ڕۆژنامەگەریی کوردی بە زمانی رووسی ... نۆڤی کوردستان Новый Курдистан.

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Novikurdistan.jpg

نووسینی: فەخرەدین تاهیر

یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە بەزمانی كوردی دەرچوو، ڕۆژنامەی كوردستان (1898-1902)ی میر میقداد مدحت عالی بەدرخان بوو، كە ژمارەی یەكی لە شاری قاهیرەی میسر لێ بڵاوكرایەوە،كەئەمە بەدەستپێكی دیرۆكی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە تاراوگە وبەنەهێنی دەناسرێت. بە واتایەكی دیكە دیرۆكی ڕۆژنامەگەریی كوردی مێژووێكی دێرینی خۆی هەیە و تا ئێستاكەش بەردەوامی بەم مێژووە پر لەسەروەرییە داوە و درێژەی هەیە.

بزاڤی ڕۆژنامەگەریی كوردی بە چەند قۆناخێكی گرنگی مێژووییەوە تێپەڕیوە و دەیان و بگرە سەدان سەربازی و‌ن لەم نێوەندەدا تێكۆشاون تا بزاڤەكەیان بە ئەمرۆی سەردەم گەیاندوە و دەیان و سەدان كادیری ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشینێلی كوردی پێگەیاندوە و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئەم مێژووە گەشەوەیە وەك خوێندنگەیەكی مۆدێرنی لێهاتووە و بەبەردەوامی كادیری باشتر و باشتر پێڕادەگەیێنێت.

لەم (25- 30) ساڵەی دێرۆكی ڕۆژنامەگەریی كوردیماندا بە هەوڵو ماندووبوونی هەندێك لە ڕۆشنبیرانی كورد بەگشتی و خوێندكارانی بە تایبەتی لە تاراوگەدا گەشەسەندێكی بێ وێنە لە هەندێك لە وڵاتانەی خوێندكارانمان بۆ خوێندن ڕوویان تێكردبوو دەبیندرێت.

ئەوی شایەنی گوتنە لە بیست ساڵەی كۆتایی سەدەی ڕابردووماندا ئەو خوێندكارانەی ڕوویان لە هەندێك لەو وڵاتانی سەر بە ئۆردووگەی سۆسیالیستی جاران بوون كردبوو، لە ڕێگەی ڕێكخراوی خوێندكارانەوە كە بریتی بوون لە چەند لقێكی خوێندكاری كەوتنە خۆ ڕێكخستن و دەركردنی هەندێك بڵاڤۆكی خۆیان ئەم قۆناخە دەتوانین ببێژین: تا نێوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو درێژەی هەبوو، بەڵام لەدەستپێكی نۆوەدەكانی سەدەی ڕابردوو بەگشتی و ڕێكتر دەتوانین ببێژین دوای هەڵوەشاندنەوەی ئۆردووگەی سۆسیالیستی كە خۆی لە یەكێتی سۆڤیەت دەبینیەوە، ڕەوشێكی تازە تر هاتە ئاراوە و لە ڕێگەی گروپی گچكە و حزبی سیاسی كوردی و كوردستانی كە ‌نوێنەرەكانیان وەك خوێندكار لەو وڵاتانە هەبوون دەستیان كرد بە دەركردنی گۆڤار و رۆژنامە، یەكێك لەو وڵاتە هەرە گرنگانە ڕووسیای فیدراڵی ئەمرۆ بوو.

ئەوی جێگەی گوتنە حزبی كوردی و كوردستانی بەگشتی و هەردوو حزبی سەرەكی (یەكێتی و پارتی) باشووری كوردستان كە خوێندكارانیان لە ڕووسیای فیدراڵی هەبوو لە كۆتایی ساڵی نۆوەدەكانی سەدەی ڕابردوو لە ژێر كاری بێلاینەی ڕۆژنامەوانی دەستیان بەدەركردنی ڕۆژنامە وگۆڤار كرد. ئەوی ڕاستی بێ مەبەستمان هەر ئێستاكە لەم نووسینەمەندا ئاوڕێك لە ڕۆژنامەی نۆڤی كوردستان واتە كوردستانی نوێ كە بەزمانی ڕووسی بۆ یەكەمین جار لە شاری سانكت پیترسبوورگ دەستی بەدەرچوونی خۆی كرد بدەینەوە.

ڕۆژنامەی نۆڤی كوردستان بە زمانی ڕووسی بیرۆكەی دەركردنی ئەم ڕۆژنامەیە لەلایەن خوێندكاری بەشی ڕۆژنامەوانی كۆلیژی ڕۆژنامەوانی زانكۆی شاری سانكت پیترسبوورگ مغدید سەپان و بەهاوكاری خوێندكار شۆرش خالید سەعید بوو.

