ئاماده‌یی ته‌ریقه‌تی مه‌ولانا خالید له شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری دا
ئاماده‌یی ته‌ریقه‌تی مه‌ولانا خالید له شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری دا
ئارام عه‌لی سه‌عید
كه سه رده سته , هه موو مه ستانه خالد
نه مامێ باخێ كوردستانه خالد
فیدات بم نیشتمان بۆ شاره زوورت
روناكه شام و ئه سته مبوڵ به نوورت
مه‌ولانا خالیدی كوڕی ئه‌حمه‌دی كوڕی حوسێن، ساڵی 1193 ك – 1772 له‌قه‌رداغ له‌دایكبووه(1), ناسراو بووه به (ضياء ا‌لدین) (2) له‌تیره‌ی (ئالیبهگی – میكایه‌ڵی) هۆزی جافه(3), كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی جاف له (ته‌ئریخی جاف) دا ده‌ڵێ: له‌فیرقه‌ی میكایه‌ڵی یه‌كه ئاڵیبه‌گی یان پێ ده‌ڵێن, ئالی به‌گیش یه‌كێكه له‌و چوار فیرقه‌یه‌ی ناوتایهفهی میكایه‌ڵی كه به‌وته‌ی ناوبراو ئه‌م فیرقه‌یه پیاوانی موسوڵمانیان زۆربووه و خۆی گهورهكانیانی بینیوه و ههبهروهش ناسراون(4) مه‌ولانا هه‌ر له ته‌مه‌نی پێگه‌یشتنه‌وه رووی كردۆته خوێندنی زانستی ئیسلامی و زانسته‌كانی (عقلیه) و (نقلیه)ی له‌زانا گه‌وره‌كانی سه‌رده‌می وه‌كو سه‌ید عه‌بدولكه‌ریمی به‌رزنجی و سه‌ید عهبدورهحیمی برای و شێخ عه‌بدوڵڵای خه‌رپانی و مهلاعهبدولرهحیمی زیاره‌تی وشێخ موحه‌مه‌د قه‌سیمی سه‌نه‌نده‌جی یه‌وه وه‌رگرتووه و به‌هۆی هزری به‌رز و زیره‌كی و لێوه‌شاوه‌یی خۆیه‌وه توانیویه‌تی له‌زانسته ئیسلامیه‌كان به‌تایبه‌تی له (حكمت) و (كلام) دا بهپلهوپایهی به‌رز بگات (5)
هه‌روه‌ها مامۆستا ئه‌مین زه‌كی به‌گ ده‌ڵێ:- لای مه‌لا ساڵحی تهڕهماریش خوێندویه‌تی (6) وه‌لای مه‌لا جه‌لالی خورماڵی و مه‌لائیبراهیمی بیاره و چه‌ندین زانای ئایینی تری كوردی خوێندویه‌تی به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی كه چووه‌ته سنه توانی لای شێخ موحه‌ممه‌د قه‌سیم بڕوانامه‌ی زانستی وه‌ربگرێت هه‌روه‌كو مه‌ستوره‌ی كوردستانی له كتێبی (شه‌رعیات) ه كه‌یدا ده‌ڵێ: مه‌ولانا خالیدی شاره‌زووری له خزمه‌تی قهسیمدا بڕوانامه و ئیجازه‌ی فه‌تواو ته‌دریسی وه‌رگرتووه و زانستی حیكمه‌ت و ریازیات و ئه‌ستێره‌ناسی له‌لای ئه‌و خوێندووه(7) ئینجا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی و چووه‌ته لای میرزا رهحیموڵڵا ناسراوبه (ده‌روێش موحه‌ممه‌د).
ئه‌ویش سووربووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ولاناخالید بچێت بۆلای شاعیر عه‌بدوڵڵای ده‌لهی نه‌قشبه‌ندی له هندستان, ئه‌وه‌بوو ساڵی (1222 ك) له‌گه‌ڵ ده‌روێش ده‌چێت بۆ هندستان و سێ ساڵێك له‌خزمه‌تیدا مایه‌وه و ته‌ریقه‌تی وه‌رگرت و دوایی گه‌ڕایه‌وه سنه، كهلهسنه ئیجازه‌ی زانستی پێدابوو به‌ناوی شێخ موحه‌ممه‌د قه‌سیم هاته ناوتهریقهتهكهیهوه(8) كاتێكیش كه مه‌ولانا گه‌ڕایه‌وه و له‌سنه له یه‌كێك له‌حوجره‌ی مزگه‌وته‌كانی دا خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆكردووه و وتاری بۆ خوێندنه‌وه شێخ موحه‌ممه‌د قه‌سیم یه‌كه‌مین كه‌سێ بوو كه به‌ویستی خۆی له ژێر ده‌ستی مه‌ولانادا ته‌وبه‌ی كرد وهاته ریزی موریده‌كانی نه‌قشبه‌ندیه‌وه(9) جگه‌له‌مانه‌ش مه‌ولانا شاعیرێكی گه‌وره‌ی خاوه‌ن قه‌ڵه‌م بووه هه‌روه‌كو موحه‌ممه‌د ساڵح ئیبراهیمی ده‌ڵێ : له‌كتێبی (التعریف) دا كه نوسراوی مه‌لا موحه‌ممه‌دی قزڵجی موفتی گه‌وره‌ی به‌غدا بووه ئاوانووسراوه: مه‌ولانا خالید له‌زمانی كوردی و فارسی و عه‌ره‌بیدا خێوی قه‌صیده و پهراوهیهكی فره‌س و دیوانی شیعری وی له (أستانه) دا به‌فه‌رمانی پاشای وه‌خت له‌چاپدراوه. (10)
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه هێمامان بۆ كرد ناساندنێكی كورتی سه‌ره‌تای ژیانی مه‌ولانا و رۆڵی زانستی و شێوازی وه‌رگرتنی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بوو پاشان بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌كوردستاندا, له‌به‌رئه‌وه تاوه‌كو له ناوهڕۆك و جه‌وهه‌ری باسه‌كه‌مان دوورنه‌كه‌وینه‌وه ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی كه له‌ژیانی مه‌ولانا دوواین كافیه بۆ ئه‌وه‌ی بچینه‌ناو مه‌به‌ستی بابه‌ته‌كه‌مانه‌وه, هه‌ربۆیه من باوه‌ڕم وایه بۆ نووسینی ژیان و بۆ رووبه‌روو بونه‌وه‌ی سته‌مكاران و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاره‌كان له‌ژیانی سیاسی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا به ئاماده‌بوونی رۆحی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی له شۆڕش و راپهرینهكاندا به‌شداری بكات كه بووبه فاكته‌رێكی بزوێنه‌ر له جوڵانه‌وه و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی مێژووی سیاسی چه‌ندین ساڵه‌ی دوای خۆیشیدا.
