چیرۆکی تابلۆکەی مۆنێ و ناوی ئەمرێسیۆنیست ( impressionniste ).

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسین و ئامادەکردنی: سەردار حەمەڕەش

تابلۆی،م.jpg

(تابلۆی مۆنێ سەرنجدان لە ڕۆژهەڵاتن)

خۆرئاوابوون یان خۆر هەڵهاتن ؟

چیرۆکی تابلۆکەی مۆنێ و ناوی ئەمرێسیۆنیست ( impressionniste ).


هونەرمەندەکان پێش بزوتنەوەی ئەمپرێسێۆنیست، بە خەیاڵ سروشتیان نەخش دەکرد، سروشتێکی ڕیالیسم نەبوو، سروشتیان وەک شانۆ نمایش دەکرد بۆ باسەکانی بایبڵ.

کاتێک لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا لە گەڵ شۆڕشی پیشەسازیدا لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە و ڕاستەوخۆ سەرنجی سروشتیان ئەدا و بەرامبەر بە سروشت وێنەیان دەکێشا، بۆیان دەرکەوت کە سروشت هەقیقەتێکە و جیاوازە لە خەیاڵ، چەندەها ڕووی جیاوازی هەیە.

هەندێک لەو هونەرماندانە باری دەرونیان تێکچوو، وەک دەروێش دایان بە کێودا.

وشەی ئەمپرێسیۆنیست( impressionniste )، بە مانای، سەرنجدان، هەست بزوێن، سەرسوڕهێنەر دێت، کاتێک دەڵیین ئەو شتە ئەمرێسۆنەنتە بەواتای ؛ سەرنج ڕاکێشە، سەرسوڕهێنەرە، هەست بزوێنەرە، وشەیەکی پڕبەپێستی نیە لە کوردیدا، بە عەرەبی وشەی؛ ( ئنتباعیە) بەکار دەهێنن زیاتر لە سەرنجەوە نزیکە، بەڵام ئێمە سەرنجدان بەکار دەهێنین، هەرچەندە لە کوردستان بزوتنەوەی ئەمپرێسیۆنیستیان ناوناوە؛ سروشتگەرایی، ئەم دەستەواژەیە ناگونجێت لەگەڵ بزوتنەوەکەدا بە ڕای من.

ناوی بزوتنەوەی ئەپرێسیۆنیست (impressionniste )، لە تابلۆکەی مۆنێوە هاتە کایەوە؛ کاتێک مۆنێ ساڵی ١٨٧٤ ئەم تابلۆیەی بۆ پیشانگایەکی بەکۆمەڵ لە پاریس پێشنیاردەکات، بە ناوی؛ بەندەری ئاڤغ (Havre)، بەندەری شاری ئاڤغی فەرەنسایە بەرامبەر بە ئنگلتەرا).

کابرای گەلەری داوا لە مۆنێ دەکات ناوەکەی بگۆڕێت، ئەویش دەڵێت، بنوسە ؛ هەستەوەری ( impression )، کابرای گەلەریش ناوەکەی دەگۆڕیت بۆ ؛ impression soleil levant بە مانای ؛ هەستی (سەرنجی) ڕۆژهەڵهاتن، ئیتر لەوەوە ناوی پێشانگاکە دەگۆڕن بۆ ؛ هەستەوەریەکان یان سەرنجدەرەکان (impressionniste).

ڕۆژنامەوانەکە لەو سەردەمەدا ئاوا لەسەر پێشانگاکە دەنووسێت:

ئەم تابلۆیە چیمان پێ دەڵێت ؟ سەرنج! سەرنج ! من سوور بووم لەوەی کە سەرنجە، لە بەر ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، سەرنجڕاکێش بوو، پێ دەچێت هونەرمەند سەرنجی دابێت.

ئیتر لەو ڕۆژەوە وشەی ؛ ( impressionniste) جێگای ووشەی ؛ مەنزەرەی گرتەوە، لە زمانی هونەریدا نەیان دەووت ؛ مەنزەرە، دەیان ووت : ئەپرێسێۆنی شاخێک یان گوڵێک.

