نامەیەک لە هەورامانەوە بۆ دۆرهامی بەریتانیا ساڵی 1921

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

وەرگێران و ئامادەکردنی: جوان عومەر ئەحمەد

385233.jpg

لە کاتی وەرگێرانی بەڵگانامەیەک یان یاداشتێکی بەڵگەنامەییدا بە ڕوونی درک بە نەبوون یاخود کەمتەرخەمی کورد دەکەیت لە تۆمارکردن و بەداتا کردنی ڕووداوەکاندا، زۆربەی میللەتانی دنیا بۆ دەوڵەمەندکردنی ژێرخانی مێژووییان بچوکترین رووداوی ڕۆژانەیان تۆمار دەکەن هەربۆیە داتایەکی باوەڕپێکراویان بۆ هەموو سەردەم و ڕووداوێک لەبەردەستایە.

بەداخەوە تۆمار کراوەکانی ئێمەی کورد زیاتر لە یاداشتنامەیەکی تایبەتی دەچێت هەر بەو شێوەیەش بەر دیدی خوێنەر دەکەوێت.

بۆیە ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی مێژووی پشتی پی ببەستین، بۆ ئەوەی بەسەرهاتێک رێکەوتێک رووداوێک بمێنیتەوە پیویستە بینووسینەوە 99 ساڵ بەر لە ئێستا گیرترود بێل (Gertrude Bell) لە هەورامانەوە کە بە ئۆرمان ئاماژەی پێکردووە نامەیەک دەنێریت بۆ هۆ بیڵ (Hugh Bell)ی باوکی بۆ بەریتانیا لەنامەکەدا دەڵیت:

شێخ حیسامەدین و کۆمەلێک لە شوینکەوتوانی تەریقەتی نەقشبەندی ساڵی 1921

0002 (6)65.jpg

لە گیرترود بێل (Gertrude Bell) بۆ باوکی بەرێز هۆ بیڵ (Hugh Bell)، رێکەوتی نامەکە رۆژی 13-11-1921

باوکە دەبوو بگەڕێمەوە سلێمانی و لە 15ی مانگدا بە شەمەندەفەر بچمەوە بۆ بەغدا، بەڵام ئەوەم نەکردووە.

کاپتن دۆگڵاس پێشنیاری ئەوەی کرد شەوێکیش لە هەورامان لە بەرزاییەکانی سەروو هەڵەبجەوە بە سەربەرم, لە بەردەم ئەم پێشنیارە شل بووم خۆم ڕانەگرت.

بەو داوایە لە خشتەی بردم. هەورامان زۆر ناسراو نەبوو لەلامان تاک و تەرا سەردانی ئەو ناوچەیەی کردبوو.

هەلی ئەوەم بۆ رەخسابوو نەدەبوو ئەم سەردانە لە کیس خۆم بدەم بەڵکو کورترین سەردان باشتر بووە لەوەی لەدەستی بدەم.

چیاکانی هەورامان سەخت و دژوارن شیوەکان بەقولی چیاکانیان بڕیوە.

پڕە لە دار و باخچەی بچوک. لێرە گوندنشینەکان دەژێن میلەتێکی زۆر کۆنن بە دیالێکتێکی تایبەتی کوردی قسە دەکەن و وەک باس دەکرێت زۆر نزیکە لە فۆرمی زمانی فارسی کۆنەوە.

بەگەکانی هەورامان خەڵکانێکی توند و ئاڵۆز و دەسەڵاتدارن بنەماڵەیەکی گەورەی ئاینیی شێخەکانی لێیە کە پەیرەوی تەریقەتی نەقشبەندی دەکەن پەیڕەوانی ئەم تەریقەتە لە شێوەی ئۆرتەدۆکسی(orthodox) ئیسلامن، مەزهەبێکی زۆر تۆکمەو بەربڵاون، لە دیمەشق و ئەستەنبوڵ مزگەوت و دەروێش و تەکێیان هەیە (تەکییە) ئەشتوانین بڵین کەشیشخانە لەڕاستیدا نەقشبەندییەکان هەر لەڕیبازێکی ئاینی دەچن وەک هەرشتێکی تر هەورامان لەلای ئەوان خاکی پیرۆزە.

