لە باخەكانی مەندەلی 65 جۆر خورما بەرهەم دێ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

لە باخەكانی مەندەلی 65 جۆر خورما بەرهەم دێ و نرخی كیلۆیەك خورمای قەرەنفلی گەیشتووەتە 30 هەزار دینار.

28-289.jpg

ئامادەکردنی: فاتمه‌ قاسم / baskurd

مەندەلی، یەکێکە لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكانە و دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری خانەقین و زۆربەی دانیشتوانی کوردن، لەم شارەدا لە 584 هەزار دۆنم کۆی گشتیی ڕووبەری مەندەلی، 360 هەزار دۆنمی تایبەتە بە زەوییە گونجاوەکان بۆ کشتوکاڵ و تەنیا چوار هەزار دۆنم لە زەوییەکەی باخە و جگە لە هەبوونی داری میوە، داری خورماش لەخۆ دەگرێت.


لەنێو شاری مەندەلیدا زیاتر لە 65 جۆری جیاوازی خورما هەیە، لەنێوانیاندا چەند جۆرێکی خورما، کە تەنیا نیشتمانی سەرەکییان شاری مەندەلییە، لەنێوان ئەو چەند جۆرە خورمایەی هەیە، کە ناوبانگی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەدەست هێناوە و لەسەرەوەی خشتەی خورما بەنرخەکان هەژمار دەکرێت و بەناوی خورمای قەرەنفلی ناسراوە.


قەیس سادق، بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی مەندەلی، سەر بە پارێزگای دیالە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "خورمای قەرەنفلی یەکێکە لە دەگمەنترین جۆرەکانی خورما، کە بە تامەکەی جیا دەکرێتەوە و خاوەن ڕەنگی رەشی تۆخە و پێ دەگوترێت قەرەنفلی، چونكە تامی مێخەک دەدات و شیرینی مامناوەندە، هەروەها بەهۆی دەگمەنی و گرانیی نرخەکەیەوە بەناوی زێڕی رەشیش ناو دەبرێت، ئەمەش وای کردووە، کە له گرانترین جۆرەکانی خورما بێت بەبێ گوێدان لە زۆریی بەرهەمی جۆرەکانی دیکەی خورما، کە زیاتر لە 65 جۆر دەبن، هەروەها سەرەڕای هەبوونی قەرەنفلی لە شارەکانی دیکە، بەڵام مەندەلی ماڵی ڕەسەنی ئەم جۆرە خورمایەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جۆری خاک و کەشوهەواکەیەوە."


2023-10-16 18.jpg

بەڕێوەبەرەکە لە درێژایی قسەکانیدا گوتی: "لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دارخورماكان و بەرهەمی خورمای قەرەنفلی زۆر بوو، چونکە لەو سەردەمدا خەڵکی شارەکە لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە بژێویی خۆیان دابین دەكرد، بۆیە ساڵانە نزیکەی 25 تەن بەرهەمی قەرەنفلیمان هەبوو، بەڵام بەراورد بە ئێستا نرخەکەی زۆر کەم بوو. لە ساڵی 1980 لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی عێراق ئێران، زۆربەی خەڵکی شارەکە ئاوارە کران بۆ شارەکانی دیکە، بۆیە ئاوارەبوونی خەڵک، بێئاوی، سووتاندنی باخەکان، پشتگوێخستنی دارەکان، هەموو ئەمانە بووە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دارخورماكان بەگشتی و قەرەنفلی بەتایبەت، بۆیە بۆ ماوەی 35 ساڵ بەرهەمهێنان وەستا، بەڵام دوای گەڕانەوەی خەڵک لە ساڵی 2000 بۆ مەندەلی و دووبارە نۆژەنکردنەوەی باخەکانیان، ماوەی 10 ساڵی خایاند و لە ساڵی 2010 لە سەرەتاوە بەرهەمهێنان دەستی پێکرد و بەرەو ئاستێکی بەرز چوو، ئێستا بە ڕێژەی 70% بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو باخەکانی خورما و بەرهەمی خورما زۆرترە، بۆیە لە ساڵی 2022 چوار تەن بەرهەمی قەرەنفلیمان هەبوو، بۆ ئەمساڵیش نزیکەی شەش تەن بەرهەممان هەیە."


