کۆمارى کوردستان و پەڕاگەندەیی شۆڕشگێڕانى بۆ وڵاتانى شۆرەوى لە بیرەوەریکانى زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نوسینی: وەهاب حەسیب محەمەد

120221422.jpg

دەستپێک:

لێرەو لەوێ زۆر لە سەر کۆمارى کوردستان و ڕووداوەکانى نوسراون و یادداشت کراون، بەڵام چۆنێتى کۆچ و ڕەوى ئەو پێشمەرگانە بۆ وڵاتى غەریبى و خۆڕادەست نەکردنیان بە ڕژێمى شاهنشاهى، هاوکات چۆنێتى بەرەنگاربوونەوەیان کارێکە زۆڕ کەمى لە سەر نووسراو زانراوە، بەتایبەت لەلایەن خودى شۆڕشگێڕانەوە، هەروەها مانەوەى ئەو کۆمەلە زۆرە بۆ زیاتر لە دەیەیەک و چۆنێتى ژیان و گوزەرانیان، مامەڵە کردنى دەسەڵاتدارانى شۆرەوى لەگەڵیاندا لە زۆر کەس نادیارو پەنهانە، لەم بیرەوەریانەدا زرار بەگ پەردە لە سەر زۆر ڕاستى هەڵدەماڵێت و بەرد لە سەر زۆر نهێنى لا دەدات، بەو هیوایەیی نەوەکانى دوار ڕۆژ پەند و عیبرەت لەو ڕووداوانە وەربگرن، بەو هیوایە کرۆکى یادداشتەکان لەم چەند دێرەدا دەردەخەین.

ژیانى دانیشتوانى گوندى ماویلیان

ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى ماویلیانى سەر بە قەزاى ڕەواندوز لە دایکبووە، سەبارەت بە گوندى ناوبراو دەنووسێت ماویلیان خاوەن مێژووە و کەسانى بە دەست و بردو ئازاى تیادا هەڵکەوتووە، گوندى وەستا (برایم)ه، ئەو وەستایەی بونیادنەرى قەڵا و پردەکانى سەردەمى پادشاى گەورەی ڕەواندزە.

لەم بەشەدا زرار دەڵى: بەر لە ساڵى ١٩٢٠ خەڵکى ئاوایی ناکۆک بوون، بە تەمەنەکانى گوند داوایان لە (میر حەمەد ئـەمین) کردووە بۆ ئاشتەوایی دانیشتوانى گوند یارمەتییان بدات، ئەویش (سڵێمان بەگى) ئامۆزای بۆ ئەو کارە دەست نیشان کردووە، ناوبراو لە داوێنى گوند کۆشکێکى دروستکردووە، سەبارەت بە باوکى دەنووسێت: وەک ڕەوشتى ئاغاکان چەند ژنێکى هیناوە، پاش چەند ساڵ دایکى مندالى بووە، زرار نۆبەرەى دایکى بووە، بە هۆى نەخۆشى گرانەتاوە لە شیرى دایکى بێبەشبووە.

کۆمەڵگاى کوردەوارى لەو رۆژگارەدا بە هۆى جەنگى جیهانى یەکەمەوە تووشى ژیانێکى سەخت هاتووە، لە ئەنجامى شەڕو کوشتار زۆربەى گوندەکانى ڕەواندز سوتینیران، خەڵکیش لە ترسى سوپاى ڕووس ئاوارەو دەربەدەر بوون، یەکێک لە گوندەکان ماویلیان بووە، لەو ڕۆژگارەدا چەندێک ژیان وگوزەران لە ئاستێکى خراپدابووە هێندەش لە ڕووى پۆشاک پاکووخاوێنییەوە خەڵکى بێبەرگ و پۆخل بوون، بەرگى ژنان خامى شین بوو کە نەخشى دەگرت لە سەر جەستەى کەسەکە، پیاوەکانیش شایەد ساڵى جارێک دەستێک جلکى نوێیان لە بەرکردبایە و منداڵانیش بە زۆرى ڕووت و ڕەجاڵبوون و زۆر بەکەمى جلى تازەیان لە بەر دەکرا. لە و ڕۆژگارەدا جل و بەرگ و سابوون زۆر کەم بوون کە سەرچاوەى زۆریک لە درم و پەتاکان بوونە.

زرار لە سەفەریکى لەگەڵ باوکیدا ڕێییان دەکەوێتە گوندى (کانى مێردان) دیمەنى گۆرستانى گوند سەرنجی ڕادەکێشت بەشێوەیەک ڕیگاى ناو قەبرستانەکە بەرد ڕیژکراوە تا سوارەو پیادە بە ناو قەبرەکاندا نەڕۆن، هاوکات ئەم بەر و ئەو بەرى ڕیگاکە دارى گۆێز و مازو دایپۆشیبوون، هەروەها لەم بە شەدا باسى تووند ئاژۆى باوکى دەکات لەگەڵیدا تەنانەت جاریک ناردۆیەتى بۆ ئاش و لە گەرانەوەیدا بەردیک لە لاقى دەدات و جوڵەى سستدەکات، زۆر بیرۆکەى جۆراوجۆر بە میشکیدا دێت کە چۆن تۆڵە لە باوک و باوەژنى بکاتەوە، دواجار بە ناچارى ماڵ بە جێدەهیڵێت و لە ڕەواندز دەبیتە سەرباز، ڕۆژگاریک خەڵک لە سەربازى هەڵهاتوون ئەم بە خواستى خۆیی ناوى بۆ ئەوکارە تۆمار کردووە!