كاریگه‌ری مه‌ولانا خالید له بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیدا
به‌هۆی ئه‌و كلتوره ئایینیه‌ی كه چه‌ندین سه‌ده‌بوو له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردیدا مه‌ودایه‌كی مێژینه‌ی هه‌بوو, نه‌خشی ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ له‌نێو بزاوت و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستاندا ئاشكرا‌و دیاربوو, ئهمهبووه روخسارێكی وا كه زۆربه‌ی كات پێوه‌ر و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان, به‌ته‌رازووی ئایینی ده‌پێوران, ته‌نانه‌ت هه‌ركه‌سێك به‌ناوی ئاینه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی بدابایه به ئاراسته‌ی بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی تاك و كۆمه‌ڵه‌ی كوردی به‌ئاقاری ئامانجه‌كانی خۆیدا به‌رێت و بیركردنه‌وه‌ی تاكوكۆی كۆمه‌ڵی كوردی به‌ئاقاری ئامانجه‌كانی خۆیدا به‌رێت ده‌یتوانی له‌رێگای پیرۆزییه ئاینییه‌كانه‌وه سوود له رۆڵ و توانسته‌كانیان وه‌ربگرێت, ئه‌مه‌ش به‌پێی زه‌مه‌نه‌كان گۆڕانكاریان به‌سه‌رداهات, هه‌ربۆیه چه‌ندین جار ده‌سه‌ڵاتدار و سوڵتان و میرو والی یه‌كان به‌گه‌وره و بچوكیانه‌وه, به به‌هێز و بێهێزیانهوه توانیویانه له‌م كڵاورۆژنه‌یه‌وه تواناكانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌ره‌وخۆیان كه‌مه‌ندكێش بكه‌ن, ههروههاپیاوه ئاینییه‌كان و بانگخواز و شێخ و ته‌ریقه‌ت و مه‌لاكانیش له‌م باره‌یه‌وه له هه‌وڵه‌كانیان كه‌مته‌رخه‌میان نه‌كردووه, چه‌ندین سه‌ده‌بوو شێخه‌كانی ته‌ریقه‌ت له‌ناو كورد و له ده‌ره‌وه‌ی كودریش ده‌سه‌ڵاتیان په‌یداكردبوو, مێژووی ته‌ریقه‌ته‌كان ریشه‌یان له‌پێش مێژووی سه‌ده‌كانی هه‌ژده و نۆزده‌دایه(11) به‌چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك بهربهبڵاوبونهوهی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی توانا گه‌وره‌كانی ئه‌م كه‌سایه‌تیه گه‌ورانه‌ی ناو مێژووه‌كه مانه‌وه پێویسته له ژیانی پانی ئه‌وانه بدوێنین له‌رووی چۆنیتهوه به‌وواتایه‌ی كه ئه‌و گه‌وره زانایانه چۆن توانیان كات و ساته‌كانی ته‌مه‌نیان پان بكه‌ن به‌زانست و به‌خشینی مانای گه‌وره به ژیان و پاككردنی رۆژه‌كانی ته‌مه‌نیان ببه‌خشێ روناكی و وشه‌ی جوان بۆ ده‌وروبه‌ری خۆیان, چه‌ندێتی زۆر گرنگ نییهلهتهمهنی مرۆڤدا كه چه‌ند ساڵ و مانگ و هه‌فته و رۆژ ده‌ژی, به‌ڵكو هه‌موو گیانداره‌كانیش ئه‌و ته‌مه‌نه دیاریكراوهیان له چارهنووسدایه, گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و مانایه‌ی كه پێویسته مرۆڤه‌كان بیگێڕنه‌وه بۆ ژیان و ئه‌و رهسهنایهتیهش كه له‌پێناویدا ده‌بێ بۆی ببنهمۆم بیسوتێن له له‌حزه‌كانی ته‌مه‌ندا به‌رجه‌سته‌بكرێت.
مه‌ولانا خالیدی شاره‌زووریش كه‌سێكی ئاسایی نه‌بووه كه ته‌نها پێویستمان به ژماردنی رۆژه‌كانی ژیانی بێت و كلاسیكیانه چركه‌ساته‌كانی ته‌مه‌نی به‌بێ هۆ تۆماربكه‌ین, به‌ڵكو ئه‌و كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و گه‌وره‌یی پڕبایه‌خی له چۆنیه‌تی ژیانی خۆیدا به‌رجه‌سته‌كردبوو به‌وه‌ی كه خه‌ڵكیش وه‌كو نێردراوێكی تایبه‌تی سه‌رده‌می خۆی لێیان ده‌نواڕی, سه‌رباری ئه‌و هه‌موو كۆسپ و له‌مپه‌ر و رێگریانه‌ی كه‌له‌رووی ئایینی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له به‌رده‌میدا دروست ده‌كرا, به‌ڵكو شاره‌زووری ماندونه‌ناسانه توانی له ناوچه‌یه‌كی به‌ر فراوانی گه‌وره‌ی چه‌ند وڵاتی عه‌ره‌بی و عه‌جه‌می به‌ڕوناكی رێباز و زانستی دره‌وشاوه‌ی خۆی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی جوان و رهوهنهقدار و نورانی بكا‌و بێته خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی خوایی بۆ ئاستانه‌ی رۆحه‌كان و سه‌رباری ئه‌مانه‌ش كاریگه‌ری گیانی فیداكاری و شۆڕشگێڕی له‌كوردستان ده‌بینین ته‌ریقه‌تی سوهره‌وه‌ردیش هه‌وڵی بڵاوبونه‌وه و بانگه‌وازی خۆیداوه له كوردستان له‌سه‌ده‌ی حه‌وته‌م تاوه‌كو سه‌ده‌ی ده‌یه‌می كۆچی, ته‌ریقه‌تی سوهره‌وه‌ردی له رێگای شێخ ئهبولنهجیب عهبدولقاهیر و شیخ شیهابودین عومه‌ری سوهره‌وه‌ردی برازایه‌وه كه هه‌ردووكیان له كورده‌كانی سوهره وه‌ردن و هه‌روه‌ها رێبازی خه‌ڵوه‌تی كه یه‌كێكه له‌لقه‌كانی سوهره وه‌ردی له‌رێگای شێخ عه‌بدولغه‌فاری ئه‌علا باپیره گه‌وره‌ی شێخانی مه‌ردۆخ و شێخ حه‌سه‌نی ئورامانی هاوچه‌رخی مه‌ولانا ئه‌بوبه‌كری موصهنیف و ده‌سته‌یه‌كی دیكه له شێخه كورده‌كانی ناوچه‌كانی كوردستانی نه‌گرتبۆوه(12)
هه‌روه‌كو ئه‌م ته‌ریقه‌ته دیسان ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیش به‌هه‌مان پێوه‌ر له كوردستان ته‌شه‌نه‌ی كردبوو, وهلایهنگر و مورید و مه‌نسوبی هه‌بوو, كه‌واته به‌رله‌وه‌ی مه‌ولاناخالیدی نه‌قشبه‌ندی له كوردستان ده‌ركه‌وێت و بانگه‌واز بۆ رێبازی نه‌قشی بكات رێبازی ته‌صه‌وف كه لهنهقشبهندیهوه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو گه‌یشتبویه كوردستان, مامۆستا سه‌ید تاهیری هاشمی له كتێبی (مه‌ولانا خالید و ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی) دا ده‌ڵێ : گومانی تێدانییه به‌ر له‌په‌یدابوونی مه‌ولانا خالید له كوردستاندا ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی لایه‌نگران و هه‌وادارانی خۆی هه‌بووه, به‌ڵام ده‌بێ ته‌شه‌نه‌كردن و گشتاندنی ئه‌م ته‌ریقه‌ته له كوردستاندا هاوكات له‌گه‌ڵ وه‌رچه‌رخانی باری مه‌ولانا خالید له‌وانه وتنه‌وه و فه‌تواوه بۆ شێخایه‌تی و ئیرشاد دیاری بكرێت(13)
گه‌ركه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای ژیانی زانستی مه‌ولاناو وه‌رگرتنی ئیجازه‌ی زانستیه‌كه‌ی هه‌روه‌كو سه‌ره‌تا هێمامان بۆ كرد ناوبراو ئیجازه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ موحه‌مه‌د قه‌سیمی سهنهندجهوه وه‌رگرت و ئه‌و خالیدی زۆر خۆشده‌ویست و هه‌روه‌ها بڕوانامه‌كه‌ی به‌ده‌ستی ئه‌و مۆركراوه.
