پەیکەرێکی زەبەلاح بە هزرێکی بچکۆلانە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
پەیکەر...1.jpg

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

لەسەر بەرزایەکانی شاری سنە پەیکەرێکی هەرەگەورەی هادی زیائەدین دانراوە. ڕۆژنامەوانەکە ئاوا باسی پەیکەرەکە دەکات :

پەیکەرێکی گەورە بە پەیامێکی گەورە، پەیامەکەی هەستانەوەی نەتەوەیەکە، پەیکەرەکە 22 مەتر بەرزە، بەلام بۆ هادی زیائەدین ماندوبونی هەشت ساڵ لە پەیکەرەکەدا گرنگە، نەک قەبارەکەی .

هادی زیائەدینیش دەڵێت :

ئەمە تەنها مەسەلەی شەهادەت نیە، ئەمە ئەو بەڵایانەیە بەسەر میلەتێکدا هاتووە، ویستومە لە دو دانە منداڵی شەهید ئەو کارەساتە پیشان بدەم. من باوکێکم دروستکردووە هیچ تۆپێک نای لەرزێنێت، هیچ ئالوگۆڕێک لەتەئریخدا ناتوانێت ئەو باوکە لەکار بات، ئەم باوکە پشتی نەشیاگە، پایەدار و مەحکەم، لەسەر جێگای خۆیا وەسیاگە، ئەمە تەنها باوکێک نیە، یەک مەملەکەتە، یەک میلەتە.

پەیکەر....jpg


پەیکەرەکە وەک دەیبینن پیاوێکە بە جلی کوردیەوە دو منداڵی مردوی بە لای چەپ و راستیا لە باوەش گرتووە، شکڵی پەیکەرەکە بە شکڵێکی هەندەسی بەش بەش کراوە، تۆزێک لە شکڵە کلاسیکیەکە لای داوە. باوکەکە هەرچەندە بە پێوە وەستاوە بەڵام وەک منداڵەکان بێ گیان و مردو دیارە، هیچ جولاندنەوەیەک یان گوزارشتێک لە هەڵسوکەوتیا بەدی ناکرێت، جگە لە تۆزێک مۆنی و سێبەری ناڕازیبوون لە ڕوخساریدا، نە هەنگاوێکی ناوە بەرەو پیشەوە نە توڕەبونێک دەبینرێت لەنیگایدا، نەخۆشەویستیەک بۆ منداڵەکانی، وەک ئەوەی کە ئەو دو منداڵە پیشانی بینەران بدات، خۆ ئەگەر ئەو باوکە دوو بار تەماتە یان دوو ماسی گەورەی بەسەر شانەوە بوایە بۆ فرۆشتنیان لە بازاڕی سەوزە و میوە، هیچی لەباسەکە نەدەگۆڕی و نیگا و جۆری وەستانی دەگونجا لەگەڵیا.

کاتێک سەیری پەیەکەرەکە دەکەین و گوێمان لە پەیکەرتاشەکە دەبێت، دوو جیهانی تەواو جیاوازن، ئەم پەیکەرە تەنها لە هزری پەیکەرتاشدا مانای سەرهەڵدانەوەی نەتەوەیەک یان بەرخۆدان و سەرکەوتن ئەگەیەنێت، دەنا بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بەو باسەوە نیە. پاشان کاتێک دەلێت : ( هیچ تۆپێک نای لەرزێنێت، ناتوانێت لەتەئریخدا لای بات، پەیادار و مەحکەم لەسەر جێگای خۆی وەسیاگە )، زیاتر لە قسەی حەماسی پیاوانی سیاسی دەچن هەتاوەکو زمانی هونەرمەندێک. ئەوەی کە هومەرمەند لە دڵیدایە و بیری لێکردۆتەوە لەگەڵ ئەوەی دەیبینین لە کارەکەیدا، دوو جیهانی تەواو غەریبن بە یەکتری .

من کاتێک ڕەخنە لە کارێکی هونەری دەگرم و بە سادەترین زمان، دور لە بنێشت جووین و قسەی باق و بریق، هەوڵ ئەدەم رونی بکەمەوە کەئەو کارە کارێکی هونەری نیەو ئەو مانایە نادات کە هونەرمەند مەبەستی بووە و بەزمانی هونەر نەکراوە، خزمەتیش بەکۆمەڵگەکەمان ناکات، خەڵکی لێم دێنە هاوار، بەبێ ئەوەی بتوانن بەیەک وشەش بەرگری لەخۆیان یان لەکارە هونەریەکە بکەن، دژی قسەکانم دەوەستنەوە وەک ئەوەی کە من بێ ڕێزیم بە کورد و کوردوستان کردبێت. ڕەخنەگرتن ڕق و کینە نیە، ڕێگایەکە هەتاوەک و هونەرمەند ڕوبەروی ڕای جەماوەرەکەی ببێتەوە، بەڵکو بەو بۆنەیەوە بتوانێت زیاتر خۆی بە بەرپرسیار بزانێت کاتێک کارێکی هونەری ئەنجام ئەدات .

