هونەری شێتەکان و هونەری پوخت (l’Art Brut et l'art des fous)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

66654d02.jpg

دەستەواژەی هونەری پوخت، بە فەرەنسی ؛ بغیوت ( l’Art Brut ) بۆ یەکەم جار ساڵی 1945 لە لایەن هونەرمەندی فەرەنسی ژۆن دیوبیوفێ ( Jean Dubuffet, 1901.1985) ە وە بەکار هات، هەرچەندە هونەری بغیوت ( پوخت)، لە پێش دیوبیوفێ وە، ساڵێ 1906 ڕاڤەی لە سەر کراوە بە ناوی ؛ هونەری شێتەکان ( l'art des fous ) لە لایەن دکتۆری دەروونناسیی، پۆل موونیێ ( Paul meunier 1873-1957) لە فەرەنسا.

دکتۆر؛ پۆل مونیێ، خۆی شاعیر بوو، بۆیە بەهایەک و گرنگییەکی دەبینیەوە لە کاری نەخۆشەکانی لە خەستەخانەکەیدا، ئەو یەکەم کەس بوو لە فەرەنسا ووتار و لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو جۆرە هونەرە کردووە . ساڵی 1812 لە ئەمەریکاش، لەلایەن دکتۆری دەرووناسیی ئەمەریکی؛ ( Benjamin Rush) لێکۆڵینەوە لە سەر هونەری دەروون نەخۆشەکان لە خەستەخانەکاندا کراوە، بەڵام وەک رەوتێکی هونەری کە بتوانرابێت بناسرێتەوە، هونەرمەندێک ئەو هونەرە ناو بنێت هونەری پوخت، پەیڕەوی ئەو ڕەوتە بکات و وتاری لەسەر بنوسێت، گرنگی پێ بدات، وەک زوانێکی هونەری پێناسەی بۆ بکات، بە جیهانی بناسێنێت، هونەرمەندی فەرەنسی ؛ ژۆن دوبوفێ بوو کە لە سەردەمی خۆیدا بە وتارەکانی هەڵای زۆری نایەوە و دژایەتی زۆری کرا لەلایەن ئەکادیمیست و بۆرژوازیەکانەوە. بەڵام دواجار وەک گەورەترین هونەرمەندی سەدەی بیست ناسێنرا و کاریگەریی لەسەر هونەری بەد شێوەکاری (bad painting)، ساڵانی حەفتا هەبوو لە ئەمەریکا.

665478.jpg

دەسەتەواژەی؛ (Brut ) لە زمانی فەرەنسیدا بە ئاوەڵناو بە مانای؛ (پوخت) دێت، کاتێک دەڵێین : ئەو ئاڵتونە یان ئەو تەختەیە بغیوتە، واتە ؛ پوختە و دەستکاری نەکراوە، بە واتای دارێک دێت کە بڕاوەتەوە و دەستکاری نەکراوە، تەنها گەڵا و لقەکانی لێکراونەتەوە، ئامادە نەکراوە بۆ بەکار هێنان. زێڕەکە تێکەڵ نەکراوە لەگەڵ کەرەسەی تردا، کە دەڵێین مووچەی بغیوت، واتە موچەکە هیشتا بەشی سێکوریتێ سۆشیال و خانە نشینی و تاکسی تری لێ دانەشکێنراوە. دەبێت باش ئەو جیاوازیە بکەین کە دەستەواژەی ؛ پوخت، بە مانای ؛ پاک و خاوێن نایەت.

بەڵام کاتێک دەستەواژەکە وەک ناو بەکار دەهێنین دەڵێین : مرۆڤێکی بغیوت، لێرەدا ووشەکە بە نەرێنی دێت، مانای ئەوە دێت کە کەسە کە مرۆڤێکی شارستانی نیە، هەڵس و کەوتی بە بێ گوێ دانە بە دەور و بەرەکەی، بە بێ گوێ نەدانە بە کۆدی کۆمەڵگە، لە زمانی کوردیدا بەم هەڵس و کەوتە دەڵیین ؛ هەڵەشە.

ئێتیمۆلۆژی وشەک پارادۆکسی باسەکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە؛ چۆن پوختیی، دەتوانێت نەرێنی بێت لە هەمان کاتا ئەرێنی، لەبەر ئەوەی کە ناتوانین ڕاستە وخۆ بڕوانینە تیشکی ڕۆژ، هەقیقەت وەک ئەوەی کە ھەیە کوێرمان دەکات، بۆیە توانای دەستەمۆکردنی هەقیقەتمان نیە. بۆ ورووژاندن و نوێکردنەوەی هەوەسی دیۆنیزۆسیش دەبێت ئیشتار داپۆشین و هەر دیۆنیزۆس خۆشی ڕۆبەکەی لە بەردا دادەدەدڕێ، ئەمەیە پرادۆکسی ژیان.

