کەمتەرخەميی مێژوو لە ئاست قوربانیيەکانيدا ... "فاتەڕەش" بە نموونە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
F01.jpg

نووسین و ئامادەکردنی: مانو بەرزنجی و جوان عومەر ئەحمەد

پێداچوونەوەی: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد

بە درێژایی مێژوو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا هەزاران جار گوێبیستی ناو و پێداهەڵدانی جۆراوجۆری ژنانی بوێر و سەرکردەی ئازا بوین.

ژنی داهێنەر، جەنگاوەری وەها کە لە هەموو نەهامەتيیەکانی میلەتەکەيدا شان بە شان و (هەندێ جاریش زیاتر لە پیاوان) بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیانيان لە شان ناوە و لە پاڵ دایکایەتی و بەڕێوەبردنی خێزاندا، ئەرکی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان و سەرکردایەتی گەورەیان لە ئەستۆ گرتووە.

هەر لە نووسین و ئەدەب و چالاکی ڕۆشنبيرييەوە تا دەگاتە جەنگ و... جێدەستيان ديار بووە، بەڵام مەخابن زۆریان بە ونی ماونەتەوە، یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان کار لەسەر سڕینەوە و ونکردنیان کراوە!؟

چەندین ناوی دیاری ژنانی کورد هەن کە نەوەیەک بە شانازيیەوە بۆ نەوەی دوای خۆی دەيگێڕیتەوە.

کێ لە ئێمە چیرۆکی خانزادی میری سۆران، عادیلە خانم، حەپسەخانی نەقیب و چەندین ژنی پێشەنگی تری نەبیستووە؟ گەر بە وردی چاوێک بە هەموو ئەو سەرچاوانەی گەڕیدە بێگانانەندا بگێرین کە لەسەر بارودۆخی ڕامیاری، دۆز و مێژووی کورديان نووسيوە و سەردانی کوردستانیان کردووە، بە ڕوونی ئەوە دەبینین کە چۆن ژنی کورد بووەتە جێگای سەرەنجيان و سەدان سەرچاوەی گرنگ و دیار هەن کە ئاماژە بە ئازایی و بوێری و سەرکردەيی ژنی کورد دەکەن کە سەرباری بوونی ئەو هەموو ململانێ و بەربەستە ڕامیاری و کەلتوری و ئاینیيانەی کە لە بەردەم ژناندا هەبووە، بەڵام هيچ يەک لەمانە ڕێگر نەبوون لەوەی کە ناوی ئەم ژنانە بۆ هەتاهەتايە لە مێژوودا بە نەمری بمێننەوە.

لێرەدا چەند نموونەيەک له و ژنانە وەک نموونەی خەروارێک دەهێنينەوە:

1- دەوڵەت خانمی لوڕ وێنەیەکی فاتەڕەش لە ڕۆژنامە بیانييەکاندا ستانی:

دەوڵەت خانم هاوسەری عیزەدین محەمەدی لوڕستانی بووە. پاش کۆچیدوايی هاوسەرەکەی لە ساڵی 716 کۆچی دەسەڵاتی ناوچەکەی گرتووەتە دەست و بۆ ماوەیەک سەرکردایەتی وڵاتی کردووە و دواتر بە هۆی دژایەتیکردنیيەوە لە لایەن چەن هۆز و تیرەیەکی ناوچەکەوە، ناچار کراوە بەرپرسیاریەتیيەکەی ڕادەستی براکەی بکات بە ناوی عیزەدین حسێنەوە.(1)

2- حەیران خانم: حەیران کچی کەریم خانی دەبنلیيە. لە شاری نەخجوانی وڵاتی قەوقازی ئێستا چاوی بە ژيان هەڵێناوە، یەکێک بووە لە خانمە ڕۆشنبیر و هۆزانەوانانەی کورد کە هۆنراوەکانی بە زمای فارسی نوسیوە، نمونەیەک لە هۆنراوەی حەیران خانم: میان جملە مهرویان ئوی سردفتر خوبان رخت جون کوی خورباسد، بودزلف کجت جوکان جمال تو بود کلشن، کلشن خوبی خوبی، خوبی یوسف جە یوسف یوسف کەنعان دوچشم مست توضالم، جە ضالم، ضالم کافر چە کافر، کافر ڕهزن، جە ڕهزن، ڕهزن ایمان(2)

3- سری خانم: ساڵی (1814زاينی بەرانبەر بە 1230 کۆچی) لە دیار بەکر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. یەکێک بووە لەو ژنە شاعیرە بە ناوبانگ و بە سەلیقانەی کورد کە هۆنراوەکانی بە هەردوو زمانی فارسی و تورکی بوون.(3)

4- شا خاتون: ژنێکی بوێر و سەرکردەی بەتوانا بووە لە بەدلیس کە پاش کۆچی هاوسەرەکەی (شەمسەدین حاکمی بەدلیس) حوکمی ناوچەکەی گرتووەتە دەست. وەک لە (شەرەفنامە)دا ئاماژەی بۆ کراوە، شاخاتون ڕۆلێکی ئێجگار گرنگی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی دەوڵەتدا بینیوە هەتا ئەوکاتەی کوڕەکەی (ئەمیر ئیبراهیم) گەورە دەبێت و دەسەڵاتەکانی خۆی ڕادەستی ئەو دەکات.

5- شەهدە دینەوەری: بە شانازی ژنان(فخر النساء) ناو براوە. لە شاری بەغداد لە دایک بووە و یەکێک لووە له و ژنە ڕۆشنبیر و خاوەن هەڵوێست و پێنوس دیارانەی سەردەمەکەی. نووسەرانی دیاری وەک: ئەبی خەتاب ناسر، نەعابی و تەڵحە بن محەمەد گەواهی لەسەر زیرەکی تواناکانی ئەم خانمە دەدەن. شەهدە خانم لە 574 کۆچيدا کۆچی دوایی کردووە.

6- مەستورە خانمی ئەردەڵانی: مە ستورە ی ئە ر دە ڵان، کە ناوی تەواوی (ماه شە رە ف خانم حەسەن محەمەد) شاعیر و مێژونوسی کورد، لە ساڵی 1803 لە شاری سنە لە بنەماڵەی قادرییەکان لە دایکبووە، باوکی مەستورە لە پیاوە رە سە نە کانی شاری سنە بووە و هەوڵیداوە کچەکەی بخوێنێت هەر بە هاوکاری باوکیەوە شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی کوردی و فارسیدا پەیدا کردووە.

7- مەیان خاتوون: مەیان خاتوون لە ساڵی 1874 لە شنگال لەدایک بووە. کچی عەبدی بەگی ئیزدیيە کە ماوەیەک میری ئێزدیان بووە. دایکی کچی میر جاسم بەگی خانەدانی ئێزديیانە.

مەیا خاتون لەناو خێزانێکی خانەدانی ئێزدی لەدایک بووە. لە هەژدە ساڵیدا لەگەڵ عەلی بەگ کە دواتر بوو بە میری ئیزدیيەکان، هاوسەرگیری کردووە. لە ساڵی 1892 بۆ 1893 مەیان خاتوون و عەلی بەگ ڕووبەڕووی هێرشی عوسمانيیەکان بوونەوە و لایەن عومەر وەهبی پاشای عوسمانیيەکان دەستگیرکراون و داوایان لێ کراوە کە ئایینەکەیان بۆ ئیسلام بگۆڕن.

جۆن گوست(نووسەری کتێبی کوردانی ئێزدی) لە کتێبەکەیدا باس لە کاراکتەری مەیان خاتوون و عەلی بەگ و ڕووداوەکانی ئەو کاتە دەکات و دەڵێت: لەگەڵ هەموو زۆرداری و چەوساندن و ئەشکەنجەیەکدا عەلی بەگ و مەیان خاتوون ڕازی نەبوون ئایینەکەیان بگۆڕن و بەو هۆیەوە بۆ باکوور ئەنادۆڵ دوورخراونەتەوە.

پاش مەرگی هاوسەرەکەی دەسەڵاتی گرتە دەست بووە بە یەکەم میر ژنی کاریگەر و دیاری ئێزیدیيەکان، هەروەک مێژوونووس (سەدیق دەملوجی) دەنووسێت: ژنێکی بەهێز، کاریگەر، خاوەن پەیڤ و پەیامی کاریگەر لە ناو ئێزیديیەکاندا، دەسەڵاتێکی هێندە دیاری هەبووه، وەک ئەوەی بڵێيت هیچ هیزێک نیيە بەرەنگاری بێتەوە.(4)

ئەمانە و سەدان ژنی تر نموونەی دياری کاریگەری ژنی کوردن کە نەک تەنها لە نووسین و هۆنراوە و سەرکردایەتی و جەنگاوەریدا بەناوبانگ بوون، بەڵکو لە بڵاوبونەوەی ئاینەکانيشدا پێشەوابوون و بە هەمان شێوە خاوەنی کەسایەتييەکی دیار بوون و لە هەریەک لە ئاینەکانی ئیسلام، کریستیان، یارسانی، ئێزیدی و جولەکەدا، نموونەی دیاريان (ئەسینات بارزانی)يە کە لە سەدەی 17 زاینیدا ژیاوە(1590-1670) یەکەم بانگخوازی ژن بووە لە مێژووی جولەکەدا و کاریگەری دیاری لەسەر ئاینی جولەکە و ژنانی کورديش هەبووە.(5)

ژنە ئازاد و بەجەرگ، سەرکردە و چاونەترس (فاتەڕەش) یەکێکی ترە لە ژنە ئازا و ناوازانە لە مێژووی کورددا، ئەوەی لێرە مەبەستمانە هەڵدانەوەی مێژووی (فاتەڕەش)ە.

ژنێک پڕ لە وزە چاونەترس سەرکردە و سەرکەش، ژنێک کە بە داخەوە ئێمەی کورد کەمترین زانیاریمان لەسەری هەیە، بگرە زۆرینەمان ڕەنگە هەر نەیناسین یاخود ناوێکی ئاوامان بەرگوێ نەکەوتبێت، ئەوەش لەبەر نەبوونی سەرچاوە و کەمی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم خاتوونەيە کە هاوشێوەی چەندين ناوی تر بە هۆکاری جیاجیا و لە ژێر بیانوی پارچەپارچە بوونمان پاراوێز خراون.

