فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان- بەشی 5
پەنجەمۆری سایکۆپاتەکان
فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان بەشی پێنجەم
نووسینی: ئارام سەعید
مرۆڤ بۆ هەردەربڕینێک زمان بەکاردەهێنێت، ئەوەی دەینوسێت و دەیڵێت، لەناخی خۆیەوە دادیدەڕێژێت؛ واتە نوسین و تێکست پەیوەندی بە دەرونی مرۆڤەوە هەیە، ئەگەر کەسێک دەرونی شێواو بێت ئەوا زمانەکەشی شێواو دەبێت.
بۆ توڕەیی و هێمنییش هەروایە. کەسیک سۆزداری تێدا نەبێت نوسینی جیاوازە لەوەی سۆزدارە.
ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوە هەیە لەسەر بونیادی زمانەوانیی لای سایکۆپات لە سۆشیال میدیا، کە نوسینەکانیان ئاڵۆزن و تێگەیشتنیان ئاسان نییە، چونکە دەرونیان ئاڵۆزە؛ هەربۆیە ئەوانەی ئاستی نەخۆشییەکەیان بەرز بێت، شکست دەهێنن لەوەی بتوانن زمانێکی نوسینی باش بەکاربهێنن و دەربڕینی باش بکەن، لەمبارەیەوە پێنیبەیکەر (Pennebaker) دەڵێت "ئەو وشانەی بەکاریدەهێنین وەک پەنجە مۆر وایە کە پێی دەناسرێینەوە، هەمومان ئاسەوارێک لە دەروونمان بەجێدەهێڵین لە پشت وشەکانمانەوە" .
لە لێکۆڵینەوەیەکی گرنگی ژمارەیەک لێکۆڵەری روسیی بەناوی " کەسایەتییە تاریکەکانی فەیسبوک: هەڵسوکەوت و زمانێکی زیاننبەخش لەسەر ئینتەرنێت"، نوسیویانە: " یەکێکی تر لەئامرازەکانی دەستنیشانکردنی سایکۆپاتەکان لە سۆشیاڵ میدیا پێی دەوترێت لێکۆڵینەوەی زمانەوانی یان خواستی زمانەوانییان و حسابکردنی وشەکان، هەموو رستەکان کە کەسێک دەینوسێت یان دەیڵێت پەیوەندی بە مێشک و بیرکردنەوەی هەیە، لەناو مێشکی مرۆڤیشدا ئەرکی جیاجیا هەیە بۆ وشەکان، لەلای مرۆڤی ئاسایی، وشەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە ئەوانیش ناو و کردار کەلەلایەن ئاگاییەوە (العقل الواعی) کۆنترۆڵ دەکرێن، بەڵام ئەو وشانەی راناو و ئامرازی پەیوەندین و وشە هاوکارەکانن (الضمائر وحروف الجر وحروف العطف والكلمات المساعدة) لەرێگەی نەستەوە (نائاگایی-العقل اللاواعی) کۆنترۆڵ دەکرێن، مێشکی سایکۆپاتەکان لەو بەشەی نەستەوە وشەکان بەکاردەهێنن و ئەویش کۆنترۆڵنەکراوە؛ بۆیە رستەکانیان هەندێک جار تەواونین و مایەی تێگەیشتن نین "کە رەنگە زۆرکات تێکستی وادەبینین تێیان ناگەین، تەنانەت لەلای نوسەرە دیارەکانیش کاتێک یەکێک لە پاڵەوانەکانیان سایکۆپاتن بەوزمانە دیالۆگیان دەنوسرێت، کە تێکستی تێدا هەیە تێگەیشتنی زۆر قورسە، ئەوەش ترسناکیی زیاتری سایکۆپاتەکان نیشان دەدات.
لەمبارەیەوە لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر بەرواردکردنی زمانی چەند زیندانیەک کە تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، بۆجیاکردنەوە و تێگەیشتن، لێکۆڵەرەکان لەسەر پیاوکوژیی سایکۆپات و غەیرە سایکۆپات ئەنجامیان داوە. بۆنمونە لەکاتی گێرانەوەی چیرۆکەکانیان زۆرترین جار ئەو شتانە باس دەکەن کە پەیوەندی بە پێداویستییە سەرەکییەکان وچێژبینینەوە هەیە؛ واتە فیسیۆلۆژیەکان، کەمتر ئەو وشانە بەکاردەهێنن کە پەیوەندی بە خێزان و خۆشەویستیەوە هەیە کە ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئەوان کەمتر گرنگی بە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە گرنگەکان دەدەن زیاتر لەخەمی پێداویستیەکانی تردان... ئەمە جگە لەوەی داهێنان دەکەن لە وشەکانی جنێو و هەڕەشەو توڕەبوونیاندا.
سفیرکر سیکستروم مامۆستای دەرونناسیی لە زانکۆی لوند لە سوید، بۆ رۆژنامەی زە لۆکاڵی ئەو وڵاتە دەڵێت "خۆی توشی سەرسوڕمان بووە بەوەی کە تا ئەو ئاستە لە فەیسبوکەوە ڕوواڵەتەکانی ئەو کەسێتییە تاریکانە بدۆزریتەوە کە سایکۆپات، خودشەیدا (نارسیست) و مەکیاڤیلیستن" دواتر دەڵێت: " لەبەرئەوەی ئەرکی سەرەکی فەیسبوک بۆ پەیوەندیکردن و بەستنەوەی کۆمەڵایەتیی کەسەکانە بەیەکەوە، ئەمەش جۆریک لە کێبڕکێ دروست دەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هەر بۆیە لەپێناو خۆدەرخستن و پێشبڕکێی ئەوەی کێ زۆرترین گرنگی پێدەدرێت؛ ئا لێرەدا پاڵنەریکی گەورە دروستدەبێت بۆئەوەی لایەنی تاریکی ئەو کەسانە دەرکەوێت و ئاشکرا ببێت".
بۆگیۆلیبۆڤا کە لیکۆڵەرێکی ڕووسییە، لەگەڵ چەند هاوکاریکی لەئەنجامی لیکۆڵینەوە گەیشتونەتە ئەوەی هەندێک جار سایکۆپات بەوە دەناسینەوە کە چ شتێک بڵاوناکەنەوە یان پۆستی ناکەن، ئەویش رازینەبوونیانە بە کتێب، چونکە زۆر حەزیان بە کتێب نییە، بەڵام ئەوان زیاتر خەریکی باسکردنی پێداویستی رازیبوونیان، چێژبینینەکان، یان سیاسەت و دەسەڵات دەکەن وەک لەوەی باسی کتێب بکەن.
هەروەها گرفتیان لەگەڵ خوێندنەوە هەیە و زمانێکیان هەیە کە زۆر مایەی تێگەیشتن نییە.
ئەگەر بەووردی سەرنجی کۆمێنت و نوسینەکانی فەیسبوک و ئەنستاگرام هەندێک لەپەیجەکان بدەین رەنگە بەئاسانی ئەو کەسایەتیانە بدۆزینەوە کە هەڵگری ئەم سیفەتانەن لەکوردستاندا و چالاکن لەبڵاوکردنەوەی پۆستەکانیان، کەبینەر وخوینەریان زۆرە.
فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان- بەشی 1
فەیسبوک مالێک بۆ سایکۆپاتەکان- بەشی 2