کورد و ئیسرائیل : حەفتا ساڵ قوربانی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
BARZANY.jpg

نووسینی: هونەر تۆفیق

پەیوەندی کورد- عێراق بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاساڵ پێش ئێستا . لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەو جولەکانەی دەیانویست بەقاچاخ لە عێراقەوە بڕۆن بۆ ( الارض میعاد) دەوڵەتە تازەکەیان ، لە کوردستانەوە دەپەڕێنرانەوە بۆ ئێران و تورکیا ، کوردەکان هاوکاریان دەکردن .

لە ڕێگای میر کامەران بەدرخانەوە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووشەوە ، کورد و ئیسرائیل پەیوەندی سیاسیان بەستووە . بەدرخان وەک نوێنەری مەلا مستەفای بارزان پردی نێوان کورد و ئیسرائیل بوو .

لە ١٩٦٨ و ١٩٧١ مەلا مستەفا بەخۆشی دوو جار سەردانی ئیسرائیل دەکات . لەسەردەمی شەڕی ئەیلولی نێوان کورد و حکومەتی بەغدا ، ئیسرائیلیەکان و دەزگای مۆسادەکەیان پەیوەندی بەهێزیان بە مەلا مستەفاوە هەبوو . بەهاوبەشی لەگەڵ ساواک ( دەزگای مخابەراتی پادشای ئێران ) دا ، مۆسادی ئیسرائیلی یارمەتی دامەزراندی دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە .

لەکاتی شکستی عەرەبەکان لەبەرامبەر ئیسرائیلدا ١٩٦٧ ، کورد بە دڵخۆشی و ستایشەوە هاوبەشی ئیسرائیل بوون و لەوکاتانەدا مەلا مستەفا سەردانی ئیسرائیلی دەکرد ( وەک لەوێنەکەدا ، سەردانی ١٩٦٨ ) لەماوەی ئەو حەفتا ساڵەدا کورد وەک دۆستێکی بەئەمەک خۆی بەخشیووە بە ئیسرائیل و سیاسەتی ئیسرائیلی .

دەستەواژەی ( من نیل لفرات ) لە نیلەوە تافورات ، کورد زیادەیەکی خستۆتە سەری ( والباقی للاکراد) ئەوەی تر بۆ کوردیان زیادکردووە . لەو ماوەیەدا کورد دەیان جار قات و قڕی ، شەڕ و شکست و ماڵوێرانی چەشتووە . بەشێکی زۆریشی باجی ئەو پەیوەندیە ( نهێنی - ئاشکرا) یە بووە بە ئیسرائیلەوە .

یادوەری سی ساڵەی کورد ئەوەندەی لەبیرە کە فەڵەستینیەکان کوردیان خۆشناوێت ، بەڵام ئەو چل ساڵەی ترمان لەیادنەماوە ( یان لەبیری خۆمانی دەبەینەوە) کە ئێمە قوربانی پەیوەندیمانین بە ئیسرائیلەوە ، بەبێ ئەوەی ئەو دەوڵەتە جگە لە چەند قسەیەکی ئیعلامی ، هیچ هەڵوێستێکی سیاسی و فەرمی و جدی لەپێناو کورددا نواندبێت ! جگە لەوەی لە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتیشدا کارەکتەری سەرەکی بوون لە دیلکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان و پێشکەشکردنی بە تورکیا .