فاتەڕەش یان فاتەنێر و گارە فاتم خاتوون (قەرەفاتم) کێیە؟ فاتەڕەش لە ئەستەنبوڵ


ئەوەی جێی پرسیارە و تا ئێستا وەڵامەکەی بە لێڵی ماوەتەوە ئەو پرسيارەکەيە کە ئايا قەرەفاتم کێ بووە؟ ناوی دروستی ئەم کەڵە ژنە چی بووە؟ و کچی کێ بووە؟ لەڕیگەی گەڕان و سیرجە دیجیتاڵييەکانەوە ئەوەی بەردەست دەکەوێت تەواو مێژوویەکی جیاواز و خواستخوازی ئارتیکڵەکانە، کە هەرکەسە و بە خواستی خۆی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی بابەتێک یان دوانی شێواندووە، لێ ئەوەی گرنگ بووە بۆ ئێمە شتێک بدۆزینەوە سەبارەت بە (فاتەڕەشی) کوردان نەک (قەرەفاتمی) تورکانە، بەڵام کاتێک بەدووی وشەی (قەرەفاتم، Kara Fatma) دەگەرێيت بەدڵنیایەوە وێنە و مێژوو کەسێکت پێشان دەدەن کە تەواو جیاوازە و دوور و نزیک نە پەیوەندی بە فاتەڕەشی کوردانەوە هەیە نە بە مێژووی قارەمانێتی فاتەڕەشەوە، تەنیا هەوڵێکی فاشیستانەی تورکەکانە بۆ بزرکردنی ناوی (فاتەڕەش)ی کوردان و شێواندنی بە ژنێکی تورک.

ئەرکی ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئەوەی دەستمان کەوتووە بە زمانە جیاوازەکان لەگەڵ تەواوی ئەو نووسینانەی لەسەر فاتە ڕەشی کوردان تۆمارکراون، لە دەمارگیری بخەینەڕوو.

هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی دروستمان دەستکەوێت سەبارەت بە فاتەڕەش، بەداخەوە هەموو هەوەڵەکانمان بێئاکام مايەوه و چەند جارێک زیاتر پەیوەندیمان کرد بە ئینستۆتی شاری (ماراش)(8)ەوە، ئەويش هیچی لێ کەسک نەبوو. دوای ماوەیەک، وەڵامیان داینەوە و وتیان تەنها ئەوەندە زانیاریمان لەسەر فاتەڕەش هەیە کە لە ماڵپەری ماراشدا نووسیومانە.(9)

لە ڕاستیدا زانیاريیەکانی ئەوانیش نەک جێگەی دڵخۆشی نەبوو، بەڵکو جێگەی دەستخۆشیش نەبوو، ئەوەی کەمێک دڵی خۆش کردین ماڵپەڕە مێژووييەکانی بولگاریا بوو، بەتایبەت ماڵپەڕی گۆڤاری (liternet) کە لەوێدا بەم شێوەیە فاتەڕەشی کوردان دەناسێنیت و دەڵیت: قەرەفاتیمە کێیە؟ فاتەڕەش بە زمانی کوردی (Fata Reş) بە ئنگلیزی پێی دەڵێن (Black Fatima) ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئێمە ئەوە بوو کە بە کوردی ئاماژە بۆ ناوەکەی دەکات و بە تیپی لاتینی دەنووسێت: فاتەڕەش، کچی حاجی عوسمان بێ (بەگ)ە و ناوی دروستی فاتەڕەش (Asiye)يە. هەرچەندە فاتەڕەش لە فاتیمەوە هاتووە کورتکراوەتەوە بۆ فاتە، خۆ ئەگەر وەک ئەوان ئاماژە بەناوی ڕاستەقینەی دەکەن دوور نیيە (عایشە) نەبێت و کرابێت بە ئایشێ، چونکە لە نێو کورداندا عایشە هەر بە ئایشێ بانگ کراوە، جگەلەوە لە شوینی لەدایکبوونی لە گوندی تۆکمەکلی هەر بە (گارا فاتم خاتوون) ناویان هێناوە نەک قەرە فاتم، هەروەها بۆ ڕۆژی لە دایکبوونیشی هەمان کێشەمان بۆ دروست دەبێت لە تەواوی سەرچاوەکاندا کەس گرنگی بە ساڵ و ڕۆژی لەدایکبوون و ناوی ڕاستینەی فاتەڕەش ناکەن و ئەوەی بەردەست دەکەوێت کە فاتەڕەش لە ساڵی 1820 لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراش لە دایک بووە.

زۆربەی ئەو تۆمارەنەی لەسەر فاتەڕەش نووسراوە نەیانتوانیوە بە دروستی تەمەنی دیاری بکەن و هەندێک بە 40 ساڵ و هەندێک نزیک بە 50 ساڵ تەمەنی فاتەڕەشیان خەمڵاندووە. بۆیە دەکرێت ساڵی 1820 بە نزیکترین ساڵی لەدایکبوونی دەستنیشان بکەین.

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا ناو و ساڵی لەدایکبوونی فاتەڕەش لە هیچ شوێنکدا نەبینراوە و نەزانراوە ڕەنگە لە بەڵگەنامەکانی ئیمپراتۆری عوسمانلیدا شتێکمان دەستمان کەوێت، ئەوەش کارێکی گران و قورسە. هەرچەندە چەند بەڵگەنامەیەکمان دەستکەوت کە ئاماژە بە فاتەڕەش دەکەن و بە ئەلفابێی ئارامی نووسراون و لەیەک دوو لەو کوردە تورکناسانەمان پرسیار کرد تا بۆمان بکەن بە کوردی، بە بیانووی جۆراوجۆرا کۆمەکیان نەکردين، بەڵام دەتوانین بە مەزندە و بە پێوەری ئەو ڕۆژنامە ئەوروپیانەی لەسەر فاتەڕەش نووسیویانە لەگەڵ هەندێک لە گرافیک فۆتۆکانیدا بگەینە ئەو بڕوایەی کە فاتەڕەش لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدا لە نێوان 1800 بۆ 1820 لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراشی باکووری کوردستان لە دایک بووە.

ئەوەندەی ئێستا لەبەر دەستە دەیخەینە بەر دیدی خوێنەر، ئەو ئەرکەی تر کە ماوە بە هیواین خوێندکارەکانی زانکۆ و کەسانی شارەزا شان بدەنە بەر ساغکردنەوەی ئەم مێژووە دابڕاوەی کورد و بیگەڕێنەوە بۆ نەتەوەکەیان.

لە سەنتەری ئەدەبی (bernamegeh) دەڵێت: فاتەڕەش لە کوردانی باشوورە و لە شاری (ڕواندز) لە دایک بووە. پاشان هاتوونەتە چیاکانی ماراش. ڕەنگە ئەم بۆچوونەش دروست بێت. ئەگەر لە کاتی میر محەمەدی سۆرانەوە بە یاوەری ئەوان هاتبێتنە ماراش و لە کاتی سەردانی میر محەمەد (پاشا کۆرە) بۆ ئەستەنبوڵ لە ساڵی 1837دا ئەوا فاتەڕەش تەمەنی تەنها حەڤده ساڵان بووە، بەو پێەش بێت لە تەمەنی 33 ساڵیدا و لە ساڵی 1853دا بەشداری جەنگی کرایمی کردووە.

فاتەڕەش لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەوروپی و ئەمەریکیيەکاندا ناوی هاتووە و ئاماژی بۆ کراوه، بەڵام لەلایەن کورد خۆيەوە بۆ یەکەمجار کامەران بەدرخان لە پەرتووکی (Der Adler von Kurdistan) کە لەگەڵ نووسەری ئەڵمانی Herbert Ortel نووسیویانە(8) ئاماژەيان بە ناوی فاتەڕەش کردووە.

لە دوای ئەویش محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە پەرتووکی (مشاهیر الکراد و کوردستان) لە بەرگی دوویدا (شهیرات النساء) لەلاپەرە 471 بە دنیایەک هەڵەوە ئاماژەی بۆ کردووە.

ئەوەش بە ڕاستی لە پەرتووکێکی مێژووی وەها بەپێزدا کارەساتە، جگە لەوانە هەندێک لە نووسەرە کوردەکان هەروا بە سەرپێی ناویان هێناوە، بەڵام بەبێ هیچ بنەمایەک و سەرچاوەیەکی دروست.

167 ساڵ بەر لە ئێستا ژنێکی کورد بەشداری جەنگێکی خوێناوی کردووە جێگەی داخە لەنێو کورداندا نووسینەوە و تۆمارکردنی ڕووداوەکان بوونی نەبووە و نەنووسراوەتەوە، هەربۆیە ساغکردنەوە و گەیشتن بە زانیاری دروست کارەکەمان زۆر قورستر دەکات. ئێمە خۆمان مێژووی خۆمان تۆمارە نەکەین و نەتەوەیکی تر بۆمان بهۆنێتەوە! کورد وتەنی (دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی بچنێت) دەبێت چۆن بیهۆنێتەوە! بەتایبەت لەلایەن تورکەکانەوە ئەگەر ئەو ڕۆژنامە فەرەنسی و ئینگلزيیانە نەبوونایە ئەوەی ئێستا تۆ دەیخوێنیتەوە ئەوەشمان نەدەبوو، چونکە هەر لەو سەردەمەشدا ڕق و کینەی تورکەکان بەرانبەر بەو ژنە کوردە دەردەکەوێت و دەیان درۆ و پڕوپاگەندەیان بەناوی فاتەڕەشەوە هۆنیوەتەوە و هەوڵێکی زۆریان داوە لە بەها و ئازایەتی ئەو ژنە کەم بکەنەوە.

