کورد و ئەمریکای بێبەڵێن !!

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Usa.jpg

نووسینی: هونەر تۆفیق

هیچ گەلێکی ناوچەکە هێندەی کورد بە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستاندا سەغڵەت نەبووە .

هەڵبەتە ئەو سەغڵەت بوونەی کورد لە خۆڕا نی یە .

بەر لە ئەفغانیەکان ، چەندین جار کورد ئازاری خیانەتی ئەمریکیەکانی چەشتووە :

١٩٢٣ لۆزان :

کوردەکان پشت ئەستوربوون بە چەسپاندنی پرەنسیبەکانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ( وڵسن ) کە لە کۆمەڵەی گەلاندا مافی چارەخۆنووسی بۆ کوردیش رەوابێت .

کەچی لە لۆزاندا ئەمریکاییەکان لەسەر مافی کوردەکان چونە ژێر ڕکێفی بەریتانیەکانەوە و چاویان لە مەرج و پرەنسیبەکەی خۆیان نوقاند و کورد لەمافەکەی بێبەش کرا .

١٩٤٦ کۆماری مەهاباد :

ئەمریکاییەکان لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە سیاسەتی ئێرانیدا ، کوردەکانیان بەوە تۆمەتبارکرد کە لایەنگری یەکێتی سۆڤیەتن و کۆمارەکەیان لە بێدەنگی ئەمریکادا هەڵوەشاندەوە .

ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ :

لەڕێگای کیسەنجەرەوە کە ئەوکات ڕاوێژکاری ئەمنی قەومی ئەمریکابوو ،هاندەر و پاڵنەری ڕاپەڕینی کوردەکان بوون کە پێ ی دەگوترێت شۆرشی ئەیلول . کەچی ناغافڵ لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا پشتیان کردە کوردەکان ، تەنانەت ئامادەنەبوون مەلامستەفای بارزان کە بە تەشەبوس بۆچارەسەری نەخۆشیەکەی لە ئەمریکابوو ، ببینن و نەیانهێشت تا ئەو رۆژەی کۆچی دوایی کرد هیچ لێپرسراوێکی ئەمریکی یان ڕاگەیاندنی ئەمریکی بیبینێت .

ئەنفال ١٩٨٨ :

شاڵاوەکانی ئەنفالی سوپای عێراق و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە هێرشەکانی بۆ سەر کوردەکان ، بەتایبەتی بۆمببارانی کیمیاوی هەڵەبجە ، ڕای گشتی جیهانی جوڵاندبوو ، کەچی ئەمریکا ئەو کاتە دەیگوت : ئەوە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە و وڵاتەکەیان لە جەنگدایە لەگەڵ ئێراندا ، بۆیە ناتوانین بڕوا بکەین کە سەدام ئەوکارانەی ئەنجامدابێت .

ڕاپەڕینی ١٩٩١ :

لە بەسرەوە تاوەکو زاخۆ ، گەلانی عێراق لە حکومەتەکەی سەدام ڕاپەڕین و هێندەی نەمابوو بەغداد کۆنترۆڵ بکرێت .

بەڵام ئەمریکاییەکان سوپاکەی سەدامیان دەستکراوەکرد عێراقیەکان بە کورد و عەرەبەوە دامرکێنێتەوە و بە میلۆنەها کورد ئاوارەی ئێران و تورکیا بوون .

٣١ ئاب ١٩٩٦:

بە فشاری فەرەنسا ، هێڵی دژە فڕی ٣٦ بۆ سوپای سەدام دانرابوو ، کەچی ئەمریکاییەکان چاویان نوقاند لەو هێرشانەی سوپای سەدام کردیە سەر هەولێر و بە سەدان عەرەبی ئۆپۆزسیۆنیان لەشارەکەدا بێ سەروشوێن کرد .

داگیرکردنی عێراق ٢٠٠٣ :

تەنیا گەلێک لەناوچەکەدا پشتیوانی پرۆسەی داگیرکردنی عێراق بوو لەلایەن ئەمریکاییەکانەوە ، کوردەکان بوون .

ئەمریکا خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک داگیرکاری عێراق بە فەرمی ناساند ، کەچی کوردەکان بە ئێستاشەوە هەر دەڵێن پرۆسەی ئازادی عێراق .

بەڵام ئەمریکاییەکان تا ئەمساتەش پرسی کوردیان لە عێراقدا چارەسەرنەکرد و هەر بە هەڵپسێراوی هێشتیانەوە .

دەیانگوت ئەوە پرسێکی ناوخۆی عێراقە ، ئێمە تەداخولی تێدا ناکەین .

ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ :

هەرچەندە بەخۆی ڕیفراندۆمی کوردەکان هەڵەیەکی کوشندەبوو ، بەڵام ئەمریکاییەکان هێزەکانی حەشد و ئێرانیان دەستکراوەکرد بە چەکی ئەمریکی کوردەکان لەو ناوچانە بکەنە دەرەوە کە بە سەرپەرشتی ئەمریکاییەکان چووبوونە ناوی و لەسەر بڕیاری ئەوان دەیانپاراست .

ئەوەی کورد لە ڕووداوەکانی ئەفغانستاندا لێ ی دەترسێت ، بیرکەوتنەوەی ئەو مێژووە پڕ لە بێبەڵێنی و جێهێشتنە یەک لەدوای یەکانەیە کە ئەمریکاییەکان لەگەڵ کورددا کردوویانە .

ترسەکە بەشێکی بەزەیی بۆخۆدا هاتنەوەیە لەو مێژووەی نێوان کورد و ئەمریکادا کە لەهەر ساتێکی لەناکاودا بێت پشت لە کوردیش دەکات .

کیسنجەر ئاسا بەکورد دەڵێنەوە : ئێمە ئامادەنین لەپێناو ناوچەیەکی شاخاوی عاسیدا ، دۆستەکانمان لە تورکیا و ئێران و عێراق بڕەنجێنن .