کوشتن، یان شەهیدبوونی سورەوەردی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

کوشتن، یان شەهیدبوونی شەهابەدینی سورەوەردی

264127912 .jpg

هۆشەنگ شێخ محەمەد

سورەوەردی هەم بە کوژراو و هەم بە شەهید ناودێرە. زۆر نووسەر و سەرچاوە و نووسراو بە نازناوی کوژراو ناوی دەهێنن تا کوشتنەکەی بکەنە بەڵگە لەسەر ئیلحاد و زەندەقە و کوفرکردنی. هەندێک سەرچاوەیش بە کوژراو ناوی دەبەن وەک ئەوەی شایانی کوشتن بووبێت لەسەر بیروبڕواکانی. لەبەرابەردا نازناوی شەهید وەک پێگە و حاڵی سورەوەردی لە لای شاگرد و یاوەرانی بەکاردێت و بەو نازناوەوە پاتەی زیرەکی و راستگۆیی و حیکمەتی دەکەنەوە.

ئبن تەیمیە لە کتێبی (شرح حديث جبريل) بە کوژراو ناوی دەبات و لەو کتێبەدا هاتووە: (سورەوەردی مەقتول، ئەبوفتوح کوڕی ئەمیرەک شەهابەدین سورەوەردی، لە سورەوەردی عێڕاقی عەجەمییە "کوردە"، "حافیزی زەهەبی" بە زانای فەیلەسوفی سیمیایی و لۆژیکی وەسفی کردووە، زۆر زیرەک بووە، گاڵتەی بە زاناکان کردووە، تیزکەر بووە، دینی لاوازبووە، فەرمانڕەواکانی حەلەب حوکمیان کردووە بە کوفرکردنی. نامەیەکییان بۆ سەڵاحەدینی دادپەرەوەر نووسیوە و لەوە ئاگەدارییان کردۆتەوە. ئەویش فەرمانی بە کوڕەکەی زاهیر داوە کە بیکوژێت. سورەوەردی لە لای زاهیردا پایەیەکی تایبەتی هەبووە، دەڵێن کە رێی داوە جۆری کوشتنەکەی هەڵبژێرێت، مردنی بە برسیبوون هەڵبژاردووە.

ئەویش خواردنی لێ گرتووە تا لە نێوچووە. دەشڵێن بە خنکان مردووە، بەڵام رای یەکەم وێچووترە. نووسراوەکانی "التلويحات" و "اللمعة" و "هياكل النور" هەموویان دەربارەی فەلسەفە و گومڕایین. لە ساڵی ٥٨٧ کۆچی لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا مردووە. بۆیەشە ئبن تەیمیە دەڵێ "سورەوەردی کوژراو" تا لە شەهابەدینی سورەوەردی سۆفیی شافیعی خاوەنی عوارف المعارف جیا بکرێتەوە کە لە ٦٣٢ کۆچی مردووە.) ئبن خەلەکان لە (وفيات الأعيان) بە کوژراو ناوی دەبات. مستەفا کامل ئەلشەیبی لە دیوانە شیعرییەکەی سورەوەردیدا بە ناوی (السهروردي المقتول) ناودێری دەکات. ئەحمەد ئەمین لە کتێبی (حي بن بقظان) پێی وایە نازناوی کوژراو دەربڕین لە بڕیارێک دەکات بەوەی شایانی ئەو کوشتنە بووە، کە پێی مردووە ئەگەر نا بە شەهید ناودێر دەکرا، چونکە ئەو لە حەلەب هەندێ بیروبڕوای فەلسەفی بڵاوکردەوە کە ددانیان بە حلول دادەنا، بەوەی خودا و جیهان یەک شتن. بەو قسانەی خەڵک و فەقیهەکانی لە خۆی توڕە کرد. شا زاهیریش ناچار بوو دەست لە پاراستنی هەڵبگرێت.

زۆر کتێب و سەرچاوەی تریش هەن بە کوژراو ناوی دەهێنن. هنری کۆربان دەڵێت: (لە ئێراندا وەک رێزگرتن بە سورەوەردی دەڵێن: شێخی ئیشراق. ئەو نازناوە زۆر لەو نازناوە بێڕێزە باشترە کە دەڵێن "شیخی کوژراو" کە مێژوونووسە بێموبالەتەکان بەکاری دەبەن. مورید و شاگردەکانی سورەوەردی وەک لە دەستنووسەکانییان دیارە گۆڕیویانە بۆ نازناوی "شێخی شەهید"، ئەو نازناوەش بە کردەکی لە جێی خۆیەتی بە نەزەری هەر کەسێک کە بارودۆخی مردنی دەبینێت لە رێی نووسراو و ئامانجە گەورەکانی.) زۆریشن ئەوانەی لە کتێب و نووسینەکانییان نازناوی شەهیدیان داوەتە پاڵ سورەوەردی و وەک رەمزێک بۆ ستەمی دەستەڵاتی دینی و سیاسی گوزارشتی لێ دەکەن. لە پاڵ ئەو دوو نازناوەشدا چەندین نازناوی تریش هەن، کە سوهروەردی خۆی یان شاگردەکانی یان نووسەران داویانەتە پاڵی. وەک (صاحب الزمان، المؤيد بالملكوت، العظيم و الشيخ الالهي) هەروەها لە هەندێ نووسینیشدا ناوی سورەوەردی بێ هیچ نازناوێک دێت، وەک ئەوەی فەلسەفە و حیکمەتەکەی گوزارشت لە ناوەڕۆکی مرۆڤایەتی و ژیان و مردنی بکەن و پێویست نەکات لە رێی نازناوێکدا لە چوارچێوەیەکدا گوزارشتی لێ بکرێت.

بۆ ئەوەی لە کوژرانەکەی بگەین دەبێت رێک لەو سەردەمە بگەین کە رووداوی کوشتنەکەی تێدا روودەدات، واتا سەرچاوەکانی ئەو کوشتنە، چونکە کۆمەڵێک سەرچاوە لە پشت کوشتنەکەی دەوەستن و بێ ئاشکراکردنی ئەو سەرچاوانە ناتوانین بە قوڵی لەو رووداوە گەورەیە بگەین.

کوشتنی سورەوەردی رووداوێکی گەورەیە لە مێژوودا، چەندین پنت هەن شایانی باسکردن و لەسەر نووسینن. بۆیە لێرەدا ئەو سەرچاوانە ئاشکرا دەکەین.