لە شوێنێکدا لە ئاینی ئیسلام دەریان کردووە و بە ئێزدی ناویان هێناوە! لە جێگەیەکی تر دەڵین: بەشداری جەنگەکەی نەکردووە لەکاتێکدا یەک لە براکانی فاتەڕەش لەو جەنگەدا کوژراوه! ئەگەر تەنها ناوێک بووبێت و بەشداری ئەو جەنگەی نەکردبێت ئەی بۆ براکەی دەکوژرێت! يان بۆچی ئەو قوربانیيانە دراوە! ئەگەر ئەم ژنە هەر بەڕاستی ئەوەندە قارەمان نەبووە، ئەی بۆچی ئەو هەموو ڕۆژنامە بیانی و ئەوروپييانە گرنگیيان پێ داوە!؟

کاپتن (Somerset Calthorpe) دەڵێت: ئەم ژنە جادووگەرە ئەستەمە بتوانیت لە چاوەکانی بڕوانیت بەڕاستی سەرکردەیە، کەس لە فەرمانی دەرناچێت و کەسیش ناتوانێت فەرمانی پێ بکات، زۆر سەرکەش و زۆر جادوگەرە. دەیان گرافیک فۆتۆی فاتەڕەش هەیە کە مەیدانی لە ناو جەنگەکەدا کێشراوە نەک خەیاڵ بێت. هەوڵ دەدەین زۆرینەی ئەو وێنانەی بەردەستمان کەوتووە لێرەوە نیشانی خوێنەری بدەین.

زێدی لەدايکبوونی فاتەڕەش:


ماراش (Maraş) یان گورگوم، یەکێکە لە پارێزگاکانی باکوری کوردستان. لە 10 شارۆچکە و 64 شارەدێ و 476 گوند پێک هاتووە. لە ئێستادا یەک ملیۆن و نزیکەی 37 هەزار کەسی لێ دەژی، ڕووبەرەکەی نزیکەی 14 هەزار 400 کیلۆمەتر دووجایە، مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1200 بۆ 1400 سەردەمی هیتيیەکان ئەم شارە بە مارکاش(Marqas) ناسراوە دواتر لەسەردەمی ئاشوريیەکاندا بە گورگوم لە 612 هەتا 660 دواتر مادەکان لە 550 بۆ 612 هەتا سەردەمی ڕۆمانیيەکان دەکرێت بە گیمەنیک (Kahramanmaraş) لە سەردەمی هاتنی ئیسلام و دەسەڵاتی عەسمانیيەکان ناوەکەی گۆڕرا بە ماراش (marash) دواجار تورکەکان گۆڕيیان بە کاهرەمانماراش. ماراش تاکە هەرێم بوو کە لە ژێر دەسەڵاتی زولقادریيەکاندا مابووەوە و ئیمپراتۆری عوسمانی نەیتوانی بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە (Dulkadirids) زولقادریيەکان یەکێک بوون لە میرنشینە دیارەکانی ناوچەکە و خاوەنی هێز و دەسەڵات بوون.

میرنشینەکەیان لە (1522-1864) بەردەوام بوو، عەبدولقادری باوک ئەمیر بووە و پاشان کوڕاوکوڕ حوکمی میرنشینیان بەدەست بووە، ئەمیر عەلی بەگ دوا ئەمیری میرنشینی زولقادریان بووە.

ساڵی 1821 عوسمانیيەکان هەوڵی داگیرکردنی شاری ماراشیان دا، لە دوای دوو ساڵ ململانێ بە دیاریکراوی لە ساڵی 1822 کۆتایی بە دەسەلاتی عەلی بەگ هێنرا.

ساڵی 1830 عوسمانيیەکان هەوڵی لکاندنی شاری ماراشیان دا بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە تا ساڵی 1864ململانێ و شەڕ و پێکدادان لە نێوان زولقادریيەکان و عوسمانیيەکان بەردەوام بوو لە دوای ئەو ڕۆژەوە ماراش بە دیاربەکر و حەلەبەوە لێکدران و بوونە یەک هەرێمی یەکگرتوو.(9)

لە 22/2/1919 بۆ 30/10/1919 ماراش لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانيیەکاندا بووە، پاش ئەوانیش فەرەنسيیەکان داگیریان کردووە، ئەویش پاش جینۆسایدی ئەرمەنیيەکان لە ساڵی 1918.(10)

لەماڵپەری تایبەتی (cezmyurtsever) دەڵیت لە مانگی 9ی نۆڤەمبەری ساڵی 2007 ڕێم کەوتە گوندی تۆکمەکڵی (Tokmaklı) بۆ زەماوەندی ژنخوازی بەڕێکەوت چاوم بەکەسێک کەوت ناوی حمزە بوو باسی گۆری فاتەرەشی کرد کە ئیستا بۆتە گەرەکێک ناوی (Beylik) بووە ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی سبەی زەە بمباتە سەر گۆری فاتەڕەش هەرچەندە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەیانوت (گارا فاتم خاتوون) بۆ ڕۆژی دوایی چوومە خزمەت حمزە، بە پرسیار ماڵەکەیانم دۆزیەوە لەو کاتەشدا چەند کەسێک لەو ناوە بوون، یەک لەوانە ئامینە بارین (Emine Barın) ژنێکی بەتەمەنی گوندەکە بوو.

ئەو وتی: گۆرەکەی فاتەڕەش لەوبەر چەمەکەوەیە لەلای دارسنەوبەرەکان لە بایلیک وەختی خۆی گۆرەکەیمان هەڵداوەتەوە ئەم خەنجەرەمان دۆزیوەتەوە ئێستا لە ماڵەکەی مندایە. هەندێک سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن کە کەسێکی رووسی بەدوای زێر و خشڵدا گەڕاوە و گۆڕەکەی فاتەڕەشی هەڵداوەتەوە و تەنها کڵاوێکی ئاسانینی جەنگی دۆزیوەتەوە.

دڵخوازەکەی فاتەڕەش و زیندانی قاندیا (Kandiye Zindanlarında) و بەشداریکردنی لە جەنگی کرایمدا: وێنەی یەکێک لە پیاوەکانی فاتەڕەش هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە هۆکاری چوونی فاتەڕەش بۆ جەنگی کرایم دەگەڕێننەوە بۆ زیندانيکردنی دڵخوازەکەی، ئەو هەموێنەی یەکێک لە پیاوەکانی فاتەڕەشوو جەفایەش بۆ ئەوی کێشاوە هەر هۆکاری وەفا و خۆشەویستی بووە کە ئەو بڕیارە سەخت و ترسناکەی پێ داوە و بەشداری لە خوێناویترین جەنگی سەدەی نۆزدەدا کردووە.

فاتەڕەش کاتێک دڵخوازەکەی (هاوژین)کەی کە خۆی باشبوزاق(11) (Başıbozuk) بووە لەبەر سەرکێشی و جێبەجێنەکردنی فەرمانەکانی سوڵتان لەلایەن سوڵتانەوە لە زیندانی (Kandiye) زیندانی دەکرێت.

کاتێک فاتەڕەش لە ماراشەوە بەڕێ دەکەوێت بۆ (Üsküdar) هەواڵ دەگات بە سوڵتان. باش ئەوەی سوڵتان لە کۆشکەکەی خۆیدا دەیبینێت، مەرجی سوڵتان بۆ ئازدکردنی هاوژینەکەی فاتەڕەش بەژداريکردنە لە جەنگی کرایم و گرتنی ناوچەیەک کە بۆ ئەوان بووە بە مەتەڵ و بە هیچ کلیلێک بۆیان نەکراوەتەوە.

فاتەڕەش بەمەرجەکەی سوڵتان ڕازی دەبێت و سوڵتان ڕەوانەی شاری ئەدرنە (Edirne)ی دەکات، لەویش دەبوو چاوەڕوان بێت تا بێنێرن بۆ کەنارەکانی ڕووباری (Donau) کە لەو کاتەدا عوسمانييەکان سەرقاڵی ئەو جەنگە بوون.

فاتەڕەش و ئەسپسوارەکانی بەهەر شارێکدا تێپەڕ دەبوون، دەیانبینی ژنێک ڕابەرایەتی ئەو هێزە دەکات سەرسام دەبوون! هەر بۆ نموونە لە یەکێک لە تۆمارەکاندا بەم شێوەیە باس لە دیمەنی فاتەڕەش دەکرێت کاتێک دەگاتە شاری (Üsküdar) دەستێک جلی کوردی لەبەردابووە، فاقیانەدار لەگەڵ شەرواڵێکی سپی و جوتێک قەڵتاغی زەرد لە پێکانيدا بووە، دوو دەمانجەی لەناوەڕاستی پشتێنەکەیدا و ڕمێکی بەدەستەوە بووە. دامێنی ڕمەکەی بە دەستمالێک پێچرابوو، سەرپۆش سپی بەنێوچەوانیەوە بەستووە نە لە تەربوش دەچوو نە لە عەمامەی عەرەبەکان، تایبەت بە کورد خۆی بووە. هیچ جۆرە خشڵێک بە دەست و گەردنیەوە نەدەبینرا. لەتەنیشتیەوە و شانبەشانی فاتەڕەش، براکەی و دوو ئەسپسواری تریش لە پشتی فاتەڕەشەوە دەڕۆشتن.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بە شتێکی تر بکەين ئەویش (بیلالەڕەش)ی برای فاتەڕەشە هەرچەندە لە زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە دڵخوازەکەی دەکەن لەلایەن سوڵتانەوە دەستبەسەر کرابێت، هاوکات ئاماژەش بە بیلالی برای دەکەن و گوایە دڵخوازی نەبووە، بەڵکو بیلالی برای بووە. لە پێناو ئازادکردنی براکەیدا بەشداری شەڕی کرایمی کردووە. ئەم بۆچوونە زۆر دوورە لە ڕاستیيەوە، چونکە بیلالەڕەش لە ساڵی 1840 کۆچی دوایی کردووە، لەدوای خۆی باکۆئاغا سەرۆکایەتی هۆزەکەی کردووە.

لەبەرئەوەی باکۆئاغا شارەزایی تەواوی لە بەڕێوەبردندا نەبووە، دەریان کردووە و عەلی ئاغای کوڕی بیلالەڕەشیان کردووتە سەرۆک هۆز. عەلی ئاغاش دوای 5 ساڵ لە حوکمڕانی، کۆچی دوایی دەکات.

