کوردبوون یان تراژیدیای ژیان و مەرگی حەمەدی مەولوودی؟

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

کوردبوون یان تراژیدیای ژیان و مەرگی کاپیتان حەمەدی مەولوودی؟

FnLmKZCXEAkOtDx.jpg

سەمەد ئەحمەد

سەرەتا:

زۆرن ئەوانەی کە لە پێناوی کورد وەکو نەتەوە و کوردستان وەکو خاک تێکۆشاون و بەخۆیان و ماڵیانەوە و گیانفیدا بوون، بەڵام خەبات و تێکۆشانی هەموان وەکو یەک تۆمارکراوەنەکراوە. زەحمەتە ئێمە بتوانین لەم چەند دێڕەدا هۆکارەکانی ئەو جیاوازییە بخەینەڕوو. یەکێک لەو تێکۆشەرە مەردانەی مەیدانی خەبات و تێکۆشان (حەمەدی مەولوودی) یە، کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دیارترین و ئازاترین پێشمەرگەی کۆمار بووە. بۆ سەلماندی ڕاستی ئەم قسانە، سەرنجتان بۆ موتاڵای وردی کتێبی (کوردبوون) ڕادەکێشم، کە بەشێکە لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان (حەمەدی مەولوودی)، کە لەساڵی 1907 لە شاری مهاباد لەدایکبووە و لە ساڵی 1979 کۆچی دوایی کردووە. ئەم کتێبە بەنرخە، لەدوای هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر، لەلایەن کاک وریا ماملێ-وە ساغکراوەتەوە و برای شاعیر و نووسەریش، کاک ساڵح بێچار فەرهەنگۆگێکی باشی بۆ ئامادە کردووە، (550) لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و (چاپخانەی کارۆ)، چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، بە جوانترین شێوە و بەبێ هەڵە، چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.

لەبری شیر، تراژیدیا

(حەمەدی مەولوودی) ئەگەرچی (72) ساڵ ژیا، بەڵام هەرگیز وەکو مرۆڤێکی ئاسایی نەژیا و نەمرد. ئەو هەر لە قۆناغی مەلۆتکەییەوە، لە سۆز و میهرەبانیی دایکی بێبەش دەبێت و لەژێر دەستی زڕدایکیدا گەورە دەبێت. وەک خۆی دەڵێت: نەک هەر بۆی نابێت بە دایک و خزمەتی ناکات، بەڵکو لەزاری خزم و هاوسێکانییەوە لەبیرەوەرییەکانیدا نووسیوێتی: (هەمیشە برسیی دەکات، ئازاری دەدات و بێ ئەهمییەت تەماشای دەکات). هەروەک بۆیان گێڕاوەتەوە:)رۆژێک زڕدایکەکەی، حەمەد وەک پارچە گۆشتێک دەخاتە بەردەمی سەگ، بەرلەوەی سەگەکان قەپی پیابکەن، هاوسێکان پێدەزانن و فریا دەکەون و ڕزگاری دەکەن).

