ڕۆژنامەگەریی کوردی بە زمانی سویدی SVENSK- KURDISK JOURNAL

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
148958.jpg

نووسینی: د.فەخرەدین تاهیر

بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە دەرەوەی کوردستاندا بە چەند قۆناخێک تێپەڕیوە و هەر قۆناخێکیش بەپێی هەلومەرجی قۆناخەکەوە گەشەی کردوە و هەنگاوی بەرەو پێشچوونی لەبواری ڕوناکبیریی وکولتووری نەتەوایەتی کوردیدا ناوە و هەندێکجاریش گەشەسەندنەکەی لە ئاستی پێویست دا نەبووە،ئەمیشیان هەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هەلومەرجی قۆناخەکە لەهەموو بوارەکانی ژیانی کولتووری و ڕوناکبیریی نەتەوایەتیمانەوە هەبووە.

بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی بەهەموو بەشەکانیەوە ڕۆڵێکی ئەکتیڤ و کاریگەری خۆی لە بواری هوشیاری نەتەوەیی ڕەوەندی کورد لە تاراوگە و خورتکردنی پەیوەندی میللەتی کورد و میللەتانی تری کە لەو وڵاتانەی تێدا پێکەوە ژیاون کردوە.

ڕۆژنامەگەریی کوردی بە زمانی سویدی هەڵبەتە ڕۆڵێکی پۆزەتیڤی گرنگی هەبووە و پەیوەندێکی باشی لەنێوان دەستەبژێری (نوخبە) کورد و سویدی هێناوەتە ئاراوە و هەر ئەم پەیوەندیش بووە بۆتە هۆی زێدەتر دروست بوونی هاوسۆزی لەگەڵ دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد لە تەواوی بەشەکانی کوردستانی مەزندا.

ئەم هۆکارانە و دەیان هۆکاری دیکە بوونەتە هۆی ئەوەی کە دەیان سەنتەر و کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی و فەرهەنگی کوردی و کوردستانی لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا و ئوسترالیا و...تاد، دروست ببن.

هەڵبەتە ئەم هەنگاوە گرنگانە بوونەتە هەوێنی پێکەوە ژیانی میللەتان و لێکحاڵی بوونیان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کولتووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی و...تاد.

ئەوی جێگەی گوتنە دیرۆکی کۆچباربوونی کوردان بۆ وڵاتی سوید دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێکی ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو و بە دروستیش جێگیر بوونی پەناهەندەی کورد بە فەرمی لە نێوەڕاستی ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو،کورد بەتاک تاک و دواتریش بەگروپی گچکە زۆربەیان لە باکووری کوردستانەوە بۆ کار ڕوویان لەم وڵاتە کردوە.

بەڵام بە شێوەیەکی بەرفرەوانتر کورد لە دەستپیکی ساڵی ‌هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە گروپی گەورە و بە کۆمەڵ وەک پەناهەندەی سیاسی لە زۆربەی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی لە سوید جێگیر بوونە وهێدی هێدی تێکەڵاویان لەگەڵ کولتووریی سویدی و میللەتانی تری کە لە سوید دەژین کردوە.

بێگومان هەر ئەم هۆکارانە بووە کۆمەڵێک دەستەبژێری کورد و سویدی بیریان لە دامەزراندنی کۆمەڵەیەکی کولتووریی سوید- کوردستان کردۆتەوە ولە دەستپێکدا هزر و بیرۆکەی ئەم پڕۆژە کولتوورییە لەلایەن شاعیر و ڕوناکبیریی کورد فەرهاد شاکەڵی گەڵاڵە کراوە و خراوەتە بواری کارکردنەوە و دوای دامەزراندنی کۆمەڵەی کولتووریی سوید – کوردستان لە شاری ستۆکهۆڵم لە دەستپێکی ساڵی 1985 دا، ئەم کۆمەڵە کولتوورییە دەستی بەکاری ڕوناکبیریی خۆی کردوەو هەر لەسەرەتایی دامەزراندنیەوە بیری لە دەرکردنی گۆڤارێک بە زمانی سویدی دەربارەی کولتووریی کورد و ناساندنی بە کۆمەڵگەی سویدی کردۆتەوە.

ئەز هەنوکە هەوڵدەدەم دەروازیەک بۆ ناساندنی بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی بەزمانی سویدی بە دەستپێکی یەکەم ژمارەی (سویدی- کوردی/ جورناڵ) بکەمەوە.

سویدی – کوردی / جورناڵ

ژمارە : 1 ساڵ : 1 1985 ,شاری ستۆکهۆڵم ,سوید.

ئەم گۆڤارە یەکەمین جورناڵی کوردییە کە بەزمانی سویدی تایبەت بە کولتووری نەتەوایەتی کورد لە سوید لەلایەن کۆمەڵەی کولتووریی سوید- کوردستان بڵاوکراوەتەوە.

ناوەڕۆکی (سویدی- کوردی/ جورناڵ) ئەم بابەتانەی لە توێی ڕووپەڕەکانیدا لە خۆ گرتووە:

• لەسەر ڕووپەڕی بەرگی یەکەمیدا ناوی گۆڤار و ژمارە و ساڵی دەرچوون و لەنێوەڕاستی بەرگەکەدا پۆرترێتی شاعیری مەزنی کورد ئەحمەدی خانی و لەژێر ئەم پۆرترێتەشدا سێ سەردێری ناوەرۆکی گۆڤارەکە بەم شێوەیە لە خوارەوە نووسراوە:

هەڤپەیڤینێک لەگەڵ فریدریک بارث.

خانی شاعیری کلاسیکی کورد.

شیعری گۆران.

• هەر کە ڵاپەڕەی بەرگەکە ‌هەڵدەدەیتەوە،لەدیوی ناوەوەیدا بەم شێوەیە دەبیندرێت: لەلای چەپی ڵاپەڕەکەدا لە سەریسەرەوە ناوی گۆڤار و ژمارە و ساڵی دەرچوونی و لەژێریشدا ناوەرۆکی بابەتەکان بەم شێوەیە نووسراوە:

1. هەڤپەیڤینێک لەگەڵ فریدریک بارث.

2. شیعری گۆران.

3. لە منەوە دیاریێک بۆ ڕۆژهەڵات.

4. ئەحمەدی خانی.

5. ڕۆژنامەگەریی کوردی.

6. ڕانانی کتێب.

7. سێ ریفۆرم.

8. پێش مردنی یەڵماز گۆنای.

9. چیرۆکی حوسێن عارف.

10. پێرەوی نێوخۆی کۆمەڵەی کولتووریی سوید- کوردستان.

• هەرلەم ڕێزبەندەدا ناوی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە خراوەتە ڕوو:

1. سویدی-کوردی/ جورناڵ، ساڵێ بەلایەنی کەم چوار ژمارەی لێدەردەچێت.

2. لەلایەن کۆمەڵەی کولتووریی سویدی- کوردستان دەردەچیت.

3. بەرپرسیاری چاپ: رۆلف هانسۆن.

4. سەرنووسەر ؛ فەرهاد شاکەلی.

5. سکرتێری نووسین : کریستیان رۆبیرگ.

6. دەستەی نووسەران ؛ بەختیار ئەمین، فەرهاد ئازاد، فازڵ جاف.

• لەژێر ئەم ناوانەی سەرەوەدا ئەدرێسی گۆڤارەکە دەستنیشان کراوە:

ژمارەی تەلەفۆن، ئەدرێس، پۆستگیرۆ، نرخی هەر ژمارەیەک 15 کرۆنی سویدییە.

• دوا بە دوای ئەمانە ناوی تەواوی دەستەی کارگێری کۆمەڵەکە دیارکراوە کە بریتینە لەم ناوانەی خوارەوە:

1. کۆمەڵەی کولتووریی سوید- کوردستان.

2. ئەنجومەن : یۆتە ئاسک : سەرۆک.

3. هەواڵ باسکین: جێگری سەرۆک

4. گونیلا ئەبرەهامسۆن: سکرتێر

5. کریستیان رۆبیرگ: ژمێریار

6. فەرهاد ئازاد: ئەندام

7. زینێت شاکەلی : ئەندام

8. بیرگیتا ئۆستلوند: ئەندام

9. بەختیار ئەمین : ئەندامی یەدەگ

10. بوو ئیساکسۆن : ئەندامی یەدەگ

• لەلای دەستە ڕاستی هەمان ڵاپەڕە لەسەری سەرەوە پەیامی دەستەی ئەنجومەنی کۆمەڵەی کولتووریی سوید – کوردستان، لەلایەن سەرۆکی کۆمەڵەکە : (یۆتە ئاسک) بە ستوونێکی کورت و پوختە بەم شێوەیەی لای خوارەوە نووسراوە، ئێمە دەقە سویدییەکەمان وەک خۆی بەبێ دەستکاری کردۆتە کوردی و لەژێرەوە وەک خۆی دەنووسینەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

کۆمەڵەیەکی تازە و گۆڤارێکی نوێ،کۆمەڵەی کولتووریی سوید- کوردستان، ئەمەیان ناوەکەیەتی،هەڵبەتە بە شێوەیەکی سروشتی دەستبەکاربوو‌مان بەواتای ئەوەی پێویستی و توانامان بخەینە گەڕ لە ڕێگەی یەکەمین گۆڤارمان بۆ ئەوەی هەر لەم ڕێگەیەوە بگەینە ئامانجەکانمان و لە هەنگاوەکانیشماندا سەرکەوتووبین.

گەلی کورد نزیکەی (20) ملیۆن دەبن. دەژین و دابەشکراون لەنێوان (5) وڵاتی جیاواز دا : تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا و یەکێتی سۆڤیەت. ‌هەڕەشەی کولتووریی و ناسنامەی نەتەوەیی لێدەکرێ و بەشێوەیەکی بەرنامە داڕێژراوی سیاسی هەوڵی سڕینەوەیان دەدرێت.

لە هەندێک لە بەشەکانی کوردستاندا زمانی کوردی قەدەغەیە و تاوەکو مافی ئەوەیان نییە ببێژن: ئێمە کوردین، چونکە بەتاوان بۆیان هەژماردەکرێت. ئەم هۆکارا‌‌نە وایکردوە بەشێکی ئێجگار زۆر لە کورد ئاوارە ببن و لە وڵاتانی جیا جیا وەک پەناهەندە بژین.

لە سوید لەنێوان (5000-6000)هەزار کورد دەژین.

ئێمە دەمانەوێ لە ڕێگەی گۆڤارەکەمانەوە کۆمەڵەی کولتووریی سوید- کوردستان و دەنگی کولتووریی کوردی ڤەژین و بەردەوام و هەروەسا باس و خواسی کەلوپووری گەلی کورد بکەین و هەرچەندە دەزانین ئەم جۆرە بابەتانە تەوەری گرنگ و ناسراون.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە سوودێکی ئێجگار زۆری دەبێ، ئەگەرکوردەکان لە بەشی زۆری کوردستاندا، بیر و بۆچوونی خۆیان لەگەڵ یەکدا ئاڵوگۆڕ بکەن و یەکتری ببینن و لە شارەزایی یەکتری ئاشنا ببن و لەبارودۆخی یەکتری تێبگەن، چونکە لە ئامانجەکانیاندا هاوبەشن.

ئێستا ئێوە ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکەمانتان لەبەر دەستدایە، ئومێدەوارین کە کات و توانای داراییمان ڕێگەمان پێ بدات بەردەوام بین و بە ڕێکوپێکی ژمارەکانی بە چاپ بگەیێنین.

ئێمە لە هەمان کاتدا بە گوێرەی یاسا و بەرنامە داڕێژراوی خۆمان هەندێک چالاکی ترمان بەم شێوەیە دەستنیشان کردوە، کە بریتین لەمانە: کۆبوونەوە و گفتوگۆ و کۆرسی فێربوون و کردنەوەی پێشەنگا، کە ئەمانە ببنە هاندەرێک بۆ بەشداری کردنی چالاک و بۆ ئاشنا بوونی کولتووریی کوردی و سویدی لەگەڵ یەکتریدا.

هەڵبەتە ئەوکاتە یەکتری باشتر دەناسین و ئاشنای یەکتر دەبین،ئەو دەمە بە ئاسانی تێگەیشتنمان بۆ یەکتری دەبێت و دەتوانین لەیەک کۆببینەوە و بە دۆستایەتی پێکەوە کار بکەین.

• دوا بەدوای ئەمانە دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە ئەم چەند دێرەیان وەک ئاگاداری بۆ نووسەران و خوێنەران خستۆتە ڕوو. کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەرپرسیاری لە ناوەڕۆکی بابەتەکان بە واژۆی نووسەران ناکەوێتە ئەستۆی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە، بەڵکو خودی نووسەری بابەتەکە لێی بەرپرسیار دەبێ، تەنیا سەرۆکی کۆمەڵەکە لە پەیامی فەرمی و بیرو بۆچوونی گۆڤارەکە و کۆمەڵەکەیان بەرپرسیارن. • هەر لە هەمان ڵاپەرەدا سوپاسنامەیەک بەم شێوەیە لە چەند دێریکدا نووسراوە کە دەلێ: دەمانەوێ هەر لەم دەرفەتەدا سوپاسی خۆمان ئاراستەی رێکخراوی نیشتمانی بەشی (کۆچبارەن) لە شاری ستۆکهۆڵم بکەین، ئەگەر ئەوان بۆ ئەم ژمارەیە هاریکاری داراییمان نەبوونایە نەماندەتوانی ئەم ژمارەیە دەربکەین. • ئەوی جێگەی گوتنە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سویدی- کوردی لە ڕێزبەندی ڵاپەڕەکاندا لە بەرگی پێشەوەی گۆڤارەکەوە ژمارەی ڵاپەرەکانیان دەستنیشان کردوە، بۆ نموونە بەرگی پێشەوە بە ڵاپەڕەی یەک و ڕووی ناوەوەشی بە ڵاپەڕەی دووەم هەژمار کراوە.

• لەڵاپەڕەی (3) دا هەڤپەیڤینێک کەلایەن (Wenche Larsen, Ferhad Shakely) لەگەڵ

فریدریک بارث پرۆفیسۆری زانستی مرۆڤایەتی لەشاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج سازدراوە و سەردێری هەڤپەیڤینەکە بەم شێوەیە نووسراوە کە دەڵێ: (پێویستە زێدەتر لێتۆژینەوە دەربارەی کوردستان بکرێت). ئەم هەڤپەیڤینە دوو ڵاپەڕە و نیوە.

• لەنیوەی ڵاپەڕەی (5)دا، بابەتێک بەسەردێری ئامۆژگای بڵندی مامۆستایان بەشی کوردینووسراوە، هەر لێرەدا پوختەی ناوەرۆکی دەخەینە ڕوو: لە 29 ی مانگی گوڵانی ساڵی 1984 دا، لەلایەن نووسینگەی زانکۆ بڕیاردرا لە کەژی پاییزی هەمان ساڵدا لە ئامۆژگای بڵندی مامۆستایان بە زمانی کوردی بخوێندرێت. بۆ ئەم مەبەستەش تاکو ئێستاکە (22) کەس داواکاری خۆیان پێشکەش کردوە ولە دەرئەنجامدا تەنیا (9) خوێندکار وەردەگیرێن و... تاد.

• شیعرێکی گۆران بەسەرناوی (بۆ پیاوێکی گەورە کە شیعری خۆشدەوێ) لەلایەن : لاش بێکسترۆم، بەختیار ئەمین، فەرهاد شاکەلی کراوەتە سویدی و لەڵاپەڕە (6)دا، بڵاوکراوەتەوە.

• لە ڵاپەڕە (7)دا، بابەتێک بەسەرناوی (لەمنەوە دیاریێک بۆ ڕۆژهەڵات) لەلایەن : ئیرما لۆکمان کەنیو ڵاپەڕەی گۆڤارەکەی گرتووە بڵاوکراوەتەوە. پاشماوەی هەمان ڵاپەڕە بە نووسینێک بەسەرناوی (پڕۆژەی کوردی لە تێنستا و رینکیبی) لەلایەن : فەردا تۆران نووسراوە.

• لەڵاپەڕە (8)دا، بابەتێک بەسەرناوی (ئەحمەدی خانی شاعیری کوردی کلاسیک و بیرمەند) لێتۆژینەوەیەکی زانستی ئەکادیمیە لەنووسینی : فەرهاد شاکەلییە و سێ ڵاپەڕە و نیوە.

• لە نیو ڵاپەڕەی (11)دا، ڕانانی (3) بابەت کراوە لەمانە : کتێبێک دەرباری کوردەکان لە نووسینی نووسەری سویدی(ئالان کووتمان) لە دەستپێکی مانگی نیسانی ساڵی 1984 دا، لەلایەن دامودەزگای فەرمی (کۆچبارەن) لە سوید بە (250) ڵاپەڕە و بەرگەکەشی بە ئاڵای کوردستان دیزاین کراوە و چاپ و بڵاوکراوەتەوە.لە نیو ڵاپەرەکەی تردا دوو بابەتی دیکەش دەبیندرێن کە ئەمانە‌ن:کۆنفرانسی کوردەکان لە سوید و زانیاری لەلایەن دامودەزگای فەرمی (کۆچبارەن) بڵاوکراوەتەوە.

• لەلاپەڕەی (13-12)دا بابەتێک بەسەر ناوی (ڕۆژنامەگەریی کوردی) لە نووسینی: ال. بوا و وەرگێرانی لە زمانی ئینگلیزی بۆ سویدی لەلایەن : ئاریا ئووسیتالۆ.

ئەم وەرگێرانە هەڵەی چاپ و بەدحاڵی بوونی هەندێک لەناوی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی پێوە دیارە، بێگومان هەڵەکان ناکەوێتە ئەستۆی وەرگێرەکە، بەڵکو دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسە کە لە نووسینەوەی ناوی گۆڤار و ڕۆژنامەکان ولێکدانەوەی مانای ناوەکان لە کوردییەوە بۆ سویدی هاوکاری بووە،دیارە ئەو کەسە ماوەی یەک دوو ساڵێک بووە لە سوید و سویدیەکەشی بەشی ئەوەی نەکردوە، لە نووسینەوە و شرۆڤەکردنی ناوەکاندا کە چ مانایەک دەگەیەیێنێ،تارادەیەک سەرکەوتوو نەبووە، هەر بۆنموونە: گۆڤاری هاوار لە جیاتی بەم شێوەیە بنووسرێت : ‌Hawar کەچی نووسیویانە Hawae ئەمەیان گریمان هەڵەی چاپە، بەڵام چۆن دەبێ هەڵە لە نووسینی ناوی گیو موکریانی بکرێت کە بە سویدییەکەی نووسیویانە: Geq Mukriani لە ڕاستیدا دەبووایە بنووسرێت : Gew Mukriani یان ڕۆژنامەی برایەتی بە سویدییەکەی نووسیویانە : Biyareti دەیانتوانی بەم شێوەیە بنووسنەوە: Birayeti دیارە هاوکاری وەرگێر ئەو دەمە لە زمانی کوردیشدا هەر کۆڵەوار بووە ئەگەرنا چۆن ئەم هەڵە گەورانەیان بەسەر تێپەڕ دەبوو. دەربارەی گۆڤاری نزار بەم شێوەیە تەرجومەیان کردوە، بەر لەوەی ئەم دێرە کە لە سویدییەوە تەرجومەی کوردیم کردوە، بیخەمە ڕوو، بەباشی دەزانم دەقە سویدییەکە وەک خۆی بگوازمەوە کە بەم شێوەیە :Under åren 1948-1949 publicerade Eladin Secadi i Bagdad Nizar ”Stenen”(22 nummer).

ئەمەش دەقەکە تەرجومە کراوەکەی بەندەیە بۆ زمانی کوردی کە بەم شێوەیە پێشتر تەرجومەی زمانی سویدییان کردوە :(لە نێوان ساڵانی 1948- 1949 دا، عەلائەدین سەجادی لە بەغدا، نزار ” بەرد” ”22 ژمارە”ی بڵاوکردۆتەوە).

هەر کەسێک کەمێک لە زمانی زگماکی خۆی شارەزایی هەبێ (نزار) بە (بەرد) تەرجومە ناکات. بە هەرحاڵ وەرگێری ئەم بابەتە کە ئاریا ئووسیتالۆیە ئافرەتێکە بە ڕەچەڵەک فیلاندییە وەک شاعیر و نووسەر ناسراوە و ساڵانێکی دوور و درێژە لە سوید دەژیت و لە زمانی سویدی و ئینگلیزیش تارادەیەک شارەزایە، بەڵام ئەوەی سەری لێ تێکداوە هاوکارەکەی بووە.

بێگومان دواتر تەنگژە لە نێوان دەستی نووسەرانی گۆڤارەکە و نووسەرە کوردە هاوکارەکەی ئاریا ئووسیتالۆ دروست دەبێ ودوای بەیەکجاری بەبریاری دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە بەهۆی ئەوەی گوایە جارێ زمانی سویدییەکەی بۆ تەرجەمە کردن ناشێت، لە دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە دوور دەخرێتەوە.

• لەڵاپەڕە (14)دا ڕانانی چوار کتێب کە دەربارەی کورد بە چوار زمانی جیا چاپ کراون, بەباشی دەزانم ناوی کتێبەکان وەک خۆی بنوسمەوە کە ئەما‌نەن:

1. Leszek Dziegiel

Rural Community of Contemporary Iraqi Kurdistan

Facing Modernzation.krakow 1981(208 sidor)

ئەم کتیبە دەربارەی کۆمەڵگەی گوندنشینی کوردستانی عیراقی هاوچەرخ بە زمانی پۆلۆنی لەشاریKrakow بە 208 ڵاپەڕە لە ساڵی 1981 دا لە چاپدراوە. 2. Stephen C Pelletiere

The Kurds, An Unstable Element in the Gulf.

Westview Press / Boulder and London, 1984. 220 sidor

ئەم کتێبە دەربارەی کورد و نائارامی لە کەنداو (خەلیج) بە زمانی ئینگلیزی بە 220 ڵاپەڕە لەساڵی 1984 دا لە شاری لەندەن چاپکراوە. 3. A M Mentesasavilli

Kurdy

Moskva (Nauka GR VL) 1984. 238 sidor


ئەم کتێبە دەربارەی کورد بە زمانی ڕووسی بە238 ڵاپەڕە لە ساڵی 1984 دا لە شاری مۆسکۆ لە ڕووسیا لە چاپدراوە.

4. Memo Yetkin

Kurderna och Kurdistan

Socialstyrelsen.

PM 66/84.200 sidor

ئەم کتێبە دەربارەی کورد و کوردستان (ناوەرۆکی ئەم کتێبە زێدەتر پەیوەندی بە کوردە پەناهەندەکانی کە لە سوید دەژین هەیە) و لەلایەن مەمۆ یەتکین بەزمانی سویدی بە 200 ڵاپەڕە لەساڵی 1984دا لەشاری ستۆکهۆڵم لە سوید چاپکراوە.

