گوناهی یەکەم؛ گەندەڵبوون لەبەهەشتەکانی خواوەندەوە (بەشی یەکەم)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

گوناهی یەکەم؛ گەندەڵبوون لەبەهەشتەکانی خواوەندەوە(بەشی یەکەم) نووسینی: ئیسماعیل حەمەئەمین

پێشەکی مرۆڤ ئاژەڵێکە دەبێت شوێناکەی لەجیهاندا ڕوونبکرێتەوە، مرۆڤ بونەوەرێکە لەگەڵ نیگەرانیدا لەدایکدەبێت. مرۆڤ بونەوەرێکە (نیگەرانی) چارەنووسێتی. لەدایکبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی پابەندە بەو هەستە گەورەی کەلەدونیادا تەنیایە، لەبەرانبەر گەردووندا تەنیا دەنکە خۆڵێک یان تۆزێکی بابردووە. ئەم نیگەرانیە گەورەیە لەسەرەتای بەرەنگاربوونەوەیەتی لەگەڵ بوونی خۆیدا، بوونی لەدونیایەکدا کەبەئارەزووی خۆی نەهاتووە، بەڵکوو فڕێدراوەتە جیهانەوە، مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی لەجیهاندایە. مرۆڤ لەگەڵ بوونی خۆیدا هەست بەفڕێدانیک دەکات، توڕهەڵدانێک بۆ نێو بوونێک بەدەر لەئیرادەی خۆی، بەجۆرێک کە (نیگەرانی) دەبێتە ئەو هەستەی هەمیشە بەدوویەوەیەتی. لەناخی مرۆڤدا هەستکردن بەبەجێمان، بەفڕێدان، بەترس و دڵەڕواکێ و نەخۆشی، ترس لەنادیار و چارەنووسی نادیار ژیانی گێژدەدا. ئاوەها مرۆڤ (نەخۆشیکی بەردەوامە) لەخەستەخانەیەکی گەورەدا کەناوی جیهانە.مرۆڤ وەک (پیتەرسڵۆتێردایک) دەڵێت؛ (سەرەتاکانی خۆی نازانیت و کۆتایەکانیشی تاریکن، لەنێوان ئەم دوو شوێنەدا تۆیان داناوە...1.9) بڕوانە؛ پیتەر سڵۆتێردایک: منداڵە ترسناکەکانی نوێ. سورکامپ 2014

مرۆڤ لەنێوان سەرەتای نادیاردا بەوەی لەکوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەڕوات کەدونیای تاریکی مردنە و نادیارە، لەگەڵ بوونی خۆیدا دانیشتووە. بوونی مرۆڤ فڕێدانێکە بۆنێو نادیار و ترس و دڵەڕاوکێ کەدەتوانین لەژێر ناونیشانی (نیگەرانی) پێناسەی بکەین. بەڵام ئەوە نیگەرانیە Unbehagen کەهۆشمەندی مرۆڤ بەخودی خۆی داگیردەکات، ئەو پرسیارەیە بەوەی مرۆڤ لەکوێی ئەم فڕێدانەدایە بۆ نێو (بوون / Sein) و دەیەوێت چۆن لەم بوونە بەزۆر داسەپاوەدا شارستانیەکانی خۆی بینابکات، بەو سیفەتەی کۆی شارستانی مرۆڤایەتی لەسەر بنەماکانی ئەم نیگەرانیە گەورەیە خۆی بیناکردووە.

مرۆڤ وەک لەئایینەکاندا هاتووە هەڵگری تۆوی (گوناهی یەکەمە)، گوناهێک کەبووە هۆی ئەوەی لەبەهەشتی خواوەندوە فڕێبدرێتە سەر زەوی، لێرەوە (ماسۆشیەتی میتافیزیکی) کەڕەهەندەکانی لەئاییندا خۆی درێژدەکاتەوە پیماندەڵێت؛ کەکۆی مرۆڤایەتی هەڵگری تۆوی ئەو گوناهە گەورەیەیە، لەفڕێدانمانەوە لەبەهەشتی خواوەندەوە بۆ سەر زەوی فانی لەگەڵ خۆماندا هەڵمانگرتووە. ئەم هەڵگرتنی گوناهەیە وابەستە بەسێکسوالیەت و چێژەوە، بەمەش مرۆڤ دەیەویست لەڕێگەی چێژەوە جێگەی خواوند بگرێتەوە. ئەمە خوداوەند توڕەدەکات و (ئادەم و حەوا) وەک ژن و پیاوێکی ڕووت لەبەهەشتی خۆی فڕێدەداتە سەر زەوی...لەساتەوە مرۆڤ بەلەعنەتکراوە بە نەخۆشی، بەتەماع، بەجەنگ، بەکوشتن و دزی و نەخۆشی و کارەساتی سرووشتی و کارەساتی دەستکردی خۆی. مرۆڤ بەپێی ئەم ڕوانینە تیۆلۆژیە تۆویی گوناهەکردنی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.

