کورد و ڤیکینگەکان له نێوان ساڵانی - 943-1071ز
نووسینی: چۆمان تەقیەدین
له ئێستادا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و شانشینی سوید په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و کلتوری زۆریان لەنێواندایه، وه‌کو بوونی نووسینگەی کونسوڵگەری شانیشینی سوید له شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان و بوونی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ستۆکهۆڵمی پایته‌ختی شانشینی سوید. سه‌رباری ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و شانشینی سوید، بوونی ژماره‌یه‌کی زۆری ڕه‌وه‌ندی کورد له‌و وڵاته‌دا که خۆی له زیاد (100) هه‌زارکه‌س ده‌دات، له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی سویدی دا خۆیان گونجاندووه که چه‌ندان که‌سی ناوداریان تێدا هه‌ڵکه‌وتووه و رۆڵێکی به‌رچاویان له وڵاتی سوید هه‌یه.
له کۆندا کورده‌کان و سویدییەکان په‌یوه‌ندیان هه‌بووه، ئه‌وه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می بوونی ڤیکینگه‌کان له وڵاتانی ئه‌سکه‌ندناڤیا (دانیمارک، سوید، نه‌رویژ، ئه‌یسله‌ند)ی باکووری کیشوه‌ری ئه‌وروپا. ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی نێوان کورده‌کان و سویدییەکان له‌و سه‌رده‌مەدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (943ز) که له‌و ساڵەدا چه‌ند هه‌زارکه‌سێک له ڤایکینگه‌کان به ڕووس ناوبراون (مه‌به‌ست له نه‌ته‌وه‌ی ڕووسی ئێستا نییه) هێرشیان کرده سه‌ر شاری به‌رده‌غه له ئازه‌رباینجانی ئێستا، ئه‌وده‌م شاری به‌رده‌غه پایته‌ختی هه‌رێمی ئاران بوو. هه‌روه‌ها هه‌رێمێکی کوردنشین بوو له‌و سه‌رده‌مەدا، دواتر تورکه‌کان بوونه زۆرینه‌ی هه‌رێمه‌که، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پایته‌ختی میرنشینی سالارییه‌کانی کورد بووه که له نێوان ساڵانی(942-1096ز) فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رێمی ئارانیان کردووه که ده‌کاته (154) ساڵ و له‌و ماوه‌یه‌دا (نۆ) میری کوردی فه‌رمانڕه‌واییان کردووه.
هێرشی ڤایکینگه‌کان له ساڵی (943ز) به سه‌رکردایه‌تی (ئیگۆر) کوڕی رودیک (912-945ز) میری شانشینی (کییڤ)ی ڕووسی بوو که پادشاکانی ئه‌و شانشینه‌ی ڕووسیا به بنچینه له ڤایکینگه‌که‌کانی سوید بوون، بۆ سه‌ر شاری به‌رده‌غه‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی ئاران، ئه‌وه بوو توانییان شاره‌که داگیربکه‌ن و تاڵانی بکه‌ن و زۆربه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که به دیل بگرن. ئه‌وه‌ش له کاتێکدا بوو میری میرنشینی سالارییه‌کان (سالار مه‌رزبان کوڕی موحه‌ممه‌د) (942-956ز)، سه‌رقاڵی سه‌رکوتکردنی ڕاپه‌رینێک بوو کە له ئازه‌رباینجان به‌رپا ببوو، دواتر داگیرکردنی شاره‌که‌ی بیست، ئه‌وه بوو هێرشی کرده سه‌ر شاری به‌رده‌غه و هه‌وڵیدا بیگرته‌وه، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانی بێ سوودبوون، بۆیه له‌گه‌ڵ به‌شێک له فه‌رمانده‌کانی خۆی و نزیکه‌ی چوار هه‌زار سه‌ربازدا شاره‌که‌ی به‌جێ هێشت.
