نور ئەلی و مۆسیقا و پەرجۆ (موعجیزە)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
2184c21cb.png

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

بیست ساڵێک لە مەوبەر لە دانشگای سۆربۆن، لە سەر داخوازی فەرەنسا گروپێکی یارسانەکان بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی لە دایکبوونی نور ئەلی ئیلاهیەوە ئاهەنگێکیان گێڕا، بۆ یەکەم جار گوێم لە مۆسیقایەک بوو هەرگیز لەوە و بەر گوێم لێ نەبوو؛ کوڕێکی گەنج لە خێزانی نور ئەلی بە چواردەوریدا بیست مۆسیقا ژەن و کۆرسێکی کوڕان و کچان لە دواوە.

بێ گومان دانشگای سۆربۆن جێی هەموو گروپێکی موزیک ناکەنەوە، لەبەر ئەوەی یارسانەکان ئەهلی هەقن، ئەیلی مەعریفەن.

نورئەلی ( ئۆستاد ئیلاهی 1895-1974 ) لە کرمانشا لەدایک بووە و لە خانەگادا فێری زانستی ڕۆحانی و تەمبور لێدان دەبێت و پاشان بڕیار ئەدات خانەگا جێ بهێلیت، بۆ ئەمەش، پرچی ئەبڕێت کە لە منداڵیەوە هێشتبویەوە، پاشان دەچێت بۆ تاران بۆ خوێندن، بە هۆی ژیریەوە پلەکانی خوێندندنی بە خێرایی تێ پەڕاندووە، تا دەگاتە بەرزترین پلەی کاری دادگایی لە ئێران .

وەک دەیگێڕنەوە لە گەنجیدا باوکی ڕیگەی بە نور ئەلی نەداوە لە بەردەم پیاوە گەرورەکانی یارسانەکاندا لە خانەگادا تەمبور بژەنێت، نەوەکا پیاوانی یارسان هەس بە کەمی بکەن لە بەردەمیا، لە بەر ئەوەی لە تەمەنێکی لاویدا تەمبور ژەنێکی بێ هاوتا بووە، چەند سیدیەکی تەسجیل کردووە، بە تەنیا تەمبور دەژەنێت لە تاریکیدا و گۆرانیە رەسەنەکانی یارسانەکان دەڵێتەوە، بەڵام زۆر ڕای دەکێشێت بەلای عەلی دا، بابە یادگار و خاتو ڕەزبەری لە بیر بردووە، بۆیە دەبێتە جێی ڕەخنە لە لایەن کوردانی یارسانەوە، ئەبێت بوترێت، لە تاران یارسانەکان بە ئەهلی هەق ناسراون و دەوری فرەماسۆنیان هەس.

کاتێک نور ئەلی کۆچی دوایی دەکات، گۆڕەکەی لە سەر دەستوری کوردەواری دەنێژرێت نە ک شیعە. بۆ ئەوەی نەبێتە مەزارگە و نەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی هەوادارانی، شەوێک پیاوانی دەوڵەتی ئێران دەچن گۆڕەکەی نور ئەلی تێک بدەن، بە مەبەستی گواستنەوەی، بەڵام دەبینن تەرمی نور ئەلی لە گۆڕەکەیدا نەماوە، ئێزدان بردوێتیەوە بۆ ئاسمان بۆ لای خۆی، ئەم بەسەرهاتەش کوڕێکی فارس بۆی گێڕامەوە. پرسیارم لە کوڕە فارسەکە کرد ئایا ئەو باوەڕی بەوە هەیە کە نور ئەلی چوبێت بۆ ئاسمان ؟ بێ گومان، وەڵامی دامەوە. هەر ئەو کورەش وەک ئەبراهام گووتی ؛ ئایا دەزانیت لەو ناوچەیەدا بەدکاری زۆر کراون.

چەند کتێبێکی نور ئەلی وەرگێراونەتە سەر زمانی فەرەنسی و ئیتالی و ئنگلیزی؛ نور ئەلی ئەلێت ؛ موسا، نە دەبوا گۆچانەکەی بگۆڕیایە بۆ مار.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە چۆن ڕێی تێ دەێت عەلی زەمەنی وەستاندنبێت، هەتا زوتر بگاتە شوێنی مەبەست، دەڵێت : عەلی کاتی بۆ هەموو جیهان نەوەستاندووە، تەنها بۆ ئەو کۆمەڵە کەسەی وەستاندووە کە لە دەور و پشتیدا بوون.

ئەم پرسیارانەش نور ئەلی خۆی لە خۆی دەکات و خۆشی وەلامیان ئەداتەوە لە کتێبێکدا.

