پەیوەندی شیعر و سەفەر لەلای (گۆران)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد

Goran.jpg

ئەدەب بەگشتیی و شیعر بەتایبەتی، بریتییە لە: نووسینەوەی ئۆتۆبایۆگرافیای نووسەر، بەڵام چۆنێتی ژیانی نووسەر و بنەمای فیکریی و ئایدۆلۆژی، کاریگەری دیاریان لەسەر جیهانبینی بەرهەمی ئەدەبیی و هونەری هەیە و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ژیان و بەسەرهاتەکانی نووسەر، لە فۆرمەلەکردنی جیهانبینی هەر دەقێکی ئەدەبیدا، ڕۆڵی لەبەرچاو دەبینن

(1) تەنانەت هۆکاری: بۆماوەیی، کۆمەڵایەتیی و دەروونیش، هەریەکەیان و بە ئەندازەی جیاواز، ڕەنگدانەوەیان لەسەر جیهانبینیی و داڕشتنی دەقی ئەدەبی هەیە.

لەم بۆچوونەوە، (سەفەر) وەک وێستگەیەکی گرنگ لە ژیانی گۆران، دەتوانێت لە تێگەیشتن و کارکردن لەگەڵا شیعرەکانیدا، پەیوەندییەکی دیاری هەبێت.

سەفەر لە ژیانی ئەم شاعیرە داهێنەرەی کورددا، بە شێوەیەکی جیاواز خۆی پیشانداوە؟! کەم شاعیری هاوسەردەمی گۆران هەیە، کە بە ئەندازەی چەندێتیی و چۆنێتی سەفەرەکانی گۆران، سەفەری کردبێت و لەسەفەردا، شیعری نووسیبێت! کە بێگومان هەریەکێک لەم سەفەرانە، لەگەڵا چەند پێکهاتەیەکی تردا، لە درووستکردنی دەقی ئەدەبیدا ڕۆڵیان هەیە و پێکەوە کاریگەرییان لەسەر دەلالاتی فیکریی و دەروونی و زمانەوانی شاعیر دەبێت و دەتوانیین لەڕێیانەوە، پەی بەو ئاستە باڵایە بەرین کە هەستی ئیستاتیکی چۆن مامەڵەی لەگەڵا ڕووداوەکانی ژیاندا کردووە و چۆن گۆڕیونی بۆ دەلالات و هێما و ڕۆحی هونەری.

(2)سەفەر لە ژیاننامەی بنەماڵەی گۆراندا، وەک ڕووداوێکی مێژوویی دووبارەکراوە دەرکەوتووە. باپیرەگەورەی شاعیر (عینایەتوڵڵا بەگی کوڕی ئەمانوڵڵا بەگ) بەهۆکاری کۆچ و باری جافەکان، بە خاووخێزانەوە، لە ناوچەی مەریوانەوە هاتوونەتە سلێمانیی و لە ناوچەی قەرەداخ نیشتەجێ بوون، هەمان ڕووداو لەسەر (عەبدوڵڵا بەگ)ی باپیری گۆرانیش دووبارە بووەتەوە و (عەبدوڵڵا بەگ) لەبەر ئەوەی کە خۆی بە جاف زانیوە، لە قەرەداغەوە ڕووی کردووەتە هەڵەبجە و لەوێ‌ جێگیر بووە.

Rebwa.jpg

(3) ئەگەر ئەم سەفەرانە زۆر لە دوورەوە لەگەڵا دەقی شیعرییدا سەوداسەرییان هەبووبێت، ئەوا لەلای (سلێمان بەگی کاتب فارسی) شاعیر و باوکی گۆران، وەک زانیاری ماوەتەوە و ئاوێتە بە بیر و خەیاڵاتی شیعری کراوە. ئەگەر هەموو ئەم سەفەرانە، بەشێک بووبن لە تایبەتمەندێتی ژیان و باری کۆمەڵایەتی خەڵکانی ناوچەکە و زۆربەی بنەماڵەی سەردەمەکە، ئەوا لای گۆران ئەم تایبەتمەندییە زۆر زاتی بووەتەوە و وەک چۆن سەفەرەکانی گۆران، لەسەفەرەکانی باوانی ناچێت، بە هەمان شێوەش لە سەفەرەکانی هاوسەردەمانی خۆیشی ناچێت؟ چونکە هۆکاری باوی سەفەر لەوکاتانەدا، لەژێر کاریگەریی: کۆچەرایەتیی و خوێندن و ژن و ژنخوازیی و حەجکردندا بووە، بەڵام سەفەرەکانی گۆران، لەمەش زۆرتر ڕۆیشتووە و ئاراستەیەکی جیاوازتری هەبووە و پەیوەندییان بە چەند بارێکی تری وەک: مەدەنی، شاند و سیاسەت، نەخۆشیی و ڕاگەیاندن و... هەبووە.