ئەم دوو بەرێزە هەر بەوەندە نەوەستان بەڵكو هەردوو هاوژینی خۆشیان كە ڕووسی زمان بوون خستە نێو كاری ڕۆژنامەنووسی كوردی بەزمانی ڕووسییەوە.


رۆژنامەی نۆڤی كوردستان یەكەمین ژمارەی لە شاری سانكت پیترسبوورگ/ لینینگرادی جاران بڵاوكرایەوە ولەم دەرفەتەدا وای بەباشدەزانم كە هەنوكە خوێندنەوەیەك بۆ ژمارەی یەكەمی ڕۆژنامەی نۆڤی كوردستان بكەم، بۆیەش دەلێم ژمارەی یەكەم چونكە مخابن هەموو ژمارەكانم لە بەردەست دا نییە و لەبەر هەندێ ژمارەی یەكەم وەك سەرەتای دەرچوونی رۆژنامەی نۆڤی كوردستان كە بەبزاڤی دەستپێكی ڕۆژنامەگەریی كوردی بەزمانی ڕووسی دەناسرێت، كە ئەو بزاڤەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردی تاراوگەوە بەگشتی و ڕۆژنامەگەریی كوردی باشووری كوردستان لە ڕووسیای فیدراڵ بەتایبەتی هەیە بكەین.


نۆڤی كوردستان ژمارە: 1 مانگ: یەكی حوزیران ، ساڵ: 1997 ، شوێن: شاری سانكت پیترسبوورگ.

رۆژنامەی نۆڤی كوردستان كە چوار ڵاپەڕەیە و قەوارەكەی وەك كوردستانی نوێی كە ئەمڕۆ لە شار سلێمانی دەردەچێت هەمان قەوارەیە.

لەڵاپەڕەی یەكەمدا بەم شێوەیە دەخوێنینەوە:

لەسەری هەر سەرەوەی ڵاپەڕەكەدا بە خەتێكی ڕەشی تۆخ و بەگەورەیی كە ڵاپەڕەكەی لە دەستی چەپەوە بۆ دەستە ڕاستی ناوی ڕۆژنامەكەی گرتووە، هەر لە دەستە چەپیدا لەسەر پیتی نوو‌ن بەزمانی ئینگلیزی نووسراوە: NEW KURDISTAN و لە دەستە ڕاستیشیدا لەسەر پیتی نوون بە ئەلفوبێی لاتینی نووسراوە:KURDISTANI NIWE .


لەدەستە چەپدا و لەژێر وشەی نۆڤی نووسراوە : مانگانەیەكی بێلایەنە. هەر لە كۆتایی وشەی نۆڤی مانگ و ساڵی دەرچوونی نووسراوە. لەژێر ناوی كوردستان نەخشەی كوردستانی مەزن بە ڕەنگی ڕەشی كاڵ نەخشێندراوە و لەدەستە ڕاستی ڵاپەڕەكەدا و لەبن پیتی نوون نووسراوە: ژمارە 1.

لە دەستە چەپی رۆژنامەكە بەناوی دەستەی نووسەرانیەوە ستوونێك بە پێنووسی مغدید سەپان نووسراوە و لە تەنیشت ئەم ستوونەدا وتارێك بۆ یادی 22 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پێنووسی شۆرش خالید سەعید و وێنەیەكی سەرۆك مام جەلال تالەبانی بە كامیرای هیوا كاردۆخی چاپ و بڵاوكراوەتەوە و پاشماوەی ئەم وتارە لە ڵاپەڕە 3 دایە.


ئەوی جێگەی باسە هەر لەڵاپەڕە یەكدا لە دەستە ڕ‌استی لەسەرەوە نووسراوە:

لەم ژمارەیەدا دەتوانیت ئەم بابەتانە بخوێنیتەوە :

مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە باشووری كوردستان- ل 2 .

هەڤپەیڤینێك لەگەڵ یەكەمین ژنە كوردی خودان بڕوانامەی دكتۆرای زانستی – ل2 .

20 ملیون مین لە كوردستان – ل 3 .

ڕاپرسێك لە شەقامەكانی سانكت پیترسبوورگ دا- ل 4.

ڕانانی چاپەمەنی نوێ، ، هەڵبژاردن و ئامادەكردنی یولیا سەعید – ل 4.

هەر لە ڵاپەڕەی یەكەمدا لە خواری هەر خوارەوەدا مانشێتێك بەسەر دێری : پانۆرامای هەو‌اڵەكان بەر چاو دەكەون و پاشماوەكەشی لە ڵاپەڕە 2 و 4 دایە.