71473984 .jpg

لەم بەشەدا باسى (ئیسماعیل بەگ) و چۆنیتى کوشتنى دەکات لەلایەن بنەماڵەى (نورى باویل ئاغا)وە، ناوبراو دوا نەوەى بنەمالەى میرانى ڕەواندز بووە، دواتر دەنووسێت گشت ئەو موڵکانە کە تەواوى دەشتى هەریرو باتاس، ڕەواندز و دیانا بووە کەوتە دەستى پیرەژنێک دواىى ژینئاوایی ئەویش هەموو ئەو موڵکانە بێسەرو شوێن بوون، لەم بەشەدا باسى پەیوەندى باوکى و (ئیسماعیل بەگ) دەکات تەنانەت لەسەر خواستى ئیسماعیل باوکى دووجار سەردانى بەغدادى کردووە بە سەرى کردۆتەوە.

ژیانى سەربازى

ساڵى ١٩٤٣ بەرگى سەربازى دەکاتە بەر، ماوەى سێ مانگ لە حامیەیی ڕەواندز مەشقى پێدەکرێت و سەرکارەکەى ناوى (فەقێ) بووە، لەبارەى ئەم پیاوەوە دەنووسێت: مرۆڤێکى لەسەرخۆ و ماندوو بوو، ئەو خەڵکى چەمچەماڵ بووە، وەختایەک بەڕێدەکرێن بۆ مێرگەسوور چونکە چەکدارە بارزانێکان شەوانە لە سەنگەرو فەوجى سەربازى نزیک دەکەوتنەوە و تیربارانیان دەکرد، لە بەرانبەردا سەربازانى فەوج بە نیاز بوون (حەمەد ئاغاى مێرگەسوور) دڵشاو بکەن تا بڕواتە دەرەوە و پاڵبدات بە چەکدارە بارزانێکانەوە.

لە ٦/ ١١/ ١٩٤٣ لە گۆڕەتوو ڕووبەڕووى شەڕێک دەبنەوە و سوپا دەشێکێت، بەڵام زرار لە تەڕاشێک (پەنایەک) خۆیی حەشار دەدات، دواتر دەگەڕێتەوە پەل (سریە)کەى، کاتێک ورد و درشتى ڕووداوەکە بۆ ئامیر فەوج (عەقید عوسمان) دەگێڕێتەوە ئافەرینى دەکات و دەینێرێتەوە بۆ شوێنکارەکەى. دواتر لە پاى نووسینى نامەیەک کە ئەفسەر (محەمەد قودسى) بۆ شێخ مەعروف ناوێکى دەنووسێت و زرار پەیکى ئەو نامەیە دەبێت گومانى ئەندام بوونى لە حیزبى هیوا لێدەکرێت، دواتر بە پازدە ساڵ حوکم دەدرێت، لە بەندیخانە پیاوچاکێک نامەیەکى بۆ دەنووسێت و ڕەوانەى مەلیکى دەکات، دواتر حوکمەکەى سووک دەکرێت بۆ دوو سال، بۆ تەواوکردنى ماوەى سزاکەى ڕەوانەى بەندیخانەى موسڵ دەکرێت. وەختایەک لە حەپسخانە ژمارەیەکى گۆڤارى گەلاوێژى پێ دەبینرێت بە پاساوى یاساخى گۆڤارەکە دە دار لەژێر پایەکانى دەدرێت، لە ماوەى بەندیخانەدا زۆر بێکەس و پەرپووت دەبێت، ئەو دەڵێ: لەو ماوەیەدا تەنها (عیزەت)ى برام بە دووجار (١٧٥٠) فلسى بۆ ناردم، بۆ سەردانیش جارێک (محەمەد شیعە) سەردانى کردووم و تامردن ئەو سەردانەم لە بیرە. دواى تەواوکردنى ماوەى بەندیخانە و ئازادکردنى دەگەڕێتەوە ڕیزەکانى سوپا.

لەبارەى ئارامى ناوچەکەوە دەنووسێت لەوکاتەدا بارزانێکان بەردەوام تەقەیان لە سوپا دەکرد، دواتر حکوومەت لە ٧/ کانوونى یەکەم/ ١٩٤٧ (ماجد مستەفا)ى نارد بۆ گفتووگۆ لە تەک (مەلا مستەفا)دا و لەسەر چەند خاڵێک ڕێکەوتن.

