کەمتەرخەميی مێژوو لە ئاست قوربانیيەکانيدا ... "فاتەڕەش" بە نموونە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
F01.jpg

نووسین و لێکۆڵینەوەی: مانو بەرزنجی و جوان عومەر ئەحمەد

پێداچوونەوەی: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد

بەدرێژایی مێژوو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا هەزاران جار گوێبیستی ناو و پێداهەڵدانی جۆراوجۆری ژنانی بوێر و سەرکردەی ئازا بووین. ژنی داهێنەر، جەنگاوەرى وه‌ها کە لە هەموو نەهامەتيیەکانی میللەتەکەيدا شان بە شان و هەندێک جاریش زیاتر لە پیاوان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیانيان له‌ شان ناوه‌‌ و لە پاڵ دایکایەتی و بەڕێوەبردنی خێزاندا، ئەرکی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنان و سەرکردایەتی گەورەیان لە ئەستۆ گرتووە. هەر لە نووسین، ئەدەب و چالاكیى رۆشنبيرييه‌وه‌ تاوەکو دەگاتە جەنگ و... جێدەستيان ديار بووه‌، به‌ڵام مەخابن زۆریان بە ونی ماونەتەوە، یاخود بە جۆرێک له‌ جۆره‌كان کار لەسەر سڕینەوە و ونکردنیان کراوە!؟

چەندین ناوی دیاری ژنانی کورد هەن کە نەوەیەک بە شانازيیەوە بۆ نەوەی دوای خۆی دەيگێڕیتەوە. کێ لە ئێمە چیرۆکی خانزادی میری سۆران، عادیلە خانم، حەپسەخانی نەقیب و چەندین ژنی پێشەنگی تری نەبیستووە؟ گەر بە وردی چاوێک بە هەموو ئەو سەرچاوانەی گەڕیدە بێگانانه‌ندا بگێرین كه‌ لەسەر بارودۆخی رامیاری، دۆز و مێژووی کورديان نووسيوه‌ و سەردانی كوردستانیان کردووە، بەڕوونی ئه‌وه‌ دەبینین كه‌ چۆن ژنی کورد بووه‌ته‌ جێگای سەرنجيان و سه‌دان سەرچاوەی گرنگ و دیار هەن كه‌ ئاماژە بە ئازایی و بوێری و سەرکردەيى ژنی کورد دەکەن كه‌ سەرباری بوونی ئەو هەموو ململانێ و بەربەستە رامیاری، کەلتووری و ئایینیيانەی كه‌ لە بەردەم ژناندا هەبووه‌، به‌ڵام هيچ يه‌ك له‌مانه‌ رێگر نه‌بوون له‌وه‌ى كه‌ ناوى ئه‌م ژنانه‌ بۆ هه‌تاهه‌تايه‌ له‌ مێژوودا به‌ نه‌مرى بمێننه‌وه‌.

لێره‌دا چه‌ند نموونه‌يه‌ك له‌و ژنانه‌ وه‌ك نموونه‌ى خه‌روارێك ده‌هێنينه‌وه‌:

1- دەوڵەت خانمی لوڕستانی:

دەوڵەت خانم هاوسەری عیزەددین محەممەدی لوڕستانی بووه‌. پاش كۆچی دوايى هاوژینەکەی له‌ ساڵی 716ـی كۆچى دەسەڵاتی ناوچەکەی گرتووه‌تە دەست و بۆ ماوەیەک سەرکردایەتیی وڵاتی کردووه‌ و دواتر بە هۆی دژایەتیکردنیيەوە لەلایەن چەند هۆز و تیرەیەکی ناوچەکەوە، ناچار کراوه‌ بەرپرسیاریەتیيەکەی رادەستی براکەی بکات بە ناوی عیزەددین حسێنه‌وه‌.(1)

2- حەیران خانم:

حەیران کچی کەریم خانی دەبنلیيه‌. لە شاری نەخجوانی وڵاتی قەوقازی ئێستا چاوی بە ژيان هەڵێناوە، یەکێک بووە لە خانمە رۆشنبیر و هۆزانڤانانه‌ى کورد کە هۆنراوەکانی بە زمانی فارسی نووسیوە، نموونەیەک لە هۆنراوەی حەیران خانم:

  • میان جملە مهرویان ئوی سردفتر خوبان
  • رخت جون کوی خورباسد، بود زلف کجت جوکان
  • جمال تو بود کلشن، کلشن خوبی
  • خوبی، خوبی یوسف جە یوسف یوسف کەنعان
  • دوچشم مست توضالم، جە ضالم، ضالم کافر
  • چە کافر، کافر رهزن، جە رهزن، رهزن ایمان(2)

3- سری خانم:

ساڵی (1814 زایينى به‌رانبه‌ر به‌ 1230 كۆچى) له‌ دیار بەکر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. یەکێک بووه‌ لەو ژنە شاعیرە بەنێوبانگ و بە سەلیقانه‌ى کورد کە هۆنراوەکانی بە هەردوو زمانی فارسی و تورکی بوون.(3)

4- شاخاتوون:

ژنێكى بوێر و سەرکردەى بەتوانا بووه‌ له‌ بەدلیس کە پاش کۆچی هاوژینەکەی (شەمسەدین حاکمی بەدلیس) حوکمی ناوچەکەی گرتووه‌ته‌ دەست. وەک لە (شەرەفنامە)دا ئاماژەی پێدراوە، شاخاتوون رۆڵێکی ئێجگار گرنگی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی دەوڵەتدا بینیوە تاوەکو ئەوکاتەی کوڕەکەی (ئەمیر ئیبراهیم) گەورە دەبێت و دەسەڵاتەکانی خۆی رادەستی ئەو دەکات.

5- شەهدە دینەوەری:

بە شانازی ژنان "فخر النساء" ناو براوه‌. لە شاری بەغدا لەدایکبووە و یەکێک له‌و ژنە رۆشنبیر و خاوەن هەڵوێست و پێنووس دیارانه‌ى سەردەمەكه‌ى بووە. نووسەرانی دیاری وەک: ئەبی خەتاب ناسر، نەعابی و تەڵحە بن محەمەد گه‌واهى لەسەر زیرەکی تواناکانی ئەم خانمە دەدەن. شەهدە خانم لە ساڵی 574ـی كۆچيدا کۆچی دواییکردووە.

6- مەستورە خانمی ئەردەڵانى:

مەستوورەی ئەردەڵان، کە ناوى تەواوى (ماھ شە‌رە‌ف خانم حەسەن محەممەد) شاعیر و مێژوونووسی کورد، لە ساڵى 1803 لە شارى سنە لە بنەماڵەی قادرییەکان لەدایکبووە، باوکی مەستورە لە‌ پیاوە‌ رە‌سە‌نە‌کانی شارى سنە بووە‌ و هەوڵیداوە کچەکەى بخوێنێت، هەر بەهاوکاریی باوکی شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی کوردی و فارسیدا په‌یداکردووه‌.

نموونەیەکی دیکەی ژنی زانا، شاعير، نووسەر، مێژوونووس و سەرکردە بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵاندا کە مێژووی دەسەڵاتی ئەردەڵانیيەکانی نووسیوەتەوە و شاعیر و سەرکردەیەکی دیار بووە بۆ میرنشینەکەی. لە رۆژى 9-12-1847 لە تەمەنى 44 ساڵى لە شارى سلێمانى کۆچى دواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێردراوە.

7- مەیان خاتوون:

مەیان خاتوون لە ساڵی 1874 لە شنگال لەدایکبووە. کچی عەبدی بەگی ئێزدییە کە ماوەیەک میری ئێزدیان بووه‌. دایکی کچی میر جاسم بەگی خانەدانی ئێزديیانە. مەیا خاتوون لەناو خێزانێکی خانەدانی ئێزدی لەدایکبووە. لە هه‌ژده‌ ساڵیدا لەگەڵ عەلی بەگ کە دواتر بوو بە میری ئێزدیيەکان، هاوسەرگیری کردووه‌. لە ساڵی 1892 تاوەکو 1893 مەیان خاتوون و عەلی بەگ رووبەڕووی هێرشی عوسمانيیەکان بوونەوە و لایەن عومەر وەهبی پاشای عوسمانیيەکان دەستگیرکراون و داوایان لێکراوه‌ كه‌ ئایینەکەیان بۆ‌ ئیسلام بگۆڕن.

Fa09.jpg

جۆن گوست، نووسەری کتێبی کوردانی ئێزدی لە کتێبەکەیدا باس لە کاراکتەری مەیان خاتوون و عەلی بەگ و رووداوەکانی ئەو کاتە دەکات و دەڵێت: "لەگەڵ هەموو زۆرداری و چەوساندن و ئەشکەنجەیەکدا عەلی بەگ و مەیان خاتوون رازی نەبوون ئایینەکەیان بگۆڕن و بەو هۆیەوە بۆ باکوور ئەنادۆڵ دوورخراونه‌ته‌وە". مەیان خاتوون پاش مەرگی هاوژینەکەی دەسەڵاتی گرتە دەست بووە یەکەم میر ژنی کاریگەر و دیاری ئێزیدیيەکان، هەروەک مێژوونووس (سدیق دەملوجی) دەنووسێت: ژنێکی بەهێز، کاریگەر، خاوەن پەیڤ و پەیامی کاریگەر لە ناو ئێزیديیەکاندا، دەسەڵاتێکی هێندە دیاری هەبووه،‌ وەک ئەوەی بڵێيت هیچ هێزێک نیيە بەرەنگاری بێتەوە.(4)

ئه‌مانه‌ و سه‌دان ژنى دیکە نموونه‌ى ديارى کاریگەریی ژنی کوردن كه‌ نه‌ك تەنها لە نووسین و هۆنراوە و سەرکردایەتی و جەنگاوەریدا به‌ناوبانگ بوون، بەڵکو لە بڵاوبوونەوەی ئایینەکانيشدا پێشەوابوون و بەهەمانشێوە خاوەنی کەسایەتييه‌كی دیار بوون و لە هەریەک لە ئایینەکانی ئیسلام، کریستیان، یارسانی، ئێزدی و جوو، نموونەی دیاريان (ئەسینات بارزانی)يه‌ کە لە سەدەی 17 زایینیدا ژیاوە 1590-1670 یەکەم بانگخوازی ژن بووە لە مێژووی جولەکەدا و کاریگەریى دیاری لەسەر ئایینی جوو و ژنانی کورديش هه‌بووه‌.(5)

ژنە ئازاد و بەجەرگ، سەرکردە و چاونەترس (فاته‌ڕه‌ش) یەکێکی دیکەیە لە ژنە ئازا و ونناوه‌كان لە مێژووی کورددا، ئەوەی لێرە مەبەستمانە هەڵدانەوەی مێژووی (فاته‌ڕه‌ش)ـە. ژنێک پڕ لە وزە چاونەترس سەرکردە و سەرکەش، ژنێک کە بەداخەوە ئێمەی کورد کەمترین زانیاریمان لەسەری هەیە، بگرە زۆرینەمان رەنگە هەر نەیناسین یاخود ناوێکی ئاوامان بەرگوێ نەکەوتبێت، ئەوەش لەبەر نەبوونی سەرچاوە و کەمیی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم خاتوونە‌ کە هاوشێوه‌ى چه‌ندين ناوى دیکە بە هۆکاری جیاجیا و لە ژێر بیانووی پارچەپارچە بوونمان پەراوێز خراون.