دواتر گه‌ڕایه‌وه سلێمانی و به‌هۆی زانیاری زۆرییه‌وه له‌لایه‌ن پاشایانی بابانه‌وه كرایه به‌رپرسی قوتابخانه‌ی گه‌وره‌ی سلێمانی, هه‌ر له‌وساڵانه‌دا مه‌ولانا ره‌وانه‌ی زیاره‌تی ماڵی خوادهبێ و له‌وێدا تاریخی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌زمانی حاجیه هندییهكانهوه ده‌بیستێت, كه‌چی ناوی ئه‌و ته‌ریقه‌ته تا ئه‌و رۆژه به‌گوێی هیچ كوردێك نه‌گه‌یشتووه(14) ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بۆ چوونه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ی مامۆستا سه‌ید تاهیری هاشمیه كه ده‌ڵێ: بهرلهمهولانا خالید ئه‌م ته‌ریقه‌ته له‌كوردستاندا هه‌بووه, به‌ڵام لێره‌دا به‌پێچه‌وانه‌وه جه‌مال ئه‌حمه‌دی ئایین له‌كتێبی (مه‌ستوره, چه‌ند لاپهڕهله مێژوویه‌كی ته‌م داگرتوو) ده‌ڵێ : تا ئه‌و رۆژه‌ی كه مه‌ولانا زیاره‌تی ماڵی خودا له‌وێ باسی تهریهقهتی نه‌قشبه‌ندی له‌زمانی حاجییه هندییهكانهوه ده‌بیستێ, ناوی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی تائه‌و رۆژه به‌رگوێی هیچ كوردێك نه‌گه‌یشتووه (15) به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ی كه مامۆستا سه‌ید تاهیری هاشمی بۆمان روون ده‌كاته‌وه له‌رووی زانست و وانه‌وتنه‌وه و بابه‌ته‌كانی له‌مه‌ڕ فێربوون و روونكردنه‌وه‌ی رێبازی نه‌قشبه‌ندی به‌شێوازی خوێندن و فێربوون ده‌سپێكی بۆ سه‌رده‌می كه‌سایه‌تی مه‌ولانا ده‌گه‌ڕێته‌وه, مامۆستا موحه‌ممه‌د ره‌سوڵ هاواریش ده‌ڵێ : سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی تهریهقهتی نه‌قشبه‌ندی له كوردستان به‌هۆی مه‌ولانا خالیده‌وه بووه(16) مامۆستا ئه‌مین زه‌كی به‌گیش له (مشاهیر الكرد والكردستان) دا ده‌ڵێ : مه‌ولانا رابه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بووه له سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كوردستان وه‌كو ئێران و ئه‌نادۆڵ و سوریا(17) مه‌ولانا له‌ماوه‌یه‌كی زۆركه‌مدا ناو و ناوبانگی دهركردبههۆی مه‌قامی به‌رزی رۆحی و گه‌وره‌ی ئاستی زانستی و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو موریده زۆره‌ی كه له‌ده‌وریدا بوون, شێخ ره‌ئوفی شێخ مه‌حمودیش له‌یاداشته‌كانیدا ده‌ڵێ : دكتۆر عه‌لی ئهبونهوار له كتێبه‌كه‌یدا (داود پاشا) له باسی مه‌ولانا خالید دا وتوویه‌تی : مه‌ولانا له‌و رۆژانه ناوبانگی زۆربڵاو بوو بوه‌وه به‌ناو خه‌ڵكدا و حكومه‌تی عوسمانی له‌وه ئه‌ترسا كه مه‌ولاناش مه‌زهه‌بێكی تایبه‌تی له‌كوردستاندا دابمه‌زرێنێ و بڵاوی بكاته‌وه(18)
له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وكاته‌ی مه‌ولانا خالیدی شاره‌زووری (1777- 1826) كه‌وته ژیاندنه‌وه‌ی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی, ئه‌م ته‌ریقه‌ته له‌ناوخاكی كوردستاندا له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا په‌ره‌ی سه‌ند و بڵاوبویه‌وه, ده‌یان مه‌لای پایه به‌رزی ناودار له‌شوێنی جیاجیا بوونهخهلیفهی مه‌ولانا خالید بۆبڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی تهریهقهتی نوێ وبه‌هه‌زاران مورید و مه‌نسوب و سۆفی یان تێ ئاڵا, له‌پاش كۆچی كتوپڕی مه‌ولانا خالید بۆ به‌غدا (1820ز) و دواییتر له‌وێوه به‌یه‌كجاری بۆ شام دووكه‌س له‌خه‌لیفه‌كانی له هه‌موو ئه‌وانی كه زیاتر نفوزیان په‌یداكردو خانهقاكانیان بووه ناوه‌ندی (ئیرشاد) و رابه‌رایه‌تی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌ریقه‌ت كه یه‌كێكیان شێخی بیاره و ئه‌ویتریان شێخی نه‌هری بوو(19) ئیدی مه‌ولانا خالید هه‌روه‌كو جه‌مال ئه‌حمه‌دی ئایین ده‌ڵێ : دوای چه‌ند ساڵێك ناوی له‌سه‌رانسه‌ری جیهانی ئیسلامی‌دا بڵاوبوه‌وه و هه‌موو شوێنێكی به‌تیشكی عیرفان روونكرده‌وه, پاشان خۆشی له‌خاكی غوربه‌تدا واته له‌دیمه‌شق كۆچی دوایی كرد و گه‌یشت به ئه‌وینه به‌رزه‌كه‌ی خۆی(20)
زه‌مینه‌سازی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی مه‌ولانا له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد دا
كاتێك ورد ورده ده‌سه‌ڵات و قه‌واره‌ی میرمشینه كوردییه‌كان لاواز بوون و كۆتاییان هات, كه‌دواین میرنشینیان میرنشینی بابان بوو (1850ز), روخاو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ده‌ستدا, ئیدی ده‌سه‌ڵاته سه‌ر ده‌ست و خاوه‌ن هێزه‌كان كه‌له‌نێو خاكی كوردستاندا نفوزی فهرمانرهوایهتییان زۆربوو به‌رده‌وام بوون لهوسیاسهتانهی كه دژبه ده‌سه‌ڵاته ناوچه‌یی و میر و سه‌ركرده‌كانی كورد پێره‌ویان ده‌كرد, به‌تایبه‌تی له‌كاتی به‌ستنه‌وه‌ی هه‌موو ناوچه جیاوازه‌كانه‌وه به‌مه‌ركه‌زی ده‌سه‌ڵات كه‌ئه‌وكات بریتی بوو له‌ئه‌سته‌مبوڵ, چونكه قه‌ڵه‌مڕه‌وی فه‌رمانڕه‌وایانی عوسمانی له ناوچهكوردیهكاندا باڵاده‌ست بوو, له‌به‌رامبه‌ر زیادبوونی ئه‌و دهسهڵاتانهداو پیاده‌كردنی سیاسه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه زۆرێك له‌سه‌ركرده و شێخ و بنه‌ماڵه ئایینیه‌كانی كوردستان به‌هۆی نفوزی جه‌ماوه‌رییانه‌وه ده‌ستیان دایه شۆڕش و راپه‌ڕین و جوڵانه‌وه‌ی سیاسی و سه‌ربازی بۆ داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی خۆیان و به‌رجه‌سته‌كردنی خواسته‌كانیان, كرێس كۆچێرا ده‌ڵێ : له نێو كۆمه‌ڵگای پاشكهوتوی دێهاتیاندا تاقمێكی تازه له (رێبه‌ران) په‌یدا ده‌بن, ئه‌مانه (شێخان) واته سه‌رانی مه‌زهه‌بی ئایینی بوون كه به‌حوكمی ده‌سه‌ڵاتیان له‌نێو جه‌ماوره‌ی خه‌ڵكی كورددا بوون به‌جێنشینی میر و رێبه‌ر دنیاییه‌كان, خه‌ڵكانی سه‌ربه‌م تاقمه له‌نیوسه‌ده‌ی دواتردا رۆڵێكی سیاسی گرنگ ده‌بینن(21) چونكه هه‌روه‌كو له‌سیما گشتییه‌كانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیدا هاتووه له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه كاریان كردووه.
یه‌كه‌م بانگه‌شه‌ی دژایه‌تی زوڵم و بێدادی ده‌كرد.