هونەری هەڵەشە، هونەری شێتەکان، یان هونەری ؛ پوخت، لە سەرەتاوە وەک وتمان بریتی بوو لە گوزارشتکردنی کەسانی دەروون شێواو لە هەستی خۆیان لە خەستەخانەکاندا بە نەخش. هەندێک لەو دکتۆرانەی وەک لەسەرەوە ناوم هێنان، کاری ئەو نەخۆشانە سەرنجی ڕکێشاون، بەهایان داوە بەو جۆرە گوزارشت کردنە وەک کاردانەوەیەکی ڕاستەو خۆی هزری نەخۆشەکان بە بێ دەستکاری کردن و گوێدان بە هێزێکی دەرەکی، واتە بە مێژووی هونەر و بازاڕی هونەر و مۆدێلی سەردەم. هونەری پوخت، داماڵینی میکانیزمی ئافراندانە لە هە موو هێزێکی دەرەکی، نواندنی بیرۆکە و هزرە بە راستە و خۆ، خۆ دەربازکردنێکی یەکجارەکییە لە خود ( من ) ی باڵا، کە بریتیە لە یاسا کۆمەڵایەتیەکان و مۆراڵ.

چوانترین گوزارشت کە کرابێت لەسەر هونەری؛ پوخت، پەیڤی ژۆن دوبیوفێ خۆیەتی، کە دەڵێت  : (ئەو زێڕە زیاتر سەرنجم ڕادەکێشیت، کە شکڵێکی تایبەتی وەرنەگرتووە؛ وەک پولەکە بە چەندایەتییەکی کەم تێکەڵ بووە لەگەڵ لمی ڕووبارەکاندا، هەتا ئەو زێڕەی لە ژێر دەستی زەرەنگەرێکەوە دێتە دەرێ).

وێنەی 1. تابلۆی ژۆن دیوبیوفێ( Jean Dubuffet)
وێنەی 1. تابلۆی ژۆن دیوبیوفێ( Jean Dubuffet)

دوبوفێ لە ساڵی 1901 لە شاری ئاڤغ (Havre)، ئەو شارەی کە مۆنێ یەکەم تابلۆی ئەمرێسیۆنیستەکانی تێدا نەخشکرد (سەرنجدان لە ڕۆژهەڵاتن)، هاتۆتە ژیانەوە، هەر لەو شارەدا خوێندنگای هونەری جوانی خوێندووە، پاش ماوەیەک واز لە هونەر دەهێنێت لەبەر ئەوەی ئارەزوی بە نێوەندی هونەری نایەت، وەک کەسانی بۆرژوا رەچاویان لێ دەکات، بۆیە واز لە هونەر دەهێنێت و دەگەڕێتەوە سەر هەمان کاری خێزانەکەی کە بریتی بوو لە ؛ شەراب فرۆشتن. لە نێوان ئەم دووکارەیدا؛ هونەر و بازرگانی شەراب، دێت و دەڕوات، دواجار بە یەکجارەکی، ساڵی 1944 دەگەڕێتەوە بۆ هونەر و یەکەم پیشانگای دەکاتەوە.

پێشانگاکەی وەک پیشانگایەکی شۆک دەبینرێت، لەلایەن ئەکادیمیست و بوارژوازیەکانەوە دژایەتیەکی زۆری دەکرێت. دوبیوفێ دەیویست خۆی ڕزگار بکات لە ڕەوتی سەردەمەکەی کە بریتی بوو لە سرویالیست و کوبیست، دوبوفێ دژی کاری ئەکادیمیستی بوو، هونەری سەردەمەکەی بە بێ ڕۆح و مرۆک هەژماردەکرد، وەک خۆی دەڵێت : (جگە لە ئافراندن، نە گرنگی بە هونەر دەدەم، نە بە جوانیی ). بە ڕشاکاوی و بە مەبەستەوە دەیووت : ( من کەسێکی پرۆفیشناڵ نیم، نیازیشم وەهایە بەو جۆرە بمێنمەوە).

وێنەی 2، Jean dubuffet
وێنەی 2، Jean dubuffet

دوبوفێ گرنگی بەو کارە هونەریانە دەدا کە بۆرژوازی و مۆزەخانەکان پشت گوێیان خستبوون، ساڵێ 1945 پێشانگایەک بۆ کۆلەکسێۆنەکەی دەکاتەوە، بە ناوی : هونەری پوخت، بریتی بوو لە کاری هونەری شێتەکانی خەستەخانە و ئەو کارانەی کە ڕۆژئاواییەکان ناویان نابوون ؛ هونەری ئەفریقی یان بەڕبەڕ، ین هونەری سەرەتایی (primitive). بۆ دوبیوفێ هونەری سەرەتایی یان ئەفریقی، بوونی نیە وەک ئەوەی ئەکادیمیستەکان باسی لێوە دەکەن و خستویانەتە دەرەوەی بازنەی هونەر، دەستەواژی هونەری سەرەتایی، داهێنانی ئەوروپیەکانە و هونەرێک بۆی نیە خۆی لەوی تر بە باڵاتر بزانێت.