لە بارەى ژیانى سەربازییەوە دەنووسێت هەرکات نۆبەتدار نەبوایەم دەچووم بۆ ماڵى (ئەمین ئەفەندى)، شەوێک ناوبراو چەند پیاوێکى لابوون رادیۆى تەبرێزیان کردبۆوە، کاتێک ناوى کۆمارى مهابادى دەهێناو ناوى سەرکردەکانى دەخوێندەوە تەزوو بە گیانمدا دەهات. بە تایبەت ئەوکاتەى سرودی نیشتمانى دەخوێندرایەوە.

لە درێژەى بیرەوەرێکانیدا بە سەرهاتێکى سەیر دەگێڕێتەوە پاشان نەقش لە سەر ژیان و دوا ڕۆژى دادەنێت، زرار بەگ بەمشێوەیە ڕووداوەکە باسدەکات: ناوەڕاستى مانگى شوباتى ساڵى ١٩٤٦ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکى سەرباز لە ناو شار دەگەڕاین، لە شوێنێک هەندى فاڵ گرەو دانیشتبوون، وەختایەک لە یەکێکیان دەچێتە پێش و داوا دەکات بە خت و نیازى بۆ دیاریبکات، ئەو دەڵێ: ڕێگایەکى زۆر دوورت لە پێشە تا چیاکانى قەفقاس دەڕۆیت و دوور دەکەویتەوە، ماوەیەک گیر دەبیت و دواتر دەگەڕێیتەوە و لە کرکوک دەبیت بە فەرمانبەر، دڵت داوە بە کیژێک وازى لێبهێنە بۆ تۆ نابێت، ئەو پێشتر لە گوند لەگەڵ کیژێکى زرافدا ڕازو نیازیان ئاڵوگۆرکردبوو بە نیازبوو لە دوا ڕۆژدا بچێتە خوازبێنى. زرار دەڵێ: ئەوکات باوەڕم بە قسەکانى نەبوو، تەنانەت نەمدەزانى کێوەکانى قەفقاس لە کوێ هەڵکەوتوون، بەڵام دواتر قسەکانى دەقاودەق ڕاست دەرچوون!

دەنگۆیەک بڵاو دەبێتەوە کە سوپا دەڕواتە ڕەواندز، دواتر قسەکە ڕاست دەگەڕێت، پاش ماوەیەک بڕیار دەدات بەشدارى کۆمارى مهاباد بکات، (ئیسماعیل)ى هەڤاڵى لە نیازەکەى ئاگادار دەکاتەوە ئەویش بڕیار دەدات هاوسەفەرى ڕێگاى بێت.

لە مانگى نیسانى ١٩٤٦ بەڵێنەکەى بەجێدەگەیەنێت و حەوت تفەنگ و هەشت سەد فیشەک لەگەڵ خۆیدا دەبات، لە (وارە کۆن)ەوە بەرەو (مهاباد) بە ڕێدەکەوێت، بە گەشتێکى سەخت و نشێودا و لەگەڵ یازدە نەفەردا بەرەو ئاسۆ ڕێگا دەگرنەبەر، تەنانەت هەندێ بەیانیان تەنها پێنج سەد مەتر ڕێدەکەن تاوەکو ئاشکرا نەبن و دوژمن زەفەریان پێ نەبات، لە کۆتاییدا لە سنوورى شارى (خانە) ەوە پا (پێ) دەخەنە خاکى ئازادکراوەوە. پاش حەسانەوە لە خانە ڕوو دەکەنە (نەغەدە) و لە بەردەرگاى حیزبى دیموکراتى کوردستان پێشوازییان لێدەکەن، دواتر (کەریمى حسامی) لێدوانێک دەدات و لە درێژەى قسەکردندا دەڵێت: بۆ بەشدارى بونیادنان لەو دەسکەوتە مەزنە پێویستە هەوڵبدرێت پەیوەندى فراوان و بەتین لەگەڵ هەموو کوردە نیشتمان پەروەرەکانى کوردستانى گەورەدا دروست بکرێت، باوکى سڵێمان بەگ دەبێت بە بەرپرسى سەربازى ناوچەى نەغەدە و زراریش بە ئەفسەرى یەک ئەستێرە بۆ چاودێرى ئاسایشى شار دەست بەکاردەبێت.

ماوەیەکى کەم لەو شارە دەمێنێتەوە لەگەڵ هاوکارانى دەتوانێت سەرنجى دانیشتوان بە لاى خۆیاندا ڕابکێشێن ئەم ڕەفتارانە (سەید ئەحمەد) یەکێک لە بەرپرسانى ناوچەکە ئاڵۆزدەکات و دەبێتە هۆکارى جیاوازى بیربۆچۆن و ڕەفتار لەنێوانیاندا.

