پەیکەری ئافرەتە خڕ و خەپانەکان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

D0544.jpg


  • با خڕ بێ، با خڕ بێ
  • مەمکۆڵەی سوخمە دڕ بێ

پیاوان بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو کەڵچەرێکدا حەزیان لە مێینەی خڕو خەپان و گۆشتنە، سمتی پانوپۆڕ هەوەسیان دەوروژێنێت بە بێ ئاگایی لە هێزی پاڵنەری ڕاستەقینە. لە بەر ئەوەی لە دی ئای ئێنیاندا مێێنەی لەو شێوەیە؛ کەمەر پانو پۆڕ، نەوەی باش دەخەنەوە، هەقیقەتی بوون و هێزی هەژێنیش بەردەوامبوونە، بۆیە لە شەقامەکاندا ئاوڕ لە مێینەی سمت خڕ دەدەینەوە، هەر بۆیەش کارداشیان بە سمتی هەموو جیهانی وروژاندووە و بژێوی ژیانی لە سەر سمتیەتی. بیرم دێ هەر کاتێک ئافرەتان لە کوردستان باسی جوانی کچێکیان دەکرد، دەیان ووت ؛ ئا ئەمە تەختی دەموچاویەتی !! سمتی هێندە پان و پۆڕە بەو دەرگایەدا ناچێت ! ئیتر ناچار کچانیش هێندەی تر سمتیان پان و پۆڕ دەکردن. قوڕ بە سەر ئەو کچەی سمتی نەبوایە، دەیان ووت ؛ ئەڵیی تانجی گەڕە. وەک دەزانین زۆر جار قەڵەویی لای ئەو گەلانەی کە زیاتر هەژارن و گۆشت گرانە و کەمە بۆ کڕین، ئاواتیان گۆشت خواردن بووە و ئافرەتی خڕوخەپان ئایدیالیان بووە، خڕوخەپانی نیشانەی زۆری خواردن و تەندروستی باش بووە، هەتا ئەم سەردەمەش وەک لە کوردستان، لای خێلەکانی ئەفریقاش باس باسی خروخەپانی ئافرەتە وەک باری تەندروستی باش و دڵگیر لە بەر کەمی خواردنە، هەر بۆیەش کابرای عارەب دەی گووت ؛ مەمکی زل بۆ دەستبازی ئێمەی پیاوان باشە و لە هەمان کاتا بەسودە بۆ زارۆکەکانمان بە شیری زۆر، بەڵام ئاغای عارەب باسی سمتی پان و پۆڕی خانمی نەدەکرد، چونکا ئەگەر سودی مەمک زلی بۆ زۆری شیر دەگەڕاندەوە، ئەوا نەی زانیوە چۆن بەڵگەی سودبەخشیی بۆ سمتی پان و پۆڕ بهێنێتەوە.

ئەوەی لە مێژەوە جێێ سەرنج و لێکۆڵینەوەی ئەنترۆپۆلۆگەکانە، پەیکەری ئەو ژنە سمت پان و پۆڕانەی سەردەمی کۆکەرەوەی دانەوێلەو ڕاون، هەندێکیان مێژویان بۆ بیست تا چل هەزار ساڵ لە مەو بەر دەگەڕێتەوە، واتە؛ قۆناغی یەکەمی گەشتنی ئۆمۆسپیان لە ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا، ئەو کاتەی پلەی گەرما لە هاویندا نۆ پلە بووە، لە زساتاناندا بیست و پێنج پلە لەژێر سفرەوە بووە. چۆن ڕێی تێ دەچێت کەسانێک ئەگەر مێینەی دووگیانیش بن، لەو سەردەمەدا هێندە گۆشتن بووبن، چونکا ئەوان ژیانیان هەمیشە لە جوڵە و لە کۆچکردندا بوون، ئەو جۆرە ژیانەش ڕێگەی بە کەڵەکە کردنی هێندە چەوری نەداوە، جگە لەوەی ئاژەڵانی ڕاو چەوریان زۆر کەمە، بە پێچەوانەی ئاژەڵانی ماڵیی سەردەمی کشتوکاڵی، ئەی کەواتە پەیکەری ئەو هەموو سمت خڕ و مەمک زلانە چۆن و بۆچی ؟ بە پێی لێکۆڵینەوەی ئێسک، سەلمێندراوە کە ئەوان کەمییان لە خواردن نەبووە و خراپ خواردنیان نەخواردووە، لە هەمان کاتا خواردنی زۆریشیان نەبووە هەتا بەو جۆرە قەڵەو بن وەک مرۆڤی سەردەمی مۆدێرن بە چەوری ماکدۆنالد و سۆدا و کەمی جوڵە.