ئێستاکە لەبەر ڕۆشنایی چەند نمونەیەک باسی ئەم پەیکەرە دەکەین کە چۆن کارێکی ناڕەوایە و نەکردنی زۆر باشترە لە بوونی بەو بەرزاییەوە. دڵنیاشتان دەکەمەوە لە بۆچونەکانمدا نە پەڕەی بۆچوونی هونەرمەندێکی ئەوروپیتان بۆ تەرجومە دەکەم نە کۆپی پەیجی ویکی پێدیا.

ستایلی پەیکەرەکە :

کاتێک هونەرمەند پەنا دەباتە بەر گۆڕینی شکڵێک، بەو مەبەستەیە کە بتوانێت لەو ڕێگەیەوە هەستێک دەربڕێت کە شکڵە کلاسیکیەکە ڕێگربووە لە دەربڕینی. بیرۆکەی ئازادیدان بە شکڵ بە بزوتنەوەی کوبیست: 1907 وە دەستی پێکرد، بزوننتنەوەی کوبیست یەکێک بوو لە هەرە گرنگترین بزوتنەوەی هونەری کە یارمەتی هونەرمەندانی دا بتوانن بە ئازادیدان بەشکڵ زیاتر هەست و سۆزی خۆیان دەربڕن. ئەمەش وەک پێوسیتیەکی گرنگ، لەبەر ئەوەی وەک چۆن هۆنراوە لە قافیەدا بەند کرابوو، بە ەمان شیوە هەست و سۆز لە هونەردا لە شکڵێکی کلاسیکیدا. بە پێدانی ئازادی بە شکڵ، هونەرمەندان توانیان لەو ڕێگەیەوە زیاتر گوزارشت لە هەست و سۆزی خۆیان بکەن . بۆ نمونە لەم پەیکەرەی خوارەوە دا کە ساڵی 1913 لە لایەن هونەرمەند : umberto boccioni کراوە ، دەبینین چۆن هونەرمەند تەواو شکڵەکەی گۆڕیوە، بەو هۆیەوە توانیویەتی هەست و هێزێکی جیاوازتر بدات بەو مرۆڤەی کەهەنگاو دەنێت.

پەیکەر...2.jpg











لەم کارە هونەریەدا مرۆڤێک دەبینین بە هێزێکی سەرسوڕهێنەرەوە هەنگاو دەنێت بەرەو پێشەوە، بەرەو ئامانجێک، رەوتی مرۆڤمان پیشان ئەدات لە ژیاندا. خۆ ئەگەر هەمان مرۆڤی بکردایە بە شیوەیەکی کلاسیکی هەمان تێڕوانینمان نەدەبو بۆ ئەو پەیکەرە، ئازادی دان بە شکڵەکە تەواو تێڕوانینمان دەگۆڕیت بۆ پەیکەرە کە. ئەو ئازادی دانەش بەو شکڵە بەستایلێک کراوە کە لەهەموو خاڵێکی پەیکەرەکەدا بەدی دەکرێت، بە لۆژیکێکی ژیرانە کراوە، بەرهەمی بیرکردنەوەیەکە کە هونەرمەند بە ڕیکەوت بەرجەستەی نەکردووە، وەک چۆن شەپۆلی دەریایەک لە هەموو خاڵێکدا هاوبەشن، ئەم شکڵەش بە هەمان شیوە، لەبەر ئەوەی بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی ژیرە، هونەرمەند ئاگامەندە.


نمونەی ئەم پەیکەرانەی خوارەوەش بۆ گایەک یان بۆ ژنێک هەمان بیرۆکەیە.