ئێمە دەستەیەکی گەورە بووین. ئەحمەد بەگ بە خۆی و بیست سوارەوە هاتبوو، ئەحمەد بەگ ئەسپێکی پۆنی عەرەبی جوانی دامێ بۆ رێگاکە. لە دوای نیو کاتژمێر سواری سێ شێخی نەقشبەندیمان بینی کە بۆ دیتنی ئێمە هاتبوون، یەک لەوان شێخ سەعدی برای شێخ حیسامەدین بوو، کە لەگەڵی چووین بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ.

دوای نیو کاتژمێری تر بەشاخ و یاڵە ڕووتەکاندا ڕۆیشتین گەیشتینە قادر بەگ کوڕی سەرۆک جەعفەر سوڵتان، کە ئەویش یەک دوو سواری لەگەڵ بوو. هەموو پێکەوە دەستەکەمان 40 تا 50 ئەسپ سوار دەبێت، هەموو رێک پۆش بە سەر پشتی ئەسپی بچوکی عەرەبییەوه بووین ڕێک لە وێنەی ناو کتێبی رۆنایی فارەسەکان دەچووین.

دووبارە بەناو چیکاندا رۆشتێن تاگیشتینە پیچی چیاکە لەسەر چیاکە جۆگەی ئاوی بچووک بەرەو خوارەوە دەهات لە نزیک جۆگەکان بەریز دارتوو هەبوو. لە ولاشەوە گوندێکی خنجیلە دیار بوو کە ئێمە بۆ نانخواردن دەچووین بۆئەوێ، کە ئەو گوندە ناوی باخە کۆن بوو.

ئەم گوندەش وەک هەموو گوندەکانی تری هەورامان قایم و لە بەرد دروستکرابوو و بەداری بەردار داپۆشرابوو بە درێژایی جۆگە ئاودێرییەکان هەمووی دار و سەوزاییە.

0005 (1)05.jpg

لە سەرووی تەواوی ماڵەکانی گوندەکە لە بەرزترین شوێنیدا ماڵی شیخ حیسامەدین بوو چووینە ماڵی شێخ حیسامەدین دیوەخانێکی لەبەرد دروستکراوی درێژکۆلە هەبوو بەلێواری چیاکەوە باخچەیەکی بچووک دروستکرابوو لە سەر دەستووری ئێرانێکان حەوزێکی ئاو لەناوەڕاستی دارێکی شۆرەبی لەنزیکیەوە هەبووە پڕ گوڵ و گوڵزار بوو، بەچیخ و دار پەرژینی باخەکەیان کردبوو، ئاو هاژەی دەکرد و بە نێو بەردەکاندا دەهاتەخوارەوە.

ئێمە هەموومان چووین بۆ دیوەخانەکە و لە سەر ئۆرتە و لباد دانیشتین. شیخ حیسامەدین خۆیشی لەوێ بوو، پیرە پیاویکی بە شکۆو پیرۆز و ڕوو خۆش بوو هەرگیز پیرە پیاویکی وەها بەشکۆی پیرۆزم نەبینووە پیشتر، چاوەکانی گەورە و گەش بوون و لووتێکی گەورەی قولاپی پێوەبوو، دەم بە خەندە و میهرەبان کوتاڵێکی سپیی زلی بە سەرەوە بوو، هەروەها عەرەبییەکی زۆر باشی دەزانی.

هەموو ئه و بەگ و شێخانەی لەوێ دانیشتبوون جلوبەرگەکانیان سوور و شین و قاوەیی و سپی و ڕەش بوو.

تیشکی خۆر لە پەنجەرە کراوەکانەوە دەهاتە ژوورێ، کەبەهۆیەوە ئاوە شینەکەی حەوزەکە و لق و پۆپی دارەکان شۆرببوونەوە کە دەتڕوانیە لوتکەو کێوەکە چ دیمەنێکی جوان و ئەفسوناوی هەیە.

لە نێو ئەواندا پیاویک هەبوو زۆر جیاواز لە کوردە جوان و کەتە و چوارشانە و خورتەکان، ئەو پیاوا لاواز و لەڕ عەرەبێکی خەڵکی حیجاز بوو و ماوەی پانزە ساڵ بوو لەگەڵ شێخ حیسامەدین دەژیا و هەر لەوێ ژنی هێنابوو و جێگیر ببووب بەڵام یەک وشە لە زمانی کوردی فێر نەببوو.