فاتەڕەش یان فاتەنێر و گارە فاتم خاتوون (قەرەفاتم) کێیە؟

ئەوەی جێگەی پرسیارە و تاوەکو ئێستا وه‌ڵامه‌كه‌ى بە لێڵی ماوەتەوە ئەو پرسياره‌يه‌ كه‌ ئايا قەرەفاتم کێ بووە؟ ناوی دروستی ئەم کەڵەژنە چی بووە؟ و کچی کێ بووە؟ لە رێگەی گەڕان و سێرچە دیجیتاڵييه‌کانەوە ئەوەی بەردەست دەکەوێت تەواو مێژوویەکی جیاواز و خواستخوازی ئارتیکڵەکانە، کە هەرکەسە و بە خواستی خۆی بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی بابەتێک یان دووانی شێواندووە، لێ ئەوەی گرنگ بووە بۆ ئێمە شتێک بدۆزینەوە سەبارەت بە (فاته‌ڕه‌شی) کوردان نەک (قەرەفاتمی) تورکانه‌، بەڵام کاتێک بە دوای وشەی (قەرەفاتم، Kara Fatma) دەگەرێيت بەدڵنیاییەوە وێنە و مێژوو کەسێکت پێشان دەدەن کە تەواو جیاوازە و دوور و نزیک نە پەیوەندی بە فاته‌ڕه‌شی کوردانەوە هەیە نە بە مێژووی قارەمانێتی فاته‌ڕه‌شه‌وه‌، تەنها هەوڵێکی فاشیستانەی تورکەکانە بۆ بزرکردنی ناوی (فاته‌ڕه‌ش)ی کوردان و شێواندنی بە ژنێکی تورک. ئەرکی ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئەوەی دەستمان کەوتووە بە زمانە جیاوازەکان لەگەڵ تەواوی ئەو نووسینانەی لەسەر فاتە ره‌شی کوردان تۆمارکراون، لە دەمارگیری بخەینەڕوو.

هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی دروستمان دەستکەوێت سەبارەت بە فاتەڕەش، بەداخەوە هەموو هەوڵەکانمان بێئاکام مايه‌وه‌ و چەند جارێک زیاتر پەیوەندیمان کرد بە ئینستۆتی شاری (ماراش)(9)ەوە، ئەويش هیچی لێ کەسک نەبوو. دوای ماوەیەک، وەڵامیان داینەوە و گوتیان تەنها ئەوەندە زانیاریمان لەسەر فاته‌ڕه‌ش هەیە کە لە ماڵپەری ماراشدا نووسیومانە. لەڕاستیدا زانیاريیەکانی ئەوانیش نەک جێگەی دڵخۆشی نەبوو، بەڵکو جێگەی دەستخۆشیش نەبوو، ئەوەی کەمێک دڵى خۆش کردین ماڵپەڕه‌ مێژووييه‌كانى بولگاریا بوو، بەتایبەت ماڵپەڕی گۆڤاری (liternet) كه‌ لەوێدا بەمشێوەیە فاته‌ڕه‌شی کوردان دەناسێنێت و دەڵێت: قەرەفاتیمە کێیە؟ فاته‌ڕه‌ش بە زمانی کوردی (Fata Reş) بە ئینگلیزی پێى دەڵێن (Black Fatima) ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئێمە ئه‌وه‌ بوو کە بە کوردی ئاماژە بۆ ناوه‌کەی دەکات و بە پیتی لاتینی دەنووسێت: فاته‌ڕه‌ش، کچی حاجی عوسمان بێ (بەگ)ـه‌ و ناوی دروستی فاته‌ڕه‌ش (Asiye)يه‌.

هەرچەندە فاته‌ڕه‌ش لە فاتیمەوە هاتووە کورتکراوەتەوە بۆ فاتە، خۆ ئەگەر وەک ئەوان ئاماژە بەناوی راسته‌قینەی دەکەن دوور نیيە (عایشە) نەبێت و کرابێت بە ئایشێ، چونکە لە نێو کورداندا عایشە هەر بە ئایشێ بانگ کراوە، جگەلەوە لە شوێنی لەدایکبوونی لە گوندی تۆکمەکلی هەر بە (گارا فاتم خاتوون) ناویان هێناوە نەک قەرە فاتم ،هەروەها بۆ رۆژی لەدایکبوونیشی هەمان کێشەمان بۆ دروست دەبێت لە تەواوی سەرچاوەکاندا کەس گرنگی بە ساڵ و رۆژی لەدایکبوون و ناوی راستەقینەی فاته‌ڕه‌ش ناكه‌ن و ئەوەی بەردەست دەکەوێت کە فاتەڕەش لە ساڵی 1820 لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراش لەدایکبووە.

زۆربەی ئەو تۆمارانەی لەسەر فاتەڕەش نووسراوە نەیانتوانیوە بە دروستی تەمەنی دیاری بکەن و هەندێک بە 40 ساڵ و هەندێک نزیک بە 50 ساڵ تەمەنی فاتەڕەشیان خەمڵاندووە. بۆیە دەکرێت ساڵی 1820 بە نزیکترین ساڵی لەدایکبوونی دەستنیشان بکەین.

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا ناو و ساڵی لەدایکبوونی فاته‌ڕه‌ش لە هیچ شوێنێکدا نەبینراوە و نەزانراوە ره‌نگه‌ لە بەڵگەنامەکانی ئیمپراتۆری عوسمانلیدا شتێكمان دەستمان کەوێت، ئەوەش کارێکی گران و قورسە. هەرچەندە چەند بەڵگەنامەیەکمان دەستکەوت کە ئاماژە بە فاته‌ڕه‌ش دەکه‌ن و بە ئەلفابێى ئارامی نووسراون و لە یەک دوو لەو کوردە تورکناسانەمان پرسیار کرد تاوەکو بۆمان بکەن بە کوردی، بە بیانووی جۆراوجۆرا کۆمەکیان نەکردين، بەڵام دەتوانین بە مەزندە و بە پێوەری ئەو رۆژنامە ئەوروپیانەی لەسەر فاته‌ڕه‌ش نووسیویانە لەگەڵ هەندێک لە گرافیک فۆتۆکانیدا بگەینە ئەو بڕوایەی کە فاته‌ڕه‌ش لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا لە نێوان 1800 بۆ 1820 لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراشی باکووری کوردستان لەدایکبووە. ئەوەندەی ئێستا لەبەر دەستە دەیخه‌ینە بەر دیدی خوێنەر، ئەو ئەرکەی دیکە کە ماوە بەهیواین خوێندکارەکانی زانکۆ و کەسانی شارەزا شان بدەنە بەر ساخكردنه‌وه‌ى ئه‌م مێژووە دابڕاوەی کورد و بیگەڕێننەوە بۆ نەتەوەکەیان.

لە سەنتەری ئەدەبی (bernamegeh) دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش لە کوردانی باشوورە و لە شاری رواندز لەدایکبووە. پاشان هاتوونەتە چیاکانی ماراش. رەنگە ئەم بۆچوونەش دروست بێت. ئەگەر لە کاتی میر محەمەدی سۆرانەوە بە یاوەری ئەوان هاتبێتنە ماراش و لەکاتی سەردانی میر محەممەد (پاشا کۆرە) بۆ ئیستەنبووڵ لە ساڵی 1837ـدا ئەوا فاتەڕەش تەمەنی تەنها 17 ساڵان بووە، بەو پێیەش بێت لە تەمەنی 33 ساڵیدا و لە ساڵی 1853دا بەشداریی جەنگی کرایمی کردووە.

فاته‌ڕه‌ش لە زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارە ئەوروپی و ئەمریکیيەکاندا ناوی هاتووە و ئاماژەى بۆ كراوه، بەڵام لەلایەن کورد خۆيه‌وه‌ بۆ یەکەمجار کامەران بەدرخان لە پەرتووکی (Der Adler von Kurdistan) کە لەگەڵ نووسەری ئەڵمانی Herbert Ortel نووسیویانە(9) ئاماژه‌يان به‌ ناوی فاته‌ڕه‌ش كردووه‌. لە دوای ئەویش محەممەد ئەمین زەکی بەگ لە پەرتووکی (مشاهیر الکراد و کوردستان) لە بەرگی دوویدا (شهیرات النساء) لەلاپەرە 471 بە دنیایەک هەڵەوە ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌. ئەوەش بەڕاستی لە پەرتووکێکی مێژووی وەها بەپێزدا کارەساتە، جگە لەوانە هەندێک لە نووسەرە کوردەکان هەروا به‌ سەرپێی ناویان هێناوە، به‌ڵام بەبێ هیچ بنەمایەک و سەرچاوەیەکی دروست.

