گۆران و ئەرکی شیعر

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Oran01.jpg

گۆران و ئەرکی شیعر

نووسینی: د. حەمە نوری عومەر کاکی

سکولی زمان / بەشی کوردى

پێشەکی :

شیعرى لیریکی پانتاییەکی گەورە و فراوانی لە دنیاى ئەدەبدا داگیر کردووە ، لەشیعرى کلاسیکیی کوردیدا ، وەک ئەدەبی نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکان ، ئەم جۆرە شیعرە گەلێک ئەرک وپەیامی جۆراوجۆرى لەئەستۆ گرتبوو ، ئەرکی شیعر لە کلاسیکدا ، ئەرکێکی گران و فرە ڕەهەند بووە ، شیعر مێدیایەک بووە بۆ خۆى . شاعیر بە شیعرى لیریک مێژووى دەنووسییەوە ، زانستە بەرجەستەییەکان و زانستی ئاینی و کۆمەڵایەتی و مێژوو و.....هتد ، لەدووتوێی شیعردا دەنووسرانەوە . ئەوگۆڕانەى لە شیۆازى شیعری نوێدا ڕوویدا ، تاڕادەیەک لاى هەندێک شاعیرى داهێنەر ، ئەرکی شیعریشی دەگرتەوە ، لە شیعرى نوێی کوردیدا ئەم دیاردەیە واتە گۆڕانی ئەرکی شیعر ، لاى شاعیرە ڕۆمانسیزمە نوێخوازەکان بەتەواوى دەبینرا ، بەتایبەتی لەڕێچکەى دووەمی شیعرى نوێی کوردیدا ، کە (گۆران 1904 -1962 ) سەردەستەى ئەو ڕێچکە و ڕێبازە نوێیە بوو. ئەم لێکۆڵینەوەیە ، لەڕوانگەى چەند سەرنج و تێبینییەکەوە سەبارەت بە بیۆگرافیاى گۆران ،ئەرکی شاعیر و ئەرکی شیعر لاى گۆران ڕوون دەکاتەوە ، بەهیواى ئەوەى ببێتە دەروازەیەک بۆ توێژینەوەى ئەرکی شیعرى لە لاى شاعیرانی شوێنکەوتووى ڕێچکەى گۆران و شاعیرانی دیکەش . لەم لێکۆڵینەوەیەدا ڕێبازى شیکاریی دەق بەگشتی و لە ڕوانگەیەکی سایکۆلۆجییەوە بەپێی پێویست ڕێبازى شیکاریی دەروونی بۆ شیکردنەوەى هەندێک دەقی شیعرى ( گۆران )بەکارهێنراوە . لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا بەچەندخاڵێک ئەنجامە گرنگەکان دیارى کراون ودواتر سیستێمی کۆد (* )بۆ پەراوێزەکان وئەوسەرچاوانەى کەڵک وسودیان لێوەرگیراوە ، پێڕەوىکراوە .

ژیاننامەى گۆران و پێوەندى بەئەرکی شیعرەوە

لەمێژووى ئەدەبی کوردیدا ،کەلێنێکی گەورە هەست پێدەکرێت وبە کەمی لەسەرى نووسراوە ، ئەویش ئەوەیە شاعیران و نووسەران گرنگی و بایەخێکی ئەوتۆیان بەنووسینی ژیاننامە وشیوەى نووسینەوەى ژیاننامە (بیۆگرافی )نەداوە ، هەرچەندە گۆرانی شاعیر لەخێزان و بنەماڵەیەکی خوێندەوار وشیعر وئەدەب دۆست بووە و بۆ خۆشی لەئاستێکی ، فکرى و ڕووناکبیرى بەرزدابووە ، بەڵام مەخابن بە پێی ئەو دۆکۆمێنتانەى لە بەردەستدان ،هیچ شتێکی ئەوتۆى لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانەى خۆى وبنەماڵەکەى نەنووسیوە ، ئەو بیرەوەریی خۆى نەنووسیوەتەوە وتەنانەت ، کەمترین زانیارى و ڕوونکردنەوەى لەبارەى هەندێکی زۆر لە شیعرەکانی ، وەک ڕۆژو کات وساتی دانانی شیعرەکانی ، تۆمار نەکردووە ، ئەم کەمتەرخەمی وبێ باکییە ، هەر بەتەنیا گۆران خۆى ناگرێتەوە ، بەڵکو توێژەران و نووسەرانی هاوەلڕ و دۆست و هاو تەمەنەکانی گۆرانیش دەگرێتەوە .

تاکە بەرهەمێک ، کە تا ئێستا شێوەى ئەکادیمی پێوە دیار بێت و گرنگی بە ژیاننامە (بیۆگرافی وئاوتۆبیۆگرافی )ى (گۆران 1904 – 1962 ) دابێت ، ئەو هەوڵەى ( مامۆستا جەعفەر و ڕێبوار حەمە تۆفیق )ە ، لەو کتێبەیاندا بە ناوى ( گۆران لە یادەوەرى هاوچەرخەکانیدا ).(5) .

لەسەرەتاى ئەو کتێبەدا بەشێوەیەکی زانستی ، لەژێر چەند ناونیشان و سەرباسێکدا ، باس لەو کێشە و گرفتەکراوە ، کە لەڕاستیدا نەبوونی ئەو بابەتە لەمێژووى ئەدەبی کوردیدا ، لە بەردەم لێکۆڵینەوەى ئەکادیمیدا بۆتە کۆسپێکی گەورە .

بەکورتی ئەو کەلێنە و پڕکردنەوەى ماکی ئەو نەخۆشییە ، بەگیان وجەستەى دنیاى شیعر وخودى شاعیران خۆیانەوە دیارە و دواتریش بۆ لێکۆڵەر و توێژەران ، چارەسەر کردنی کارێکی زۆر زەحمەت دەبیت ، ئەگەر لە کردە نەهاتوو نەبێت . چونکە وەک لەو بەرهەمەدا هاتووە ، هەر لە( ڕەفیق حیلمی )یەوە ، کە لەنزیکەوە گۆرانی بینیوە وچیرۆکی ژیان وئەزمونی شیعرى پێ گێڕاوەتەوە ، هەتا (حوسێن عەلی شانۆف ، کورد ئۆغلو ) ، کە تێزى دکتۆراکەى لە ساڵی ( 1965)دا لەسەر شیعرى گۆران بووە و کاتێک گۆران ساڵی( 1962 ) ، خۆى لە ژیاندابووە لە مۆسکۆ ، نامەى بۆ نووسیوە و تەنانەت دۆست وهاوڕێ نزیکەکانی گۆرانیش وەک ( د. عیزەدین مستەفا و محەمەدى مەلا کەریم ) ، هیچیان ، پرسیارى ورد و وروژێنەریان لە سەر ژیانی سەردەمی مناڵی وڕەنگدانەوەى لە گەشەکردنی کەسیێتی ئەدەبی وبەرهەمەکانی و دواتریش کارو پیشەو پێوەندیی نێوان مەرگی شاعیر و هۆکارى نەخۆشی وشێوەى ژیانی شاعیر نەکردووە .( 5 : 20- 21 ) .