ئەو شیعرانەی کە بەرهەمی سەفەرەکانی شاعیرن و شاعیر لەسەفەردا نووسیونی و لە دیوانەکەیدا هەن -ڕەنگە شیعری تریشی هەبووبن- ژمارەیان نزیکەی بیست شیعر دەبێت.

تەنانەت یەکەم شیعر و دوا شیعری شاعیریش هەر لە سەفەردا نووسراون. یەکەم شیعری شاعیر ئەو شیعرەیە کە گۆران لە تەمەنێکی زۆر کەمدا، کاتێ بەهاندانی (مستەفا سائیب)، لەگەڵا (عەبدولواحید نووری) خاڵۆزایدا، بۆ خوێندن دەنێررێنە قەتابخانەی عیلمییەی کەرکووک (4) بەناوی (لە کەرکووکەوە بۆ دایکم نووسیوە) نووسیوە و تێیدا باس لە گریان و ئاه و مەلوولی حاڵی غەریبی خۆی بۆ دایکی دەکات و دەنووسێت:

(5)دەگریم و دەسووتێم هەروەکو مۆم، ئاهم ئەگاتە گۆشی گەردوون، مات و کز و مەلوول و مەخزوون بۆ حاڵی غەریبی، بێکەسی خۆم! هەروەها دوا شیعری شاعیریش بریتییە لەو شیعرەی کە لە 25-06-1962 دا بەناوی (بۆ لاوان)ـەوە نووسیوێتی و دواتر نموونەی لێ وەردەگرین. ئاشکرایە هەر سەفەرێک کە شاعیر کردوویەتی، لەژێر بارێکی تایبەتیدابووە و ڕەنگدانەوەی کات و بارێکی دیاریکراوبووە. گۆران خۆی لەو پێشەکییە کورتەیدا کە بۆ (لاوکی سوور بۆ کۆریای ئازا)ی نووسیوە، دەنووسێت: ئایین و ئایدیاڵا و پێڕەوی فەرمانداری هەقی چییان بەسەر هەست و عاتیفەیەکەوە هەیە کە لە قوڵایی سەرچاوەی ئینسانییەوە هەڵدەقوڵێ،

(6) هەروەها لەو سەرەتایەشدا کە بۆ (گەشت لە هەورامان)ی نووسیوە، دەنووسێت: ئەم گەشتنامەیە... مایەی ئینتیباعاتی تاقە گەشتێک نییە، بەڵکو هەست و بینینی چەند گەشتێکی کات و وەرزی جیاجیای پێشوو لە بیرەوەریما پەنگیان خواردەوە، هەتا بۆ جاری دوایی لەگەڵا چەن هاوڕێیەکی گیانی، بۆ چەن ڕۆژێک، بە پێکەنین و گۆرانی وتن بە ناو باخە زۆرەکان و یاڵە بەرزەکانی هەورامانا سووڕاینەوە. ئیتر ئەم هەڵبەستە لە خولاسەی هەموو ئینتباعاتی گەشتەکانی کۆن و تازەم هاتە دی.