پەیکەر6665.jpg








بەلام پەیکەرەکەی کاکی زیائەدین کە ویستویەتی لە شکڵە کلاسیکەیەکە لابدات، هیچ هونەرێکی تێدا نیە: زۆر بە شەرمنانە لە شکڵە کلاسیکیەکە لای داوە، خۆ ئەگەر ئەو گۆڕانکاریەشی نەکردایە لە شکڵەکەدا هیچی لە باسەکە نەدەگۆڕی، هیچی لە تێڕوانینمان نەدەگۆڕی، تەنها ئەوە نەبێت کە هونەرمەند بەم کارەی دەیەوێت پێمان بڵێت کە گوایە هونەرێکی مۆدێرنی کردووە، بەلام تەواو هەڵەیە لە بەر ئەوەی کە ئەو تەنها بە چاو، بە شکڵ، مۆدێرنیتێی خوێندۆتەوە نەک بە لۆژیک. گۆڕینی شکڵە کلاسیکیەکە زیاتر لە دەستڕەنیگنی دارتاشێک دەچێت هەتاوەکو لە کاری هونەرمندێک، مەبەستم ئەوەیە کە هەموو هونەرمەندێک دەست ڕەنگینە دەتوانێت گۆڕانکاری لە شکڵێکدا بکات، بەڵام هەموو دەستڕەنگینێک هونەرمەند نیە، لەبەر ئەوەی کاکی زیائەدین پرسیاری لەخۆی نەکردوە کە بە چ مەبەستێ ئەو گۆڕانکاریەی کردووە لەو شکڵە کلاسیکیەدا، وەک چۆن دارتاشیک بە بێ ئەوەی ئاراستەیەک بدات بە گۆڕانکاری لە شکڵێکدا، تەنها بەمەبەستی دەسترنگینیە. کاری هونەرمەند جیاوازە : هونەرمەند واتە ئاگامەندی. جگە لەوەی کە شکڵە هەندەسیەکانی کاکی زیائەدین هیچ لۆژیکێکی هونەریان تێدا نیە، ناچنە خانەی دابەشکردنێکی ژیرانە، دابەشکردنێکی هەندەسیە کە تەواو بە شکڵە کلاسیکیەکەوە دەقی گرتووە، تەنها چرچ و هێڵەکان هەندەسی بوون بە بێ ئاراستە و مەبەستێکی پێکراو. خۆ ئەگەر بیوستایە باسی خۆ ڕاگری بۆ بکردینایە دەبوایە هەموو هێڵە هەندەسیەکان یەکیان بگرتایەتەوە و بەرەو سەکۆیەکی جێگیر، قەلایەکی پتەویان بۆ ئەو باوکە پێکبهێنایە، یان ئەگەر بیوستایە باسی سەرهەڵدانەوەی بۆ بکردینانە دەبوا هێڵە هەندەسیەکان هەمویان بەرەو ئاراستەیک لەیەک خاڵدا یەکتریان بگرتایەتەوە پاش پەرژوبڵاوبونەوەیان، بێگومان ئەمەی باسی دەکەم نمونەیەکی سادەیەو تەنها هەڵبژاردەش نیە، چەندەها ڕێگای تر هەنە. خۆ ئەیتوانی بەو گۆڕانکاریە باسەکەی دەولەمەندتر بکردایە، بەڵام وەک دەیبینین هێڵەکان هیچ لۆژیکێکیان تێدا نیە، هێلە هەندەسیەکان ون بوون و دەخولێنەوە و بینەریش لەگەل خۆیاندا ون دەکەن، نازانین دەوریان چیە لە باسی بەرخۆدان و سەرهەڵدانەوەدا ؟ کەواتە ئەم هێلە هەندەسیانە بەمەستی چی کراون ؟ تەنها بە میکانیکی کراون، ئەمەش ئاستی ڕۆشنبیری کاکی زیائەدینمان پیشان ئەدات لەو بوارەدا. خۆ ئەگەر ئاگامەند بوایە بە چ مەبەستێک ویستویەتی لە شکڵە کلاسیکیەکە لابدات، ئەوا بێ شک ئامانجەکەی دەپێکا . پێدەچێت کاکی زیائەدین ویستبێتی بەم کارەی چەمکی مەحکەمییمان پیشان بدات وەک خۆی دەڵێت : (پایەدار و مەحکەم لەسەر جێگای خۆی وەسیاگە). کام پایەدار ؟ کام مەحکەم ؟ بینەر ئەوە نابینێت.

باری وەستانی پەیکەرەکە بە پێوە:

باوکە کوردەکە دوو منداڵی مردوی بە باوەشەوەیە، ئەو دوو منداڵە مردووە بە میکانیکی لەسەر شان و باڵی باوکەکە دانراون، پەیوەندیەکی قوڵ نیە لە نیوان باوک و دوو مندالەکەدا، خۆ ئەگەر دوو شوتی یان دوو ماسی بگرتایە بە شانیەوە هیچی لە باسەکە نە دەگەڕۆی، لەبەر ئەوەی باوکەکە بێ گیانە، راستە تۆزێک مۆنی و بێزاری بە سەر و چاویەوە دیارە کە دورە لە چەمکی خۆڕاگری و سەرهەڵدانەوە، دەموچاوێکی بێ هەڵوێستە وەک ئەوەی کە هیچ کارەساتێک روی نەدابێت، وەک ئەوەی کە ئەو دوو مندالە هی ئەو نەبن، سەرنجت ڕاناکێشیت بەلای خۆیدا. باوکەکە بە پێوە وەستاوە وەک هەمو مرۆڤێک، نە هنگاوێکی ناوە بەرەو پێشەوە نە بە شوێنێکدا سەردەکەوێت، هیچ جولاندنەوەیەک نابینین لە هەڵسوکەوتیدا کە گوزارشت لە مانایەکی قول بکات، وەک مندالەکان مردووە و بێ گیانە. وەک ئەوەی دوو مندالەکە بەرامبەر بە بینەر پیشان بدات، ئەمەش وەک زۆر لە کارە هونەریەکانی کەسانی ڕۆژهەلاتی ؛ ستایلێکی بەربڵاوە کە پەیکەرەکان بەرامبەر بە بینەر بوەستن و بدوێن، وەک چۆن کەسانی کەڕولاڵ پیوستیان بەوەیە کە تۆ باش سەیریان بکەیت هەتاوەک و لە مەبستیان تێبگەیت، لەبەر ئەوەی زمانیان نیە بۆ دەربڕینی هەست و مەرامی خۆیان ، بۆیە پەنا دەبەنە بەر خۆ نمایشکردن بەرامبەرت. پەیکەرێک، کارێکی هونەری، پیویستی بەوە نیە لەگەل ئێمەدا بدوێت، بەرامبەرمان بوەستێت یان شتێکمان پیشان بدات، هەتاوەکو لەمەبەستی تێ بگەین، بەڵکو سەرنجی خۆی بەو بۆنەیەوە بەلای ئێمەدا ڕاکێشێت هەتاوەک و ئێمەش ئاوڕی لێ بدەینەوە. پەیکەر، کاری هونەری، وەک ئەوەی کە هەیە، تەنێکی سەربەستە، وەک خۆی بونی هەیە، پێویستی بەوە نیە ڕومان تێ بکات هەتاوەکو سەیری بکەین، ئەمە لاوزترین خاڵی پەیکەرەکانی ڕۆژهەڵاتن، هەمیشە بەرامبەر بە جمهور وەستاون، لە جیهانی خۆیاندا نین.

