کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی و شانۆگەری کێچ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی و شانۆگەری کێچ

Download (777).jpg

نووسینی: هه‌ڤاڵ ره‌وف یه‌حیا

وەک ئاشکرایە، کە بیبلۆگرافیایەک، *کە بۆ شانۆی کوردی تەرخانکرا بێت*، دەبێت بەرلەھەمووشتێک نووسەرەکەی بیر لەوە بکاتەوە، کە ئەو کارەی لە داھاتوودا دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ شارەزایان و نەشارەزایانی مێژووی شانۆی کوردی و خوێنەران لێێ ورد دەبنەوە و هەڵدەسەنگێندرێت ، تا ڕادەیەکی زۆریش وەک ژێدەرێک بۆ شانۆی کوردی ھێمای پێدەکرێت، کارێک دەبێت، کە کۆکردنەوەی سەرجەم کار و چالاکیەکانی ساڵانی ڕابردووی هونەر و شانۆی کوردیی بە بەڵگەنامەوە دەبێت تێیدا تۆمار کرابێت .

دەبێتە بەڵگەنامەیەکی زانیاریی بۆ هونەرمەندان وخوێنەران و لێکۆڵەران.

بەداخەوەم، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە لەلای من کەڵەکە بوون و لەبەر دەستمدان، کتێبی (بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، 1969 – 2019 کە لە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی هونەرمەند مامۆستا غەفور عەبدوڵلا ) یە، کۆمەڵێک ھەڵەی مێژوویی و زانیاریی ناتەواوی تێدایە، کە پێویستی بە پێداچوونەوە و شەنوکەوکردن ھەیە.

من بەپێی توانا و لە ڕووی ئەو بەڵگانەوە، کە لەبەر دەستمدان، ھەوڵ دەدەم تیشکیان بخەمە سەر.

ئەم کارەشم تەنیا بە مەبەستی گەیاندنی ڕووی ڕاست ودروستیی شانۆی کوردییە، کە دووبارە بەداخەوە شانۆی کوردی وەک موزیک و گۆرانی تۆمار نەکراون و بۆ چەند رۆژێک پێشکەش کراون و بێجگە لە چەند وێنەیەکی ناپیشە (ئەماتۆر)، هیچی تری لێنەماوەتەوە و تا ئێستاش زۆر لایەنی درەوشاوەی ئەو ڕابردووە ڕەنگینە نەخراوەتە ڕوو.

لە ڕێی ئەم نووسینەشمەوە ڕووی دەمم لە مامۆستایان، نووسەران، ڕۆشنبیران و ئەکتەرکارانی شانۆی کوردی دەکەم و داوای ئەوەیان لێدەکەم ، کە ھەر یەکەیان و لەلای خۆیەوە ئەو زانیارییانەی، کە ھەیانە بیخەنە ڕوو، تا ڕووی گەش و درەوشاوەی شانۆی کوری لە ڕابردوودا بخرێتە بەر چاو و مافی ھیچ ھونەرمەندێکی لێھاتووی ئەو بوارە نەفەوتێت و جێی شایستەی خۆیان پێببەخشرێت.

ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندانە بە ژمارە زۆرن، کە ڕەوانشاد ھونەرمەندی شانۆکاری کورد ڕەوف یەحیا بە سەرقافڵەچی کاری ھونەری شانۆ لە سلێمانی و لە کوردستاندا دادەنێن.

لە سۆراخکردن و بە دواداچوونماندا، بۆئەوەی گەڵاڵەیەکی بیروڕای ئەو مامۆستا و شارەزایانەی، کە لەو بیرەدان، وەک وتمان ئەم ھونەرمەندە شانۆکارە ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی بینیووە و تەوژمێکی گەرموگوڕی بە بزووتنەوەی شانۆی کوردی داوە.

بەپێی وتەی كۆمەڵێك لە پسپۆر و دكتۆر و شاعیر و هونەرمەند و مۆسیقاژەن لەوانە دكتۆر فەریاد فازیل عومەر، نوسەر رەوانشاد مستەفا ساڵح کەریم ، مۆسیقاژەن ئەنوەر قەرەداغی، هونەرمەند یاسین قادر بەرزنجی ، نوسەر مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی ، شاعیر خاتوو لەیلا و چەندانی تر لە هونەرمەندان و نوسەران و شاعیرانی بەتوانای گەلی كورد ، هونەرمەند رەئوف یەحیا بە یەكێك لە خەباتكارانی قۆناغی دووەمی بزووتنەوەی شانۆی كوردی لە داڕشتن و هەیكەل دروستكردنی شانۆی نوێی كوردیدا دادەنێن.

