کورد ، دۆڕاوی ناو گەمە گەورەکان: کۆماری مهاباد بەنمونە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Unerboard02.jpg

نووسینی: هونەر تۆفیق

لەیادی ٧٦ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری مەهاباددا ، پێویستمان بە گێڕانەوەی دامەزراندن و لاواندنەوەی قازی محەمەد و ئەو پیرۆزیانە نی یە کە دەیان کتێب و باسی تایبەتی لێوە نووسراوە .

بەڵکە پێویستمان بە وروژاندنی ئەو پرسیارانەیە کە بەهۆی پیرۆزکردنەوە ناکرێن و خۆمانی لێ غافڵ دەکەین .

لەبچوکترین پرسیارەوە لەو مێژووە کەبۆچی قازی لەسێدارەدرا ؟ بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی وەزیرانی کۆمارەکە ( حاجی بابەشێخ )و کەسانی تر کە پلەی باڵایان هەبوو ، ئازادکران ؟ ئەو وەڵامە سادەیە بەس نیە کە دەگوترێت گوایە حاجی بابەشێخ پیاوێکی ئایینی ناوداربوو بۆیە محەمەد ڕەزاشا نەیتوانیووە عەزیەتی بدات !! چونکە ناوداریەکەی حاجی بابەشێخ زیاتر نەبوو لە ناوبانگی قازی محەمەد .

گەورەتریش بپرسین ،ئەوەیە بۆچی ئەوکۆمارە لەو کاتەدا دامەزرا ؟ زەمینەی پێشتر لەبارتربوو کەچی ڕانەگەیەندرا ؟ بۆچی وەک هەر ئەزموونێکی سیاسی تری کورد لەناو گەمەگەورەکاندا کورد بەدۆڕاوی دێتەدەرەوە ؟

گەمەگەورەکە :

Tehran Conference, 1943.jpg

هەر لەوکاتەوەی بەریتانیەکان (سەدەی هەژدەهەم) گەیشتن بە هیند و چین ، گەورەترین ترسیان لە ڕوسەکان بوو ، شوێنیان بگرنەوە .

ڕوسەکانیش بەدرێژایی سنووری باشووریان ، ترسیان لە هەڵکشانی بەریتانیەکان بووە بەرەو باکووری چین و هیندستان .

ئێران یەکێک بوو لەو جیوگرافیایانەی ڕوسەکان بەدوو هۆکار وەک مەڵبەندێکی ستراتیژی و بەشێک لە ئەمنی قەومی خۆیان زانیووە .

یەکەمیان خاڵی لاوازی ڕوسیا کە قەفقازە و دووەم گەیشتنی بە ئاوی گەرم ( دەریاکانی باشوور) بۆ بەهێزکردنی ئابووری وڵاتەکەیانە .

بەدرێژایی سێ سەد ساڵی ڕابردوو بۆ ڕوسیا لەهەمەدان بۆسەرەوە، ڕوسەکان بە هێڵی سووریان داناوە .ناهێڵێن هیچ هێزێکی جیهانی تر ئەو هێڵە سوورەی نزیکە لە قەفقازەوە ببەزێنرێت .

ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانیش دەکەونە ناو ئەو هێڵەوە .

لەسەرەتای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ١٩٣٨ ، ڕەزاشای ئێران ڕایگەیاند شانشینەکەی بێلان دەبن لەو جەنگەدا . بەڵام ڕاستی نەدەکرد .

پەیوەندیەکی تایبەتی بەنازیەکانەوە( ئەڵمانیا)ەوە هەبوو .

هەندێک پێیان وایە گۆڕینی ناوی وڵاتەکەش لە فارسەوە بۆ ئێران لەساڵی ١٩٣٦ دا بەهۆی سەرسامی بووە بە فیکرەی باڵایی ئاریایی نازیەکان .

هیتلەر لەئەزموونی شکستی ئەڵمانیا لەجەنگی جیهانی یەکەمەوە لەوە تێگەیشتبوو بەهۆی نەبوونی نەوت وەک سەرچاوی وزە ، ئەڵمانەکان پەکیان کەوت و شکان .

بۆیە هەر لەسەرەتای جەنگەکەیەوە هێرشی کردە سەر سەرچاوەکانی نەوت و سوپاکەی لەئۆکرانیاوە بەرەو قەفقاز و باکۆ جوڵاند ، لەهەمان کاتدا ڕێگای لە بەریتانیەکانیش گرت نەوتیان پێبگات لە لیبیا و میسرەوە ( عەلەمەین ) پەیوەندیەکی باشیشی بە ڕەزاشاوە لە ئێران هەبوو کەبەناوی بێلایەنیەوە نەوت و ڕێگای گواستنەوە لە سۆڤیەت و بەریتانیەکان بگرێت .

لە ئێراقیش لایەنگرەکانی ( ڕەشید عالی گەیلانی و موفتی قودس) ی هاندا لەدژی حکومەتە لایەنگرەکەی بەریتانیا ساڵی ١٩٤١ کودەتا بکەن .

ئەو پەلهاوێشتن و سەرکەوتنانەی هیتلەر هیچ ڕێگایەکی بۆ ستالین و چەرچڵ نەهێشتەوە جگە لەئێران تاوەکو هاوکاریەکانیان بەیەکتر بگەیەنن .

