مەهاباد

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Ma.jpg

مەھاباد یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین شارەکانی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان . ئەم شارە یەکێکە لە شارە گەورەکانی پارێزگای ورمێ و لە باشووری گۆلی ورمێ ھەڵکەوتووە. ناوچەی مەھاباد شوێنی گێرەوکێشەی سیاسی لە سەردەمی هاوچەرخدا بووە. ئەم شارە پایتەختی کۆماری کوردستان (کۆماری مەھاباد) بوو و لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی بۆ ماوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی کورداندا بوو.

مه‌هاباد له باکووره‌وه له‌گه‌ڵ شاری میاندواو، له باشووره‌وه له‌گه‌ڵ شاری سه‌رده‌شت، له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ شاری بۆکان و له ڕۆژئاواوه له‌گه‌ڵ شاری پیرانشار هاوسنووره. مه سعود بارزانی سالی 1946 لە ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانله مه هاباد لەدایکبووە شاری مەھاباد بەهۆی ھەڵکەوتن لەسەر ڕیگاکانی سێ پارێزگای ورمێ، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات شوێنێکی تایبەتی ھەیە.ئەم شارە ١١٩ کیلۆمەتر لە ورمێ، ٢٩٨ کیلۆمەتر لە سنە و ٢١٤ کیلۆمەتر لە تەورێز دوورە.

ناوی شار

لە ڕابردوودا، شاری مەھاباد «ساوجبلاغ» یان «ساوجبلاغی موکری» ناو نرابوو کە وشەیەکی تورکییە بە مانای «کانیاوی سارد». لە سەردمەی ڕەزاشادا ئەم ناوە گێڕدرایەوە بۆ ناوە مێژوویییەکەی خۆی مەھاباد، کە ناوێکە پێوەندی بە مێژووی مادەکان لەم شوێنەدا ھەیە؛ ئەگەرچی ئێستاش ھەندێک کەس بە تایبەت سابڵاغییەکان (مەهابادی عەسڵ و ئەوانەی هەمیشه لەوێ ژیاون) «سابڵاغ» ناوی لێ دەبەن.


ساڵی ١٩٣٦ بەرامبەر ساڵی هەتاوی ١٣١٥ (له کاتی حکوومەتی ڕەزاشا) به پیشنیاری ئاغای ڕەشید یاسەمی نێوی ئەو شاره گۆڕدرا و بوو به «مەهاباد»

Ma01.jpg

مێژوو

لێکۆڵینەوەکان نیشاندەدەن کە ناوچەی مەھاباد لە ھەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە شوێنی ژیان بووە و قەومەکانی بابلی، ماننایی، ئاشووری و ماد تێیدا ژیاون. ھەتا کۆتایی سەدەی دەیەمی کۆچی لە شاری مەھاباددا، شارۆچکەیەکی بە ناوی دریاس یان دارایاس — کە پتۆلێمیۆس بە یەکێک لە شارۆچکەکانی ماد ئاماژەی پێ‌کردووە — ھەبووە و ناوەندی شاری و ئیداری ناوچەکە بووە و ئێستاش وێرانەکەی لە گوندێک بەو ناوەوەو — دریاز — ماوەتەوە. شەرەفخانی بەدلیسی نووسەری کتێبی بەناوبانگی شەرەفنامە لە ساڵی ١٠٠٥ کوچێدا، وەکوو ناوەندێکی حکوومی باسی دریازی کردووە.

مێژوو نوێی شاری مەھاباد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان و نزیک ٤٠٠ ساڵ لەوەی پێش؛ سارەم بەگ یەکێک لە میرزادەکانی ساوجبلاغی موکری لە سەدەی ١١ی کۆچی لە نزیکی باکووری چەمی مەھاباددا — ئەو شوێنەی ئێستا بە «باغی سیسە» و «دەباغیان» دەناسرێت — ئاوەدانییەکی دامەزراند کە دواتر بوو بە شار. پاشان بە ھۆی پێشھاتنی چەم و لافاوەکانی، شار بەرەو باشوور ھات و خانووەکان لە نزیکی مەیدانی چوارچرای ئێستادا کرانەوە.

لە ساڵ ١٠٦٠ی کۆچیدا بوداق سوڵتان حاکمی مەھاباد بە ئاشتی کردنی لەگەڵ شا سوڵتان حوسێن توانی شاری مەھاباد کە بە ھۆی شەڕ و گێرەوکێشەوە کاوڵ ببوو، ببووژینێتەوە و بە یارمەتی میرنشینی ئەردەڵان پردی سوور و مزگەوتی سوور دروست بکات و بیکاتە ناوەندی ھزر و زانست و دین. مەھاباد بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵان ناوەندی حکوومەتی موکری بوو.