مرۆڤ بەردەوام وەک لەڕوئیای هەموو ئایینەکاندا هاتووە، هەڵگری ئەو تۆوە گوناهەکارەیە کەشەیتان پێیکردووە، لەو ڕۆژەوە شەیتان و خوا دەچنە یەک ئاستەوە، بەوەی هەریەکەو دەیەوێت مرۆڤ ڕاکێشێتە ڕێزی خۆی و مرۆڤ بکات بەئەندام لەپارتەکەی خۆی. دیارە لەم ڕوانگە تیۆلۆژیەوە لەمێژووی گوناهەی یەکەم یان دەتوانم بە (گوناهە میراتی) پێناسەی بکەم، مرۆڤ دەبێتە هەڵگری چێژێک کە(چێژی گوناهەیە) چێژی دووبارەکردنەوەی ئەو گوناهە گەورەیە کە (ئادەمی نێرینە) بەفیتی (حەوای مێینە) کردوویەتی، ئەویش بەخواردنی سێوی بەهەشت بوو، کەتاقیکردنەوەی خواوەند بووە بۆ گوێڕایەڵی بونەوەرە خوداییەکەی بۆی. کەدوایی دەبێتە مرۆڤ. ئێمەی مرۆڤ لەم خەونە تیۆلۆژیەوە وەریبگرین، وابەستەی ئەو چێژەین بەدووبارەکردنەوەی گوناهە، ئێمەی مرۆڤ میراتگری گوناهەکردنین لەسەر جیهانێک کەفڕێیانداوین، تێیدا و بەبێ هەڵبژاردنی خۆمان هاتووینەتە ناو دونیایەکی پڕ سزاوە. مرۆڤ بۆ ئەبەد لەجیهاندا سزادراوە، هەربۆیە لەم کاتەدا (لەجیهاندا بوون Sein In die Welt) ی هایدگەری دەگۆڕدرێنەوە بۆ دەستەواژەی (لەنێو سزادا بوون).

بوونی ئێمە لەنێو سزادایە و ژیان لەدوای ئەو بەهەشتەی لێوەی هاتووین سزایەکی گەورەیە. خەونی گەڕانەوە بۆ بەهەشتەکانی خواوەند خولیایەکی گەورەیە کەئایینەکانی لەسەر دامەزراوە، چونکە مرۆڤ چیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو (تەنیابوونەی) خۆی بگرێت کەبەرانبەر دونیا هەیەتی. ئەم گەڕانەوەیە بەڕێچکەکانی تیۆلۆژیەوە دەمباتەوە سەر ڕاستە ڕێگاکانی بەهەشت، هەربۆیە مێژووی مرۆڤایەتی پێکهاتەیەکی سەیرە لەجەنگی مرۆڤ لەپێناوی خودای گەورە، کەبێگومان هیچیتر نییە جگەلە جەنگ نەبێت لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤ خۆیدا، بۆئەوەی جارێکیتر بگەڕێتەوە بۆ بەهەشت و قەرزەکانی خۆی کە ئادەمی باوکی مرۆڤایەتی کردوویەتی، ئەو بەشێکی بداتەوە. دیارە ئەم پارادۆکسە و خەیاڵزەدەییە و فانتازیا پڕ ماسۆشیەت و ئازارە بنەمای ئایینە تاکخواداکانە Monotheismus لەئیسلامەوە بیگرە تادەگاتە کریستوم و لەوێشەوە بۆ موساویەت!