(7) هەر سەفەرێک و هەر شیعرێک لە پەیوەندییەکی تایبەتدا بەیەکەوە گرێ دراونەتەوە و دەکرێت بەپێی کات و جوگرافیا و هۆکاری بابەتیی و زاتی پۆلێنی تایبەتییان بۆ بکرێت. مەرج نییە هەموو بنەماکانی سەفەر وەک یەک و لە یەک پەیوەندی نێوان شیعر و سەفەردا خۆ دەربخەن، بۆ نموونە بونیادی (هۆ + شوێن) لەهەموو پەیوەندییەکاندا، وەک یەکتر نیین و شوێنی (کەرکووک، چەند گوندێکی سەر بە هەڵەبجە، کووت، بەعقوبە، نوگرەسەلمان، بەدرە) لەچاو (ڕوسیا- فەلەستین) کە شاعیر شیعری تێدا نووسیون، جیاوازن، هەروەها ئەو سەفەرانەی کە لەسایەی باری ناچاریی و ڕووداوە دەرەکییەکاندا کراون، وەک (بوونە خوێندکار لە کەرکووک، بوونە مامۆستا لە چەند گوندێکی سەر بە هەڵەبجە، چوونە کۆریا و چینی میللی وەک لیژنە و چوونە ڕوسیا بۆ چارەسەری نەخۆشیی و...) لە هەریەکەیاندا هەست و دەرونێکی جیاواز دەبینرێ کە وشە و بابەتی شیعری سەرچاوەیان تێدا گرتووە و ئەم شیعرانە لەو شیعرانە ناچن کە بە هۆکاری جیاوازتری سەفەر شاعیر کردوونی، وەک (ژنی دووەمی هێناوە و چووەتە بەغدا، لە ڕادیۆدا کاری کردووە و چووەتە فەلەستین...) هەروەها سەبارەت بە کات و ڕێککەوتەکانی تریش، بەهەمان شێوە... تەنانەت لەو شیعرانەشدا کە لە یەک کات و شوێن و یەک هۆکاری سەفەریشدا نووسراون، هەموو تایبەتمەندییەکان چوونیەک نیین و خوێندنەوە و جیهانبینی جیاواز هەڵدەگرن، کە هەر ئەمەش ئامانجی باسەکەیە و وەک نموونە کاری لەسەر کراوە.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی دوا سەفەری شاعیر:

کاتی سەفەر: 10-04-1962 - ؟ (نزیکەی دوومانگ تەمەنی شیعریی 03-05-1962- 25-06-1962 )

شوێنی سەفەر: ڕووسیا (نەخۆشخانەی کرملن)

هۆکاری سەفەر: چارەسەری نەخۆشی (شێرپەنجەی گەدە)

شاعیر لەژێر سایەی ئەم تایبەتمەندییە گشتییانەدا، شەش شیعری نووسیوە کە بریتیین لە: (مۆسکۆی ئەیار) لە 03-05-1962، (وەڵامی پرس) لە 25-05-1962 ، (بێدارییەک) لە 06-06-1962، (بێشکەی مناڵا) لە 12-06-1962 ، (تیروکەوان) لە 17-06-1962 ، (بۆ لاوان) لە 25-06-1962 . ئەگەرچی ئەم شیعرانە بەرهەمهێنراو و زادەی بیری سەفەری شاعیرن و باری تایبەتمەندی گشتی سەفەر تێیاندا هاوبەشە، بەڵام وەک پەیام و جیهانبینی شیعریی، هەریەکەشیان تایبەتمەندێتی خۆیانیان هەیە.

پاش ئەوەی شاعیر دووچاری نەخۆشی گەدە دێت و لە بەغدا نەشتەرگەرییەکی سەرنەکەوتووی بۆ دەکرێت، باری تەندروستی خراپتر دەبێت و نەخۆشییەکەی کاردانەوەی زۆرتر لەسەر باری خواردن و هەڵسوکەوتی دادەنێت.

تەنانەت کارکردی کۆمەڵایەتیی و ئابووری و سیاسی لەسەر ژیانی شاعیر دەدەنێت و ژیانی ئاسایی لە شاعیر دەسەننەوە، بۆ نموونە: خواردنی گۆران کە ئارەزووی لە خواردنی قورسی کوردەوایی وەک سەروپێ و کفتە و یاپراخ بووە بووە بە بەردەوام بسکیت وماست خواردن.

(8) بەتەنگەوەنەهاتنی کەس و هاوڕێکانی لە نەخۆشخانەی بەغداددا و لەو ڕۆژانەی کە لە نەخۆشخانە بووە، جگە لە سەردانی سەرپێیی یەک دوو کەس، لە (سەعید ناکام) بەولاوە کەسی بەدیارەوە نەبووە. تەنانەت دوو کوڕەکەیشی شەوانە بەجێیان هێشتووە.

(9) باری داریی خێزانیشی خراپ بووە و لەلایەن حیزبی شیوعییەوە پارەیەک بۆ خێزانەکەی بڕڕاوەتەوە.