لەم توێژینەوەیدا ، سەبارەت بە (بیۆگرافی ) ژیاننامەى گۆران ، بەتەنیا قسە لەسەر ماوەیەکی کورتی ژیانی ئەو شاعیرە دەکرێت ، یان بەشێَوەیەکی دیکە بگوترێت ، باس لە ماوەیەکی کەمی تەمەنی مێردمنداڵی و هەرزەکاری شاعیر دەکرێت ، ساڵی (1922- 1925)، کە ئەویش پێوەندى بە خراپی بارى ئابوورى و دەستکورتی گۆران و تەواو نەکردنی خوێندنییەوە هەیە ، بەکورتی هەموو سەرچاوەکان بەم شێوەیە باس لەوچەند ساڵە و هۆى تەواو نەکردنی خوێندن لە لایەن (گۆران ) ەوە دەکەن .(دواى کوژرانی (محەمەد بەگ )ی براى لەبەر دەست کورتی ، دەست لەخوێندن هەڵدەگرێت .( بڕوانە : 17: 5) و( 11 : 37 ) . لەمێژووى ئەدەبی کوردیدا و لە ژیاننامەى زۆربەى زۆرى شاعیراندا ، بەشێوەیەک لە شێوەکان ، ئەم جۆرە ژیاننامەیەو هۆکارى تەواو نەکردنی خوێندن و بەستنەوەى بە هۆکارى ئابوورییەوە ، بۆتە کڵێشەیەکی دەق پێگیراو و دووبارەبووەوە . لەم توێژینەوەیەدا ، ئەو خاڵەو هۆکارەکەى جێگاى گومانە ، دەکرێت لە بوارى سایکۆلۆژیی و بارى دەروونییەوە ، خوێندنەوە و توێژینەوە بۆ هۆکارى تەواو نەکردنی خوێندنەکەى بکرێت .

دەستکورتی و بارى ئابوورى هۆکارێکی سەرەکیی ئەوتۆ نییە بۆ بەردەوام نەبوون و تەواو نەکردنی خوێندن !، بە بەڵگەى ئەوەى زۆرێک لەوانەى خوێندنیان تەواوکردووە ،دەستکورت ونەداربوون ، تائێستاش کەسانێک هەن ، بارى ئابوورییان بۆ تەواوکردنی خوێندن لەبار نییە و خوێندنیش تەواو دەکەن وبڕوانامەى بەرزیش بەدەست دەهێنن ، یان بە پێچەوانەى ئەم دیاردەیەوە . بەکورتی شاعیران وهونەر مەندانی کورد ، بۆخۆیان وەڵامێکی ڕاستیان پێ نییە ، یان ئەوڕاستییە نا درکێنن ودەیشارنەوە ،لاى توێژەر ومێژوونووسانی ئەدەبیش ، لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆجیی دروستی بۆناکرێت ، لە نێوخەڵکانی کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتی وتازە پێگەیشتووەکاندا ، تەواو نەکردنی خوێندن و بەدەست نەهێنانی بڕوانامەیەکی بەرز ، جۆرێکە لە بێ توانایی ونزمی ئاستی زانستی ، کەلەڕاستیدا ئەمە وانییە وهەڵەیەکی ڕۆیشتووە . لێرەدا دەکرێت دان بەوڕاستییەدا بنرێت ، کە ئەوهۆکارە سەرەکی و بەربەستە گەورەیەى دەبێتە هۆى بەردەوام نەبوونی خوێندن وتەواو نەکردنی ، ئەوە تەنیا خولیاى هونەر و شیعرى داهێنەرانەیە ، کە بوار بۆ توانا وحەز وئارەزووى بەدەست هێنانی سەرمایەو بڕوانامە و... هتد نادات و هەموو دنیاى شاعیر بۆ خۆى ڕادەکێشێت ، چونکە شاعیر ئامانج وهیوا و ئاواتەکانی لەداهێنانە شیعرییەکەیدا دەبینێتەوە .

شاعیران بەگشتی وڕۆمانتیکییەکان بەتایبەتی ،بەهۆى ئەوەى کارى بیر وئەندێشە وداهێنانەکانیان ، لە خەیالڕ نزیک دەبێتەوە و لە دنیاى واقیع دوور دەکەونەوە ، لەم ڕووەوە توێژەرانی بوارى سایکۆلۆجیاى ئەدەب ، کۆمەڵێک پرسیان لا دروست دەبێت ، لەوانە : ئایا ڕاستە شاعیران وهونەرمەندان ، لە واقع (Reality ) ڕادەکەن ، یان لەهەوڵی دەربازبووندان ؟ ئایا بەکارهێنانی خەیالڕ لەداهێنانە هونەرییەکەیاندا هۆکارێکی تەواوە لەم دۆزەدا ؟ ئەم پرسیارانە و لەکۆتایدا پرسیارێکی دیکەى یەکلایی کەرەوە دێتەئاراوا و دەپرسێت : کاتێک خەیالڕ ڕەگەزێکی سەرەکی و بنچینەیی کارى شاعیر وهونەرمەندان بێت ، ئیدى ئەمە ئەوە دەگەیەنێت شاعیران لەگەلڕ خەیاڵدا کاردەکەن وهیچ جۆرە پێوەندییەکیان بە دونیاى (واقع )ەوە نامێنێت ؟ ( 8: 44) بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ڕاست ، ( عزەدین ڕسماعیل )ئەم وتەیەى ( مورینۆ Moreno) لەڕووى لێکدانەوە و شیکردنەوەى دەروونیی ئەدەبەوە دەهێنێتەوە ، کە دەڵێت : هیچ کەلێن وناکۆکییەک لەنێوان واقع Reality و خەیاڵدا نییە ! هەردووکیان ڕەگەزێکی کاران لە بوارێکی فراوانتردا ، کە دونیاى شتەکان و کەسەکان وڕووداوەکان دەگرێتەوە ، ئەودنیایە پێیدەگوترێت ، دنیاى درامیی دەروونی ( Psychodramatic ) . (8 : 44 ). بەهەموو پێودانگێکی زانستی و شیکردنەوەى دەروونی ، دەردەکەوێت مردنی براگەورەى( گۆران ) ،کە حەقیقەتێکی ڕاستی تالڕ بووە لە ژیانی (گۆران )ى مرۆڤدا ، تێکەلڕ بەڕەگەزە سەرەکییەکەى دنیاى دەروونی ( گۆران ) ى شاعیر دەبێت و دنیا درامییە دەروونییەکە دروست دەکەن ، کە خۆى لە کەسایەتییەکی ڕۆمانسیی داهێنەر ونوێخوازدا دەبینێتەوە.

