر نەدەکرا ژن بەشداری لە ئەو گۆڕانکارییانەدا نەکات و لەگەڵا ڕەوتی پێشکەوتنی مێژوودا نەڕوات.

بۆنموونە بەدەنگەوەهاتنی ژنان بۆ بانگەوازی ساڵی 1926 و بەشداریکردنیان لە تۆمارکردنی نێویان بۆ خوێندن لەلایەن چەند ژنێکی بنەماڵە ناودار و نموونەییەکانەوە، ڕەچەشکێنییەکی لەبەرچاو بوو، هەروەک چۆن لەناوچەکەشدا ئەم ڕەچەیە بەردەوام لە شکاندندابووە، بۆ نموونە لەمیسر پەچەکردن هەرزوولاچوو، لە تورکیا (مستەفا کەمال ئەتاتورک لەساڵی 1925 قەدەغەی کرد و هاواری لەژنان کرد: ئەی ژنان دەموچاوی خۆتان پیشاندەن و تەماشای دنیا بکەن.)

دوای ئەمانیش وردە وردە وڵاتانی دیکەی گرتەوە و ساڵی 1936 پەچەکردن لەتاران قەدەغەکرا.