هاواری مونچ و، ڕامبۆو، موفتی و گۆڕان و تەوافق

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

سەردار حەمە ڕەش...2.jpg

لەگەڵ دوو هاوڕیمدا پیاسەمان دەکرد، کاتی خۆرئاوابوون بوو، کوتووپڕ ئاسمان بە سوور داپۆشرا، وەستام و خۆم گرتەوە بە پەرژینی تەنیشت ڕێگا کەمەوە، هاوڕیکانم بەردەوام بوون لە ڕۆشتن، هیلاک بووم وهەناسەم سوار بوبوو . بە سەرومەوە، جۆگەلەیەک ڕوباری خوێن لەگەڵ شین و ڕەشی شارەکەدا تێکەڵ بوبوون، دەلەرزیم و لە دژوارییەکی دەرونیدا دەژیام، هەستم بە هاوارێکی هەتایی دەکرد کە تێپەڕ دەبوو بە گەردونا و ئاسمانی شەق پێ دەبرد."

لە ساڵی ١٨٩٣ لە دوای ئەم بەسەرهاتە، ئێدوارد مونچ ئەم تابلۆیە دەکات، کە ناسراوە بە یەکێک لە تابلۆ هەرە گرنگەکانی مێژووی هونەر؛ هاوار. ئەم تابلۆیە، وەها لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، کە هاوارێکە بەرامبەر ژیانی داهاتوو، ژیانی مۆدێرن، کە شۆڕشی پیشەسازی و مۆدێرنیتێ بۆمانی دەرەخسێنێت. چەند سەردەمێک پێش ئەم تابلۆیەش ڕامبۆ بە هەمان شێوە دەڵێت ؛

(بۆچی جیهانێکی مۆدێرن کە ژەهری ئاوا کوشندەمان بۆ بەرهەم دەهێنێت ؟)

بەڵام ڕامبۆ خێرا تێ دەگات و لە هۆنراوەیەکی تردا دەڵێت:

(دەبێت بەڕاستی ئێمە مۆدێرن بین ).

ئاخۆ لە سەردەمێکدا کە هێشتا سەرەتای داهێنانی مەکینە و پیشەسازی بووە، چی ترساندونی و چی بێتاقەتی کردبێتن ؟ هەتاوەک و بەو شێوەیە گوزارش لە ترسی خۆیان بکەن لە شارستانییەت ؟

سروشت، پاشان ژیان و مرۆڤ، هەمیشە لە گۆڕاندان، مرۆڤیش بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریەدا بەحاڵەتێکی نالەبار و شلۆقدا تێ پەڕ دەبێت، ئارەزوی گەڕانەوە بۆ دواوە، ئاسودەمان دەکات و دا هاتوو دەمان ترسێنێت . کاتێک ئاو گەرم دەکەین بە پلەیەکی بەرز، مۆلیکولەکانی دەکەونە هەمان حاڵەتی نالەباریەوە بۆیە دەبێتە هەڵم، هەموو گۆڕانکاریەکی ڕادیکالیش کە بەسەر شکڵی مرۆڤدا هاتووە، لە دەرئەنجامی تێپەڕبونیەتی بە بارێکی نالەباردا، هەموو تەنێک، هەموو هزرێک هەموو باسێک، هەموو بوونێک لەم گەردوونەدا دەبێت بە دژ بەخۆیدا تێپەڕێت، دەنا ناگاتە هەقیقەت، لەگەڵ لەدایکبوونی هەر بیرۆکەیەکدا، بیرۆکەیەکی دژ بە خۆی دێتە کایەوە، ئەمە لۆژیک بوونە.

ڕابوردوو، سەردەمی منداڵیمە، ژیانی ساویلکەیی؛ ئەوسەردەمەی خەونەکانمان بێ شومار بوون، وەهامان دەزانی کە ئاواتەکانمان دێنە دی، ڕابوردوو ژیانێکی خۆش بوو، لە کیسمان چووە، داهاتوو دەمان ترسێنێت ؛ بۆیە هەندێک وەک کیسەڵ دەگەڕێنەوە بۆ ناو ئاو، تەنها بۆ گەرادانان دێنەوە سەر زەوی.