زۆری پێناچێت، زڕدایکەکەی کوڕێکی دەبێت، ناوی دەنێن (رەحمان)، حەمەد، ڕەحمانی خۆش دەوێت و دەیلاوێنێت و لەئامێزی دەگرێت، بەڵام ئەوە هیچ کار لە ویژدانی زڕدایکەکەی ناکات. بەڵکو ژیانی حەمەد هەتا چاو بڕدەکات تاریکییە عەشتەبای جوانی و خۆشی تێدا نییە، بەڵام ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکە هەروا بەئاسانی دەستبەرداری حەز و پێداویستییەکانی دەبێت؟ بێگومان نەخێر! لە دۆخێکی ئاوهادا، تێرکردنی گەدە دەبێتە مەرجی سەرەکی بۆ مانەوە، حەمەدیش هەر وایکرد، ڕۆژێک بۆ تێرکردنی سکی برسی، خۆی دەگەیەنێتە سەر تەنوورە داخەکەی ماڵی خۆیان، تا شتێکی دەستبکەوێت و بیخوات، بەڵام زڕدایکەکەی لێی پەیدادەبێت، مستێک دەکێشێت بە پشتی حەمەددا و لەزمانی دەخات، زۆری نامێنێت خل ببێتەوە بۆ ناو تەنوورەکە، بۆیە پێش ئەوەی زڕدایکەکەی مستی دووەمی لێ بدات و ببخاتە تەنوورەکەوە حەمەد بە لەقەیەک لەخۆی دوور دەخاتەوە و هەرچۆنێک بێت هەڵدێت و بەڵام دوای ماوەیەک دەزانێت کە بە لەقەکەی کۆرپەلەکەی ناو سکی زڕدایکەکەی کوشتووە و لەدوای چەند ڕۆژێکیش هەر بەو دەردەوە زڕدایکەکەشی مردووە. ئیدی حەمەد لە باوکیشی قاچاغ دەبێت. ئەگەرچی ئەو ژیانە سەرەتاییەی تووشی ئەوەی دەکات کە هەموو دەورەوبەرەکەی ڕقیان لێی ببێتەوە ئەویش ڕقی لە دەوروبەرەکەی ببێتەوە، بەڵام حەمەد هیچ کاتێک دەستبەرداری مەردایەتی نابێت، ئەگەرچی باجی مەردایەتییەکەشی بێ سزا نابێت و زۆر لەسەری قورس دەکەوێت.

کوردبوون چ سزایەکی قورسی هەیە

دوای ئەوەی حەمەدی مەولوودی، بەشێوەیەکی نائاسایی قۆناغی منداڵی تێدەپەڕێنێت، فێری هەزار و یەک کاری خراپە و نەشیاو دەبێت، بەڵام هیچ کاتێک خراپە بەرامبەر هەژاران ناکات، هەروەها خیانەت لە نەتەوەکەی ناکات، بەڵکو زۆر مەردانە و چاونەترسانە بەرگریی لە کورد و کوردستان دەکات. حەمەد لە یاداشتەکانیدا ئەوە دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێک عەجەمێک دەیەوێت دەستدرێژیی ئەخلاقی بکاتە سەر منداڵە کوردێک و ئازاری دەدات، بەڵام حەمەد ئەگەرچی مێرد منداڵ بووە، غیرەتی قبوڵناکات و شەقێک لە ناوگەڵی کابرای عەجەم هەڵدەدات و قۆڕی دەکات، دەوڵەت دوای ئەوەی حەمەدیان بۆ دەستگیر ناکرێت، لەبری ئەو باوکی زیندانی دەکەن. دوای ئەوەش کە حەمەد گەورەتر دەبێت، ستەمی داگیرکەران ڕێڕەوی ژیانی دەگۆڕێت و دەبێتە نیشتمان پەروەر و کوردپەروەر و بەرگریکارێکی کەم وێنە و تێکەڵاوی سیاسەت دەبێت و دەبێتە نۆیەم ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ. ک)، زۆر دڵسۆزانە لە ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوەدا خەبات دەکات. کاتێکیش کۆماری کوردستان بە ڕابەرایەتی قازی محەمەد دادەمەزرێت، حەمەدی مەولوودی لە سوپای ڕزگاریی کوردستاندا دەبێتە کاپیتان.

چەند لە مامە ڕیشە دەچێت؟!