١-٢/ سەردەمی سورەوەردی، لە لەدایکبوونی تا کوشتنی

دەربارەی خەلافەتی عەباسییەکان، خەلیفە (المقتفي لأمر الله) لە ١١٣٦ تا ١١٦٠ فەرمانڕەوای عەباسییەکان دەبێت، کە ئەویش لە لایەن سوڵتانی سەلجوقییەکان (مەسعود سەلجوقی) لەسەر تەختی خەلافەت دادەندرێت دوای ئەوەی سوڵتانی سەلجوقی خەلیفەی عەباسی (الراشد بالله)ی برازای موقتەفی لە دەستەڵات دێنێتە خوار و دواتریش دەکوژرێت. لەدایکبوونی سورەوەردی دەگەڕێتەوە بۆ ١١٥٥ زایین، واتا پێنچ ساڵی کۆتایی دەستەڵاتی (المقتفي لأمر الله)ی عەباسی. لە ساڵی ١١٦٠ تا ١١٧١ (المستنجد بالله) خەلافەت دەکات. سوڵتانی سەلجوقییەکانیش لەسەردەمی ئەودا (ئەرسەلان شای کوڕی محەمەدی مەلیکشا) یە. ئنجا خەلیفە (المستضيْ بالله) دوای مردنی باوکی دێتە سەر خەلافەت و تا ساڵی ١١٨٠بەردەوام دەبێت. لەسەردەمی ئەودا دەوڵەتی فاتمییەکان لە میسر لە نێو دەچن و دەوڵەتی ئەیوبییەکان و سەڵاحەدینی ئەیوبی سەردەکەوێت. ئنجا خەلیفە (الناصر لدين الله) لە ١١٨٠ دێتە سەر کورسی خەلافەت و تا ساڵی ١٢٢٥ بەردەوام دەبێت. لە ساڵی ١١٣٦تا ١٢٢٥ کە ٣٤ ساڵە سورەوەردی کوژراوە. دەبینین لە میسر و یەمەن و سوریا ئەییوبییەکان دەستەڵاتدارن. لە موسڵ و شنگال و جەزیرە پاشماوەکانی ئەتابەکییەکان ماون. لە قۆنیا سەلجوقییە رۆمییەکان هەن. لە عێراقدا سەلجوقییەکانی سوڵتان توگرول بەگی دووەم هەن. لە خوارەزم و خوراسان سوڵتان تەکش کوڕی ئەرسەلان تا سالی ١٢٠٠ زایین بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا ئەو دەستەڵاتانەی هێزییان هەیە و حوکم دەکەن لە ناوچەکانی بەغداد و حەلەب و شام و میسر و خوراسان و جەزیرە و شەنگال و هەولێر و شارەزور و هەکاری و ئازەربایجان و لورستان و ناوچەکانی تریش. بریتین لە عەباسییەکان و سەلجوقییەکان و ئەتابەکییەکان و فاتمییەکان و ئەییوبییەکان و خوارەزمییەکان و ئەرتوقییەکان و ئەرمەنییەکان و غەزنەوییەکان و هێڕش و شەڕی خاچپەرستان و تا هاتنی مەگۆلەکان و داگیرکردنی ئەو ناوچانە.

بە شێوەیەکی گشتی سەردەمی سورەوەردی لە رووی سیاسی و دینی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگییەوە سەردەمێکی پڕی رووداو و کەوتن و سەرکەوتنی هێزەکانە بە بەردەوامی. لە نێو هێزەکاندا ململانێیەکی زۆر لە سەر دەستەڵاتدا هەیە و شەڕێکی هزریش لە نێوان باتنییەکان و فەقی و زانا سوننەکاندا هەیە. لە رووی هزرییەوە کۆمەڵێک ململانێ سەرهەڵدەدەن، توندترینیان لە نێوان تیپە کەلامییەکان و مەزهەبە فیقهییەکانن. دەربارەی کەلامییەکان لەسەر چوار بابەتی سەرەکی جیاواز بوون و لە ململانێ دابوون: 1. تەوحید و سیفاتەکانی خودا 2. قەزاوقەدەر 3. وەعد و وەعید 4. پێغەمبەرێیتی و ئیمامەت لەو سەردەمدا بابەتە هزرییەکان لە زانستەکانی شەرع، زانستە ئەقڵییەکان، سرووشتییەکان و کۆمەڵایەتییەکان فراوان دەبن. هەروەها بەرهەمی هزریش زۆر دەبن. تیپ و مەزهەبەکانیش کار بۆ راکێشانی خەڵک دەکەن بەلای خۆیاندا. کە ئەو زانایانەش ململانێیە هزرییەکان تۆختر و توندتر دەکەنەوە. هەروەها ژمارەی جوو و مەسیحییەکان لە نێو پۆستەکانی دەوڵەتدا زۆر دەبن و لە پترینی دەستەڵاتەکاندا کارئەکتەری سەرەکی و چالاک دەبن بۆ بەڕێوەبردنی دیوانی خەلیفە و شا و سوڵتانەکان و رۆڵێکی کاریگەرییان دەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵات و هێزەکاندا. هەروەها لەو سەردەمدا سۆفی و زاهیدەکان زۆر دەبن وەک ئاماژەیەک کە تاکەکان هەوڵ دەدەن لەو سەردەمە شێواوەدا بە دووی چارەسەری تاکە کەسیی بگەڕێن.

هەر لەو سەردەمدا کۆمەڵێک دادگەکردن بۆ زاناکان دادەمەزرێن کە حوکم دەدران بە زیندانیکردن، یان دەرکردن لە وڵات، یان سووتاندنی کتێبەکانیان، یان کوشتنیان. بۆ نموونە کتێبی (تأريخ الحكماء- القفطي) رووداوی سووتاندنی کتێبەکان و دادگەکردنی (عەبدولسەلام عەبدولقادر ئەبی ساڵح جەنکی دۆست ئەبی عەبدوڵای ئەلجیلی ئەلبغدادی ناسراو بە روکن ١١٥٣- ١٢١٥) تۆمارکردووە و تێیدا دەڵێ: (عەبدولسەلام لە ماڵێکی تەسەوف و پەرستش و شارەزا و بەناوبانگ بوو، زانستی پێشینەکانی باپیرانی خوێندبۆوە. بە کۆکردنەوەی ئەو جۆرە کتێبانە ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردبوو. تاوانی ئەوەی درایە پاڵ کە دەگەڕێتەوە سەر وتەکانی ئەهلی فەلسەفە. گیرا و کتێبەکانی بە فەرمانی خەلیفە هێنرانە شوێنێک لە بەغداد کە بە رەحبە ناسراو بوو، بە ئامادەبوونی خەڵک سووتێندران.