هونەرمەند رەئوف یەحیا پێی وابوو هونەر لەھەموو سەردەمێکدا ڕێنیشاندەری گەلە و بڕوای بە داهێنان وگۆڕانکاری هەمیشەیی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەبوو ، بەتایبەتی لە بواری هونەردا یەکێک لەو گۆڕانکاریانە، پێی باشبوو پێش دەستپێکردنی شانۆ و لەکاتی پشوەکانیشیدا دەبێت ئاهەنگی مۆسیقاو گۆرانی پێشکەش بکرێت، واتە بابەتە ھونەرییەکان بەتایبەتی شانۆ و مۆسیقا بەیەکتری ئاوێتە بکرێن و لێک دوور نەخرێنەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش لە رۆژی 19/6/1957 دا لەگەڵ كۆمەڵیك هاوڕێی هونەرمەندی خۆیدا مۆڵەتی فەرمی بۆ دامەزراندنی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان لە شاری سلێمانی وەرگرتووە و بۆتە سکرتێری کۆمەڵەکە.

یەكەم بەرهەمی شانۆییشیان شانۆگەریی پیسكەی تەرپیر-ی مۆلێر بووە كە لە رۆژی 18/10/1957 دا بە ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانییەوە لە سەر شانۆی ئامادیی سلێمانی کوڕان پێشكەشكراوە. دوای ئەوەش شانۆی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بوو، کە لە ساڵی ١٩٥٨دا وەک لەو وێنەیەدا دەبینرێت، کە هەریکە لە نەمران دیلان و شەماڵ سائیب و هاوڕێکانی تێدایە. شایانی باسە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لە سێ کۆمیتەو یەک دەستەی بەڕێوبەر پێک هاتبوو کەبریتیبوون لە:

یەکەم: کۆمیتەی نواندن

دووەم: کۆمیتەی مۆسیقاوگۆرانی

سێیەم: کۆمیتەی وێنەو کۆڵین

  • 1- خالید سەعید
  • 2- جەمال بەختیار
  • 3- ئازاد شەوقی

دەستەی بەڕێوەبەر:

کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی چۆن دامەزرا...؟

ساڵی 1969 له‌ دوای ئه‌نجامدانی چەندین کۆبوونەوە و دانیشتن لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردوستان و ڕژێمی بەغدادا و نزیک بوونەوەیان لە ڕێکەوتن و تاڕادەیەک دروست بوونی متمانە و ئاسایش لە نێوان بزووتنەوەی کورد و بەغدادا، کە دواتر و تاڕادەیەکی زۆر باڵی بەسەر دنیای ئەدەب و ڕۆشنبیری و هونەردا کێشا، لەو دۆخە سیاسیەدا و لە کەش و هەوایەکی تاڕادەیەک ئارامدا هەردوو هونەرمەند ڕەوانشاد نووری وەشتی و ڕەوف یەحیا بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردییان دا. بۆئەو مەبەستەش پێویستییان بە پارێزەرێک بوو، کە ئەدیبێکی زمانپاراو بێت. هەردوو هونەرمەند بۆ ئەو مەبەستە لە ناوەڕاستی ساڵی 1969 دا ڕوویان لە پارێزەر ڕەوانشاد محمد سديق محمود ناسراو بە حەمە سدیقی محامی نا.

لەدوای پێچ مانگ و لە ڕۆژی 1969/12/31 دا کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی وەک دەزگایەکی خۆبەخش و سوود بەخش بە ڕەسمی دامەزرێنرا.

لەدوای دامەزراندنی کۆمەڵەکە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵی هونەرووێژەی کوردی و دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕوپڕیان ، بڕیاریاندا، کە تا ڕۆژی هەڵبژاردنی دەستەی یەکەمی بەڕێوبەری کۆمەڵ بەم شێوەیەی خوارەوە کارەکانیان دابەش بکەن:

حەمە سدیقی محامی کاری ڕاوێژکاریی یاسایی و داڕشتن و بێژەری وتاری کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی بە زمانی عەرەبی پێسپێررا.

نووری وەشتی کاری ئیداری و بێژەری وتاری کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی بە زمانی کوردی پێسپێررا.

ڕەوف یەحیا ش بەهۆی ئەزمونی هونەرییەوە ، کاری هونەریی کۆمەڵی خرایە ئەستۆ.

یەکەم بەرهەمیشیان بەرلە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەر شانۆگەری کێچ بوو، کە لە نوسینی حەمە سدیقی محامی و پیاداچونەوە و ڕێکخستنی نووری وەشتی و لە دەرهێنانی نەوزاد مەجید و پاڵەوانی شانۆگەرییەکەش هونەرمەند ڕەوف یەحیا بوو.