ئەو پەکەرەی خوارەوە پەیکەری هونەرمەندی فەرەنسی : ڕۆدان، ساڵی 1880 کراوە، بە زمانێکی ئونیڤێرسێل کراوە، پێویستی بەوە نیە ڕوو لە جمهور بکات، هەرچەندە بە شکڵێکی کلاسیکی کراوە، هەرکەسێک دەیبینێت هەست بەوە دەکات کە ئەو کەسە لەگێژاوی بیرکردنەوەدایە، وەک ئەوەی بە دوای چارەسەرێکدا بگەڕێت، مرۆڤێکی لاواز نیە، هەموو گیانی ماسولکەیە بەڵام وادیارە ماسولکەکانی یارمەتیدەر نەبن لە تەنگژیەکەیدا، سودیان نەبێت لە تەنگژیەکەیدا. ئەمەش باسێکی گرنگ بە دای خۆیدا دەهێنێت.

Cli5412.jpg















پەیکەرەکەی کاکی زیائەدین، مرۆڤێکە بە سەر پێوە، جۆری وەستانی مرۆڤەکە هیچمان پێ ناڵێت، تەنها لەبەر ئەوەی کە دوو قاچی هەیەو مرۆڤە بۆیە بە پێوە وەستاوە. کاتێک هونەرمەندێک کارێکی هونەری دەکات هەموو جوڵەیەک دەبێت بدرێتە بەر پرسیار وەک چۆن کەسایەتیەک لەسەر شانۆ. هەمو جوڵاندنەوەیەک مەبەستێکی لە پشتەوەیە، بەو جۆرەی ئەو باوکە بە پێوە وەستاوە هیچ شتێک لە هەستمانا ناهروژێنێت، هیچ بیرکردنەوەیەک. گوایە کەسێکی مەحکەم و خۆ ڕاگرە و چەمکی هەڵسانەوەی نەتەوەیەکمان بۆ باس دەکات. بچوکترین جولاندنەوە و باری لەشێک لە نەستی ئێمەدا مانایەک دەبەخشێت، بۆ نمونە کاتێک سەیری ئەم وێنەی خوارەوە دەکەین، ئەو مرۆڤانەی بە گرافیزم کراون بە بێ ئەوەی دەموچاویان ببینین تەنها لە باری وەستان و جۆری دانانی دست و قاچیان، بەبینینی هەر وێنەیەکیان فکرەیەک دێت بە بیرمانا، دەزانین ئەو کەسە چی دەکات، چی دەوێت، لە چ حالەتێکدایە، بەمەرجێک شکڵی زۆر سادە و ساکاریشن :

Oard05.jpg













پەیکەرەکەی کاک زیائەدین تەنها باوکێکمان پیشان ئەدات دوو منداڵی مردوی بە شانەوەیە بەرامبەر بە بینەر وەستاوە و هیچی تر، ئەمەش هیچ شتێکی گرنگمان پێ ناڵێت، هیچ داهێنانێکی تێدا نیە.