سەبارەت بە سەید ئەحمەد دەنووسێت، شەوان خەڵکى دارکارى دەکردو ئەزێتى دەدان، بەرتیلى وەردەگرت، لە سایەیى حیزبى دیموکرات ڕاو وڕوتى باسناکرێت! هەڵوێستەکانى ناوبراو ناچارى کردم لە نەغەدە نەمێنم و ڕوو بکەمە مەهاباد، لەو شارە جارێکیتر بە دیدارى (محەمەد قودسى) شاد دەبیتەوە، دواتر دەردەکەوێت ئەفسەران لەگەڵ بارزانى ناکۆک بوون و لە هەڵوێستى ناڕازیبوون. تێکچوونى کۆمارى مەهاباد لەم بەشەدا زرار بەگ دەنووسێت لە کۆتاییى مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى ١٩٤٦ دەنگۆ بڵاوبوونەوە کە شا بەنیازە هێرش بکاتە سەر هەردوو کۆمارى ئازربایجان و مهاباد، دواتر بەپشتیوانى ئەمریکا و وڵاتانى ڕۆژئاوا لەشکر بێ تەقە گەیشتە (زنجان)، ماڵە بارزانێکان لە مهاباد دوور کەوتنەوە، لە شارى شنۆ و گوندەگانى دەوروبەرى شنۆ و(زەرزا) جێگیرکران.

پاشان دەوڵەتى ئێران داواى وتووێژ دەکات.

لە ٢٠/ کانونى یەکەمى ١٩٤٦ وەفدێک بە سەرۆکایەتى بارزانى ڕوو دەکاتە مهاباد، ڕۆژى دواتر لە لایەن سەرتیپ (هۆمایۆنى) بەرێدەکرێن بۆ تاران، لەو ماوەیەدا سەرهەنگ (غەفارى) بەرێدەکرێت بۆ لاى شێخ (ئەحمەد بارزانى) و داوادەکرێت:

  • 1. چەکە قورسەکان ڕادەستى سوپا بکرێت.
  • 2. ڕێگا بە سوپا بدرێت بڕواتە خانێ.
  • 3. ئەفسەرە ئێرانێکان ئەوانەى لەگەڵ بارزانێکان بون ڕادەستى سوپا بکرێنەوە!

لە ئەنجامدا شێخ وئـێرانێکان ڕێنەکەوتن و سوپا و جاش ڕؤژى ١١/ئادارى ١٩٤٧ لەناکاو هێرشى بەرفراوانیان دەستپێکرد، لە چەندین جێگا شەڕو پێکدادان ڕوویدا و نەبەردى و قارەمانى زۆر لەلایەن رۆڵەکانى کوردەوە تۆمارکرا، لەکۆتاییدا کۆمار تێکچوو، ئاڵۆزییەکى زۆر لە کوردستاندا پەیدابوو کووشتن و بڕین هەر باسناکرێت، دەربەدەریش بێئەندازەبوو.

سەفەر بەرەو یەکێتى سۆڤیەت

ڕۆژى ٢١/نیسانى ١٩٤٧سەفەرەکەیان بە دابەزین لە چیاکانى سەرسنوورەوە دەست پێدەکات و بەرەو دۆڵى (خواکورک) شۆڕدەبنەوە، ڕۆژى دواتر دەگەنە گوندى (ئەرمووشە). لە ٢٦/ نیسان/١٩٤٦ تا کۆتایىى مانگى مایسى هەمان ساڵ لەو ناوچە دەمێننەوە بە هیوایی دەرکردنى لێبوردنى گشتى بۆیان، بەڵام جاش و سوپا پەیتا پەیتا هێرش دەکاتە سەریان.

١٧/مایس/١٩٤٧ بە فەرمانى بارزانى (مامەند مەسیح شێروانى) و چەکدارەکانى بەڕێدەکرێن بۆ چاکردنەوەى پردى نێوان (ئەرگوش و درى)، پردەکە تاقە پردى سەردەمى (پاشاى کۆرە) بوو لە ناوچەى مزوریدا مابووەوە، پردەکە تێکدرابوو بۆ ئەوەى پێشمەرگە نەپەڕێتەوە.

ڕۆژى ١٩ى مایسى هەمانساڵ پیاوێک لە ئاکرێ وەک پەیک مەلا مستەفای بارزان دەبینێت و شەو تا بەیانى گتووبێژدەکەن. دواتر کۆبوونەوەیەک بە سەرکردەکانى هێزەکە دەکات کە ژمارەیان پێنج سەد و دوازدە شۆڕشگێربووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێک دەدرێت لەوانە:

  • دۆزینەوەى ڕێگایەک بۆ دەربازبوون، چونکە ئێران، عێراق و تورکیا ڕێکەوتوون بۆ لێدان و لەناوبردنمان.
  • ڕێکخستنى چەکدارەکان بە سریە (پەل) هەر پەلێک سەد چەکداربێت و فەرماندەیان بۆ دیاریبکرێت.
  • دیارى کردنى ئەو شوێنەی بۆیدەچین.