دووه‌م: گه‌وهه‌ری ته‌ریقه‌ته‌كه باسی خۆپاك كردنه‌وه له‌تاوان و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌كانی حه‌ق و راستی و جوانی ده‌كرد
سێیه‌میان: كه‌متر خۆی له سه‌رانی ده‌وڵه‌ت و كاربه‌ده‌ستان نزیك ده‌كرده‌وه(22)
ئاله‌و رۆژگارانه‌دا مه‌ولانا خالید ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی تاقانه ئه‌لته‌رناتیفێكی شۆڕشگێڕانه‌بوو دژی ئه‌و داروباره بۆ گه‌ن كردووهی ئه‌و سه‌رده‌مه, كه ئه‌م هیوابهستنهوهیه به‌م رێباز و ته‌ریقه‌ته, ته‌نانه‌ت دوای مه‌رگی مه‌ولانا خالیدیش شێلگیرانه‌تر و به‌گوڕ تربوو, به‌رده‌وام ده‌بێ و خه‌لیفه‌كانی مه‌ولانا خالید وه‌ك شێخ شامیل (1797- 1871) رابه‌ری رزگاریخوازی داغستان و شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخانی بارزان و شێخ سه‌عیدی پیران نمونه‌ی رابه‌ره شۆڕشگێڕ و راپه‌ڕیوه‌كان ده‌بن(23) به‌مه‌ش مه‌ولانا خالید خزمه‌تێكی ئێجگار گه‌وره‌ی كردووه به ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ی كورد, چونكه له‌رێگای مه‌ولانا خالیده‌وه كۆمه‌ڵێك زانا‌و ناوداری عه‌ره‌ب و فارس و تورك تێكه‌ڵ به‌نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوون, بۆیان روون بۆته‌وه كهنهتهوهكهمان چه‌ندین زانای هه‌ڵكه‌وتوی تێدایه كه مه‌ولانا خالید نمونه‌ی زانایه‌كی پرشنگداره كه له‌دوای مردنی خۆی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی سه‌ركرده‌ی ئایینی, نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر رێبازی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی دروستبوون و رۆڵی به‌رچاویان بینیوه له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا, وه‌كو شێخ عوبه‌یدوڵڵای شه‌مزینانی (نه‌هری) و سه‌ید ته‌های نه‌هری, مه‌ی ره‌سوڵی سابڵاخی, شێخ سمایلی به‌رزنجی كونهكۆتری, شێخ خالیدی حه‌زه‌ری دیاری به‌كری و…..هتد.
لهوهسیهتهكهشیدا هه‌ست بهوهدهكرێ كه دوای ئه‌وه‌ی گه‌شتۆته شام یه‌كسه‌ر (6) خه‌لیفه‌ی خۆی بۆ (6) ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵات داناوه, ههرشهشیشیان كورد بوون(24) له‌لایه‌كی دی مه‌ولانا خالید (34) خه‌لیفه‌ی كورد و (33) خه‌لیفه‌ی سهربهنهتهوهكانی تری هه‌بوون(25) به‌شێوازێك كاریگه‌ری یه‌كێك له خه‌لیفه بهنفوزهكانی له‌باكووری كوردستان كهسهید ته‌های باوكی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌ره‌ی بووه وابووه كه پاشای ئه‌وكاته‌ی ئێران فه‌تح عه‌لی شای قاجاری بووه و دهربارهكهی داوایان لێكردووه كه‌سه‌ردانیان بكات, به‌ڵام مه‌ولانا خالید ره‌زامه‌ندی ده‌رنابڕێت و دوونامه‌ی بۆ ده‌نێرێت, له‌به‌رگرنگی نامه‌كانی مه‌ولانا خالید بۆ خه‌لیفه‌كه‌ی لێره‌دا ده‌قی هه‌ردووكیان ئاماژه پێ ده‌كه‌ین كه بۆی ناردووه و له‌كتێبی (شۆڕشی شێغ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری 1880 له به‌ڵگه‌نامه‌كانی قاجاری دا) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
كه مه‌ولانا خالید ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌رنه‌بڕیوه و له‌نامه‌ی یه‌كه‌میدا ده‌ڵێ : (دڵسۆز و جگه‌ر سۆزمه سه‌ید ته‌ها, خوا پشت و په‌نات بێت و هه‌میشه له‌شه‌ڕی هه‌وه‌س و ئاره‌زوو پارێزراوبیت, كه ده‌ردێكی گه‌وره‌یه و زۆربونی موریدانیش بۆ مرۆڤی ناته‌واو به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌یه و خوا له‌وه‌ت لابدات, دڵدانیش به‌وڵاتی عه‌جه‌م بهژههرێكی كوشنده و ژارهمار ده‌زانێ, جائیتر چوون بۆ ووڵاته‌كه‌ی ئه‌وان بۆ دیداری (شا) ی ئه‌وان چۆن ده‌بێ و هه‌رگیز لێت قبوڵناكه‌م, به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه كه دراوسێن, ئه‌وا ئاكاری جوان نواندن و دوور و دۆست بوون زیانێكی نییه, به‌یاریده‌ی خوا ئه‌مه‌ش سه‌رناگرێ, ته‌نانه‌ت ئه‌گر شاش داوای دیتنتانی كرد جا چ بگات به‌كه‌سانی له‌وپله نزمتر وه‌ڵام ئه‌مه‌یه: ئێمه ده‌روێشین و كارمان له‌دنیادا بڕانهو دوعاكردنه بۆ پاشای ئیسلام و سه‌رخستنی دیینی سه‌روه‌ر و سالارمان (درودی خوا له‌خۆی و یارانی), هاونشینی و هاوڕێییه‌تی كردنی ئه‌وانه به‌چاك نازانم و ئه‌مه‌ش له ته‌ریقه‌تی ئێمه‌دا نییه, له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه جێبه‌جێ بكه كه له‌سه‌رت پێویست كراوه و لێی لامه‌ده (فالزم ما أمرلك ولا تخالف), داهاتووشت به‌خته‌وه‌ر بێت).
نامه‌ی دووه‌میشی ده‌ڵێ: (هه‌رگیز دیداری فه‌رمانڕه‌وایان به‌چاك نازانم و دانی پێدانانێم, مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی به‌دڵی پاك و نیازهوهبێت بۆلاتان.. به‌ڵام بۆیان بپارێنه‌وه تایهزدانی مه‌زن بیانخاته سه‌ر رێگای راست, جاچ شیعه‌بن, چ سوننی, چونكه خێر و چاكه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له‌به‌خته‌وه‌ری بنده‌ستان و هه‌ژاراندایه)(26)
له‌نێو ئه‌م دوودهقهی كه ئاراسته‌ی سه‌ید ته‌ها كراوه جۆرێك لهموعانات و ناسۆری به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و گه‌وره فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌بینرێ كه ده‌سه‌ڵاتی قاجارییهكانه له ئێران‌دا, چونكه له‌وكاتانه‌دا ئه‌و سیستمه حوكمڕانیانه به‌نێوی ئایین و ده‌سه‌ڵاتی پیرۆزه‌وه خه‌ڵكانی بنده‌ست و هه‌ژارانیان ده‌چه‌وسانده‌وه و ئه‌وانه‌شی كه وه‌كو نموونه‌كانی سه‌ید ته‌های نه‌هری و خه‌لیفه و سه‌ركرده ئاینییه‌كان بوون ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی به‌رده‌وامی داوه به‌هۆی ئه‌و نفوزه زۆره ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه هه‌یانبووه به‌ره‌ولای خۆیان رایان بكێشێ و كهمتربی لهجوداخوازی و یاخی بوون بكه‌نه‌وه و پشت له‌ده‌سه‌ڵاتی بكه‌ن, چونكه ئه‌وكاته رابه‌رانی رۆحی و ئایینی و خاوه‌ن ته‌كیه و خانه‌قاكان ده‌یانتوانی ئاراسته‌ی خه‌ڵكی بكه‌ن به‌پێی ویسته‌كانی خۆیان, یانی ئه‌مه هۆكارێكی گه‌وره‌ی مه‌ترسی مه‌ولانایه تاوه‌كو سۆفی و مورید و مهنسوبه خواناسهكانیان نه‌بنه مه‌قاشی ده‌ستی میر و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و عیززه‌تی نه‌فسی خۆیان له‌به‌رده‌م ده‌ربار و كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایاندا لاواز و كه‌م بایه‌خ و بێ ئه‌رزش نه‌كه‌ن, ئینجا هه‌رله‌و دوو تێكسته‌دا و له به‌رامبه‌ر ئه‌رێ نه‌كردنی مه‌ولانا خالید بۆ سه‌ید ته‌ها تانهچێت بۆلای فه‌تح عه‌لی شا دیسان به‌رده‌وام داوای دوعای خێركردن و هاتنه‌سه‌ر رێگای راستی پادشا و سوڵتانه‌كان ده‌كا تاوه‌كو هه‌ژاران و ژێرده‌سته‌كانیان له‌سایه‌ی دادپه‌روه‌ری ئه‌واندا ئاسووده‌بن.