دوای چه‌ند مانگ له داگیرکردنی شاری به‌رده‌غه په‌تایه‌ک له ناو ڤایکینگه‌که‌کان په‌یدابوو، به‌وه‌ش به‌ره به‌ره ژماره‌یان که‌م بووه و ئه‌وانه‌شی به زیندوویی مانه‌وه شاره‌که‌یان به جێ هێشت و گه‌ڕانه‌وه بۆ سوید و ژماره‌یه‌کی باشیان له دراوی کوردی برد که مێژووی لێدانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (936/937ز)، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری میر دایسام کوڕی ئیبراهیم کوردی، هه‌رووه‌ها فڕاندنی ژماره‌یه‌ک ئافره‌ت و بردنیان له‌گه‌ڵ خۆیان بۆ باکوور و فرۆشتنیان له بازاڕی کۆیله فرۆشاندا.
دواتر جارێکی تر ڤیکینگه‌کان واته سه‌د ساڵ له دوای هێرشی یه‌که‌م، هێرشیان کردووه که له نێوان ساڵانی (1030/1033ز)دا بوو، له‌و هێرشانه‌دا ژماره‌یه‌کی تری سکه‌ی کوردی‌یان بردووه له‌گه‌ڵ خۆیاندا که له نێوان ساڵانی (952/953ز) له شاری به‌رده‌غه لێدراو‌ن که به‌شێکی زۆری ئه‌و دراوه کوردییانه له ناوچه‌ی گۆتلاند و هه‌ندێ ناوچه‌ی تری سوید دۆزراوه‌ته‌وه.
ساڵی (1041ز) ڤیکینگه‌کان هێرشیان کردووه به سه‌رکردایه‌تی میر ئیگڤار دهن ڤیتتیفارنی به‌ڵام شکستییان هێنا، دواتر هه‌ندێک له ڤیکینگه‌کان له لایه‌ن میری ناوچه‌ی ده‌ربه‌ند کاریان پێکراوه.
ڤیکینگه‌کان به ناوچه‌کانی خۆرهه‌ڵاتیان گوتووه سێرکلاند، واته ئه‌و ناوچانه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی زۆرینه موسڵمان بوون که یه‌کیک له‌و ناوچانه هه‌رێمه کوردییه‌کان بوون. له ناو کوردستاندا په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا دورست کردووه.
ژماره‌یه‌کی زۆر له ڤیکینگه‌کان لە باکوورەوە کۆچیان کرد بۆ شاری کۆستەنتینە (کۆستانتینۆپۆل)ی پایتەختی ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان و وه‌کو سه‌رباز خزمه‌تی سوپای ئیمپراتۆریای بێزنتییەکانیان کردووه و وه‌کو پاسه‌وان خزمه‌تی قه‌یسه‌ره‌کانی بێزنتییەکان کردووه، به‌مه‌ش جارێکی تر په‌یوه‌ندیان به میرنشینه‌کانی کورده‌وه کردووه وه‌کو میرنشینی مه‌ڕوانی-دۆسته‌کی (983-1096ز) چونکه ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ڕوانی-دۆسته‌کی ده‌که‌وته نیوان خه‌لافه‌تی عه‌باسییه‌کان و ئیمپراتۆریای بێزنتییەکانه‌وه.
ئیمپراتۆر باسیلییۆسی دووه‌م (976-1025ز) قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان گاردێکی پاسه‌وانی دامه‌زراند که به ته‌نها له ڤیکینگه‌کان پێکهاتبوون، که خه‌ڵکی جۆراوجۆری وڵاتانی ئه‌سکه‌ندناڤیا بوون، تا سه‌ره‌تاکانی ساڵی (1200ز) مابوون.
کاتێک هۆزه تورکه‌کان به گشتی و سه‌لجوقییه‌کان به‌تایبه‌تی بۆ ناوچه‌ی ئه‌نه‌تۆڵیا کۆچیان کردووه، ئه‌مە وای له ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان کرد هه‌وڵبده‌ن کورده‌کان به لای خۆیاندا ڕابکێشن، یان به لایه‌نی که‌مه‌وه کورده‌کان بێلایه‌ن بن.