ئەم پەیکەرە سودی چیە ؟

کاکی زیائەدین باوکێکمان پیشان ئەدات دوو منداڵی مردوی بە باوەشەوەیە، ئەم وێنەیەش هەمان ئەو وێنەیە کە هەمو ڕۆژێک دەیان بینین لە میدیاکانەوە، لەو ناوچانەی کە شەڕو دژواریان تێدا روئەدات، باسێک نیە ڕاستەوخۆ بەسرابێتەوە بە باری ژیانی کورد و کوردستانەوە، با جارێک چەمکی هەڵسانەوەی نەتەوە و خۆڕاگری لە بیر خۆمان بەرینەوە. کاتێک منداڵیک، تاکێکی کورد دێتە دەرەوە بە بەرزایی شارەکەیەوە ئەو پەیکەرە دەبینێت، سودی ئەو پەیکەرە چیە بۆ ئەو ؟ ئایا کاریگەریکەی ئەرێنی دەبێت لەسەری ؟ جگە لەو وێنەیەی کە هەموو ڕۆژێک لە میدیاکانەوە دەیبینێت چی تری پیشان ئەدات ؟ چ هەستێکی ژیرانە دەهروژێنێت لە ناخیدا ؟ هیچی تر . سودی چیە ئەو مندالە هەمان وێنە ببینێتەوە کە هەمو ڕۆژێک لە سەر تەلەفزوێن و میدیاکان دەیبینێتەوە ؟ چ سودێک بە جیلی دوای خۆی دەگەیەنێت ؟ چ سودێک بە مێژوو دەگەیەنێت ؟ چ داهێنانیكی کردووە ؟ چ تێڕوانینێکی نوێ وەک هونەرمەندێک بۆ دەوروبەرو روداوەکانی پیشان داوە ؟ وەلامەکەی هیچە، لەبەر ئەوەی هونەرمەند تێروانینێکی قوڵی نەبووە، هۆشمەندیەکی جیاوازی بۆ ڕوداوەکان نەبووە، بۆیە شتێکی ئەوتۆ نابینین کە جێی سەرنج و لێکدانەوە بێت، کاتێک بە تەنیشتیەوە تێپەردەبین بتێکی بێگیان دەبینین، دوو منداڵی مردو دەبینین لە باوەشی لەشێکی مردودا.

راستە لە شوێنێک وەک کوردوستان هەروا ئاسان نیە بتوانین کارێکی هونەری مۆدێرن و شکلێکی تەواو غەریب لە ناو شارێکدا دابنێین، بەلام خۆ تەنها بە شکلێکی کلاسیکیش دەتوانرا شتێکی جوان دەربڕین کە هەڵقولاوی فکرێکی ژیر بێت و دوبارەبونەوەی ئەو وێنانە نەبن کە لە میدیاکاندا دەیان بینین، لەبەر ئەوەی کە هونەری شێوەکاری دەتوانێت لە قالبە ڕیالیسمەکەی بچیتە دەرەوە بۆ وەدستهێنانی مانایەکی تر بۆ ڕوداوەکان ئەگەر نا ئێمە پیویستمان بە هونەرمەند نیە . باشتر وابو چەند فڕفڕۆکەیەکی گەورەی بە رەنگی پەلکە زێرینە بکردایە بەو بەرزاییەوە، یان شکڵێکی ڕنگاوڕەنگ بۆرازانندنەوەی زیاتری ئەو سروشتە، زۆر سودی زیاتری بە خەڵکی شارەکە دەگەیاند هەتاوەکو پباوێکی دوو جار مردوو.

Board01.jpg














پرۆژەیەکی تر بۆ بەرزاییەکانی شاری سنە.

ئێمە ئەمڕۆ دوای چەندەها هەزار ساڵ لە رەسم و نەخش و شارستانی و مێژوی هونەر، کە لە نەخشی سەر دیواری ئەشکەوتەکانەوە دەستی پێکرد، تێروانینمان گۆڕاوە بۆ شکڵ و باسەکان، بەڵام هەندێک شکڵو هیما هەمان کاریگەریان هەیە لە سەرمان، هەمان کۆدن لە نەستمانا، وەک چۆن لای هەموو مرۆڤێکی روی سەر زەوی شکڵەکان لە خەودا یەک مانایان هەیە ؛ کەلە سەر، ئێسقان، دان، قژ، ڕیش، شاخ.........تاد، شكڵەکانیش بە هەمان شیوە، ناتوانین باوکێکی مردوو بە دوو منداڵی مردوو لە باوەشدا، بە زۆرە ملێ ببەستینەوە بە چەمکی سەرهەڵدان و خۆڕاگری نەتەوەیەکەوە.

وادیارە کە سەردەمەکەمان تەواو گۆراوە خەڵکی سەریان لێ شێواوە و نازانن چۆن گوزارشت لە هزری خۆیان بکەن، لەبەر ئەوەی جگە لەوەی کە خۆیان سەربەست نین لە بیرکردنەوەیاندا، ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ کەمی شارەزاییان لە هونەردا، لە هەمان کاتا لەژێر کاریگەری کۆمەلێک چەمکدان کە داوای جۆرێک لە هونەریان لێ دەکەن بە ئارستەیەک و بۆ مەبەستێک، بەڵام دەوری هونەرمەند ئەوەیە کە لە گۆشە نیاگایەکی ترەوە سەیری روداوەکان بکات، ئەگەر هونەرمەند ئەو بوێریەی نەبێت، ئەو هۆشمەندیەی نەبێت، ئەو توانایەی نەبێت، کەواتە دەوری هونەرمەند چیە لە کۆمەڵگەدا ؟

