ڕێبوار تەها
ڕێبوار تەھا مستەفا ئەحمەد لە ساڵی 1982 لە گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکووک لەدایکبووە.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە کەرکووک تەواو كرد. ئەو خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پەروەردەی زمانی ئینگلیزی، بەکالۆریۆسی یاسا و بڕوانامەی دیپلۆمی كارگێڕى و ياسایە لە پەیمانگای تەکنیکیی کەرکووک. لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، ھەتا ساڵی 2014 لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کاری کرد.
ساڵی 2014 بۆ جاری یەکەم بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان. رێبوار تەھا لە لێکەوتەکانی دوای ڕێفراندۆم و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پاراستنی ماڵی کوردانی کەرکووک گێڕا و شارەکەی بەجێ نەھێشت.
لە ساڵی 2018دا وەک سەرۆکی لیستی یەنەکە بۆ جاری دووەم بووەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەو خوولەدا جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە و ھەروەھا جێگری نووسینەوەی پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق بوو. لە خوولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی عێراقدا، داکۆکیکاری پرس و مافەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک بوو. لە کۆنگرەکانى چوارەم و پێنجەمی یەنەکەدا، وەک ئەندامی ئەنجومەنى سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا. ئەو ھەروەھا لە چەندین کۆڕ و کۆبووبوونەوەی سیاسی، تایبەت بە کارگێری و کاروباری پەرلەمانی لە دەرەوەی وڵات بەشداریی کردووە. لە ساڵی 2023دا، وەک سەرۆکی ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە، بەشداریی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کرد و بووە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.