گوناهی یەکەم یان گوناهەمیراتی قەشە (ئۆگەستین ئاوریلیۆس 354 - 430 ز) کەلە(هیپۆ) یان جەزائیری ئیستا ژیاوە و مردووە، وەک (پیتەر سڵۆتێردایک) لەنوێترین پەڕتووکدا (منداڵە ترسناکەکانی زەمەنی نوێ) ئاماژەی پێدەدا، یەکەمین قەشەبووە پێش ئیسلام، مانیفێستی بۆ گوناهەی یەکەم کردووە، چەمکی لاتینی peccatum originale ئەو چەمکەیە کەمانای (گوناهەمیراتی) دەگرێتەوە، لەنووسینەکانی سەرەتایی ئەو قەشەیەدا، کەبەشێکی زۆری خوتبە گەورەکانی ئەم قەشە جەزائیریەی هییپۆ بوو، ئاماژەی پێدراوە. لەو بڕوایەدا بوو کەمرۆڤ هەرچی شتێک بکات لەسەر ئەم زەویە گوناهەیە، مادامەکی هەڵگری ئەم گوناهە گەورەیەی ئادەمی باوکە. ئاوەها زەوی بە (تۆویی ئادەم) پڕوبڵاوە، ئێمە هەمووان هەڵگری ئەو تۆوەین و تۆوی گوناهەکردن لەبەهەشتەکانی خواوەند لەگەڵ مرۆڤدا لەدایکبووە. ئەم گوناهەیە کەهەڵمانگرتووە (بەڕای قەشەکەی هیپۆ، (ئۆگستین) (هیچ ئازارێکی سەر ئەم زەویە بوونی نییە، کەمرۆڤ لەدواجاردا دەستی تێدا نەبێت و خەتای ئەوی تێدانەبێت.. 1.16)

سێکس لەپێناوی گوناهەی یەکەم مرۆڤ لەبەرئەوە هاتۆتە سەر زەوی بۆئەوەی گوناهەکانی خۆی بەرانبەر خودا پاکبکاتەوە، بێگومان قەرزی ئێمەیە، گوناهی ئێمەو باپیرە ئادەمە، بەپێی ڕەهەندی ئایینی کەلەڕێگەی (لیبیدۆ / ترۆپکە چێژ) لەگەڵ مێینەدا کردوومانە و دەبێت بیدەینەوە بەخودا. ئادەم لەڕێگەی (ترۆپکە چێژە) وە دەیویست ببێتە (بونەوەرێکی بان) یاخود (بان بونەوەری) کەئەویش گەیشتنە بەو چێژەی کەخودا لەتابۆکانیدا، لەقەدەغەکراوەکانیدا دایناوە. ترۆپکە چێژ لەو مێژووە وە تائێستا کەلەئەکتی سێکسوالیدا خۆی بەرجەستە دەکات، بۆتە خاڵی فۆکۆسکردنی، خاڵی گرنگیپێدانی هەموو ئایینەکان. لەئیسلامدا گەڕانەوە بۆ بەهەشت و خۆڕزگارکردن لەگوناهەکانی باوکە ئادەم کەهاتۆتە سەرزەوی، پابەندە بەو پاداشتە گەورەیەی خواوەند لەڕێگەی بەخشینی حۆریەکان دەیبەخشێت بەموسوڵمانی ڕاستەقینە، لێرەوە گوناهەی یەکەم کەهەڵخەڵتاندنی ڕەگەزی نێرە بەعەیاریی مێینە، لەڕێگەی دووبارەکردنەوەی مێینە بەکۆیلەی نێرینە پاکدەبێتەوە! لەبەرانبەر ئەمەشدا سێکسی پۆڕنۆگرافی و (سێکسی کۆیلەیی) دەبێتە پاداشتی موسوڵمانی نێر و مێ، بێگومان ئەمە لەو بارەدایە کەهەردوو توخمەکە لەدونیای فانی و فەتاودا خۆیان بەدەست شەیتانەوە شلنەکردبێت. لەم خاڵەوە چیرۆکی گوناهی یەکەمی ئادەم و حەوا جارێکیتر بەرهەمدێتەوە. جارێکیتر بەفیلتەریکی دیکەی هەستکردن بەگوناهەدا تێپەردەبێت و شارستانی و ئێرای ئیسلام لەسەر ئەم خەونە درێژە بەخۆیدەدات. تەنانەت هیچ بزووتنەوەیەکی ئیسلامی سیاسی نییە لەڕێگەی بانگخواز و کادێرەکانیانەوە، ئەم خەونی (بەخشینی حۆریەکان) نەدەن بەگوێی جیهادیست و ڕەدووکەوتوانیان. باپیرانی ئێمە لەمێژووی زیاتر لەهەزارو چوار سەد ساڵە لەنێو ئەو خەونەدا دەژین و زۆریشیان ژیانی دونیان لەپێناو ئەم بەهەشتە پڕ حۆریانەدا کردە قوربانی.

