ڕاگەیەندراوی کەنەکە لە یادی 23 ساڵەی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

28999.jpg

ئێمە گەلەکۆمەی ناڕەوای 15ی شوباتی 1999 کە لە کەسێتی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلاندا، لە دژی بززوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەڕیوەچوو، بە توندی شەرمەزار ئەکەین! لە 15ی شوباتی 1999دا نادادپەروەری و ناڕەواییەکی مەزن کرا. لە لایەکەوە مەزنیی گەلی کوردستان و سەرۆکی پەکەکە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو دەوڵەتانی هەوپەیمانی ئەو. بەڕیز ئۆجەلان خەبات بۆ دۆزی ئازادیی گەلی خۆی ئەکات، تێکۆشان بۆ ڕزگاریی وڵاتی خۆی ئەکات. دوژمن و هاوپەیمانە جیهانیەکانیان ڕێککەوتن و ویستیان دەرگاکانی دنیای لێ دابخەن، ڕێی هەناسەدانی لێ بگرن. ئەوان بیریان لە ویژدان و مافی مرۆڤ و یاساو دادوەریی و ئەخلاق نەکردەوە، کاتێک بڕیاریان دا مەزنێکی کوردان کە بۆ ویژدان و دادپەروەریی، بۆ ئاشتی و یەکسانی و ئازادی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان خەبات ئەکات، بێدەنگ بکەن و ڕێی ژیانی لێبگرن.

رێککەوتنی نێوان تورکیاو هاوپەیمانە جیهانیەکانی، هەر لە ئەمەریکاوە بگرە تا چەندین دەوڵەتی ناو یەکێتی ئەوروپا، یۆنان و هەتا ڕوسیاو ئیسرائیل، میسرو کینیا، هەموو لەو بارەیەوە یەکیان گرت و بەرژەوەندی خۆیان لەوەدا بینی کە هەموو نۆرمە مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکانی بخنە ژێر پێ، هەموو تواناو دەزگا سیخوڕیەکانیان لە دژی بەڕیز ئۆجەلان بخەنە کار کە لە ژێر پاراستنی یۆنانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا بوو، بۆ ئەوەی بە فێڵ و خیانەت بیگرن و ڕادەستی تورکیای بکەن.

ئامانجی گەلەکۆمەکیی ئەوە بوو کە بضووتنەوەی ئازادیی گەلی کوردستان لەناوببەن. پرۆسەی پاش گەلەکۆمە بە ڕوونی ئەوەی دەرخست کە ئەو ناوەندە نا دادپەروەرانە نەگەیشتنە ویست و داخوازیی خۆیان و ئامانجیان بەدی نەهێنا. ئەوان بە هیوای ئەوە بوون پەکەکە کە پێشەنگێکی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە، تێک بدەن و لەناو ببەن. یان هەر هیچ نەبێ زۆر لاوازی بکەن. بەڵام ئەوەی ئەوان چاوەڕێی بوون لە ماوەی ئەم 23 ساڵەدا بە تەواوی پێچەوانە بوو.بەڕیز ئۆجەلان لە زینداندا بەرگریی کرد و زیندانی کردە مەیدانی تێکۆشان. لە لایەکی دیکەشەوە بزووتنەوەی ئازادی و هەموو خەڵکی کوردستانیش بەرخۆدانێکی بێوێنەیان بەرەوپێشەوە بردو گەلەکۆمەکەیان پووچەڵ کردەوە.

هەرچەند گەلەکۆمەکاران نەگەیشتنە ئامانجەکانیان، بەڵام هەر لە پیلانگێڕان و هێرش بەردەوامن. ئێستاش دەولەتی تورکیا بە هەموو شێوازێک دوژمنایەتی گەلی کوردستان ئەکات و بەردەوامیی بەهێرشەکانی ئەدات. ئەو دەولەتە نەک هەر لە باکوری کوردستان، لە باشوور و ڕۆژاواو ڕۆژهەلاتی کوردستانی دوژمنایەتی گەلی کورد ئەکات. لە بواری نێونەتەوەییشدا هەوڵئەدات کورد نەناسرێن و بەردەوام پەلاماری هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان ئەدات. پیلانگێڕی بە شێوازی جیاز بەردەوامە. پێویستە کوردان دۆستانی دۆزی کوردستان ئەو ڕاستییە ببینن و بەو پێیە ئامادەکاریی بکەن و تێکۆشان فراوان بکەن.

23 ساڵ بەسەر گەلەکۆمەکیی 15ی شوباتدا تێپەڕ ئەبێت. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان هەتا ئێستاش لە زینداندایەو لە گۆشەگیرکردنێکی تونددایە. ساڵێک زیاترە دۆستانی کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا و لەژێر درووشمی کات کاتی ئازادییە، کەمپینێکی بەرفراوان بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان بەڕێوەئەبەن. ئێمە وەک ک ن ک پشتگیریی لە ئەو کەمپینە ئەکەین. داوائەکەین هەموو کوردستانیانیش پشتیوانیی لە کەمپینەکە بکەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی 15ی شوباتدا، جارێکی تر داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکا، لە ناوخۆی وڵات و لە هەر جێیەک هەن، دەنگ و هاواری تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕیز ئۆجەلان و ڕزگاریی کوردستان بڵند بکەن. یەکێتی ناوخۆیان و هاوپەیمانیی لەگەڵ دۆستەکان باشتر و بەهێزتر بکەن. نەیاران و هاوپەیمانانیان شەرمەزار بکەن. هەروەها کەنەکە داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکات بەشداری پرۆتستۆکردنی گەلەکۆمەی 15ی شوبات ببن. هەڵوێستی تێکۆشانی خۆیان لەسەر دۆزی کورد و کوردستان پیشانی یار و نەیار بدەن.


سەرچاوە: ماڵپەری ئەی ئێن ئێف نیوز - 15-02-2022