بڕیار وا بوو، کە شانۆگەرییەکە بۆ نەورۆزی ساڵی 1970 لە شاری سلێمانی نمایش بکرێت، بەڵام پارێزگاری ئەوکاتەی شاری سلێمانی ( شکری صبری الحدیثی ) داوا دەکات، لە ژێر چاودێری خۆیادا شانۆگەرییەکە ، پێش جەژنی نەورۆز نمایش بکرێت و ئەمانیش وا دەکەن و شانۆگەرییەکە بەرلە جەژنی نەورۆز پێشکەش دەکەن.

شانۆگەری کێچ لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی1970/03/03 لە قوتابخانەی ئامادییی سلێمانی کوڕان پێشکەش کراو نمایش تا نۆزدەی ئازار بەردەوام بوو.

شانۆگەری کێچ باس لە کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و دیارده‌ دزێوه‌کانی ناو کۆمەڵگای کورده‌واری دەکات، که‌ ره‌نگدانه‌وه‌یەکی ئاشکرای بیری ڕۆشنی ئەو سەردەمەی شاری سلێمانی تێدا بەرجەستە کرابوو. پاڵەوانی شانۆگەرییەکە (هونەرمەند ڕەوف یەحیا ) ڕۆڵی پیاوێکی چەوساوە، سته‌ملێکراو و به‌رگریکار دەبینێت، بەو ڕۆڵەی کە دەیبینێت ڕووی ڕەشی چەوساندنەوەی چینایەتی دەخاتە بەرچاو و له‌ هه‌وڵی ڕیسواکردنی سته‌مکاران و پشتیوانیی زۆرینەی‌ به‌شخوراواندا دەبێت.

ئەکتەرەکانی شانۆگەرییەکە :

ڕەوف یەحیا (خولە)، تەها خەلیل (عەبە) ، مستەفا ئەحمەد مەحمود (میرزاکەریم) ، عوسمان چێوار(بەندکراو)، عەبدولی حەمە جوان (پاسەوان) ئازاد محەمەد بچکۆل (کەوەر فرۆش) ، سەڵاح ساڵح (مام ڕەحیم)، عەتا سوڵتان ( ئاغا)، ڕوناک محەمەد (ئاغا ژن)، عەبدول کەریم( بارچاوەش)، ئاسود هەڵکەوت، ئەنوەر قادر، بەهار عەبدول قادر، نیگار عەبدول قادر،شیرۆ محەمەد جەمیل، جەبار مەجید، ڕزگار سدیق، ئەمین شەوکەت، تاها ڕەوف، شەماڵ عەبدوڵا، سالار عومەر، ڕەوف حاجی سەعید.

لەدوای دامەزراندنی کۆمەڵی ھونەر و وێژەی کوردی ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەکە ئەندامانی (دەستەی یەکەمی بەڕێوەبەر) ی کۆمەڵەکەیان لە ڕۆژی 1970/05/04دا بەم شێوەیە ی خوارەوە هەڵبژارد:

  • نوری محەمەد ئەمین: سەرۆک
  • شیێرکۆ فائق: جێگیر
  • ئەمین میرزا کەریم: سکرتێر
  • فایەق نووری سەعید: ژمێریار
  • رەوف یەحیا ئەحمەد : بەڕێوبەری هونەری

محەمەد سدیق مەحمود ، تەها خەلیل حسێن ، مەحمود زێوەر، عەلی ئەحمەد جۆڵا، تەها باراوی ، جیهان عومەر، نەوزاد مەجید کەریم ، عبدولقادر نوری ، حەسیبە ئەحمەد، شەوکەت ڕەشید ، سەڵاح رەشید، خالید زامدار بوونە ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی مەڵبەندی گشتی سلێمانی.

کۆمەڵی هونەرو وێژەیی کوردی لقی بەغداد لە مانگی پێنجی ساڵی 1971 دا دامەزرا .

لە پەیرەوی کۆمەڵە و دامەزراندنی کۆمەڵەدا هاتووە، ئەوانەی کە کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی دادەمزرێنن، مەرج نییە هەرئەوانە ببن بە ئەندامی دەستەی بەڕێوبەر و هەر ئەوانیش ببن بە سەرۆک یان بەڕێوبەری هونەریی کۆمەڵەکە.

بۆ نمونە ڕەوانشاد مامۆستا ڕەفیق چالاک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغداد نەبوو، بەڵکو مامۆستا چالاک دوای دامەزراندی کۆمەڵەکە بوو بەئەندامی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغدا.