دیارە لێرەدا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کە بەهەشت شوێنیکە بۆ سێکسکرندێکی ئەبەدی، بەهەشت لەم وێنەیەدا شوێنی سێکسکردنی پیاوانەیە، تێدا ژنەکان چ حۆری بن یان وەسیفەکانی حۆریەکان بن وەک بانگخوازە ئیسلامیەکان بەئاشکرا بۆ گەنج وخەڵکانی باوەڕداریان ڕوونیانکردۆتەوە، ئامادەن بۆ تێرکردنی ئەوان لەهەر کات و شوێنێکی بەهەشتدا بێت.

(شوێنای ژن) لەکۆی پەڕتووکە بەناو پیرۆزەکاندا نێگەتیڤە و دیاریکراو نییە، کەئایا ئەو ئازادیەی بەخشراوە بەپیاوی موسوڵمانی بەهەشتی، هەمان ئازادیە لەبەهەشتەکانی خودا؟ بێگومان وەڵام بەنێگەتیڤە. لەبەهەشتیشدا ژنەکان دەبنەوە بەئامڕازێکی تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاو، چونکە بەهەشت و حۆری بەخشین، یەکسان نین بەبەهەشت و پیاوی جوان بەخشین بەژنانی ئیماندار. لەم خاڵەوە ئەم فانتازیا تیۆلۆژیە لەسەر دەرکردنی دووبارەی ژن لەبەهەشت خۆی بینادەکاتەوە، چونکە پەیمانی خودا بۆ پیاوی موسوڵمانە، بەمانای لەپیاوێکەوە بۆ پیاوێکی دیکە. گەر هاتوو ئێستاش یەکێک بێت بڵێت؛ کە جێندەری خودا دیارینەکراوە لەئیسلامدا، یان لەئایینەکاندا. ئەوا هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵین کە خودا نێرە، خەونەکانی نێرن، هەرگیز لەڕوی زمانەوانیەوە ناڵێین (هی) کە ئەداتی تەعریفە، بۆ خودا، بەکارنەهاتووە لەقورئاندا. بۆ نموونە ناتوانین بڵیین (هی اللە) بەڵکوو دەڵێین (هو اللە). تەنانەت لەزمانی ئەڵمانیدا Gott بەنێر ناسراوە دەڵیین Der Gott، لە زمانی ئینگلیزیشدا خوا He کەبۆ نێر بەکاردێت نەک She بێت کەبۆ مێینە بەکار دێت. بەگشتی خودا سیفەتە نێرەکانی زاڵە هەرچەندە لەوانەیە تیۆلۆژیەکان ئێستا دونیایەک دیباتی لەسەر بکەن، بەڵام لەدواجاردا سیفەتی نێرینەی خودا، کاراکتەری ئاشکرای ئەم ڕۆحە گەورە و خوڵقینەرەیە کەخودایە. لەم ڕوانگەیەوە حەوا یان ئێفا Eva لەلاتینیدا، ئەو مرۆڤە مێینە جوانەیە کەجادووە گەورەکانی لەڕێگەی جەستەو عەیارییەوە وەها دەکات لەدژی ئیرادەی خودا بوەستێت و لەدرەختی مەعریفە، لەسێوی زانین بخوات.

لەئایینەکاندا (وێنەی مێینە) و (ژنەجادووگەر) بەتایبەت لەکریستیانیدا/ دیانیدا، پێکەوە کاراکتەربەندی کراون. تەنانەت وشەی جادووبازە یان عەیارە یان ساحیرە، بۆئەو ژنانە بەکاردێن کەبەجوانی و ئەقڵیان پیاو خوماردەکەن. ئاوەها لەکۆی ئەقڵی ئایینیدا (حەوا) یان (ئێڤا) دەبێتە بەشێک لەو ئیرادە لاواز و شەهوانیەی کەناتوانێت خاوەن ئیرادەیەکی باڵا بێت و بەقسەی شەیتان (دیڤڵ لەئینگلیزیدا / تۆیفل لەئەڵمانیدا) هەڵدەخەڵەتێت، و بەشێکە لەجادوگەر و شەیتان. ئەویش وەها لەئادەم دەکات بێ فەرمانی خودا بکات. ئاوەها هەر لەسەرەتای چیرۆکەکەوە وێنەی مێینە لەبەهەشتدا وێنەیەکی ناشرینە، ئەمەش وەهای کردووە کەلەبەهەشتی موسوڵماندا، ئەمانە ببنەوە بەکوێلەی پیاو و گوێڕایەڵی پیاو و دیارە لەئایینە یەکینیەکانی دیکەشدا وەک کریستوم و موساویەت هەمان چیرۆکە.