167 ساڵ پێش ئێستا ژنێکی کورد بەشداریی جەنگێکی خوێناوی کردووە جێگەی داخە لەنێو کورداندا نووسینەوە و تۆمارکردنی رووداوەکان بوونی نەبووە و نەنووسراوەتەوە، هەر بۆیە ساخکردنەوە و گەیشتن بە زانیاریی دروست کارەکەمان زۆر قورستر دەکات. ئێمە خۆمان مێژووی خۆمان تۆمار نەکەین و نەتەوەیکی دیکە بۆمان بهۆنێتەوە! کورد گوتەنی (دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی بچنێت) دەبێت چۆن بیهۆنێتەوە! بەتایبەت لەلایەن تورکەکانەوە ئەگەر ئەو رۆژنامە فەرەنسی و ئینگلزيیانە نەبوونایە ئەوەی ئێستا تۆ دەیخوێنیتەوە ئەوەشمان نەدەبوو، چونکە هەر لەو سەردەمەشدا رق و کینەی تورکەکان بەرانبەر بەو ژنە کوردە دەردەکەوێت و دەیان درۆ و پڕوپاگەندەیان بەناوی فاتەڕەشەوە هۆنیوەتەوە و هەوڵێکی زۆریان داوە لە بەها و ئازایەتی ئەو ژنە کەمبکەنەوە. لە شوێنێکدا لە ئایینی ئیسلام دەریان کردووە و بە ئێزدی ناویان هێناوە! لە جێگەیەکی دیکە دەڵێن: بەشداریی جەنگەکەی نەکردووە لەکاتێکدا یەک لە براکانی فاتەڕەش لەو جەنگەدا کوژراوه! ئەگەر تەنها ناوێک بووبێت و بەشداری ئەو جەنگەی نەکردبێت ئه‌ى بۆ براکەی دەکوژرێت! يان بۆچى ئەو قوربانیيانە دراوە! ئەگەر ئەم ژنە هەر بەڕاستی ئەوەندە قارەمان نەبووە، ئه‌ى بۆچى ئەو هەموو رۆژنامە بیانی و ئەوروپييانە گرنگیيان پێداوە!؟

کاپتن (Somerset Calthorpe) دەڵێت: ئەم ژنە جادووگەرە ئەستەمە بتوانیت لە چاوەکانی بڕوانیت بەڕاستی سەرکردەیە، کەس لە فەرمانی دەرناچێت و کەسیش ناتوانێت فەرمانی پێ بکات، زۆر سەرکەش و زۆر جادووگەرە. دەیان گرافیک و فۆتۆی فاتەڕەش هەیە کە مەیدانی لە ناو جەنگەکەدا کێشراوە نەک خەیاڵ بێت. هەوڵ دەدەین زۆرینەی ئەو وێنانەی بەردەستمان کەوتووە لێرەوە نیشانی خوێنەری بدەین.

زێدى له‌دايكبوونى فاته‌ڕه‌ش:

ماراش ساڵی 1879
ماراش ساڵی 1879

ماراش (Maraş) یان گورگوم، یەکێکە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان. لە 10 شارۆچکە و 64 شارەدێ و 476 گوند پێکهاتووە. ئێستا یەک ملیۆن و نزیکەی 37 هەزار کەسی لێ دەژی، رووبەرەکەی نزیکەی 14 هەزار 400 کیلۆمەتر دووجایە، مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1200 بۆ 1400 سەردەمی هیتيیەکان ئەم شارە بە مارکاش(Marqas) ناسراوە دواتر لە سەردەمی ئاشووريیەکاندا بە گورگوم لە 612 تاوەکو 660 دواتر مادەکان لە 550 بۆ 612 تاوەکو سەردەمی رۆمانیيەکان دەکرێت بە گیمەنیک (Kahramanmaraş) لە سەردەمی هاتنی ئیسلام و دەسەڵاتی عوسمانیيەکان ناوەکەی گۆڕدرا بە ماراش (marash) دواجار تورکەکان گۆڕيیان بە کاهرەمانماراش. ماراش تاکە هەرێم بوو کە لەژێر دەسەڵاتی زولقادریيەکاندا مابووه‌وه‌ و ئیمپراتۆری عوسمانی نەیتوانی بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە (Dulkadirids) زولقادریيەکان یەکێک بوون لە میرنشینە دیارەکانی ناوچەکە و خاوەنی هێز و دەسەڵات بوون. میرنشینەکەیان لە 1522-1864 بەردەوام بوو، عەبدولقادری باوک ئەمیر بووە و پاشان کوڕاوکوڕ حوکمی میرنشینیان بەدەست بووە، ئەمیر عەلی بەگ دوا ئەمیری میرنشینی زولقادریان بووە. ساڵی 1821 عوسمانیيەکان هەوڵی داگیرکردنی شاری ماراشیان دا، دوای دوو ساڵ ململانێ بە دیاریکراوی لە ساڵی 1822 کۆتایی بە دەسەڵاتی عەلی بەگ هێنرا. ساڵی 1830 عوسمانيیەکان هەوڵی لکاندنی شاری ماراشیان دا بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە تاوەکو ساڵی 1864 ململانێ و شه‌ڕ و پێكدادان لەنێوان زولقادریيەکان و عوسمانیيەکان بەردەوام بوو لە دوای ئەو رۆژه‌وه‌ ماراش بە دیاربەکر و حەلەبەوە لێکدران و بوونە یەک هەرێمی یەکگرتوو.(9)

Fa07.jpg


لە 22-2-1919 تاوەکو 30-10-1919 ماراش لەژێر دەسەڵاتی بەریتانيیەکاندا بووە، پاش ئەوانیش فەرەنسيیەکان داگیریان کردووە، ئەویش پاش جینۆسایدی ئەرمەنیيەکان لە ساڵی 1918.(10)

لە ماڵپەری تایبەتی (cezmyurtsever) دەڵێت لە مانگی 9ی تشرینی دووەمی ساڵی 2007 رێم کەوتە گوندی تۆکمەکڵی (Tokmaklı) بۆ زەماوەندی ژنخوازی بەڕێکەوت چاوم بە کەسێک کەوت ناوی حەمزە بوو باسی گۆڕی فاتەڕەشی کرد کە ئێستا بۆتە گەرەکێک ناوی ( Beylik) بووە رێککەوتین لەسەر ئەوەی سبەی حەمزە بمباتە سەر گۆڕى فاتەڕەش هەرچەندە خەڵکی ئەو ناوچه‌یە دەیانگوت (گارا فاتم خاتوون) بۆ رۆژی دوایی چوومە خزمەت حەمزە، بە پرسیار ماڵەکەیانم دۆزییەوە لەو کاتەشدا چەند کەسێک لەو ناوە بوون، یەک لەوانە ئامینە بارین (Emine Barın) ژنێکی بەتەمەنی گوندەکە بوو. ئەو گوتی: گۆڕەکەی فاتەڕەش لەوبەر چەمەکەوەیە لەلای دارسنەوبەرەکان لە بایلیک وەختی خۆی گۆڕەکەیمان هەڵداوەتەوە ئەم خەنجەرەمان دۆزیوه‌تەوە ئێستا لە ماڵەکەی مندایە. هەندێك سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە کەسێکی رووسی بەدوای زێر و خشڵدا گەڕاوە و گۆڕەکەی فاتەڕەشی هەڵداوەتەوە و تەنها کڵاوێکی ئاسانینی جەنگی دۆزیوەتەوە.

دڵخوازەکەی فاته‌ڕه‌ش و زیندانی قاندیا (Kandiye Zindanlarında) و بەشداریکردنی لە جەنگی کرایمدا:

هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە هۆکاری چوونی فاته‌ڕه‌ش بۆ جەنگی کرایم دەگەڕێننەوە بۆ زیندانيکردنی دڵخوازەکەی، ئەو هەموو جەفایەش بۆ ئەوی کێشاوە هەر هۆکاری وەفا و خۆشەویستی بووە كه‌ ئەو بڕیارە سەخت و ترسناکەی پێ داوە و بەشداری لە خوێناویترین جەنگی سەدەی نۆزده‌دا کردووە. فاتەڕەش کاتێک دڵخوازەکەی (هاوژین)ەکەی کە خۆی باشبوزاق(11) (Başıbozuk) بووە لەبەر سەرکێشی و جێبەجێنەکردنی فەرمانەکانی سوڵتان لەلایەن سوڵتانەوە لە زیندانی (Kandiye) زیندانی دەکرێت. کاتێک فاته‌ڕه‌ش لە ماراشەوە بەڕێدەکەوێت بۆ (Üsküdar) هەواڵ دەگاتە سوڵتان. پاش ئەوەی سوڵتان لە کۆشکەکەی خۆیدا دەیبینێت، مەرجی سوڵتان بۆ ئازادکردنی هاوژینەکەی فاتەڕەش بەشداريکردنە لە جەنگی کرایم و گرتنی ناوچەیەک کە بۆ ئەوان بووە بە مەتەڵ و بە هیچ کلیلێک بۆیان نەکراوه‌ته‌وە. فاتەڕەش بە مەرجەکەی سوڵتان رازی دەبێت و سوڵتان رەوانەی شاری ئەدرنە (Edirne)ی دەکات، لەوێش دەبوو چاوەڕوان بێت تا بینێرن بۆ کەنارەکانی رووباری (Donau) کە لەو کاتەدا عوسمانييه‌کان سەرقاڵی ئەو جەنگە بوون.

F03.jpg

فاته‌ڕه‌ش و ئەسپسوارەکانی بە هەر شارێکدا تێپەڕ دەبوون، دەیانبینی ژنێک رابەرایەتی ئەو هێزە دەکات سەرسام دەبوون! هەر بۆ نموونە لە یەکێک لە تۆمارەکاندا بەمشێوەیە باس لە دیمەنی فاته‌ڕه‌ش دەکرێت کاتێک دەگاتە شاری (Üsküdar) دەستێک جلی کوردی فاقیانەداری لەبەردابووە، لەگەڵ شەرواڵێکی سپی و جووتێک قەڵتاغی زەرد لە پێکانيدا بووە، دوو دەمانچەی لە ناوه‌ڕاستی پشتێنەکەیدا و رمێکی بەدەستەوە بووە. دامێنى رمەکەى بە دەستماڵێک پێچرابوو، سەرپۆش سپی بەنێوچەوانیەوە بەستووە نە لە تەربووش دەچوو نە لە عەمامەی عەرەبەکان، تایبەت بە کورد خۆی بووە. هیچ جۆرە خشڵێک بە دەست و گەردنیەوە نەدەبینرا. لە تەنیشتیەوە و شانبەشانی فاتەڕەش، براکەی و دوو ئەسپسواری دیکەش لە پشتی فاته‌ڕه‌شەوە دەڕۆیشتن.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بە شتێکی دیکە بكه‌ين ئەویش (بیلالەڕەش)ی برای فاته‌ڕه‌شە هەرچەندە لە زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە دڵخوازەکەی دەکەن لەلایەن سوڵتانەوە دەستبەسەر کرابێت، هاوکات ئاماژەش بە بیلالی برای دەکەن و گوایە دڵخوازی نەبووە، بەڵکو بیلالی برای بووە. لە پێناو ئازادکردنی براکەیدا بەشداریی شەڕی کرایمی کردووە. ئەم بۆچوونە زۆر دوورە لە راستیيەوە، چونکە بیلالەڕەش لە ساڵی 1840 کۆچی دواییکردووە، لەدوای خۆی باکۆئاغا سەرۆکایەتیی هۆزەکەی کردووە. لەبەرئەوەی باکۆئاغا شارەزایی تەواوی لە بەڕێوەبردندا نەبووە، دەریان کردووە و عەلی ئاغای کوڕی بیلالەڕەشیان کردووەتە سەرۆک هۆز. عەلی ئاغاش دوای پێنج ساڵ لە حوکمڕانی، کۆچی دواییدەکات. دوای ئەوەش فاتەڕەش جێگەی دەگرێتەوە و سەرۆکایەتیی هۆزکەی دەکات. زیاتر لە چوار هەزار چەکدار لەژێر فەرمانی فاتەڕەشدا بووه‌. لەبەر ئازایەتی و ژێهاتی فاته‌ڕه‌ش و بەشداريکردنی لەو جەنگە خوێناوییەدا سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم خەڵاتی ئازایەتی بەخشيوه‌ته‌ فاته‌ڕه‌ش و هەروەها لە رێککەوتی 18-9-1863 بڕیاری بەرزکردنەوە مووچەی خانەنشینی فاته‌ڕه‌شی لە سوپای عوسمانی بۆ سه‌د قروش داوه‌.