لە ڵاپەڕە 2 دا ئەم بابەتانە دەخوێنینەوە :

1. بەسەر دێری : ناتوانن كتێبەكانی خۆیان چاپ بكەن ، هەڤپەیڤێنێكە لەلایەن مغدید سەپان لەگەڵ زارا یوسوپۆڤا سازدراوە. هەر لە ژێر ئەم هەڤپەیڤینەدا پاشماوەی بەشێكی پانۆرامای هەواڵەكان بڵاوكراونەتەوە.

2. بابەتێك بەسەرناوی : ڕووداوەكانی میللەتێكی زوڵم لێكراو ، پوختەیەكی كورتی مێژووی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە باشووری كوردستاندا ، بەپێنووسی موەفەق ئەحـمەد (مەبەست لە دكتۆر موەفەق دەرگەلییە) نووسراوە.

لە ڵاپەڕە سێیەمدا سێ بابەت دەخوێنینەوە و لەمانە :

1. 20 ملیون مین لە كوردستانی عیراقدا ، لەلایەن هیوا كاردۆخی و شۆرش خالید سەعید نووسراون.

2.ڕوونی لە ئاوازەكانی سەما و كەسێكی بزێو دا ، بەپێنووسی تاتیانا ئالێكسێڤا نووسراوە.

3.لە ژێری ژێرەوەی ئەم ڵاپەڕەیەدا پاشماوەی وتاری یادی 22 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

لەڵاپەڕەی چوارەمدا ئەم بابەتانە بەرچاو دەكەون و لەمانە :

1. لە دەستە چەپی ئەم ڵاپەڕەیەدا ، بەستوونێكی درێژ لەسەرەوە بۆ خوارەوە

راپرسێك لە شێوەی هەڤپەیڤین لەگەڵ خوێندكارانی ڕووس كە هەر هەموویان كچە خوێندكارن سازدراوە.كەدەستپێك بەم شێوەیە دەست پێدەكا و بۆ هەر ژمارەیەك دەربارەی هەر كێشەیەك پرسیارێك دەورووژێنین و پرسیارەكەی ئـەمجارەشمان ئەوەیە: ئایە هیچ زانیاریێكتان دەربارەی كورد هەیە ..؟

· ئانا بولكینا كچە خوێندكاری تەمەن 20 ساڵە ، بەڵێ دەزانم ، بەڵام زۆر بەكەمی.

· ئێلینا میزیۆكۆڤا كچە خوێندكاری تەمەن 19 ساڵە ، بەشەرمەوە ، هیچ دەربارەیان نازانم.

· ئێلینا سیدۆر كچە خوێندكاری تەمەن 26 ساڵە ، بەڵێ ، من دەزانم و جێگەی شانازییە میللەتێك عاشقی ئازادی بێ و هەموویان بجەنگن لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا.

· ئیرینا رۆمانچەڤا كچە خوێندكاری تەمەن 24 ساڵە ، بەلێ من دەزانم كە ئەوان تێدەكۆشن لە پێناوی ئازادیدا ، كە ژیانیان لەو پەڕی ناخۆشی و دژواری دایە لە توركیا دا.

· ئۆڵگا میرنۆڤا كچە خوێندكاری تەمەن 24 ساڵە ، بەڵێ من دەزانم ، لە ڕێگەی ڕاپۆرتەكانی ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆندا.


هەر لەڵاپەڕەی چوارەم و لە دەستی ڕاستدا ڕانانی چەند كتێبێكی كوردی كە لە هەڵبژاردن و ئامادەكردنی یولیا سەعیدە ئەنجامدراوە كە بەم شێوەیە :

1. جوگرافیای كوردستان لە نووسینی دكتۆر عەبدوڵڵا غەفور و بەدوو ستوونی كورت ڕانانی بۆ كردوە.

2. بیبلۆگرافیای كوردەلۆژی لە نووسینی ژاكلین موسالیان كە بە دوو بەش لە شاری سانكت پیترسبوورگ چاپكراوە، بە ستوونێكی كورت ڕانانی ئەم دوو بەشەی كردوە.


هەر لەم ڵاپەڕەشدا قەسیدەیەکی مەلای جزیری بەسەرناوی:

( پێش دروست بوونی دونیا) کە لە دیوانی مەلای جزیری وەرگیراوە و دوبارە چاپ و بڵاوکراوەتەوە وئەم دیوانەش لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانی ڕووسی لەلایەن دکتۆر کەریمی ئەیوبی تەرجەمە کراوەو لەشاری سانکت پیترسبوورگ چاپکراوە.

هەر لەم ڵاپەرەیدا پیرۆزبایێک بە بۆنەی ڕۆژی شاری سانکت پیترسبوورگدەخوێنینەوە کە نووسراوە : هەموو ساڵێک لە 27 ی مانگی پێنجدا ڕۆژی شارە ، ئێـمە لە دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی نۆڤی کوردستان پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی تەواوی خەڵکی شاری سانکت پیترسبوورک دەکەین و ژیانێکی خۆش و کامەران و ئارامیان بۆ دەخوازین.