  • جاران ئاژەڵ ڕووە و پەچە و بەرە و کۆز بوو
  • ڕۆژگار کورت و چاو خەواڵووی وەنەوز بوو
  • شوان کۆڕی شەو گەرمکەر بوو بە فووی شمشاڵ
  • جوڵەی پەدا بە دەماری هەست و خەیاڵ
  • پاشان نۆرەی بەستەی دەمی هەرزەکار بوو
  • ئامان ئامان بۆ سرووشتی کردگار بوو

هەڵبژاردنی کەسێکی بەساڵا چوو بۆ گۆڕان هەر هەمان ترسە لە داهاتوو، ترسە لەوەی کە گەنجێک زیاتر بمانباتە پێشەوە، گۆمەکە بشڵەقێنێت، گوایە گەنجی وەک مۆدێرنیتێ سەرشێتە، کەچی هەرچێکمان هەیە و بەکاری دەهێنین بەرهەمی ئەوە، بەرهەمی تێڕوانینێکی نوێ یە بۆ داهاتوو. خەڵکی پێیان خۆشە کە کەسێکی بەساڵاچوو گۆڕان دەبات بەڕێوە، کەواتە گۆڕان کەوتۆتە دەستێکی ئەمینەوە و نامانبات بەرەوە داهاتوو، خەڵکی دەترسان لە وەی کە کورێکی گەنج جێگرەوەی نەوشیروان بێت، بەڵام نەیان کرد، هەرچەندە سێبەری ترسی نەوشیروان هێشتا بەسەریانەوە زاڵە. من هەر زوو ووتم ؛ ئەگەر پارتێکی سیاسی خۆی ناو بنێت گۆران و مۆمێک بکاتە لۆگۆی خۆی، ناتوانێت گۆڕانکاری بکات.

خۆ ئەو کارانەی بارزانی دەیکات، ئەگەر کەسێکی گەنج بیکردایە، دەیان ووت ئەمە کابرایە گەنجە و سەرشیتە، خەڵکی لە دژی ڕادەپەڕین، بەلام عەشایەر، بۆی هەیە هەموو شتێک بکات. خۆ ئەگەر بارزانی دوای خۆی کوڕیکی گەنجی خۆی لە سەر کورسی دابنێت ئەوا خەڵکی کوردوستان زیاتر ئەوە قبوڵ دەکەن لە بری کەسێکی بەساڵا چوو، چونکە کەسی عەشایەر لە کەسی بەساڵاچوو زیاتر کۆنسێرڤاتەر ترە .

هاوار ....jpg

یەکەم وێنەی ئەم پیاوە ئەوە بوو، بە دەستێک گۆچانێکی بەدەستەوەیە و بەدەستەکەی تری دەستی پیاوێکی عەشایەری گرتووە، بۆیە کەسانی خوێندەوار دەڵێن، گوایە گۆڕان کەوتۆتە دەستێکی ئەمینەوە، لەبەر ئەوەی کە بەساڵاچووە، کەواتە دەتوانێت سوڵحی عەشایەری بکات. دەڵێم ؛ خوێندەوار، نالێم ڕۆشنبیر، چونکێ جاران هەموو کەسێکی خوێندەوار، ڕۆشنبیر بوون، بەڵام ئەمڕۆ وەها نیە .

سەرنجت دا ! منیش باسی جاران دەکەم ؟

نا، نالێم هەرچی لە ڕبووردودا ڕویانداوە خراپن، چونکێ کە بیر لە موفتی پێنجوێنی دەکەمەوە، دەڵیم بەڕاستی مرۆڤێکی مۆدێرن بووە، بەڵام هەندێک کەس کە خۆیان ناوناوە ڕۆشنبیر، ئەمڕۆ، ناگەن بە بەرزی پاژنەی کەوشەکانی، هەر بۆیەش شارەوانی پێنجوێن نازانێت پەیکەرەکەی بخاتە کوێ، لە کوێ بیشارێتەوە، هەتاوەکو نەبێتە نموونەی مۆدێرنیتێ و گەنجان دوای بکەون، خۆ ئەگەر پەیکەری عومەری کوڕی خەتاب بوایە ئەوا لە سەنتەری شارەکەدا دادەنرا.