مێژو گرنگە، ئاگاداربون بە مێژوی هونەرو شارستانیەتەکانی تر بۆ هونەرمەندێک کەرەسەی بنەڕەتیە، بەلام مەرج نیە هەمان وێنە و هیما دوبارەبکەینەوە، ئێمەش دەتوانین شکڵ و تێڕوانینی خۆمان هەبن بۆ باسەکان، بەجۆرێکی تر هەستی خۆمان دەربڕین، بە کەڵچەری خۆمان، بەو شکڵانەی لە دەروبەرمانا دەیابینین، ئەو شکڵانەی کە کەس گرنگی پێ نادات، ئەوە کاری هونەرمەندە بیان دۆزێتەوە و وەک شوناسێێک بەکاریان بێنێت لە کارەکانیدا، لەهەر بوارێکدا بێت، لە بواری ئارشیتاکتور، فلیمسازی، فۆتۆگرافی...تاد بەلام خالی دەستپێک، فێربونی زمانەکەیە، واتە چۆن گوزارشت لە هەستی خۆم بکەم بە شکڵێک ؟ چونکە ئەم جۆرە کارانە پێمان دەڵێن کە کورد هەرگیز خاوەنی شارستانیەت نەبووە و تواناشی نیە ببێتە خاوەنی شارستانی .

ئەو کارەساتانەی روو ئەدەن لەدەوروبەرماندا ئەتوانن ببنە کەرەسەی باسەکانمان، ئەمانەش لە مێژودا رویان داوە، زەقترین نمونە تابلۆکەی پیکاسۆیە بۆ شەڕی ئەهلی ئیسپانیا ساڵی 1937، کاتیک نازی و فاشیستەکان بۆمبارانی خەڵکی سڤیلی ئیسپانیا دەکەن :

54oard03.jpg







گێرنیکای پیکاسۆ 1937

کاتێک سەیری ئەم تابلۆیە دەکەین، دەبینین چۆن ئازاری منداڵ و حیلەی ئەسپ و هاواری دایکان پێکەوە لەیەک ستایلدا تێکەڵ بوون، بە شکڵ و هێڵی هەندەسی ژیرانە، ئەگەر پیکاسۆ توانیویەتی بەو جۆرە گۆڕانکاری لە شکڵەکاندا بکات ئەوە بەرهەمی بزوتنەوەی کوبیستە کە یارمەتی داون شکڵەکان ئازدبن و زیاتر گوزارشت لە هەستی ئەو بکەن. لێرەدا پێویست بەوەناکات هونەرمەند چیرۆکمان بۆ بگێرێتەوە، تابلۆکە خۆی ئەدوێت، باسی ئازار و ئەشکەنجەی هەموو مرۆڤێک دەکات لەکاتی شەڕدا ، پێوسیتیشی بەوە نەبووە جلوبەرگی فلامنکۆی ئیسپانی پیشانبدات هەتاوەکو پێمان بلیت کە ئەو کارەساتە لە ئیسپانیا رویداوە، پیکاسۆ باسی ئازاری مرۆڤ دەکات، لە بەر ئەوەی کە هونەر زمانێکی ئونیڤیرسێلە. خۆ ئەگەر کاکی زیائەدین بیوستایەت باسی هەستانەوەی بۆ بکردینایە، پیویستیشی بەوە نەدەکرد کە پیاوێکمان بۆ بکات بە جلکی کوردیەوە، ئەیتوانی باوکێکمان بۆ بکات دوو منداڵی توند بە باوەشەوە گرتووە و بە زەویدا کەوتوە و دەیەوێت هەڵسێتەوە، یان دەستی دوو منداڵی بگرتایەو بە هەنگاوێک بەرەو ئاسۆیەکی بەرز هەنگاوی بنایە، یان ئەگەر بیوستایە باسی خۆڕاگری و مەحکەمیمان بۆ بکات ئەوا دەبوا لەشی باوکەکەو دو مندالەکەی بۆ بکردینایە بە شکلێکی جێگیر وەک پیرامید . لەبەر ئەوەی کە کاکی زئایەدین نەیتوانیوە هیچ لەم باسانە بکاتە هەوێنی کارەکەی جگە لە پیشاندانی دوو منداڵی مردو، هەربۆیەش خاڵی هەندەسی کە وەک بیرۆکەی مۆدێرنیتێ بەکاری هێناون هیچ دەورێکیان نیە لە پەیکەرەکەدا، هیچ ڕۆڵیک ناگێڕن. کاتێک سەیری ئەو تابلۆیەی پیکاسۆ دەکەین دوای هەر هێلێک دەکەویت پەیوەندی و بەردەوامی هەیە لەگەل هێلو شکڵەکانی تر، هەمویان بەستراونەتەوە بەیەکەوە لەبەر ئەوەی لە یەک جیهاندان، لەیەک باسدان، بەڵام کاتێک دوای هێڵە هەندەسیەکانی پەیکەرەکەی زیائەدین دەکەوین، دوای هێڵی جامانەی باوکەکە دەکەوین، هەریەکەو بەلایەکدا دەڕوات، پیوەندیەک دروستناکەن، پێکەوە نەبەستراونەتەوە، نەبونەتە یەک جیهان هەتاوەکو باسی مەحکەم و خۆڕاگری و سەهەڵدانەوەی نەتەوەیەکمان بۆ بکەن.