عوبەیدوڵای ئەلتەیمی ئەلبەکری ناسراو بە ئبنی مارستانیە، بەسەر مینبەرێک کەوت و وتارێکی دا، تێیدا نەفرەتی لە فەیلەسوفەکان و وتەکانییانی کرد، بە خراپە باسی روکن عەبدولسەلامی کرد و دەستی دەدایە کتێبەکان و یەکێکی هەڵدەگرت و تێر زەمی کتێبەکەی دەکرد و دەیدایە دەست کەسێک بیخاتە نێو ئاگرەوە.) عەبدولسەلام خۆی حەنبەلی بوو، زانا بوو لە لۆژیک و فەلسەفەدا. تاوانبار کرا بە زەندەقە و پەرستنی هەسارەکان، لەسەردەمی ئبن یونسی وەزیردا، کتێبخانەکەی لە بەغداد سووتێندرا. عەبدولسەلام بایەخی بە کۆکردنەوەی کتێبەکان دەدا، بە تایبەتی زانستەکانی پێشین، لە نێویاندا کتێبەکانی فەلسەفە. کتێبخانەکەی ناوبانگێکی گەورەی هەبوو چونکە ئەو کتێبە فەلسەفی و زانستییانەی لە کتێبخانەکەیدا هەبوون لە شوێنی دیکە دەستنەکەوتوون. بۆ ماوەی دوو ساڵیش (١٢٠١-١٢٠٣) خرایە زیندانەوە. دەست بەسەر خوێندنگەی باپیریشیدا دەگیرێت. خویندنگەکە رادەستی (شێخ ئبن جوزی ١١١٦- ١٢٠١) دەکەن. کە ئەویش زانایەکی حەنبەلی بوو، دەگیرێت و دەردەکرێت.

هەروەها (سەیفەدین ئامەدی ١١٥٦- ١٢٣٣) کە هاورێیەکی سوهروەردی بووە و خەڵکی ئامەد بووە، دەچێتە بەغداد و شام و میسر. سەرەتا حەنبەلی بووە و دواتر دەبێتە شافیعی. لە میسر بە خراپی عەقیدە و فەلسەفە و لەرێلادان تاوانبار دەکرێت و خوێنی حەڵال دەکەن. بە دزی دەردەچێت و دەگاتە شام و لە حەما دادەنیشێت و دەربارەی لۆژیک و حیکمەت دەنووسێت. ئنجا دەچێتە دیمەشق، لەوێش تاوانبار دەکرێت و رێی لێ دەگرن وانە بڵێتەوە و بە دزی لە ماڵەکەیدا دەمێنێتەوە تا مردنی. هەروەها لە مەغریبدا (ئبن روشد ١١٢٦- ١١٩٨) کتێبخانەکەی دەسووتێندرێت و لە قورتوبە دەردەکرێت. (فەخرەدین رازی١١٤٩- ١٢٠٨) کە لەگەڵ سورەوەردی لە لای مەجدەددین جیلی پێکەوە خوێندوویانە. فەخرەدین رازی لە زۆر شوێندا لەسەر هزر و بیروبڕواکانی دەرکراوە، لە ساڵی ١١٩٩ زایین لە هەرات دەردەکرێ. خەڵکی لێ هان دەدرێت و بەدەرکردن دەردەکرێت. کە دەشمرێت دەڵێن لە ترسی خەڵک بە شەو شاردوویانەتەوە، هەروەها گومانی ئەوە دەکرێت کە ژەهرخواردی کرابێت.

تاوانبار دەکرێت بەوەی لە ئەهلی سووننە و جەماعەت نییە. هەروەها بە شرک و دەرچوون لە ئیسلامیش تۆمەتبار کراوە. لە ساڵی ١١٥٠ زایین کتێبەکانی ئبن سینا دەسووتێندرێن. هەروەها لە مەغریبی عارەبی کتێبەکانی غەزالی لە لایەن میرە مەرابتییەکان دەسووتێندرێن و خەڵکیش ئاگەدار دەکەنەوە کە نابێت هیچ کەسێک کتێبەکانی غەزالی هەڵبگرێت و ئەوەی کتێبێکی ئەوی لێ بگیرێت یان دەکوژرێت یان پارەیەکی زۆری لێ دەستێنن. سەرچاوەکان باس دەکەن لەسەردەمی محەمەد بن تومەرت، ئەو نووسەرانەی دەربارەی زانستی مەزهەب و فیقه نووسیبوویان چەوسانەوە، کتێبەکان بە بار دەهێندران و ئاگریان تێ بەر دەدرا. میر مەنسوری موەحیدیش بڕیاری دا هیچ کتێبێکی لۆژیک و حیکمەت لە وڵاتدا نەهێڵیت و هەموویان بسووتێنێت، رێگە نەدات کەس لەو بوارەدا کار بکات، هەر کەسێکیش ئیش لەسەر ئەو زانستانە بکات، یان کتێبی لەو بارەوە هەبێت ئەوە زەرەرێکی گەورەی پێ دەگەیەنێت.

فاتمییەکان لە قاهیرە کتێبخانەیەکی زۆر گەورەیان دامەزراند، کە بەشی تایبەتی هەبوو بۆ فەقیەکان، قورئان خوێنەکان، ئەستێرەناسەکان، زمان و نەحو و دوکتۆرەکان. بۆ هەموو خەڵکیش کراوەبووە و هەژدە هۆڵی خوێندنەوەی تێدا بووە، بە سەدان کرێکار و پیشەگەر کاری رێکخستنی دوو ملیۆن و دووسەد بەرگیان کردووە. کە لەو سەردەمدا بیست جار لە کتێبخانەی ئەسکەندەریە گەورەتر بووە. کتێبخانەکە لە ساڵی ١٠٦٨ تووشی خراپبوون و تێکچوون دەبێت و بەسەدان هەزار کتێبی لێ دەفەوتێن، کە سەڵاحەدین ئەییوبیش دەستەڵات دەگرێتە دەست لە میسردا، کتێبخانەکە بە تەواوی تێک دەدات ئەویش بە دابەشکردنی کتێبەکان لەسەر پیاوەکانی خۆی و بە فرۆشتنییان بەهەر نرخێک بێت، قەلقەشەندی نووسیویەتی کە ئەو کتێبخانەیە گەورەترین خەزینەی کتێبان بوو، لە هەموو زانستەکاندا بە بەهاترین کتێبی تێدا بوو، تا رووخانی دەوڵەتی فاتمیش هەروا مایەوە، بە مردنی دوا خەلیفەیان (العا‌ضد) و دەستبەسەرداگرتنی سەڵاحەدین کتێبخانەکە لە نێو چوو. (ئەلمەقریزی) دەڵێ لە سەردەمی سەڵاحەدیندا خەزینەکانی کتێبخانەکانی فاتمییەکان لە نێو چوون، ئەوەی مایشەوە یان فرۆشرانە بازرگانەکان، یان بە دیاری درانە هەندێ زانا و قازی و کەسە نزیکەکانی سەڵاحەدین. لە هەفتەیەکدا دوو رۆژییان دەستنیشانکردبوو بۆ فرۆشتنی کتێبەکان، لە ماوەی دە ساڵدا بازرگانانی کتێب و دەلالەکان کاری فرۆشتن و کڕینی کتێبەکانییان کرد، قازی فازل بە تەنیا سەدهەزار کتێبی دەستکەوت. هەروەها عمادەدین ئەسفەهانی هەشت بار حوشتر کتێبی بەرکەوت. هەروەها سەلاحەدین ئەییوبی خوێندنگەی ئەزهەر دادەخات و بۆ ماوەی سەد و دوو ساڵ هەر بە داخراوی دەمێنێتەوە.