ئەم ڕوداوە گەوریە ، هەرچەندە کۆستێکی جەرگبڕانەیە و لە دەرەوەى دەسەڵات وخواستی (گۆران )ی کەس و مرۆڤدا بووە ، بەڵام دەشێت لە نەست و ناوەوەى دەروونی ( گۆران )ی شاعیردا هەل وفرسەت وبیانوویەکی قایل پێکەرى مەحکەم بووبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە کەش وهەواى خوێندن و ڕووکردنە دونیاى شیعر وڕۆمانسییەت و خۆدۆزیینەوە لە ڕێباز و ڕێچکەیەکی شیعریی نوێدا . ئەمە جگە لەو ڕاستییەى کە گۆران بۆخۆى کەسایەتییەکی (نێرگسی ) هەبووە ، بەتایبەت لە قۆناغی هەرزەکاریدا ، کە ئەو تافی لاوییەتییە ، (بەیەکێ لە قۆناغەکانی گەشەى تاک دادەنرێت ، کە تاک پێیدا تێدەپەڕێ ) ( 12 : 51 )، گومان لەوەدانییە ، کە ئەوکەسایەتییەى گۆران و ئەو قۆناغەى ژیانی هەر ئەو تاف و سەردەمی نێرگسییەتە بووە ، کە قوتابخانەى شیکاریی دەروونی وەسفی دەکات بەوەى ( نێرگسییەت ، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بڕوابوون بە خۆى وئامادەکردنی خود ورێزگرتنی و بەرزترین ئاستی نێرگسی لە قۆناغی هەرزەکاریدا دەردەکەوآ ، لە گرنگترین دیاردەکانی لەلایەن کوڕى هەرزەکارەوە ، زۆربەکارهێنانی ناوى( ژن ) و وشەى (من )ە ، بەڵام دیاردەکانی لاى شاعیران زیاتر لەو دەربڕینانەدایە ، کە ئاماژەیان بۆ باسکردن وشانازى کردن بە شیعرەکانیانەوەیە) . ( 12 :51 ) ئەمە جگە لەوەى زۆربەى سیماکانی کەسێتیی نێرکسییە لە گۆرانی 17و 18 ساڵدا دەرکەوتووە .بۆ نموونە : ( حەزکردنێکی بە پەرۆش بۆ بەدەستهێنانی بەناوبانگی ) ( 12 : 51 ) . بەدڵنیاییەوە گۆران هەستی بەوەکردووە و ئەو ڕاستییەى لە بەرچاو بووە ،کە شاعیران، لەو سەردەمەدا ناو و ناوبانگیان لە نێوخەڵکی و بەتایبەتی لەنێو کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتییەکاندا چەندە دیار و ناسراو بووە . ئەمە جگە لەو دیاردە نەخوازراوەى ، کە تا ئێستاشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی و لە کوردستاندا بە تایبەتی هەیە و هەستی پێدەکرێت ،بەڵام توێژینەوە ولێکۆڵینەوەى زانستی بۆ نەکراوە . ئەویش ئەوەیە ؛ قوتابخانە وخوێندنگەکان بەلاى خوێنکارانەوە ژینگەیەکی خۆشەویست وئاسودە ودروست نە بوون ،کە قوتابی تێیدا بەئارامی ژیانی پەروەردەیی وفێربوونی تێدا بەسەربەرن ، بەڵکو بە پێچەوانەوە تاڕادەیەک وەک زیندان و مۆڵگەیەکی زۆرەملی بووە بۆ قوتابیان وزۆربەیان لە هەوڵی دۆزینەوەى هەلێکدا بوون بۆ دەرباز بوون و وازهێنان لە خوێندن .

ئەرکی شاعیر

ئەوشاعیر ونووسەر و هونەرمەندانەى بەتایبەت ئەوانەى (ڕەچەشکێن و داهێنەرن ) ، کە لەتەمەنێکی لاویدا ، سەرەتاى پرۆسەیەکی گەورە و داهێنانێکی نوآ ، سەرەتاى کارێکی هەستیارى ونەستێکی مەعریفی لەبیرو دڵ ودەروونیاندا دروست دەبێت و وردە وردە سەقامگیر دەبێت . هەر ئەو چەکەرەى هونەر وهەوێنی داهێنانەیە ، کە دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ دروستکردنی گۆڕانێکی گەورە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی شاعیر ونووسەراندا ، قوربانییەکی گەورە بەهەوڵ و هۆکارى گەیشتن بە ئامانجی دابینکردنی ژیان وگوزەران و هیواى دیاریکراویان دەدەن ، (کە لە تەواوکردنی خوێندن وبەدەستهێنانی بەڵگەنامەو بڕوانامە چاوەڕواندەکرێت ). ئەو پڕۆسەیە گۆڕانی بەسەردا دێت وبگرە وازى لێدەهێنرێت و پرۆسەیەکی گەورەتر جێگاى دەگرێتەوە .

واتە هەڵوێست وەرگرتنە بەرامبەر بە ژیان و دەوروبەر ، ئەرکی شاعیریش ئەوەیە هەڵوێستێک سەبارەت بە ژیان وەربگرێت (بەڵام هەڵوێست وەرگرتن لە ژیان وشیکردنەوەى بەها کۆمەڵایەتییەکان والە نووسەر دەخوازێت سەرەتا لە ژیان بکۆڵێتەوە و وشیارییەکی فیکرى هەبێت ، کە بتوانێت لە میانەیەوە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی ئەو دیاردانە دەستنیشان بکات واتا دەبێت (( باوەڕى بە تیۆرێکی فەلسەفی هەبێت ، کە کردەوەى مرۆڤ و ئەدگارەکانی شیبکاتەوە و ئەرکی مرۆڤ لە ژیان و پەیوەندى و بەهاکانی دەستنیشان بکات )) ئەو پرۆسەیەش لە میانەى خوێندنەوە و شارەزایی نووسەروقوولڕ بوونەوەى نووسەرەوە دێت سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی لەگەلڕ دەوروبەردا .)( 1 :93 ). لاى (گۆران )ئەو پرۆسە گەورە هونەرییە (شیعر)ە ، تێکەڵاو بەگیان و ژیانی دەبێت ، شاعیر بنەماو بنچینەى تەلارێکی نوآ بنیات دەنێت ، کە گیان وڕۆحی تێیدا ئاسودە بێت و لەگەڵیدا دەژى و لەپێناویدا دەست لە بەرنامە و پرۆسە کۆنباوەکانی خوێندن وتەنانەت کاروکاسپی و لایەنەکانی دیکەى ژیانیش هەڵدەگرێت . چونکە ئەو خۆى لە دنیایەکی دیکەدا دەبینێتەوە ، کە دنیاى شیعرە ، شاعیر ئەوخولیایە ، ئەو گێتییە مەزنەى شیعر ، کە لە ناخیدا چەکەرەى کردووە و نەخشەى بۆ داڕشتووە ،بەبەڵگە نامەو سەرمایەی دارایی ناگۆڕێتەوە و هەرگیز دەست بەردارى نابێت . چونکە دەزانێت ، شاعیرى وناو ودەنگی شاعیرێتی بە بەڵگەنامەو سەرمایەى دارایی بەدەست نایەت .