وتەی یارسانەکان زۆر سادە و ساکارن بەڵام مەبەس و مانایەکی قوڵ دەشارنەوە، بۆیە لە سەرەتای کتێبی یارسانەکاندا نوسراوە ؛ (ئەوەی ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە با بۆ بێ ئاگا دەرەوەی بازنەی یارسانی باس نەکات) .

هەرچەندە تۆزێکم بۆ ئێوەی ئازیز باس کرد، هیوادارم ئێوەش کەسانی بێ ئاگا نەبن.

رۆژێک کوتووپڕ هەستم بە تۆفانێکی ڕۆحی کرد، تۆفانێک دەرونمی هەژاند بوو، نەم دەزانی هۆکاری چیە، بە دوای شوێنێکی ئارامدا دەگەرام بەشکو بتوانم لەگەڵ خۆمدا بە بێ دەنگی لێی بکۆڵمەوە، چومە سەربان پڕ بوو لە غەڵبە غەڵبی ژنان، چوومە مزگەوت بە هەمان شیوە، کوتووپڕ گوێم لە دەنگێک بوو : ( تۆ لە ناو خۆتا بێ دەنگی ئەدۆزیتەوە، نەک لە جێگایەکی دیاریکراودا).

باوکی نور ئەلی ؛حاجی نیعمەتوڵا، لە کوردوستان وەک پیرێکی گەورە و ناودار بینراوە و ناسراوە، خاوەنی کتێبێکی شیعری 600 پەرەیە، بە ناوی شانامە، بریتیە لە داستانی یارسانەکان لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، تەرجومە کراوە بۆ فەرەنسی لە لایەن محەمەد موکریەوە .

کاتێک چووم بۆ دانشاگی سۆربۆن، لە نهۆمی سەرەوە، لە باڵکۆنەکاندا دانیشتبووم، پاش ئەوەی کەسێک چەند پرسیارێکی ئاراستەی گۆرانی بێژ، لە هەمان کاتا سەرۆکی کۆنسێرتەکە کرد، پاشان گوێم لە مۆسیقایەکی ئێجگار سەرسوڕهێنەر بوو، خەڵکی ناو ساڵەکە کەوتبوونە حاڵەتێکی ئێکستازەوە، هەروا ئاسان نیە گوزارشت لەو حالەتە بکرێت بە ووشە ؛ هەستمان دەکرد وزەیەکی بێ ئەندازە لە ناخماندا دەیهروژاندین، تیاماندا کۆ بوبوەوە، ئارەزوی فڕینمان دەکرد، لە سەر ریتمی مەقامێکی ئازاد، جۆرێکی جیاواز لە مۆسیقای قادریەکان. بۆیە ژۆن دوریینگ ؛ میزۆکۆلۆگی فەرەنسی یارسانەکان بە بەرزرین ئاستی سپیریتوێڵی سۆفی گەری دەناسێنێت، هەر خۆشی بۆتە یەکێک لە یارسانەکان.

پرسیار دەکەیت چۆن دەبیتە یارسان ؟ ئایەتەلکورسی و شایتومان ناهێنیت، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بیت و وەک ئەوان مرۆڤدۆستانە بیر بکەیتەوە و سنور دادەنەنێیت لە نێوان مرۆڤ و دینەکاندا، ئەوا تۆ یەکێکیت لەوان.

بە بیستنی ئەو ئاوازە، تەواو هروژابووم و ئۆقرەم لێ بڕابوو، کوتوپڕ لە باڵەکۆنەکانەوە بە خۆڕسکانە و بەتوندی دەستم کێشا بە یەکدا، بە بێ کۆنترۆڵ، لە دوورەوە بینیم وەک فیلمێکی سیحراوی، کە ئێستاکەش ئەو وێنەیەم لەبەر چاوە، کوڕەی گۆرانی بێژ سەری هەڵبڕی و تێی ڕوانیم، منیش ئەوی ڕاستی بێت، شەرمم لە خۆم کرد چونکێ خەڵکی ناو ساڵۆنەکەش هەرهەموویان لە هەمان کاتا بەیەکجار ئاوڕیان لێ دامەوە.

Article 681.jpg

ئیتر دوای ئەو چەپڵە خۆ ڕسکە، مۆسیقاکە کەوتە ڕیتم و دەف و هەژاندنمان.

هەر لەو سەردەمەدا بوو کە من خەریکی خوێندنەوەی کتێبێک بووم بە ناوی؛ میستیک ومۆسیقا لە کەڵچەری ئێرانیدا، بریتی بوو لە تێزی میزیکۆلۆگی فەرەنسی؛ ژۆن دورینگ، کتێبەکەی بریتییە لە تێزی ئەو لەسەر مۆسیقای سۆفی گەری لە کوردستان.