هەمووشمان دەزانین کە هونەری ئەفریقی، ماسکی ئەفریقی کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هونەری ئەوروپی هەبووە بەتایبەتی لەسەر پیکاسۆ، لە دواهەمین ئۆتۆپۆرترێی خۆی (وێنەی 3)، یان لە تابلۆ بەناوبانگەکەی بە ناوی ( کیژانی ئەڤینۆن وێنەی4 ) کە گرنگییەکی بێ هاوتای هەیە لە مێژووی هونەردا، وەک وەرچەرخانێکی گرنگ ڕاڤەی بۆ دەکرێت لە مێژووی هونەردا، بەڵام ئەکادیمیستەکان لە ژێر لێوەوە باسی ئەو کاریەگرییە دەکەن. دواجار ئەوە بوو لە پاریس لە سەردەمی جاک شیراکدا مۆزخانەیەکی گرنگ کرایەوە لە ناوەڕاستی پاریسدا بۆ هونەری ئەفریقی. ڕاستە ناوی مۆزەخانەکە بە ناوی ئەو جادەوەیە کە مۆزەخانەکەی تێدایە ناوێکی تری لێ نەنراوە، ئەمەش خۆ ڕزگارکردنە لەو چەمکە، بەڵام هەمیشە دەڵێین ؛ هونەری ئەفریقی و جودای دەکەینەوە لە گەڵ هونەری ئەوروپی کە خۆی بە خاوەنی هونەری ڕەسەن دەناسێنێت.

وێنەی 3 ماسکی ئەفریقی و ئۆتۆ پۆرترێی پیکاسۆ
وێنەی 3 ماسکی ئەفریقی و ئۆتۆ پۆرترێی پیکاسۆ


دوبوفێ خۆی نەدەخستە ناو بازنەی هونەری سەردەمەکەی، ئەوانی بە کەسانی بۆرژوا ناو دەبرد، دەیویست ئەروپیەکان لە ئالودەبوون ڕزگار بکات، هونەری ئەوروپی وەک هونەرێکی باڵا نەبینرێت، دوبیوفێ ڕقی لە مۆزەخانە و پێشانگاکان بوو، دەیووت : ( هونەر دەبێت، لەهەمان کاتا کە دەمان هێنێتە پێکەنین، بمان ترسێنێت). دوا جار دوبیوفێ خۆی سەپان؛ لە لە لایەن ئەکادیمیستەکانەوە قبوڵ کرا، بەڵام توانی خشتێک لە قەڵای ئەوان داڕمێنێت. ئەو سەردەمەی کە نەخۆشی مانگای شێت سەری هەڵدا لە ئەوروپا، لە لاپەڕەی دەستپێکی ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسیدا، مانگاکەی دوبوفێ بڵاو کرایەوە (وێنەی 5).

وێنەی 4. کیژانی ئەڤینۆن ، پیکاسۆ 1907 ( les demoiselle d’avignon )
وێنەی 4. کیژانی ئەڤینۆن ، پیکاسۆ 1907 ( les demoiselle d’avignon )
وێنەی 5، مانگاکەی دوبیوفێ
وێنەی 5، مانگاکەی دوبیوفێ
وێنەی 6 تابلۆیەکی دوبئوفێ ( Jean Dubuffet)
وێنەی 6 تابلۆیەکی دوبئوفێ ( Jean Dubuffet)

دوبیوفێ لە سەردەمێکی ژیانیدا سەردانی خەستەخانەی شێتەکانی دەکرد لەگەڵ دکتۆرەکاندا بۆ لێکۆڵینەوە و سەرنجدان لەسەر کاری هونەری دەروون شێواوەکان، لەبەر ئەوەی دوبیوفێ هاوتەریبیەکەی دەبینی لە نێوان کارەکانی خۆیی و کاری شێتەکانی خەستەخانەکان، ئەگەر دوبیوفێ بە پێچەوانەی شێتەکانەوە توانای هەبوو بەهایەک بدات بە کارەکەی ، لەبەر ئەوەی ئەو ئاگایی بە هونەرەکەی هەبوو، ئاگایی بە هونەری سەردەم و بۆرژوا هەبوو، ئاشنایی بە زمانی ئەوان هەبوو، بەڵام ئەوەی کاری دوبیوفێ و شیتەکانی لەیەک بازنەدا کۆدەکردەوە، ئەوە بوو کە دوبیوفێ وەک ئەوان بە شێتیدا تێ پەری بوو، وەک زۆر لە هونەرمەندان و بیرمەندەکان لەسەردەمێکی ژیانیاندا ڕوبەرووی شێتی دەبنەوە، وەک میشێل فوکۆ دەڵێت : ( بوون بە مرۆڤێکی راستەقینە، ڕێگاکەی تێ پەڕبوونە بە شێتیدا )، دەنا دوبیوفێ هەرگیز نەی دەتوانی لەکاری ئەوان تێ بگات. بێ شک کاتێک دوبیوفێ لە گەڵ دکتۆرەکاندا بە ژوری خەستەخانەکاندا تێ دەپەڕی و سەرنجی کاری نەخۆشەکانی دەدا، ئەو رستەیەی ڕامبۆ بە هزریدا گوزەری کردەووە کە دەڵێت : من شانسم هەیە کە ئازار زۆرتر ناچەژم من تەنها شێتیی ناسک میوانم بووە.