هەڵگیرسانی جەنگی کرایم:

دوای شۆڕشەکانی ناوه‌ڕاستی سەدەی 19 لە ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و بەریتانیادا چەند گوتارێکی تووندیان دژی عوسمانييەکان دا و لەهەمانکاتیشدا مەترسیی بەهێز بوون و پەلکێشانی هەر دوو دەسەڵاتی عوسمانی رووسیيەکانیان لەسەر بوو کە ئەویش دژی بەرژەوەندیيەکانی ئەوروپا بوو. پاش ئەوەی سوپای عوسمانی لە شاری مۆڵدیڤیا لەلایەن رووسەکانەوە تێکدەشکێنرێت، بەناچاری سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم هاوپەیمانی لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیادا دەبەستێت. کاتێک رووسیاش بەو هاوپەیمانییەی زانی، زۆر بەڕاشکاوی بە وڵاتە ئەورپيیەکانی راگەیاند کە ئەوە خاکی پیرۆزە و کەس بۆی نيیە بێتە ناوی و داگیری بکات، هەرچەندە هەوڵی دا لەڕێگەی دانوستاندنی دیپلۆماسیيەوە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. هەر بۆیە لە 21-70-1853 سوپای رووسی دەستى گرت بەسەر هەر دوو شاری (Walachije و Moldavië)دا دژی تورکەکان، ئەوەش لەلایەن عوسمانيیەکانەوە جێگەی قبووڵ نەبوو کاتێکیش سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم ئاگاداری ئەو هەواڵە کرایەوە، لە 16-10-1853 بڕیاری جەنگی بە فەرمی دژی رووسەکان دەرکرد، هەر لەو سەروبەندەدا رووسەکانیش لە 01-11-1853 بڕیاری جەنگیان دا، ئەوەش بووە سەرەتای جەنگی کرایم (Crimean War) کە بە خوێناویترین جەنگی سەدەی 19 هەژمار دەکرێت.

0003 (1).jpg

سەرەتا سوپاکەی عەبدولمەجیدی یەکەم بەسەرکردایەتیی عومەر لوتفی پاشا سەرکەوتنی باشی لە هەر دوو هەرێمی (Oltenitsa en Chetate) بەدەستهێنا، ئەم سەرکەوتنەش وای لە سوڵتان کرد کەمێک لە خۆی بایی بێت و ئەو جەنگە بە "جەنگی پیرۆز" ناو ببات و بانگەوازی جیهادی دا و داوای کۆمەکی سەربازی و دارایی كرد لەم جەنگەدا سووری، میسری، عەرەب، تونسی، مەراکشی و کورد بەشداریيان تێدا کرد کە دزی و تاڵانی سەرچاوەی بژێوييان بوو.


لەکاتی جەنگەکەدا، شاری (Varna) ی بولگاریا بۆ کۆکردنەوەی هێزە تورک و هاوپەیمانەکانی هەڵبژێردرا، بەدیاریکراوی فەرەنسا و بەریتانیا، خۆئامادەکردنی بۆ جەنگی کرایم کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی 1854 کەشتیيە جەنگييه‌كان گەیشتنە کەنارەکانی شاری ڤارنا و یەکەم کەشتی 30 هەزار سەربازی فەرەنسی و 25 هەزار سەربازی بەریتانی و 10 هەزار سەربازی عوسمانی. هێزەکەی فەرەنسا لەلایەن (Saint-Arno) سەرۆکایەتی دەکرا و هێزەکەی بەریتانیا لەلایەن (Lord Raglan) عومەر پاشاش سەرۆکایەتیی هێزە تورکەکانی دەکرد. یەک لە باڵەخانە گەورەکانی شاری ڤارنا کرایە سەرکردایەتیی سوپا هاوبەشەکە و لەوێوە بڕیار دەدرا.

لەو کاتەی هێزی هاوپەیمانی و تورکەکان لە شاری ڤارنا بوون، ڤارنا بەدەست نەخۆشی کۆلێراوە دەیناڵاند. هەرچەندە لە باشووری فەرنساوە ڤاکسینیان وەرگرتبوو، بەڵام گەرمای مانگی حه‌وت ئەوەندەی دیکە کارەساتی خوڵقاند، رۆژانە سەدان کەس نەخۆش دەکەوتن، بەشێوەیەک جێگە نەمابوو بۆ نەخۆش، بۆيه‌ بڕیاریان دا لەناو سەربازگەکان نەخۆشخانەی تایبەت بکەنەوە و لە تەنیشت هەر نەخۆشخانەیەکیشه‌وه‌ گۆڕستانێک دروست بکەن، چونکە رێژەی مردن زۆر زیادی کردبوو. لەساتەوەختی کۆلێرا و نەخۆشیدا، ئاگرێکی گەورە لە یەکێك لە چێشتخانەکانی کەنارەکانی شاری ڤارنا بەناوی (Atanas Papazoogl) کەوتەوە و بەهۆی ئەو ئاگرەوە کۆگای هێزەکانی فەرەنسا کە رێژەیەکی زۆر واین (شەراب) و جگەرەی تێدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کۆگایەکی دیکە کە سیخناخ کرابوو بە کەتان و کحول سووتان و ئەوەندەی دیکە ئاگرەکە تەشەنەی سەند و تەواوی کۆگای خۆراک و چێشتخانەکان سووتان. رووسە ئۆرتۆدۆکسەکانیان بەو ئاگرکەوتنەوەیە تاوانبارکرد، بەڵام یەک لە فەرەنسیيە شایەتحاڵەکان پیاوێکی یۆنانی سەرخۆشی بینيبوو كه‌ مۆمەکەی ده‌ستى نزیکی کحولەکە کردووه‌تەوە و بەو هۆیەوە ئاگرەکە کەوتووه‌تەوە. سەرەڕای نەخۆشیی کۆلێرا و ئاگرکەوتنەوە دووبارە خۆیان ئامادەکردەوە بۆ جەنگ لە هەشتی مانگی ئەیلوولی ساڵی 1854 زیاتر لە 34 کەشتیی جەنگی و 55 کەشتیی مامناوەند و 300 کەشتیی بارهەڵگری جەنگی رەوانەی کرایم کرا و لە 15-03-1856 کۆتایی بەو جەنگە خوێناویە هات.

ئەدمیراڵ ئەدۆلف ساڵدا (Adolf Slade)، (Mushaver Pasha) لە پەرتووکی (تورکیا و جەنگی قروم یان کرایم) (A Tale of Historical Events) ساڵی 1867 دەڵێت: جیهادییەکان تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 60 ساڵان بگرە گەورەتریش بوون، زۆر بە گڕوتینی جیهادانەوە بەشدارییان لەو جەنگەدا دەکرد و‌ زێدی خۆیان جێهشتبوو بۆ ئەو جەنگەی سوڵتان عەبدولمەجید ناوی نابوو "جەنگی پیرۆز" ئەمانە جیاواز بوون بە جلوبەرگی خۆماڵييانه‌وه‌ بەشدارى جەنگەکەیان دەکرد و زۆر سەرنجڕاکێش و تایبەت بوون دەمانچە و خەنجەر و شمشێریان پێ بوو، هەندێکیان ئاڵایەکی رەنگاوڕەنگى تایبەتیان کردبوو بە نێزەی رمەکانیانەوە كه‌ بە هیچ شێوەیەک لەو سوپایە نەدەچوون کە بەجلوبەرگی فه‌رميى سەربازيیەوە بەشدارییان لە جەنگی ڤینا (Vienna) ده‌کرد.

سەرچاوەکان و هەندێک لە باس خواست سەبارەت بە فاته‌ڕه‌شی کوردان:

ئەدمیراڵ سڵادا (Admiraal Slade) دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش بەجلوبەرگێکی ژنانەی ئاڵوواڵای کوردانەوە و سەرنجڕاکێش‌ بوو و پڕ چەک دەمانچە، شیر و رمێکی درێژ بەدەستەکانیاوە بوو، پێشڕەوی هەموویان بوو، ئەسپێکی رەسەنی عەرەبی دەهاژوو، لە دەستی راست و چەپیدا پێڕە پیاوەکانى لە تەکی بوون و چەکدارەکانی دیکەش بەدوایدا دەڕۆشتن. هەندێک ئەسپسوار و هەندێک پیاده‌، سەرجەمیان جلوبەرگی سەرنجڕاکێش و هەندێکیان ژنەکانیان لە پشتیانەوە بوون و بەشانازیيەوە بە شەقامەکانی ئەستەنبووڵدا تێپەڕ دەبوون کە ئەوان وەک ژنە تورکەکان رووخساریان دانەپۆشرابوو، نە پەچە و نە عەبایان پێوە نەبوو. سەرنجی رێبوارەکانی سەر شەقامەکانی ئەستەنبووڵیان بۆ لاى خۆيان راکێشابوو، چونکە هەرگیز ژنێکی موسڵمانیان نەبینیوە رووخساری دیار بێت، بەڵام ئەوان بە شانازی و حورمەتەوە شەقامەکانی ئەستەنبووڵیان دەبڕی رووخساریشیان دانەپۆشرا بوو.