٢-٢/ زیرەکی و سەرەڕۆیی سورەوەردی

سورەوەردی کە دەگاتە حەلەب، تەمەنی نزیک سی ساڵ بووە و لەو ماوەیەدا زۆری خوێندووە و زۆریشی نووسیوە. کتێبەکانی (التلويحات اللوحية والعرشية، المشارع و المطارحات و حكمة الأشراق) ئەو سێکوچکەیە بە شێوەیەک نووسراون، کە سەردەمەکەیان ئاوێتەی یەکدییە و پێش تەواوبوونی کتێبی (المشارع و المطارحات) دەستی بە نووسینی حیکمەتی ئیشراقیش کردووە. مەبەستمە بڵێم لەو کاتەدا سورەوەردی بە پێی تەمەنی لە لووتکەی زیرەکی و بڵاوکردنەوەی هزرەکانیدا بووە و بە ئاشکرا دەربڕینی لە تەواوی بیر و بروای خۆی کردووە و تووشی ئێش و ئازاریش بووە لەسەر قسە و باسەکانی. لە کتێبی (المشارع و المطارحات) باس لەوە دەکات کە پێویستە زانست تەنیا بۆ زانستخوازەکان باس بکرێت، نەوەک بۆ هەموو کەسێک چونکە ئەوەی لەو زانستە نەگات ئەوا خەڵک ئازار دەدات.

فەخرەدین ماردینی زوو باسی زیرەکی سورەوەردی کردووە. تێشگەیشتووە کە زیرەکی و سەرەڕۆیی سورەوەردی زوو لە نێوی دەبەن. فەخرەدین ماردینی وتویەتی سورەوەردی کە دەگاتە حەلەب، وتووێژ لەگەڵ فەقیەکان دەکات، کەس ناتوانێت لێی بباتەوە. شا زاهیر دەیهێنێتە کۆشکەکەی و بانگی گەورە مامۆستا و موتەکەلیم و فەقیهەکانیش دەکات و پێکەوە کۆیان دەکاتەوە. بۆ ئەوەی گوێیان لێ بگرێت و بزانێت چ وتووێژێک لە نێوان سورەوەردی و ئەوانی تر هەیە. سورەوەردی زۆر قسەیان لەگەڵ دەکات، چاکەیەکی گەورە و زانستێکی سەرسوڕهێن نیشان دەدات، پایەی لە لای شا زاهیر گەورە دەبێت و لە خۆی نزیکی دەکاتەوە و پشتی دەگرێت. بۆیەشە ئەوانی تر زۆرتر سەرزەنشتی دەکەن و دانیشتنی تایبەت رێک دەخەن بۆ کافرکردنی و بە سەڵاحەدین ئەییوبی دەڵێن ئەگەر بمێنێت ئەوە بیروبڕوای شا زاهر تێک دەدات. ئەگەر بەڕەڵاش بکرێت بچێتە هەر شوێنێکی وڵات گەندەڵی دەکات. هەروەها زۆر شتی تریشی دەدەنە پاڵ. بۆیە سەڵاحەدین نامەیەک بە خەتی قازی فازل بۆ کوڕەکەی دەنووسێت و تێیدا دەڵێت: (ئەو گەنجە، سورەوەردی، دەبێت بکوژرێت، رێگە نییە بەهیچ شێوەیەک بەر بدرێت و بمێنێت) هەروەها ئبن ئەبی ئوسەیبەعە دەڵێت: (شەهاب لەگەڵ فەقیـەکان لە هەموو مەزهەبێکی کۆڵییەوە و پەکی خستن، لەبەرابەر خەڵکی حەلەبیشدا زمانی درێژ کرد و وای لێهات بە شێوەیەک قسەیان لەگەڵ بکات وەک ئەوەی پایەی لەوان بەرزتر بێت، لێی توڕەبوون و فەتوایان بە خوێنڕشتنی دا تا کوشتنی.) ئبن خەلەکان باسی دوو کەس دەکات بە ناوی (مەجدەدین و زێنەدین کوڕانی جەهیل) کە لەهەموو کەسێک توندتربوون لەگەڵی.هۆکارەکەیشی رەنگە ئەوە بووبێت، کە سورەوەردی لە وتوێژێکی فیقهی یان کەلامی قسەی پێ وتبن و ئەوانیش رقییان لێ بووبێتەوە.

٣-٢/ مانەوە لە لای شا زاهیر

لە بارەی سەرەتای بە یەکگەیشتنی سورەوەردی و شا زاهیر دوو راهەن. یەکەمیان دەڵێ دوای ئەو وتووێژەی سورەوەردی لە کۆشکی ئەو لەگەڵ زانا و فەقیـەکان و ئەوانی تر دەیکات، یەکدی دەناسن. رای دووەمیش ئەوەیە کە پێش ئەو دانیشتنە شا زاهیر سورەوەردی ناسیوە و لەبەر زیرەکییەکەی پایەیەکی تایبەتی پێداوە. دوای ئەوەی دەزانێت گەنجێکی زیرەک و شارەزایە لە فەلسەفە و عرفاندا، داوای لێ دەکات لای ئەو بمێنێتەوە، کە فەقیەکان بە باسوخواسەکانی دەزانن و بە مەترسی لەسەر دەستەڵاتی خۆیان و ئیسلامی دەبینن، داوا لە شا زاهیر دەکەن بیکوژێت. ئەویش داواکارییەکەیان رەت دەکاتەوە. ئەوانیش داواکارییەکەیان ئاراستەی سەڵاحەدینی ئەییوبی دەکەن. سەڵاحەدینیش بە توندی داوا لە کوڕەکەی دەکات داوای فەقیـەکان جێبە جێ بکات ئەگەر نا لە فەرمانڕەوایی لای دەدات. لێرەدا هەم نزیکبوونەوەی سورەوەردی لە شا زاهیر رق و ئێرەیی زاناکانی تر توندتر دەکات، هەمیش سەڵاحەدینی ئەییوبی دەترسێت لەوەی سورەوەردی رەوشت و بیروبڕوای کوڕەکەی تێک بدات و کار بکاتە سەر دەستەڵاتی سیاسی خۆی لە حەلەبدا، بۆیە بە توندی فەرمان دەکات، کە دەبێت بکوژرێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت بەر بدرێت یان بمێنێت.