دەرئەجام :

چۆن ڕێی تێدەچێت کەسێک هەشت ساڵی ژیانی تەرخانکردنێت بۆ پەیکەرێک و هیچ مەبەستێکی نەشاردبێتەوە لەو پەیکەرەدا ؟ بێ شك ئەگەر مەبەستی هونەرمەند نەبینم لە بەرئەوەیە کە دەمەوێت لە ڕوانگەی هونەرەوە سەیری کارەکەی بکەم، وەک کارێکی هونەری شیکاری بۆ بکەم . بەڵام وادیارە بۆ ئەوەی باشتر لەم پەیکەرە تێبگەین ئەبێت وەک کەسێکی نەخوێندەوار سەیری بکەین و شیکاری بۆبکەین، لەبەر ئەوەی کە لەلایەن نەخوێندەوارێکەوە کراوە و بۆ نەخوێندەوارانیش کراوە، بۆیە ئێمە هیچی لێ هەڵناکڕینین. کەدەڵێم نە خواێندەوار مەبەستم ئەوەیە کە مرۆڤی سەرەتایی پێش ئەوەی فێری هونەر بێت، وەک ئاژەڵان خۆی دەنواند، ئەوی بەرمبەری تێدەگەیاند، بەرامبەر بەدوژمنانی بە جۆرێک خۆی دەنواند و هەڵدەبەزیەوە و چاوی لێ سور دەکردەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەو مرۆڤە زمانێکی پاراوی نەبو هەتاوەکو ئەوی بەرامبەری تێبگەیەنێت کە چی دەوێت و نیازی چیە، دوای چەندەها هەزار سال ئەو هەڵسوکەوتانە بونە هونەر، هونەری شێوەکاری، سەماکردن، مۆسیقا، شانۆ، شیعر...تاد هەر یەک لەم هونەرانەش لەگەل مێژودا بەئ ەزمونی سەردەم و کات زمانێکی تایبەتی خۆیان پێکهێنا، جا ئەگەر کاکی زیائەدین خۆی بە هونەرمەند بزانێت و لەو ڕێگەیەوە گوزارشت لە هەستی خۆی بکات بە پەیکەرێک وەک تاکێکی شارستانی، ئەوا هەر بەیادی ئەو هەڵسوکەتەی جارانی مرۆڤی سەرەتاییەوە پەیکەرێمان بۆ دەکات کە پۆز لێ ئەدات بەرامبەر بە دوژمنەکەی، ئەمەش هۆکاری بێ ئاگایەتی لەزمانی هونەر.

کاکی هونەرمەند باسی چەمکی سەرهەڵدان و خۆڕاگری بۆ نەکردوین، واتە بەدوای ئەو کەرەسانەدا نەگەڕاوە کە بتوانێت ئەو چەمکەمان پیشانبدات بە شێوەیەکی هونەری، بەڵکو باوکێکی کردوە وەستاوە بە دوو منداڵی مردو لەسەر شانیدا لە دەرئەنجامی تەقینەوەک یان ڕوداوێکی جەنگیدا و ئیتر لەویادا ئەو باوکە وەستاوە بە بێ گریان و خەمباری جگە لە جۆرێک ناڕەزایی کە بەسەرچاویەوە دیارە، ئەمش بۆ کاکی هونەرمەند جۆرێکە لە خۆراگری و سەرهەڵدانەوە و مەحکەم، وەک ئەوەی ڕوبکاتە ئێمەو پێمان بلێت : ئەگەر کۆرپەکانیشم بکوژن ئەوا کاریگەری نیە لەسەر من، لێرەدا ناجولێمەوە و بە پێوە دەوەستم، من کەسێکی خۆڕاگرم، ڕۆژێک تۆڵەی خۆم دەسێنمەوە . یان وەک ئەوەی کەسێک بەرامبەر بە دوژمن بوەستێتو بڵێت : تۆ کۆرپەکانم دەکوژیت ؟ ئەوەتا دەمبینیت من لەجێی خۆمدا وەستاوم و نەدەگریم و نەخەمباریشم، با دوژمن بزانێت کە کوشتنی مندالەکانم هیچ کاریگەری نابێت لەسەرم. ئەمەیە گەورەترین هەڵەی کاکی هونەرمەند، دەیەوێت بەحەماسەوە پێمان بڵێت کە ئەو باوکە هیچ باکی نیە کە مندالەکانی دەکوژرێن، ئەمەش پێشنیاری حەماسی پیاوێکی سیاسیە بۆ باوکێک، دروشمێكی سیاسی درۆزنە، نەک هەست و سۆزی باوکێک بۆ نیشتمان و بۆ کۆرپەکەی .