چەندەها ساڵ لە مەوبەر کاتێک گوێم لە مامۆستاکەم بوو دەربارەی پەیکەری ئەم ژنە گۆشتنانە، دەستەواژەی ؛ خواوەند و ڤێنوسی بەکار دەهێنا، تۆزێک بە نامۆ دەهاتە بەرگوێم، بە بێ ئەوەی بتوانم دژی بۆچوونەکانی بوەستمەوە. ئەم پەیکەرانەی کە ناونراوون ؛ ڤێنوس و خواوەند، وەک سەرنج دەدەین، سەریان نیە، دەست و قاچیان بە هەمان شێوە گرنگییان پێ نەدراوە، ئەوەی گرنگی پێ دراوە و خراوەتە پێش چاو، مەمک و سمتە. ئەم نیشانانە چەند سەرەداوێکمان پێ دەدەن، بەڵام ئێمە ناتوانین بە دروستیی لە ژیانی ئۆمۆساپیانی چل و پێنج هەزار ساڵ لەمەو بەر تێبگەین.

بێ شک هەر گروپە و بە جۆرێک ژیاون، ئەوان مرۆڤی دڕندە و پیس و پۆخڵیش نەبوون، پیاوان و ژنانانیان زۆر گرنگیان بە جوانی و خۆ نمایشکردن داوە بە بازنگ و گوارەی دانی ورچ و شاخی ئاسک و کاکڵەی ئاژەلی دەریایی بۆ پاوانە و دروستکردنی ملوانکە و ڕەنگا و ڕەنگ کردنی جل و بەرگ لە پێست، نزیکەی حەفتا هەزار ساڵ لە مەو بەر، بەڵام نیشاندانی وێنەی ئافرەتی قەڵەو مەبەست لە ئافرەتی زاڵ نەبووە.

چەندەها بۆچوون و لێکدانەوە هەنە لە سەر ئەم پەیکەرانە و بۆچونەکانیش بە پێی سەردەم دەگۆڕێن؛ کاتێک ئێمە لە ئۆبژەیەک دەڕوانین ئەوە دەبینین کە هزرمان توانای هەیە بیبنێت، یان دەیەوێت بیبینێت، بەو هەقیقەتەی پێی گەیشتووە، نەک جەوهەری ئۆبژەکە خۆی، کاتێکیش دەمانەوێت لە چۆنایەتی ژیانی خۆمان تێ بگەین لە ئەشکەوتەکاندا، ئەگەر لە ژێر ڕۆشنایی دۆزینەوە ئارکیۆژیەکانیشدا بێت، ئەوا بە پێی هزر و بۆچونی سەردەمەکەمان لێکدانەوەی بۆ دەکەین ؛ سەیستەمێکی باوک سالاری یارمەتیمان نادات بۆ ناساندنی خانمی ساپیان وەک کەسایەتیەکی ئازاد و بڕیاردەر، بە پێچەوانەشەوە سیستەمێکی فەمینیستی وەک ئەمڕۆ، زیادەڕۆیی دەکات و بە لاڕێدا دەمان بات لە دەوری مێینە لە ئەشکەوتەکاناد.