ئەم پیاوە زۆر کەمدوو بوو هیچ قسەی نەدەکرد تەنانەت بە هیچ زمانێک و گرنگ نەبوو بەلایەوە کە باسی فەیسەڵم بۆ دەکرد کەچی لەبەرامبەردا شێخ حسامەدین زۆر حەزی دەکرد هەواڵی فەیسەل ببیستێت.

لەدوای نانخواردنێکی بەچێژ و نایابی نێوەڕۆ و نزاکردنمان دەبێ ئەوە بڵیم زۆر بە خەمگینی ئەو شوێنەم جێهشت. گوندی باخەکۆن وەختی خۆی شوێنی دز و ریگرەکان بووە تا ئەو ساتەی باوکی شێخ حسامەدین فەرمانی کردووە بە دروستکردنی گوندێک لەم شوێنە و درێژە دان بە پەیڕەوی ئاینی، هەر بەم جۆرە بووە بە تەکییەی نەقشبەندی و خەڵکی دێنە سەردانی و دەستی شێخیان ماچ دەکرد لە شێخەوە مۆرال و بەهاکانی رەوشتی لێوە فێر دەبوون.

کە بەڕێکەوتین بەرەو دۆڵەکە بە قەراخی چیاکەدا پێچمان کردووە دووبارە لە ناو دۆڵێکی قوڵتر و سامناک کە بە دارو دەوەن و دارستان و پڕ دارگوێزی گەورە خۆمان بینیەوە و چوینە گوندی بیارە کە مەزاری پیرۆزی شێخ عومەری تێدابوو، ئەویشی ڕابەری پەیرەوی نەقشبەندی بووە بەچەند پشتێک پێش شێخ حسامەدین لێرە ئامۆزایەکی شێخ حیسامەدینی لێ بوو بەناوی شێخ عەلادین دیوەخانێکی گەورەی هەبوو لە ژێر دارگوێزەکاندا و چوینە لای لەتەنیشت تەکێکە حەوزێکی ئاوی لێ بووە کە خەڵکی پێش نویژ کردن دەستیان تێدا دەشت و سوودیان لێوەردەگرت.

ئەم جێگایە هەتا بڵێی ئارامە و ئەتوانی بە قوڵی خەیاڵ بکەیت.

ئەم شێخ عەلائەدینە پیرەپیاویکی نەرێنی چەنەبازی بەدرەفتاری بەدفەساڵ بووە هەربۆیە بێ هیچ دواکەوتنێک ڕقت لێیدەبۆوە. ڕیگەی نەدەدام قسەبکەم و هەندێک شتێ بۆ ڕوون بکەمەوە، سکاڵاو گازندەکانی هەمووی دژی حکومەتی بەریتانیا بوو بەبەردەوامی بۆڵەو خوتەی دەهات ئەوەی حکومەتی بەریتانیا بۆی کردووە لەچاوەڕوانی داخوازێکانی ئەودا نەبووە، دەبوو زۆرتریان بۆ بکردایە و داواکاریی زۆرتر بوو.

شێخ عەلائەدین نەقشبەندی

0004014.jpg

بەبڕوای من ئەم پیرۆزتر بوو لە شێخ حسامەدینی ئامۆزای ئەو پێیوابوو گرنگی زیاتری پێدراوە بۆیە وا بێ ئەدەب و بێ ماریفەت بوو لەگەڵمان و هەرچۆنێک بێت من وای دەبینم کەوا کاریگەرییەکی ئەوەی لەسەر بوو کەئەو پیاوێکە ڕابەرایەتی(جیهان) دەکات و ئەو چارەسەری نەخۆش بە نزاو پەرجۆ دەکات خاوەنی کەراماتەو ئەو شتانەی تێکەڵی فڕوفێڵی سیاسەت دەکرد.

کەسەرنجی لەسەر نەگێڕانەوەی قەرزی کشتوکاڵی و لابردنی باج بوو.

جێگەی حەوانەوەی شەومان نیو کاتژمێرێک لەوسەری دۆڵەکەوە بوو، لەبەر ئەوەی دەبوو لەلای ئەفراسیاو بەگ بمێنینەوە ئەفراسیاو بەگ یەکێک بوو لە بەگزادەکانی هەورامان و هەروەها کوڕەکەشی کە تەمەنی 10 بۆ11 ساڵ دەبوو هاتبوونە بیارە بۆ دیدتنی ئێمە.