(10) نەیتوانیوە کاری ڕێکخراوەیی بکات و دوای لە لیژنەی ئاشتیخوازان کردووە لە سلێمانی کە کەسێکی تر لە شوێنی ئەم دابنێن.

(11) لەگەڵا هەموو ئەم بارە قورسانەی ژیانی شاعیر، چی تر ئومێدی چارەسەری ناوخۆیی نامێنێ و بە ئومێد و هیوایەکی زۆرەوە بۆ چارەسەرکردن دەچێتە ڕووسیا

(12) دیارە ئەم هیوا و ئومێدەشی بۆ گەوروەریی ڕووسیای سەرچاوەی شیوعێتیی و بەناوبانگی نەخۆشخانەی (کرملن) دەگەڕێتەوە کە لەوکاتانەدا بۆ کەسە گەوەرە و دەستڕۆیشتووەکان تەرخان کراوە.

تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکمان سەبارەت بە نزیکەی دوو مانگی سەرەتای مانەوەی ( 10-04-1962 -03-05-1962) لە ڕووسیا و نەخۆشخانە، لەبەر دەستا نییە؟! ئەوەی کە هەیە، بوونی شەش پارچە شیعرە کە لە دیوانەکەیدا بڵاوکراوەتەوە و تایبەتن بە دوو مانگی کۆتایی (03-05-1962- 25-06-1962 ) مانەوەی لە ڕووسیا.

لێرەبەدواوە ئەم شیعرانە دەکەینە تەوەری دەرخستنی پەیوەندییەکە: ئەگەر سەیری یەکەم شیعری گۆران بکەین کە لەم سەفەرەدا و لە 03-05-1962دا نووسیوێتی، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بیری شیعری گۆران هێشتا بە دروشم و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستییەوە بارگاوی بووە و زۆرتر ڕووی لە گشتیی بوونە و ئەمجارەیان بە هەستێکی کرێکارانەترەوە و لە دوور وڵاتەوە جەژنی ئایار بەناوی (مۆسکۆی ئەیار)ەوە پیرۆز دەکات. شاعیر دوور لە هەر هەستکردنێک بە باری نالەباری دەرونیی و تەندروستی و کەسی خۆی، زمانی شیعری لەگەڵا مۆسکۆی بەهەشتیی و ڕزگارکەری هەموو دنیایە. پێدەچێت هێشتا گۆران لەوە دڵنیا بێت کە مۆسکۆ نەک هەر جێی هیوای چاککردنەوەی نەخۆشییەکەی شاعیرە، وەک لە نامەیەکیدا کە لە 27-04-1962دا بۆ (د. مارف خەزنەدار)ی ناردووە، ئەوە دەنووسێت کە: لەبارەی ناساغییەکەمەوە هیچ خەمت نەبێ، زۆر باشم، تەنانەت ئەمڕۆ پزیشکەکەم سەربەستی کردم بۆ خواردنی هەرچی دڵم ئەیگرێ.

(13) بگرە مۆسکۆ جێی هیوای هەموو مرۆڤە بەگشتی کاتێ دەنووسێت:

کە پێکەنی جەژنی ئەیار

بەفری زستان کردی ئارەق

مۆسکۆی پێشڕۆی دنیای ڕزگار

جووڵەی تێ کەوت لەگەڵا شەبەق

.... دوایی، شوپۆل چوو، شەپۆل هات

لە خەڵکی مۆسکۆی بەهەشتی،

ئەو خەڵکەی بەهەشت ئەخوازن

بۆ ژیانی مرۆڤ گشتی!

جۆشی دەنگ و ڕەنگ و جووڵە

گیانی منی خستە سەر باڵ،

لە ئاسۆی دووری وڵاتم

ورد ورد گێڕام چاوی خەیاڵ:

بۆ ڕەنگی سەوز، پاش ڕەنگی ئاڵ،

بۆ ڕزگاری لە ژینی تاڵا!

(14)پاش بیست ڕۆژ و لە 25-05-1962 دا شیعری دووەمی بەناوی (وەڵامی پرس)ـەوە دەنووسێت کە لەڕووی ئاراستە و ناوەرۆکەوە زۆر لە شیعری یەکەمی جیاوازترە و ئەمجارەیان شاعیر زۆر زاتییانەترە و زمانی شیعری ڕووی لە دەروونی خۆی و پزیشکەکەیەتی و گلەیی لە ژیان دەکات.