هەندێک لە ڕەخنەگرانی ئەو سەردەمەش بە بینینی تابلۆکە، دەیان ووت : زیاتر لە ڕۆژهەڵهاتنی خۆر دەچێت لەسەر روباری تایامزی ئنگلتەرا کە هونەرمەندی بەناوبانگی ئنگلیزی؛ ولیام تورنەر( William Turner ) لە ساڵانی 1830 دا تابلۆیەکی زۆری لە ستایلی ئەمرێسیۆنیستەکان کرد بوو لە سەر روباری تایمز، مۆنێ زۆر پێی سەرسام بوو لە سەفەرێکیدا بۆ ئنگلتەرا، .بێ شک ولیام تورنەر پێش ئەمپرێسیۆنیستەکان کەوتبوو.

پاش ئەوەی تابلۆکەی مۆنێ بە ٨٠٠ فرەنکی ئەو سەردەمە دەفرۆشرێت، دوای مردنی کابرای کڕیار، هەموو کۆلێکسیۆنەکەی دەفرۆشرێن، بەلام تابلۆکەی مۆنێ بە ناوی ؛ (هەستی خۆر ئاوا بوون )، دەفرۆشرێتەوە نەک خۆر هەڵهاتن.

بۆیە لەو ساتەوە مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، خەڵکی وایان پێ باشتر بوو، ناوی ڕۆژهەڵهاتن بێت هەتاوەکو ڕۆژئاوا بوون، چونکە ئەو سەردەمەی مۆنێ ئەوتابلۆیەی کرد، سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی بوو، تابلۆکەش وێنەی بەندەرێکە، کە لەو سەردەمەدا جمەی دەهات لە هاتووچۆی کەلوپەلی بازرگانی و ڕەمزی شۆڕشی پیشەسازی بوو.

ئەو سەدەمە دیاردەیەکی نوێ بوو هونەرمەندان پردی ئاسن و بەندەر و ئێستگەی شەمنەدەفەر و هەموو کەرەسە نوێکانی سەردەمی یشەسازی بکەن بە باسی تابلۆکنیان، لەبەر ئەوەی ئەو سەردەمە جوانی تەنها لە کەرەسی سروشتیدا دەبینران.

لە بەر ئەوەی ڕۆژئاوابوون تێڕوانینێکی ڕەشبینیە و نەرێنیە بۆ سەردەمی پیشەسازی کە خۆی بە ئاواتی مرۆڤایەتی دەناساند، کەواتە چۆن دەبێت شۆڕشی پیشەسازی ببێتە ڕۆژئاوا بوون ؟ بۆیە بەباشیان دەزانی ناوی؛ سەرنجدان بێت لە ڕۆژهەڵهاتن، نەک خۆر ئاوا بوون، بەڵکو ئەم تابلۆیە هیوایەک بدات بە مرۆڤایەتی.

پاش لێکۆڵینەوەی زانستی لە ساڵی ٢٠١٤، بە پێی ئاکسی ڕۆژ و گۆشە نیگای هونەرمەند و شوێنەکە، لێکۆلێنەوەکە سوورە لە سەر ئەوەی کە ئەو تابلۆیە ساڵی ١٨٧٢، کاتژمێری ٧.٣٥ ی بەیانی کراوە لە ژووری هۆتێلێکەوە.

بێ شک زانست بەلای زانستا دەیشکێنێتەوە، پێی باشترە کە ڕۆژهەلاتن بێت، بەڵام من وەهای بۆ دەچم کە رۆژ ئاوا بوون بێت بە بێ بەڵگەی زانستی، هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە هونەرمەندەکان تۆزێ تەمبەڵن و درەنگ هەڵدەسن لە خەو، کەواتە ئەم تابلۆیە بەیانیان نەکراوە، پاشان شاری ئاڤغ لە ڕۆژئاوای فەرەنسادایە، بۆیە زیاتر ڕێی تێ دەچێت ڕۆژ ئاوابوون بێت، جەگە لەوەی کاتێک تورسیتەکان دەچن بۆ شاری ئافغ بە خۆیان و کامێراکانیانەوە، وێنەی خۆر ئاوابوون دەگرن بە یادی ئەو تابلۆیەوە .

تابلۆکە ساڵی ١٩٨٥ دزرا لەگەڵ چەند تابلۆیەکی تردا بەڵام ساڵی ١٩٩٠ دۆزرایەوە .