هێزی بەرهەمی هونەرمەندێک، هێزی هەژێنی هونەرمەندێک، بەستراوەتەوە بەوەی چەندە لە هەقیقەتەوە نزیک بۆتەوە، چەندە لە شێتیەوە نزیک بۆتەوە، وەک هاویشتنی بەردێک بە حەوادا؛ دوری و بەرزیی بەستراونەتەوە بە ڕێژەی ئەو هێزەی پێی هاوێژراوە، ئەو دەرون ئاڵۆزییە، ئەو شێتییەی کە پێێدا تێپەڕیوە، ئەوسا بە یاسای فیزیای، کاتێک دەگاتە خاڵی سفری خێرایی، بەرە و زەوی دەگەڕێتەوە، باسی گەشتەکەیمان بۆ دەکات بەرەو هەقیقەت. هەلهێنجاندنەوەی هەقیقەت و هێنانەوەیەتی بۆ جیهانی خوارەوە، ئەوجا بڕیار دەدەین؛ ئایا بەرگێک بپۆشین بۆ ئیشتار یان ئیشتار بە رووتی پیشان بدەین و بەرگی ئێرۆتیزمی بەبەردا نەکەین ؟ دوبیوفێ نەی دەویست بەرگێك بکات بە بەری ئیشتاردا، بۆیەکا هونەرەکەی ناو نا : هونەری بغیوت ( پوخت).

دوبوفێ لە سەردەمێکی ژیانیدا، ڕۆژێک کە خەریکی تەلەفۆنە و بەتەنیشتیەوە بە خۆڕسکانە و بە بێ ئاگایی هێڵکاری دەکات لەسەر پارچە پەرەیەک، کاتێک تەلەفۆنەکە دادەخات، دەبینێت کە هێڵکاریکەی سەرنجڕاکێشی کردووە بە بێ ئەوەی ڕاستە و خۆ بڕیاری دابێت و ئاگامەند بێت پێی، ئەو هێڵکاریانە دەبنە دواهەمین ستایلی دوبیوفێ و پەیکەر و تابلۆکانی لەسەر ئەو ستایلەن.

وێنەی (8) شێوازی سەردەمی کۆتایی ژیانی دوبیوفێ. پەیکەری دووبیوفێ ( Jean Dubuffet)
وێنەی (8) شێوازی سەردەمی کۆتایی ژیانی دوبیوفێ. پەیکەری دووبیوفێ ( Jean Dubuffet)
وێنەی 9 هێڵکاریی ( Jean Dubuffet)
وێنەی 9 هێڵکاریی ( Jean Dubuffet)

بۆ باشتر تێ گەشتن لە هونەری پوخت، باشتر وایە باسی هێڵکاری تەلەفۆن بکەین ؛ هێڵکاری تەلەفۆن بریتیە لەو هێڵکاریانەی کاتێک لەگەڵ کەسێکدا خەریکی تەلەفۆنین ، قەلەمێکمان بە دەستەوەیە، بە ئۆتۆماتیکی و بە بێ ئەوەی هزر، هۆش، کۆنترۆڵی هیڵکاریەکانمان بکات، بە خۆڕسکانە نەخش دەکێشین. ئەو هێلکاریانە بە هیچ جۆرێک لەلایەن ئاگاییەوە کۆنترۆڵ نەکراون، ڕاستەو خۆ لەنەستەوە بە بێ گوزەرکردن بەکۆنترۆڵدا خۆیان دەبیننەوە لەسەر پەڕەیەک، ئەو هێڵکاریانە هەرچەییەک بن، گوزارشت لە هەستی ئێمە دەکەن لەو ساتەدا. ئەمەیە ک پێێ دەڵیین ؛ هێڵکاری تەلەفۆن. ئەم هەسەتەیە کە هەموو هونەرمەندێک وێڵە بە دوایدا؛ چۆن بتوانم خۆم ڕزگار بکەم لە کاریگەری دەرەکی و ئازادی بە دەست بهێنم ؟ بە جۆرێک، دەیگێڕنەوە کە هونەرمەندێک گەشتۆتە حالەتێک کە لە توانایدا نەبووە هیچ نەخشێک بکات لەسەر تابلۆ سپییەکەی بەردەمی؛ نە هێڵێک نە خاڵێک نە هیچ شکڵێک، ناچار فڵچەکەی داوەتە دەست خزمەتکارەکەی هەتا خەتێکی بۆ بکێشێت بە ئارەزووی خۆی لەسەر تابلۆکەی.

بەڵام نەخۆشێکی دەروونی، زیاتر ئازادە، لەبەر ئەوەی تەواو کەوتۆتە دەرەوەی کۆمەڵگە و مۆراڵ، ئەو نەخشانە ڕاستەو خۆ ئاوێنەی ئاڵۆزیی هزری ئەوون، بەرگی شکڵی سەرسوڕمێنەر دەپۆشن وەک بۆزۆنی هیگس چۆن بارستایی دەدات بە ماتریاڵ. هەستێکی پوختە، لەبەر ئەوەی جوڵەی دەست، ڕاستەو خۆ بە بێ پرسیارکردن لە خۆ : چۆن ئەو شکڵە بکەم ؟ باسی چی بکەم ؟ ئاخۆ نەخشەکەم سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕادەکێشیت ؟ ئایا لەگەڵ هونەری سەردەمەکەمدا دەگونجێ ؟ ئایا ئەم شکڵە گوزارشت لە هزری من دەکات ؟ خەڵکی بە شێتم ناچوێنن ؟ ئایا شکڵی ئەو دەسەتە، ئەو گوێچکەیە، ئەو سەگە، وەها دەکرێت ؟ بۆچی ئەم باسە نەخش دەکەم ؟ بۆچی رەسم دەکەم ؟ وابەستە بوون بەم پرسیارانەوە هونەرمەرمەند دەکاتە کەسێکی کەم ئەندام . دەبێت ئەوە بزانین کە هونەرمەند زۆرجار ئاگایی نیە بەم پرسیارانە، بەڵام لە ژێر کاریگەری ئەم پرسیارانەدا گوزارشت لە هزری خۆی دەکات ، بۆیە فرۆید دەڵێت : ( ئاگایی ( conscience) لە ماڵی خۆیدا ساحێب ماڵ نیە).

