عەلی قادر ئاغا
ئامادەکردنی: عومەر عەبدولقادر خورماڵی
عەلی قادر ئاغا عەبدوڵڵا ئاغا قادر ئاغا میران ئاغا عەبدوڵڵا ئاغا خالید ئاغا ( خالید ئاغا باوکی شێخ عوسمانی سیراجەدینی گەورەیە) ئەم بنەماڵەیە بە ھۆزی ( ئاغالەر) ناوزەد ئەکرێن لە تەوێڵە و ناوچەکەدا .
شایەنی باسە ساڵانێ مامۆستا عەلی لە خورماڵ ژیاوە ( ١٩٦٨--١٩٧٤).
مامۆستا عەلی لە ساڵی ١٩٣٠ لە شارۆچکەی تەوێڵەی پەرژینکراو بە چەند چیایەک کە لەزستاندا تارای سپی ئەپۆشێ و لە بەھار و ھاویندا لە تاو خوڕە و ھاژەی ئاو و چریکەی کەو کە ئاوازێکی چێژئامێز ئەچڕێت بەگوێی عاشقاندا .
لە ساڵی ١٩٣٦ خۆی لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی ئەبینێتەوە مامۆستایان شێخ سەفائەدین و کاردۆخی و شێخ حەمەئەمینی برای شێخسەفائەدین فایەق بێکەس و پێشتر مامۆستا گۆرانی شاعیر و مامۆستای عەرەب و مامۆستا یەعقوب کە جولەکە بوو وانەیان بە مامۆستا عەلی وتووە .
دوو ساڵ لە خوێندن دابڕاوە .
تا وەکوو ساڵی ١٩٤٣ لەتەوێڵە بووە دواتر چۆتە سلێمانی بۆ خوێندن و دواتر لە خانەی مامۆستایانی لادێ ( ریفی) وەرگیراوە و لە سلێمانی و دھۆک و بەعقوبە تەواوی کردووە و لە خانەقین ئەزمونی ( تطبيق)ی کردووە .
یەکەمجار لە ساڵی خوێندنی ( ١٩٥١--١٩٥٢) لە گوندی سەرگەڵوی سورداش وەکوو مامۆستا دائەمەزرێ و وانە بە شەش پۆل دەڵێتەوە چونکە ھەر خۆی لەوێ ئەبێت و بەشەویش وانەی قەلاچۆکردنی نەخوێندەواری بە پیاوانی گوند ئەڵێتەوە .
سەرەتا قوتابیان لە قوتابخانەو مامۆستا ئەترسان بۆ ئەو مەبەستە مامۆستا علی نوقڵ وشیرینی ئەکڕێ بۆ مناڵان تاکوو دەمیان شیرین بکات و نەترسن و بچن بۆ قوتابخانە بەو شێوە ترسیان ئەشکێنێ . لە نیوەی ساڵدا مامۆستا شێخ مارف بەرزنجی ئەگوێزرێتەوە بۆ سەرگەڵو ئیتر مامۆستا کەمێک ئەحەسێتەوە .
ساڵی دواتر م.عەلی ئەگوێزرێتەوە بۆ تەوێڵە .
لە ساڵی ١٩٥٦وەصی ھات بۆ تەوێڵە و لەگەڵ متصرفی سلێمانی و بەڕێوەبەری معاریفی سلێمانی .
دوای ئەوە شۆڕشی ئەیلول بەرپابوو لە ساڵی ١٩٦١ ھەموو ناوچەکانی ھەورامان و بەشێک لە شارەزور دەسی بەسەرداگیرا لە لایەن شۆڕشەوە ، حکومەتی ھەرچی قوتابخانەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەبوو کشانیەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی .
م.عەلی تەوێڵە بەجێدێڵێ و ناچار ئەگوێزرێتەوە بۆ ھەڵەبجە لەوکاتەشدا لە ساڵی ١٩٦٣ بەشێک لە سوپاکەی زەعیم سدیق فەرماندەی لیوای 20 سوپای عێراق لە سنوری ھەڵەبجە و شارەزور ئەبێت چونکە لە بەغداوە ئەنێردرێت بۆ لەناوبردنی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا .
سوپای عێراق داوا لە ھەموو موچەخۆرێکی ھەڵەبجە ئەکات کە دژی ھێزی پێشمەرگە بروسکە بنوسن و پشتگیری حکومەت بکەن ھەندێک ئەو فەڕمانە جێبەجێ ئەکات ھەندێکێش ڕازی نابێت ، یەکێ لەوانە کە بروسکە نانوسێ و پشگیری حکومەت ناکات مامۆستا علی ئەبێت لەبەر ئەوە ئەیگرن و ئەیبەن بۆ حامیەی سلێمانی لەوێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەکەن پێی ئەڵێن بڵێ ( عاش زعیم عبدالکریم قاسم) ئەویش ئەڵێ ( عاش زعیم عبدالکریم قاسم) دوای ئەوە پێی ئەڵێن بڵێ ( یسقـط ملا مصطفی بارزانی) ئەویش ئەڵێ ( عاش ملا مصطفی بارزانی) بەمەرجێکیش ھێشتا م.عەلی شیوعی ئەبێت ، ئیتر ئەوەندەی لێئەدەن ئەبورێتەوە و ئاگای لە خۆی نامێنێ لەوکاتەدا ئەفسەرێکی مەسیحی م.عەلی بەوحاڵەتەوە ئەبینێ و لە لێکۆڵینەوەکەدا ژیانی خۆی خستوەتە مەترسیەوە و چۆکی دانەداوە بۆ دوژمن و قسەی بە سەرکردەکەی نەوتووە ئەو ھەڵوێستەی م.عەلی پیاوەتی ئەفسەرەکە ئەجوڵێنێ و ئەچێت نوسینێک بەناوی م.عەلیەوە ئەنوسێ و لەوکاتە کە بوراوەتەوە و ئاگای لە خۆی نەبووە پەنجەمۆری پێئەکات و ئەیبات بۆ زەعیم سدیق و پێی ئەڵێ ئەوە نوسینی عەلی قادر عەبدوڵڵایە ئیتر ئەو نوسینە کەنازانرێ چی تیانوسراوە ئەبێتە ھۆی ئازاد کردنی م.عەلی .
دوای ئەوە ئەیگوێزنەوە لەگەڵ چەند مامۆستایەکی تردا بۆ قەزای دوکان تاوەکوو لەوێوە دووریان بخەنەوە بۆ خواروی عێراق ، ماوەیەک لەوێ ئەبن و حکومەت بەنیاز ئەبێت بیانگرێ بەڵام ئەوان بەوە ئەزانن و ھەڵدێن بۆ ناو پێشمەرگە و پەیوەندی ئەکەن بە شیوعیەکانەوە ، دوای ماوەیەکی تر بە ھۆکارێکەوە واز لە حزبی شیوعی دێنێ و پەیوەندی ئەکات بە پارتیوە و ئەگەڕێتەوە بۆ تەوێڵە و لەوێ یەکەم قوتابخانەی شۆڕش لە تەوێڵە ئەکاتەوە دواتر ئەبێتە لێپرسراوی ئیدارە و دارایی ھێز و دواتر ئەبێتە لێپرسراوی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ شۆڕش و سەرکەوتنێک و دەسپاکیەک دڵسۆزیەکی وای لێدەرئەکەوێ کە ئەبێتە ھۆی کۆکردنەوەی دانەوێڵەیەکی زۆر کە ھەمووان سەرسام ئەبن چونکە لە پێشدا وانەبووە ، دواتر پلەی بەرزتر ئەکرێتەوە و یەبێتە ئەندام ناوچەی ھەڵەبجە و لێپرسراوی ڕێکخراوی خورماڵ و ئەمێنێتەوە تاکوو لە مانگی چواری ساڵی ١٩٧٤ ئەچنە ئێران و لەساڵی ١٩٧٦ ئەگەڕێنەوە سلێمانی و بەھۆی مامۆستاییەکەیەوە زەوی لەگەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی وەرئەگرێت و ئەیکاتەوە بەخانوو کە تائێستەشی ڵەگەڵدا بێت لەو خانوەدا بەتەنھا ئەژی چونکە ھاوژینی لە ساڵی ٢٠١٠ کۆچی دوایکردووە و مناڵەکانیشی ھەریەک لە ماڵی خۆیاندان .
م.علی نزیکەی ٣٠ ساڵ مامۆستا بووە لە ساڵی ١٩٨٣ لەبەر ئەوەی نەبێتە ( جیش شعبی) خۆی خانە نشین ئەکات .
مامۆستا کەسێکی ئاشتیخوازە ھەردەم ھەوێنی ئاشتەوایی بووە لەنێو خزمان و خەڵکیشدا ، شارەزایی ھەیە لە جوغرافیەی وڵاتان و مێژودا .
پیاوی ماجلیس و کۆڕو کۆبونەوەکانە قسەی خۆش و نوکتە و سەرگوزەشتە و شیعرێکی زۆری شاعیرانی لەبەرە زمانی عەرەبی و فارسی بەباشی ئەزانێ .
