هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی بەرپرسیارێتی مەڵبەندی سلێمانی حیزبەکەی ڕاگەیاند

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

دەقی دەستلەکارکێشانەوەکە:

کوردستانیانی بەرێز....

کادرو لایەنگرە تێکۆشەرەکانی (ی.ن.ک)....

هاوڵاتیانی خۆشەویستی سلێمانی...

کەبڕیارم دا ئەرکی بەرپرسیارێتی لە مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەرگرم، لەو کاتەدا یەکێتی و سلێمانی لە بارودۆخێکی خراپدابوون و سەرجەم هەوڵەکانیش بۆ باشکردنی ئەو دۆخە بوو، ئەم بڕیارەشم تەنها لەبەر خاتری (ی.ن.ک)نەبوو، بەڵکو بەئامانجی خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی ئەم شارە بوو. لەو کاتەشدا حزبەکەمان لەم شارەدا ڕوبەروی تەحەدایەکی گەورە بوو بووەوە، زۆر کەسیش دودڵ بوون لە هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتی یە، هەربۆیە بڕیارمدا شان بدەمە بەر ئەو ئەرکە سەختە.

هەرچەندە من هەرگیز ئەوەم نەشاردۆتەوە کە کوردستانیم، بەڵام وا بیر ئەکەمەوە ئەگەر مرۆڤ شارەکەی خۆی خۆش نەوێت ناتوانێت کوردستانەکەی خۆش بوێت.

ئێستا نزیکەی چوار ساڵە لە مەڵبەندی سلێمانی کار ئەکەم، لەم ماوەیەدا هەوڵم داوە خزمەتی شارەکەم و خەڵکەکەی و باقی تری گوندو شارەکانی کوردستان بکەم، ئەمەش ئەرکێکی گرنگی یەکێتییەکانە لە هەر پۆست و پلەیەکی حزبی و حکومی بن و لەهەر شارو شارۆچکەیەک بن.

لەم ماوەیەدا لە زۆرێکی کێشەکانتان ئاشنا بووم و، زۆر هەوڵمدا دڵسۆزانە هەندێک لە ناڕەواییەکان ڕاست بکەمەوە، بەتایبەتیش کێشەکانی تایبەت بە موڵکدارێتی، خزمەتگوزاری گشتی، کرێکاران و فەرمانبەران و خوێندکاران و ئەو دوای توێژەکانی تری هاوڵاتیان.

بەڵام ئەم کێشەو داخوازیانەی ڕۆژانە ڕویان دەکردە مەڵبەند، زۆرێکی تریش لە کێشەکان چارەسەریان لای حکومەتی هەرێم بوو، هەوڵی نێوەندگیریمان دا لە نێوان هاوڵاتیان و حکومەت بۆ جێ بەجێکردنی داواکاریە ڕەواکانی خەڵک، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا تەنها بەڵێنمان پێدراو کێشەکان چارەسەر نەکران.

بەداخەوە پاش ئەوەی کە نەمتوانی جێی ڕەزامەندی زۆربەتان بم، بۆیە بڕیارم دا بگەڕێمەوە مەکتەبی سیاسی و ئەرکی کارکردن لە مەڵبەندی سلێمانی بۆ کەسانی تر جێ بێڵم.

دڵنیاتان ئەکەم کە سلێمانی لە دڵی مندا هەر شارە حەیاتەکەیە، شایەنی هەموو شتێکی جوان و باشترە، لە هەر کوێ بم بە پێی توانای خۆم خزمەتی ئەکەم.

زۆر سوپاسی سەرجەم ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەکەم و سوپاس بۆ کادیران و ئەندامانی مەڵبەند و دڵنیاتان ئەکەم ئەگەر هاوکاری ئێوە نەبوایە ئەرکەکەم زۆر قورستر ئەبوو.

داوای لێبوردنتان لێ ئەکەم وەکو پێویست نەمتوانی خزمەتان بکەم و جێی هیواتان بم.[١]

دڵسۆزتان

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد 2013

  1. سەرچاوە: ماڵپەری مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان