ژن گەوجاندن و خۆکوشتن

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
79698511 .jpg

نووسینی: ساکار زێرین

گەوجاندنی ژنان مێژوو و پڕۆسەیەکی دوورودرێژی هەیە.

لەو ساتەوەختەوە دەستی پێکردووە کە ژن تەلقیندراوە بەوەی کە دەبێ لە ڕووی فیزیکیەوە جوان بێت وپیاو دەبێ تەنها ژیر ونان پەیداکەرێکی باش بێ.

کورت کردنەوەی جوانی ژن لە ڕووخسار وفیزیکیدا جگە لە نەهامەتی وهەزار گرێی دەروونی، ژنی بێ بەها کردووە.

بێ بەهایی ژن لەو نرخەیە کە وەک هەر کاڵایەکیتر نرخی لەسەر دانراوە.

ئەو بێ بەها کردنە ڕۆچۆتە ئەوەی ژن لە جەستەی خۆی داببڕێ وجەستەی ببێتە ئەویتر نەک هی خۆی.

هیچ ئەوەی کە خاوەنداریەتی جەستەی داوەتە ئەویتر وبە تەواوی لە جەستەی خۆی نامۆ بووە، بۆ ئەویتر هەردەم خەریکی خۆجوان کردن وخۆڕازاندنەوە وڕاکێشانی سەرنجیەتی.

2731.jpg

خۆ کاتێ سەرنجی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، ئیتر دەبێ لە هەوڵی ڕاگرتنی سەرنجی دابێ نەبادا ژنێکی سەرنجڕاکێشتر لە ئەو سەرنجی پیاوەکەی بەدەست بێنێ وبۆ لای خۆی ڕایبکێشێ.

خۆ هەتا دوای ئەوەی ژن بە جوانی ڕووخسار وفیزیکی پیاوەکه لە خشتە دەبات وکاتێ پیاوەکە لێی تێر دەبێ وبەدوای ژنێکیتر وڕووخسارێکیتردا دەکەوێ، ئەو ژنە هەر ئاقڵ نابێ وبۆی نابێتە وانە کە تەنها ڕووخسار وجەستە ناتوانێ تا کۆتایی بە هیچ پیاوێکت ببەستێتەوە.

جا دوای لەدەستدانی پیاوەکە، دیسان دەچێتەوە سەر خۆڕازاندنەوە وخۆجوان کردن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی پیاوێکیتر.

ئیدی ئەو دەوامەیە تا ئەزەل بەردەوام دەبێت ولەو نێوەدا تەنها ژن وەک "بووکەڵەیەکی بێ مێشک" دەبێتە میوانی سەر گۆی زەوی وجێی دەهێڵێ بێ ئەوەی جێپەنجەی دیار بێ.

تەنها ژمارەیەکی بێ نرخ بووە لە کۆی ژمارەی دانیشتووانی جیهان.

پیاوان لەو نێوەدا زۆر ڕاستگۆترن.

ئەوان دەسکاری ڕووخسار وجەستەی خۆیان ناکەن هەرچەند ئەوان زیاتر لە ژنان پێویستیان بەجوانکاریە چونکە ژنان بە سروشتی خۆیان لە ڕووی ڕووخسار وفیزیکەوە بەگشتی لە پیاوان جوانتر دروست کراون.

بەڵام نازانم بۆ ژنان زیاتر خەریکی خۆجوان کردن ونەشتەرگەری جوانکاری بچووک کردنەوەی لووت وپف کردنی لێون؟!! خۆ هەر لوتێکی پیاوێک بە قەد دوو هێندەی ژنێکە وعادەتەن لێو قەیتانیشن گەر سمێڵەکە عەیبیان دانەپۆشێ.

کەواتە بۆچی ژن ملی ناوەتە بەر جەستەی خۆی وڕازی نیە؟ بۆچی کاتێ لووتی هیچ عەیبێکی نیە، دەیەوێ هێشتا بچووکی بکاتەوە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە ژن بەهای خۆی تەنها لە لەش ولاری دەبینێتەوە.

ئەو بەهایەش ئەویتر بۆی دیاری دەکات.

کەواتە ژن لە دەواممەی خۆبەکاڵا کردن ودۆزینەوی بەهای خۆیەتی لای ئەویتر.

جا چ ئەویترێک کە بۆ خۆی پڕە لە کێشە وگرێی دەروونی ودەبێ چ نرخێکی بۆ دابنێ!!!

کەواتە بە کورت وپووختی بڵێم ژن لە بێ بەهایی خۆیدا هانا بۆ هەموو شتێک دەبات وبێ ئۆقرە ونائارامە.

272824151 .jpg

هەردەم لە هەوڵی ڕازیکردنی ئەویتردایە چونکە ماهیەتی خۆی لە ئەویتردا دەبینێتەوە نەک خودی خۆی.

هەربۆیە دەرئەنجامی ئەو شەڕە ناوەخۆییە، ژنان هانا بۆ خۆکوشتن دەبەن تا کۆتایی بەو ژیانە بێ مانایە بێنن، چونکە نرخی خۆیان وئەو دەرفەتە زێڕینەی ژیان کردن نازانن.

بۆیە هەندێکیان لە دەرئەنجامی خەمۆکی وبێئۆقرەیی وشڵەژانی دەروونی هانا بۆ کۆتایی هێنان بە ژیان دەبەن.

هەربۆیەش چاوەڕوان دەکرێ کە ڕێژەی خۆکووشتن لەنێو بەناو مۆدێل وئەکتەر وشاجوان ووووو زیاتر بێت لەمەودوا چونکە تەکنەلۆژیا نەخۆشی کوشندەی خۆدەرخستنیانی زێدەتر کردووە. مەخابن!