ئەم مێژووە ڕێکەوتی ئەوەیە کە وردە وردە تەندروستی گۆران ڕووی لە خراپی کردووە و لەو هیوا و ئومێدەی دوور کەوتووەتەوە کە پێشتر هەیبووە.

ئەمجارەیان، گۆران لە تەنهایی و ئومێدی چارەسەر و هەڵسوکەوتی کارمەندەکان بێزار دەبێت و وەک (د.مارف خەزنەدار) لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: کە لە نەخۆشخانەی (کرملن)بوو، چاوم پێی کەوت، گلەیی لە ڕو‌وسەکان هەبوو، وەکو خۆی دەیگوت، ئەوەی ئەو لە ڕەوشتی تاکی کۆمۆنیست گەیشت بوو، زۆربەی ئەوانەی لە نەخۆشخانە بوون ئەو ڕەوشتانەیان نەبوو.

(15) ئەمە جگە لەوەی کە پزیشکەکان پێیان وتبوو کە نەخۆشی شێرپەنجەی گەدەی هەیە و لە دوای گەڕانەوەی، لە شەش مانگ زیاتر ناژی، هەرچەند داواشی کردبوو کە چەند مانگێک لەوێ‌ بمێنێتەوە، بەڵام بێسوود بووە

(16) لەم شیعرەدا (وەڵامی پرس)دا گۆران تووشی شکست هاتووە و دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بووە و هەموو شکستێکیش لە دەرەوەڕا کاردانەوەی لەسەر ناوەوە هەیە، بۆیە شکستی جەستە لای گۆران، دەیگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژ و بەدیوی ناوەوەدا، تێڕامان و بیرکردنەوە دروست دەکات. بیرکردنەوەش لە نەخۆشییەکەی لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە، لەبەردەم پرسیاری دکتۆردا ئامادەی دەکات،

(17) دەنووسێت:

ڕاکشابووم لەسەر پشتم

دکتۆرەکەم

ماری شێرپەنجەی ئەکوشتم...

(18)لەگەڵا ئەوەشدا کە گۆران وەک دەردەکەوێ زانیوێتی دووچاری شێرپەنجە بووەتەوە و وەک لە پرسیاری دکتۆرەکەیەوە (ئی.ئی.ڤاسیلێڤا) -کە شیعرەکەشی پێشکەشی ئەو کردووە- دەردەکەوێت (شاعیر مات و غەمبار دیارە)، بەڵام پێی وایە ماری شێرپەنجە لەلایەن پزیشکەکەیەوە دەکوژرێت و دیسانەوە لە شیعرەکەدا زمانی شیعری بە ئاراستەیەکی تردا دەبات و دەگەڕێتەوە بۆ باری گشتی و جێناوی کەسی یەکەمی تاک (من) دەباتەوە بۆ کەسی یەکەمی کۆ (ئێمە) و ئەم حاڵەتە زاتیی و دەروونییەکانی بە مانا گشتییەکانەوە دەبەستێتەوە و دیسانەوە بە کۆمەڵ و خەڵکی نیشتیمانەکەیەوە گرێی دەداتەوە، کاتێ دەنووسێت:

(19) بەڵێ دکتۆر! خوشکان! ماتم،

هەر من نیم ماتی وڵاتم،

لەناو هەزارانا، تاک تاک

لێومان هەیە پێ بکەنێ

لای ئێمە بۆ دنیای شادی

وا تازە خەڵک هەنگاو ئەنێ!

گۆران لە 06-06-1962دا شیعری سێیەمی بەناوی (بێدارییەک) دەنووسێ و ئەمجارەیان ئاراستەکان تەواو ڕوو لە خۆن و وەک دەقێکی ڕۆمانسی، شاعیر لەگەڵا سروشتدا لێکچواندن درووست دەکات و بونیادی وێنە و هێما و جوڵەکان درووست دەکات. لێرەدا نائارامی گۆران تەواو لە هیوابڕاندا دەردەکەوێت و لە گشت و زاتیش دوور کەوتووەتەوە و بە خەیاڵا و هەستی لەخۆڕامان و بیرکردنەوەی قووڵا لە بەهاو بوونەکان، چاوی بڕیوەتە بەسەرهاتی بوولبوولێک و لەئەنجامی لێوردبوونەوە و تێفکرین لە چوواندنی نێوان تەنیایی خۆیی و بوولبوولدا، ڕووی لێکچواندنی هێناوە. بەم پێیەش لە شوێنی ڕاستەقینە (کوردستان+نەخۆشخانە) دابڕاوە و لە هۆگرە شوێن (المکان اڵالیف) کە مەبەست لەو شوێنەیە کە بەتوندی کار لەسەر دەروون و هەڵسوکەوتی مرۆڤ و کاردانەوە و چالاکییە دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و تەنانەت بایۆلۆجیی و فیزیۆلۆجی و بیروبۆچوون و ژیانی ڕۆحیی و هەڵسوێستی ڕۆژانە و خەون و خەیاڵا دەکات.