دیارە سورەوەردی پێش ئەوەی بێتە حەلەب، لە ئامەد ماوەیەکی کەم لە لای میر قەرە ئەرسەلان ماوەتەوە. سەرچاوەکان باس لەوە ناکەن لە شوێنی تر لە لای میرێک یان پاتشایەک مابێتەوە و ماوەیەکی درێژ دانیشتبێت و لە ژێر سێبەری دەستەڵاتێکدا پەرەی بە هزر و نووسینەکانی دابێت، یان بیری لەوە کردبێتەوە قازانجێکی ماددی بکات. یان هەتا دەستەڵاتێک لە مردن و کوشتن بیپارێزێت. هۆکارەکان جگە لە زیرەکی خۆی شتێکی دیکە دیار نییە کە بۆچی لای شا زاهیر ماوەتەوە. دوای کوشتنی سورەوەردی مامۆستاکەی (فەخرەدین ماردینی)یش هاتۆتە حەلەب و ماوەی دوو ساڵ لە لای شا زاهیر ماوەتەوە ١١٩٣-١١٩٥ زایین. هەروەها ئبن عارەبی دواتر دەبێتە هاوڕێی نزیکی شا زاهیر، کە هەر لەسەردەمی سورەوەردی پێش کوشتنی هاتۆتە شام. دیارە شا زاهیر جگە لە سورەوەردی چەندین زانای لای خۆی حەواندونەتەوە و برادەرایەتی کردوون، بەڵام ئەوانەی تر کەسییان ئەو مەترسییەیان لە لای سەڵاحەدین درووست نەکردووە، کە کاریگەرییان لەسەر شا زاهیر هەبێت وەک ئەوەی لە کاریگەریی سورەوەردی ترساوە لەسەر کوڕەکەی. بۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی کوشتنی ئەوەیە کە لە لای شا زاهیر بووە.

٤-٢/ خەلافەت و سەرکردایەتیکردن لای سورەوەردی

حەکیمی سورەوەردی خەلیفەی خوایە. زەمینیش هەرگیز بێ حەکیمی خەلیفە نابێت. ئەوەی سەرکردایەتی ئەو خەلافەتەش دەکات حەکیمە بە واتا سورەوەردییەکەی. واتا حەکیمی خۆبەخواییبوو. خەلیفە حەکیمە. ئەو حەکیمەی روونەچۆتە خوداییبوویی نابێتە خەلیفە و سەرکردایەتی زەوی پێ ناکرێت. زەمینیش بێ ئەو خەلیفانە نییە کە حەکیمی خوداییبوون. هەقیش بۆ ئەو جۆرە حەکیمانەیە کە ببنە خەلیفە لەسەر زەمینی خودا. چونکە خەلافەت وەرگرتنی هێزو سرووشە لە خوداوە. مەبەستیش لەو خەلافەتە حیکمەتی ئەقڵی و زانستی دڵە. دەشکرێت ئەو خەلیفەیە دیار بێت و نادیار بێت. ئەوانەی دیارن واتا کە دەستەڵاتییان لە دەستە وەک پێغەمبەر و فریشتە و پاتشاکان. وەک کیۆمەرت و فەرەیدون و کەیخەسرەو و ئەسکەندەر. نادیارەکانیش ئەوانەن کە پێیان دەڵێن (قوتب). ئەگەر بێت و دەستەڵاتی سیاسی لەدەست ئەو قوتبانە بێت ئەوە سەردەمی ئەو دەستەڵاتە رووناک دەبێت. چونکە دەتوانێت بە حیکمەت و زانستەکەی جیهان رووناک بکاتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و سەردەم لەو حەکیمانە بێبەش بێت. ئەوە جیهان تاریک دەبێت.

حەکیمی خوداییبوو و لێکۆڵەر لە نموونەی سورەوەردی، ئەو حەکیمەیە کە شایستەی خەلافەتە و قوتبە و دەتوانێت جیهان بە حیکمەتەکەی رووناک بکاتەوە. بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەوە دەگەین کە سورەوەردی پێی وایە خەلیفەی دەستەڵاتدار پێویستە ئەو حەکیمە بێت کە جیهان رووناک بکاتەوە. ئەگەر ئەو حەکیمە نەبێت ئەوە جیهان تاریک دەکات. دیاریشە سورەوەردی بە ئاشکرا گلەیی ئەوە دەکات کە لە سەردەمی ئەودا، ئەو حەکیمە لەسەر تەختی دەستەڵات نییە و سەردەمی ئەو سەردەمی تاریکییە. جیهان ختم بووە لە نوتەکی و دوورکەوتنەوە لە تەدبیری خودایی. واتا دوورکەتنەوە لەو کەسانەی کە هەڵگری پەیام و قانون و حیکمەت و زانستی خودایین. ئەوانەن کە لە رێی فەلسەفە و سۆفیگەرییەوە دوورن، لەهەردوو زانستەکانی ئەقڵ و دڵەوە بێبەشن و بەدەستەڵاتە تاریکەکانیشییان جیهان تاریک دەکەن. سورەوەردی پێی وایە لەسەردەمی ئەودا، ئەو قوتبە لەسەر دەستەڵات نییە، دەستەڵاتیش لە سەردەمی ئەودا خۆی لە دەستەڵاتە ئیسلامییەکان بە ئەییوبیشەوە دەبینێتەوە. لە نێو ئیسلامدا ئەو قوتبە نییە کە جیهان رووناک بکاتەوە. خاوەنی ئەو حیکمەتە ئەقڵی و دڵانەییە نییە فەرمانڕەوایی جیهانی پێ بکات و رێکارە خوداییەکان وەک خەلیفەیەک لەسەر زەمین جێ بەجێ بکات.

هەروەها دەبینین لە لای سوهروەردی ئەو حەکیمە موڵکی دینێک و نەتەوەیەک و کەلتورێک نییە، لە لای ئەو هرمس و پلاتۆ و ئەمپادۆکلیس و پیتاگۆراس و ئاگادیمۆن و زەردەشت و جامئەسپ و فرەشەوشتر و مانی کە هەموویان پێش ئیسلام هاتوون، لە دینی ئاسمانی و غەیرە ئاسمانین، ئەو حەکیمانە ئیشراقییان لە ئەقڵە باڵاکانەوە وەرگرتووە ئەگەرچی زمان و بێژە و وێژەشیان جیاواز بووبێت. ئەو حەکیمانە کە لە رێی فەلسەفە و سۆفیگەریدا، واتا بە لێکۆڵینەوە و تەئەلوهدا دەبنە حەکیمی زەمان و قوتب و ئیمام، نموونەی فەیلەسوفی سۆفی و سۆفی فەیلەسوفن و لەو حەکیم و ئیمامانە باشترن کە تەنیا سۆفین یان تەنیا فەیلەسوفن، جا ئەو حەکیمە ئەگەر پێغەمبەریش بێت.