لە سەردەمی قاجاڕەکاندا، مەھاباد بەھۆی لە سەر ڕێگە بوونی بۆ شاری شام ھەندێک گەشایەوە.

لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ١٩٧٠دا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەور و پشتەوە کۆچیان کرد بۆ مەھاباد، بۆیە شار گەورە بۆوە و زۆربەی باغەکانی دەوری شار بوون بە ماڵ. ھەربۆیە ئێستاش ناوی ھەندێک لە گەڕەکەکانی مەھاباد وشەی «باغ» ی پێوەیە.

Qazi.jpg

ڕووبار و چەمەکانی

وێنەی پردی سوور بەسەر چەمی مەھاباد مەھاباد چەمێکی گرنگی ھەیە بە ناوی چەمی مەھاباد (چۆمی مەھاباد) کە خۆی لە سێ لکان پێکھاتووە: لکی بەیتاس (لە کێوی مام سوارە سەرچاوە دەگرێ و لە لای ڕۆژھەڵاتەوە دەچێتەوە ناو بەنداوی مەھابادەوە)، لکی دێبوکر (لە کێوی سەرمێرگان سەرچاوە دەگرێ و لە لای ڕۆژاواوە دەچێتەوە ناو بەنداوەوە) و ھەروەھا لکی کەوتەر یان لکی سەرەکی (لە کێوی براییم جەلال سەرچاوە دەگرێ و دەچێتەوە ناو بەنداوەوە). ئەم چەمە بە دەشتی مەھاباددا دەڕوا و لە ڕێگای کاناڵەوە زەوی و مەزاراکان ئاو دەدێری و پاشان دوای تێپەڕاندنی دارەلەک، خوڕخوڕە، گردەیاقووب و داشخانە دەچێتەوە ناو زەلکاوەکانی باشووری گۆلی ورمێوە.

ئایین

زۆربەی خەڵکی شاری مەھاباد موسڵمان و سوننی شافعیین. بەر لە شەڕی یەکەمی جیھانی ئەرمەنییەکان کە بە ھۆی فشاری دەوڵەتی عوسمانی کۆچیان کردبوو بۆ ئێران، لە باشووری شاری مەھاباد و لە گەڕەکێکی گەورە بە ناوی «گەڕەکی ھەرمەنیان» نیشتەجێ بوون، جوولەکەکانیش لە ناوەندی شار و لە «گەڕەکی جوولەکان» نیشتەجێ بوون. ئێستا زۆربەیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی تر.

کەسایەتییە ناودارەکان

ھێمن، قازی موحەممەد، ھەژار

چەند کەس لە ناودارانی شاری مەھاباد لە ژێرەوە ھاتوون:

سیاسەت

قازی موحەمەد: سەرۆکی کۆماری مەھاباد

عەبدورڕەحمان زەبیحی: کەسایەتیی سیاسی و لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ.ک

مەسعوود بارزانی: سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مەهاباد لە دایک بووە.

ئەحمەد تۆفیق: سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکرات

سلێمان موعینی: کەسایەتیی سیاسیی کورد

وێژە

وەفایی: شاعیر

حەریق: شاعیر

سەیفولقوزات

گیو موکریانی: نووسەر، وەرگێڕ، ڕۆژنامەوان، وێنەگر

مەلا مارف کۆکەیی: شاعیر

عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی: شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ

محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری: شاعیر

محەمەد قازی: وەرگێڕ، نووسەر

عەلی حەسەنیانی: شاعیر، نووسه‌ر، چالاکی سیاسی

قاسم موئەیەدزادە: شاعیر

سەلاح پایانیانی: توێژەر و فەرهەنگنووس

مۆزیک

محەممەد ماملێ: گۆرانیبێژ

جافر ماملێ: (برای محەممەد) گۆرانیبێژ

سەعید ماملێ: ( باوکی محەممەد و جافر) گۆرانیبێژ

عەزیز شاھڕۆخ: گۆرانیبێژ

میکایل: گۆرانیبێژ

جەمال موفتی: گۆرانیبێژ

سەید ڕەحیم قوڕەیشی: گۆرانیبێژ

نازی عەزیزی: گۆرانیبێژ

سەلاح خزری: گۆرانیبێژ

ئیبراهیم قادری: گۆرانیبێژ

ڕەسووڵ نادری: گۆرانیبێژ

جەعفەر مینایی: مامۆستای مۆسیقا

کاوە فەقێزادە: مامۆستای مۆسیقا

سینەما

خەسرەو سینا: سینەماکار

ئیبراھیم سەعیدی: سینەماکار