ئەگەرچی شاعیران خۆیان ، بەتایبەتی (گۆران )، ئەو ڕاستییە لە وتە و شیعرێکی تایبەت و دیاریکراودا نادرکێنێت ، بەڵام زۆرجار ئەم ڕاستییە بەواتایەکی پراگماتیکی ، یان فرە واتا و فرە مەبەست ، لە نێو دێڕە شیعرە کانیدا ، دەردەبڕێت ، هەرجارەى بە شێوازێکی نوآ ودەربڕینێکی جیاواز ئەو مەبەستە بەرجەستەدەکات ، بۆ نموونە وەک لە چامەکانی ( بۆ گەورەیەکی شیعر دۆست ، هەڵبەستی دەروون ، ) هەست بەو چەمکە دەکرێت .

تا ماندووبوون – ناکفرم کرد – تامردن ،

کەى بۆ مەئموور ئەلوآ ،قوربان ، نان خواردن (4 : 115 )

بۆمن وەها ئەلوآ ئیتر خامۆشبم،

با لەمەیدان ون بم وفەرامۆش بم ! .. ( 4 : 116 )

هەربەهۆى ئەولایەنەى ژیانی (گۆران )ی مرۆڤەوەیە ، (سەرقاڵی بە ژیانی ڕۆژانە) ، کە (گۆران )ی شاعیر ، شیعرەکانی خۆى بە شیعرى جوان وتەواو نازانێت وهەست بەوە دەکات ، کە بەتەواوەتی خۆى بۆ پڕۆسە گەورەکە تەرخان نەکردووە و دەڵێت :

شیعرى جوانت ئەوى ، قوربان ، شیعرى جوان ،

شیعرێک گەشە و زەردەخەنە با بەژیان !

شیعرآ چەشنی ئەستێرە بجریوێنێ

ڕوونبێ ناخی دەریاى دەروون بنوێنێ (4 : 114 )

لەو چامە( 23 ) بیستوسێ دێڕییەدا ، هەرلە ناونیشانی چامەکەوە ، تا، کۆتایی باسێکی دەربڕینی دەروونی گۆرانە بەرامبەر بە مەبەست وبابەتێک ، کەدەکرێت بە (کەیس و قەزییە ) یەکی گرنگ وسەرەکی لە ژیانی شاعیردا لێکبدرێتەوە ، کەئەویش شیعر وئەرکی شیعرە ، بەبەڵگەى ئەوەى ،(11 )یازدە جار وشەى شیعرى بەکارهێناوە ، بە شێوەیەک بەکارهێنانەکەى لە دلڕ ودەروونەوەیە و زۆر زۆر پێویستی بەو دووبارەکردنەوەیەبووە و لە جێگاى خویاندا بەکاریهێناون ، چونکە ( ڕەخنەگر دەگەڕێت بەدواى ئەو شتانەى زۆر دووبارە دەبنەوە لاى نووسەرەکە ، یا ئەو وشانەى زیاد لە پێویست نووسەرەکە ئەیانڵێتەوە ، ئەمانە بەڵگەى سەرەکی دەروونی زۆر قوڵن و پەیوەندییان بە کاتی تایبەتی زووەوە هەیە ) (9 : 117 ) واتە ئەو بارە دەروونییە بەتەنیا لە کات و ساتی لە دایک بوونی ئەو شیعرەدا نییە ، بەڵکو سەردەمی پێوەندییەکە زۆرلەو کاتە کۆنترە ، هیچ دوور نییە سەرەتاى چەکەرەکردن و سەرهەڵدانی ئەو بارە دەروونییە هاوکات و سەردەمی سەرهەڵدان ودروست بوونی حەزو توانا و بەهرەى شیعرى (گۆران ) بووبێت .

خاڵێکی دیکەش ، کە ئەو بۆچوونەى پێشوو زیاتر دەچەسپَنێت ،ئەوەیە ، کە ئەم چامەیە وەک نامەیەک وایە ،(گۆران ) لەوەڵامی قسەو پرسێکی گرنگ و جەوهەرى هاوڕآ و کەسێکی نزیکی خۆیدا نووسیویەتی ، کە دەشێت ئەوکەسە ڕۆشنبیر و شیعر دۆست و بە ئاگا و شارەزایەکی دونیاى شیعر وئەدەب بووبیت .( نامە تایبەتییەکانی نووسەر و هونەرمەند ، کە بۆ دۆست و برادەرانیان ناردووە گەلێک سامانی دەروونی بەکەڵکیان تێدا شاراوەتەوە ، کە ڕەخنەگر کەڵکی زۆر گەورەیان لێوەردەگرێت ) ( 9 :117 ) .

دواى ئەوەى گۆران لەوچامەیەدا هەموو پێودانگەکانی شیعر دیاریدەکات ، ئەوشیعرەى هەموو تایبەتمەندى وخەسڵەت وئیستاتیکای شیعرى تێدابێت و هیچ کەموکورتییەکی تێدانەبێت ، ئەو شیعرەى بەدڵی (گۆران )ى شاعیر و (گەورەى شیعردۆست )بێت ، ئەوشیعرە دەبێت شاعیرێک بینووسێت ، کە بەتەنیا بۆ شیعر بژى و هیچ ئەرک وکار و فرمانێکی دیکەى لەژیاندا پێ نەسپێرابێت ،ئەوکاتە شیعرى جوان بەرهەم دەهێنێت :

ئەودڵە ، کەى جێگاى پەریی ئیلهامە؟

گۆشتی بێ گیان خۆى کامە ، شیعرى کامە ؟

لەپاشانا ، قوربان ڕەنگە بزانی ،

مەئمورێکی بچووک ، وەک من ، ژیانی (4 : 115 )

مێشکێ ئاوا دەردى سک ئەندێشەى بێ ،

لەناو دەریاى ئیشا گێرە و کێشەى بێ ،

کەى چاو بە دەریاى جوانی یا بگێڕآ ،

هەرچی بینی بیخاتە پێنج شەش دێڕآ ؟ ! (4 : 116 )

( گۆران )لەڕووى پێوەندی شیعر بە خودى شاعیرەوە و خۆتەرخانکردنی شاعیر بۆ ئەو ئەرکە هزرى وهونەرییە گەورەو گرانەوە ، وەک لەم دێڕەدا دەردەکەوێت ، دەیەوێت شاعیر ئازادبێت وتەنیا بیر وئەندێشەو سەرمایە مەعریفییەکانی بەتەنیا بۆ شیعر تەرخان بکات .