سوپای ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان سنووری ده‌وڵه‌تی مه‌ڕوانی-دۆسته‌کی به‌زاند و شه‌ڕ ده‌ستیپێکرد، ئه‌وه‌ش ساڵی(993ز) بوو، له ئاکامدا سوپای ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان له به‌رامبه‌ر سوپای ده‌وڵه‌تی مه‌ڕوانی-دۆسته‌کی به سه‌رکردایه‌تی میر ئه‌بوعه‌لی ئه‌حمه‌د کوڕی مه‌روان (991-997ز) شکان، دواتر ڕێکه‌وتننامه‌ی ئاشتی له نێوانیاندا واژۆ کرا. ساڵی (999ز) ئیمپراتۆر باسیلییۆسی دووه‌م (976-1025ز) قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان به سه‌رکردایه‌تی سوپایه‌ک هێرشی کرده سه‌ر خه‌لافه‌تی فاتیمی میسر‌و خه‌ریک بوو شاری حه‌ڵه‌ب له سوریای ئێستا بگرێت، به‌ڵام به‌ره‌و باکوور کشایەوە ڕووه‌و گورجستان (جۆرجیا) ڕۆیشت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی له ناوچه‌که‌دا بپارێزێ. له‌ومیانه‌دا سه‌ردانی شاری مایافارقینی پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی مه‌ڕوانی-دۆسته‌کی کرد و لەلایه‌ن میر ئه‌بو مه‌نسورسه‌عید کوڕی مه‌ڕوان (997-1011ز) پێشوازییەکی گه‌رمی لێ‌کرا، دواتر ئیمپراتۆر باسیلییۆسی دووه‌م (976-1025ز) قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان و پاسه‌وانه ڤیکینگه‌کانی گه‌ڕانه‌وه بۆ شاری کۆستەنتینە (کۆستانتینۆپۆل)ی ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان.
سه‌ربازه ڤیکینگه‌کان له هه‌موو هێرشه‌کانی ئیمپراتۆر باسیلییۆسی دووه‌م (976-1025ز) قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان بۆ سه‌ر خۆرهه‌ڵات به‌شداریان کردووه. بێزنتییەکان گه‌لێک په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسییان له‌گه‌ڵ مه‌ڕوانی-دۆسته‌کی کوردان به‌ستووه، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه بۆ ماوه‌یه‌کی زۆری درێژەیان کێشاوە که شێوه‌کانی دانوساندن و په‌یمانی ئاشتی و ناردنی نوێنه‌ر و نامه‌گۆڕینه‌وه‌و ناردنی دیاری بۆ یه‌کتری له‌خۆگرتووه.
کاتێک میر ئه‌حمه‌د کوڕی مه‌ڕوان (نه‌سرئه‌لده‌وله) (1012-1061ز) ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی مه‌ڕوانی-دۆسته‌کی کوردانی گرته ده‌ست، ئه‌وه بوو ئیمپراتۆر باسیلییۆسی دووه‌م (976-1025ز) قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان نوێنه‌ری خۆی نارد بۆ مه‌به‌ستی پیرۆزبایی کردن، که دیاریی به نرخی بۆ ناردووە وه‌کو ئه‌سپ و حوشتر و دیاریی گرانبه‌های تری به نرخی پێگه‌یشت. له ساڵی (1021ز) ئیمپراتۆر باسیلییۆسی دووه‌م (976-1025ز) قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان شه‌ڕی له‌گه‌ڵ گورجستان (جۆرجیا) به‌رپا کرد ، مه‌یدانی شه‌ڕه‌که نزیک شاری ئه‌رزو‌ڕوومی باکووری کوردستان بوو. دانوستاندن له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری بێزنتییەکان به‌رده‌وام بوو له شاری ئهرزڕوومی باکووری کوردستان.