خاوەر.jpg










ئەم فۆتۆگرافیەی هەڵەبجە، بە خۆڕایی نیە کە بۆتە ڕەمزی کیمیا بارانی هەڵەبجە، خۆ فۆتۆگرافەرەکە چەنەدەها وێنەی تری گرتووە لە کاتی بۆمبارانەکەدا، بەلام تەنها ئەمەیان بۆتە ڕەمزێکی جوانی ئەو کارەساتە، بۆچی ؟ لەبەر ئەوەی کە گوزارشت لەخۆشەویستی باوکێک دەکات هەتا دوا هەناسەی بۆ کۆرپەکەی لەو تراژیدیەدا. ئێمە هەمیشە وەها ڕاهاتوین کە کۆرپەمان لە باوەشی دایکانا بینیوە، لەم فۆتۆفگرافیەدا باوکێک دەبینین کۆرپەکەی بە باوەشەوەیە، هەر ئەوەشە کە سەرنجی فۆتۆگرافەکەی ڕاکێشاوە بەلای خۆیدا، باوکێکمان پیشان ئەدات کە ئازارەکانی ڕێگرنەبون لە پاراستنی کۆرپەکەی، خۆ سەلمێندراوە کاتێک مرۆڤ بە ئازارێکەوە دتلێتەوە و بەرەو مردن دەڕوات ئەوا دەستبەرداری خۆشەویسترین کەسی دەبێت، بەلام ئەو باوکە تەنانەت کۆرپەکەی لە ژێر لەشی خۆیدا نەپلیشاندۆتەوە، لە باری ڕاکشانیدا هەست بەوە دەکەین کە هەتا دواهەمین هەناسە ئاگاداری کۆرپەکەی بووە، ئەم هەستەیە کە کاریگەریکەی بێ ئەندازەی لە نەستی ئێمەدا دروست کردوە، بەجۆرێک کە هەرجارێک دەیبینین موچڕکە وەک تەزوی کارەبا بە لەشماندا دێت و دەڕوات، هەست و سۆزمان دەهروژێنێت. بەمەش دەلێن هەقیقەتی ژیان، خۆشەویستی . بەڵام ئەو باوکەی زیائەدین باوکێکی درۆزنە، باوکێکی دەستکردی مرۆڤێکی بەحەماسە، پێشنیاری پیاوێکی سیاسیە، مرۆڤی بەحەماسیش وەک هەمو مرۆڤێکی بێ ئاگا لەژیان مرۆڤێکی بێ مەععریفەتە، ئەو باوکە دورە لە ڕاستیەوە، زیاتر لە وتار و حەماسی پیاوانی سیاسی دەچێت هەتاوەکو کاری هونەرمەندێک کە بە تەنگ ئازارەکانی مرۆڤەوە بێت، وەک ئەوەی کە دەستی بەزەیی و خۆشەویستی لەگەڵ بەرخۆدان و سەرهەڵدانەوەدا نەگونجێت. کاتێکیش کچە شەرەڤانەکان دەبینین لە گەرمەی شەڕدا خۆیان جوان دەکەن و پرچیان دەبەستن و گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ دەکەن بە قژیانەوە، مانای وایە ئەوان خەبات دەکەن بۆ پێدانی جوانیەک بە ژیان، هەر ئەمەشە کە جیهانی سەرسام کردووە. گرنگییدان بە خۆشەویستی و بە ژیان هەستی نیشتمان پەروەریمان کەم ناکاتەوە. دەنا ئێمە پێوسیتمان بەسەر هەڵدان و خۆراگری چیە ئەگەر نەمان بات بەرەوە جیهانێکی پڕ لە خۆشەویستی ؟

جا بۆیە ئەگەر لەتواناماندا نیە بە زمانێکی هونەری باسی سەرهەڵدان و خۆڕاگری بکەین، باشتر نەدەبو لەبری ئەو پەیکەرە بێ مانایە کە هیچ سودێکی نیە جگە لەداگیرکردنی ئێسپاسێک بەو بەرزاییەوە، چەند فڕفڕۆکەیەکی گەورەی ڕەگاورنگ دابنێین وەک ڕازاندنەوەی ئەو یاڵە، بە دەم باوە بخولێنەوە و سەرنجی خەڵکی، بەتایبەتی مندالانی سنە رابکێشێت بەلای خۆیداو جوانیەکی تری بادایە بەو شارە ؟ یان هەرپرۆژەیەکی تر کە لە توانیدا هەبوایە وەک پەنجەرەیەک هیوایەکی تر بخولقێنێت بۆ ئەو کۆمەڵگەیە ؟ لە کۆتاییدا ئەتوانین ئەوە بڵیین کە ئەم پەیکەرە، شوناسی هێز نیە، شوناسی هێزی گەلێکمان بۆ بەیان ناکات، جگە لە شووناسی درۆزنی و حەماس نەبێت.