نەوشیروان مستەفا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
496973825479.jpg

کاک نەوشیروان یان (لە خۆشەویستیدا) کاکە نەوە! سەرکردە و ڕامیارکار و نووسەر و توێژەرێکی گەلی کورد بوو.

لە ساڵی 1944 لە گەڕەکی سەرشەقام بەرخانەقای شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و رۆشنبیری ئەو شارە لە دایکبووە.

نەوشیروان مستەفا لە هەڕةتی لاویدا. 03-06-1967، ستۆدیۆ ڕەفیق لە سلێمانی.

لە شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کارو چالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی.

91852020 111952018 kon (7).jpg

لە شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کارو چالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە.

قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی 1967 دا کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و لە زانکۆی ڤیەننا درێژەی بە خوێندن دا بەڵام لەبەر خاتری گەلەکەی ساڵی 1975 لە کەناری ئارامی دانوب جێدەهێڵێت و دەستبەرداری دکتۆراکەی دەبێت و دەچێتە ژینگەی سەختی چیاکانی کوردستان و لەگەڵ هاوڕێکانی دا شۆڕش هەڵدەگیرسێنێتەوە و دەبێتە کەسی دووهەمی شۆڕش و کەسی دووهەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

لە دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکشێنەوە، دەستپێدەکات بە بەرزکردنەوەی وورەی خەڵک و پلانی پۆ ڕاپەڕین داڕشت کە پاشتر سەریگرت و باشووری کوردستان لە هێزەکانی چەپەڵی بەعس ڕزگاری بوو.

هەر لەبەر ئەوەش بە نەوشیروان مستەفا دەگوترێت (ئەندازیاری ڕاپەڕین).

لە دوای ڕاپەڕین هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی حوکمەتێکی دادپەروەرانە دروستببێت لە باشووری کوردستان بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکەوتوو نابێت توڕە دەبێت لە هەندێک ڕامیارکاری بەرژەوەندیخواز و دەچێتە لەندەن و لەوێ خەریکی نووسینی چەند پەرتووکێک دەبێت.

91852020 111952018 kon (1).jpg

لە کۆتایی نەوەتەکان دا لەسەر داوای گەلێک خەڵک و سەرکردە، دەگەڕێتەوە کوردستان و وەک سکرتێری یەکێتی بەردەوام دەبێت و هەوڵێکی زۆر بۆ چاکسازی دەدات لە نێو یەکێتی دا، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکەوتوو نابێت بە تەواوی وازی لە یەکێتی هێنا و بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و تا کۆتایی ژیانیشی بەردەوام بوو.

بنەماڵە

نەوشیروان خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە بەناوەکانی (نما، چیا، چرا).

نما کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە لەندەن تەواوکردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە کوردستان و لە کۆمپانیاکەی باوکی سەرقاڵی کارکردنە.

چیا، پاش تەواوکردنی کۆلێژ لە لەندەن ڕوویکردووەتە ئەمریکا بە مەبەستی خوێندنی ماجستێر.

چرای کچیشی لە لەندەن دەخوێنێ، بۆ تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکی لە بەریتانیا.

بەپێی قسەی ڕەفعەتی مەلا کە ھاوڕێیەکی نزیکی نەوشیروان مستەفایە و ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە دەیناسێت «بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی بوون و باوکی پیاوێکی ڕۆشنبیر بووە، خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بووە لە ماڵەکەیدا».

91852020 111952018 kon (11).jpg

بە بڕوای ئەو ھاوڕێ دێرین و نزیکەی نەوشیروان مستەفا ھەر ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی نەوشیروان مستەفا داناوە بەتایبەت لە ڕووی ڕۆشنبیری و سیاسییەوە، ڕەفعەتی مەلا دەڵێت: «بۆیە کاک نەوشیروان، ھەر لە مناڵییەوە سوودی لەو کتێبخانەیەی باوکی وەرگرتووە ئەمەش کاریگەری ھەبووە لەسەر ڕۆشنبیری ئەو».