هەر بۆیەش کارەکانی هونەرمەندانی کوردستان، بە پێچەوانەی بۆچونیانەوەن ؛ کاتێک دەیانەوێت بەرگری لە مێینە بکەن، باسی ئازادی مێینە بکەن، کارەکانیان بە پێچەوانەی وتەکانیانەوەن. کاتێک دەیانەوێت گوزارشت لە شەرەڤانان، بکەن دژی ئایدیۆلۆژی شەرەڤانان کارێکی هونەریی بەرجەستە دەکەن، لەبەر ئەوەی ئەم هونەرمەندانە ئاشناییان بە نەستیان نیە، بۆیە بە پێچەوانەی وتەکانیانەوە، نەست ناخی راستەقینەی ئەوان دەنوێنێت. بەڵام کاتێک مرۆڤ لە ئەشکەنجەیەکی دەرونی بەتیندا دەژی، ئەم پرسیارانە ناتوانن خۆیان بسەپێنن، بزر دەبن، دەگەنە هەقیقەتی ڕەها. هونەر دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ دەربازبوونی راستەو خۆی ڕۆح ، هونەرمەند دەبیتە کە سێکی ئازاد. هزر بە بێ ئەوەی لەوە و بەر پێشبینی کردبێت بۆ باسێک، بۆ شکڵێکی پێش وەختە، راستەو خۆ هەموو ئەو بیرۆکە ئاڵۆزانەی کە تاکی نەخۆش بەدەستیەوە دەناڵێنێت لە شکڵەکاندا خۆیان دەبیننەوە. بەمە دەڵێن : هونەری بغویت ( هونەری پوخت).

وێنەی (10) خوان لەسروشتا ( کلۆد مۆنێ ) 1863
وێنەی (10) خوان لەسروشتا ( کلۆد مۆنێ ) 1863
وێنەی(11) پەتاتەخۆرەکان ( ڤانگۆگ) 1885
وێنەی(11) پەتاتەخۆرەکان ( ڤانگۆگ) 1885

ئەگەر ھونەر کاری ھەلمالینی ھەقیقەتە، ئەوا هونەر،ھونەری داپۆشینیش دەزانێت.

بازاڕی هونەر و ئەکادیمیستەکان هێندەی گرنگی دەدەن بە تابلۆکانی مانێ (خوان لە سروشتا وێنەی 10) گرنگی نادەن بە تابلۆی (خواردنی پەتاتە وێنەی 11)ی ڤانگۆگ. ڕاستە، تابلۆکەی مانێ شۆڕشێک بوو، وەک یەکەم تابلۆی مۆدێرن هەژمار دەکرێت لە سەردەمی خۆیدا و هەرای زۆری نایەوە و لە پێشانگاکاندا رەتدەکرایەوە.

هەر چەندە گوزارشت لە ژیانی بورژوا دەکات بەڵام دژی تابلۆی میتۆلۆژی وەستایەوە و چووە ریالیسمەوە، لە پێش مانێوە چەندەها تبلۆ کراون؛ ژنان بەڕووتی لە سروشتا، بەڵام باسی میتۆلۆژی و باسەکانی بایبڵ بوون، ژیانی ڕاستەقینە نەبوون، بۆیە تابلۆکەی مانێ هەرای نایەوە. ئەمڕۆ تابلۆکەی مانێ لەلایەن ئەکادیمیستەکانەوە گرنگی زیاتر پێ دەدرێت لە خواردنی پەتاتەی ڤانگۆگ کە کەسایەتیەکان شکڵی پەتاتەیان وەرگرتووە، خۆ ئەگەر مانێ ڕۆبەکەی ئیشتاری دادڕیوە بۆ بە مەبەسی واڵاکردنی هەقیقەت، ئەوا دوبیوفێ دوو جار ڕۆبەکەی ئیشتاری دادڕیوە، یەکەم؛ لەبەر ئەوەی بەگژ هونەری بۆرژوازی سەردەمەکەیدا چۆتەوە و بە مۆدێلی ئەوان گوزارشتی لە هەستی نەکردووە، دووهەم ؛ بە زمانی ئەوان نەدواوە و ڕۆبی ڕازاوەی بۆ ئیشتار نە دورووە، ڕاستەو خۆ باسی شێتی مرۆڤمان بۆ دەکات، باسی ئاڵۆزی هزری مرۆڤمان بۆ دەکات، ئیشتارمان بە رووتی پیشان ئەدات.