دوای شەڕی جیهانی دووهەم، لە ئەوروپا، لە میدیا و لە ناو خەڵکیدا هەردەم مێینەی دووگیان پیشان دەدران و بایەخیان پێ دەدران لە بەر ئەوەی ڕێژەی دانیشتوان و نێرینە بە شیوەیەکی رادیکاڵ کەمی کردبوو، هانی مێینەیان دەدا بۆ زایین، پێ دەچێت لەو سەردەمەشدا ئەو پەیکەرانە هەمان دەوریان بینیبێت و بەهەمان مەبەست دروستکرابن. یان خستنەڕوی هێزی دایک و ئازاری زایین بۆ پیشاندانی شوناسی مێینە و و رۆڵیان لە مێژویی مرۆڤایەتیدا. بەڵام بە پێی زانیاری، ئەوان هێندە گۆشتن نەبوون لەو سەردەمەدا، نیشاندانیان بەو شیوەیە، خستنەڕوی شۆخ و شەنگیانە وەک مێینەی پێوسیت، پێ دەچێت گرنگیدان و هاندان بێت بە زایین کە لەو سەردەمەدا پێویستیەکی بنەڕەتی بووە.

پەیکەری ڤێنوسی (Hohle-fel).jpg

پەیکەری ڤێنوسی (Hohle-fel)

یەکێک لەو پەیکەرانە، پەیکەری ڤێنوسی (Hohle-fel) یە، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 35 هەزار ساڵ لە مەوبەر، وەک سەرنج دەدەین مێێنەیەکە بە جەستەیەکی ئێجگار خۆسەپێنەرەوە بە ڕوکەش. خۆمان لە بەردەم لەشێکی بە توانا و پانوپۆردا دەبینینەوە، داتاشینی قەڵافەتێکی مێێنە بەو جۆرە، هێزی مێێنەیی و هێزی زایینی ئەومان نیشان دەدات، بەڵام جەستەی ڕوشاوە و شێواوە بە خەت و چاڵ و چۆڵ، هەستیش ناکەین ئەو خەتانە کاری ڕێکەوت بن، واتە لە گەڵ زەمەن و بە هۆی روداویی مێژویەوە دروست بووبن لە سەر پەیکەرەکە. وا دەبیرێت کە خەتەکان و شێواندنی شکڵەکە لە لایەن هونەرمەندەوە بڕیاردرابن بە ویست بۆ گوزارشتکردن لە جەستەی مێێنە بە هۆی زایینەوە، گوزارشتە لە ئازار و ئەشکەنجەی بەردەوامی مێێنە بە هۆی زایینەوە، گوزارشتە لە باری گرانی ئەوان وەک مێینە بە بەردەوامی، وەک عیسا بە سەر خاچا، چونکێ بە پێی سەرنجدان لە نەخشی سەر دیواری ئەشکەوتەکان، دەتوانین بڵێین کە ئەوان لە ڕوی گوزارشتەوە توانایان لە مرۆڤی مۆدێرن ئەگەر زیاتر نەبووبێت ئەوا کەمتر نەبووە، بێ شک باسی بزوتنەوەی کوبیست و سوریالیست ناکەین، بەڵام زۆر لە نەخشەکانیان ئەو راستیە دەسەلمێنن، لەو سەردەمەشدا هونەری ئەپستراکت بە تەک هونەری فیوگوراتیڤەوە بوونی هەبووە.

هەوەرها دەتوانین ئەو پەیکەرانە وەک مۆدێلێکی جوانی و ئێرۆتیزمی ئەو سەردەمە ڕەچاوی لێ بکەین، ئەگەر هەندێک کەس ناوی خواوەندی مێینەیان لێ ناون بە هۆی مێژوەکەیەوەیە، نەک وەک خواوەندی ڕاستەقینە بۆ پەرستن، چونکا ڕێی تێ ناچێت ئەو پەیکەرانە چەندەها هەزار ساڵ بە مەبستی خواوەند دروستکربن و لە سەردەمی نوسیندا ئەم زانیاریانە نەگواسترابنەوە. خۆ ئەگەر بە خواوەند ناچوێنرێن، لە بەر ئەوەی هێزی جەستەییان خراوەتە ڕوو نەک هێزی سپیریتویڵ، هەروەها زۆر دەستکاری کراون، واتە لە شوێنێکدا دانەنراون بۆ پەرستن. ئایا بۆ ورووژاندنی هەوەسی نێرینە بووە ؟ ڕێی تێ دەچێت دەوری فیلمی ڕوت و وێنەی ئافرەتی ڕوتیان بینبێت بۆ ورووژاندنی هەوەس. دووگیانی ئەو هەوەسەی زیاتر زەق کردبێتەوە.

