قادر قادری
قادر قادری ناسراو بە(قادرماڵەدۆمی) لە دایک بووی ساڵی 1349هەتاوی 1970زایینی لە گوندی (ماڵەدۆم) سەر بەشاری بانە لە دایک بووە و لە تەمەنی 13 ساڵیدا هۆگر بە گۆرانی بووە و هەستی بە بەهرەی دەنگی خۆش کردووە.
ناوبراو بەم جۆرە سەرەتایی دەسپێکی هونەری دەگێرێتەوە:لە مێرمنداڵیدا کاتێ ماڵمان لە گوندی (ماڵەدۆم) بوو لە گوندەکانی دەوروبەرمان کاتێ زەماوەند دەکرا لە خۆشی پڵاو و خۆرشت خۆم دەگەیاندە زەماوەندە،لەوسەردەمەدا 2گۆرانی بێژ له و دەڤەرە بوون بە ناوەکانی وەحید و رەحمان کە گۆرانی بێژی ناو ئاهەنگەکان بوون منیش لە گوێسوانەی سەربانەکان دادەنیشتم گوێم له و 2 گۆرانی بێژە رادەگرت و بەهرە و دەنگی ئەوانەبوون بە هاندەرم بۆ گۆرانی وتن و جاری وا هەبوو هێندە غەرقی ناو گۆرانیەکە دەبووم کە نان خواردنەکەم لە کیس دەچوو. "قادرماڵەدۆمی"لە ساڵی 1372هەتاوی 1993زایینی یەکەم کاسێتی بە یارمەتی تۆمارگای کوردستان لە شاری"بانە "کردووە و کە ئەم کاسێتە چەندین بەرهەمی فلکلۆری لە خۆ گرتووە کە زۆر بە چێژن.
ناو براو دواتر 2کاسێتی تری هەر بۆ تۆمارگای کوردستان تۆمار کردووە و لە چەندین ئاهەنگیشدا لە شارەکانی "بانە"،"مەهاباد"و"سەردەشت"بەشداری کردووە. شایانی باسە کە "قادرماڵەدۆمی" لە سێهەمین مێهرەجانی بەیت و حەیران(1387هەتاوی) لە شاری "سەردەشت"پلەی سێهەمی بەشی حەیرانی بە دەست هێناوە.
جێگەی ئاماژەیە ناوبراو دەنگی بۆ مەقام و حەیران و گۆرانی رەسەن زۆر لە بارو بە هەستە بەڵام بە داخەوە هێشتا لە باری مووزیکەوە دەنگەکەی باش رانەهاتووە و ئەگەر پشتیوانی لێ بکرێت کاک "قادرماڵەدۆمی" لە داهاتوو دا دەتوانێ سەرکەوتنی بەرچاو بە دەست بێنێ و خزمەتی مۆسیقای کوردی بکات.
ئامادەکردنی:عەلی عابدی