بەسەر شیعرا کەسێ زاڵە سەربەست بێ ،

بەرەڵڵا بێ ، بەعارەقی عەشق مەست بێ، (4 : 116 )

بەکورتی شیعر نووسین لاى (گۆران )بە کەسێک ناکرێت ، جگە لە شیعر کارێکی دیکەى لەسەرشان بێت ، بەڵکو دەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە (بەرەڵا بێت ) ، گۆران بۆ شیعر نووسین ( خۆتەرخانکردن ، تەفەرغ )ی دەوێت . بەکارهێنانی دەستەواژەى (بەرەڵابێ ) لاى (گۆران) و لەدێڕە شیعرێکیدا کارێکی ئاسان و سەرپێیی نەبووە ، بەڵکو ئەمە شێوازێکی شیعرى گۆران بووە ، هەڵبژاردنی وشە و گەڕانەوە بۆ وشەگەلێکی باوى ناو کۆمەلڕ و بەگەڕخستنی ئەو وشانە لە ئەدەب و شیعر نووسیندا ، شێوازێکی نوێ بووە لە لای( گۆران) .


بۆیە (گۆران )ی مرۆڤی ئاسایی ، لەو ساتانەى ژیانی دووانەییدا ، لەگەلڕ (گۆران )ی شاعیردا ، دەکەوێتە ناکۆکی وبەرەنگاربوونەوەیەکی سەختەوە . دەیەوێت (گۆران )ی جەستەو مرۆڤ دەستبەردارى (گۆران )ی شاعیربێت و وازى لێبهێنێت ، بۆ ئەوەى هەرچی لە سەرمایە و گەنجینەى دەروونیدایە ، لە دونیاى جوانی و هەرچی هیواو ئاوات و خەونەکانییەتی ، پێشکەشی هونەرى شیعرى بکات .

ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار

دەرکەوتایە دنیاى جوانتر لە بەهار

دەرکەوتایە : ئاوات ، هیوا ، خەوبینین ..

پرشنگدارتر لە ئەستێرەى قوبەى شین ! ( 4 : 121 )

لە شیعرى (هەڵبەستی دەروون )دا ، جگە لەوەى جێگا و شوێنی (هەڵبەست ، شیعر)ى دیارى کردووە، کە (دەروون ) ە ، بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ، دیسانەوە وشەى دەروون و هاوواتاکانی وشەى دەروون دووبارە و چەند بارە دەکاتەوە ، بەتێڕوانینێکی دیکەش ، باس لە قوڵایی ناخ ودەروونی خۆشی دەکات ، لە وێنە شیعرییە کانیدا ،( دەروون ) فراوان و پان و بەرینە ، (دەروون ) دەریایە ، لەنێو ئەودەریایەوە دونیاى شیعرى( گۆران )دەردەکەوێت ،لەگەڵ تیشک وپرشنگی ئەو گەوهەرە ورد وجوانانەی مروارى نێو دەریاى دەروونی( گۆران )دا ، دونیایەک دەردەکەوێت ، لەهەتاو ڕووناکترە ، کە ئەویش دونیاى مانا وچەمک و ئەرکی شیعر دە بوو .

دەرکەوتایە ئەودنیایە کە شیعرى

بێ فرمێسکەو ، زۆرتر لە فرمێسک ئەگرى

بەڵام ئەفسووس ! کە ئەوشیعرە جوانانە

باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە ،

لە ناوەوە ئەجریوێنن ، ئەخوێنن

هەرگیز قەڵەم بە کاغەزا ناهێنن !.. (4 : 121)

ئاخۆ ئەگەر ، (گۆران )ی شاعیر بەتەنیا وبەتەنیا بۆ شیعر بژیایە و (گۆران )ی باوک و پیاو ، گۆرانی هەڵگرى ئەرکی ژیان و گوزەران ، دەستبەردارى (گۆران )ی شاعیر ببوایە ! . چەند شیعرى جوانی دەنووسی و چەند لەو شیعرە بێ باڵانەى ناو هێلانەى دلڕ و دەروونی (گۆران )ى شاعیردا هەیە، باڵەفڕ دەبوون و لە ئاسمانی سروشتی ئەدەبی نوێی کوردیدا ، لە گەلڕ ئەستێرە و مەلدا جریوەیان دەهات و دەیانخوێند ؟ . وەک ئەو بولبولەى (گۆران ) خۆى وبەرهەمی شیعرى لەگەڵدا بەراورد دەکات. لەگەلڕ ئەو هەموو بەربەست وئەرکی ژیانەشدا ، (گۆرانی ) شاعیر ، دواى چەسپاندن و نەمانی هەندێک لەو کۆسپ و تەگەرانەى ، کە بەربەست بوون لە ڕێگاى لەدایک بوون و بەرهەمهێنانی شیعرى بەرز و جواندا ، واتە نەمانی ئەگەرەکانی ، ئینجا (گۆران ) خۆى بۆ شیعر تەرخان دەکات وبڕیارى کۆتایی و یەکلایی کەرەوە دەدات و هەمیشە شیعر نووسین دەکات بە پیشە :

منیش لاى خۆم هەمیشە

شیعرم کردوە بە پیشە ،

وەک تۆ ، بەڵام ئەم وئەو :

یەکەم ڕۆژە ، دوەم شەو !

شیعرى من کامیان چابێ

ئەمجا بێ فرمێسک نابێ ؛ (4 : 104 )


ئەرکی شیعرى لاى گۆران :

لەتوێژینەوەى ئەکادیمیدا ،ئەدەب و بابەت و بەشەکانی ئەدەب ، بەتایبەتی شیعر وهەرهەموو کەرەستە وپێکهاتەو بنەما و تانوپۆکانی ، پێناسەیان بۆکراوە و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەى زانستی لەبارەیانەوە نوسراوە ، هەرهەموو ئەو کارانە هەوڵ و کۆششێکی بەردەوامن بۆ : یەکەم لە شیعر تێگەیشتن و پەى بردن بە هەموو لایەنە دیار ونادیارەکانی شیعر . دووەمیش ئەنجامی بەدەستهێنانی ئەو زانیارییانەیە ، یان ڕاستتر بگوترێت تەواو بوونی ئەوپرۆسەیەیە ، کە بۆخۆى پرۆسەیەکی هاوتا و چوونیەکی پرۆسەى شیعرە ، بیروبۆچوونێکی زانستیی نوێی ئەکادیمی بەرهەرم دەهێنێت ، ( ئەگەر لە ئاست گەورەیی و بەهاى شیعردابێت ). ئەوەى لێرەدا گرنگ و پێویستە بگوترێت ئەوەیە ، کە ( پێناسە )وەک پێناسەى بابەت و تەوەرێکی زانستیی ڕووت (علوم النڤریە البحتە ) بۆنموونە ( لەزانستی ماتماتیک وفیزیک ) دا هەیە ، هەربەو چەمک و میتۆدە ، (پێناسە) بۆ بابەت و تەوەرێکی ، وەک شیعر وزمانی شیعر و هەندێک لە بنەماو پێکهاتەکانی شیعر ناکرێت و کارێکی زانستی نییە ، بەڵکو دەبێتە کارێکی بەرتەسککردنەوە و لە قاڵب دان و سنووردارکردنی دنیاى گەورە وبەرفراوانی ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی .

زۆر بیروڕا و بۆچوون لەسەر شاعیر و کەسێتیی شاعیر لە بارەى سایکۆلۆجی وئەدگار وهەڵسوکەوتی شاعیرەوە نووسراوە ،: شاعیر مرۆڤێکی ئاسایی نییە ، شاعیر خولیایەک لە ناخیدا چەکەرەدەکات ، لەدڵ ودەروون و مێشکیدا دروست دەبێت ، شاعیر دووگیانە . شاعیر ژاندەیگرێت و شیعر ژانێکی بەسۆیە ، شاعیران خۆیان نزیکترین کەسن لە جگەرگۆشە و ڕۆڵەکانیانەوە . (**).

ناکرێت سروشتی شیعر و شاعیر و پێکەوە ژیانیان ، بە کەرەستەى دیکە ومرۆڤی ئاسایی بچوێنرێن ، چونکە شاعیران بۆخۆیان بەجۆرێکی دیکە لە شیعر دەڕوانن و شیعر لە خۆیان جوداناکەنەوە . تەمەنی شیعر ، لە سەرەتاى دروست بوونی یەکەم بیرۆکە و خولیاى شیعرەوەیە ، تا کۆتایی ژیانی جەستەیی .

لەو ساتەوە کە یەکەم چەکەرەى شیعر لاى شاعیر سەردەردێنێت و لەدایک دەبێت ، بەتایبەت لاى (گۆران ) ئەرک وفرمان بە شیعردەسپێرن ،ئەو ئەرکەش یەک ئەرک و یەک فرمانە .. ئەویش بریتییە لە پرۆسەیەکی گەورە و درێژخایەن ،کە جگە لەوەى لاى خودى شاعیر خۆى ، لاى (وەرگر ،خوێنەر) بەتەواوى ئەو ئەرکە دەبینرێت . ئەرکی شیعر ، گەشە بە ژیان بەخشینە ، زەردەخەنە لە سەر لێوى مرۆڤ دروستکردنە . ئەم دیاردەیە ، کە بریتییە لە پرۆسەیەکی گەورە و بە شیعر ناودەبرێت ، سەرەتاى دەرکەوتنی ئەوساوا نازدارە و گوڵی ئەو شیعرە جوانە ، لە یەکەم ڕۆژى لەدایکبوون و ژیانی شیعرەکەوە دەردەکەوێت ، دواتر شاعیر ئاشکراى دەکات ، وەک (گۆران ) دەڵێت : (لە سەرەتاوە بەهۆى ئەدەبی ئینگلیزییەوە بە دواى نەزەرییەى ( هونەر بۆ هونەر ) ئەڕۆیشتم و بەرهەمی ئەم تەرزە ئەدەبەم ئەخوێندەوە ، وەکو هینەکانی ( جون کیتس ) وئوسکار وایلد ) .(13 : 3) .

ئەو بیردۆزەى (گۆران )باسی لێوە دەکات ولە شیعردا پەیڕەوى کردووە ، لە ڕێبازى پەڕناسیدا بەتەواوى پێڕەو کراوە . کەواتە گۆران شاعیرێکی پەرناس بووە و یەکەمین شاعیرى کوردبووە ڕێبازى پەڕناسی لەشیعرى کوردیدا داهێناوە ( 3 : 134 ) ئەم ڕێبازە ئەدەبییە لە بنچینەدا وەک پەرچەکردارێک دژى ئەو باوەڕ و بۆچوونە سەریهەڵدا ، کە هونەر دەبآ بەها ونرخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشکەش بکات ، کە لەسەرەتاى سەدەى نۆزدەیەم لەلایەن (سان سێمۆنییەکان ) پشتگیرى لێدەکرا .( 6 : 294 ) . بەلاى (گۆران )ەوە ، وەک شاعیرێکی ڕۆمانسی ، دژایەتی ئەو چەمکەى شیعرى دەکرد ، کە دەبێت هونەر و ئەدەب سودێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقی هەبێت .

لاى گۆران ، ئەرکی شیعر هەموو بەها و لایەنە ئیستاتیکی وجوانییەکانە ، گۆران بایەخ وگرنگییەکی زۆرى بەم چەمک ومانا ومەبەستە داوە و لە شیعر و وتارە ئەدەبییەکانیدا جوانی پەرستن وشیعرى جوانی ڕوونکردۆتەوە . هەر ئەم بەهرە هونەریی وداهێنانە بووە واى لە(گۆران ) کردووە شیعر بۆ شیعر بڵێت و تەنیا هەر ئەو ئەرکە مەزنەى هەبێت ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ، کە ( گۆران ) بە پێی مەبەستەکانی دیکە ، شیعرى نەنووسیبێت ،لەگەلڕ ئەو ڕاستییەشدا ، لەژیاننامەکەیدا دەبینرێت وگومانی تێدا نییە ، کە گۆران بیرى سۆسیالێتی و چەپڕەوانەى هەبووە و ماوەیەکیش وەک ئەندامێکی پارتی کۆمۆنیست ، کاروخەباتی کردووە و ئەو ئایدیایە لەبەرهەمی شیعرییدا ڕەنگیداوەتەوە ، بەڵام بەبەراورد کردنێکی سەرجەمی ئەو تێکستە شیعرییە کەمانەى بۆ بۆنەو مەبەستی سیاسی نووسیونی ، لەگەلڕ ئەو تێکستە لیریکییە هونەرییانەى کە هەموو ڕەگەزەکانی هونەرى شیعریان تێدا دەبینرێن ئەو ڕاستییە پیشان دەدەن ، کە جیاوازییەکی زۆر لە ئاستی هونەرى و ئیستاتیکا و شێواز و تەنانەت چێژوەرگرتنی شیعرەکاندا هەیە ، بۆیە ( گۆران ) زۆر بەکەمی نەبێت ،جگە لە ئەرکی ڕاست ودروستی شیعر ، کە دەبێت بۆ شیعر بێت ، ئەرکی مێژوویی وسیاسی و ئاینی .... بە شیعرەکانی نەبەخشیوە .

