مەھاباد

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
104431509 .jpg

مەھاباد یەکێک لە گرنگترین و بەناوبانگترین شارەکانی کوردنشینەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانه.

ئەم شارە یەکێکە لە شارە گەورەکانی پارێزگای ورمێیە کە لە باشووری دەریاچەی ورمێ ھەڵکەوتووە.

ناوچەی مەھاباد شوێنی گێرەوکێشەی سیاسی لە سەردەمی هاوچەرخدا بووە.

ئەم شارە پایتەختی کۆماری کوردستانبوو و لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی کورددا بوو.

مه‌هاباد له باکوورەوە له‌گه‌ڵ شاری ورمێ، له باشوورەوە له‌گه‌ڵ شاری بۆکان، له ڕۆژھەڵاتەوە له‌گه‌ڵ شاری میاندواو و له ڕۆژاواوە له‌گه‌ڵ شاری پیرانشار هاوسنووره.

مەسعود بارزانی ساڵی ١٩٤٦ لە ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان له مەهاباد لەدایکبووە.

شاری مەھاباد بەهۆی ھەڵکەوتن لەسەر ڕیگاکانی سێ پارێزگای ورمێ، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات شوێنێکی تایبەتی ھەیە.

ئەم شارە ١١٩ کیلۆمەتر لە ورمێ، ٢٩٨ کیلۆمەتر لە سنە و ٢١٤ کیلۆمەتر لە تەورێز دوورە.

لە ڕابردوودا، شاری مەھاباد (ساوجبلاغ) یان(ساوجبلاغی موکری) ناو نرابوو کە وشەیەکی ئازەرییە بە مانای (کانیاوی سارد).

لە سەردمەی ڕەزاشادا ئەم ناوە گێڕدرایەوە بۆ ناوە مێژوویییەکەی خۆی مەھاباد، کە ناوێکە پێوەندی بە مێژووی مادەکان لەم شوێنەدا ھەیە؛ئەگەرچی ئێستاش ھەندێک کەس بە «سابڵاغ» ناوی لێ دەبەن.

ساڵی ١٣١٥ هەتاوی (له کاتی حکوومەتی ڕەزاشا) به پیشنیاری ئاغای ڕەشید یاسەمی نێوی ئەو شاره گۆڕدرا و بوو به (مەهاباد).

مێژوو

لێکۆڵینەوەکان نیشاندەدەن کە ناوچەی مەھاباد لە ھەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە شوێنی ژیان بووە و قەومەکانی بابلی، ماننایی، ئاشووری و ماد تێیدا ژیاون. ھەتا کۆتایی سەدەی دەیەمی کۆچی لە شاری مەھاباددا، شارۆچکەیەکی بە ناوی دریاس یان دارایاس — کە پتۆلێمیۆس بە یەکێک لە شارۆچکەکانی ماد ئاماژەی پێ‌کردووە — ھەبووە و ناوەندی شاری و ئیداری ناوچەکە بووە و ئێستاش وێرانەکەی لە گوندێک بەو ناوەوەو — دریاز — ماوەتەوە. شەرەفخانی بەدلیسی نووسەری کتێبی بەناوبانگی شەرەفنامە لە ساڵی ١٠٠٥ کوچێدا، وەکوو ناوەندێکی حکوومی باسی دریازی کردووە.

مێژوو نوێی شاری مەھاباد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان و نزیک ٤٠٠ ساڵ لەوەی پێش؛ سارەم بەگ یەکێک لە میرزادەکانی ساوجبلاغی موکری لە سەدەی ١١ی کۆچی لە نزیکی باکووری چەمی مەھاباددا — ئەو شوێنەی ئێستا بە «باغی سیسە» و «دەباغیان» دەناسرێت — ئاوەدانییەکی دامەزراند کە دواتر بوو بە شار. پاشان بە ھۆی پێشھاتنی چەم و لافاوەکانی، شار بەرەو باشوور ھات و خانووەکان لە نزیکی مەیدانی چوارچرای ئێستادا کرانەوە.

لە ساڵ ١٠٦٠ی کۆچیدا بوداق سوڵتان حاکمی مەھاباد بە ئاشتی کردنی لەگەڵ شا سوڵتان حوسێن توانی شاری مەھاباد کە بە ھۆی شەڕ و گێرەوکێشەوە کاوڵ ببوو، ببووژینێتەوە و بە یارمەتی میرنشینی ئەردەڵان پردی سوور و مزگەوتی سوور دروست بکات و بیکاتە ناوەندی ھزر و زانست و دین. مەھاباد بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵان ناوەندی حکوومەتی موکری بوو.

M Kurdish government.jpg

لە سەردەمی قاجاڕەکاندا، مەھاباد بەھۆی لە سەر ڕێگە بوونی بۆ شاری شام ھەندێک گەشایەوە.

لە ساڵانی ١٩٠٠ەوە تاکوو ئەم دوایییانە، شاری مەھاباد شوێنی ئاڵۆزی و تێکھەڵچوونی خەڵک و حیزبەکان دەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێرانی بووە.

ساڵی ١٩٤٦ کۆماری مەھاباد دامەزرا و لە ساڵانی ١٩٨٠، دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی، حیزبەکانی کۆمەڵە و دێموکرات چالاکیان بووە لەو شارەدا.

لە ساڵانی دەستپێکی ١٩٠٠ زیاتری چالاکییەکان عەشیرەتی بووە. ھەر سەرۆک عەشیرەتێک بۆ سەندنی مافی لە دەسەڵات ھەوڵی داوە و زۆرجار دەسەڵاتی ناوەندی ھەر لەو تاک‌بوونە کەڵکی وەر گرتووە و عەشیرەتەکانی دژ بە ئەک ھەڵەژاندووە.

لە ساڵی ١٩٤٦ گەورەترین ڕووداوی سیاسی ئەم سەردەمی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە گشتی و شاری مەھاباد بە تایبەتی ڕووی‌دا. ئەوەش دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەھاباد بوو.

قازی محەمەد و کۆمەڵەی ژ-ک ڕیکخەرانی ئەو بزووتنەوە بوون کە پاڵی بەستبوو بە یەکێتی سۆڤیەت و بۆ مافەکانی گەلی کورد بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەندی ئێران وەستابوون.

ساڵانی دواتر، ساڵانی ١٩٧٩ و نزیک بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دوو بزووتنەوەی جیاواز پێکھات لە شاری مەھاباددا، یەک کۆمەڵە کە حیزبێکی چەپ بوو و ئەوی دی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ھەر پاشماوەی کۆمەڵەی ژ-ک کاتی قازی بوو. ئەو دوو حیزبە لە ساڵانی دوای ١٩٧٩ بەشێکی زۆر لە خەباتەکانی گەلی کوردیان لە ئەستۆ بووە.

لە ساڵانی ١٩٦٠ تا ١٩٧٠دا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەور و پشتەوە کۆچیان کرد بۆ مەھاباد، بۆیە شار گەورە بۆوە و زۆربەی باغەکانی دەوری شار بوون بە ماڵ.

ھەربۆیە ئێستاش ناوی ھەندێک لە گەڕەکەکانی مەھاباد وشەی «باغ» ی پێوەیە.

سەرچاوە: ویکیپیدیا