وێنەی ئەدمیراڵ ساڵادە 1804-1877 کە لەلای تورکەکان بە مشەڕەف پاشا ناسراوە


ماریا یۆنگ (Marian Young) بەشێوازێکی فرە رەنگی ترێفی (وصف) فاته‌ڕه‌ش دەکات و لە پەرتووکی (Our Camp in Turkey and the Way to Reach It 1854) به‌م شێوه‌يه‌ دەیناسێنیت: ئەم ژنە ئامازۆنە(13)(Amazon) کوردە هیچ شتێکی ژنانەی سەرنجڕاکێش نەبوو وەک ژنە کوردەکان. تەمەنی 50 ساڵێک دیار بوو بەڕوونی بۆت ئاشکرا نەدەبوو كه‌ تەمەنی چەندە، بەهۆی سەرکێشييەکانی ژیانیەوە لە پیاوێکی شەڕەنگێزی ناشرینی دڵڕەق و ئەسمەر ده‌چوو كه‌ لە بنی پێکانی تا دانەکانی چەک، تفەنگ، شیر و خەنجەر بوو، کتومت لە پیاو دەچوو، چاونەترس بێ سڵکردنەوە بڕیاری دەدا و داوای دەکرد لە هیچ نەدەترسا. ئەم ژنە ئەمازۆنە سەرکردایەتیی کۆمەڵێک پیاوی دەکرد كه‌ بەگشتی زۆر زۆر سەرنجڕاکێش بوون. پیاوەکان میهرەبان و دەم بەخەندە بوون، بەڕاستی ئەسپەکانیان زۆر رەسەن و جوان بوون. بە بڕوای من ئەم ئاژەڵانەی رۆژهەڵات و کوردەکان تایبەت و رەسەن بوون ئەویش بەشانازیيەوە لە سوارەکانی خۆی دەڕوانی.

ئیلوسترەیتد لەندەن نیوز (Illustrated London News) لە ساڵی 1854 لە ژمارە 363 رۆژنامەکەدا گرافیکی وێنەکەی کردووە و سێ راپۆرتی دەربارەی فاته‌ڕه‌شی کوردان نووسیوە و دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش ژنێکی رووخسار دانەپۆشراو بوو کە لەو کاتەدا هەموو ژنەکان رووخساریان بە پەچە داپۆشرابوو. هیچ جۆرە خشڵ و زێڕ و ملوانکەیەکی پێوە نەبوو. ئەسپێکی ماندوو هیلاک و لاواز دەرکەوتەی پێ بوو، بەڵام ئێجگار جوان پرچ و کلک درێژ سنگ بەرز و ملی بۆ زەوی شۆرکردبووه‌وە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسپی رەسەنی کوردی لە کوردستان ئاوا پەروەردەی دەکەن.

رۆژنامەی لا ئیلوسترەیشن (La Illustration) بابەتێکی لەسەر (فاته‌ڕه‌شی) کوردان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش ئامازۆنێکی نوێیە (The new Amazon) کۆتا رۆژەکانمان لە ئەستەنبووڵ (القسطنطينية) (Constantinopel) بینیمان شتێکی نوێمان بینی و ئێمە گەواهی ئەوە دەدەین کە مەیدانی لە شەقامەکانی ئەستەنبووڵ ئەوەی بینیمان لە رۆژهەڵاتی ناوین نەبینراوە! بینیمان شەقامەکانی ئەستەنبووڵ خرۆشابوو لە خەڵک و بە تامه‌زرۆییەوە سەیری ژنێکی بەهێز ئۆرنلیۆ(14)(Orléans)يان ده‌كرد كه‌ ئەویش فاته‌ڕه‌ش بوو، فاته‌ڕه‌شی شاری (ماراش) کە بە جلوبەرگێکی زۆر تایبەت و جوانەوە بوو لەگەڵ 500 ژنی کوردا(15) لە شەقامەکانی ئەستەنبووڵ پێشبڕکێیان دەکرد، سەرجەمیان چەکدار بوون بەشێوەیەک بوون کە هەرگیز شتی وا نەبیراوە جۆشی هەموو موسڵمانەکانیان گه‌ياندبووه‌ لوتکە، بەتایبەت ژنە موسڵمانەکان.(16)

کاپتن سۆرمریست کاڵتۆرپ (Somerset Calthorpe) كه‌ لە یاریدەدەری لۆرد راگلانس بووە (one of Lord Raglan's assistants) و لەلایەن حکومەتی فەرەنسیيەوە لە جەنگی قروم یان کرایمن (CrimeanWar) وەک شێوەکارێکی جەنگ دامەزرابوو، لەنامەکەیدا (Letters from Headquarters, or the Realities of the Crimean War 1857) دەڵێت: دوێنی لە هۆراس فیرنا (Horace Verne) چاوم بە فاته‌ڕه‌ش کەوت لەگەڵ 50 لە پیاوەکانی، چەند سەرسام بووم بەم ژنە جادووگەرە، بڕواناکەن چەند بەهێز و خاوەن دەسەڵات بوو، هیچ کام لە پیاوەکانی لەژێر فەرمانیدا دەرنەدەچوون، دیارە ئەوەش پەیوەندی بە ئایین و ئەو هێزە ئاسمانی و لێهاتوويیەوه‌ى پەیامبەرانەوە هەیە کە لە فاته‌ڕه‌شدا هەبوو.

لە تۆمارێکی تردا، لە 27ی ئادار فاته‌ڕه‌ش لەلایەن وەزیری جەنگ سەرئاسکەر(سەرعەسکەر/ Serasker) حەسەن رەزا پاشا (Hassan Riza Pasha) پێشوازی لێکرا لە کۆشکی (DolmabahcePalace) چاوی کەوت بە سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم (Sultan AbdulMajid) دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ سوڵتان لەلایەن موفتی کۆشکەوە بڕیاریان دا قەرەفاتم رەوانەی (Donaufront) مەیدانی جەنگەکە بکەن.

لەدوای ئەو دیدارە فاته‌ڕه‌ش سەرنجی تەواوی ئەورپييه‌کان و تورک و رۆژنامەنووس و گرافیستەکان و سەربازە بیانی و عوسمانييه‌کانی بۆ خۆی راکێشا و هەر یەک لە رۆژنامەی L'Illustration, Journal Universel فەرەنسی و رۆژنامەی The Illustrated London News ئینگلیزی بەریتانی و رۆژنامەی La Ilustracion, periodico universal ئیسپانی فاته‌ڕه‌ش بووە سەرباس و پەڕەی یەکەمی رۆژنامە ئەورپييه‌کانی داگیرکرد.

لە 05-04-1854 فاته‌ڕه‌ش و هێزەکەی لە (Edirne) بەڕێدەکەون و سەرەتای مانگی ئایاری هەمان ساڵ دەگەنە (Donaufront) بۆ ئەوەی بەشداریی ئەو جەنگە بکەن. له‌ سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی 1854 لەژێر فەرمانی ئەفسەرە فەرەنسيیەکاندا هێزەکانیان لە شومن (Shumen ) بۆ فارنا (Varna) دەگوێزنەوە، هەڵبەت لەم جەنگەدا فەرەنسی و بەشداریان کردووە و کۆمەکی سوپای عوسمانيیان دژی رووسەکان کردووە. دوای ئەوەی هێزەکان دابەشدەکەن بەسەر سێ لیوادا، فاته‌ڕه‌ش و هێزەکەی دەکەوێتە ژێر فەرمانی جەنەڕاڵ یوسف (LeGénéral Yusuf) لەلایەن فەرەنسیيەکانەوە پشتگیری دەکرێت بۆ هەر رۆژەی پێنج قروش لەگەڵ ئالیک بۆ ئاژەڵەکانی پێ دەدرێت.

مارا یۆنگ (Marian Young) لە شوێنێکدا کە بەڕوونی دیارە چارەی فاته‌ڕه‌شی نەویستووە، دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش پشتگوێخرابوو، چونکە فەرمانەکانی وەک پێویست جێبەجێ نەدەکرد. ئەوەی سەیرە لەلام بۆ جەنەڕاڵ جۆرج براون (George Brown) ئەم ژنە ناشرین و پیاوە پیسانه‌ى بانگهێشتی نانخواردن کردبوو لە کەمپەکە بۆ ئەوەندە سەرسامی ئەم ژنە ئێسک قورسە بوون!

ئەوەی راستی بێت دەبێت ئاماژەی پێ بدەین هەر لە رێبوارەکانی سەر شەقامەکانی ئەستەنبووڵەوە تا جەنەڕاڵە ئینگلیز و فەرەنسيیەکان و چەکدارەکانیش شێوەکار و رۆژنامەنووسەکان هەمووی سەرسامی ئازایەتی و چاونەترسی فاته‌ڕه‌ش بوون، كه‌ چۆن هێزێکی ئاگرین و ژنێکی سەرکەش و بەتوانا چاونەترس بووە، بەشێوەیەک سەرسامی ئەم ژنە بوون جەنەڕاڵە ئەورپييه‌کان کە تاوەکو دەگاتە ئەو ئاستەی قۆماندانە تورکەکان دژایەتیی فاته‌ڕه‌ش بکەن و ئیرەیی پێببەن، چونکە زیاد لە پێویست بێگانەکان بایەخیان داوه‌ بە فاته‌ڕه‌ش. ئەوەتا ماریا یۆنگ لە پەرتووکەکەی خۆیدا دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش خۆی لە ریزەکانی سوپادا نەدەبینی نە دەچووە ژێر فەرمانی سەرپەل و جەنەڕاڵەکانەوە هیچ بەرگێکی یونیفۆرمی سەربازی نەدەپۆشی نە خۆی نە پیاوەکانی، ژنێکی یاخی سەرکەش بوو رووخساری ترسناک و ناشرین و دڵڕەق بوو. رۆژنامەنووسە ئەورپييه‌کان بەپێچەوانەوە باسی دەکەن و دەڵێن: فاته‌ڕه‌ش ژنێکی میهرەبان و سەرکردەیەکی بەهێز بوو سەرکردایەتیی هێزێكی پڕ چەکی دەکرد، هێزێک کە هەموومانی سەرسام کردبوو بە سوارچاکی و چەک و جلوبەرگەکانیان لە هەندێک شوێندا، دەڵێن: سەربازە کوردەکانمان دەبينی بە ئەسپەکانیان به‌جۆرێك غارغارێنيان دەکرد کە زۆر شێتانە بوو، چۆن بەو خێراییە خۆیان هەڵدەدایە خوارەوە بۆ سەرزەوی و دووبارە بەرز دەبوونەوە و، دەچوونەوە سەر ئەسپەکانیان! ئەمەمان بەس لە کوردەکاندا بینيوە لە نەتەواکانی دیکەدا بەدیمان نەکردووە.

