کوردستان مێژوویەکە لە کەشتیەکانی بەریتانیا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
KA.jpg

نووسینی: جوان عومەر ئەحمەد

چیرۆکی ناوی کوردستان لەسەر یەکێک لە کەشتیە بارهەڵگرە ناودارەکانی وڵاتی بەریتانیا.

زۆر جار لێرە و لەوێ وێنەی کەشتییەکم دەبینی بەگەورەیی نوسراو بوو کوردستان (KURDISTAN) هەندێک جاریش لەتۆرە کۆمەڵایاتیەکاندا و بەتایبەت فەیسبووک وێنەکە بڵاو دەکرایەوە و مشتومڕی زۆری دروست دەکرد کۆمەلێک زانیاری هەڵەی لەبارەوە دەنووسرا. هەندێک جاریش خاوەن پۆستەکانم دەبینی دەیانووسی کورد، لەسەردەمی خۆیدا خاوەنی کەشتی بووە، ئەوەی نەدەزانرا کورد لە کوێدا و لەچ دەریایەک خاوەنی کەشتی بووە.!!

خوێنەری هێژا ؛ دەمەوێت سەرنجتان بۆ مێژووی ئەم کەشتیە بەم چەند دێرە راکیشم و چەند زانیارییەک بەپێی توانای خۆم لەسەر مێژووی ئەم کەشتەیە بنووسم.

کەشتی کوردستان لەپۆرتی ڕۆتەردامی ووڵاتی هۆڵەندا
کەشتی کوردستان لەپۆرتی ڕۆتەردامی ووڵاتی هۆڵەندا

کەشتی کوردستان و کۆمپانیای "Short Brothers Ltd., Sunderland"

کۆمپانیای شۆرت برەزەر کۆمپانیایەکی بەریتانییە لەسەدەی 19 و لەساڵی 1850 لە باکووری رۆژهەلاتی ووڵاتی بەریتانیا لە شاری (Sunderland) کە نزیکە 20 کیلۆمەتر لە درووهام (Durham) و 16 کیلۆمەتر لە شاری نیوکاسڵ (Newcastle upon Tyne)ە دوورە ئەم کۆمپانیایە لەلایەن (George Short) دامەزراوە.

پاشانیش 4 لە کوڕەکانی دەبنە کۆمپانیۆنی باوکیان (هاوبەشی) باوکیان سەرەتا بەلەمی دارین و بچووکیان دروستکردووە، هەروەها لەساڵی 1871یەکەم کەشتی ئاسنینیان دروست کرد ئەم کۆمپانیایە خاوەنی 300 کارمەند بووە لە ساڵی 1964 مایەپووچ دەرچووە و داخرا چیتر نەیانتوانی بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن.

کەشتی کوردستان (KURDISTAN SS CARGO SHIP) کەشتی کوردستان بەرهەمی کۆمپانیایەی (Short Brothers Ltd., Sunderland) لەڕێکەوتی 25-03-1895 دروستکراوە.

درێژی کەشتی کوردستان 325,2 ft پێ بووە هەروەها پانتایی کەشتێکە 43.1ft پێ بووە، هەروەها قولی 24,7ft پێ بەرزێکەی 16.9ft پێ بووە.

بزوێنەرکەی لەلایەن (J. Dickinson) دروستکراوە.

قەبارەی بزوینەرەکە T3cyl (23.5, 39, 64 x 42in), 266nhp, واتا 266 هیزی ئەسپی هەبووە یەک پانکە یان یەک پەروانەی مسی هەبووە لە کۆتا خالی درێژی کەشتیەکەدا.

ئەم کەشیتە یەکەمجار لەلایەن کۆمپانیای (Hindustan Steam Shipping Co. Ltd. - JW Squance & Co., Sunderland) کراوە خاوەنداریتیان کردووە جگە لەوان چەند کەسیکی تر لەساڵەکانی 1907 و 1912 خاوەنی بووە دواجاریش لەساڵی 1921دا فرۆشراوە بە(Fratelli Lavarello fu)

کەشتی کوردستان لە کاتی ژێرئاو کەوتندا
کەشتی کوردستان لە کاتی ژێرئاو کەوتندا

کاتی نوقم بوونی کەشتی کوردستان.