ئەندامانی کۆمەڵەکە دەستەیەکی ھەڵبژاردەی نووسەران و ڕۆشنبیرانی لاوی ئەو سەردەمەی کورد بوون لە بەغدا بۆ مەبەستی وتووێژ دەربارەی ھەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری یەکەمی کۆمەڵە لە ماڵی دکتۆر فەریاد فازیل عومەر لە گەڕەکی وەزیرییە لە شاری بەغدا کۆبوونەوە، ئەو کاتە ئەویش وەک زووربەی زۆری ھاوڕێکانی تری خوێندکار بوو، تەمەنی 21 ساڵ بوو، لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ مێژوو دەیڵێین: وەک خۆی ئاگاداری کردینەوە، کە پێشنیازی ئەوەی کرد، کە ھونەرمەند ڕەفیق چالاک بە سەرۆکی کۆمەڵەکە ھەڵببژێردرێت، بەڵگەشی بۆئەمە لێھاتوویی و شارەزایی ھونەرمەند ڕەفیق چالاک بوو، نەک تەنیا لە کاری ڕۆشنبیری و ھونەریدا بەڵکو لە کاری یاساییشدا، کە گەلێک شارەزا بوو.

دکتۆر فریاد فازیل وەک خۆی ئاماژەی پێدەکا ، بە خۆیدا ڕاپەرمووە تا ئەم پێشنیازە بکات، چونکە وەک مرۆڤێکی سەر بە سیاسەتی حیزبایەتی ئەو سەردەمە نەبووە، لە کۆبوونەوەی ھەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەردا، کە شەست وحەوت کەس بەشدار بوون، زۆربەی زۆری دەنگەکانی لە ھەڵبژاردنەکەی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەدا ھێنابوو.

ئەو ئێوارەیەی کە کۆبونەوە کرا بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەر، تەنانەت ھونەرمەند ڕەفیق چالاک لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوو، بەڵام وەک ئەندامێکی کۆمەڵەکە ناوەکەی پێشنیاز کراو، لە ئانجامدا بە کەمترین دەنگ بوو بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر.

دوای ئەوەی کە دەستەی بەڕێوەبەری یەکەمی کۆمەڵە ھەڵبژێردرا ، کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا، بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمەڵە، جێگرەکەی ، بەڕێوەبەری بەشی ھونەر و بەڕێوەبەری کاروباری ئیداری . لەو کۆبوونەوەیەدا ڕەوانشاد مامۆستا ڕەفیق چالاک و مامۆستا جیهان شاوەیس برای دکتۆر جەوهەر شاوەیس و نوری شاوەیس مامی دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس کە پیاوێکی زیرەک و بەتوانا بوو، شارەزاییەکی زۆری لە زماندا هەبوو خۆیان بۆسەرۆکی کۆمەڵی هونەرو وێژەیی کوردی لقی بەغداد پاڵاوت .

لەهەڵبژاردنەکەدا مامۆستا ڕەفیق چالاک زۆرینەی دەنگی گەنجانی بەدەست هێنا و بووە سەرۆکی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغداد. دوای پێشکەشکردنی شانۆگەری( دکتۆری دێم ) کە لە سەر شانۆی هۆلی زانکۆی موستەنسرییە لە شاری بەغداد پێشکەشکرا، کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی لقی بەغداد هیچ جۆرە چالاکیەکی هونەری لای ئێمە ئاشکرانییە.

نەمری بۆ هەموو ئەو ڕەوانشادانە و هیوای تەمەن درێژی و لەشساغی بۆ ئێوەی ئازیز.

سەرچاوە:

  • - هونەرمەند رەوف یەحیا : ئەکتەر ، نوسەر و دەرهێنەر
  • - دکتۆر فەریاد فازیل عومەر: دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی بەرلین
  • - بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد 1969 – 2019 ، ئامادەکردن و کۆکردنەوەی هونەرمەند مامۆستا غەفور عەبدوڵلا
  • - بیبلیۆگرافیای بڵاوکراوەو بەڵگەنامەی هونەری شانۆی شاری سلێمانی ، ئامادەکردن و کۆکردنەوەی ڕۆشنبیر و ڕووناکبیر مامۆستا بوار نوورەدین
  • - ئەو زانیاری و بەڵگانەی، کە لەبەر دەست وئەرشیفی نووسەری ئەم باسەدایە
  • بە سوپاسەوە، ساڵی ٢٠٢٠ ئەکادیمیکاردکتۆر فەریاد فازیل عومەر دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی بەرلین کتێبی ( بیبلۆگرافیای یۆبیلی زێڕینی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، 1969 – 2019 کە لە کۆکردنەوەی هونەرمەند مامۆستا غەفور عەبدوڵلا ) یە. لە یادی 31 ساڵەی کۆچی دوایی هەنەرمەندی گەورە و زیندوو ڕەوانشاد ڕەوف یەحیا زەنگەنەدا ، پێشکەشی کردم و بۆی ناردم.

هه‌ڤاڵ ره‌وف یه‌حیا

2021/02/21