ئەو گەنجانەی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی کە دیارترینیان بریتی بوون لە (نەوشیروان مستەفا، ڕەفعەتی مەلا، شازاد سائیب و سمکۆ فەتحوڵا)، وەک چەند گەنجێکی چالاک و ھەڵسوڕاو لە شەستەکاندا زیاتر سۆزیان بۆ باڵی مەکتەبی سیاسی ھەبووە. دروستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بە بڕوای ڕەفعەتی مەلا، ڕەگوڕیشەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ناو گۆڤاری ڕزگاری کە لە ساڵی ١٩٦٩ دا دەرچووە و نەوشیروان مستەفا خاوەنی ئیمتیازی ئەو گۆڤارە مانگانەیە بووە. لەبارەی ئەم گۆڤارەوە کە ١٣ ژمارەی لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا لێدەرچووە.

بەپێی وتەی ھەندێ ھاوڕێی نەوشیروان مستەفا گۆڤارەکە بە گۆڤاری ماوییەکان ناسرا بوو، ڕەفعەتی مەلا دەڵێ" دیارە ئێمە بازنەیەکی ڕۆشنبیریمان ھەبوو لە شاری سلێمانی، کە زۆرجار لە بارەگای گۆڤاری ڕزگاری کۆدەبووینەوە. کە لەلایەن ئەو گەنجە شۆڕشگێڕانەی ئەو سەردەمەوە ئەم حەلەقانە دروستکرابوون و کاک نەوشیروان دەوری سەرەکی ھەبووە تێیدا، کە لەو گەنجانەی ئەو سەردەمە کاک نەوشیروان بوو، مەحموودی مەلا عزەت بوو، فوادی مەلا مەحموود بوو، سمکۆ فەتحوڵڵا بوو، من و حەمە چاوشین و کۆمەڵێک گەنجی تر بووین کە مام جەلال دەھات محازەراتی دەداینێ.

لەو موحازەتانەدا زیاتر وەک باو بوو کتێبەکانی ماومان دیراسە دەکرد". ڕەفعەتی مەلا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" ئەم حەلەقە ڕۆشنبیریانە لە کۆتایدا بووە بنەمایەک بۆ دروستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان".

بەپێی وتەی ڕەفعەت پاش بەیانی ئازار ئەوان ھەموو دووردەخرێنەوە لە سلێمانی بۆ خوارووی عێراق و پاشان لە بەغدا یەک دەگرنەوە.

ئیدی لەو سەردەمەدا نەوشیروان مستەفا بەرەو نەمسا بە مەبەستی خوێندن و دوورکەوتنەوە لە ھەڕەشەکانی ئەو سەردەمەی حکوومەتی عێراقی بە ڕێدەکەوێت کە لەو سەردەمەدا لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە.

91852020 111952018 kon (3).jpg

لە نەمسا پاش تەواوکردنی ماجستێر سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرا دەبێت لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام بۆ دامەزراندی یەکێتیی نیشتمانی واز لە خوێندنەکەی دێنێت و دەگەڕێتەوە کوردستان. لێرە بەدواوە ئیدی نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی دیار بە تەواوی دەردەکەوێت کە ھەم سکرتێری کۆمەڵە و ھەم جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەبێت.

بە بارەکەی تریشیدا ژیانی پێشمەرگایەتی و خەباتی چەکداری نەوشیروان مستەفا بەمجۆرە بە تەواوەتی دەست پێدەکات. نەوشیروان مستەفا لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە لە ساڵی ١٩٧٢ بە تەواوی ئیعلانی دامەزراندنی دەکرێ بە وتەی ھاوڕێکانی لەو ماوەیەی لە نەمساش بووە دانەبڕاوە و پەیوەندی ھەبووە.

بە وتەی ڕەفعەتی مەلا دروست بوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران پاش ئەوە دێت کە باڵی مەکتەبی سیاسی دەگەڕێتەوە نێو پارتی ئیتر ئەو برادەرانە بڕیاریاندا تەنزیمێکی مارکسی-لینینی دروست بکەن ئەوە بوو کۆمەڵەیان دروست کرد. پاش گەڕانەوەی لە نەمسا و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری نەوشیروان مستەفا دەبێتە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران، کە وەک باڵێک لە ناو باڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تازە دامەزراوە کاردەکات.

جگە لە خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاتە کە گۆڤاری کۆمەڵە دەرچووە، زۆربەی نووسینەکانی خۆی لەوێ بڵاودەکردەوە.