ئەرکی شیعر لاى (گۆران ) ، لەگەلڕ پرسی جوانی وئیستاتیکادا ، هاوکات پرسی ( بوون و کات ) یش لە خۆدەگرێت ، ئەم ئەرکە هەر ئەو بابەتە فەلسەفی و ئیستاتیکییەیە ، کە لە تێز ودەربڕینەکانی زانا و فەیلەسوفی ئەڵمانی ( مارتین هایدیگەر Martin Heidegger 1889-1976 (دا هەیە ، (بوون وکات ، Sein und Zeit) ( 14) بوونناسی ، یان مرۆڤناسی لاى (گۆران )جوانترین داهێنانە و(گۆران )هەستی بە و (بوون ، هەبوون )ە ، واتە هەستی بە میتافیزیکی بوونەکان لەسروشتدا کردووە، لە مرۆڤناسی وجوانی بەهرەکانی مرۆڤ وگیانداران و بوونەوەرگەیشتووە ،هەستی بە بوونی ئەو توانایەى خۆى کردووە ، کە لە توانایدا هەیە ڕامانەکان وڕەهەندە جیاجیاکان لە سروشت وبوون وەربگرێت و لە شیعرى جواندا بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم بهێنێت ، تێکەڵکردنی ئەم بابەتە لەگەلڕ ئەدەب ، یان بەواتایەکی دیکە ، هێنانە ناوەوەى ئەو بابەتە فەلسەفییە بۆ ناو شیعر لاى ( گۆران ) بەشێوەیەکی سانا وئاسان ودوور لە ئاڵۆزى و جەنجاڵییە ، ئەو فەلسەفە بە شێوەیەک دەکات بە شیعر ، کەهەمووکەس ، یان کەسان ومرۆڤی سادەش بیناسنەوە و لێیتێبگەن ، چونکە ( گۆران لەو کارانەیدا لە ڕاستی (حەقیقەت )وبوونی مرۆڤ وئامانجەکانی دوور ناکەوێتەوە ، لە بەر ئەوەى ڕازى هەبوون و مرۆڤ دەنەخشێنێ ) (10 : 8 ). (گۆران ) ئەو ئەرکانە بە شیعردەسپێرێت و هەر لەنێو شیعرەوە و بە زمانی شیعر ڕازەکانی سروشت پیشان دەدات وهاوکات باس لەجوانی سروشت و بوونەوەرەکان و زمان و ئازادى مرۆڤ دەکات :

لە ژێر زەردەى خۆرەتاوا ،

بەناو چیمەنی گوآ ئاوا ،

چەن بە ئاهەنگ ، چەن سیحراوى؟

ئەگەڕآ قاز، یان مراوى ؛ ( 4 :11 )

ئەوەندە جوان ،لەوە جوانتر ،

لەشنەى باى شەو ڕەوانتر ،

لە لەرەى پرشنگ، ئاوازە ،

لەخوڕەى ئاو ، شیعرى تازە ،

بەئاهەنگتر ، بە خورۆشتر ،

بە گوێچکەى دلڕ دەنگی خۆشتر ،

پێیناز ئەنێ بە سەر ئەرزا :

جوانێ لە بەژنێکیبەرزا ! ... ( 4 :12)

لە تەوەرێکی گرنگ و پەیوەست بەئەرکی شیعر و زمانی شیعرەوە ، ئەم شیکردنەوە و بۆچوونە زمانییە هەڵدەگرێت ؛ نکولی لەو ڕاستییە ناکرێت ،کە ئەرکی شیعر کردەیەکی ئیحائییە ، (ئەرکی ئیحائیی زمانی شیعر ، بیردۆزێکە لە مێژە لەبارەیەوە نووسراوە و لەم ڕۆژگارەدا ، لە زۆر شوێندا باسی لێوە دەکرێت ، بەتایبەتی لەڕووى ئەرک و فرمانی زمانەوە ،( ڤالیرى )ئەوەى دیارى کردووە ، کە دەستەواژەیەک بەهۆى زمانەوە دوو ئەرک دەبینێت ،یەکەم : گەیاندنی حەقیقەت و واقیع ، هەوالڕ وپەیامێک . دووەم : دروستکردنی هەژاندن ، شیعر لاى (ڤالیرى ) : دانان و بەرهەمهێنانێکە ، یان پێوەندى و گونجاندنێکی دیاریکراوى نێوان ئەو دوو ئەرکەیە ) . (7 : 196 )، دەکرێت ئەوچەمکە دیاریکراوەى ئەرکی شیعر ، لە هەردێڕە شیعرێکدا ببینرێت ، بەتایبەتی لە شیعرى ( گۆران ) دا .

لەدەریاوە قەتارەى هەورى بارشت کەوتە دووى پێشەنگ ،

بەسەر سنگی چیادا چۆکی داداوە ، کش وبێ دەنگ ...

بەسەر پاییزى زەردا بابە خوڕ بگرى ، بە کولڕبگرى ،

لەسەرئاخر گەڵا ، ئاخر چڵی تەنیایی گولڕ بگرى ! (4 : 165)

گیا وردەى پایز ، سەوزەى نەرم و نۆلڕ ،

قەیفە پۆشی ڕووى تەختی خاک وخۆلڕ !

دڵگیرى ،جوانی ، بێ دڕک وداڵی ،

دوا یادگارى بەدیعی ساڵی !... (4 : 167 )

لە خوێندنەوەى ئەودێڕە شیعرانەدا و بە پێی شیکردنەوەى پێوەندییەکانی نێوان بونیادى وشە کان و گەیاندنی هەواڵێکی سادە و لە لایەکی دیکەشەوە دروستکردنی هەڵچوون وپەرچەکرداریش لاى گوێگر یان خوێنەرى شیعرەکە ، لەزمانی تێکستەکەدا ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت ، کە چۆنێتی ڕیزبوونی وشەکان : (دەریا ، هەور ، پایز ، چیا ، گیا ، سەوز ، نەرم و نۆلڕ ، خاک وخۆلڕ ). دوو ئەرکی جیاوازیی وشەکان پێکەوە بەشێوەیەکی گونجاو دەبینرێن ، ئەو وشانە لە دێڕە شیعرەکاندا ، ئەرکی ئەوەیان نییە ،کە کەش وهەوا و هەواڵە زانستییەکانی کەشناسی ڕابگەیەنن ، بەڵکو شاعیر بەشێوەیەک لە ڕستەکاندا ڕیزیان دەکات و بە پۆشاک وبەرگی شێوازى خۆى دەیان پۆشێت ، تاوەکو ئامانجی پڕۆسەکەى بپێکێت ، کە ئەویش ئەرکی شیعرییە .