ئەم نیو کاتژمێر رێگایە بە سواری ئەسپ زۆر سەرسورهێنەر بوو بە ناو دۆڵ و شیوی پڕ لە دارگوێز و داری میوەی هەمەجۆرە. بەر لە خۆر ئاوابوون بەچەند ساتێک گیشتینە ماڵی ئەفراسیاو بەگ، کە ماڵێکی هاوینەی ئەفراسیاو بەگ بوو بۆ میوانداری خانوویەکی گەورەی لە بەرد دروستکراو بوو.

خانۆکە لە سێ نهۆم پێک هاتبوو، نهۆمی یەکەم گەوڕ و خانی ئاژەڵان بوو نهۆمی دووەم بۆ کارگوزارەکان و نهۆمی سەرەوەشی بۆ پیاوماقووڵان تەرخان کرابوو. دیوەخانێکی گەورەی کراوەی هەبووە بەسەر دۆڵ و دارەکاندا دەیڕوانی بە کۆلەکەی دارین جێگیرکرابوو نیوەکەی تریش بە دیواری ئەستووری نزیکەی مەتر و نیوێک پان دەوردرابوو و تاقی گەورەی تێدا دروستکرابوو.

ژورەکەی من کە لەلایەکی خانووەکەوە بوو لە دوو لای هەبوو پەنجەرەکانی کەوانەیی گەورە تا سەر زەویکە هاتبوو. باڵەخانەکە بەباشی هەوا دەیگرتەوە بەڵام خۆشبەختانە دنیا سارد نەبوو، هەروەها پەنجەرە کەوانەییەکان زۆر بەرز بوون و کەس نەیدەبینت، مەگەر لەوبەری چیاکەوە تۆیان ببینیایە.

پێش ئەوەی شه و دابێت بەره و گوندەکە بەرێکەوتم کە دەکەوتە بەشی ئەوسەری دۆڵەکەوە و لەوسەری دارەکانەوە.

چیاکە رووت و بێ دار بوو نزیکەی هەزار پێ لە سەروو گوندەکەوە بوو.

گوندەکەی ئەفرسیاو بەگ سنوری ڕاستەقینەی کەوتبووە لای خوارەوە ڕێک لە ناو ئێراندا بوو و ناوی هانە گەرمەڵە بوو..(کە ئەو بە(Khali Garmala) ئاماژەی بەناوەکەکردووە) واتە تاڤگەی گەرم بە دیالێکتی هەورامی.

هەفتەیەک یان دووانی تر گوندەکە دەکەوێتە ژێر بەفرەوە، بەڵام بۆ خەڵکەکەی گرنگ نیە گوێی بە سەرما نادەن چونکە خانووەکانیان لە بەردی گەورە دروستکردووە و دارێکی زۆریان لە تارمە و هەیوانی مالەکانیان هەڵچنیووە بۆ سووتاندن.

ئەفراسیاو بەگ خانووی زستانەی لێرە هەیە. وەک کۆشکێکی هەورامی وایە و شێوەیەکی جوانی هەیە و بە کۆڵەکەی داری ئەستوور ڕاگیراوە.

کاتێ گەڕامەوە بۆ ماڵ سەیر دەکەم لە سووچی دیوەخانەکەدا ئاگریان کردۆتەوە و ئەفراسیاو بەگ و هەر سێ کورەکەی کەجلو بەرگی پۆشتەو رەنگینیان لەبەردابوو، لەگەڵ قادر بەگی کوڕی جافر سوڵتان لە سەر دۆشەک دانیشتبوون و لەبەرامبەر ئاگردانەکە چایچییەک خەریکی سەماوەر (samovar) چابوو، کارگوزارە کانیش لە پشتەوە بوون.

لە راستیدا ماوەیەکی زۆر نەبوو کەوا ئەفراسیاو بەگ یەکێک لە براکانی قادر بەگی کوشتبوو و جافر سوڵتانیش تورە و قینی گرتبووە دڵ. بەڵام لەوەناچێت قادر بەگ زۆر گرنگی بەم دوژمنایەتییەی ناو خێزانەکە بدات.

من گوومان لەوە نیە کە ئەو پیاوێکی ژێرە و کامڵانە بیر دەکاتەوە، چونکە ئەو کۆمەلێک برای هەیه و یەکێکیان کەم بێتەوە یان زیاد بێت کێشەیەکی ئەوتۆ نیە، بۆیە پێکەوە خۆی و ئەفراسیاو بەگ لەگەڵ رێش سپی و پیاو مەقولانی ناوچکە دانیشتبوون چارەسەری (سوڵحی)کیشەکەیان دەکرد.