بارزانى داوا دەکات بڕۆنە سوریا لە ڕیگا هەرکەس و لایەنێک ڕێگریان لێکردن لێیان بدرێت، بەڵام ئەوانیتر یەک دەنگ بوون ڕووبکە شۆرەوى. پاشان لە گوندى (درى) یەوە ڕوودەکەنە گوندى (بێداو) لە کوردستانى باکور. تاوەکو ڕۆژى ٢٧/ مایسى ١٩٤٧ لە کوردستانى باکور دەمێننەوە و تووشى وردە شەڕ دەبن، ڕۆژى دواتر پێکرا لە گوندى (جیرمى) یەکدەگرنەوە، هەمان ڕۆژ لە ماڵى بارزانى و لە سەرداواى (میرحاج) بەر پرسەکان کۆدەبنەوە. دواى ئۆپراسیونێک بە ناوچەکەدا ڕۆژى ٢/ حوزەران/ ١٩٤٦ ڕووبەڕووى جاشەکانى (عەمەرخانى) شکاک دەبنەوە.

Barzani-q.jpg

زرار سڵێمان دەرگەلەیی بەمشێوەیە باسى عەمەرخانى شکاک دەکات یەکێک بوو لە ئاغاکانى هۆزى شکاک، شاپەرست بوو، لە سەردەمى کۆمار سوێندى خواردبوو خیانەت نەکات، بە خاترى ئەو سوێندە پلەى بەرزى سوپایی پێدرابوو، بەر لەوەى کۆمار تێکبچێت ڕووی لە دەربارى شاکردبۆوە، بە پێچەوانەوەى عەمەرخان خەڵکى دێى (بالەکان) کە گوندى ناوبرابووە زۆر بەگەرمى پێشوازى لە شۆڕشگێڕەکان دەکەن و خزمەتییان دەکەن. ڕۆژى دواتر دەگەنە ئەو دێهاتانەی سەر بە تیرەى سمایل ئاغا (سمکۆ) بوون، لە درێژەى باسەکەیدا دەڵێت: دانیشتوانى گوندەکان زۆر بە سۆزەوە بە پیرمانەوە دەهاتن، پێداویستێکانیان بۆ دابین دەکردین وەک گۆرەوى، پێلاو، تووتن و ...هتد.

سەرلەبەیانى ڕۆژى ٧/ حوزەیران چەکدارەکانى مامەند و ئەسعەد خۆشەوى یەگژ یەکتردا دەچن، بە بڕیارى مەلا مستەفا تەقەکەر چەک دەکرێت، بە گوێرەى یادداشتەکانى زرار لەو ڕۆژگارەدا (ئەسعەد خۆشەوى) بڕواپێکراو ویاوەرى بارزانى بووە. کاتێک دەگەنە گوندى (ئاوەجاغ) دانیشتوانەکەى هەڵهلتبوون، شەو هەندێکیان دەگەڕێنەوە کاتێک پرسیارى هۆکارى چۆلکردنى گوندیان لێدەکرێت لە وەڵامدا دەڵێن: ئاگادار کراین هەندى کوردى مرۆڤ خۆر پەیدابوون داوا دەکەین خۆتان ڕادەستییان مەکەن! ئەوە هۆکارى هەڵهاتنمان بوو.

شەوى ١٣/١٤ حوزەیران/ ١٩٤٦ لە دۆڵى ماکۆ چەکدارەکان ڕووبەڕووى شەڕێکى دژواردەبنەوە، زرار لەم بەشەدا باسى قارەمانێتى (مستۆ مێزۆرى و مامەند شێروانى) دەکات و دەڵێت هیچ کەس ناتوانێت لە ڕووى ئازایەتى وپاڵەوانێتیان بووەستێت.

١٦/ حوزەیران بارزانى لەگەڵ چەند چەکدارێکى (عومەر ئاغاى جەلالى) گفتووگۆ دەکات، دوو ڕۆژ دواتر بۆ هێزەکانى کورد ئاشکرا دەبێت ناوبراو ڕاسپێردراوى ئێران بووە و مەبەستییان بووە هێزەکان دوابخەن تاوەکو سوپاکانى ئێران و تورکیا ڕێگاى چۆمى ئاراسیان لێدەگرێت.

پێشتر بارزانى میرحاجى ڕەوانەى سۆڤیەت کردبوو تا ڕەزامەندی دەوڵەتى شۆرەى وەربگریت بۆ ئاودیوو بوونى هێزەکەو مانەوەى لە خاکى ئەو وڵاتەدا، لەو دەمەدا (میرحاج) دەگەڕێتەوە، لەو کاتەدا کە هێزەکە دەیەوێت بپەڕێتەوە (عادل بەگ) و دوو چەکدارى کە خەڵکى کوردستانى باکوربوون پاکشەکشە دەکەن و دەگەڕێنەوە.