لەدوای ئەویش فاتەڕەش جێگەی دەگرێتەوە و سەرۆکایەتی هۆزکەی دەکات. زیاتر لە 4000 هەزار چەکدار لە ژێر فەرمانی فاتەڕەشدا بووە. لەبەر ئازایەتی و ژێهاتی فاتەڕەش و بەشداريکردنی لەو جەنگە خوێناوییەدا سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم خەڵاتی ئازایەتی بەخشيوەتە فاتەڕەش و هەروەها لە ڕێکەوتی 18/9/1863 بڕیاری بەرزکردنەوە موچەی خانەنشینی فاتەڕەشی لە سوپای عوسمانی بۆ سەد قروش داوە.

هەڵگیرسانی جەنگی کرایم:


لەدوای شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی 19 لە ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و بریتانیادا چەند سپیچیکی توندیان دژی عوسمانييەکان دا و لەهەمانکاتیشدا مەترسی بەهێز بون و پەلکێشانی هەر دوو دەسەڵاتی عوسمانی ڕوسیيەکانیان لەسەر بوو کە ئەویش دژی بەرژەوەندیيەکانی ئەوروپا بوو.

پاش ئەوەی سوپای عوسمانی لە شاری مۆڵدیڤیا لە لایەن ڕوسەکانەوە تێک دەشکێنرێت، بە ناچاری سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم هاوپەیمانی لەگەڵ فەرەنسا و بریتانیادا دەبەستێت. کاتێک ڕوسیاش بەو هاوپەیمانیەی زانی، زۆر بەڕاشکاوی بە وڵاتە ئەورپيیەکانی ڕاگەیاند کە ئەوە خاکی پیرۆزە و کەس بۆی نيیە بێتە ناوی و داگیری بکات، هەرچەندە هەوڵی دا لە ڕێگەی دانوساندنی دیبلۆماسیيەوە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

هەر بۆیە لە 21/7/1853 سوپای ڕوسی دەستی گرت بەسەر هەر دوو شاری (Walachije و Moldavië)دا دژی تورکەکان، ئەوەش لەلایەن عوسمانيیەکانەوە جێگەی قبوڵ نەبوو کاتێکیش سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم ئاگاداری ئەو هەواڵە کرایەوە، لە 16/10/1853 بڕیاری جەنگی بە فەرمی دژی ڕوسەکان دەرکرد، هەر لەو سەروبەندەدا ڕوسەکانیش لە 1/11/1853 بڕیاری جەنگیان دا، ئەوەش بووە سەرەتای جەنگی کرایم (Crimean War) کە بە خوێناویترین جەنگی سەدەی 19 هەژمار دەکرێت.

سەرەتا سوپاکەی عەبدولمەجیدی یەکەم بەسەرکردایەتی (عومەر لوتفی پاشا) سەرکەوتنی باشی لە هەر دوو هەرێمی (Oltenitsa en Chetate) بەدەست هێنا، ئەم سەرکەوتنەش وای لە سوڵتان کرد کەمێک لە خۆی بایی بێت و ئەو جەنگە بە (جەنگی پیرۆز) ناو بەرێت و بانگەوازی (جیهاد)دا و داوای کۆمەکی سەربازی و دارایی کرد لەم جەنگەدا سووری و میسری و عەرەب و تونسی و مەراکشی و کورد بەشداریيان تێدا کرد کە دزی و تاڵانی سەرچاوەی بژێوييان بوو. لەکاتی جەنگەکەدا، شاری (Varna) ی بولگاریا بۆ کۆکردنەوەی هێزە تورک و هاوپەیمانەکانی هەڵبژێررا، بەدیاریکراوی فەرەنسا و بریتانیا و خۆئامادەکردنی بۆ جەنگی کرایم کۆتایی مانگی 5ی ساڵی 1854 کەشتیيە جەنگييەکان گەیشتنە کەنارەکانی شاری ڤارنا و یەکەم کەشتی 30 هەزار سەربازی فەرەنسی و 25 هەزار سەربازی بریتانی و 10 هەزار سەربازی عوسمانی. هێزەکەی فەرەنسا لەلایەن (Saint-Arno) سەرۆکایەتی دەکرا و هێزەکەی بریتانیا لەلایەن (Lord Raglan) عومەر پاشاش سەرۆکایەتی هێزە تورکەکانی دەکرد.

یەک لە باڵەخانە گەورەکانی شاری ڤارنا کرایە سەرکردایەتی سوپا هاوبەشەکە و لەوێوە بڕیار دەدرا.

لەو کاتەی هێزی هاوپەیمانی و تورکەکان لە شاری ڤارنا بوون، ڤارنا بەدەستی نەخۆشی کۆلێراوە دەیناڵاند. هەرچەندە لە باشووری فەرنساوە ڤاکسینیان وەرگرتبوو، بەڵام گەرمای مانگی حەوت ئەوەندەی تر کارەساتی خوڵقاند، ڕۆژانە سەدان کەس نەخۆش دەکەوتن، بەشێوەیەک جێگە نەمابوو بۆ نەخۆش، بۆيە بڕیاریان دا لەناو سەربازگەکان نەخۆشخانەی تایبەت بکەنەوە و لە تەنیشت هەر نەخۆشخانەیەکیشەوە گۆڕستانێک دروست بکەن، چونکە ڕێژەی مردن زۆر زیادی کردبوو.

لەساتەوەختی کۆلێرا و نەخۆشیدا، ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی کەنارەکانی شاری ڤارنا بەناوی (Atanas Papazoogl) کەوتەوە و بەهۆی ئەو ئاگرەوە کۆگای هێزەکانی فەرەنسا کە ڕێژەیەکی زۆر واین (شەراب) و جگەرەی تێدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کۆگایەکی تر کە سیخناخ کرابوو بە کەتان و کحول سووتان و ئەوەندەی تر ئاگرەکە تەشەنەی سەند و تەواوی کۆگای خۆراک و چێشتخانەکان سووتان.

ڕوسە ئۆرتەدۆکسەکانیان بەو ئاگرکەوتنەوەیە تاوانبار کرد، بەڵام یەک لە فەرنسیيە شایەتحاڵەکان پیاوێکی یۆنانی سەرخۆشی بینيبوو کە مۆمەکەی دەستی نزیکی کحولەکە کردووەتەوە و بەو هۆیەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە. سەرەڕای نەخۆشی کۆلێرا و ئاگرکەوتەنەوە دووبارە خۆیان ئامادەکردەوە بۆ جەنگ لە 8ی مانگی سێپتەمبەری ساڵی 1854 زیاتر لە 34 کەشتی جەنگی و 55 کەشتی مامناوەند و 300 کەشتی بارهەڵگری جەنگی ڕەوانەی کرایم کرا و لە 15/3/1856 کۆتایی بەو جەنگە خوێناویە هات.

ئەدمیراڵ ئەدۆلف ساڵدا (Adolf Slade)، (Mushaver Pasha) لە پەرتووکی (تورکیا و جەنگی قروم یان کرایم) (A Tale of Historical Events) ساڵی 1867 دەڵێت: جیهادیستەکان تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 60 ساڵان بگرە گەورەتریش بوون، زۆر بە گڕوتینی جیهادانەوە بەشداریان لەو جەنگەدا دەکرد و زیدی خۆیان جێهشتبوو بوو بۆ ئەو جەنگەی سولتان عەبدولمەجید ناوی نابوو (جەنگی پیرۆز) ئەمانە جیاواز بوون بە جلوبەرگی خۆماڵييانەوە بەشداری جەنگەکەیان دەکرد و زۆر سەرنجراکیش و تایبەت بوون دەمانچە و خەنجەر و شمشێریان پێ بوو، هەندێکیان ئاڵایەکی ڕەنگاوڕەنگی تایبەتیان کردبوو بە نێزەی ڕمەکانیانەوە کە بەهیچ شێوەیەک لەو سوپایە نەدەچوون کە بەجلوبەرگی فەرميی سەربازيیەوە بەشداریان لە جەنگی ڤینا (Vienna) دەکرد.

سەرچاوەکان و هەندێک لە باس خواست سەبارەت بە فاتەڕەشی کوردان: ئەدمیراڵ سڵادا (Admiraal Slade) دەڵێت: فاتەڕەش بەجلوبەرگێکی ژنانەی ئاڵوواڵای کوردانەوە و سەرنجراکێشەوە بوو و پڕ چەک دەمانچە و شیر و ڕمێکی درێژ بەدەستەکانیاوە بوو، پێشڕەوی هەموویان بوو، ئەسپێکی ڕەسەنی عەرەبی دەهاژوو، لە دەستی ڕاست و چەپیدا پێرڕە پیاوەکانی لەتەکی بوون و چەکدارەکانی تريش بەدوایدا دەڕۆشتن. هەندێک ئەسپسوار و هەندێک پیادە، سەرجەمیان جلوبەرگی سەرنجڕاکیش و هەندێکیان ژنەکانیان لە پشتیانەوە بوون و بەشانازیيەوە بە شەقامەکانی ئەستەنبوڵدا تێپەڕ دەبوون کە ئەوان وەک ژنە تورکەکان ڕووخساریان دانەپۆشرابوو، نە پەچە و نە عەبایان پێوە نەبوو. سەرنجی ڕێبوارەکانی سەر شەقامەکانی ئەستەنبوڵیان بۆ لای خۆيان ڕاکیشابوو، چونکە هەرگیز ژنێکی موسڵمانیان نەبینووە ڕووخساری دیار بێت، بەڵام ئەوان بە شانازی و حورمەتەوە شەقامەکانی ئەستەنبوڵیان دەبڕی ڕووخساریشیان دانەپۆشراو بوو.

ماریا یۆنگ (Marian Young) بەشێوازێکی فرە ڕەنگی ترێفی (وصف) فاتەڕەش دەکات و لە پەرتووکی (Our Camp in Turkey and the Way to Reach It 1854) بەم شێوەيە دەیناسێنیت: ئەم ژنە ئامازۆنە(13)(Amazon) کوردە هیچ شتێکی ژنانەی سەرنجڕاکێش نەبوو وەک ژنە کوردەکان.