کەشتی کوردستان لەڕێکەوتی 03-09-1926 لەکەناڵی ئینگلزی پاش ڕووداوێکی بەرکەوتن (تامپۆن) لەگەل کەشتیکی فەرەنسیدا ژێر ئاودەکەویت و بەهۆی ئەو کارەساتەوە لە کۆی 56 کەس لەسەرنشینەکانی 10 کەسیان گیان لەدەست ئەدەن و ئەوانی تر رزگار دەکرێن.

ئەوەی نەزانراوە لەدوای ئەو ڕووداوە ئایا کەشتێەکە دووبارە چاککراوەتەوە یان کەشتێکی تر بەهەمان قەبارە و بەهەمان ناو بەرهەم هاتووە.

لە پەرتووکی (British Merchant Ships Sunk by U-boat in World War One)

0005 (2221).jpg

کەلەلایەن : (A.J. Tennent) نووسراوە لەلاپەرە 59دا ئەماژە بەوە دەکات ژیردەریایی ئەڵمانی (Submarine، ، غواصة) لەسەردەمی نازێکاندا لە جەنگی دووەمی جیهانی لە رێکەوتی 10-12-1941 لە کاتژمێر 23:54 چرکەدا لە دەریای باکووری ئەتلانتیک (North Atlantic)تێکدەشکێنریت لە کاتژمێژ 23:57 ژیر ئەو دەکەویت جگە لە (William Fearon McMillan و Roy Gill) حەوت لەسەرنشینەکانی بەهۆی ئەم رووداوەوە دەمرن کەشتیوانەکەو 45 کارگوزار سەرنشینی کەشتێکە لەلایەن (HMS Kingcup (K 33 رزگار دەکرێن.

تێبینی: بەگوێرەی بەدواداچوون و هەندێک لەسەرچاوەکان کە تەواو دڵنیا نین لە دروستیان، ئەم کەشتیە تەنها کەشتیەک نەبووە بە ناوی کوردستان زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە دوای بەرواری ژێرئاو کەوتنی کەشتی کوردستانەوە، کەشتیەکی تر بە فۆرمێکی جیاوازتر لەوەی دی دەرکەوتووە، پێدەچیت پاش رووداوەکە جارێکی تر نۆژەن کرابێتەوە یاخود لەبەر ناوبانگی کەشتی یەکەم، کەشتیەکی نوێ بە هەمان ناو دروست کرابێت بۆ بازرگانی.

ڕەنگە هێشتا پرسیاری خوێنەر بە هەlواسراوی مابێتەوە و بێ وەڵام بێت، بۆ ناوی کوردستان دەبێتە ناونیشانی کەشتیەکی بازرگانی گەورە لە بەریتانیادا؟

ئەم کۆمپانیایە (Short Brothers Ltd., Sunderland) سەرجەم کەشتیەکانی بە ناوی ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و باشووری رووسیاوە ناونرابوون وەک (هندستان، کوردستان، تورکمانستان، ئەفغانستان) ئەویش ڕەنگە بەهۆی ئەو هاتووچۆ بارزگانیە بەردەوامیەی نێوان دەریای ڕەش و ووڵاتانی خۆرئاوا بووبێت بۆ ئەو ناوچانە، پێدەچێت وەک سیاسەتی بازرگانی بو راکێشانی سۆزی ووڵاتانی خۆرهەڵات بووبێت بۆ کۆمپانیاکەیان، جگە لەم هۆکارانە هیچ زانیاریەکەی ترم لەسەر هۆکاری ناونانی کەشتی کوردستان دەست نەکەوت کە شایانی ئاماژە و باسکردن بێت.

سەرچاوەکان:

British Merchant Ships

uboat

wrecksite.eu

sunderlandships

wikipedia

shipsnostalgia

oulton.cwa/newsships