ڕۆژى ١٩/ حوزەیران/ ١٩٤٦ هێزەکە لە ئاوى ئاراس دەپەڕێتەوە، لەو بەرى چۆم و تفەنگەکانیان ڕادەستى سوپاى سۆڤیەت دەکەن، دواتر بە ئوتوومبێلەکانى سوپا بەڕێیان دەکەن بۆ شارى (نەخچەوان). لە کۆتایی ئەم بەشەدا زرار بەگ دەنووسێت، ئەو ڕێگا دوورەى ئێمە بڕیمان ڕێوو رۆیشتنێکى مێژووى بوو، لە پێناو بە دەستهێنانى ئاواتى کوردبوو، ئەویش ئازادى و سەربەخۆیی کوردستانە.

ژیانى پەناربەرێتى لە یەکێتى سۆفیەت

ڕؤژى ٢٢/ تەموز/ ١٩٤٧ بەشێک لە جەنگاوەرانى کورد بەڕێ دەکرێنە ناوچەى لاچین و بە سەر کەڵخۆزەکاندا دابەشدەکرێن.

١/ئاب/ ١٩٤٧ مەلا مستەفا، شێخ سڵێمان، محەمەد سدیق و سێ کەسیتر لە شارى (شوشى) دادەبەزێنرێن و لە بەشەکەیترى جەنگاوەرە کوردەکان جیا دەکرێنەوە.

ڕؤژى ٤/ ئاب/١٩٤٧ زرار سڵێمان و کەسانیتر لە شارى (ئاغجەبەدى) دادەبەزێندرێن، دواتر لە کەلخۆزێک بە ناوى (گیندراغ) دەست بەکاردەبن، ئەو دەڵێ بە ڕۆژ خەریکى کارو بە شەویش خەرێکى خوێندن بووم، ئامانجم فێربوونى زمانى ڕووسى بوو، (عبدالرحمن فەقێ) ش وانەى لاتینى پێ دەخوێندم، ئـێوارەیەک لە کار دەگەڕێتەوە تەماشا دەکات کتێبەکانى سوتێندراون، زۆر لەسەر شانى قورس دەبێت، پاشان هاوڕێکانى ددان بە کارەکەیاندا دەنێن و هۆکاەکەشى بۆ مانەوەى زرار بووە تا درەنگانى شەو بە دیار کتێبەوە! ئەو ماوەیەیی لە کەڵخۆزەکانى (ئازەربایجان) دەبن چەند جارێک دەسەڵاتداران سەردانیان کردوون، تەنانەت جارێکیان لەسەر داواى مەلامستەفا میرحاج و سلێمان بەگ سەردانى باکۆ دەکەن و پازدە ڕۆژ لەو شارەدا دەمێننەوە.

ڕؤژى ٢٣/ کانونى یەکەم/١٩٤٧ کۆدەکرێنەوەو بەرەو باکۆ دەکەونە ڕێ، وەختایەک ئەوان لە خۆشى شادبوونەوەیان بە یەکتر شادى و زەماوەندیان گێڕاوە، پیرەژنێک دێتە پێشى و خۆى دەناسێنێت، دواتر ئاشکرا دەبێت خەڵکى سلێمانیەوە و لە دواى شکستى شۆڕشى (شێخ مەخمود) ەوە پەڕاگەندەى ئەم وڵاتە بووە، لە کۆتایی سەفەرەکەیاندا لە سەر دەریاى خەزەر نیشتە جێدەکرێن، پاشان بە سەر دوو تاقمدا دابەشدەکرێن و ئەفسەرێکى کوردى ئەو وڵاتە بە ناوى (کازیمۆف) دەبێت بە سەرکردەیان، ئەسعەد خۆشەویش بە جێگرى، کازیمۆف لە سەردەمى کۆمار بە ناوى (کاکاغا) لە مهاباد کارى کردوەو زۆربەى جەنگاوەکانى ناسیووە، لە درێژەى ئەم بەشەدا زرار دەنووسێت ئەوان زۆر پێمانەوە ماندوو دەبوون، ئێمە نەمانتوانى ڕێزى ئەو کۆشش و ماندوو بوونەى ئەوان بگرین، هەر زوو دڵیانمان ڕەنجاند و تێمان گەیاندن ئێمە شایانى ئەو نەخشەیە نین کە ئەوان بۆ مانیان نەخشاندووە.