ئەرکی ئەو وشانە دەربڕین وگوزارشت کردنە لە سۆزێکی دیاریکراو، کە شاعیر گیرۆدەى بووە وهەڵچوون و هەژانێکە لەناخیدا ، بەهۆى ئەوشیعرەوە دەریدەبڕێت . سەربارى ئەوەش شاعیر دەیەوێت ، ئەرکێکی دیکەش بەشیعرەکەى بسپێرێت ، کە ئەویش ئەوەیە ، خوێنەر و گوێگریش گیرۆدەى ئەو کاریگەرى وهەژان و بارە دەروونییە بکات ، کە خۆى توشی بووە .(7 : 197).

لەڕاستیدا ئەوە زمانی شیعر و هێز وسیحرى وشەکانە ، کە لە شێوازى تایبەتیی شاعیردا دەردەکەوێت و ئەو کاریگەریی و هەژاندنە لاى خوێنەر ، یان وەرگر دروستدەکات ، چونکە ئەوژینگە و ئەتمۆسفیرەى شاعیر بۆ وشەکانی دروستدەکات ، لە جۆر و بارو دۆخی واتاى وشەکان لە زمانی ئاسایی و تەنانەت لە فەرهەنگیشدا جیاوازە ، ئەمە جگە لەو ڕاستییەى ، کە وشەکان هەڵگرى دوو جۆر واتان ، جۆرێکیان واتاى کوتومتی فەرهەنگین و جۆرەکەى دیکەیان واتاى بارگاوین ، یان ئیحائین ، کەشاعیر بە هۆى شێوازى تایبەتیی خۆیەوە بە وشەکانی دەبەخشێت و دەچنە نێو بابەت و مەبەست و بابەتێکی دیکەى زانستی زمانەوە ، کە ئەویش مەبەستی پراگماتیکییە .

ئەنجام :

لەناوەڕۆکی ئەم توێژینەوەیەدا ، چەند ئەنجامێک بەدەست هێنراون ، کە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا چڕبکرێنەوە :

1- لەژیانی شاعیرانی کورددا و بەتایبەتی لە ژیانی (گۆران )دا هۆکارى سەرەکیی ، بەردەوام نەبوون لەسەر خوێندن و بەدەست نەهێنانی بڕوانامە ،بیانویەکە و هۆکارەکەى بۆ فاکتەرى ئابوورى ناگەڕێتەوە ، بەڵکو هەستکردنە بە بوونی بەهرەیەکی ئەدەبی وهونەریی مەزن ، خۆدۆزینەوە و خۆتەرخانکردنە ، بۆ داهێنانێکی گەورە لەو بوارەدا .

2- ئەرکی (گۆران)ى شاعیر داهێنانی شێوازێکی نوێ بووە لە شیعرى کوردیدا ، گۆران دەیویست شاعیر ئازادبێت و بیر وئەندێشەو سەرمایە مەعریفییەکانی بەتەنیا بۆ شیعر تەرخان بکات ، لاى ئەو داهێنانی ڕێبازێکی شیعرى ، کە هەموو تایبەتمەندییە کانی هونەرى جوانی تێدابێت، بەکەسێک ناکرێت ، کەچەند ئەرک وفەرمانێکی دیکەى پێ سپێررابێت .

3- بوون و کات ، یان سەردەم ، کایەیەکی فەلسەفی بوون ، ( گۆران ) بەشێوەیەکی سادەو سانا لە شیعرەکانیدا تێکەلڕ بە سروشت وجوانی کردوون و لەڕێگاى زمانی سادەو هەڵبژاردنی وشەى گونجاوەوە ، ئەرکی گەیاندنی ئەو مەبەستەو چێژ وەرگرتنی بە شیعرەکانی بەخشیوە .

4- ئەرکی شیعر لاى (گۆران )بەرپرسیارییەکی هونەرییە و لەڕووى مۆرالڕ و ڕەوشتییەوە ، گۆران خۆى بە بەرپرس دەزانێت و ناتوانێت دەستبەردارى بێت ، لەپێناوى ئەو ئەرکەشدا ئامادەى قوربانیدان بووە .

5- لەبەرئەوە لە زۆربەى زۆرى بەرهەمە شیعرییەکانی ( گۆران )دا ، ئەوڕاستییە دەردەکەوێت، کە ئەرکی شیعر ، بەتەنیا دەبێت بۆ شیعر بێت ، هونەر بۆ هونەر دروشمی جوانیی شیعرى گۆران بووە ، کەواتە شیعرێک هەڵگرى ئەرکی دیکە بێت ، زۆربەى خەسڵەت وبەها جوانکارى و ئیستاتیکییەکانی لە دەست دەدات .

پەراوێزەکان :

(*) سیستێمی کۆد لەم توێژینەوەیەدا بەکارهێنراوە ، ژمارەى یەکەم ناوى سەرچاوەکەیە وژمارەى دووەمی دواى 🙂 ) ژمارەى لاپەرەى سەرچاوەکەیە .

(**) ئاماژەیە بەو دێڕە شیعرەى نالی : لە جگەر گۆشەیی شیعرم مەدە مەعنایی خراپ

بێ خەتا کەس نییە ڕازى کەلە ئەولادى درآ ..

هەروەها شیعرێکی ( فەریدوون عەبدول بەرزنجی ) ، نامەیەکی کراوە بۆ خاتوزین .

سەرچاوەکان

کتێبە کوردییەکان:

1- ئازاد عەبدولواحێد کەریم ، سۆسیۆلۆژیاى ئەدەب ،لێکۆڵینەوەى ڕەخنەیی ، کەرکوک ، 2013.

2- ڕەفیق حیلمی ، شیعر وئەدەبیاتی کوردى ، چاپی دووەم ، هەولێر ، 1988 .

3- فەرهاد پیربالڕ (د.) ڕێبازە ئەدەبیەکان، چاپی یەکەم ، هەولێر ، 2001 .

4- گۆران ، دیوانی گۆران ، کۆکردنەوەى محەمەد ملا کریم ، بەرگی یەکەم ،بەغدا ، 1980 .

5- گۆران ، لە یادەوەرى هاوچەرخەکانیدا ، ئامادەکردن وکۆکردنەوە و پێشەکی بۆ نووسینی : مامۆستا جەعفەر ، ڕێبوار حەمە تۆفیق ، بەرگی یەکەم ، چاپی دووەم ،سلێمانی ،2012 .

6- موحسین ئەحمەد عومەر (د . )، فەرهەنگی ئەدەبی ،سلێمانی ، 2012 .

عەرەبییەکان :

7- جان کوهن ، بنیە اللغە