لێره‌دا گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری و رۆڵی سه‌ه‌ركی هه‌یمه‌نه‌ی رۆحی مه‌ولانا خالید به‌رامبه‌ر به‌خه‌لیفه و قوتابی خۆی سه‌ید ته‌های نه‌هری وه دیارده‌كه‌وێ تاوه‌كو نه‌بنه دارده‌ست و بڵندگۆی ئه‌وانه‌ی كه‌ناتوانن له‌سایه‌یاندا به‌بێ گرفت و گرێ و گۆڵ بژین, به‌دیوێكی ترداولهپاشانیشدا كه شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌بێته رابه‌رێكی مه‌زن و دیاری شۆڕشێكی گه‌وره له مێژووی سیاسی كورد دا ئه‌وه ده‌سه‌لمێت كه چۆن ئهوتهریقهتهی مه‌ولانا خالید له‌كوردستان و ناوچه‌كانی تردا بڵاوكرده‌وه و په‌ره‌ی پێدا, دواجار ده‌بێته هه‌وێنی به‌رخۆدان و ماكی راسته‌قینه‌ی شۆڕش و راپه‌ڕینه كوردییه‌كان به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوچه‌كانیان.
شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری وه‌كو رابه‌رێكی ئایینی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی
جه‌عفه‌ر عه‌لی له كتێبی (ناسیونالیزم و ناسونالیزمی كوردی) دا ده‌ڵێ : شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌سه‌ره‌تادا سهربهرێبازی قادری بووه, دواتر ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی قبوڵكردووه, بۆیه نه‌سه‌بی خۆیان ده‌به‌نه‌وه سه‌ر شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی, حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی یش ده‌ڵێ: بنه‌چه‌ی سه‌ید ته‌ها له‌رووی سهیدایهتیهوه ده‌چنه‌وه سه‌ر عه‌بدولقادری گه‌یلانی (1077- 1166) و له‌م رووه وه به‌خۆیان ده‌ڵێن: گه‌یلانی زاده, شێخ عوبه‌یدوڵڵای كوڕی سه‌ید ته‌ها و ساڵی ( 1830 یان 1831) له نه‌هری له‌دایكبووه(27) كرێس كۆچێراش ده‌ڵێ: شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه ماوه‌یه‌ك به‌رله 1830 ز له‌دایكبوو سه‌روه‌ت و سامانی زۆر و ناو و ناوبانگی له پێشینانیه‌وه به میرات به‌جێ مابوو, هه‌ر زوو ده‌ریخست كه‌وا له‌وان زیاتر پابه‌ندی ئه‌م دنیای دونیهیه و حه‌ز ده‌كات له‌پاڵ ده‌سه‌ڵات و پایه‌ی رۆحانیه ئایینیه‌كانه‌وه سه‌رۆكی دنیاش بێ(28)
شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ته‌مه‌نی سی و چوارساڵی و له‌ساڵی 1865 ز دوای مردنی موحه‌ممه ساڵح ی برای سه‌ید ته‌ها (واته دوای مردنی مامی ) بۆته جێ‌نشین و رابه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی, ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش نزیك به‌و كاته‌یه كه گه‌وره‌ترین رابه‌ری ئه‌و رۆژگاره‌ی هه‌مان ته‌ریقه‌ت له‌ناوچه‌ی هه‌ورامان كه (شێخ عوسمانی سیراجودینه) له ساڵی 1866 ز كۆچی دوایی ده‌كات, به‌مه‌ش شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌بێته تاقه شێخی ئیرشادی ئه‌م ته‌ریقه‌ته, شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌هۆی زانای و لێهاتویی خۆی توانی سه‌رنجی ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی خه‌ڵكی كورد بۆلای خۆی رابكێشێ و له‌ناوچه‌كه‌ی خۆیه‌وه (نه‌هری) رابه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوان بكات كه خۆی له‌سه‌دان مه‌لاو میرزا و ئاغا و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و مورید و سۆفی له‌ناوچه جیاجیاكانی كوردستان و وڵاتانی تری ئیسلامی‌دا ده‌بینیه‌وه(29)
هه‌وره‌كو پێشتر ئاماژه‌مان پێدا مه‌ولانا خالید دووخهلیفهی گه‌وره‌ی له كوردستاندا پێگه‌یاند كه یه‌كێكیان له‌باشووری كوردستان بوو به‌ناوی شێخ عوسمانی سیراجودین و ئه‌ویتریان له‌باكوری كوردستان سه‌ید ته‌های نه‌هری بوو كه ده‌كاته باوكی شێخ عوبه‌یدوڵڵا, هه‌روه‌كو كونسوڵی روسیا له ته‌وریز ده‌ڵێ : سه‌ید ته‌ها ساڵی( 1850 ز) زیاتر له (10) هه‌زار موریدی له ده‌وری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی كۆكردۆته‌وه(30) له‌به‌ر ئه‌وه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی مه‌ولاناو ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی له رێگای ئه‌م كه‌سایه‌تیه ئایینیانه‌وه رۆڵی سه‌ره‌كیان بینی له هه‌ردوو رووی ئایینی و نفوزی جه‌ماوه‌ری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه, له باكور سه‌ید ته‌ها وه‌كو بناغه‌دانه‌ری له‌پاش خۆی بایه‌خی گه‌وره‌ی ئایینی به‌ته‌ریقه‌تی نه‌قشی و دروستكردنی گیانی شۆڕش و راپه‌ڕین و خه‌باتی سیاسی و سه‌ربازی نه‌ته‌وه‌ییانه ده‌كاته میرات و كوڕه‌كه‌ی كه شێخ عوبه‌یدوڵڵایه له‌دوای خۆی له‌ئه‌ستۆی ده‌گرێ, له كتێبی (شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا) دا هاتووه و ده‌ڵێ : شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوخێزانی شێخانی شهمزینیان و كوڕی شێخ ته‌های به‌ناوبانگ و میراتگری بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی و خاوه‌ن ناوبانگێكی به‌ربڵاوی ناوجیهانی ئاینیه كه راسته‌وخۆ دوای شێخ ساڵح ی مامی بۆته رابه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و نه‌وه‌كانی نیشتمانه‌كه‌شی وهكونێردراوێكی ئاسمانی بۆیان نواڕیوه, كه‌هه‌ر له‌راستیشدا شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌وجۆره خۆی دییه‌وه(31)
ده‌بینین له‌دوای ده‌سه‌ڵات سه‌ندنه‌وه له میر و ده‌ره‌به‌گ هۆزی كورد شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌بێته یه‌كه‌مین رابه‌ری ئایینی له‌مێژووی نوێی كورد, كه جڵه‌وی بزافی سیاسی رزگاریخوازی گه‌لی كورد بگرێته ده‌ست (32) كه‌واته ده‌سه‌ڵاتی ئیرشادی ته‌ریقه‌ت پایه‌ی دیینی, كۆمه‌ڵایه‌تی, سیاسی له جاران بههێزتركردبوون (33)
وه‌فایی شاعیریش كه كتێبێكی ده‌رباره‌ی بیره‌وه‌ری خۆی له‌گه‌ڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵا نوسیوه ده‌ڵێ : ئه‌وزاته له‌سه‌ر كورسی رابه‌رایه‌تی ته‌ریقه‌ت دانیشت, رۆژگار بووبه رۆژگارێكی دیكه و سه‌رده‌مێكی رێكوپێكتر هاته كایه‌وه (34) كه‌واته هه‌موو زه‌مینه سازییه‌ك به‌هۆی مانه‌وه‌ی میراتی ئایینه‌وه كه له‌و زه‌مه‌نه‌دا خۆی له ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیدا ده‌بینیه‌وه بۆ كوڕه‌كه‌ی سه‌ید ته‌های خه‌لیفه‌ی مه‌ولانا خالید ره‌خسابوو تاوه‌كو وورده ورده جه‌ماوه‌ری له‌كورده‌كانی ئێران و توركیا و زۆرێك له‌ناوچه‌كانی تر كۆبویه‌وه.