پێغەمبەری تەنیا لێکۆڵەر و بێ سۆفیگەری، یان پێغەمبەری سۆفی بێ لێکۆڵینەوە، ناگاتە پلەی ئەو حەکیمەی خۆبەخواییبووە. بۆیە حەکیمی خۆبەخواییبوو لە پێغەمبەرەکانیش لە پێشترن و چاکترن و نموونەی ئەو حەکیمانەن کە لە سەردەمی جیاوازدا دێن و لە رێی سرووشی خوداییەوە پەیامی خودا بڵاودەکەونەوە و جیهان رووناک دەکەنەوە. ئەو سرووشەش جیاوازە لە سرووش بە واتا دینییە تەسکەکەی، بەڵکو ئەو سرووشە بریتییە لە ئیشراق و رژانی فەیزی نورانیی نوری ئەنوار بەسەر حەکیمدا یان رێبوارو سالیک و موریدانی رێگەی جیهانی رووناکی. هەروەها ئەو زەمینە قەت ڤالا نابێت لەو جۆرە حەکیمانە، واتا بە داخستنی بازنەی پێغەمبەرێیتی و ئیمامەتیش ئەوا بازنەی حەکیمەکان داناخرێت و دوای پێغەمبەر و ئیمامەکانیش هەر بەردەوام دەبێت. بۆ ئەوەی خەلیفەی خوا بێت لەسەر زەوی. بەستنەوەی حەکیم و خەلیفەی خوا لەسەر زەوی بە هەموو وەختێک و زەمانێک و دوای داخستنی بازنەی پێغەمبەرێیتی و نەبەستنەوەی خەلیفە بە ئیسلام و دینێکی ئاسمانی، بە پێی شەرع و زانستی ئەهلی سوننە و جەماعەت، کوفر و زەندەقە و دەرچوونە لە دین. کوشتنیش لەبەرابەر ئەو تۆمەتانە سزایەکی رەوایە.

٥-٢/ ترس لە ئیسماعیلییەکان و باتنییەکان

دوای رووخانی دەوڵەتی فاتیمی شیعیی، فەرمانڕەوا سونییەکان ترسێکی گەورەیان لە بزاوە باتنییەکان و ئیسماعیلییەکان هەبوو، بە تایبەتی کە مەزهەبی ئیسماعیلی لە رۆژهەڵاتدا گەورە و فراوان دەبوو و بلاودەبۆوە، بابەتی ویلایەت و ئیمامەت و فەرمانڕەوای حەکیم و بوژاندنەوەی پەیام و سرووشی خودایی و دەستەڵاتی دینی و سیاسی. ئەو بابەتانە هەموویان لەو ترسەدا کۆ دەبنەوە و دەبنە کردار و کاریگەریی خۆیان لەسەر چارەنووسی سورەوەردی دادەنێن. سەرەتا با گێڕانەوەی عمادەدین ئەسفەهانی بۆ کوشتنی سورەوەردی بخوێنینەوە:

(ساڵی ٥٨٨ کۆچی. تێیدا فەقی شەهابەدین سورەوەردی و شاگردەکەی شەمسەدین لە قەلای حەلەب کوژران، دوای چەند رۆژێکیش سوتێندران، فەقیهەکانی حەلەب لێی توڕە ببوون تەنیا دوو فەقی نەبن کوڕەکانی جەهیل ئەوان وتیان: ئەوە پیاوێکی فەقیە، وتوێژکردن لە قەڵا لەگەڵیدا باش نییە. با لە مزگەوت دانیشێت و فەقیهەکانیش هەموویان کۆببنەوە، دانیشتنێکی بۆ رێک بخرێت، هەندێ داندراوی هەبوون لەوانە تەفسیری قورئان لەسەر رای خۆی، کتێبێکیش ناوی نابوو ژمارەی قودسی، کتێبێکیش پێیان دەوت الألواح العمادية، ئی تریش، مەزهەبی شافیعی بوو، بەڵام فەلسەفە و زانستی کەلامی بەسەردا زاڵ بوو. کاتێک هەندێ لە فەقیەکان لە قەڵات وتووێژیان لەگەڵ کرد لە خیلافدا نەیانتوانی بە بەڵگەیەک بەسەریدا زاڵ بن، خۆ دەربارەی زانستی ئسوڵ هەر نەیانزانی قسەی لە گەڵ بکەن، پێیان وت تۆ لە داندراوەکانت وتوتە خوا دەتوانێ پێغەمبەرێک خەلق بکات، ئەوەش مەحاڵە. ئەویش پێی وتن: سنووری قودرەت چەندە؟ ئایا ئەگەر قادر شتێکی ویست رێی لێ دەگیرێت؟ وتیان: بەڵێ. وتی: خوا قادرە لەسەر هەموو شتێک. وتیان: تەنها لەسەر خەلقکردنی پێغەمبەر نەبێت، ئەوە مەحاڵە. وتی: ئایا بە رەهایی مەحاڵە یان نا؟ وتیان کوفرت کرد، زۆر شتی تریشیان دایە پاڵی، ئەو کەم ئەقڵ بوو نەوەک کەم زانست، لەو بێ ئەقڵییانەش رەوانی خۆی ناو نابوو "المؤيد بالملكوت".)

عمادەدین ئەسفەهانی، لەسەردەمی سەڵاحەدینی ئەییوبی جێگری قازی فازل بووە، لە دیمەشق ژیاوە، هاودەمی سەڵاحەدین بووە لە ژیان و شەڕەکانیدا. لە رووی مێژووییەوە نزیکترین کەسە کە کوشتنی سورەوەردی گێڕاوەتەوە. لەو دەقەی سەرەوەدا ئەوە دەبینینەوە کە فەقیەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن بە پێی شەریعەت، مەحاڵە دوای پێغەمبەر محەمەد، خوا پێغەمبەرێکی دیکە بنێرێت یان خەلق بکات. مەسەلەی پێغەمبەرێیتی لە لای سوننەکان وەک لە پێشتریش باس کرا، بازنەیەک بوو بە مردنی محەمەد ئەو بازنەیە بۆ ئەبەد داخرا و محەمەد دواهەمین پێغەمبەری نێردراوی خودایە. لە لای شیعەکان بازنەی ویلایەت و ئیمامەت لە دوای داخستنی بازنەی پێغەمبەرێیتی دەست پێ دەکات.

