کەلار

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Kalar.jpg

کەلار

شارێکی باشووری کوردستانە، لەسەر کەناری ڕووباری سیروان ھەڵکەوتووە. شارێکی نوێییە، تا سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو گوزارشت بوو لە دێیەک بەناوی کەلاری کۆن کە ئێستا یەکێکە لەگەڕەکانی شارەکە، ھەرچەندە لەسەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو سەنتەری شارۆچکەکە قەڵای شێروانە بووە. شاری کەلار، کە سەنتەری شارۆچکەی کەلارە و ئێستا بە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان (پارێزگای گەرمیان) دەناسرێت، لە ماوەیەکی کورتدا گەشەکردنێکی زۆری بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەت لەماوەی ساڵانی ١٩٧٧ ھەتا ١٩٨٧ کە بەرزترین ڕێژەی گەشەکردنی ساڵانەی دانیشتووانی تۆمارکردووە، بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان ئێستا ژمارەی دانیشتووانی شاری کەلار بە زیاتر لە٢٥٠٬٠٠٠ کەس دەخەمڵێنرێت.

مێژووی کۆن

دەتوانین مێژووی دروستبوونی شاری کەلار ببەستینەوە گوندی کەلارەوە کەتاوەکو ئێستا یەکێکە لە گەڕەکانی باکوری ڕۆژئاوای شارەکە، چونکە ھەر ئەو گوندە بوو بە بناغەی دامەزراندنی ئەو شارەی کە ئێستە ھەیەو ناوەکەشی ھەر بەناوی ئەو گوندەوە نراوە. شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری کەلار و دەوروبەری، گەواھی ئەوە دەدەن کەئەم ناوچەیە لەدێڕزەمانەوە ئاوەدانی و ژیان تێیدا ھەبووە. دیارترین شوێنەوار کە تاوەکو ئێستا وەک خۆی مابێتەوە گردی قەڵای شێروانەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان و پێش ھاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە. نموویەکی تری ئاوەدانی ئەم ناوچەیە، جۆگە گاوریەکە یە، کە پڕۆژەیەکی ئاودێری سەرداپۆشراوە ئاوی لە ڕووباری سیروانەوە ھەڵگرتووە بۆ زەوییە کشتوکاڵیەکانی دەشتی شێروانە (کەلار) تا ئێستا ئاسەوارەکەی بەدیدەکرێت. ئەوەی تایبەت بێت بەدەشتی کەلار، چەند ھۆکارێک یارمەتیدەربووە، کەئەم ناوچەیە لانکەی ئاسەواری مێژووی کۆن بێت و ھەرلەدێڕ زمانەوە ئاوەدانی و ژیان تێیدا بێت، گرنگترین ئەو ھۆکارانە پێگە جوگرافیەکەیەتی لەنێوان ھەردوو شاری مێژووی کۆندا کە ئەوانیش کفری و خانەقینن.

ناوی کەلار

سەبارەت بەناوی کەلار، بە ڕاستی و بە ووردی ڕوون نییە لە چییەوە ھاتووە، ئەو ڕانەیانەش کە دەخرێنەڕوو، مەزەندەو بۆچوونن، لەم بارەیەوە مامۆستا جەماڵ بابان چەند بۆچوونێکی خستۆتەڕوو، لەوانە کەلار لە "کەلا ـ ڕێ‌" وە ھاتبێت واتە گوندێکی دوورە دەست، چونکە ئەو ڕێگاوبانەی ئێستا ھەیە لە کۆندا نەبووە. لەلایەکی ترەوە دەڵێ لەوانەیە "کەڵ ـ یار" ەوە ھاتبێ، واتە وڵات یان نیشتیمانی ئاسک، چونکە تاوەکو ئێستا ئاسکێکی زۆر لەناوچەکە دەژین. ھەروەھا بابان ڕایەکی دیکەدێنێت و دەڵێت "لەوانەیە وشەی کەلار لە بنەڕەتدا لە "کەڵات یان قەڵات" ەوە گۆڕابێت بۆ کەلار یان لەوانەیە لە "کەلاوە" وە ھاتبێت، چونکە پێش ئاوەدانکردنەوەی کەلاوە بووە. ڕایەکی دیکە ھەیە دەڵێت کەوا ئەو بنەماڵەییەی کە کەلار یان ئاوەدانکردۆتەوە، لە عەشیرەتی گێژن و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ گەرمیان، بەتایبەت لەناوچەکانی دەروربەری کرماشان و تاوەکو ئێستا بەشێوەزاری کەڵوڕی ئاخاوتن دەکەن و سەدان ساڵە تێکەڵی خێڵەکانی گەرمیان بوون. ئەم بنەماڵەیە لەزێدی ڕەسەنیدا، نیشتەجێی گوندی "کەلار دەشت بوون" یان لێوەی نزیک بوون، بۆیە ئەم ناوەیان بەسەر ئەم گوندەدا دابڕیوە. ئەم ڕایەی دواییان لە ڕاستیەوە نزیکە، چونکە ھەمووان لەسەر ئەوەکۆکن، کە ئەو بنەماڵەییەی کەلاری ئاوەدانکردۆتەوە. کەواتە ھەر ئەوانیش ناوێکی لێدەنێن، گوندێکیش ھەیە بەناوی "کەلار" ەوە لە دەوروبەری کرماشان، کە زێدی پێشووی ئەو بنەماڵەیە بووە.