کاتێک یاداشتەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودیم خوێندەوە، زۆر خاڵی هاوبەشم لە نێوان مامە ڕیشەی قارەمان و حەمەدی مەولوودیدا بینی، دیارترینیان بریتین لەوەی کە هەردووکیان نەخوێندەوار بوون، بەڵام هەرگیز ئەمە نەبووە بەمایەی ئەوەی کە بۆ یەک ڕۆژ ئەرکە نەتەوەییەکانیان فەرامۆش بکەن، هەردووکیان تا دوا هەناسەیان، بەهیوای ڕزگاریی کورستان و ئازادیی نەتەوەی کوردەوە ژیان و تێکۆشان. هەردووکیان، دوو پێشمەرگەی ئەفسانەیی هێندە ئازا و چاونەترس بوون، کە مێژووی کورد هەرگیز ناتوانێت فەرامۆشیان بکات و یادیان نەکاتەوە. داستانە دەستەویەخەکەی حەمکی نزیکی کەرکوک، کە مامە ڕیشە و 11پێشمەرگەی تر تۆماریان کرد، لەبەرامبەر سەدان سەرباز و جاش و تانک و تۆپ و فڕۆکەدا وەستانەوە و لوتی بەعسییەکانیان شکاند.. ڕێک لەو داستانە دەچێت کە حەمەدی مەولوودی لەگەڵ 12 پێشمەرگەدا لە بەری نەبەردیی سەردەشت لە شەڕی (مەکڵاوێ) لەگەڵ سەدان سەربازی عەجەمدا تۆماریان کرد و لوتی سوپای داگیرکەریان شکاند.

چارەنووسی مەولوودی دوای ڕووخانی کۆمار

دوای ئەوەی قازی محەمەد و هاوڕێکانی، لە مەیدانی چوارچرا لەسێدارە دران، حەمەدی مەولوودی، خۆی نەدا بەدەستەوە و هاتە باشووری کوردستان، لە باشووریش داگیرکەران ناهێڵن حەمەد بحەسێتەوە، چەند مانگێک زیندانی دەکرێت، هەر لە زینداندا فێری خوێندەواریی دەبێت، دوای ئازادبوونیشی زیاتر گرنگی بە خوێندنەوە دەدات، هەر بەو هۆیەشەوە دواجار دەتوانێت یاداشتەکانی بنووسێتەوە. لەدوای چەندین مانگ لە زیندانیکردن، بە هیمەتی دڵسۆزانی باشوور، دەتوانرێت حەمەد لە زیندان ڕزگار بکرێت. ماوەیەکی زۆر بە قاچاغ لە هەردوو دەوڵەتی ئێران و عیراق، لە گوند و ناوچە شاخاوییەکاندا دەمێنێتەوە. لەدوای مەینەتییەکی زۆر لە سنوورەکانی عیراق و ئێران و تورکیا، خۆی دەگەیەنێتە، سۆڤیەت، لەوێش ماوەیەک زیندانی دەکرێت، بەڵام دواتر ئازاددەکرێت، لە کۆماری ئازەربایجان و لە شاری باکۆ نیشتەجێ دەبێت.

دوای ئەوەی حەمەد بێ هیوا دەبێت لە گەڕانەوە بۆ کوردستان، لە ئازەبارییجان ژنێکی ئازەری دەهێنێت کە لەو ژنە کچێکی دەبێت، ناوی دەنێت (رووناک). ئێستا ئێمە هەموومان قەرزاری ئەم ڕووناک خانەین، کە توانیی دەستنووسەکانی باوکی بگەیەنێتە دەستی کاک وریا ماملێ، ئەویش دڵسۆزانە توانی ساغی بکاتەوە و پاکنووسی بکات، تا دواجار توانرا بەم شێوەیە چاپ بکرێت. کاک وریا ماملێ لە پێشەکی کتێبەکەدا حیکایەتی دەسنووسەکە و چۆنییەتی ساغکردنەوەکەی، بەوردی خستۆتەڕوو.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران، لە ساڵی 1979، حەمەدی مەولودی زۆر دڵخۆش بوو کە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بلیتی فڕۆکە دەبڕێت، بڕیاربوو لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی میهرئابادی تارانەوە ڕۆژی سێشەممە، 20-04-1979، بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام مخابن ئەم هیوایەی نەهاتەدی و لەگەڵ خۆیدا بردییە ژێر گڵەوە، چونکە ڕۆژی دووشەممە 19-04-1979، ڕێک ڕۆژێک پێش گەڕانەوەی بۆ کوردستان، جەڵتەی دڵ لێیدا و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بەنامورادی و دوور لە کوردستان سەری نایەوە.[١]

  1. سەرچاوە: کوردستانی نوێ - 08-08-2022