متمانەشیان بە ڕەزاشا نەمابوو بەهۆی زیادکردنی ڕاوێژکار و پسپۆڕە ئەڵمانەکان لەئێراندا کەبەناوی دپلۆماتکارەوە گەشتبوون بە هەزاران ئەڵمان و نەوت و هێڵی شەمەندەفەر و بەندەرەکانی ئێرانیان ئاڕاستەدەکرد .

لەپاش کودەتاکەی نازیەکان لەعێراق ، سۆڤیەت و بەریتانیەکان پێکەوە بڕیاریاندا هێرش بکەنە سەر ڕەزاشا .

192112022 omarr.jpg

چونکە هەردوو کودەتاچیەکەش ( ڕەشیدعالی گەیلانی و موفتی قودس ) لەپاش ڕاونانیان ، لەئێرانەوە خۆیان گەیاند بە ئەڵمانیا بۆلای هیتلەر .

بەریتانیەکان لە بەسرە و خانەقینەوە ، سۆڤیەتیەکانیش لە ماکۆ و قەزوینەوە هێرشیان کردە سەر ئێران و هەردوو سوپاکە لە سنەدا ( ئەیلولی ١٩٤١) یەکیان گرتەوە .

لە باکوورەوە تا هەمەدان کەوتە دەست ستالین و لەباشوورەوە تا هەمەدان بۆ چەرچڵ .

پێکەوە ڕەزاشایان گرت و بەدیلی ناردیان بۆ باشووری ئەفریقا .

محەمەد ڕەزاشای کوڕیان لەشوێنی دانا .

لەڕێگای مەجلیسەوە ئەومەرجانەیان بەسەر ئێراندا سەپاند کە قبوڵی بکات تا شەش مانگ لەدوای کۆتایی جەنگ ئەو دوو دەوڵەتە بەهاوکاری ئەمریکا ئێرانیان بەدەستەوەبێت .

ئەڵمانەکانی ئێرانیشیان دەستگیرکرد . تەنیا پۆلیس و کاورباری ناوخۆی ئێران بەلاوازی بەدەست محەمەد ڕەزاشاوە مایەوە .

لەو بۆشاییە ئەمنیەی دەوڵەتدا ئازەریەکان بەتەواوی ناوچەکانی خۆیان لەدەستەڵاتی تاران دابڕی . کاتێک جەنگەکە کۆتایی هات ، نە چەرچل متمانەی بە ستالین هەبوو نە ستالینیش خۆشی بە چەرچڵ و بەریتانیەکان دەهات .

ئەوکات کێشە ناوخۆییەکانی نێوان براوەکانی جەنگ ( سۆڤیەت و بەریتانیا و ئەمریکا) دەرکەوتن .

ستالین تاوەکو دڵنیا نەبوایە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەوان لەنزیک سنوورەکانی سۆڤیەت ئامادەی کشانەوە نەبوو . ئەوەی لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا و ناو ئەڵمانیادا ڕوویدا لەدابەشکاری نێوان براوەکان ، لەفۆرمێکی بچوکتردا لە ئێرانیش بەهەمان شێوەبوو .

بۆیە ئەو پەیمانی کشانەوەیەی هێزەکانیان کە بە محەمەد ڕەزاشایان دابوو نزیکەی ساڵێک دواکەوت بۆ کۆتایی ١٩٤٦ .

کوردەکان بەچاولێکەری ئازەریەکان ( بەڵام درەنگ وەخت) لەو ساڵەدا کە دەستەڵاتی دەوڵەت بوونێکی ئەوتۆی نەبوو ، بڕیاریاندا دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆمی لایەنگر بە سۆڤیەت ڕابگەیەنن .

سۆڤیەتیش چ ئازەری و چ کوردەکانی بەستبوویەوە بەو فشارەی لە بەریتانی و ئەمریکیەکانی دەکرد بۆئەوەی لە باشوورەوە لە ئێران بکشێنەوە ئینجاکە ستالین سوپاکەی لە باکوورەوە دەکشێنێتەوە .

ئەگەرنا لەسنووری سوپاکەی ئەودا دوو دەوڵەتی کوردی و ئازەری لەباکوورەوە دەبێتە ئەمرواقیع لەئێراندا هاوشێوەی دەوڵەتە موالیەکانی سۆڤیەت لەبەلقان و لەبەلتیک لە ناو ئەڵمانیادا لە کۆتایی جەنگەکەدا بەپشتیوانی سۆڤیەت دامەزران .

بەریتانیەکان لەپێناو ڕوونەدانی ئەو ئەمرواقیعەدا و مەترسی لەسەر بوونی لە هیند و عێراق و شێوەدورگەی عارەبی بەمەرجەکەی ستالین ڕازی بوون .

هەردوولاشیان لە بێ متمانەیی بەیەکتر ، محەمەد ڕەزاشا و سوپاکەی بەهێز و دەستکراوە کرد کە ئێران بەو سنوور و جیوگرافیاوەی کەهەیە بکاتەوە بەیەک .

کۆتایی بەهەردوو دەوڵەتە ئۆتۆنۆمیە کورد و ئازەریەکەش بهێنێت .

لەوێدا کۆمارەکەی قازی محەمەدیش کۆتایی پێهات .