لەبەر ئەوەی خواردنی پەتاتە باسی ژیانی بۆرژوا ناکات، باسی مۆدێلی بۆرژوا ناکات، مۆدێلی بۆرژوا کە هەمیشە خەونی چینی خوارەوەیە، هەمووشمان دەزانین کە ئەوان خاوەنی زمان و هونەر و ئەدەبن، ئەکادیمیستەکانیش پۆلیس و قەڵای ئەوانن، هەموو رۆژێک ئێمە خشتێک لەو قەڵایە دەڕوخێنین، هەرچەندە کارەکانی دوبیوفێ لە هەندێک شاری دەرەوەی پاریس دانراوون و لەزۆر شاری جیهاندان، بەتایبەتی کارەکانی کۆتایی ژیانی، بەڵام تابلۆکانی دبیوفێ وەک خواردنی پەتاتەی ڤانگۆگ ناخرێنە پێشەوە. بۆیە کاتێک لە فیلمی جۆکەردا، جاک نیکلسۆن، گاڵتە بە هەموو تابلۆی مۆزەخانەکان دەکات و یەک بەیەک تێکیان دەشکێنێت و میز دەکات بە سەریاندا، کاتێک دەگاتە سەر تابلۆی فرانسی بەیکۆن ( Francis Bacon. 1909 - 1992) ، دەڵێت : نا، ئەمەیان نا، ئەمەیانم بە دڵە.

وێنەی (12) ژۆکەر لەبەردەم تابلۆی فرانسیس بیکۆن (Francis Becon)
وێنەی (12) ژۆکەر لەبەردەم تابلۆی فرانسیس بیکۆن (Francis Becon)

لەبەر ئەوەی فرانسیس بیکۆن راستەو خۆ بە بێ پۆشینی بەرگێک بە بەری هەقیقەتا، بە بەری ئیشتاردا، گوزارشتی لە ئەشکەنجەی دەروونی مرۆڤ کردووە، راستەوخۆ باسی ئازارەکانی مرۆڤی کردووە، ئیشتاری دانەپۆشیوە، ئەشکەنەجەی ناخی مرۆڤمان پیشان ئەدات بە پوختی. فرانسیس بیکۆن، ئەو هونەرمەندەی کە لە تەمەنی لاویدا لە تەنەکەی خۆڵی سەر کۆڵاناندا بە دوای ناندا دەگەڕا، لە کۆتایی ژیانیدا بێزار بوبوو لە ژیانی پاڵاسەکان. ئەکادیمیستەکان نازانن چۆن بدوێن لەسەر کارەکانی فرانسیس بەیکۆن، لەبەر ئەوەی بە زمانی ئەوان نەدواوە.

زمانی ئەکادیمیستی، هونەری ئەکادیمیستی، نوسینی ئەکادیمیستی، دەتوانن لەسەر هەموو کارێک بدوێن کە هەقیقەت دەشارێتەوە، چونکە زمانەکەیان توانای شاردنەوەی هەقیقەتی هەیە، هەر بەو مەبەستەش ئەو زمانە داهێنراوە. ڕاستە، هروژاندنی هەر بیرۆکەیەک، خۆی لە خۆیدا دژ بەخۆی دەبێتەوە، درێژەدان بە باس و داپۆشینی باس بە زمانێکی ئەکادیمی ئامانجی داپۆشینی ئەو ناکۆکیەیە کە ڕووبەڕوی دەبینەوە لە هەموو بیرۆکەیکدا، هەر بۆیەش ئیشتارمان داپۆشی، هەتاوەکو باسی گوڵی ڕازاوەی ڕۆبەکەی بکەین نەک ئیشتار خۆی. ئەوان پۆلیسن، کاریگەریەکی ڕاستەوخۆشیان لەسەر ئێمە هەیە و دەمان بەن بەو ئاراستەیەی کە خۆیان دەیانەوێت. ئەوان حەزیان بە پیاهەڵدانی ڕۆبی ئیشتارە، لەشی ئیشتار خۆی بڤەیە، وەهایان باوەڕە لەو دیو ڕۆبەکەی ئیشتارەوە کۆتایی ژیانە. لەڕاستیدا هەموو ئەم راڤەکردنانە شەڕی مان و نەمانی مرۆڤە و ڕۆژێک هەر پێی دەگەین، جارێکی تر پەردە لەسەر خواوەندی ئیشتار لادەبەین و ڕووتی دەکەینەوە، ئەمەیە کە پێی دەڵیین : مردنی مرۆڤ .

ساڵانی 78 لە ئەمەریکا، هونەری ؛ بەد شێوەکاری "bad painting" لەلایەن چەند هونەرمەندێکەوە هاتە کایەوە، هەندێک لەو هونەرمەندانە لەوە و بەر لە سەر دیوارەکانی شار گرافیتییان دەکرد، کاریگەری هونەری ئەفریقی و ئیسپانیان بە سەرەوە بوو، بەناوبانگترینیان، هونەرمەند، جۆن میشێل باسکیا Jean-Michel Basquiat بوو. ئەمانیش وەک دوبیوفێ دژی هونەری سەردەمەکەیان وەستانەوە کە بریتی بوو لە ؛ هونەری؛ ( کۆنسێپتوێل و مینیمالیست ) ، کۆنسێپتوێل گرنگی بە کۆنسێپت، بە بیرۆکە دەدا، نەک کارە هونەریەکە خۆی. مینیمالیستیش، دژی هونەری فیگوراسیۆن بوو، لە هەمان کاتا، داماڵینی هونەر لە مانا و باس.