کەلار لەگوندەوە بۆ شار

لەکاتی راگەیاندنی بەیاننامەی یانزەی ئازارو ڕێکنەوتنی حکومەتی ناوەندی عێراق و شۆڕشی کورد بەسەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی لەسەر سنوری ناوچەی ئۆتۆنۆمی، سەرۆکایەتی کۆماری ئەوکاتی عێراق، بەخێرای چەند بڕیارێکی دەکرد بۆ دابڕینی شارۆچکە کوردنشینەکان لە پارێزگای کەرکووک، لەو پێناوەشدا کەلار بە مەرسومی کۆماری ژماری ١٣٧ لە ٢٨/٢/١٩٧٠ کرا بە قەزاو سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو، بەشێکی زۆری کوردە راگوێزراوەکانی پارێزگای کەرکووک و شاری خانەقین لەشارەکە نیشتەجێ بوون. لەدوای ھەرەسی شۆڕشی کورد لە ساڵی ١٩٧٥ و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی کەلار، جارێکی تر ڕژێمی بەعس بە مەرسومی کۆماری ژمارە ٦٠٨ لە ٦/١١/١٩٧٥ لەڕووی ئیدارییەوە خستیە سەر پارێزگای سلێمانی، لەکۆتایی حەفتاکاندا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە نزیکەی ١٠٠٠٠ کەس بووە، لە کۆتایی ھەشتاکاندا بەھۆی شاڵاوەکانی ئەنفال و وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان و راگوێزرانی دانیشتوانەکەی ژمارەی دانیشتوانی کەلار زیادبوو بۆ ٢٠ تا ٢٥ ھەزار کەس. ئێستا ژمارەی دانیشتوانی کەلار بەزیاتر لە ١٧٦ ھەزار کەس دەخەمڵێنرێت و بەیەکێک لە قەزا گەورەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت، ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، واتە ئەو قەزا دابڕاوانەی لە لەدوای ھەرەسی شۆڕش لە کەرکوک دابڕان، وەک کەلار، کفری و چەمچەماڵ. کە پێکەوە ژمارەی دانیشتوانیان زیاترە لە ٦٠٠ ھەزار کەس. نزیکەی ٩٨٪ دانیشتوانی کەلار کوردن، زۆرینەی ئەوانەش موسڵمانی سوننی مەزھەبن، بەشێکیشیان شیعە مەزھەب، بەشێک لەدانیشووانەکەی لەسەر ئاینی کاکەیین.

گەڕەکەکان شارۆچکەی کەلار.

جوتیاران

کەلاری کۆن

بنگرد

شێروانە

شۆڕش ١

شۆڕس ٢

ڕاپەڕین

سیروان

سەد ماڵەکە

پەنجا ماڵەکە

سەرکەوتن (حەمەی کەریم)

بەردەسوور

فەرمانبەران (حەی مۆزەفین)

مامۆستایان

پۆلیس (حەی شورتە)

خەبات (ناسراوە بە شەھیدان)

شەھیدان

کوڵەجۆییەکان

ئازادی (گازینۆ)

نەورۆز

حەمرین (مەتارەکە)

گۆران (گازینۆی ئەمبەر)

ئەندازیاران

نەورۆز (بەردەسووری ئەوبەر / بەری سیروان)

ئاوارەکان

ڕووناکی

دریملاند

شارەوانی١

شارەوانی٢