ئێمە بۆنانی ئێوارە من و کاپتن دۆگڵاس لە سەر قازانێکی گەورەی برنج و نان و گۆشتی کوڵاو و سوورەوەکراو و ماستاوی ترشمان لە دیوەخانەکە خوارد، قادر بەگ و ئەفراسیاو بەگ و منداڵەکانیش لە ولا تر، هەروەها دووسێ دەستەی تریش ئامادەی ئەم خوانە بوون.

کاتێ کە ئێمە لە تێرمان خوارد و خواردنێکی زۆرمان لێمابۆوە کارگوزارەکان بردیانە دەرەوە و خواردیان.

ئەو شەوەم زۆر لەلا خۆش بوو کە لە جێگاکەی خۆمەوە لە لق و پۆپی دراکانم دەڕوانی لەنێو تریفەی مانگەشەودا.

رۆژی دواتر بەیانێکە 14ی نۆڤەمبەر بە سواریی گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە و لە بیارە ئەحمەد بەگ و دەستەکەی لەگەڵ خۆمان بردەوە، لەبەرئەوەی ئەوان شه و لە بیارە مابوونەوە.

شێخ حسامەدین زۆری هەوڵدا لەگەڵمان بۆئەوەی نانی نێوەڕۆ لەگەل ئەوان بخۆین لە ڕاستیشدا خواردنیان ئامادە کردبوو، بەڵام ئێمە هەر سەعاتێک نەدەبوو نانی بەیانیمان خواردبوو، ئەویش بریتی بوو لە هێلکە و ماستی ترش (سرێشک)، بەشێوازیکی خۆم و بەنابەدڵیەوە داواکەیم رەت کردووە.

من بڕوام وانەبوو ئەو باشتر بیر بکاتەوە لەوەی کە بیرم لێ دەکردەوە بەشیوەیەک دڵگران بوو. نزیکی نیوەڕۆ گەیشتینەوە هەڵەبجە و پاش نانی نیوەڕۆ خواهافیزیم لە عادیلە خانم (Adlah Khanum)کرد و بە ماشێن گەڕامەوە بۆ سلێمانی، کە نزیکەی سێ کاتژمێر دوور بوو بە ماشێن.

ئێمە ڕێگەیەکی باشمان بۆ ماشێنەکان دروستکردبوو. لەوێ مێجەر مارشاڵ لەگەڵ مێجەر گوڵدسمیس مابووەوە و ڕۆژێکی خۆشی بە گەڕان و گرتنی چەند فۆتۆیەک لە سلێمانی بردبووە سەر.

نێوەڕۆی ڕۆژی 15ی نۆڤەمبەر عادیلە خانم (Adlah Khanum) هات بۆ سلێمانی و پێی وتم لە بەر خۆشەویستیی تۆ هاتووم بۆ ئەوەی جارێکی تر بووبینمەوە، بەڵام مەبەستە راستەقینەکەی ئەوە بوو کە بۆ هەندێک کاروباری تایبەتی خۆی لەلای مێجەر گۆڵدسمیس کۆمەکی بکەم.

بەڵام لەم کارەیدا سەرکەوتوو نەبوو و منیش نەمدەویس دەست وەردەمە کاروباری رامیاری ناوخۆ، سەرەڕای ئەوەش مێجەر گوڵدسمیس هەموو شتێکی لە بارەی ئەو مەسەلە تایبەتانەوە بۆ باسکردبووم بە تەواوی ئاگاداری هەموو یارییەکەی عادیلە خانم بووم.

000601.jpg

رۆژی16ی نۆڤەمبەر بە ئۆتۆمبیل گەڕامەوە بۆ کەرکووک یاریدەدەری ڕاوێژکار کاپتن میڵەر (Capt Miller) بەڕاستی (مخلوق)دروستکراوێکی جوان بوو (بابە تۆ پیشتر لەکەرکووک بینیبووت رەنگە ئێستا لەیادت نەمابێت) من دەبێت بیر لەپیاوێکی بەتواناتر بکەمەوە لەم سەرۆکە زۆر جوامێرە. هەستم بەوەکرد تەواوی بارودۆخەکە لە کەرکووک گۆڕاوە و زۆر باشتر بووە.