وێنەی ئەسپسوارە سەرکەشەکانی کورد کە سەرنجی هەموو سوپای فەرەنسی و بەریتانیان بۆ لای خۆیان راکێشابوو.

Fa06.jpg


تەواوی رۆژنامە ئەوروپی و ئەمریکيیەکان بە شانازی و سەرسامیيەوە باسی فاته‌ڕه‌ش دەکەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە فاته‌ڕه‌ش کوردە و لە کوردستانەوە هاتووە. لە سەرجەم ئه‌و چاوپێکەوتن و دیدار بانگهێشتانه‌ى کە بۆ فاته‌ڕه‌ش رێکخراوە، باسی جلوبەرگە ناوازە رەنگاوڕەنگەکەی کوردان دەکەن. تەواوی تۆمارەکان سەبارەت بە فاته‌ڕه‌ش (بە نووسراو و تۆمارەکانی سوڵتانیشەوە) دان بەو راستیيەدا دەنێن کە فاته‌ڕه‌ش لە کوردستانەوە هاتووە. هەندێک دەڵێن خۆی و 300 چەکدار لە هۆزەکەی خۆی، هەندێکيش دەڵین 500 چەکداری پیاوی لەگەڵ بووە.

تەنها لەیەک شوێندا باس لە 500 ژنی کورد دەکه‌ن كە نمایشی سەربازيیان لە ئەستەنبوڵدا کردووە، جگە لەوە هەموو نووسراوەکان باسی لە سەرکردایەتی ژنێکی کورد دەکات کە پێشڕەوی 300 چەکداری پیاوی کردووە كه‌ لەژێر فەرمانیدا بوون و ئامادەی فیداکاری بوون بۆ خانمەکەیان، کە نەپێشتر نە ئێستا ژنێک نەبووە سەرکردایەتیی هێزیکی چەکداری پیاوان بکات و لەژێر فەرمانیدا بن كه‌ رووخساریشى دانەپۆشى بێت. هەربۆ نموونە رۆژنامەی (The Illustrated 1854) ژمارە 363 دا دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش سەرکردایەتیی هێزێکی پڕ چەکی دەکرد زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش خەنجەری ئەلبانی و رمی ئەفغانی هەندێکیان تفەنگی بەریتانیيان پێ بووە، کە پێدەچێت لە کۆمپانیاکانی بیرمینگهامی (Birmingham) بەریتانیيەوە دەستیان کەوتبێت. رم و شمشێر و جلوبەرگی کوردانە پیادە و ئەسپسواری لێهاتوو کە بەشێوەیەک دەڕۆشتن تەواوی ژن و منداڵ و رێبوارەکانی ئەستنەبووڵیان سەرسام کردبوو، بەتایبەت ژنە تورکەکان لە ماڵەکانیان دەهاتنە دەرەوە سەیری فاته‌ڕه‌ش و جەنگاوەرەنیان دەکرد. ئه‌م ديمه‌نه‌ بۆ ئه‌وان زۆر نامۆ بوو! چۆن ژنێک سەرکردایەتیی هێزێک ده‌کات كه‌ سەرجەمیان پیاو بن و ئه‌ويش رووخساری دانەپۆشى بێت و هیچ پابەندبوونێکی ئایینی تێدا نەبێت وەک (حیجاب و نیقاب) جلوبەرگی کوردانە و سەربەرزانە به‌بێ ترس بە شەقامەکاندا بڕوات!

0011 (1).jpg

لە ساڵی 1887 سەرلەنوێ فاته‌ڕه‌ش سەردانی شاری ئەستەنبووڵی دەکات و رۆژنامەی (The Pall Mall Gazette) بەریتانی لە راپۆرتێکی خۆیدا بەم شێوەیە باسی دەکات و دەڵێت: (Kara Fatma "The Amazon) واتا فاته‌ڕه‌ش سوپەر پاڵەوان دووبارە هاتەوە بۆ ئەستەنبووڵ بە رووخسار و پێستێکی وشکهەڵهاتوو بە گۆنایەوە نیشانەی برین جێمابوو دەستێک جلوبەرگی پیاوانەی نیشتمانی کوردانەی لەبەردا بوو، بە رەفتار و جوڵە و هێزی هەر لە ژنێکی 40 ساڵان دەچوو نەک ژنێکی تەمەن 75 ساڵان. شمشێرێکی درێژی بە بەردی تایبەت نەخشێنراو وەک شێوازی کازاکێکانى لە شانی کردبوو، هەروەها مەدالیایی ئازایەتی لەسەر سنگی دابوو کە لەلایەن سوڵتانەوە پێی بەخشرابوو. لە جەنگی کرایم شاڵێکی سەرلەشکری سوپای عوسمانى لە شانیيەوە بۆ کەمەری بەستبوو، کە ئەو شاڵە تایبەت بووە بە سەرلەشکر و سەرهەنگەکانی سوپا. بە بڕوای ئێمە بەمشێوەیە رۆشتن بە کۆڵانەکانی ئەستەنبووڵدا زۆر سەرنجڕاکێش بوو، لەو کاتە هەموو بیریان دەکردەوە کە فاته‌ڕه‌ش خۆیی و چەکدارەکانی یەکەمجار هاتنە ناو ئەستەنبووڵەوە چوونە ئەو کەمپەی کە جەنەڕاڵ (Lespinas) لێ بوو لە ناوچەی (Dobrogea) جێگیر کرابوون کاتێک جەنەڕاڵ (Lespinas) لە پڕ گوێی لە موزیک و گۆرانی و تەپڵ و دەهۆڵ و زوڕنا دەبێت لە چادرگەکەی خۆی رادەپەڕێت و پرسیاری ئەوە دەکات، ئەو هێزە کێن؟ ئەوانە سەر بە چ نەتەوەیەکن هاتوونەتە ئەم کەمپەوە!؟ هەموویان سەرسام بوون بە رەفتار و جلوبەرگ و موزیک و سوارچاکی ئەو هێزە و کەسیان نەیاندەتوانی ئەو مەتەڵە هەڵبهێنن و کۆدی نەتەوەیی ئەو سوارچاکانە بدۆزنەوە لە پڕ ئەسپسوارێکی رەنگين کە ژنێک بوو بەدوایدا 300 چەکدار وەک شێت بە خێراییه‌کی زۆر ترسناک لە ئەسپەکانیان دەهاتنەخوارێ و پێکانیان بەر زەوی نەدەکەوت و بە قەڵەمبازێک دەچوونەوە سەر پشتی ئەسپەکانیان. پێشڕەوەکەیان ژنێک بوو ژنێکی گەنم رەنگ چاوەکانی زیت و بە وریاییەکی زۆرەوە سەیری ئەم لاو ئەو لای خۆی دەکرد. لە چاوەکانیدا هەموو شتێکت دەخوێندەوە، رێک پاڵەوان بوو لە پاڵەوانێکی بێوێنە دەچوو کاتێک گه‌یشتە بەردەم جەنەڕاڵ (Lespinas) و لە زینی ئەسپەکەی خۆی فڕێ دایە خوارێ و سڵاوێکی سەربازيیانەی لە جەنەڕاڵ کرد و لەڕێگەی وەرگێرەکەیەوە پێیگوت: من هاتووم لەگەڵ رووسەکان بجەنگم. جەنەڕاڵ لیسپیانس بەخۆشحاڵیيەوە گوتی: هەموو کەمپەکە لە خزمەتی ئەم کوردە ئازایانەدا دەبێت و فەرمانی دا هەرچی پێویست بوو بيخه‌نه‌ خزمەت فاته‌ڕه‌شه‌وه‌. هەر ئەو شەوە جێگەی حەوانەوەیان لە کەمپی سەربازە فەرەنسييه‌کان لە ئەستەنبووڵ بۆ تەرخان کردن، بەڵام فاته‌ڕه‌ش بەو هاوکارییە کامەران نەبوو هەر بۆیە بە جەنەڕاڵی گوت: ئێمە لەژێر فەرمانی هیچ کەسدا نابین و نەبووین کەس ناتوانێت فەرمانمان بەسەردا بکات هەر بۆیە سبەینانێکی زوو جەنەراڵ هەموو جەنگاوەرە کوردەکانی بینی بە سەر زینی ئەسپەکانەوە بوون كه‌ چوونە گردێک نزیکی کەمپەکە و لەوێدا رەشماڵیان هەڵدا و لە دوورەوە ئاشقی ئەو موزیکە خۆش نایابە بوو کە کوردەکان دەیان چڕی. هاتنی فاته‌ڕه‌ش دووبارە بۆ ئەستەنبووڵ سەرەتای جەنگی کرایمی بیری خەڵکی سەر شەقامەکان دەخستەوە بۆیە بە تامەزرۆوە لە فاته‌ڕه‌شیان دەڕوانی هەوڵیان دەدا بیدوێنن و قسەی لەگەڵ بکەن.(17)

دواجاریش لە گۆڤاری لێتەرنێتی (liternet)ی بولگارييه‌كاندا و لە په‌راوێزی بابەتێکی درێژدا لەسەر فاته‌ڕه‌شی به‌م شێوه‌يه‌ نووسراوه: فاته‌ڕه‌ش لە ئەدەب و مێژووی بولگارييه‌کاندا ناوێکی نەناسراوە، تەنها لە شوێنێکدا ناوی هاتووە ئەویش لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانی هرێستۆ ستامبۆلسکی (Hristo Stambolski) ساڵی 1972: 38 ستامبۆڵسکی.. لە زاری ستامبۆڵسکيیەوە فاته‌ڕه‌ش و چەکدارەکانی ژنێکی تووڕەی سەرکەش قینلەدڵ و دڵڕەق و شەڕانگێز بوو، جارێک لە کەمپی (Kulbokluk) راهێنانی دەکرد لەسەر تیرهاوێژ و نیشانەپێکان لەوکاتەدا باپیرە (Nenko) کە خەڵکی شاری (Sheynovo) بووە فاته‌ڕه‌ش نیشانەکەی بە باپیرە نینکۆ پێکا و لەخوێنی خۆيدا گەوزاندی هەتا مرد.