وەک خۆی دەیگێڕێتەوە : وەک ماسی بە ڕوبارەکەدا سەرکەوتم، مۆسیقا گەیاندمیە کوردوستان.

بۆ ڕۆژی دوایی بەردەوام بووم لە خوێندنەوەی کتێبەکە، لە پەرەگرافێدا نوسرابوو : مۆسیقا ژەنەکانی یارسانەکان، مۆسیقایەکی ریتمی ئازاد لێ ئەدەن، زۆر جار ریتمێکی حەوتیە، بە مەبستی کۆکردنەوەی ووزە لە گوێگراندا و چاوەڕوان دەکەن هەتا دەگاتە ئەو ئاستەی ئیتر کەسێک لە ساڵۆنەکەدا ئۆقرەی لێ دەبڕیت و چەپڵەیەک لی ئەدا، ئەوە مانای ئەوەیە خەڵەکەکە هەژێنراوون و ئیتر کاتی ئەوەیە مۆسیقاکە بکەن بە رێتمی دەف.

بە خوێندنەوەی ئەو چەند دیڕە سەرم سوڕما و لە هەمان کاتا پێم خۆش بوو کە ئەو کەسە من بووم ئەو رۆژە لە ساڵۆنی سۆربۆندا دەستم کێشا بە یەکدا. هەر لەو سەدەمەدا بوو دوو تابلۆم فرۆشتتبوو بە برادەرێکی فەرەنسسیم، ئەویش خەریک بوو بە مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی و ئاسیایەوە، پارەی تابلۆیەکی دابوومێ و لە بری پارەی تابلۆکەی تر ئالەتێکی مۆسیقا دابوومێ نەمدازانی ئالەتەکە چیە، بەڵام پێی ووتم کە ئەوە ئالەتێکی مۆسیقای کوردیە و ناوی تەمبوورە.


تێ نەگەشتم چۆن ئەو کتێبە و ئەو ئالەتە مۆسیقیە و ئەو کۆنسێرتە بە یەک گەیشتن !!! ئەمەیە کە پێی دەڵیین ؛ پەرجۆ.

هەر چەندە بە بیری ستۆسیسیزم، ڕێکەوت بوونی نیە، چونکە ئەگەر چاوێک لە ئاسمانەوە سەیری ئەو ڕوداوانە بکات، دەزانێت چۆن بەیەک دەگەن، بەڵام بە یەک گەیشتنی ئەو هەموو کەرەسانە لە هەمان کاتا بۆ من جێی سەرنج بوو.

بۆیە ژۆن دورینگ لە پەرەگرافێژدا دەڵێت : (ئەو سەردەمەی کە خەریک بووم بە خوێندنەوە و مۆسیقا و زانیاری لە سەر یارسانەکان، تەواو پام لە زەوی بڕابوو، وەک ئەوەی باڵم گرتبێت).

پێم سەیر بوو کە منیش لەهەمان حاڵەتا دەژیام .

دوای ئەو کۆنسێرتە، خۆم فێری دەف و تەمبوور کرد، ناوی ئەو کەسەش کە وەک منی بەسەر دێت، واتە مۆسیقا دەی هەژێنێت، لای یارسانەکان ناسراوە.

بۆیە هەرگیز نەمتوانی لە عەزفی فلوتی بەختیار عەلی تێ بگەم .

تەمبوور، تەزبیحێکی زیرەکە؛ نای ژمێریت ئەی بژێریت، وەک بیرکردنەوە بە ژیرانە، وەک هەڵبژاردنی بیرۆکەیەک لە هزرتا.

لای یارسانەکان وەک ئالەتێکی رۆحی ناسراوە، زۆر لە پیاوانی یارسانی بەتەمبور ژەنینەوە خەریکن، وەک ئالەتێکی پیرۆز لێی دەڕوانن، تەنها سێ تەلە و لە دراێکی تایبەتە، جۆری جوڵاندنی پەنجەکان هونەرێکی تایبەتە و هیچ ئالەتێکی مۆسیقام نەبینیوە لە جیهاندا بەو جۆرە؛ پەنجەکان بە هونەرێکی ژیرانە و سەرسوڕهێنەر لەسەر ئەو تەلانە یاری بکەن، وەک شەپۆلی دەریایەک، یەکە لەدوای یەک بەسەر ئەو سێ تەلەدا دەخشێن.

خۆ ئەگەر لاوێک ئەو هونەرە فێر ببێت، ئەوا دەزانێت چۆن بیر بکاتەوە و هەڵس و کەوت بکات لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ دەوور و بەرەکەی.