هەفتەیەک لە مەوبەر لە پاکستان گەنجێک کچێک لاقە دەکات، پاش ئەوەی ئەنجومەنی پیرانی دێهاتەکە، کۆدەبنەوە و بڕیاردەدەن، بۆ تۆڵەی شەرەفی ئەو خێزانە، دەبێت کوڕیک لە خێڵی کچە لاقە کراوەکە، کچێک لاقە بکاتەوە لە خێلی لاقە کەرەکە، لەبەردەمی ئەنجومەنی پیراندا، ئەمەش وەک سوڵحێکی عەشایەری؛ نیوە شەو دەچن کچەی پانزەساڵ خەبەر دەکەنەوە و بە زۆرەملێ ڕای دەکێشن بۆ بەردەم ئەنجومەنی پیران، کوڕەش لە بەردەمیاندا، لەبەردەم پیاوانی عەشایەری ڕیشدار و ئەنجومەنی پیراندا، کچە لاقە دەکات.

پیاوانی بە ساڵاچوش بە لەزەتەوە سەیری ئەو دیمەنە دەکەن. خۆ ئەگەر ئەمانە نەزانن بۆچی ئەوکارە دەکەن، ئەوا ئێمەی مرۆڤی مۆدێرن باش دەزانین چ گرێ کوێرەیەک لە میشکۆڵەیاندا خۆی حەشار داوە. کەسانی مۆدێرن هۆشمەندن، مۆدێرنیتێ بەواتای هۆشمەندی دێت. ئەم جۆرە بڕیارانە لەسەردەمانێکدا جۆرێک بوون لە دادپەروەری، بەڵام ئەمڕۆ بە گوێرەی هەست و هۆشی ئەم سەردەمەم تاوانێکی گەورەیە. ئەمەیە ڕابووردوو و بەهای ڕابووردوو کە هێندە بۆی پەشیمانن؟

یەکێک لە یاساکانی سەردەمی بابل ئەوەیە، ئەگەر بیناسازێک خانویەک دروست بکات و خانووەکە بەهۆی کەموکوڕیەوە بڕوخێت و منداڵی خاوەن ماڵەکەی تێدا بمرێت، ئەوا دەبێت کوڕی بیناسازەکەش بکوژرێت، ئەمەیە ڕابوردوو، بۆچی هێندە پەشیمانین بۆی ؟ یاسا ئێمە ناگۆڕێت، ئێمە یاسا دەگۆڕین و دەیگونجێنین لەگەڵ هۆش. کەواتە دەبێت بەڕاستی مۆدێرن بین. تۆ بۆت نیە مرۆڤێک بکوژیت. ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ئاستی هۆشمەندی کە موسا پێی وتین. ١٠ سەرزەنشتیەکانی موسا، وەک یەکەم جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەیبینم. هۆشمەندی مێژوویەکی هەیە، هەمیشە بەرەو پێشەوە دەڕوات.

دوای ڕوخاندنی سەدام، زاراوەی تەوافق جێگەی سوڵحی عەشایەری گرتەوە؛ با لەگەڵ خۆمانا ڕێک بکەوین، هەموو شتێک لە نێوان خۆماندا بەش بکەین، نەوەکا جیلی تازە، یان کۆمەڵیکی تر جێگەمان بگرنەوە .ڕابوردوو، بەسەر چوو، داهاتوو هێشتا پێی نەگەشتوین، باشتر وایە باسی هەنووکە بکەین، ئاوا ئێژێت بودا.

ئەوی ڕاستی بێت هەموشتێک پێویستی بە کاتە، وەک پیرانی کورد دەلێن ؛ تۆ ناتوانیت ئەو موە ڕەشە سپی بکەیت. بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە دانیشین و هیچ نەکەین، خەبات کردن بەشێکە لەم پرۆسیە.