هەندێک لەم پەیکەرانە کە مێژویان بۆ یەکەم سەردەمی مرۆڤی ساپیان دەگەڕێتەوە، بە مەبەست خراونەتە ژێر گڵەوە، ئەم کارەش لە جێگای تر و لەکۆمەڵگەی تردا بە هەمان شێوە دووبارە بۆتەوە، بۆیە وەک ڕیتوێلێک یان وەک کارێکی جادوگەری و شامانیسم و ئیمانیش رەچاوی لێ دەکرێت.

بەڵام ئێمە ناتوانین باری ژیانی مێێنە و ژیانی ئۆمۆساپیان بە تەنها بە باری ژیانی کۆمەڵگەیەکەوە ببەستینەوە لە ئەشکەوتێکدا، ئۆمۆساپیان لە شوێنی جیاواز و بە شێوەی جیاواز ژیاون، وەک ئەمڕۆ لە ژیانی مۆدێرندا لەگەڵ هەموو ئەو سیستەمە پەیوەندیە خێرا و مۆدێرنانەدا، دەبینین و سەرنج دەدەین لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک تر، سیستەمی جیاواز و کۆمەڵگەی زۆر جیاواز بوونی هەیە، هەرچەندە خاڵی هاوبەشمان هەیە لە هەوەس و بە دی ئای ئێنەکانمان.

بێ شک لەکاتی دووگیانیدا مێینە خڕوخەپانتر بوون و زیاتر هەوەسی پیاوانیان ورووژاندووە، پەیکەری مێێنەی خڕوخەپان دەوری ورووژاندنی هەوەسی پیاوانیان بینیوە، لە هەمان کاتا هاندانی مێینە بۆ نانەوەی نەوەی نوێ کە بنەچەی کۆمەڵگە و بەردەوامی بووە لەو سەردەمەدا، بۆیە ئەو پەیکەرانە هەرگیز خواوەند نەبوون، بەڵکو مۆدێلێکی پەیڕەوی و هاندان بوون، سەلماندنیش ئەوەیە کە پەیکەرەکان سەریان نیە، بە پێچەوانەی پەیکەری خواوەندەکانەوە هێزی جەستەییان پیشان دراوە، ئینانا و ئیشتار هێزی جەستەییان نەبووە، واتە ؛ سمتی خڕ و مەمکۆڵەی سوخمە دڕ، لە بەر ئەوەی ئەوان خاوەنی هێزی سۆپیریتوێل بوون نەک هێزی جەستەیی، بۆیە مێینە خڕوخەپانەکان خەو و ئاواتی نێرینە بوون، ڕەنگدانەوەی هەوەسی ئەوانە لە جەستەی مێینەدا بۆ هەوەسی سێکسوێل و نانەوەی نەوەی نوێ و هێزی سروشت و لە هەمان کاتا ئەشکەنجەی مێینە لە زایین، نەک توانای سپیریتوێڵی خواوەند.

ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە کە لەم پەیکەرانەدا، هەردوو رەمزی سێکسوالیتێ و هەوەس و لە هەمان کاتا دەوری هێزی مێینە بە زایین و هێزی سروشتی ئەوان پیشان دەدەن، هەروەها ئازار و ئەشکەنجەی ئەوان بە هۆکاری کردەی زایینەوە. ............................................ هەندێک لە زانیاریەکان لە کتێبی Lady Sapiens ەوە وەرگیراوە.