-26-28-527.jpg

قەیس سادق، ئاماژەی بەوەش کرد: "نەمامەکانی قەرەنفلی، کە پێیان دەگوترێت (فەسیل) لە (15ی 10 هەتا 1ی 12) لە تەمەنی چوار بۆ پێنج ساڵان لە دایکەکانیان جیا دەکرێنەوە، بەو مەرجەی قە‌‌‌با‌رەکەی بە لایەنی کەم 10 کیلۆ بێت و بەرزییەکەی 100- 150سم بێت، ئەوکات لەناو خاکدا دەچێنرێت، نرخی هەر نەمامێک بەپێی قەبارەکەی دەبێت، بۆیه ئەگەر قەبارەکەی 10- 12 کیلۆ بێت، بە نرخی لەنێوان 750 هەزار تا یەك ملیۆن دینار دەفرۆشرێت، بەڵام ئەگەر قەبارەکەی کەمتر بێت، نرخی لەنێوان 500 تا 600 هەزار دینار دەبێت. دوای چاندنی نەمامەکان لە تەمەنی پێنج ساڵی، بۆ ماوەی 100 ساڵ بەرهەم دەدات و بەرزیی دارەکانی قەرەنفلی لەنێوان 20- 30 مەتر دەبێت، هەر دارێک توانای هەڵگرتنی خورمای بەپێی گرنگیپێدانی باخەوان بە دارەکە دەبێت، ڕێژەی بەرهەمهێنانی دارخورمای قەرەنفلی، کە تەمەنی لە 5- 20 ساڵدا بێ، لەنێوان 100 بۆ 175 کیلۆ دەبێت، هەرچەندە دارەکە تەمەن و درێژیی زۆرتر بێت، ئەوەندە بەرهەمی کەمتر دەبێت، لە 15ی 3 پرۆسەی کوتانی خورما، کە پێی دەگوترێت (تەلقیح) دەست پێدەکات و لە مانگی 9 خورماکە دەست بە پێگەیشتن دەکات هەتا 15ی 10. خورمای قەرەنفلی لە سەرەتاوە هەتا پێگەیشتن بەم ڕەنگانەدا تێدەپەڕێت، لە مانگی 5- 6 ڕەنگی سەوزە، لە مانگی 7- 8 وەنەوشەیی تۆخە، لە مانگی 9- 10 دەبێتە ڕەشی تۆخ ..، هەروەها لە مانگی 7 دەست دەکەینە پێچانی خورماکان هەتا وەرزی رنینی لە 15ی 10، بۆ ئەوەی مێروو و خۆڵ نەگاتە خورماکان."


قەیس سادق ئەوەیشی بۆ قسەکانی زیاد کرد: "ئەم جۆرە خورمایە لە مانگی 9 بە ڕێژەی 2% بە شێوەی تەڕ بە نرخی سێ هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک دەفرۆشرێت و لەدوای 15ی 10 بە ڕێژەی 98% بە وشکی دەفرۆشرێت، کە نرخی هەر کیلۆیەک پێنج ساڵ پێش ئێستا تەنیا پێنج هەزار دینار بوو، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی خواستێکی زۆر لەسەری لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات، نرخەکەی هەڵكشاوە و ئێستا نرخی یەك كیلۆی لەنێوان 20- 30 هەزار دینارە، بەڵام بەهۆی گرانبوونی، تەنیا بە ڕێژەی 5% لەنێو بازاڕی شارەکەدا دەفرۆشرێت و بە ڕێژەی 95%ی بۆ هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق و دەرەوەی وڵات رەوانە دەکرێت."


-26-27-069.jpg

بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی مەندەلی لە کۆتاییدا گوتی: "ئێستا زۆر هەوڵ دەدەین، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە باخەکانی مەندەلی بدرێت، هەروەها گرنگیی بە چاندنی نەمامی خورما بە ڕێژەیەکی زۆر، بەتایبەت لە جۆرەکانی قەرەنفلی و میرحاج بدرێ، چونکە خواستێکی زۆریان لەسەرە و پێشبینی دەکەین لە ساڵی 2030 زیاتر لە 15 تەن بەرهەمی خورمای قەرەنفلیمان هەبێت."