هەر لە ژێر ئەم پیرۆزباییەدا نووسراوە: ڕۆژنامەکەمان لە نووسینگەی کۆمپیوتەری کۆلیژی ڕۆژنامەوانی زانکۆی سانکت پیترسبوورگ نووسراوەتەوە و دیزانی بۆ کراوە.

دواتر پاشماوەی پانۆرامای هەواڵەکان هەر لەم ڵاپەرەیەدا بڵاوکراوەتەوە.

لە خواری هەر خوارەوەدا ناوی دەستەی نووسەران بەم شێوەیە نووسراوە :

سەرنووسەر : مغدید سەپان

جێگری سەرنووسەر : یولیا سەعید

لە ژێرەوە ئەدرێس و ژمارەی مۆڵەتی ڕۆژنامەکە بڵاوکراوەتەوە و وێڕای تیراژی ئەم ژمارەیە کە (1000) هەزار دانەی لێ چاپکراوە.


ئەوی جێگەی گوتنە ساڵی پار کە بەسەردانێک لە هەولێری پایتەخت بووم ، لە ئاخاوتنێکی سەرپێیدا دکتۆر مەغدید سەپان پێی ڕاگەیاندم: کە تا ئەو لە شاری سانکت پیترسبوورگ بووە، (18) ژمارەی ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان یان چاپ و بڵاوکردۆتەوە و دوای تەواو کردنی خوێندنی دکتۆراکەی گەڕانەوە بۆ سوید و دواتر بۆ کوردستان دەستی لەسەر نووسەری ڕۆژنامەکە کێشاوەتەوە و شۆڕش خالید سەعید و هاوژینی یولیا سەعید شوێنی ڕۆژنامەکەیان گواستۆتەوە شاری مۆسکۆ بۆ لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی لەوێ بەردەوامیان بەدەرچوونی بە ڕۆژنامەکە داوە.

بەگوێرەی زانیاری و ڕاپرسی خۆم دوا ژمارەی ئەم ڕۆژنامە ژمارە (1-2) کە هەمووی بەسەر یەکەوە (48- 47)ە لەمانگی کانوونی دووەم و شوباتی ساڵی 2003 دوا ژمارەی بووە لە مۆسکۆ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیەش وەک دەیان و سەدان چاپەمەنی دیکەی کوردی بەبێدەنگی مۆمی تەمەنی کوژاوەتەوە.

هەڵبەتە بۆ ئەم هەلومەرجە و ئەو شوێنە گرنگەی ئەو دەمەی کەئەم ڕۆژنامەیەی لێ دەرچووە ، گرنگ و بایەخی زۆری خۆی هەبووە.


مخابن کۆکردنەوەی چاپەمەنییە کوردییەکانی دەرەوەی کوردستان کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە و ئەوانەی بەم کارانەش ڕابوونە کاتێ داوای هاریکاریان لێ دەکەی کە هاوکارت بن بۆ بەدەستخستنی هەموو ژمارەکان ئامادەی هاوکاری کردنت بۆ پڕۆژەیەکی وا نابن .

بەندەش هەموو ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیەم لەبەر دەستدا نییە، هەربۆیە هەر وەک سیمبۆڵێک و بەسەرکردنەوەی ڕۆژنامەیەکی ئا لەم جۆرەدا کە بەزمانی ڕووسی بە ناوەڕۆک کوردی بۆ خوێنەرانی کە بایەخ بەم تەوەرە دەدەن بخەمە ڕوو و خوازیارم لە ئایندەدا ئەگەر هاوکاری بکرێم بۆ وەدەستخستنی هەموو ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە ئەو دەمە هەوڵدەدەم زێدەتری لەسەر بنووسم.


رۆژنامەی نۆڤی کوردستان لەماوەی ساڵێک و نیودا لەشاری سانکت پیترسبوورگ (18) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە و دوای گواستنەوەی بۆ شاری مۆسکۆ لەوێش نزیکەی چوار ساڵ و نیو درێژەی بە دەرچوونی خۆی داوە و لە نێوان ساڵانی (1997- 2003)و لەماوەی (6) ساڵەی تەمەنیدا هەمووی بەسەریەکەوە کە دوا ژمارەی بەجووت (47-48)بوو دەرچووە و دوای ئەم ژمارەیە ڕۆژنامەی نۆڤی کوردستان هیچ ژمارەی دیکەی لێ بڵاونەبۆتەوە و کۆتایی بە دەرچوونی هاتووە.