سلێمان محەمەد (کرێکار)
شەهید سلێمان قارەمانە خۆڕاگرەکەی ئەمنی هەولێر:
سلێمان محەمەد حەمەدئەمین مەحمود ناسراو بە کرێکار (1.2.1958/ پەڕپیتان/ بەحرکە/ هەولێر)، ئەندام ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە ڕێکەوتی (22.2.1986)دا لەلایەن ئەمنی هەولێر گیرا. شەهید سلێمان-م لە مانگی ئازاری ساڵی (1982)دا لە ئامۆژگای پێگەیاندنی مامۆستایانی هەولێر ناسی، ئەو کەسێکی، هێمن، ئارام، لەسەرخۆ، بەپشوو، بەڕێز، هۆشیار، دڵسۆزی ڕێبازەکەی، نهێنی پارێز و گوێ ڕایەڵ بوو، واتە بە تەواوی خەسڵەتەکانی هاوڕێی کۆمەڵە لەو هاوڕێیەمان بەدی دەکرا.
هاوڕێ کرێکار، هەر لەگەڵ دەستگیرکردن و گەیاندنی بە ئەمنی هەولێر ڕووبەڕووی دڕندەترین و سەختترین ئەشکەنجە کرایەوە، بەڵام ورەی پۆلایینی ئەو هەرگیز بە جەللادانی بەعس لەق نەبوو، ئەفسەرانی ڕووڕەشی بەعس نەیانتوانی بە کێبڵ، کارەبا، فەلاقە و هەڵواسین بگەنە کێوی بەرزی نهێنییەکانی ئەو و تەنیا شەرمەزارییان بۆ مایەوە. ئەو خوێندکاری خوێندنگاکەی ڕێبازی شەهیدان (خاڵە شیهاب، مامۆستا جەعفەر عەبدولواحێد و جەمالەڕەش) بوو، بۆیە نەچووە ژێرباری ئەشکەنجە و هەڕەشە، بەڵکو سوربوو لەسەر بێدەنگی و قسەنەکردن، ئەمەش وای لە جەللادەکان کرد کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕقی زیاتری لێ هەڵگرن و ئەشکەنجەی هۆڤیانەتری بدەن، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (3.3.1986)دا لەژێر ئەشکەنجە شەهیدی بکەن.
شەهید سلێمانی قارەمان و خۆڕاگری زیندان، یەکێک بووە لەو زیندانییانەی بە وێنەی چەند گیانبەخشێکی تری ژێر ئەشکەنجەی ساڵانی (1985-1987)ی ئەمنی هەولێر، یان چەند لەسێدارە دراوێک کە وەکو ئەوان قورسترین ئەشکەنجە دراوە، لەوانە (شەهید حەیدەر جوکل، شەهید یوسف دەرگەڵەیی، کۆچکردوو مەولود سادق مەرزانی، شەهید سەفەر، شەهید جەلال ئەحمەد کەریم ناسراو بە ڕێباز، شەهید عەبدولڕەحمان مەولود محەمەد مەلاقەرەیی ناسراو بە کاروان و شەهید جەمال شینە)، کە ئەو باش دەیزانی جەللادەکان بڕیاری ئەوەیان داوە (کوشتنی ژێر ئەشکەنجە، یان دانپێدانانی نهێنییەکان)، بەڵام ئەو بە شانازییەوە مەرگی سەربەرزی هەڵبژارد، هەرچەندە هاوڕێکانی زۆر لێی پاڕابوونەوە کە تەنیا قسە لەسەر خۆی بکات بۆ ئەوەی وازی لێبهێنن و دوای دادگاییکردن و مانەوەی یەک دوو ساڵ لە زیندان ئازاد دەبێت، بەڵام ئەو ئەو پێشنیارەی هاوڕێکانی بە سازش داناو ڕەتی کردەوە، نەک هەر ڕەتی کردەوە بەڵکو داوای لە هاوڕێکانی کرد کە: (لەجیاتی ئەوەی داوای قسەکردن و دانپێدانانم لێبکەن، هیوادارم هانم بدەن و داوای خۆڕاگری و قسەنەکردنم لێبکەن)، هاوڕێکانی لە ناچاریدا تەنیا هەر یەکە و چەند دلۆپێک فرمێسکیان بۆی ڕشت، هاوڕێکانی لە دڵسۆزییەوە ئەو داوایەیان لێیکرد بۆ ئەوەی لەدەستی نەدەن چونکە ئەوانیش دڵنیابوون جەللادەکانی ڕژێم بڕیاریان داوە (کوشتنی، یان قسەکردنی).
دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لەم داوایەی هاوڕێکانی و وەڵامی شەهید سلێمان بۆ هاوڕێکانی، جەللادانی بەعس دیسان ناوەکەی دەخوێننەوەو دەیبەن بۆ هۆڵی ئەشکەنجە، ئەو بە وەرەیەکی پۆڵایین بەرەو ژووری ئەشکەنجە بەگەڵ جەللادەکان کەوت و تا ئەوێ ڕایانکێشا، هەرچەندە توانای ڕۆیشتن، بەپاوە وەستان و قسەکردنی نەمابوو، کەچی نەوەی قەعقاع، سەعد کوڕی وەقاس، خالید کوڕی وەلید، میشیل عەفلەق و سەدام حوسێن لەژێر ئەشکەنجە کوشتیان و گیانی بەرزەفڕی لە شەقەی باڵی دا، بەڵام بەرلەوەی دوا ماڵئاوایی بکات، جارێک بە تەواوی بەسەر شاری قەڵاو منارەدا سوڕایەوە، چاوەکانی دەگێڕا بەدوای (بەفرینی هاوسەری، جگەرگۆشەکانی فەیسەڵ، پێشڕەو، پەرژین، پێشکەوت، سەروەر، دایک، باوک، برا، خوشک، خزم و هاوڕێکانی)، بەڵام بەداخەوە ئەوەندەی چاوەکانی گێڕا کەسیانی نەبینی، ئینجا بە شانازییەکی گەورە، دڵخوشییەکی بێسنوور و سەربەرزییەکی لەڕادە بەدەر بە ئاراستەی ئارامگای گیانی شەهیدانی هەولێر و ڕێبازەکەی هێواش هێواش هەنگاوی نا بۆ لای شەهیدانی پێش خۆی، تا بە یەکجاری و بۆ هەتا هەتایە لە منداڵەکانی و هەموو ئەوانەی تر دوورکەوتەوە!
پێنجشەممە (22.02.2024)
دانمارک