تەمەنی 50 ساڵێک دیار بوو بە ڕوونی بۆت ئاشکرا نەدەبوو کە تەمەنی چەندە، بەهۆی سەرکێشييەکانی ژیانیەوە لە پیاوێکی شەڕەنگێزی ناشرینی دڵ ڕەق و ئەسمەر دەچوو کە لە بنی پێکانی تا دانەکانی چەک و تەنفەنگ شیر و خەنجەر بوو، کتومت لە پیاو دەچوو، چاونەترس بێ سڵکردنەوە بڕیاری دەداو داوای دەکرد لە هیچ نەدەترسا.

ئەم ژنە ئەمازۆنە سەرکردایەتی کۆمەڵێک پیاوی دەکرد کە بەگشتی زۆر زۆر سەرنجراکیش بوون.

پیاوەکان میهرەبان و دەم بەخەندە بوون، بەڕاستی ئەسپەکانیان زۆر ڕەسەن و جوان بوون.

بە بڕوای من ئەم ئاژەڵانەی ڕۆژهەڵات و کوردەکان تایبەت و ڕەسەن بوون ئەویش بەشانازیيەوە لە سوارەکانی خۆی دەڕوانی.

ئیلوسترید لۆندەن نیوس (Illustrated London News) لە ساڵی 1854 لە ژمارە 363 ڕۆژنامەکەدا گرافیکی وێنەکەی کردووە و سێ ڕاپۆرتی دەربارەی (فاتەڕەشی) کوردان نووسیووە و دەڵێت: فاتەڕەش ژنێکی ڕووخسار دانەپۆشرا بوو کە لەو کاتەدا هەموو ژنەکان ڕووخساریان بە پەچە داپۆشرابوو. هیچ جۆرە خشڵ و زێڕ و ملوانکەیەکی پێوە نەبوو.

ئەسپێکی ماندوو هیلاک و لاواز دەرکەوتەی پێ بوو، بەڵام هێجگار جوان پرچ و کلک درێژ سنگ بەرز و ملی بۆ زەوی شۆرکردبووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسپی ڕەسەنی کوردی لە کوردستان ئاوا پەروەردەی دەکەن. ڕۆژنامەی لا ئیلوسترەیشن (La Illustration) بابەتێکی لەسەر (فاتەڕەشی) کوردان بڵاوکردووەتەوە و دەڵیت: فاتەڕەش ئامازۆنێکی نوێیە (The new Amazon) کۆتا ڕۆژەکانمان لە ئەستەنبوڵ (القسطنطينية) (Constantinopel) بینیمان شتێکی نوێمان بینی و ئێمە گەواهی ئەوە دەدەین کە مەیدانی لە شەقامەکانی ئەستەنبوڵ ئەوەی بینیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین نەبینراوە!

بینیمان شەقامەکانی ئەستەنبوڵ خرۆشابوو لە خەڵک و بە تامەزرۆە سەیری ژنێکی بەهێز ئۆرنلیۆ(14)(Orléans)يان دەکرد کە ئەویش فاتەڕەش بوو، فاتەڕەشی شاری (ماراش) کە بەجلوبەرگێکی زۆر تایبەت و جوانەوە بوو لەگەڵ 500 ژنی کوردا(15) لە شەقامەکانی ئەستەنبوڵ پێشبڕکێیان دەکرد، سەرجەمیان چەکدار بوون بەشێوەیەک بوون کە هەرگیز شتی وا نەبیراوە جۆشی هەموو موسڵمانەکانیان گەياندبووە لوتکە، بەتایبەت ژنە موسڵمانەکان.(16)

کاپتن سۆرمریست کاڵتۆرپ (Somerset Calthorpe) کە لە یاریدەدەری لۆرد ڕاگلانس بووە (one of Lord Raglan's assistants) و لەلایەن حکومەتی فەرەنسیيەوە لە جەنگی قروم یان کرایمن (CrimeanWar) وەک شێوەکارێکی جەنگ دامەزرابوو، لەنامەکەیدا (Letters from Headquarters, or the Realities of the Crimean War 1857) دەڵێت: دوێنی لە هۆراس فیرنا (Horace Verne) چاوم بە فاتەڕەش کەوت لەگەڵ 50 لە پیاوەکانی، چەند سەرسام بووم بەم ژنە جادووگەرە، بڕواناکەن چەند بەهێز و خاوەن دەسەڵات بوو، هیچ کام لە پیاوەکانی لەژێر فەرمانیدا دەرنەدەچوون، دیارە ئەوەش پەیوەندەی بە ئاین و ئەو هێزە ئاسمانی و لێهاتوويیەوەی پەیامبەرانەوە هەیە کە لە فاتەڕەشدا هەبوو.

لە تۆمارێکی تردا، لە 27ی مارس فاتەڕەش لەلایەن وەزیری جەنگ سەرئاسکەر(سەرعەسکەر/ Serasker) حەسەن ڕەزا پاشا (Hassan Riza Pasha) پێشوازی لێ کرا لە کۆشکی (DolmabahcePalace) چاوی کەوت بە سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم (Sultan AbdulMajid) دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ سوڵتان لەلایەن موفتی کۆشکەوە بڕیاریان دا قەرەفاتم ڕەوانەی (Donaufront) مەیدانی جەنگەکە بکەن.

لەدوای ئەو دیدارە فاتەڕەش سەرنجی تەواوی ئەورپييەکانی و تورک و ڕۆژنامەنووس و گرافیستەکان و سەربازە بیانی و عوسمانييەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا و هەر یەک لە ڕۆژنامەی L'Illustration, Journal Universel فەرەنسی و ڕۆژنامەی The Illustrated London News ئینگلزی بەریتانی و ڕۆژنامەی La Ilustracion, periodico universal ئیسپانی فاتەڕەش بووە سەرباس و پەڕەی یەکەمی ڕۆژنامە ئەورپييەکانی داگیر کرد.

لە 05-04-1854 فاتەڕەش و هێزەکەی لە (Edirne) بەڕێ دەکەون و سەرەتای مانگی 5ی هەمان ساڵ دەگەنە (Donaufront) بۆ ئەوەی بەشداری ئەو جەنگە بکەن. لە سەرەتای مانگی 7ی ساڵی 1854 لەژێر فەرمانی ئەفسەرە فەرەنسيیەکاندا هێزەکانیان لە شومن (Shumen) بۆ فارنا (Varna) دەگوێزنەوە، هەڵبەت لەم جەنگەدا فەرەنسی و ئینگلیزەکان بەشداریان کردووە و کۆمەکی سوپای عوسمانيیان دژی ڕووسەکان کردووە. دوای ئەوەی هێزەکان دابەش دەکەن بەسەر سێ لیوادا، فاتەڕەش و هێزەکەی دەکەوێتە ژێر فەرمانی جەنەڕاڵ یوسف (LeGénéral Yusuf) لەلایەن فەرەنسیيەکانەوە پشتگیری دەکرێت بۆ هەر ڕۆژەی 5 قروش لەگەڵ ئالیک بۆ ئاژەڵەکانی پێ دەدرێت.

مارا یۆنگ (Marian Young) لە شوێنکدا کە بە ڕوونی1854 دا"> وێنەی فاتەڕەش لەیەکەم لاپەرەی ڕۆژنامەی (Illustrated) لە ساڵی 1854 دا

دیارە چارەی فاتەڕەشی نەویستووە، دەڵێت: فاتەڕەش پبشتگۆێ خرابوو، چونکە فەرمانەکانی وەک پێویست جێبەجێ نەدەکرد. ئەوەی سەیرە لەلام بۆ جەنەڕاڵ جۆرج براون (George Brown) ئەم ژنە ناشرین و پیاوە پیسانەی بانگێشتی نانخواردن کردبوو لە کەمپەکە بۆ ئەوەندە سەرسامی ئەم ژنە ئێسک قورسە بوون!

ئەوەی ڕاستی بێت دەبێت ئاماژەی پێ بدەین هەر لە ڕێبوارەکانی سەرشەقامەکانی ئەستەنبوڵەوە تا جەنەڕاڵە ئینگلیز و فەرەنسيیەکان و چەکدارەکانیش شێوەکار و ڕۆژنامەنووسەکان هەمووی سەرسامی ئازایەتی و چاونەترسی فاتەڕەش بوون، کە چۆن هێزێکی ئاگرین و ژنێکی سەرکەش و بەتوانا چاونەترس بووە، بەشێوەیەک سەرسامی ئەم ژنە بوون جەنەڕاڵە ئەورپييەکان کە تا دەگاتە ئەو ئاستەی قۆماندانە تورکەکان دژایەتی فاتەڕەش بکەن و ئیرەیی پێ بەرن، چونکە زیاد لە پێویست بێگانەکان بایەخیان داوە بە فاتەڕەش.

ئەوەتا ماریا یۆنگ لە پەرتووکەکەی خۆیدا دەڵێت: فاتەڕەش خۆی لە ڕێزەکانی سوپادا نەدەبینی نە دەچووە ژێر فەرمانی سەرپەل و جەنەڕاڵەکانەوە هیچ بەرگێکی یونیفۆرمی سەربازی نەدەپۆشی نە خۆی نە پیاوەکانی ژنێکی یاخی سەرکەش بوو ڕووخساری ترسناک و ناشرین و دڵڕەق بوو. ڕۆژنامەنووسە ئەورپييەکان بە پێچەوانەوە باسی دەکەن و دەڵێن: فاتەڕەش ژنێکی میهرەبان و سەرکردەیەکی بەهێز بوو سەرکردایەتی هێزێکی پڕ چەکی دەکرد، هێزیک کە هەموومانی سەرسام کردبوو بە سوارچاکی و چەک و جلوبەرگەکانیان لە هەندێک شوێندا، دەڵین: سەربازە کوردەکانمان دەبينی بە ئەسپەکانیان بەجۆرێک غارغارێنيان دەکرد کە زۆر شێتانە بوو، چۆن بەو خێراییە خۆیان هەڵدەدایە خوارەوە بۆ سەرزەوی و دووبارە بەرز دەبوونەوە دەچوونەوە سەر ئەسپەکانیان! ئەمەمان بەس لە کوردەکاندا بینيوە لە نەتەواکانی تردا بەدیمان نەکردووە تەواوی ڕۆژنامە ئەوروپی و ئەمریکيیەکان بە شانازی و سەرسامیيەوە باسی فاتەڕەش دەکەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە فاتەڕەش کوردە و لە کوردستانەوە هاتووە. لەسەرجەم ئه و چاوپێکەوتن و دیدار بانگێشتانەی کە بۆ فاتەڕەش ڕێکخراوە، باسی جلوبەرگە ناوازە ڕەنگاوڕەنگەکەی کوردان دەکەن.