نەوشیروان مستەفا ئەو کتێبانەی بە درێژایی تەمەنی کە نووسیونی بریتی بوون لە نووسینەوەی مێژوو و یادەوەرییەکان، لەمبارەیەوە حەمە تۆفیق پێی وایە ھۆکاری دەستبردنی نەوشیروان مستەفا بۆ نووسینەوەی مێژوو و یادەوەرییەکانی زیاتر پەیوەندی بە حەزی خۆیەوە ھەبووە نەک شتێکی تر، ئەو دەڵێ "نەوشیروان زۆر حەزی لە مێژووە، بۆیە زیاتر لەو بوارە نووسیویەتی".

لەمبارەیەوە چەندین کتێبی ھەیە لەوانە (کورد و عەجەم، حکوومەتی کوردستان، لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوەزەنگ، کورد لە گەمەی سۆڤێتیدا، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، ژیانی بە تەمەنترین ڕۆژنامەی کوردی لە ١٩٢٦–١٩٨٣). نەوشیروان مستەفا زیاتر حەزی لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانە، بەتایبەت حەزی لە لاوک و حەیرانە ناو بەناو خۆشی لەبەر خۆیەوە دەیڵێت.

91852020 111952018 kon (2).jpg

ڕەفعەتی مەلاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاک نەوشیروان زۆر موھتەم نییە بۆ خواردن، بەتایبەت لە ھاویندا زیاتر حەزی لە تەماتە و خەیارە قاژی دەکات و دەیخوات. لەلای خۆیەوە حەمە تۆفیق ڕەحیم کە جگە لەوەی کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی کۆمپانیای وشەیە، بە وتەی خۆی زیاتر لە ١١ ساڵ پێشمەرگایەتیشی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بەسەر بردووە، لە ساڵی ١٩٧٩ تاوەکو ١٩٩١.

ئەویش جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەوشیروان زۆر موھتەم نییە بە خواردن، نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێکانی باسی دەکەن کەسێکی سادەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زوو توڕە دەبێت.

حەمە تۆفیق ڕەحیم لەمبارەیەوە دەڵێ "کەسێکی زۆر سادەیە بەڵام کەمێک توڕەیە". سەبارەت بەوەی کە بە چ شتێک یان لە چ حاڵەتێکدا توڕە دەبێت، عەلی کەریمی کە یەکێکی ترە لە ھاوڕێکانی کە لە سەردەمی شاخ ناسیویەتی دەڵێت "جاری وا ھەیە بە ھەموو شتێک توڕە دەبێ و جاری واش ھەیە بە ھیچ شتێک توڕە نابێ". یەکێک لە ھیوایەتەکانی نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێکانی باسی دەکەن، جگە لە نووسینەوەی مێژوو، ژیانکردنە لەگەڵ بەخێوکردنی مریشک و کەو و ئاژەڵە کێوییەکانی وەک ئاسک و چەند ئاژەڵێکی تر.

91852020 111952018 kon (4).jpg

لە بەرانگاربوونەوەی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵک.

کتێبە چاپکراوەکانی

  • لە کەناری دانوبەوە بۆ خای ناوزەنگ، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٧٥ تاکو ١٩٧٩، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٧)
  • پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٧٩ تاکو ١٩٨٣، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٧)
  • خولانەوە لە بازنە دا، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٨٤ تاکو ١٩٨٨، (کوردستان: ١٩٩٩)
  • کورد و عەجەم، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٢)
  • حکوومەتی کوردستان: کورد لە گەمەی سوڤییەت دا، (کوردستان: ١٩٩٣)
  • میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕوم و عەجەم دا، (کوردستان: ١٩٩٨)
  • کوردستانی عێراق: سەردەمی قەلەم و موراجەعات، ١٩٢٨–١٩٣١(کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٠)
  • ژیان، بەتەمەنترین ڕوژنامەی کوردی ١٩٢٦–١٩٣٨ (کوردستان ـ زەرگەتە ٢٠٠٢)
  • ژیان، چەند لاپەرەیەک لە مێژووی ڕوژنامەوانیی کوردی ١٩٣٨–١٩٥٨ (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٤)
  • کارەساتی ھەکاری، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٨١)
  • کێشەی پارتی و یەکێتی، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٥)
  • ئێمە و ئەوان، (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٩)
  • بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، (چوار بەرگ)
  • ئەدەب و تاریخی کوردی، (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠١٢)

ڕۆژی 19-05-2017 لە ماڵەکەی خۆی، لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی کرد و لە مەرامسیمێکی بێ وێنە لە مێژووە گەلی کورد دا، لە نێو ئاپۆڕای خەڵک دا، لە گردی زەرگەتە بە خاک دەسپێردرا.