کاپتن میڵەر (Capt Miller) چووبوو بۆ بەغدا، ئەوکاتە ئەو لێرە بوو کە من بەکەرکووکدا تێپەڕیم. لەوێ دیدارێکی درێژی لەگەڵ فەیسەڵ ئانجامدابوو.

تەواو سەرسام بوو بە زیرەکی و ژێهاتی لە کارگێڕیدا. بەبڕیارێک گەڕابۆوە بۆ کەرکووک تا بە کەرکووکێکان بڵیت ئێوە پروپاگەندەی هەڵە دەکەن و ئەسڵەن لە فەیسەڵ تێنەگەیشتوون چی دەوێت.

واچاکترە نوێنەرێکی خۆتان بێنرن و بیبێنێت، کە تا ئێستا ئەو کارەیان رەتکردۆتەوە و نەیانکردبوو. ئەوسا سەرکەوتو دەبێت ئەگەر وەفدێک لە نوێنەرانیان لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک لە ماوەی 10 ڕۆژدا خۆ ئامادە بکەن بۆ ڕۆشتن.

لە بەر ئەوەی لە ئێستادا فەیسەڵ بەگەشتێک چۆتە شوێنک. پارێزەگاری شار وەک کاپتن میڵەر دەڵیت ئەوەی لەلا یەکاڵا بۆتەوە نەک تورک هەر ناگەرێتەوە بەڵکو بۆ خودی خۆشی خراپ دەکەوێتەوە ئەگەر ئەوەیان بکات.

لە سەرەتای داگیرکرارێکەوە لاینگرو دڵسۆزی حکومەتی بەریتانیاییەو لەخزمەت ئێمەدایە. کوردەکانی کەرکووک حەز ناکەن لەگەل سلێمانیدا یەکبگرن و بچنە پاڵیان و بەجۆرێک ئیرەیی بەو ئامانجە دەبەن هەربۆیە تورک و کوردەکانی کەرکووک لە خۆمادەکردندان بۆ ئەوەی سوێندی ملشۆری و دڵسۆزی بۆ شای ئێراق بخۆن هەموو هەولێکیان ئەوەیە ئەو خاڵە بە ئاکام بگەێنن و دوایبکەون.

تەواوی ئەم بەسەرهاتە کاپتن میڵەر بۆی گێرامەوە پیش چا خواردنەوە کاتێک بە ئۆتۆمبێل بردمیە بۆ لای ئەو چاڵە نەوتانەی کە 6مایل لە باکووری شاری کەرکووکەوە دوور بوو.

من پێشتر هەرگیز نەمبینی بوو. نەوتێکی روون نیە بەڵام دوای ئەوەی دەپاڵێورێت و چەند گۆرانکارێکی تێدا دەکرێت دەتوانریت بۆ کارو باری ناوماڵ بەکاری بهێنرێت، خۆئەگەر پاڵاوگەیەکی باشتر ئامادە بکرێت ئەوە دەتوانن سوتەمەنی (بەنزین)ی ئۆتۆمبیلی لێ بەرهەم بهێنین.

ئەم چاڵە نەوتانە هەمووی موڵکی خێزانیکی کەرکووکین کە پێان دەڵین نەفتیزادە(Naftji Zadah).

0008 (1)08.jpg

چارەکە مایلێک لەولاوە چاڵە نەوتێکی بچووک بەسەرگردۆڵکەیەکەوە هێندەی دەمەپەرداخێک لەژێر زەویەکەوە گازی لێدێتە دەرێ بەبەردەوامی دەسووتێت شتێکی زۆر سەرنجراکیشە.

ئێمە چووینە نزیک ئاگرەکە بۆ تەماشاکردن لەدرزو کونەکانەوە پریشکی ئاگرەکەی فرێدەدایە دەروە و بەرز دەبوونەوە بۆنی گۆگردی لێ دەهات. خۆزگەم دەخواست باوکە لەگەڵ تۆ جارێک بچوینایتە سەری لەوێ پێکەوە بووینایە دەربارەی ئەوە زیاترت بۆ باس بکردمایە کە گەڕاینەوە بە هاوەڵی کاپتن میللەر چوین بۆ ناگهێشتی یەکێک لە سەرۆک هۆزە دیارەکانی کورد ئەویش حەبیب بەگی تالەبانی بوو، لەوی گفتوگۆیەکی دۆستانەی باشمان کرد و دواتر نانی ئێوارەمان خوارد، منێش داوام لێکردن گەر هاتنە بەغداد پێم خۆشدەبێت بیانبینم.