ئەو پرسیارەش کە ئاراستەی سورەوەردی دەکرێت کە ئایا خوا دەتوانێت دوای محەمەد پێغەمبەرێکی دیکە خەلق بکات؟ پرسیارێکی کوشندەیە چونکە بە هەر بارێک وڵام بدرێتەوە لە رووی شەرعەوە رەخنەی لێ دەگیرێت و قبوڵ ناکرێت، چونکە ئەگەر بڵێی سنوور بۆ قودرەتی خوا نییە ئەوە وەک وڵامەکەی سورەوەردی دەبێتە هۆی تاوانبارکردنی بە کوفرکردن، ئەگەر وڵامەکە بە نەرێنیش بێت دیسان هەر تاوانبار دەکرێت بە کوفرکردن، چونکە سنور بۆ قودرەتی خوا دادەندرێت و لە رەهاییەوە دەبێتە خاوەن هێزێکی سنووردار کە ئەوەش بە پێی شەرع هەر کوفرکردنە.

دیارە ئەو وڵامەی سورەوەردی لەگەڵ راوبۆچوونەکانی دەربارەی فەرمانڕەوای حەکیم و نەبوون و دیارنەمانی لەسەردەمی ئەودا لە لایەک و لە لایەکی دیکەش بیروبڕوای ئیسماعیلییەکان دەربارەی ئیمام و بازنەی ویلایەتی دوای پێغەمبەرێیتی بە لێکدانەوەی فەقیەکان، پێکەوە دەبەسترێنەوە و دەبنە تۆمەتبارکردنی سورەوەردی بە کوفرکردن، لە شەریعەت دەرچوون، زەندەقە، ئیلحاد و لە دینلادان.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سورەوەردی بەو وڵامەی کە سنوور بۆ هێز و قودرەتی خودا نییە، مەبەستی ئەوە بووە، کە ئەو جیاوازی لە نێوان نەقل و ئەقڵ دەکات، جیاوازی لە نێوان ئیمکانی مێژوویی و ئیمکانی ئەقڵی دەکات، بە واتای ئەوەی کە دەڵێت مەحاڵ نییە خوا پێغەمبەرێکی دیکە دوای محەمەد بنێرێت، ئەوە هێڕشکردن نییە بۆ سەر دەقە دینییەکان، بەڵکو مەبەست لێی ئەوەیە کە راستە پێغەمبەر محەمەد دواهەمیین پێغەمبەرە، بەڵام سنووریش بۆ توانای خوا داناندرێت. چونکە توانای خودا رەهایە، بەڵام ئەو توانایە لەو جۆرەیە کە پێی دەوترێت (الأمكان بالقوة) واتا توانای هێزەکی، نەوەک (الأمكان بالفعل) توانای کردەکی. بەو واتایەی خوا ئەو توانایەی وەک هێز هەیە و سنوور بۆ هێز و توانای خوا نییە، بەڵام خودا ئەو توانا هێزدارە ناکاتە تواناییەکی کردەکی و لە واقیعدا دوای محەمەد پێغەمبەرێکی دیکە بنێرێت، بۆیە ئەو توانایە تەنیا وەک هێزێک دەمێنێتەوە بێ ئەوەی ببێتە کردەکی.

فەقیەکان ئەو تۆمەتبارکردنە بە هەلێک دەزانن بۆ لەناوبردنی سوهروەردی و بەستنەوەی قسەکانی دەربارەی قودرەتی خودایی و پێغەمبەرێیتی بە ئیمامەت و ویلایەت و بیر و بڕوای ئیسماعیلییەکان و باتنییەکان و شیعەکان. وەک ئەوەی ئەو قسەکردنانە درکاندنی ئەو نهێنییە بێت کە فەقیەکان چاوەڕێیان دەکرد ئاشکرا ببێت بۆ ئەوەی رق و کینە و توڕەبوونی خۆیان بە تاوانبارکردن و کوشتن و سوتاندنی دابمرکێننەوە.

٦-٢/ سەلاحەدین ئەییوبی و فەلسەفە

لە کتێبی (الحياة الفكرية في مصر خلال العصر الأيوبي)دا هاتووە: (ئەییوبییەکان لە میسردا بە شێوەیەکی تەسک دەرفەتیان بە کارکردنی زانستی کەلام دا، بەڵام وەک زانستە دینییەکانی دیکە و زانستی زمان و ئەدەب نا، بارودۆخی سیاسی کاریگەری هەبوو لەوەی ئەیوبییەکان هەڵوێستێکی موحافزکارانە بەرابەر بەشەکانی زانستی کەلام وەربگرن، مەیلییان بۆ ئەو زانستە نیشان نەدا بە پێچەوانەی فاتمییەکان. کە بایەخێکی زۆریان پێدا چونکە بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبڕوا ئیسماعیلییەکەیان کە لە زۆر رووەوە نادیار بوو پێویستییان پێ بوو. کە لەلایەن نێوەندە سونییەکان قبوڵکراو نەبوو.)

هەروەها نووسەری ئەو بەرهەمە دەڵێت: (هەروەها تێکەڵبوونی زانستی کەلام بە فەلسەفە وای لە ئەییوبییەکان کرد رێ لە رەواجکردنی بگرن، چونکە دەبێتە هۆی گومان کردن لە عەقیدەدا و مەترسیشە بۆ سەر یەکگرتوویی ئیسلامی ئاواتخواز کە لەسەر بڕوای پتەو و پیرۆزیی دین بنەما دەگرێت. بۆیە فەیلەسوف و هەندێک لە زاناکانی کەلام کە سرووشتی فەلسەفییان بەسەردا زاڵ بوو تووشی راوەدوونانی دەستەڵاتی ئەییوبییەکان بوونەوە کە توند سەودای دەگەڵ دەکردن، سەراودوویان دەنان و بێ دوودڵی دەیانکوشتن و سورگومیان دەکردن. سەڵاحەدینیش بەوە ناسراو بوو کە رقی لە فەیلەسوف و ئەهلی لۆژیک و ئەو کەسانە دەبۆوە کە سەرڕەقیان لەگەڵ شەریعەت دەکرد. باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە رقی بەرابەر ئەو کەسانە، فەرمانکردنی بوو بەسەر کوڕەکەی شا زاهیر فەرمانڕەوای حەلەب لە ساڵی ١١٩١ بە کوشتنی شەهابەدین یەحیا کوڕی حەبەش سورەوەردی کە سۆفییەکی موتەکەلیمی ناودێر بوو دوای ئەوەی فەقیهەکانی حەلەب فەتوای لەدەستدانی عەقیدەیان دایە پاڵ و بە سەڵاحەدینییان راگەیاند پێویستە لە نێوی ببات تا دینی موسڵمانەکان خەرا نەکات.)

