کەنەکە: تورکیا دەیەوێت هێزە کوردییەکان بەگژ یەکدا بدات

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
کەنەکە.jpg

کەنەکە، دەڵێت، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت بدات بەگژ یەکدا و شەڕێکی ناوخۆیی دورست بکات، کەنەکە داوا دەکات بەزووترین کات کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک پێکدێنن.

ئەمڕۆ کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرنجی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی بادینان، کە بە فیتی دەوڵەتی تورک دروست کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”ماوەیەکی درێژە دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرش ئەکاتە سەر باشوری کوردستان. چەند ناوچەیەکی داگیرکردووەو لە زۆر شوێنیش بنکە و بارەگای دامەزراندووە، تورکیا نەک هەر بە رێکاری سەربازیی هێرش ئەکاتە سەر باشور، بەڵکو بە رێگاو شێوازی جیاواز و لەڕێی هاوکار و سیخوڕەکانییەوە، هەواڵی چەواشە و تێکدەرانە بڵاوئەکاتەوە. ئەیەوێ هێزە کوردییەکان بدات بەگژ یەکتردا و شەڕێکی ناوخۆیی هەڵگیرسێنێت”.

سەرنجیش ڕادەکێشێتە سەر ئەوەی، کە “هەر لەم کاتەدا هەندێک هێزی سەربازیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی گارە رووەو بنکەکانی گەریلا جووڵەیان پێکراوە، لە هەندێك شوێن خاڵی کۆنترۆڵیان داناوە و لە هەندێک شوێنی تریش لە نزیک سەنگەرەکانی گەریلا جێگیرکراون. ئەم دۆخەش بووە هۆی درووستبوونی کێشە و ئاڵۆزیی”.

کەنەکە، ئاماژە بە مەترسییداریی دۆخەکە دەکات و دەڵێت:”ئەم کێشانە لەم چەند رۆژانەی دواییدا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، کە ئەشێ لە هەر کاتێکدا شەڕێکی لەنێوان هێزە کوردییەکاندا لێبکەوێتەوە. شەڕێکی لەو چەشنەش کارەسات و ماڵوێرانییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە”بانگەوازیی کۆما جڤاکێن کوردستانێ -کەجەکە-، بە تایبەتیش بانگەوازی بەڕێز موراد قەرەیلان کە داوای دیالۆگی تێدا کردووە، لە جێی خۆیدایە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەهایەکی زۆر بۆ ئەو هەڵوێستی دیالۆگە دائەنێت. ئێمە هیوای هەمان هەڵوێست لە رێبەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەخوازین و چاوەڕێی هەڵوێستێکی ئەرێنین لێیان”.

لەبەرئەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات، بە هیچ شێوەیەک رێگا نەدەن کارەساتێکی لەو چەشنە رووبدات”داوا ئەکەین لە زووترین کاتدا کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن”.

لە کۆتاییشدا هاتووە”ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەر لە ئێستاوە شاندێک لە رێبەرایەتی ك ن ك، نوێنەری پارت و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و کەسایەتییە نیشتمانییەکان پێکدێنین، بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەری و خۆشکردنی زەمینەی دیالۆگ بدەن، ئێمە بەهیواین و هەموو هەوڵێک ئەدەین لە زووترین کاتدا ئەو کارە بگاتە ئەنجامێکی پۆزەتیڤ”.

ش.ف