عەلی ئەشرەف دەروێشیان
ساڵی1946 لە شاری کرماشان لە دایکبووە.
بۆ ماوەی 15 ساڵ لەگوندەکانی ناوچەی کرماشان مامۆستای قوتابخانە بووە.
ساڵی 1966 لە زانکۆی تاران لەبەشی ئەدەبی فارسی وەردەگیرێ و لەم زانکۆیە تا قۆناغی ماستەری بەشی دەروونناسی پەروەردە دەخوێنێت.
هاوکات لەناوەندی زانستی باڵای تاران هەتا قۆناغی ماستەری ڕاوێژکاری و ڕێنوێنی وانەخوێندن درێژە بە خوێندن دەدات.
دەروێشیان ئەندامی بنکەی نووسەرانی ئێرانە و خاوەنی چەندین کتێب و بەرهەمی ئەدەبی بەهێزە، لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەبیاتدا؛ بەتایبەت لە بواری فەرهەنگی خەڵکی ئاساییدا کۆمەڵێک کار و پڕۆژەی بەنرخی ئەنجامداوە.
جیا لەمانەش چەندین کتێبی ڕۆمان و بەرهەمی چیرۆکی بەزمانی فارسی نووسیوە کە لەم چیرۆکانەدا زیاتر گرینگیداوە بە خەبات و کێشەی گەلی کورد و بابەتەکۆمەڵایەتییەکان.
سەرجەمی کتێب و بەرهەمە نووسراوەکانی دەروێشیان کە تا ئێستا ئامادە و چاپ و بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 60 بەرهەمە کە بریتین لە بوارەکانی چیرۆک بۆ منداڵان و مێرمنداڵان، کۆکردنەوە، کورتە چیرۆک و ڕۆمان و فەرهەنگی خەڵکی ئاسایی.
گرنگترین و بەرچاوترین بەرهەمی عەلی ئەشرەف دەروێشیان نووسین و کۆکردنەوەی پڕۆژەیەکی گەورەیە بەناوی فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران لە 20 بەرگدا کە بەرهەمی 22 ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی ئەم نووسەرەیە.
ئەم فەرهەنگە کۆمەڵە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و مێژووییە کە بەشێوەی گشتی و ئەلف بێیی سەرجەمی ئەفسانەکانی خەڵکی سەرتاسەری وڵاتی ئێرانی لە20 بەرگی جیاوازدا لەخۆگرتووە.
کتێبی فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران بەهاوکاری ڕەزا خەندان مەهابادی ئامادەکراوە و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی کتێب و فەرهەنگ لە تاران چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
شایانی باسە بۆ یەکەم جارە لە ئێران فەرهەنگێکی وا دەوڵەمەند کۆ دەکرێتەوە و تا ئێستا تەنیا 5 وڵات لە تەواوی جیهاندا ئەفسانەکانیان بەم جۆرە و بەشێوەی ئەلفبێ ئامادە و چاپ کردووە.
- لە ڕۆژی 26-10-2017 لە تەمەنی (76) ساڵی بەنەخۆشی لە شاری تاران کۆچی دوایی کردووە.