تەواوی تۆمارەکان سەبارەت بە فاتەڕەش (بە نووسراو و تۆمارەکانی سوڵتانیشەوە) دان بەو ڕاستیيەدا دەنێن کە فاتەڕەش لە کوردستانەوە هاتووە.

هەندێک دەڵێن خۆی و 300 چەکدار لە هۆزەکەی خۆی، هەندێکيش دەڵین 500 چەکداری پیاوی لەگەڵ بووە. تەنها لەیەک شوێندا باس لە 500 ژنی کورد دەکەن کە نمایشتی سەربازيیان لە ئەستەنبوڵدا کردووە، جگە لەوە هەموو نووسراوەکان باسی لە سەرکردایەتی ژنێکی کورد دەکات کە پێشڕەوی 300 چەکداری پیاوی کردووە کە لەژێر فەرمانیدا بوون و ئامادەی فیداکاری بوون بۆ خانمەکەیان، کە نەپێشتر نە لە ئیستادا ژنێک نەبووە سەرکردایەتی هێزیکی چەکداری پیاوان بکات و لەژێر فەرمانیدا بن کە ڕووخساریشی دانەپۆشی بێت.

هەربۆ نموونە ڕۆژنامەی (The Illustrated 1854) ژمارە 363 دا دەڵێت: فاتەڕەش سەرکردایەتی هێزێکی پڕ چەکی دەکرد زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش خەنجەری ئەلبانی و ڕمی ئەفغانی هەندێکیان تەفەنگی بریتانیيان پێ بووە، کە پێدەچێت لە کۆمپانیاکانی بیرمینگهامی (Birmingham) بریتانیيەوە دەستیان کەوتبێت.

ڕم و شمشیر و جلوبەرگی کوردانە پیادە و ئەسپ سواری لێهاتوو کە بەشێوەیەک دەڕۆشتن تەواوی ژن و منداڵ و ڕێبوارەکانی ئەستنەبوڵیان سەرسام کردبوو، بەتایبەت ژنە تورکەکان لەماڵەکانیان دەهاتنە دەرەوە سەیری فاتەڕەش و جەنگاوەرەنیان دەکرد. ئەم ديمەنە بۆ ئەوان زۆر نامۆ بوو! چۆن ژنێک سەرکردایەتی هیزێک دەکات کە سەرجەمیان پیاو بن و ئەويش ڕووخساری دانەپۆشی بێت و هیچ پابەندبونێکی ئاینی تێدا نەبێت وەک (حیجاب و نیقاب) جلوبەرگی کوردانە و سەربەرزانە بەبێ ترس بە شەقامەکاندا بڕوات!

لە ساڵی 1887 سەرلەنوێ فاتەڕەش سەردانی شاری ئەستەنبوڵی دەکات و ڕۆژنامەی (The Pall Mall Gazette) بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی خۆێدا بەم شێوەیە باسی دەکات و دەڵێت: (Kara Fatma The Amazon) واتا فاتەڕەش سوپەر پاڵەوان دووبارە هاتەوە بۆ ئەستەنبوڵ بە ڕووخسار و پێستێکی وشکهەڵهاتوو بە گۆنایەوە نیشانەی برین جێمابوو دەستێک جلوبەرگی پیاوانەی نیشتمانی کوردانەی لەبەردا بوو، بە ڕەفتار و جوڵە و بە هێزی هەر لە ژنێکی 40 ساڵان دەچوو نەک ژنێک تەمەنی 75 ساڵ. شمشێرێکی درێژی بە بەردی تایبەت نەخشێنراو وەک شێوازی کازاکێکانی لەشانی کردبوو، هەروەها مەدالیایی ئازایەتی لەسەر سنگی دابوو کە لەلایەن سوڵتانەوە پێ بەخشرابوو.

لە جەنگی کرایم شاڵێکی سەرلەشکری سوپای عوسمانی لە شانیيەوە بۆ کەمەری بەستبوو، کە ئەوشاڵە تایبەت بووە بە سەرلەشکر و سەرهەنگەکانی سوپا.

بە بڕوای ئێمە بەم شێوەیە ڕۆشتن بە کۆڵانەکانی ئەستەنبوڵدا زۆر سەرنجڕاکیش بوو، هەموو بیریان لەو کاتە دەکردەوە کە فاتەڕەش خۆیی و چەکدارەکانی یەکەمجار هاتنە ناو ئەستەنبوڵەوە چوونە ئەو کەمپەی کە جەنەڕاڵ (Lespinas) لێ بوو لە ناوچەی (Dobrogea) جێگیر کرابوون کاتێک جەنەڕاڵ (Lespinas) لە پڕ گوێی لە مۆزیک و گۆرانی و تەپڵ و دەهۆڵ و زوڕنا دەبێت لە چادرگەکەی خۆی ڕادەپەڕیت و پرسیاری ئەوە دەکات، ئەو هێزە کێن؟

ئەوانە سەربە چ نەتەوەیەکن هاتوونەتە ئەم کەمپەوە!؟ هەموویان سەرسام بوون بە ڕەفتار و جلوبەرگ و مۆزیک و سوارچاکی ئەو هێزە و کەسیان نەیاندەتوانی ئەو مەتەڵە هەڵبهێنن و کۆدی نەتەوەی ئەو سوارچاکانە بدۆزنەوە لە پڕ ئەسپسوارێکی ڕەنگين کە ژنێک بوو بەدوایدا 300 چەکدار وەک شێت بەخیراییەکی زۆر ترسناک لە ئەسپەکانیان دەهاتنەخوارێ و پێکانیان بەر زەوی نەدەکەوتوو بە قەڵەمبازێک دەچوونەوە سەر پشتی ئەسپەکانیان.

پێشڕەوەکەیان ژنێک بوو ژنێکی گەنم ڕەنگ چاوەکانی زیت و بە وریاییکی زۆرەوە سەیری ئەملاوئەو لای خۆی دەکرد. لەچاوەکانیدا هەموو شتێکت دەخوێندەوە، ڕێک پاڵەوان بوو پاڵەوانێکی بێوێنە دەچوو کاتێک گەیشتە بەردەم جەنەڕڵ (Lespinas) و لە زینی ئەسپەکەی خۆی فڕێ دایە خوارێ و سڵاوێکی سەربازيیانەی لە جەنەڕاڵ کرد و لەرێگەی وەرگێرەکەیەوە پێی وت: من هاتووم لەگەڵ ڕوسەکان بجەنگم. جەنەڕاڵ لیسپیانس بەخۆشحاڵیيەوە وتی: هەموو کەمپەکە لە خزمەتی ئەم کوردە ئازایانەدا دەبێت و فەرمانی دا هەرچی پێویست بوو بيخەنە خزمەت فاتەڕەشەوە.

هەر ئەو شەوە جێگەی حەوانەوەیان لە کەمپی سەربازە فەرەنسييەکان لە ئەستەنبوڵ بۆ تەرخان کردن، بەڵام فاتەڕەش بەو هاوکارییە کامەران نەبوو هەر بۆیە بە جەنەڕاڵی وت: ئێمە لە ژێر فەرمانی هیچ کەسدا نابین و نەبووین کەس ناتوانێت فەرمانمان بەسەردا بکات هەر بۆیە سبەینانێکی زوو جەنەراڵ هەموو جەنگاوەرە کوردەکانی بینی بە سەر زینی ئەسپەکانەوە بوون کە چوونە گردێک نزیکی کەمپەکە و لەوێدا ڕەشماڵیان هەڵدا و لە دوورەوە ئاشقی ئەو مۆزیکە خۆش نایابە بوو کە کوردەکان دەیان چڕی.

هاتنی فاتەڕەش دووبارە بۆ ئەستەنبوڵ سەرەتای جەنگی کرایمی بیری خەڵکی سەر شەقامەکان دەخستەوە بۆیە بە تامەزرۆوە لە فاتەڕەشیان دەڕوانی هەوڵیان دەدا بیدوێنن و قسەی لەگەڵ بکەن.(17)

مێژووی بولگارييەکا فاتەڕەش لە کاتی هێرش بردندا ندا ناوێکی نەناسراوە، تەنها لە شوێنکدا ناوی هاتووە ئەویش لە پەرتووکی بیرەوەرێکانی هرێستۆ ستامبۆلسکی (Hristo Stambolski) ساڵی 1972: 38 ستامبۆڵسکی.. لە زاری ستامبۆڵسکيیەوە فاتەڕەش و چەکدارەکانی ژنێکی تورەی سەرکەش قینلەدڵ و دڵڕەق و شەڕانگێز بوو، جارێک لە کەمپی (Kulbokluk) ڕاهێنانی دەکرد لەسەر تیرهاوێژ و نیشانەپێکان لەوکاتەدا باپیرە (Nenko) کە خەڵکی شاری (Sheynovo) بووە فاتەڕەش نیشانەکەی بە باپیرە نینکۆ پێکا و لەخوێنی خۆيدا گەوزاندی هەتا مرد.

