گەڕەکی چوارباخ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ئامادەکردنی: سەرھەنگ عەبدولرەحمان

80445-Eraser-Eraser.jpg

گەرەکی چوارباخ، ئەم گەرەکە کەوتۆتە پشت باڵاخانەکانی «سلێمانی پاڵاس و قەیوان تاوەر»ەوە، سەرووی گەرەکی سەرشەقام بەلای باکوری رۆژئاوایدا، گەڕەکێکی زۆر گەورە نییە. لەدوای ھەریەک لەم گەرەکانە بنیات نراوە: مەڵکەندی، کانی ئاسکان، گۆیژە، سابونکەران، دەرگەزێن، شێخان، جولەکان، سەرشەقام. ناوەکەشی لەوەوە ھاتووە، کە پێشتر لەساڵی «١٨٤٠»دا چوار باخی سەوزو ئاوداری لێبووە، کە پڕ بووە لە میوەھاتی ھەمەجۆرەی وەک: قەیسی، ھەنارو قۆخ، سێوو ھەرمێ و ترێ... کە ئەحمەد پاشای بابان دروستیکردوون، بەڵام دوای وێرانبوونی باخەکان شوێنەکانیان کران بە خانوو. ناونرا گەرەکی چوارباخ. یاخود زۆر رێی تێ ئەچێت و من ئەمەش بەراستتر ئەزانم کە ئەحمەد پاشای بابان وەک سەرسامی خۆی، بیرۆکەی دروستکردنی ئەم چوار باخ و گەڕەکەی لە چوارباخی شاری سنەوە وەرگرتبێت، چونکە لەشاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستانیش گەڕەکێک بەھەمان ناو ھەیە، کە یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی شاری سنەو مێژووی بنیاتنانی لە مێژووی دروستبوونی گەڕەکی چوارباخی سلێمانی کۆنترەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی حکومەتی قاجاڕ و حوکمڕانی خەسرەوخانی ئەردەڵان.

با بزانین ئەحمەد پاشای بنیاتنەری گەڕەکی چوارباخ کێیە؟

ئەحمەد پاشای بابان کوڕە گەورەی سلێمان پاشای ئەوڕەحمان پاشا بووە، مرۆیەکی وریاو ئازاو بەتوانا بووە، دوامیری فەرمانڕەوایەتی بابان بووەو ساڵانی ١٨٣٨ بۆ ١٨٥٠ حوکمی کردووەو لەشەڕێکدا لەگەڵ لەشکری والی بەغدا تێکشکاو بەتێکشکانیشی فەرمانڕەوایەتی بابانەکان کۆتایی پێھات.

ئیتر ئەحمەد پاشا سواری وڵاخەکەی ئەبێت و ڕووئەکاتە ئێران و لەوێوە بۆ ئاستانە.

ئەحمەد پاشا ماوەیەکی زۆر لە ئەستەمبوڵ مایەوەو دیوەخانی داناو گەلێک لە پیاوە ناودارەکانی کورد کە لەوێ بوون، ھاتوچۆیان ئەکردو ستایشی پیاوەتی و یاریدەدانی خەڵک و ڕووخۆشییان کردووە. جگە لەوەی ھەر لە سایەو سێبەری ئەحمەد پاشاداو بەھۆی ئەوەوە زۆر لە خەڵکی سلێمانی لە تورکیا پێگەیشتن و پلەو پایەی بەرزیان درایە. ئەحمەد پاشا ھەر لەوێ بە پلەی بەکلربکی لە یەمەن لەساڵی ١٨٥٥ دامەزراو تا ساڵی ١٨٦٣ لەوێ مایەوە، لەساڵی دواتردا کرا بە موتەسەریفی وان، دوای ئەوەش لەساڵی ١٨٦٥ دا کرا بە والیی لە پلەی وەزیرداو نێردرایەوە بۆ یەمەن و ساڵی ١٨٦٧ بوو بە والیی ئەرزەڕووم و ساڵی ١٨٧٥ بوو بە والیی ئەدەنەو ھەر لەو ساڵەدا چووە بۆ سەردانی پاریس و لەوێ کۆچی دواییکردووەو ھەر لەوێ بەخاک سپێردراوە.


تێبینی: کوردکۆلێکت دڵنیانیە لە ڕاستی و دروستی ئەم بابەتە!