جیاوازی ئەم هونەرمەندانە کە بزوتنەوەکەیان ناونراوە بەد شێوەکاری، لەگەڵ هونەری شێتەکاندا ئەوەیە کە شێتەکان بە ( بەد ) نەخشیان نەکردووە، بڕیاریان نەداوە بە بەد نەخش بکەن، بەڵکو شکڵەکان ڕاستەوخۆ لە بەدەوە هاتوون، لە ناخەوە هاتوون، بە بێ ئەوەی بەرگێکی نوێی بکەن بە بەریا، بە بێ ئەوەی ڕۆبێک بۆ ئیشتار بپۆشن، دوبیوفێ هەرگیز باسی بەدی نە کردووە وەک دەستەواژە، کارەکەی بە بەد ناو نەبردووە، بەڵام هەمان چەمکە؛ گوزارشتکردنی ڕاستەوخۆی هزرە بە بێ داپۆشین.

وێنەی (13) چۆن میشێل باسکیا Jean-Michel Basquiat
وێنەی (13) چۆن میشێل باسکیا Jean-Michel Basquiat

خۆ ئەگەر بۆرژوازیەکان بەرگێک دەپۆشن بەبەری ئیشتاردا ئەوا هونەرمەندانی بەد شێوەکاری و دوبیوفێش بەرگێک دەپۆشن بە بەری ئیشتاراد بە نیسبەت شێتە رەسەنەکانەوە، شێتەکانی خەستەخانەکان، ئەوانەی تەواو پەیوەندیان پچڕاندووە لەگەڵ دەور و بەریاندا، بەشێکی سەرەکی هۆکاری پچڕاندنی پەتی پەیوەندی، لەبەر ئەوەیە کە ئاگاییان بە هونەر نیە و نازانن چۆن گوزارشت لە هەستی خۆیان بکەن، خۆیان بە نامۆ دێتە بەرچاو. ئەوانەی کاتێک ئێمە بە بینیان هۆنراوەکەی ڕامبۆ دێت بە بیرماندا ؛ من شانسم هەیە کە ئەشکەنجە زیاتر ناچێژم....

ئەگەر هونەری پوخت، زۆر لە پێش بزوتنەوەی بەد شێوەکاری هاتە کایەوە، بە مانای رەسم کردن بە خراپی، ئەوا هونەری؛ پوخت (Brut)، بنەمایەکی ڕێ خۆشکەر بوو بۆ ئەوان، لە ساڵی 1945، لە کاتی شەڕی جیهانی دووهەمدا، یەکەم هەنگاوەپتەو بوو بەرە و بەد شێوەکاری، لەبەر ئەوەی دوبیوفێ لە سەردەمی خۆیدا لە ئەمەریکا پێشانگای کردبوەوە، خەڵکی بە کارەکانی دووبیوفێ ئاشنییان هەبووە. کاتێک دەڕوانینە هەندێک تابلۆی دووبیوفێ، هەستدەکەین کە ئەو زۆر پێشتر لەوان گوزارشتی لەو هەستە کردووە، بە تایتبەتی دووبیوفێ لەو سەردەمەدا بە تەنیا بوو، تەنها خۆیی و بتڵە شەرابەکەی بوو.

وێنەی (14) Jean Dubuffet (1960(1988)
وێنەی (14) Jean Dubuffet (1960(1988)
Jean-Michel Basquiat وێنەی (15) (1901-1985)
Jean-Michel Basquiat وێنەی (15) (1901-1985)

دەلێن گوایە کۆمەلگەی ئەبۆریژێکان لە ئوسترالیا، هەرگیز لەتوانیاندا نیە نەخشی مرۆڤێک بکەن وەک ئەوەی کە هەیە، ئەگەر نەتوانن گوزارشت لە ناخی مرۆڤ بکەن، بەهەمان شێوەی مرۆڤی سەرەتایی لە ئەشکەوتەکاندا وێنەی مرۆڤیان وەک خۆی نەکردووە، هەرچەندە ئەم چەمکە وەها راڤەی بۆ دەکرێت، گوایە ئەبۆرێژێکان وەک مرۆڤی ئەشکەوتەکان ئاشناییان بە ئاوێنە نەبووە، بەڵام منداالانیش هەرگیز مرۆڤ نەخش ناکەن وەک ئەوەی کە دەیبینن، بەڵام دوبیوفێ هەمیشە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە هونەری پوخت، هیچ پەیوەندیەکی نیە لەگەڵ هونەری منداڵان و هونەری ساویلکە (l’Art Naive) دا.