شێواندنی ناوی فاتەڕەش لەلایەن تورکەکانەوە بە فاتەڕەشی تورکی. زۆرن ئەوانەی کە هەوڵی شێواندنی فاتەڕەشی کوردانیان داوە، بەتایبەت لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا ژنێکیان دروست کرد بە هەمان ناوەوە وەک سەرکردە و قارەمانی جەنگ نیشانیان دەدا. ڕۆژنامە و گۆڤارەکان زۆریان لەسەر دەنووسی و وێنەکانیان لە کوچە و کۆڵانەکاندا بڵاو دەکردەوە، ئەم کارەش هەر بۆ ئەوە بوو تا فاتەڕەشی کوردان لێڵ و بزر بکەن و ناوی لە بيری خەڵکیدا نەهێڵن، چونکە لە دوای مەرگی فاتەڕەش بە دەیان ساڵیش لەناو تورکەکاندا باس هەر باسی قارەمانێتی فاتەڕەشی کوردان بووە، هەر بۆ ئەوەش قەرەفاتمیان هێنایە مەیدانەوە و تا ئاستی پێویست نەک لەلای تورکەکان بگرە لەلای کوردەکانیش فاتەڕەشیان شیواند. محەمەد بایراک لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ژنی کورد) بە ڕوونی ئاماژە بە بوێری و ئازایەتی و جیاوازی کارەکتەری ژنی کورد و فاتەڕەش بە نموونەی جەربەزەیی و ئازایی و سەربەخۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت: تورکەکان هەوڵی شاردنەوەی ئەم توانای ژنە کوردەیان داوە و ویستویانە لەنێو کەلتوری خۆیاندا بزری بکەن، هەروەها دەڵێت: بەدرێژایی مێژووی ئیمپراتۆی عوسمانی ژنێک نەبووە بەشداری لە جەنگدا کردبێت جگە لە فاتەڕەش.

لەدوای ئەو ناو و ناوبانگەی بەخشرایە فاتەڕەشی کوردان هەر لە شازادەی کوردستان و ئامازۆنی نوێی کورد و ورنلیۆ ژنێک لە زێر و...هد، جگە لە خەڵاتی ئازایەتی لەلایەن سوڵتانەوە و سەدان وتار و دیدار لە سەردەمی خۆیدا لەگەڵ فاتەڕەش و جیاوازی جێندەری و مافی ژنان و لە نێوان تورک و کوردا سەدان بەڵگەنامە بەتەواوەتی لە مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانی و مێژووی جیهاندا چەسپا کە ژنە کوردێک پاڵەوانی جەنگی کرایم بووە نەک ژنە تورکێک.

ئەمە بۆ تورکە فاشیستەکان جێگەی قبوڵ نەبووە، بۆیە زوو کەوتنە خۆیان و لە سەردەمی ئەتاتورک (مستەفا کەمال) فاتەڕەشێکی درۆینەیان دروست کرد و ناو و وێنەیان بەتەواوی تورکیادا بڵاوکردووە و داستانی درۆینەی زۆریان بۆ چنیيەوە تا لە هزر و بیرەوەری تاک بە تاکی تورکیادا فاتەڕەشی کوردان لەبیر بەرنەوە و بەشێوەیەک ناوی فاتەڕەشیان شێواند کەجێگەی داخە بە دەگەمن کوردەکان خۆشیان بۆیان جیا دەکرێتەوە و کێ پاڵەوانی ڕاستەقینەیە! هەر بۆ نموونە مۆزەخانەی کوردی لە وڵاتی سوید (Kurdish Exile Museum) هەروەها ماڵپەری مێژووی کورد (saradistribution) کە ماڵپەرێکی مێژووی کوردییە لە تۆمارێکيدا وێنەی قەرەفاتمی تورکییان داناوە بە کورد ناساندویانە بەشێوەیەک تێکەڵيان کردووە و وێنەی فۆتۆگرافی قەرەفاتمی تورکان و نیگارەکانی فاتەڕەشی کوردانیان پێکەوە داناوە! لەکاتێکدا سەردەمی فاتەڕەشی کوردان و قەرەفاتمی تورکان 65 ساڵ زیاترە ئەوکات بۆ دەردەکەویت پیلانەکانی تورک بۆ سڕینەوە مێژووی نەتەوەیەکی وەک کورد چۆن سەرکەوتوو بووە.(18) فاتمە سەحەر (Kara Fatma) فاتەڕەشی تورکەکان ناوی تەواوی فاتیمە سەحەر ئیردەن (Fatma Seher Erden) لە ساڵی 1888 لە شاری داگیرکراوی باکووری کوردستان لە ئێرزڕووم لەدایک بووە. لە دوای ڕووخانی عوسمانلی و لە سەرەتای جەنگی جیهانی لە ساڵی 1919 دەچێتە سیڤاس ئەو شوێنەی کە مستەفا کەمال گۆنگرەی تێدا دەبەستێت و لەگەڵ مستەفا کەمال پەیوەندی دەگرێت و دەبێتە دۆستی لەپاش ئەوە مستەفا گەماڵ گروپێکی 45 ژنی بۆ ڕێک دەخات و فاتمە سەحەر دەکاتە سەرۆکی گروپەکە ئیتر لەدوای گەورەکردن و ڕێکلامی جۆراوجۆر بەخواستی ئەوەی لە مێژووی تورکدا ژنێک هەبێت هاوشیێوەی فاتەڕەشی کوردان، چونکە ئەوان باش ئەوە دەزانن تەواوی ڕۆژنامە ئەوروپی و ئەمریکييەکان فاتەڕەشیان بە کورد ناساندووە زیدی یەکەمی فاتەڕەشیان بە کوردستان و چیاکانی کوردستان ناوبردووە لە ڕۆژنامەیەک نیيە لەو ڕۆژنامانە نەڵێن: فاتەڕەش شازادەکەی کوردستان هەر بۆیە بە بەرنامە فاتمە سەحەری تورکیيان گەورە کرد و لە هەندێک شوێندا دەڵێن: بەشداری جەنگی گریکەکانی (یۆنان)ی کردووە سەرکردایەتی 700 چەکداری پیاوی کردووە.

هەتا توانیان فاتمەسەحەر بکەنە ژنە پاڵەوانێکی درۆینەی تورک، هەرچەندە لە ماڵپەڕی بەتلیسی ئەویش بە کوردی ئەرزەڕووم دەناسێنن، بەڵام وەک خۆم هیچی شتێکی ئەوتۆم بەرچاو نەکەوتەوە جگە لەوەی لە شارێکی کوردی وەک شاری ئەرزەڕوومی باکووری کوردستان لە دایک بووە.

خۆشبەختانە هیچ ڕۆژنامەیەکی ئەوروپی و ئەمریکی ناویان نەهێناوە بەشێوەیەکی تر ئەوەندە گرنگیان پێ نەداوە، هەروەها لە ساڵی 1920 خەڵاتی ژنی ئازایان پێ بەخشی هاوکات چی بۆ فاتەڕەش کراوە هەمان شتیان بۆ فاتمەسەحەر دووبارە کردووەتەوە بەوەشەوە نەوەستان لە 27/4/2017 دا زنجیرە درامایەکیان بە ناوی (قەرەفاتم) لە 25 زنجیرە تۆمار کرد بەوەش ئەوەندەی تر گرەوی درۆینەی خۆیان بردەوە و فاتەڕەشی کوردان و شازادەکەی کوردستانیان لە هزری تاک بەتاکی کوردا کاڵ کردەوە بەشێوەیەک کاریان لەسەر کرد ئەستمە کە باسی قەرەفاتم بکرێت و ئەو درامایە نەیەتە خەیاڵ تورکەکانەوە.

لێرەدا ئەوەی ماوە بیڵێين خواستی ئێمە گەڕاندنەوەی فاتەڕەش بوو بۆ زێدی یەکەمی خۆی کە کوردستانە، کوردە لە بەرئەوەی تورکەکان هەوڵێکی زۆریان داوە تا لە کلتوری خۆیاندا بە تورکی بکەن و بیتوێننەوە، کە ئەم کارەیان بۆ نەکراوە و سەری نەگرتووە، پاشان هاتوون و دەڵێن: فاتەڕەش سەر بە یەک لە هۆزە تورکمانەکانە بە ناوی هۆزی (سینمیلی)يەوە (کە بە دیدی ئەوان هۆزێکی تورکمانیيە) هەربۆیە بەپپێ تەواوی ئەو بەڵگانەی خستمانە ڕوو فاتەڕەش دوور یان نزیک دڵۆپێک خوێنی تورکی یان تورکمانی لە جەستەییدا نەبووە نە لە هۆزی تورکی و نە تورکمانی لە دایک نەبووە، بەڵکو لە چیاکانی کوردستان و لە دایک و بابێکی کورد لەکوردستان لەدایکبووە، ، بەڵگەش بۆ کوردبوونی فاتەڕەش ئەوەندە بەسە کە سوڵتان عەبدولمەجید پێی دەڵیت: تۆ بەو هەموو ئازایەتیيەوە بۆ تورکی نازانیت!؟ وەڵامی فاتەڕەشیش بێسڵکردنەوە دەڵێت: ئەگەر تۆ کوردی بزانیت پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت.

نەک هەر تورک و تورکمان نەبووە، بەڵکو زمانی تورکیشی نەزانیوە! بەپێچەوانەوە لە پەرتووکەکەی کامەران بەدرخاندا ئاماژە بەوە کراوە کە فاتەڕەش جگە لەوەی بە سوڵتانی وتووە: ئەگەر تۆ کوردی بزانیت پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت بەڵکو دەڵێت: ئەگەر تۆ تورکت بناسیبایە، بە تورکی قسەت نەدەکرد.

کەواتە فاتەڕەشی کوردان بەپێی ئەو بەڵگەنامانە ناوی ڕاستەقینەی فاتەڕەش (Asiye)يە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد. لە ڕۆژنامەی (L' ILLUSTRAT دوامەنزڵگای فاتەڕەش، وێنەی (ئامینە بارینە) کە خەنجەرەکەی فاتەڕەشی بەدەستەوەیە

ION 1854 N 581 KARA FATIMA, L' HEROÏNE DU KURDISTAN) بە قەرەفاتم پاڵەوانی کوردستان ئاماژەی بەناوی کردووە. هەروەها لە ڕۆژنامەی (Pall Mall Gazette, November 1887) بە ئامازۆن واتا پاڵەوان ناوی هێنراوە. لەسەر هەندێک لە گرافیک فۆتۆکان هەندێک لە ڕۆژنامە فەرەنسييەکان بە (le princesse kurde) ناوی هێنراوە واتا شازادەکەی کوردستان.