ئاماده‌یی تهریهقهتهكهی مه‌ولانا خالید
له شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری دا 1880 ز راسته ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی دامهزرێَنهر و بیریاری سه‌ره‌كی و تایبه‌تی خۆی هه‌بووه و لهمێژوویهكی دێرینتر و له‌سه‌ر زه‌مینێكی جیا له‌و شوێنه‌ی كه مه‌ولانا خالید بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد دروستبوو, به‌ڵام هۆكاری بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م رێبازه (نه‌قشبه‌ندی) له‌كوردستان وناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری گه‌وره‌یی و فه‌زڵه‌كه‌ی بۆ مه‌ولانا خالید ده‌گه‌ڕێته‌وه, له‌به‌رئه‌وه لێره‌شدا بهتهریقهتهكهی مه‌ولانا ناوزه‌دی ده‌كه‌ین, چونكه كاتێ باس له ته‌ریقه‌تی نه‌قشی ده‌كرێ له كوردستان هه‌موو ئاماژه‌كان رووبه‌رووی مه‌ولانا خالیدی شاره‌زووری ده‌بنه‌وه.
شێخ عوبه‌یدوڵڵاش له 1865 ز له كوردستان بووه‌ته جێنشینی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی كه وه‌ك بیروه‌رییه‌كانی وه‌فایی و نوسه‌رانی كورد و بیانی و به‌ڵگه نامه‌كانی ئینگلیزی و روسی و قاجاری و عوسمانی پێمان ده‌ڵێن:له‌ماوه‌یه‌كی زۆركورتداو به‌گوێره‌ی ئه‌و زه‌مینه له‌باره‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری لهبۆشاییهكی سیاسی گه‌وره‌ی داڕوخان و له‌ناوبردنی میرنشینانی كورد و به‌ره‌نجامه تاڵه‌كانی, جه‌نگه وێرانكار و نه‌پساوه‌كانی نێوان روسی وعوسمانی و به‌تایبه‌تیش دوجهنگی دوای (1853 – 1878) و زوڵم و زۆری عوسمانی و قاجاری و هه‌موو ئه‌مانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی رۆژ له‌دوای رۆژ جه‌ماوه‌رێكی به‌لێشاو له شێخ عوبه‌یدوڵڵا كۆبێته‌وه و ببێته جێی هیوایان وه‌ك ده‌ره‌تان و پشتیوان و داڵدهیهك بۆی بنواڕن و رووی تێ بكه‌ن (35)
شێخ عوبه‌یدوڵڵا یه‌كێك بوو له‌گه‌وره‌ترین شێخه‌كانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌سه‌رده‌می خۆیدا,ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌رێكی كاریگه‌ربوو بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ربڵاوی له‌گه‌ڵ سه‌دان مه‌لاو میرزا و ئاغا و سرۆكی عه‌شیره‌ت و له‌گه‌ڵ هه‌زاران كه‌س هه‌بێ و كه‌ڵك له‌و نفوزه زۆره‌ی خۆی وه‌بگرێ بۆئامانجه سیاسیه‌كانی, خانه‌قاكه‌ی شێخ له نه‌هری جگه‌له‌وه‌ی ناوه‌ندی ئیرشادی ته‌ریقه‌ت و پێكه‌وه گرێدانی ئه‌و رێكخراوه گه‌وره‌یه بوو, شێخ كردبووی به‌باره‌گای سیاسی و سوپایی جوڵانه‌وه‌كه‌ی,له‌وێ ناوداره‌كانی كوردی ئه‌دی, گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئه‌كردن, كۆی ئه‌كردنه‌وه و ئامۆژگاری ئه‌كردن, به‌قسه‌ی كیرزن رۆژانه (500 – 1000) كه‌سی ئه‌دی (36) چونكه شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌جێگه‌ی سه‌ید ته‌های باوكی مورشیدی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیش بوو, باسی پیرۆزێتی و كاروانی شێخ له هه‌موو جێگایه‌ك ده‌نگی دابوه‌وه به راده‌یه‌ك كه به‌رابه‌ری كورد دائه‌نرا (37) و دووجۆر كه‌سایه‌تی له‌خۆیدا جۆشدابوو, یه‌كه‌میان سه‌ركردایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كه خۆی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی ته‌رخان كردبێ و دووه‌میان كه‌سایه‌تی موسوڵمانێكی خواپه‌رستی باوهڕپته و كه خۆی بۆسه‌ر له‌نوێ پابه‌ندبوونه‌وه به‌یاسا بێگه‌رده‌كانی ئیسلام له سه‌رتاسه‌ری نیشتمانه‌كه‌یدا ئاماده ده‌كات (38)
هه‌ڵكه‌وتنی رابه‌رێك له‌و داروباره دژواره‌دا كه به‌زمانی په‌یامبه‌رانه بدوێ و به‌ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایانه فه‌رمان ده‌ربكات و به‌هه‌ستێكی لهكوڵیشهوه بانگه‌وازی رۆڵه‌كانی نیشتمانه‌كه‌ی وه‌ربگرێت زه‌برێكی بروسكه ئاسا و سه‌رتاسه‌ری له‌سه‌ر گه‌لی كورد هه‌بوو, كه ئه‌م زه‌بره به به‌هره‌یه‌كی پیرۆزی پێشینه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یان ئاوێتهببو, سه‌ره‌ڕای لێوه شاوهیی و لێهاتوویی و خواپه‌رستییه‌كه‌ی خۆشیی ئه‌و توانا‌و هێزه‌ی تیادابوو(39) جگه‌له‌مه‌ش به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی وه‌فایی, شێخ عوبه‌یدوڵڵا خوێنده‌وارێكی باڵاده‌ست و شاعیرێكی به‌ده‌سه‌ڵات بووه, دیوانێكی شیعری زۆر باڵای به‌ناوی (مپنوی شێخ عبدالله) هه‌یه, كه‌له‌سه‌ر كێشی (رمل مسدس محژوف) ه و هێشتا چاپ نه‌كراوه و عهقیدهنامهیهكی كوردیشی هه‌یه(40)
له‌لایه‌ك هه‌بوون و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و بوونی مورید و مهنسوبێكی زۆر و له‌لایه‌كی تر كه‌سایه‌تی گه‌وره‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بوونه فاكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌ڵایسانی شۆڕش شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و ره‌نگدانه‌وه‌ی پله‌وپایه ئایینیه‌كه‌ش لهرابهرایهتیهكهیدا دره‌وشاوه بێت: مامۆستا ساڵح قه‌فتان یش سه‌باره‌ت به‌م كاریگه‌رییه ئایینیه ده‌ڵێ: شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا شۆڕشێكی ئایینی بوو (41)
له‌به‌رئه‌وه ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌زه‌مینه سازی بۆ راپه‌ڕینه‌كه‌ی رۆڵی كاریگه‌ر و به‌رچاوی شێخ سودی له بارودۆخی خراپی ناوچه كوردنشینه‌كان نه‌ته‌وه‌یی داڕشت (42) (ئێس جی ویڵسۆن) له‌وه‌صفی پله‌و پایه‌ی ئایینی شێخدا ده‌ڵێ : شێخ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه له‌دوای سوڵتان و شه‌ریفی مه‌ككه‌وه دێت و هه‌زارانیش له ده‌وری هه‌ن, ئاماده‌ن فه‌رمانه‌كانی راپه‌رێنن, نه‌ك هه‌رته‌نها وه‌ك رابه‌رێك, به‌ڵكو وه‌ك پێغه‌مبه‌رێكی لای خواوه نێردراو (43) وادی جوهیدهشی پێی وایه شێخ عوبه‌یدوڵڵا یه‌كه‌مین و ره‌نگه گه‌وره‌ترین رێبه‌ری ئایینی سیاسی كوردستان بێت (44)
هه‌تا له‌و ناوچانه‌ش له ژێر فه‌رمانی سه‌رۆك هۆزه‌كاندا بوون به‌ده‌سه‌ڵات بوو, بۆیه هه‌ندێ له‌سه‌رۆك هۆزه‌كانی ئه‌و رۆژگاره ئه‌ویان به حه‌زره‌تی شێخ بانگ ده‌كرد (45) كیرزن دیسان بایه‌خ و گرنگی رۆڵی شێخ به‌هۆی مه‌قامه پیرۆزه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و ده‌ڵێ : سه‌رۆك خێڵێك هه‌یه ناوی شێخ عوبه‌یدوڵڵایه به‌هۆی پیرۆزی كه‌سایه‌تی خۆیه‌وه بۆته خاوه‌نی مه‌زنترین ناوبانگ, به‌رده‌وامیش تادێت وه‌ك رابه‌رێكی مییللی كوردی بۆی ده‌ڕوانرێ (46)