(20) شوێنی بابەتی (المکان الموچوعی) کە پێکهێنەرەکانی لە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەڵدەهێنجرێت و بارودۆخەکە دەیسەپێنێت بەسەریدا تاوەک ببێتە شوێنێکی داخراو.

(21)یش دوورەکەوتووەتەوە و ڕووی لە چنینی ئەندێشەیەکی ڕۆمانسیانە کردووە کە بریتییە لە هاوسەنگیکردن لەنێوان شاعیر و ژیاندا.

(22) و لەم گۆشەنیگایەوە دەنووسێت:

ژوورم تەنیا و دنیای بەر پەنجەرەی ژوور،

بە چواردەوری باخچەی کۆشکا، هەتا دوور،

دارستانی سەروە و سنەوبەری سەوز

شەو ڕووناکە و چاوم یاخی لە وەنەوز

ئەی بەلبولی شەبەقی شەو! بخوێنە،

هەستی "جوانی پەرستی"م بورووژێنە

(23)لە شیعری چوارەمیدا کە لە 12-06-1962 بەناوی (بێشکەی مناڵا)ـەوە نووسیوێتی، شاعیر دەچێتە سەر دەلالاتێکی فەلسەفی بۆ ڕاڤەکردنی مرۆڤ و لەدایکبوون و گەورەبوون و دووبارەبوونەوەی بەردەوامیی ژیان، کاتێ کە بێشکەی مناڵ دەکاتە شانۆی ئەم تێگەیشتنە و لەوێوە لە هاوکێشەی سادەی ئارەزووی دایک و باوک لەگەڵا کۆرپەدا دەدوێ و بێگومان لەسەر ئەم شانۆیەش شاعیر دەیەوێت تەمەنی خۆی لەبەردەم ئاوێنەی شیعردا بخوێنێتەوە کاتێ دەنووسێت:

(24) ئای ئەو ماڵە چەن ئاوایە:

کە دایک و باوک لای بێشکەدا،

گوێیان لە مشەی ساوایە!

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەدا و تەواو تێگەیشتن لەوەی کە هیوا بڕاوە و شاعیر وەڵامی پرسیارەکەی لەلایەن پزیشکەکەیەوە، وەک ئەم دەیەوێت، دەست ناکەوێت و تەنیایی و خەیاڵاتە ڕۆمانسییەکەشی نایگەیەنێتە مەبەست و تێگەیشتن لە فەلسەفەی سادە و گەورەبوونەکەشی لە ئارزوویەکی ساکارانەی دایک و باوک بەولاوە شتێکی تر نییە، ئەمجار گۆران دەست دەگرێتەوە بەو کۆڵەکە هەمیشەییەی کە لە زۆربەی شیعرەکانیدا ئامادەبووە و جارێکی تر بە هەمان هەناسەی شیعری یەکەمیەوە دوو شیعری خۆی لە سەفەر و لە نەخۆشخانەدا دەنووسێت کە یەکێکیان لە 17-06-1962 بۆ کۆنگرێسی ئاشتیی و چەکفڕێدانی گشتی بە ناوی (تیر وکەوان)ـەوە نووسیوە و شاعیر بیر لە مرۆڤایەتی بەگشتیی و خەمە گشتییەکان و ئاشتیخوازی دەکاتەوە و ئەمجارەیان ماری شێرپەنجەی شاعیر گشتییە و بریتییە لە چەک و شەڕکردن، کاتێ دەنووسێت: (25)

هەتا زووە،

تا خەڵک گشت بە قڕ نەچووە،

دان لە دەمی مار دەربێنێ!