پاشتر بۆ خوانێکی ئێوارە هاتنە لام، برایەکی خۆی بە ناوی عەبدوڵا ئەفەندی لەگەل خۆی هێنابوو کە پێشتر ئەندامی ئەنجومەن بوو لە دەوڵەتی عوسمانیدا، بە هاوەڵی کەسێکی دی بە ناوی حسێن بەگ نەفتچیزادە، کە ئەندامی ئەو خێزانەبوو کە لە ڕیکەوتنەکەدا بوون. عەبدوڵا ئەفەندی و حسێن بەگ بە هیچ شیوەیەک بە زمانی عەرەبی گفتوگۆیان نەدەکرد بەڵکو تورکی زمانی یەکەمیان بوو.

ئەمان تورکن، خەلکی کەرکوک نەک عوسمانی دەزانی! ئەمان لەسەردەمی کۆنی سەلجوقیەکان هاتوونەتە ئێرە. ئێوارە خوانێکی باشمان هەبوو پزیشکێک و لیڤی ئەفسەریش لە سلێمانیەوە هاتبوون دوو پیاوی تریش لە بەغدادەوە.

ئەمرۆ 17 نۆڤەمبەرە، بە سواری ئۆتۆبیل بەرەو کینگەربان (kigarban) چووم ئەوا ئێستا هێواش بەرەو بەغداد دەرۆم دوای نمایشتەکە دەزانی؟ ئای خوایە.. خۆزگەم دەخواست تۆش لیرەبویتایە.

24 نۆڤەمبەری 1921 لە گەرانەوەمدا نامەی تۆم بینی هی 26 ئۆکتۆبەر و 2 نۆڤەمبەر لەگەل دوو نامەی دایکم لە 12 و 18 مانگ، ئیوە باشترین و جوانترین پەیامنێرن، ئەوانەی باستان کردوون سەبارەت بە لۆرد گرەی، زیاتر سەرەنجیان راکیشام. سەراپا لەگەل بۆچونەکاتم سەبارەت بە تواناو داهێنان و هێزی.

نکوڵی ناکەم لە ژیری و مەزنی گەورە پیاوی میری. ئەمرۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری هۆگۆیە، بۆیە ناردنی تێلەگراف بێسودە، لەبەر ئەوەی کەس نازانێت 3 یان 4 ڕۆژی پێ دەچیت هەتا دەگات، بەهیوام ئاهەنگەکەتان ئەو بارانەی لێ نەبارێت کە ئێستا لە باخچەکەی من دەبارێت.

من گەرامەوە لە سلێمانی، ئەوکات هەر باران بوو رۆژی یەکشەمە 20 مانگ هەمووی باران بوو دیسان دەستی پێکردۆتەوە.

0009 (2)09.jpg

بەڵام ئاهەنگە کە گەر وابێت تا ئەژنۆ لە قوردا دەبێت، من دڵخۆشم کە ئاوایە، گەروابێت بەربومی ئەمساڵ باش دەبێت لەگەل ئاژەلداری بەتایبەت لە ناوچە ووشک و سەحراکان، بروای تەواوم هەیە کە فەیسەل و حوکمەتی ئێراق شایستەن. مەلیک بەیانی دەگەڕیتەوە لە ناسریە، بەلام باران بە ئاسانی ڕێگای شەمەندەفەر پەک دەخات، بیستوومە زۆر دڵگرانە بە ڕیکەوتنی فەرەنسا لەگەل کەمالیەکان، سەیر نیە بە لامەوە دەبێت وابێت، هەروەک ئەوەی دەیزانی ئەوەش بە واتای کردنەوەی رێگای دوژمنانمانە لە باکورەوە وەک دەزانین ترسناکە، نازانم هەتا کەی فەرەنسیەکان دەبنە بار بەسەرمانەوە! نامەم بۆ لۆرد هاردعنگ نووسی و پرسیم ئەو چۆن دەیبینێت؟ وا ئێستا کات درەنگەو دەبێت بچمە ناو جێگا هەروەها ئەم نامەیەش تاقەتپروکێن و درێژە. بۆ هەتا هەتایی کچی بەسۆزتان گیترود بێڵ 13-11-1921