لەو کاتەدا دەنگۆیەک بڵاودەبێتەوە کە ئەنجوومەنى باڵاى سؤڤیەت ئەنجوومەنێک بۆ کوردە پەنابەرەکان لە شێوەى دەوڵەتێکى کاتیدا دادەمەزرێنێت. (باغیرۆف) بۆ ئەو مەبەستە بارزانى و شێخ سڵێمانى برازاى بانگ کردبووە باکۆو پێشوازیەکى گەرمى لێکردبوون. لەکاتى دەرکەوتنیان بە گوێرەى قسەى شێخ سڵێمان (حەسەنۆف) داواى ناوى ئەندامانى ئەنجوومەنەکەى لە بارزانى کردووە. ڕۆژى ١٩/کانوونى یەکەم/١٩٤٨بۆ دامەزرانى یەکەم کۆبوونەوەى مەجلیسەکە دیاریکرابوو. میرحاج کاتێک ئەو هەواڵە دەبیستێت و دەزانێت ئاگادار نەکراوەتەوە یەکسەر لە ئەنجوومەن دەست لە کار دەکێشێتەوە! بە ڕاى زرار ئەوە دەستکەوتێکى مەزن بوو کورد نەیتوانى کەڵکى لێوەربگرێت. لە ئاکامدا ناکۆکى کەوتە نێوان کورد و ئازەربایجان، لەم پێناوەدا مەلا مستەفا زۆر بەتوندى لەگەڵ وەزیرى ناوخۆ جەنەڕاڵ (ئاتاشیف) گتووبێژى کردبوو.

٢٥/ ئاب/ ١٩٤٨ ئاگادار دەکرێنەوە کە دەگوازرێنەوە بۆ جێگایەکى دیکە، ڕۆژى دواتر بەرەو ئاسیاى ناوەڕاست بە ڕێدەخرێن. گەشتەکەیان لە باکۆوە دەست پێدەکات، بە شارەکانى دەربەند، مەخاچکەڵا و گۆردمسدا ڕێگا دەکوتن، بە گشتى دوازدە شەو ڕۆژ بە ڕێگاوە دەبن.

لێرەدا بە داخ و پەژارەوە نووسەرى کتێبەکە دەنووسێت لە بەدبەختى کورد پشتمان کردە فێربوون ڕوومان کردە دووبەرەکى و ناکۆکى بەتایبەت لەنێوان ئەسعەد خۆشەوى و مستۆ مێرۆزى. ئەنجامى ئەو ناکۆکیە کوشتنى دوو کەسى لێکەوتەوە کەسێکیان ناوى (ساکۆى کانییە لینجە) بوو. لە ئاکامدا بەسەر کەڵخۆزەکاندا دابەشدەکرێن، ئەو دەڵێـت: ڕۆژى ١٧/ئادارى/١٩٤٩ دابەشکراین و هەرچەند کەسێک بۆ گوندێک دیارى کرابووین، زرار لە کاتى کارکردن لەو کۆڵخۆزانە بۆ یەکەمجار دەبینێت کچ تراکتۆر دەئاژوێت کارێکى سەیر و جێگاى سەر سوڕمانى دەبێت؟! جارێکتر دەست دەکاتەوە بە خوێندن، دواى دووساڵ دەزانێت باوکى لە شارى (سەمەرقەند)ە، دواتر پیاوێکى ئۆزبەکى پێیان دەڵێت: لێرە بۆ کارکردن دەمێنەوە بێپرس نابێت لە گوند دەربچن، لەو سەروبەندەدا زرار سلێمان بەگ بیر لە ماڵ دروستکردن دەکاتەوە.

ساڵى ١٩٥١ لەسەر داواى مەلا مستەفا لە (تاشکەند) کۆدەکرێنەوە، لەو کۆبونەوەیدا بارزانى گلەو گازندە لەو کەسانە دەکات کە هاوسەرگیریان کردووە، لەو سەروبەندەدا زرار باسى ناکۆکى بارزانى و سلێمانى برازاى مەلا مستەفا دەکات، هەروەها لە درێژەى نووسینەکەیدا دەنووسێت ئەو ناکۆکى و ساردیە تا گەڕانەوەمان بۆ نیشتمان لە ساڵى ١٩٥٩ درێژەى هەبوو. هاوکات حکوومەت هەموو پێداویستێیەکى ژیان و خوێندنى بۆ جەنگاوەرەکان دابینکردبوو، سەرەتا زۆر بە چالاکانە ڕوو لە خوێندن دەکەن، پاشان سەبر سەبر دوور لە کارەکە دەگرن و چەند کەسێکى کەمییان نەبێت ئەوانیتر پاشماوەیەک لە خوێندن دوور دەکەونەوە.

سڵێمان، میرحاج وعبدالرحمن مفتى بۆ خوێندن ڕوو لە تاشکەند دەکەن و بۆ ماوەى سێ ساڵ لە یەک ژوورى بەشى ناوخۆیدا دەبن.

لە کۆتایی ساڵى ١٩٥٧ و سەرەتایی ١٩٥٨ گەشتێکى دوورو درێژ دەکات بۆ دوورگەى (قرم) لە گەشتەکەیدا چاوى بە مۆسکۆو چەند شارێکىتر دەکەوێت، لەگەشتێک بە بەلەم و لە کاتى ئاخاڤتندا بە زمانى کوردى پیرە پیاوێک لێی نزیک دەبێتەوە و دەڵێت: ئێوەکوردن، بەڵى، بۆچى؟ پیرە پیاو زاردەکاتەوە و دەڵێت: من قەرزارى کوردم، نانى ئێوەم خواردووە، ساڵى ١٩١٤ لە کوردستان برینداربووم کوردەکان پاراستمیان و ڕادەستى تورکیان نەکردم. کورد مەردن، نان دەرو خاوەن شەرەفن.