• لە ڵاپەڕە (15)دا بابەتێک بەسەرناوی (سێ ریفۆرم) بڵاوکراوەتەوە، ئەم بابەتە (3)ڵاپەڕەیە و ناوەرۆکی باس لە پەناهەندەی بێگانە دەکا لە سوید و چۆنیەتی سیستێمی بەرێوەبردنی دامودەزگای پەناهەندە لە سوید دەخاتە ڕوو کە چۆن و بە چ شێوەیەک گەورە ساڵان فێری زمانی سویدی دەکەن و لە رێکخراو و دامودەزگای کار فێری پیشەی کار دەکرێن.

• لە ڵاپەڕە (18)دا، شیعرێک بۆ سینەماکاری کورد یەڵماز گۆنای بەسەرناوی (پێش مەرگی یەڵماز گۆنای) لەلایەن شاعیری نەرویجی Hanne Bramness ‌بەزمانی نەرویجی بڵاوکراوەتەوە. • لەڵاپەڕە (19)دا چیرۆکی حوسێن عارف بەسەرناوی (جەستەی بچوک) لە کوردییەوە کراوەتە سویدی و لە وەرگێرانی : ئاریا ئووسیتالۆ و فازڵ جافە.

ئەوی جێگەی گوتنە هەر لەم بابەتەدا لە سەرەتاوە بە چوار دێر حوسێن عارفی چیرۆک نووس بە زمانی سویدی بە خوێنەرانی گۆڤارەکە ناساندراوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: حوسێن عارف یەکێک لە ناسراوترین چیرۆک نووسی کورد لە باشووری کوردستاندا (عیراق)، لە پەنجاکاندا چەندان چیرۆکی خۆی لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردۆتەوە و چیرۆکەکانی خۆی لە سێ بەرگی کتێبدا بەچاپ گەیاندوە و وێرای بڵاوکردنەوەی چەند دەقێکی شانۆیی و کتێبێک دەرباری مێژووی چیرۆکی کوردی و ئێستاکە لە هەولێر سکرتیری نووسینی گۆڤاری (کاروان)ە کە بەزمانی کوردی دەردەچێت.

مخابن بەندە دەقی چیرۆکەکەی مامۆستا حوسێن عارف مان لەبەر دەستدا نەبوو تاوەکو لەگەڵ دەقە تەرجومە کراوەکە بەراوردی بکەین، هەوڵدەدەین لە داهاتوودا ئەم کارە بە ئەنجام بگەیێنین. • لە ڵاپەڕەی (22-21)دا پەیرەوی نێوخۆی کۆمەڵەی سوید – کوردستان بڵاوکراوەتەوە.

• لە بەرگی پشتەوەی گۆڤارەکەش تابڵۆی (کەو)ی هونەرمەندی نیگارکێشی کورد مەحەمەد عارف و دوو پارچە شیعری شاعیری ناوداری سویدی Gunnar Ekelöf کە لە دیوانی بەسەرناوی Över Fursten av Emigion, 1965 وەرگیراوە و دوبارە بڵاوکراوەتەوە.

• ئەم گۆڤارە قەوارەکەی کەمێک لە A4 گەورەترە و 24 ڵاپەڕەیە و هەموو بابەتەکانی ناوەوە و سەر بەرگی پێشەوە و پشتەوەی ڕەش و سپییە و بەیەک شێوە دیزاین کراوە. شوێنی لە چاپدانی: (Rinkeby Tryckservice 1985)ە و هەمووی بەسەریەکەوە لە ماوەی چوار ساڵدا (16) ژمارەی لێ چاپ و بڵاوکراوەتەوە و دواتر ئەویش وەک چەندانچاپەمەنی پێش خۆی بە بێدەنگی مۆمی تەمەنی کوژاوەتەوە. مخابن هەموو ژمارەکانم جارێلەبەر دەستدا نییە، ئەگەر لە ئایندەدا ژمارەکانی دیکەش بەدەست بخەم هەوڵدەدە بە دوور درێژی لەسەر هەموو ژمارەکانی بنووسم.