سەرەتای کاری سیاسی پەیوەندی ئەکات بە حزبی شیوعیەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ کاری حزبی ئەکات دواتر بە ھۆکارێک وازدێنێ و لە نیوەی دوھەمی شەستەکاندا پەیوەندی ئەکات بە پارتیەوە .
مامۆستا کەسێکی لێبوردەیە کاتێ کوڕێکی یانزەساڵانی بەناوی کاکە ڕاستی ئەبێتە ژێر سەیارەوە و کۆچی دوایی ئەکات کاتێ شۆفێرەکە ئەگرن مامۆستا ئەڵێ بچن ئازادی بکەن و نەدیومە نە بیناسم .
مامۆستا لە ساڵی ١٩٥٢ ھاوسەرگیری ئەکات لەگەڵ خاتوو ( نافیعە حاجی حسن ١٩٣٠--٢٠١٠) نافیعە خان خانمێکی خوێندەواری زمان شیرینی سەلارە بوو کاتی بێ ئیشی بە خوێندنەوەوە بەسەر ئەبرد و شیعرێکی زۆری مەولەوی لەبەر بوو لەمدواییەدا لەسەر عەرەبانە بوو ھەرخۆی زۆری ئیشی ماڵەوەی ئەکرد .
وەک م.عەلی ئەڵێ تەنانەت پاسەوانیشی بۆکردووە لە کاتی پێشمەرگایەتیدا .
م.عەلی ئەگێڕێتەوە و ئەڵێ کاتێ لێپرسڕاوی رێکخراوی خورماڵ بووم کەسێک فەرشی مزگەوتی دزی بوو لەلای پۆلیس زیندانی بوو زۆر ھەوڵیان دابوو دانی نەنابوو بە دزیەکایدا منیش ووتم بە ئەفسەری بنکەی پۆلیسی خورماڵ ئەو پیاوە تەسلیمی من بکە بەشێوەک ئەیترسێنم و وای لێئەکەم دانبنێ بەدزیەکەیدا م.عەلی ووتی ھێنام و خستمە ناو جێبێکی ئەوکاتە و لەگەڵ مامۆستایەکی ئاینی بەڕێز و سێ چوار پیاو لەگەڵ پاچ و خاکەنازدا کابرای دز ووتی ئەوە چیم لێ ئەکەن منیش ووتم ئێستە ئەتبەین بۆ شوێنێکی چۆڵ ئەبێت خۆت گۆڕ بۆ خۆت ھەڵکەنی و ئەم پیاوانە ئەتخەنە ناو گۆڕەکە بەزیندویی و ئەم مامۆستایەش تەلقینت ئەکات ، کابرای دز وتبوی بەقوربانتان بم من فەرشەکانم دزیوە و لە فڵان شوێن دامناوە توخوا مەمکوژن ئیتر بەوشێوە فەرشەکان ئەبەنەوە بۆ مزگەوتەکە و کابرای دزیش بەتکا و ڕەجا ئازاد ئەکەن . لەو ماوەیەدا م.علی لە خورماڵ ئەبێت بە پێشنیار و سەرپەرشتی بەڕێزی و بەھەوڵی خەڵکی خورماڵ و لادێکان جادەی خورماڵ -- زەردەھاڵ چەوڕێژ ئەکەن چونکە لەزستاندا ئەبویە قوڕ و سەیارە تیا دەرنەچووە بەڵام لەزەردەھاڵ بەرەو بیارە و تەوێڵە بەردەڵان بووە .
بەرھەمی ھاوسەرگیری مامۆستا عەلی و نافیعەخان سێ کوڕ و سێ کچە بەناوەکانی :--
- ١- ئاراس⁄ ١٩٥٦ خانەنشینە سلێمانی .
- ٢- ئاشتی ١٩٦٢ ئەندازیارە لە ئەمەریکایە .
- ٣-ڕاستی ١٩٦٢ لە ١٩٧٢کۆچی دوایکردوە ناوبراو
لەگەڵ کاک ئاشتی دوانەن .
- ٤- ئاشنا ١٩٧١لە خورماڵ لەدایک بووە ئێستا لە
وڵاتی سویدە .
- ٥- ئاواز ١٩٦٤تەوێڵە ئێستە مامۆستایە لە
سلێمانیە .
- ٦- بەناز ١٩٦٧تەوێڵە ئێستە لەوڵاتی سویدە .
تێبینی:-
بەڕێزان کاک برایم محەمەد سەعید عەبدوڵڵا ئاغا (ئامۆزای مامۆستا عەلی) و کاک ئاراس عەلی قادر ئاغا بە سوپاسەوە ھاوکارم بوون لە ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا .
عمر عبدالقادر خورماڵی
سلێمانی ⁄ ھەواری شار