کاتێک ئیمپراتۆر میخائیلی چواره‌م (1034-1041ز) قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، چه‌ندان جار له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاتدارانی ئاسیای بچوک شه‌ڕی کردووه، پیاوێکی نه‌رویژی به‌ناوی (هاراڵد هۆردرۆده) بوو له ساڵی (1034ز) به خۆی و نزیکه‌یی پێنج سه‌د که‌س له پیاوه‌کانی که له ڤیکینگه‌کان بوون چوونه شاری کۆستەنتینە (کۆستانتینۆپۆل)ی ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان و بوو به سه‌رۆکی ڤیکینگه‌کانی شاری کۆستەنتینە (کۆستانتینۆپۆل).
وه‌کو باسی لێوه کراوه له شه‌ڕه‌کانی نێوان ساڵانی (1035و1037ز) له ناوچه‌ی سێکلاند (ناوچه موسڵمان نشینه‌کان) به‌شداری کردووه و هه‌روه‌ها له چیرۆکه‌کانی خۆیاندا باس کراوه نزیکه‌یی هه‌شتا شاری داگیرکردووه.
دوا په‌یوه‌ندیی نێوان کورده‌کان و ڤیکینگه‌کان بۆ ساڵی (1071ز) ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه‌ش شه‌ڕی مانزیکیرت (ماڵازگرد) له‌نێوان سوپای ده‌وڵه‌تی سه‌لجوقییه‌کانی ڕۆم که تورک بوون به سه‌رکردایه‌تی ئه‌لپ ئه‌رسه‌ڵان (1064-1072ز)و سوپای ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان به سه‌رکردایه‌تی ئیمپراتۆر ڕۆمانووسی چواره‌م (1034-1041ز) قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان بوو، له ئاکامدا سوپای ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان تێکشاند، که له شه‌ڕه‌که‌دا کورده‌کان وه‌کو سه‌رباز له ناو سوپای ده‌وڵه‌تی سه‌لجوقییه‌کانی ڕۆم به‌شدارییان کردووه‌و ئه‌وه بوو ڤیکینگه‌کانی ناو سوپای ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان هه‌ر هه‌موویان کۆژران. ئه‌وه‌ش وایکرد به‌ره به‌ره ژماره‌ی ڤیکینگه‌کان له‌ناو ئیمپراتۆریای بێزنتییەکان که‌م بووه‌و دواتر به یه‌کجاری له سه‌ر شانۆی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه بوونیان نه‌ما، دواترنه‌ته‌وه‌کانی ئه‌سکه‌ندناڤیا (دانیمارک و سوید ونه‌رویژ و ئه‌یسله‌ند)ی باکووری کیشوه‌ری ئه‌وروپا لێ پێکهات، بوونه ئاشتیخوازترین وڵاتی کیشوەری ئه‌وروپا و جیهان لە ئێستادا.
سه‌رچاوه‌کان:
- 1-یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
- 2-ئارشاک پۆلادیان: کورد له سه‌ده‌ی حه‌وته‌مه‌وه تا سه‌ده‌ی ده‌یه‌م-وه:جه‌لیل کاکه‌وه‌یس-هه‌ولێر2008ز.
- 3-د.زرار صدیق توفیق: کورد و کوردستان له رۆژگاری خیلافه‌ی ئیسلامی‌دا (16-656ک/637-1257ز)-هه‌ولێر2012ز.
- 4-د.که‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر: کوردستان و کورد له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا-سلێمانی2015ز.
- 5-رۆهات ئاڵه‌کۆم: به یه‌کگه‌یشتنی کورد و سوێدییه‌کان له ماوه‌ی هه‌زارساڵدا-وه:کاوه ئه‌مین-سلێمانی2017ز.[١]
- ↑ سەرچاوە:چاوی گەل