مامۆستاکانی کوردستان، دەتوانن خوێندکارەکانیان بەم ئەزموونە ئاشنا بکەن، هەتا یارمەتی خویندکارەکانیان بدەن ئاشناییان بە نەست وەدەست بخەن، بە داخوازیکردن لە خوێندکارەکانیان بە پڕکردنەوەی پانتاییەکیی فراوان بە نەخش، بە بێ ئەوەی پێشبینی شکڵێک یان باسێکیان لەوە و بەر کردبێت لە هزریاندا، بە خۆڕسکانە، وەک چۆن لە شانۆدا کاتێک داوا لە ئەکتەرێک دەکرێت، دەوری خەمگینی یان توڕە بوون یان هەر بارێکی دەروونی تر ببینێت، بە بێ ئامادەکردن، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە لێرەدا، جگە لەوەی کە هونەری شیوەکاری دەتوانێت گوزارشتی راستەو خۆ لە هزر بکات، لە حاڵەتی دەروونی هەنوکە بکات، کە تاک تیایادا دەژی و دەناڵێنێت پێوەی، لە هەمان کاتا باسەکەش ناوی لێ نەنراوە، واتە ئێمە ناوی لێ نانێین ؛ خەمگینی یان توڕە بوون یان هەر هەستێکی تری مرۆڤ، لەبەر ئەوەی لە هونەری شێوەکاریدا خەمگینی و توڕەبوون و شێتی مانایەکی تریان هەس. کەواتە دەبێت داوا لە خوێندکار بکرێت بە بێ بیرکرەنەوەی پیش وەختە و بە بێ گوێدان بە چۆنایەتی شکلێک، وەک ئەوەی لەو کاتەدا هزر ئارەزووی دەکات ؛ ڕاستەو خۆ جوڵەی دەست لە ژێر داخوازی ئەودا بێت نەک هێزێکی دەرەکی. ئەم ئەزمونە جگە لەوەی یارمەتی خوێندکار دەدات بە نەستی خۆی ئاشنا ببێت، لە هەمان کاتا ئەگەر وەک هونەرمەندێک بەردەوام بێت لە کاری هونەری و ڕاڤەکردن و پرسیارکردن لە ژیان، ئەوا رۆژێک هەر دەبێت رووبەرووی جۆرێک لە ئاڵۆزی دەروونی ببێتەوە، ڕوبەرووی شێتی ببێتەوە، ئەوسا ئەم جۆرە کارکردنە دەبێتە چەکێکی کاریگەر بە هەلهێنجاندنی ئەو هزرە شێواوە، بە چواندنی بە شکڵێکی هونەریی، بە پۆشینی بەرگێک بۆ ئەو ڕۆحە سەرشێتە، بە ماڵی کردنی ئەو باڵندە کێویە، بە هەڵهێنجاندنی ئەو هەستە. دەزانێت کە ئەو هەستە، دەتوانێت بچێتە ناو هونەرەوە و نامۆ نیە بە هونەر. بەڵام نابێت مامۆستا هیچ وێنەیەکی پێش وەختەی هونەری پوخت پیشانی خوێندکارەکانی بدات.

هونەری شێوەکاری کارێکی تەواو سپیریتوێلە، دەتوانین بڵێین کارێکی جادوگەرییە. مرۆڤی ئەشکەنجە کێش، دەرون شێواو، لە بەر ئەوە نیە کە شوناسی ونکردوە بۆیە دابراوە لە دەوروبەرەکەی ؟ لەبەر ئەوەی کە ناتوانێت گوزارشت لە هەستی خۆی بکات، ئەو شکڵانە توانایان هەیە وەک ئاوێنەیەک شوناسێک بدەن بەو ڕۆحە، شوناسێک بدەن بە ھزری سەرلێشێواوی، ھزری وونبوو، قوفلدراو، بەندکراو لە ناو قەفەزی رۆحدا . لە کوردەواریدا، خۆ ڕاژەندنی منداڵیان وەک نیشانەی دەرون ئاڵۆزیی بینیوە، بۆیە ڕێگریان لێ کردوون. خۆ کابرای جوو، کاتێک لە بەردەم دیواری داڤیدا خۆی ڕادەوەشێنێت، بە بێ ووچان، مەبەستی ئەوە نیە بە خوێندنەوەی چەند پەرەگرافێکی بایبڵ هزری شێتی خۆیمان لێ بشارێتەوە ؟ ئەی مرۆڤێکی ڕێبازی سۆفی گەری، هەموو ڕۆژێک خۆی لەسەر پردی سیراج نابینێتەوە، لە خوارەوە شێتی ؟ هونەری شێتەکان بریتییە لەو سەڕاوەشاندنە بە بێ وچان، کاتێک هزر دەتوانێت شوناسێک بدات بەخۆی، ڕاستە و خۆ لەو حەلەتەدا خۆی دەنوێنێت بە بێ ئەوەی بەرگێکی نوێ بپۆشێت. ئەو شێتانە لە بری ئەوەی خۆیان ڕاژەنن، سەر بدەن بە دیواردا، هزریان راستەو خۆ بە دەستیاندا وەک پەنجەرەیەک لە دەرونیانەوە راستەو خۆ، خۆی دەبینێتەوە بەرامبەریان.

بەڵام دوبیوفێ وەک هەموو مرۆڤێک، لەداوای تێپەڕبوونی بە ئەزمونی شێتیدا، دواجار لە کۆتایی ژیانیدا، ئیدی بەدوای ئارامکردنەوەی رۆحی شێتی خۆیدا دەگەڕا لەبری گەڕان بەدوای شێییەکی تردا، وەک چۆن دەبینین تابلۆی مانگاکانیا، ڕۆحێکی کەمتر شێتییان تێدا بەدی دەکرێت لە کۆتایی ژیانیدا (وێنەی )

وێنەی (16) مانگاکەی دوبیوفێ لە کۆتایی ژیانیدا
وێنەی (16) مانگاکەی دوبیوفێ لە کۆتایی ژیانیدا