ئینجا كونسوڵی گشتی ئینگلستان یش له ئه‌رزه رۆم كه هاورۆژگاری ( شێخ) ه ئاماژه بهوشكۆ و مه‌زنایه‌تیه ده‌كات كه گه‌له‌كه‌ی ئاپۆره‌یان لێداوه و ده‌ڵێ : شتێكی به‌ڵگه نه‌ویسته كه بهنفوزترین كه‌س له خۆرهه‌ڵاتی كوردستاندا شێخ عوبه‌یدوڵڵایه و شه‌خسی خۆی و ده‌سه‌ڵاتی له‌ناو كوردانی سنوردا زۆر لهوهكانی سوڵتانی عوسمانی پیرۆزتر و مه‌زنتره (47) ته‌نانه‌ت شێخ له‌شه‌ڕی ساڵانی (1877 – 1878) ی نێوان روسیا و عوسمانی‌دا سه‌رۆكایه‌تی گروپێكی بچكۆله‌ی كرد, به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌شی كرد زۆر به‌خراپی له‌به‌رده‌م روسه‌كاندا شكا (48) لێره‌دا كاریگه‌رییه ئاینییه‌كه نه‌یتوانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا دابڕێت له‌و واقیعه‌ی كه‌له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌گوزه‌را, هه‌ربۆیه به‌شداری كرد له‌و جه‌نگه‌دا, دكتۆر جه‌لیلی جه‌لیل یش ده‌ڵێ : شێخ عوبه‌یدوڵڵا وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كێك له ته‌ریقه‌ته موسوڵمانه هه‌ره‌گه‌وره‌كان نه‌ئه‌بوو دووره په‌رێز لهوبانگهوازی (غه‌زا)یه بوه‌ستێ, له‌به‌رئه‌وه له‌گه‌ڵ (300) له موریده‌كانی به‌ره‌و باكور لای هێڵی سنور كه‌وته‌رێ, هه‌رله‌وێش پاش ماوه‌یه‌ك شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد(49)
له دوای ئه‌مه‌وه جگه‌له‌وه‌ی شێخ عوبهیدوڵَڵا وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینی گه‌وره جێگای دیاری به‌جێهێشتبوو, له‌هه‌مانكاتدا له‌كاتی رابه‌رایه‌تی كردن و فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كه‌ی وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی به‌و ئه‌ندازه‌ی كه ده‌ستی بڕۆشتایه كاری خۆی ده‌كرد و له‌زۆر بواردا كه په‌یوه‌ستبوو بهرابهرایهتیهكهیهوه به‌و خهلفیهت و دیده ئاینییه‌ی كه هه‌یبوو له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا ده‌جوڵایه‌وه, هه‌ربۆیه له سه‌ره‌تای مانگی ئابی 1880 دا گه‌وره‌ترین كۆبوونه‌وه‌ی له‌شێوه‌ی كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییدا سازدا, هه‌موو به‌ڵگه‌نامه و سه‌رچاوه مێژووییه‌كانی دۆست و دوژمنانی كورد سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌كانی ئه‌م كۆنگره‌یه له‌سه‌ر ئهوهیهكن كه ئه‌م كۆبونه‌وه فراوانه‌ی نه‌هری و به‌شدار بونای (5) شێخ و (21) خه‌لیفه و (42) میرزاده به‌مه‌به‌ستی داڕشتن و دانانی پرۆگرام و به‌رنامه‌یه‌ك بووه بۆئازادكردنی هه‌ردوو كوردستانی بنده‌ستی قاجاری و عوسمانی و پێكهێنانی كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ (50)
هاوكات له‌یه‌كه‌مین به‌یاننامه‌ی نوسراوی ناسیونالیزمی كورددا شێخ عوبه‌یدوڵڵا یه‌كێك له نوێنه‌رانی هێزه رۆژئاواییه‌كان كه دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه ده‌ڵێ : میران و سه‌رانی كوردستان, چ له‌توركیا, چ له ئێران و چ له‌كوردستان هه‌رهه‌موو رایان وایه كه‌ناكرێ به‌م جۆره له‌گه‌ڵ ئه‌م دووحكومهته دا هه‌ڵبكرێ, ده‌بێ كارێك بكرێ كه ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپایی لهدۆزهكه ئاگاداربن و له‌م باره‌یه‌وه لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام بده‌ن, خه‌ڵكی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیایه, ئێمه ده‌خوازین كاروباری خۆمان له‌ده‌ستی خۆماندابێ (51)
به‌م شێوه‌یه شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌ورانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی كه له‌باوكیه‌وه بۆی به‌جێمابوو, دواجارنهخشی ئه‌و رێبازه لهوبزوتنهوه رزگاریخوازهدا كه ئه‌و ئاڵاههڵگهرهكهی بوو دره‌وشاوه و دیاربوو, وه‌كو پێشتر باسی كاریگه‌ری شێخمان كرد بۆ ده‌وروبه‌ری وژێر ده‌سته‌كانی ئاكار و ره‌وشی ئایینی خۆی لهدهسهڵاتهكهیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو, شێخ سه‌عیدی زاوا‌و خه‌لیفه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌ڵێ : ئه‌گه‌ر شێخ سه‌ربكه‌وێ,ئه‌وا شێخ به‌ڵێنی ئه‌وه ده‌دات كه دز و رێًگر نه‌هێڵێت و ئارامی و ئاسایش و یاسابگهڕێتهوه له هه‌ردووبه‌شی سنوری عوسمانی و ئێرانی‌دا یاسا سه‌روه‌ربێ و یه‌كسانی بۆ مه‌سیحی و موسوڵمانان دابین بكات و پشتگیری له خوێندن بكات و رێگه‌ی دروستكردنی كڵێسا و قوتابخانه‌ش بدات (52)
دكتۆر كۆچران كه مسیۆنێری ئه‌مریكایی بووه و ده‌ڵێ : ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك لای شێخ ماومه‌ته‌وه و هه‌ڤپه‌یڤینم له‌گه‌ڵ ئه‌نجامداوه, ده‌ڵێ: شێخ هه‌رگیز مه‌ی بهشارهكهیدا ناچێت (53) هه‌روه‌ها ده‌ڵێ : میلله‌ته‌كه‌ی شێخ ده‌ڵێن حاكم و قازیه‌كی عادیله, هه‌رگیز به‌رتیل وه‌رناگرێ و رێگه‌ش به كارگوزارانی نادات وه‌ری بگرن, هه‌ركه‌سێكیش له‌یاسا لابدات, فه‌رمانی گرنگی به‌سه‌ردا دهدرێًت. (54)
ویلسۆن یش ده‌ڵێ : زۆر بێ گه‌رد و بێ لایه‌ن و یاساناس و قازیش بووه (55) ئه‌وه بوو تادواجار له‌و رۆژه‌وه‌ی كه ته‌ختی رابه‌رایه‌تی ته‌ریقه‌ت به‌و جودی موباره‌كی رازایه‌وه ههتالهدنیا ده‌رچوو له‌و ده‌وروبه‌ره‌و له‌ناوچه نزیكه‌كانیش هیچ زۆردارێك توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو ده‌ست درێژییه‌كی بچكۆله بكاته سه‌ربێ ده‌سه‌ڵاتان (56) ده‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌مانه‌ش شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری له‌مانگی(10)ی 1883 ز بهنهفی كراوی له‌مه‌ككه مرد, دوایی شێخ عه‌بدولقادری كوڕٍی سه‌ید ته‌های نه‌وه‌ی له‌سایه‌ی به‌ره‌كه‌تی شۆره‌ت و پایه و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌وه رۆڵێكی گرنگیان له‌كاروباری كوردستاندا بینی.(57)
سه‌رچاوه و په‌ڕاوێزه‌كان
- 1. مشاهیر الكرد و كردستان, محمد امین زكی, اعداد, رفیق سالح, من منشورات (بنكه‌ی ژین),مگبعه شڤان, السلیمانیه, 2005, صــ184ـــ185ـ.