بەپێی تەواوی بەڵگەنامە و ڕۆژنامە بیانی و تورکی جیهانێکان (فاتەڕەش) کورد بووە لە چیاکانی ماراشە وە هاتووە وەک یەکەم ژن لە میژووی سوپای عوسمانی بەشداری خوێناویترین جەنگی کردووە لە سەدەی 19 کە ئەويش جەنگی کرایم بووە. بە هيوای ئەوەی ئەم نووسينە دەروازەيەک بۆ ئاوڕدانەوەی زۆرتر لە ژيانی ئەم نێودارەی کورد و دەيان کەسايەتی و زانا و هەڵکەوتووی تر کە هێشتا لە لاپەڕەکانی ميژوودا وەکو پێويست تۆمار نەکراون و ژيانيان بە نادياری ماوەتەوە.

پەراوێز و سەرچاوەکان:

(1) مشاهير الکرد وکردستان في العهد الاسلامي، محمد امين زکي بک، ترجمة: سانحة زکي بک، جزء الثاني، الطبع: 1945 بغداد الناشر: مطبعة النقيض الاهلية، بغداد

(2) تاریخ خوی محەمەد ئەمین ریاحی لاپەڕە 275

(3) داستانی زری خانم لە پەرتوکی دکتۆر محەمەد حسێن پاپلی ئێزیدی بە ناوی شازادە حمام بە زمانی فارسی. و الدر المنثور في طبقات ربات الخدور و المشاهير النساء، تالیف زينب فواز

(4) Survival among the kurds, history of the Yezidies 1993

(5) ژنی کورد لە مێژوی جولەکەدا، ئەسینات بارزانی، جوان عومەر (ئاوێنە)

(6) The.illustrated-news London.12.6.1854

(7) ئەم وێنەیە لەلایەن (Neuville) کێشراوە، ساڵی 1867 لەلایەن (Le Tour du Monde) لە پاریس بڵاوکراوەتەوە.

(8) Der Adler von Kurdistan Kamuran Aali Bedir-Khan, Herbert Oertel Voggenreiter, 1937 - 144 pagina's

(9) وەڵامی نامەکەی ئەنیستوتی شاری ماراش:

Maraş Avucumda [email protected] Ma 26-10-2020 21:21 Merhaba, Kara Fatma'yla ilgili bildiğim her şeyi, ilgili yazılar altına ekledim. Gerçek kimliğine dair daha fazla bilgim yoktur malesef... (10)Caroline (2005). Osman's Dream: The History of the Ottoman Empire

بەدرێژایی مێژوو دوژمنانی کورد ئەوەی لە بەرژوەندی خۆیان بووە کردویانە بەناوی خۆیانەوە بەپێچەوانەشەوە ئەوانی تریان خستووەتە ئەستۆی ئێمە بڕوانە (سوارەی حەمیديیان) و کۆمەڵکوژی ئەرمەنييەکان هەموو هەوڵێکیان دا تا کۆمەڵکوژی ئەرمەنیيەکان بخەنە ئەستۆی کورد، هەرچەندە پریشکی ئەو ئاگرە ئێمەشی سووتاند، بەڵام نەیاتوانی ئەو کارە دزێوە دژە مرۆڤایەتيیە بەسەر کورددا بچەسپێنن. یەکەم دەوڵەت و دەوڵەتدار نەبووین، دووەمیش ئەوەی سوارەی حەمیديیان کردوویانە دژی ئەرمەنييەکان پەچەکرداری (دەشناک)کەکان بووە کە دەستیان لە کوردەکان نەدەپاراست و سەدان ژن و پیاو و منداڵی کوردیان ئەتک کرد، دواجار کە سوپای عوسمانييەکان هاتن بۆ بەرگریکردن لە تورەکەکان، دووبارە کوردەکان وەک هەمیشە بێکەس و تەنيا مانەوە، بۆیە بەناچاری چەند سەرۆک هۆزێکی کورد داوایان لە سوڵتان حەمید کرد تا کۆمەکی سەربازيیان بکات و سەر و ماڵیان لە چەتەکانی (دەشناک) بپارێزن سوڵتانیش ئەو داوایەی قبوڵ کرد و ئەوانەش بوون بە سوارەی حەمیدیيان لە تۆڵەی ئەو کارەساتەی بەسەر ژن و کچ و پیر و پیاوی کوردیان هێنابوو لە ئەرمەنييەکان تۆڵەی خۆیان سەندەوە. هەرچەندە نامەوێت بە وشەیەکیش پشتگیری و شەرعييەت بەو کارەی بدەم کە کردووەیانە. وێنەی باشی بوزوق لە دوای ساڵی 1883


(11) باشی بوزوق (Başıbozuk) بەزمانی تورکی و لە سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانیدا بەو کەسانە وتراوە کە بە جۆرێک سەربازی نیزامی نەبوون و لە سوپای عوسمانیدا بوون، زۆرینەی ئەو باشی بوزوقانە کورد و ئەڵبان و شرکس بوون بەگشتیش بە هەموو ئەوانە وتراوە کە تورک نەبوون. ئەم باشی بوزوقانە بە ئازایەتی و چاونەترسی ناسراوبوون و هەندێک جار بۆ سوپای عوسمانیش بەڵا و کێشە بوون بەتایبەتیش کوردەکان، هەروەها باشی بوزوق لەڕاستیدا نازناوێکی خراپیان هەبووە و پیشە و کاریان چەتەیی و ڕاووڕووت و دزی و سەرکێشی بووە.

(12) 19/12/2019The Kurdish national movement: its origins and development, pg. 45

(13) لەهەندێک شوێندا وشەی ئامازۆن یان ئامازۆنی نوێ (The new Amazon) و ئۆرنلیۆ (Orléans) بەکار هاتووە بۆ فاتەڕەش بەگرنگی دەزانین کە سەبارەت بەهەردوو وشە ڕوونکردنەوەیەک بدەین. ئامازۆن (Amazon) واتای سوپەر پاڵەوان، پاڵەوانێکی نموونەی (SuperHeroes) لەهەمان کاتیشدا ناوچيیەکە لە بەرازیل..

(14) هەرچەندە ناوی شارێکە لە فەرەنسا بەڵام چاوگی وشەکە گریکیە و بۆ ناوی کچان بەکار هاتووە واتا کچێک یان ژنێک لە زێر (gold)

(15) ئەبێت لێرەدا ئەوە ڕاستبکەینەوە کە ئەو ڕۆژنامەیە زانیاریەکانی یان لە کاتی تایپکردندا لە بری 500 چەکدار ئاماژەیان بە 500 ژنی کورد کردووە، ئەوەی شایەنی باس بێت فاتەڕەش تەنها دوو کچە کارگوزاری لەگەڵدابووە، هەندێک لە پیاوەکانیش خێزانەکەی خۆیان پێ بووە و لە پشتی خۆیانەوە لەسەر ئەسپەکان بوون نەک 500 ژن.

(16) ئەم ژنە کوردانە بەرۆحێکی فەناتیزمەوە (Fanatisme) چیاکانی کوردستانیان جێ هێشتبوو پاڵنەر و ئامادەین تەنها بۆ ئەوە بوو لەژێر ئاڵای پەیامبەرەکەیاندا لە چیاکانی کوردستانەوە لە ئاشتی و ئاراميیەوە بەشداری ئەو جەنگە بکەن (LaIlustracion1854a) ژمارە

(17) ڕۆژنامەی پاڵ ماڵی ڕۆژی سێشەمە 13/10/1887 ژمارە 7043 he Pall Mall Gazette, Thursday 13 oktober 1887, nummer 7043)

(18) لێرەدا دەمەوێت ئەوەتان بیر بخەمەوە کە ئەمە تەنها یەکەم پیلانی تورکان نەبووە لە سەردەمی مستەفا ئەتاتورکدا، بگرە پێشتریش هەمان کاریان کردووە لەگەڵ (سمکۆی شکاکدا) هەر بۆ نموونە لێرەدا باسی ئەو نامەیە دەکەین کە لە یادداشتەکانی (ڕەفیق حیلمی) بەرگی دووەم، لاپەرە 387 هاتووە: قۆماندانی جەنگ (بەسری بەگ) سەرۆک ئەرکانی جەنگ بە ئیمزای خۆیەوە ناردویەتی بۆ (بوز دەمیر) لە ڕواندز (بوز دەمیر) لە ژێر ناوی (وثیقەی ژمارە 9 لە دەفتەری یادداشتەکان نووسیویەتی) سیمتقۆ هەڵبەت مەبەستی (سمکۆی شکاکە) تورک و ئێرانييەکان بەو جۆرە ناویان بردووە! دەنووسێت: سمکۆی شکاک کابرایەکی فێڵبازە، بەهۆی زیرەکی خۆیەوە ئەو خەنجەرەی هەڵی گرتووە بۆ کاتی خۆی دەیوەشێنێت، ئەم کابرایە بیری سەربەخۆیی لە کەللەيدایە. هەروەها دەڵێت: سمکۆ لە ناو هۆزە کوردەکاندا پلەو پایەی گەورە بووە. دەسەڵاتی پەیدا کردووە کە ئەوەش بۆ حکومەتی میللی ئێمە واتا (حکومەتی مستەفا کەمال) دەست نادات. تێکچوونمان لەگەڵیدا بۆ ئێمە باش نيیە. لە ئێستادا ئەگەر ئێوە بتوانن مەبەستی (بوز دەمیرە) هەوڵی ئەوە بدەن و پڕوپاگەندی بڵاو بکەنەوە لەناو عەشایرەکاندا و هانیان بدەن ببن بە دوژمنی سمکۆ(ئینگلزەکانیش هەر هەمان ڕێگەیان گرتبووە بەر لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفیدا) بەڕاستی بەوە خزمەتێکی گەورە بۆ حکومەت جێبەجێ دەکەن، بڵاوی بکەنەوە کە سمکۆ بە پارەی ئینگلز ئەم شۆڕشە دەکات بۆ قازانجی خۆی و ئینگلز خوێنی کوردەکان دەڕێژێت. ئەمە کاری 100 ساڵ بەر لە ئێستای تورک بووە سوپاس زۆری بەرێز؛ ڤیان فەرەج دەکەین بۆ نووسینی ئەم بابەتە هەندێک زانیاری پێداین.