شێواندنی ناوی فاته‌ڕه‌ش لەلایەن تورکەکانەوە بە فاته‌ڕه‌شی تورکی

زۆرن ئه‌وانه‌ى كه‌ هەوڵی شێواندنی فاته‌ڕه‌شی کوردانیان داوە، بەتایبەت لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا ژنێکیان دروست کرد بە هەمان ناوه‌وه‌ وەک سەرکردە و قارەمانی جەنگ نیشانیان دەدا. رۆژنامە و گۆڤارەکان زۆریان لەسەر دەنووسی و وێنەکانیان لە کوچە و کۆڵانەکاندا بڵاودەکردەوە، ئەم کارەش هەر بۆ ئەوە بوو کە فاته‌ڕه‌شی کوردان لێڵ و بزر بکەن و ناوی لە بيری خەڵکیدا نه‌هێڵن، چونکە لە دوای مەرگی فاته‌ڕه‌ش بە دەیان ساڵیش لەناو تورکەکاندا باس هەر باسی قارەمانێتی فاته‌ڕه‌شی کوردان بووە، هەر بۆ ئەوەش قەرەفاتمیان هێنایە مەیدانەوە و تاوەکو ئاستی پێویست نەک لەلای تورکەکان بگرە لەلای کوردەکانیش فاته‌ڕه‌شیان شیواند. محەممەد بایراک لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ژنی کورد) بەڕوونی ئاماژە بە بوێری و ئازایەتی و جیاوازی کاره‌کتەری ژنی کورد و فاته‌ڕه‌ش بە نموونەی جەربەزەیی، ئازایی و سەربەخۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت: تورکەکان هەوڵی شاردنەوەی توانای ئەم ژنە کوردەیان داوە و ویستوویانە لەنێو کەلتووری خۆیاندا بزری بکەن، هەروەها دەڵێت: بەدرێژایی مێژووی ئیمپراتۆی عوسمانی ژنێک نەبووە بەشداری لە جەنگدا کردبێت جگە لە فاته‌ڕه‌ش.

لەدوای ئەو ناو و ناوبانگەی بەخشرایە فاته‌ڕه‌شی کوردان هەر لە شازادەی کوردستان و ئامازۆنی نوێی کورد و ورنلیۆ ژنێک لە زێر و...هتد، جگە لە خەڵاتی ئازایەتی لەلایەن سوڵتانەوە و سەدان وتار و دیدار لە سەردەمی خۆیدا لەگەڵ فاتەڕەش و جیاوازیی جێندەری و مافی ژنان و لەنێوان تورک و کوردا سەدان بەڵگەنامە بەتەواوەتی لە مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانی و مێژووی جیهاندا چەسپێنرا کە ژنە کوردێک پاڵەوانی جەنگی کرایم بووە نەک ژنە تورکێک. ئەمە بۆ تورکە فاشیستەکان جێگەی قبووڵ نەبووە، بۆیە زوو کەوتنە خۆیان و لە سەردەمی ئەتاتورک (مستەفا کەمال) فاته‌ڕه‌شێکی درۆینەیان دروست کرد و ناو و وێنەیان بەتەواوی تورکیادا بڵاوکردووە و داستانی درۆینەی زۆریان بۆ چنیيەوە بۆ ئەوەی لە هزر و بیرەوەریی تاک بە تاکی تورکیادا فاته‌ڕه‌شی کوردان لەبیرببەنەوە و بەشێوەیەک ناوی فاته‌ڕه‌شیان شێواند کە جێگەی داخە بە دەگەمەن کوردەکان خۆشیان بۆیان جیادەکرێتەوە و کێ پاڵەوانی راسته‌قینەیە! هەر بۆ نموونە مۆزەخانەی کوردی لە وڵاتی سوید (Kurdish Exile Museum) هەروەها ماڵپەڕی مێژووی کورد (saradistribution) کە ماڵپەڕێکی مێژووی کوردییە لە تۆمارێكيدا وێنەی قەرەفاتمی تورکییان داناوە بە کورد ناساندویانە بەشێوەیەک تێکەڵيان کردووە و وێنەی فۆتۆگرافی قەرەفاتمی تورکان و نیگارەکانی فاته‌ڕه‌شی کوردانیان پێکەوە داناوە! لەکاتێکدا سەردەمی فاته‌ڕه‌شی کوردان و قەرەفاتمی تورکان 65 ساڵ زیاترە ئەو کات دەردەکەوێت پیلانەکانی تورک بۆ سڕینەوە مێژووى نەتەوەیەکی وەکو کورد چۆن سەرکەوتوو بووە.(18)

فاتمە سەحەر (Kara Fatma)

F02.jpg

فاته‌ڕه‌شی تورکەکان ناوی تەواوی فاتیمە سەحەر ئیردەن (Fatma Seher Erden) لە ساڵی 1888 لە شاری داگیرکراوی باکووری کوردستان لە ئەرزڕووم لەدایکبووە. لەدوای رووخانی عوسمانلی و لە سەرەتای جەنگی جیهانی لە ساڵی 1919 دەچێتە سیڤاس، ئەو شوێنەی کە مستەفا کەمال گۆنگرەی تێدا دەبەستێت و لەگەڵ مستەفا کەمال پەیوەندی دەگرێت و دەبێتە دۆستی. لەپاش ئەوە مستەفا کەمال گرووپێکی 45 ژنیی بۆ رێک دەخات و فاتمە سەحەر دەکاتە سەرۆکی گرووپەکە، ئیتر لەدوای گەورەکردن و رێکلامی جۆراوجۆر بە خواستی ئەوەی لە مێژووی تورکدا ژنێک هەبێت هاوشێوەی فاته‌ڕه‌شی کوردان، چونکە ئەوان باش ئەوە دەزانن تەواوی رۆژنامە ئەوروپی و ئەمریکييه‌کان فاته‌ڕه‌شیان بە کورد ناساندووە، زێدی یەکەمی فاته‌ڕه‌شیان بە کوردستان و چیاکانی کوردستان ناو بردووە. رۆژنامەیەک نیيە لەو رۆژنامانە نەڵێن: فاتەڕەش شازادەکەی کوردستان. هەر بۆیە بە بەرنامە فاتمە سەحەری تورکیيان گەورە کرد و لە هەندێک شوێندا دەڵێن: بەشداریی جەنگی گریکەکان (یۆنان)ـى کردووە، سەرکردایەتیی 700 چەکداری پیاوی کردووە هەتا توانییان فاتمە سەحەر بکەنە ژنە پاڵەوانێکی درۆینەی تورک. هەرچەندە لە ماڵپەڕی بەتلیسی ئەویش بە کوردی ئەرزەڕووم دەناسێنن، بەڵام وەک خۆم هیچ شتێکی ئەوتۆم بەرچاو نەکەوتەوە جگە لەوەی لە شارێکی کوردی وەک شاری ئەرزەڕوومی باکووری کوردستان لەدایکبووە.


خۆشبەختانە هیچ رۆژنامەیەکی ئەوروپی و ئەمریکی ناویان نەهێناوە. بەشێوەیەکی دیکە، ئەوەندە گرنگییان پێ نەداوە. هەروەها لە ساڵی 1920 خەڵاتی ژنی ئازایان پێ بەخشی. هاوکات چی بۆ فاته‌ڕه‌ش کراوە هەمان شتیان بۆ فاتمە سەحەر دووبارە کردووەته‌وه‌. بەوەشەوە نەوەستان لە 27/04/2017دا زنجیرە درامایەکیان بە ناوی "قەرەفاتم" لە 25 زنجیرەدا تۆمار کرد. بەوەش ئەوەندەی دیکە گرەوی درۆینەی خۆیان بردەوە و فاته‌ڕه‌شی کوردان و شازادەکەی کوردستانیان لە هزری تاک بە تاکی کورددا کاڵ کردەوە، بە شێوەیەک کاریان لەسەر کرد ئەستمە کە باسی قەرەفاتم بکرێت و ئەو درامایە نەیەتە خەیاڵ تورکەکانەوە.

لێرەدا ئەوەی ماوە بیڵێين خواستی ئێمە گەڕاندنەوەی فاته‌ڕه‌ش بوو بۆ زێدی یەکەمی خۆی کە کوردستانە. کوردە لە بەرئەوەی تورکەکان هەوڵێکی زۆریان داوه‌ تا لە کلتوری خۆیاندا بە تورکى بكه‌ن و بیتوێننەوە كه‌ ئه‌م کارەیان بۆ نەکراوە و سەری نەگرتووه‌، پاشان هاتوون و دەڵێن: فاته‌ڕه‌ش سەر بە یەک لە هۆزە تورکمانەکانە بە ناوی هۆزی "سینمیلی"ـيه‌وه‌ (کە بە دیدی ئەوان هۆزێکی تورکمانیيە) هەر بۆیە بەپێی تەواوی ئەو بەڵگانەی خستمانە روو فاته‌ڕه‌ش دوور یان نزیک دڵۆپێک خوێنی تورکی یان تورکمانی لە جەستەیدا نەبووە نە لە هۆزی تورکی و نە تورکمانی لە دایک بووە، بەڵکو لە چیاکانی کوردستان و لە دایک و بابێکی کورد لە کوردستان لەدایکبووە. بەڵگەش بۆ کوردبوونی فاتەڕەش ئەوەندە بەسە کە سوڵتان عەبدولمەجید پێى دەڵیت: "تۆ بەو هەموو ئازایەتیيەوە بۆ تورکی نازانیت؟" وەڵامی فاتەڕەشیش بێسڵکردنەوە دەڵێت: "ئەگەر تۆ کوردی بزانیت، پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت." نەک هەر تورک و تورکمان نەبووە، بەڵکو زمانی تورکیشی نەزانیوە! بە پێچەوانەوە لە پەرتووکەکەی کامەران بەدرخاندا ئاماژە بەوە كراوه‌ کە فاته‌ڕه‌ش جگە لەوەی بە سوڵتانی گوتووە: "ئەگەر تۆ کوردی بزانیت پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت،" بەڵکو دەڵێت: "ئەگەر تۆ تورکت بناسیبایە، بە تورکی قسەت نەدەکرد."

کەواتە فاتەڕەشی کوردان بەپێی ئەو بەڵگەنامانە ناوی راسته‌قینەی فاته‌ڕه‌ش (Asiye)يه‌ وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد. لە رۆژنامەی (L' ILLUSTRATION 1854 N 581 KARA FATIMA, L' HEROÏNE DU KURDISTAN ) بە قەرەفاتم پاڵەوانی کوردستان ئاماژەی بە ناوی کردووە. هەروەها لە رۆژنامەی (Pall Mall Gazette, November 1887) بە ئامازۆن واتا پاڵەوان ناوی هێنراوە. لەسەر هەندێک لە گرافیک‌فۆتۆکان هەندێك لە رۆژنامە فەرەنسييه‌كان بە (le princesse kurde) ناوی هێنراوە واتا شازادەکەی کوردستان.