- 2. ژیناوه‌ری زانایانی كورد له‌جیهانی ئیسلامه‌تی یا گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و زانست, محمد ساڵح ئیبراهیمی, تهران, چاپخانه‌ی مهارت, 1408ك, لـ31ــ.
- 3. مێژووی هۆزی جاف و ژیانی تیره‌كانی, مه‌حموود عزیز حه‌سه‌ن, چاپخانه‌ی خاك, سلێمانی, 2004, لـ173ـ.
- 4. ته‌ئریخی جاف, كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی جاف, لێكۆڵینه‌وه‌ی دكتۆر حه‌سه‌ن جاف, به‌غداد, 1995 چاپی یه‌كه‌م.
- 5. مه‌ولانا خالید و ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی, سه‌ید تاهیری هاشمی, و: دلێر میرزا, چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده, چاپی یه‌كه‌م.
- 6. مشاهیر الكرد و كردستان, صـ ـ 184ـ185ــ.
- 7. شهرهیات, مه‌ستوره‌ی كوردستانی, و: نه‌وید نه‌قشبه‌ندی , هه‌ولێر, ده‌زگای ئاراس, لــ19ـ.
- 8. ژیناوه‌ری زانایانی كورد له‌جیهانی ئیسلامه‌تی یا گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و زانست, لــ37ـ.
- 9. سه‌رچاوه‌ی پێشوو هه‌مان لاپه‌ڕه.
- 10. هه‌مان سه‌رچاوه و لاپه‌ڕه.
- 11. ناسیونالیزم و ناسیونالیزمی كوردی, جه‌عفه‌ر عه‌لی, سلێمانی, چاپخانه‌ی ره‌نج, ساڵی 2004, لـــ151ـ.
- 12. مه‌ولانا خالید و ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی, سه‌ید تاهیری هاشمی, و: دلێر میرزا, چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده, چاپی یه‌كه‌م.
- 13. هه‌مان سه‌رچاوه و لاپه‌ڕه.
- 14. مه‌ستوره, چه‌ند لاپه‌ڕه لهمێژوویهكی ته‌م داگرتوو, جه‌مال ئه‌حمه‌د ئایین, و: عه‌دنان به‌رزنجی, هه‌ولێر, ده‌زگای ئاراس, 2005, لــ90ـ.
- 15. هه‌مان سه‌رچاوه و لاپه‌ڕه.
- 16. شێخ مه‌حموودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خوارووی كوردستان, به‌رگی یه‌كه‌م, موحه‌ممه‌د ره‌سوڵ هاوار, له‌نده‌ن, 1990, لــ121ـ.
- 17. مشاهیر الكرد و كردستان, لــ184ــ185ـ.
- 18. شێخ مه‌حموودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خوارووی كوردستان, به‌رگی یه‌كه‌م, لــ124ـ.
- 19. كورد‌و عه‌جه‌م, نه‌وشیروان مسته‌فا, سلێمانی, سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی, 2005, چاپی دووه‌م,لـ184ـ.
- 20. مه‌ستوره, چه‌ند لاپه‌ڕه لهمێژوویهكی ته‌م داگرتوو, لـ92ـ.
- 21. كورد له‌سه‌ده‌ی نۆزده و بیستدا,كرێس كۆچێرا, و: حه‌مه كه‌ریم عارف, هه‌ولێر, 2004, چاپی دووه‌م,لــ18ـ.
- 22. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری 1880 له به‌ڵگه‌نامه‌كانی قاجاریدا, محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی, هه‌ولێر چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده, 2000 چاپی یه‌كه‌م, لــ50ـ.
- 23. هه‌مان سه‌رچاوه, لـــ52ــ.
- 24. هه‌مان سه‌رچاوه و لاپه‌ڕه لـــ52ــ.
- 25. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ50ــ.
- 26. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ50ــ.
- 27. ناسیونالیزم و ناسیونالیزمی كوردی, لــ125ــ. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا, لـ43ـ.
- 28. كورد له‌سه‌ده‌ی نۆزده و بیستدا, لــ18ــ.
- 29. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری 1880, لـ43ــ.
- 30. هه‌مان سه‌رچاوه, ل40ــ.
- 31. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ11ـ12ــ.
- 32. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ46ـ.
- 33. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ44ـ.
- 34. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ46ــ.
- 35. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ54ـ.
- 36. كورد‌و عه‌جه‌م, لـ189ـ.
- 37. هه‌مان سه‌رچاوه, لــ184ــ.
- 38. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری 1880 , لــ184ــ185
- 39. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ12ــ13ـ.
- 40. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ45.
- 41. مێژووی گه‌لی كورد له‌كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ, صاڵح قه‌فتان, سلێمانی, 2004, چاپی دووه‌م.
- 42. ناسیونالیزم و ناسیونالیزمه كوردی, لـــ159.
- 43. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری, لـــ14.
- 44. هه‌مان سه‌رچاوه,لـ46.
- 45. هه‌مان سه‌رچاوه,لـ46.
- 46. هه‌مان سه‌رچاوه,لـ13.
- 47. هه‌مان سه‌رچاوه,لــ14.
- 48. كورد له‌سه‌ده‌ی نۆزده و بیست دا, لـ18.
- 49. راپه‌رینی كورده‌كان, 1880, جه‌لیلی جه‌لیلی, و: كاوس قه‌فتان, بغداد, مگبعه الزمان , 1978.
- 50. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری, 1880.
- 51. كورد له‌سه‌ده‌ی نۆزده و بیست دا,لــ19.
- 52. شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری, 1880, لـ39.
- 53. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ16.
- 54. هه‌مان سه‌رچاوه, لـ17.
- 55. هه‌مان سه‌رچاوه و لاپه‌ڕه.
- 56. هه‌مان سه‌رچاوه, لـــ47.
- 57. كورد له سه‌ده‌ی نۆزده و بیستدا, لـــ249ـ.