بەیانى ڕۆژى ١٤/تەموز/١٩٥٨ لە ڕێگاى ڕادێووە گوێبیستى کودەتایی چواردەى تەموز دەبێت، سەرەتا مەلا مستەفاو کۆمەڵێک لە هاوەڵانى گەڕێندرانەوە بۆ عێراق، لەو سەفەرەدا میرحاج داواى مانەوەى کردبوو لەو وڵاتە، بەڵام سۆڤێتەکان بەزۆر لەگەڵ بارزانیدا گەڕاندیانەوە، لە سەرەتاوە میرحاج لە تەک بارزانییدا ناکۆک بووە و نائومێدى پێوەدیاربووە.

لە مانگى شوباتى ١٩٥٩ ئاگادار دەکرێنەوە کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵات، شەوى ١٧ ئادارى هەمانساڵ دەگەنە وێستگەى شەمەندەفەرى بەغدادو جەماوەرێکى زۆر پێشوازییان لێدەکات. پاشان زرار لە حیزبى شیوعى نزیک دەبێتەوە، لە نێوان ساڵانى ١٩٥٩ تا ١٩٦٣ ئازار و مەینەتى زۆر دەچێژێت، هاوکات دژایەتییەکى زۆر دەکرێت لە لایەن پارتى و هەندێجار هاوبیرەکانێوە.

ساڵى ١٩٦٣ بەعسێکان بۆ ماوەیەکى کورت دەسەڵات دەگرنە دەست، بەشێوەیەکى دڕندانە پەلامارى شیوعێکان دەدەن لەو بارودۆخە دژوارەدا بارزانى یارمەتییان دەدات و لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حیزب پەناو پەسێویان بۆ دروست دەکات. زراربەگ لە حیزب دوور دەکەوێتەوە، بەڵام وەک کوردێک بەشدارى کاراى لە شەرى هەندرێندا هەبووەو سەرکردەیەکى ئەو شەڕە بووە، تا ڕێکەوتنامەى ئادار وەک کەسێکى خاوەن هەڵوێست لەگەڵ شۆڕشدابووە ئەگەرچى دوو بەرەکى و ناکۆکى جەرگیان هەلا هەلا کردبوو، بەمشێوەیە دەیگوزەرێنێت تا ئاگربەستى کۆتایى شەستەتکان و ڕێکەوتنامەى ئادار.

لەبارەى ڕێکەوتنامەى ناوبراوە دەنووسێت کورد گەیشتە مەرامێک ئەویش ئۆتۆنۆمى بوو. هاوکات لە کردەوەى دەسەڵاتداران بێزارو توڕە بووە، بەشێوەیەک لەم بەشەى بیرەوەرێکانیدا دەنووسێت کارگوزارێک دانەدەمەزێنرا ئەگەر پارتى نەبووایە!

لە کۆتاییدا ڕوو دەکاتە بەغدا و لەو شارەدا نیشتەجێ دەبێت. لەو شارە پەیوەندى لەگەڵ گەورەپیاوانى کورد و عەرەب بونیاد دەنێت و چەند هەوڵێکى ئاشتەوایی دەدات، یەکێک لە هەوڵەکانن لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانى سەرەک کۆمارى پێشوو (ئەحمەد حەسەن بەکر) لەو پێناوەدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن، دواتر لە ڕووداوێکى تەموومژاویدا ئەو کەسە پاکتاو دەکرێت، دەستى تاوانى بۆ پیاوانى (سەدام حسێن) درێژ دەکرێت.

ساڵى ١٩٨٠ دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر لە گەرەکى مامۆستایان خانوویەک دروست دەکات تیایدا نیشتەجێ دەبێت. هەر لەو شارەش دەبێتەوە بە مامۆستا، بەپێى ڕیزبەندى ساڵانى تەمەنى کە لە کۆتایی بیرەوەرێکانیدا یادداشتکراوە تا ساڵى ١٩٩١ پەیوەندى لەگەڵ شۆرش و شۆڕشگێراندا هەبووە و لە کوردایەتى دانەبڕاوە.

بەگوێرەى ماڵپەڕى کوردیپیدیا لە ڕۆژى ٢٠/ ئایارى/ ٢٠١٨ لە سۆران ژینئاوایی دەکات.

سەرچاوە: بیرەوەرێکانم لە ساڵانى ١٩٤٣ – ١٩٧٧/ زرار سڵێمان بەگ دەرگەڵەیی

تێبینى: کتێبەکەم بە PDF دەستکەوت و دواتر چاپمکردووە، ساڵى چاپکردنى لەسەر نییە.