بەپێی تەواوی بەڵگەنامە و رۆژنامە بیانی و تورکی و جیهانییەکان فاتەڕەش کورد بووە لە چیاکانی ماراشەوە هاتووە وەک یەکەم ژن لە میژووی سوپای عوسمانیدا بەشداریی خوێناویترین جەنگی کردووە لە سەدەی 19دا کە ئەويش جەنگی کرایم بووە. به‌ هيواى ئه‌وه‌ى ئه‌م نووسينه‌ ده‌روازه‌يه‌ك بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ى زۆرتر له‌ ژيانى ئه‌م نێوداره‌ى كورد و ده‌يان كه‌سايه‌تى و زانا و هه‌ڵكه‌وتووى دیکە كه‌ هێشتا له‌ لاپه‌ڕه‌كانى ميژوودا وه‌كو پێويست تۆمار نه‌كراون و ژيانيان به‌ ناديارى ماوه‌ته‌وه‌.

0028.jpg

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:

  • (1) مشاهير الکرد وکردستان في العهد الاسلامي، محمد امين زکي بک، ترجمة: سانحة زکي بک،جزء الثاني، الطبع: ١٩٤٥ بغداد الناشر: مطبعة النقيض الاهلية، بغداد
  • (2) تاریخ خوی محەمەد ئەمین ریاحی لاپەڕە 275
  • (3) داستانی زری خانم لە پەرتوکی دکتۆر محەمەد حسێن پاپلی ئێزیدی بە ناوی شازادە حمام بە زمانی فارسی. و الدر المنثور في طبقات ربات الخدور و المشاهير النساء، تالیف زينب فواز
  • (4) Survival among the kurds, history of the Yezidies 1993
  • (5) ژنی کورد لە مێژوی جولەکەدا، ئەسینات بارزانی، جوان عومەر (ئاوێنه‌)
  • (6) The.illustrated-news London.12.6.1854
  • (7) ئەم وێنەیە لەلایەن (Neuville) کێشراوە، ساڵی 1867 لەلایەن ( Le Tour du Monde) لە پاریس بڵاوکراوەتەوە.
  • (8) Der Adler von Kurdistan Kamuran Aali Bedir-Khan, Herbert Oertel Voggenreiter, 1937 - 144 pagina's
  • (9) وەڵامی نامەکەی ئەنیستوتی شاری ماراش:
  • Maraş Avucumda [email protected]
  • Ma 26-10-2020 21:21 Merhaba, Kara Fatma'yla ilgili bildiğim her şeyi, ilgili yazılar altına ekledim. Gerçek kimliğine dair daha fazla bilgim yoktur malesef...
  • (10)Caroline (2005). Osman's Dream: The History of the Ottoman Empire

بە درێژایی مێژوو دوژمنانی کورد ئەوەی لە بەرژوەندیی خۆیان بووە کردوویانە بە ناوی خۆیانەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەوانی تریان خستووه‌تە ئەستۆی ئێمە. بڕوانە (سوارەی حەمیديیان) و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنييه‌کان هەموو هەوڵێکیان دا تا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیيه‌کان بخەنە ئەستۆی کورد، هەرچەندە پریشکی ئەو ئاگرە ئێمەشی سووتاند، بەڵام نەیاتوانی ئەو کارە دزێوە دژە مرۆڤایەتيیە بەسەر کورددا بچەسپێنن. یەکەم دەوڵەت و دەوڵەتدار نەبووین، دووەمیش ئەوەی سوارەی حەمیديیان کردوویانە دژی ئەرمەنييه‌کان پەرچەکرداری "دەشناک"کەکان بووە کە دەستیان لە کوردەکان نەدەپاراست و سەدان ژن و پیاو و منداڵی کوردیان ئەتک کرد، دواجار کە سوپای عوسمانييه‌کان هاتن بۆ بەرگریکردن لە تورەکەکان، دووبارە کوردەکان وەک هەمیشە بێکەس و تەنيا مانەوە. بۆیە بە ناچاری چەند سەرۆکهۆزێکی کورد داوایان لە سوڵتان حەمید کرد تا کۆمەکی سەربازيیان بکات و سەر و ماڵیان لە چەتەکانی دەشناک بپارێزن. سوڵتانیش ئەو داوایەی قبووڵ کرد و ئەوانەش بوون بە سوارەی حەمیدیيان لە تۆڵەی ئەو کارەساتەی بەسەر ژن و کچ و پیر و پیاوی کوردیاندا هێنابوو، تۆڵەی خۆیان لە ئەرمەنييه‌کان سەندەوە. هەرچەندە نامەوێت بە وشەیەکیش پشتگیری و شەرعييه‌ت بەو کارە بده‌م كه‌ کردووەیانە.

0007 (1).jpg

(11) باشی بوزوق (Başıbozuk) بە زمانی تورکی و لە سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانیدا بەو کەسانە گوتراوه‌ كه‌ بە جۆرێک سەربازی نیزامی نەبوون و لە سوپای عوسمانیدا بوون، زۆرینەی ئەو باشی بوزوقانە کورد و ئەڵبان و شرکس بوون بەگشتیش بە هەموو ئەوانە گوتراوە کە تورک نەبوون. ئەم باشی بوزوقانە بە ئازایەتی و چاونەترسی ناسراوبوون و هەندێک جار بۆ سوپای عوسمانییش بەڵا و کێشە بوون بەتایبەتیش کوردەکان. هەروەها باشی بوزوق لە راستیدا نازناوێکی خراپیان هەبووە و پیشە و کاریان چەتەیی و راووڕووت و دزی و سەرکێشی بووە.

(12) 19/12/2019The Kurdish national movement: its origins and development, pg. 45

(13) لەهەندێک شوێندا وشەی ئامازۆن یان ئامازۆنی نوێ (The new Amazon) و ئۆرنلیۆ (Orléans) بەکار هاتووە بۆ فاته‌ڕه‌ش بە گرنگی دەزانین کە سەبارەت بە هەردوو وشە روونکردنەوەیەک بدەین. ئامازۆن (Amazon) واتای سوپەر پاڵەوان، پاڵەوانێکی نموونەی (SuperHeroes) لە هەمان کاتیشدا ناوچيیەکە لە بەرازیل.

(14) هەرچەندە ناوی شارێکە لە فەرەنسا، بەڵام چاوگی وشەکە گریکیە و بۆ ناوی کچان بەکار هاتووە واتا کچێک یان ژنێک لە زێر (gold)

(15) دەبێت لێرەدا ئەوە راست بکەینەوە کە ئەو رۆژنامەیە زانیارییەکانی یان لە کاتی تایپکردندا لە بری 500 چەکدار ئاماژەیان بە 500 ژنی کورد کردووە، ئەوەی شایەنی باس بێت فاته‌ڕه‌ش تەنها دوو کچە کارگوزاری لەگەڵدا بووە، هەندێك لە پیاوەکانیش خێزانەکەی خۆیان پێ بووە و لەپشتی خۆیانەوە لەسەر ئەسپەکان بوون نەک 500 ژن.

(16) ئەم ژنە کوردانە بە رۆحێکی فەناتیزمەوە (Fanatisme) چیاکانی کوردستانیان جێ هێشتبوو پاڵنەر و ئامادەییان تەنها بۆ ئەوە بوو لەژێر ئاڵای پەیامبەرەکەیاندا لە چیاکانی کوردستانەوە لە ئاشتی و ئاراميیەوە بەشداری ئەو جەنگە بکەن (LaIlustracion1854a) ژمارە

(17) رۆژنامەی پاڵ ماڵی رۆژی سێشەمە 13/10/1887 ژمارە ٧٠٤٣ he Pall Mall Gazette, Thursday 13 oktober 1887, nummer 7043)

(18) لێرەدا دەمەوێت ئەوه‌تان بیر بخەمەوە کە ئەمە تەنها یەکەم پیلانی تورکان نەبووە لە سەردەمی مستەفا ئەتاتورکدا، بگرە پێشتریش هەمان کاریان کردووە لەگەڵ (سمکۆی شکاکدا) هەر بۆ نموونە لێرەدا باسی ئەو نامەیە دەکەین کە لە یادداشتەکانی (ڕەفیق حیلمی) بەرگی دووەم، لاپەرە 387 هاتووه‌: قۆماندانی جەنگ (به‌سری بەگ) سەرۆک ئەرکانی جەنگ بە ئیمزای خۆیەوە ناردوویەتی بۆ (بوز دەمیر) لە رواندز. (بوز دەمیر) لەژێر ناوی (وثیقەی ژمارە 9 لە دەفتەری یادداشتەکان نووسیویەتی) سیمتقۆ هەڵبەت مەبەستی (سمکۆی شکاکە) تورک و ئێرانييه‌کان بەو جۆرە ناویان بردووە! دەنووسێت: سمکۆی شکاک کابرایەکی فێڵبازە، بەهۆی زیرەکیی خۆیەوە ئەو خەنجەرەی هەڵیگرتووە بۆ کاتی خۆی دەیوەشێنێت، ئەم کابرایە بیری سەربەخۆیی لە کەلـلەيدایە. هەروەها دەڵێت: سمکۆ لەناو هۆزە کوردەکاندا پلەو پایەی گەورە بووە. دەسەڵاتی پەیدا کردووە کە ئەوەش بۆ حکومەتی میللی ئێمە واتا (حکومەتی مستەفا کەمال) دەست نادات. تێکچوونمان لەگەڵیدا بۆ ئێمە باش نيیە. لە ئێستادا ئەگەر ئێوە بتوانن مەبەستی (بوز دەمیرە) هەوڵی ئەوە بدەن و پڕوپاگەندی بڵاو بکەنەوە لەناو عەشایرەکاندا و هانیان بدەن ببن بە دوژمنی سمکۆ(ئینگلیزەکانیش هەر هەمان رێگەیان گرتبووە بەر لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفیددا) بە راستی بەوە خزمەتێکی گەورە بۆ حکومەت جێبەجێ دەکەن، بڵاوی بکەنەوە کە سمکۆ بە پارەی ئینگلیز ئەم شۆڕشە دەکات. بۆ قازانجی خۆی و ئینگلیز خوێنی کوردەکان دەڕێژێت. ئەمە کاری 100 ساڵ بەر لە ئێستای تورک بووە.


سوپاس زۆری بەرێز؛ ڤیان فەرەج دەکەین بۆ نووسینی ئەم بابەتە هەندێک زانیاری پێداین.