چەک نەمێنێ،

ئەوسا، بێ ترس، تێر ئەنوێ چاو،

ئەچێتە ئیش دوو دەستی پیاو!

ئەوسا باخچەی ژیانی نوێ،

جوانترین گوڵی تیا ئەپشکوێ!

هەر لەم هەستەوە، دوا شیعری خۆی بەناوی (بۆ لاوان) لە 25-06-1962 دەنووسێت و لە تێگەیشتنە زاتییەکانی خۆیەوە کە لە سەفەردا دوا وێستگەی پێگەیشتنی بووە، دەکاتە هەوێنی ئاشتیخوازی لە جیهاندا: (26)

ئەی لاوان!

میهرەجان،

وێنەی هاوژیانییە،

هەر کاتێکی ژیانی

عومرێک خۆشی و جوانییە!

خوشکان و برایانی

دنیای زۆر نزیک، زۆر دوور،

هێزی ئاشتی و برایی

یەکی خستوون لە باکوور

وەک چەپکە گوڵی شایی،

سپی و ڕەش و زەرد و سوور،

تێکەڵا بوون...

بە ڕۆژ بە شەو تا ئەنوون

بەستەتان وا لە دەما،

بێ کۆڵدان، بێ ماندووبوون،

لە ئاشتی جیهان ئەدوون!

پەراوێز و سەرچاوەکان:

1. گۆران و گەڕان بەدوای یەقیندا، عەتا قەرەداخی، زنجیرە بڵاوکراوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپخانەی بابان، 1999، ل5

2. هەمان سەرچاوە،...، ل7

3. دیوانی گۆران، محەمەدی مەلا کەریم، چاپی یەکەم، چاپخانەی دالاهو، 1384، ل34

4. دیوانی گۆران،...، ل35

5. دیوانی گۆران،...، ل179

6. دیوانی گۆران،...، ل184

7. دیوانی گۆران،...، ل117

8. گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا، مامۆستا جەعفەر- ڕێبوار حەمە تۆفیق، دەزگای حەمدی، سلێمانی 2007، ل196

9. بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام، سەعید ناکام، ل108-108

10. گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا،... ل196

11. گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا،... ل221

12. لە (دیوانی گۆران،...، ل36)دا وا هاتووە کە: لە نیسانی ساڵی 1962دا بۆ ماوەی سێ‌ مانگ دەچێتە یەکێتی سۆڤیەت و لە نەخۆشخانەکانی (کرێمیلن) و سەنەتۆری (بەرڤیخە) ماوەتەوە، بەڵام (د.مارف خەزنەدار) پێی وایە: لە بەهاری ساڵی 1962دا چووەتە مۆسکۆ. بڕوانە (گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا،... ل211) بەڵام ئەوەی یەکەمیان ڕاستترە، چونکە لەنامەیەکیدا کە بۆ د.مارف خەزنەداری ناردووە، ڕۆژی چوونە مۆسکۆی بە 10-04-1962 دیاری کردووە. بڕوانە (گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا،... ل514)

13. گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا،... ل514

14. دیوانی گۆران،...، ل239-240

15. گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا،... ل211

16. گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا،... ل213

17. گۆران و گەڕان بەدوای یەقیندا، عەتا قەرەداخی، زنجیرە بڵاوکراوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپخانەی بابان، 1999، ل78

18. دیوانی گۆران،...، ل173

19. دیوانی گۆران،...، ل173

20. چیرۆکی هونەری کوردی، زاهیر ڕۆژبەیانی، هەولێر، 1997، ل277

21. چەمک و ستاتیکای شوێن لە ئەدەبدا، سەباح ئیسماعیل، کەرکووک، چاپی یەکەم، چاپخانەی ئەرابخا، 2005، ل40

22. التفسیر النفسی لڵادب، عزالدین اسماعیل، دار المعارف عصر، 1963، ص76

23. دیوانی گۆران،...، ل146

24. دیوانی گۆران،...، ل241

25. دیوانی گۆران،...، ل243

26. دیوانی گۆران،...، ل245-248 گۆران ئەم شیعرەی بە بۆنەی میهرەجانی هەشتەمی لاوانی جیهانەوە، بۆ ئاشتیی و برایەتی لە هەلسینکی- فینلەندە، نووسیوە.