جگە لە کوشتنی سورەوەردی، سەڵاحەدین شاعیر (عمارەی یەمەنی) یش لە خاچ دەدات، کە شاعیر بوو، فەقیهێکی شافیعی بوو، موتەکلیم بوو، لەسەردەمی فاتیمییەکان زۆر رێزی لێ دەگیرا و بەناوبانگ بوو، بە تاوانی هەوڵدان بۆ کوشتنی سەڵاحەدین ئەییوبی گیراو لە ساڵی ١١٧٤ لە خاچ درا.

٧-٢/ رێگرتن لە تەواوکردنی پڕۆژەی ئیشراق

حیکمەتی ئیشراق، کە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی حیکمەتی کۆنی ئێرانییەکان بوو، سرووشی خودایی بوو، رەتدانی پێغەمبەرێیتی و دووبارە بەرجەستەبوونەوەی پەیامێکی نوێتر بوو بە میراتگری حیکمەتی پێشینە و کۆن. ئاوێتە بە حیکمەتی زەردەشت و یونان و جوو و مەسیحی و مانی و فەلسەفە. دوورکەوتنەوە لە شەرع و پاتەکردنەوەی ئایەتە موتەشابهەکان، کە لە نێو هەموو فەلسەفە و دینەکاندا لە پێش ئیسلامدا بە شێوەی جۆراوجۆر باسیان کرابوو و لە رێی تەئویلیشەوە ببوونە بابەتی موتەکەلیم و فەیلەسوفەکان. ئەوانە تێکڕا بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی نوێ بوون لە هەناوی ئیسلامدا. بە شێوەیەک کە شتێکی ئەوتۆی بۆ ئیسلام وەک دین نەدەهێشتەوە. چونکە هەموو ئەو بەشەی سورەوەردی کاری لەسەر کردووە، ئەو بەشەیە بێ ئیسلامیش کاری لەسەر دەکرێت و دەکرێتە بنەما بۆ پڕۆژەیەکی مەزهەبی یان دینی یان هزری و فەلسەفی بێ ئەوەی پەنا بباتە بەر قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر محەمەد.

ئەمەش رەتدانی ئیسلام بوو بەهەردوو بارە فیقهی و فەلسەفییەکەی، رەتدانی ئایەتە موحکەم و موتاشابیهەکان بوو. ئەوە خاڵێکی جەوهەرییە لە نهێنی ئیشراقدا، کە بە تەواوی دەتوانێت بێ ئیسلام خۆی دامەزرێنێت. بۆیە ئەو پڕۆژەیە تایبەت نەبوو بە ئیسلام یان بە شیعە یان بە ئیسماعیلی و باتنییەکان. بەڵکو پڕۆژەیەکی فەلسەفی سۆفیگەریی سەربەخۆیە و دەتوانێت بێ پشت بەستن بە رۆحانییەتی شیعە و بێ شەرع و فیقهی سوننە و بێ ئەحکام و سیاسەتی ئیسلام بە گشتی خۆی بسەپێنێت بە پشتبەستن بە حیکمەتی کۆن و پێشینەی ئێرانییەکان. کە ئەو حیکمەتەش رەنگدانەوەی بیری مرۆڤە بە ئاوێتەیی لە نێوان کۆمەڵێ کەلتور و زمان و جیهانبینیدا، کە بنەماکەی بازنەیەکی رەوانییە و دەبەسترێتەوە بە خواوەندێک کە لە دینێکدا بەند ناکرێت. بەڵکو ئەو خواوەندە کە لەرەوانی بەڕێزی مرۆڤ خۆی دایە نەوەک لە شوێنێکی دیکە. بۆیە رێگرتن لەو پڕۆژەیە ئەرکێکی شەرعی و سیاسی و دەستەڵاتدارانەی ستەمکارانە بوو بەرابەر بە هزر و ئازادی و فەلسەفە و پنتی خواوەندی مرۆڤانە. چونکە پڕۆژەکەی سورەوەردی وەک پاراکلیتۆس و مانیش نەبوو بەوەی دینێکی تەوفیقی لە نێوان دینەکان درووست بکات و دینێکی نوێ لەسەر بنەمای پەیامە خواوەندییەکانی دیکە و کتێبە ئاسمانییەکانی دیکە دابڕێژێتەوە، بەڵکو پڕۆژەکەی دابڕان بوو لەو کەلتورەی لەسەردەمی ئەودا کارا بوو، لە غیابی پەیامهەڵگرێکی نوێ، رەتدانەوەی پەیامهەڵگرانی دیکە و هێنانی پەیامێکی نوێ بوو. رێگرتن لە پەیامی نوێ، ئەرکی سەڵاحەدین بوو لەو دەمەدا، چونکە هێنانی هەر پەیامێکی نوێ، مردن و نەمانی خۆی و دەستەڵاتەکەی بوو.

٨-٢/ ترسی سەڵاحەدین ئەییوبی لە تێکدانی شا زاهری کوڕی

سورەوەردی کە دەگاتە حەلەب و ديدارى شا زاهر، کە حەزی لە سۆفيزم و زانايانى بووە. دەکەوێتە بن كاريگەرى سورەوەردی و داواى لێ دەکات لە لاى بمێنێتەوە. سوهرەوەردى پێشنيارەكەى شا زاهر قەبوڵ دەکات. سوهرەوەردى لەو سەرو بەندەدا تەمەنی گەیشتۆتە نزیکەی سی ساڵی، زانست و خوێندن و خوێندنەوەی زۆر بووە، زۆر بەرهەم و کتێبی نووسیون، لە حەلەبیش بە گرنگترین بەرهەمەکانی سەرقاڵ بووە کە (المشارع و المطارحات و حكمة الاشراق) ئەمە جگە لەوەی کە رەنگە هەردوو کتێبی (المقاومات و التلويحات اللوحية والعرشية)ی هەر لە حەلەب نووسیبن و لەوێ چوارینەی ئیشراقی خۆی تەواو کردبێت و تەواوی مەزهەبەکەی داڕشتبێت.

وەک زانیشمان سوهروەردی قسە لە روو بووە، مرۆڤێکی بێگەرد بووە لە حەز و ویستە ماددی و دنیاییەکان و بە دووی پارە و دەستەڵات و شێوە و شەمایلی رووکەشانە نەبووە. مرۆڤێک بووە بڕوای بەوە بووە کە لە رێی ئیشراقدا رەوانی پاک بکاتەوە و بیگەنێتەوە ماڵە رووناکەکەی جیهانی رووناکی و لە تەنیشت ئەقڵ و رووناکییە زاڵ و بێگەرد و رووناکی رووناکییەکان دابنیشێت و چێژ وەربگرێت. بۆیە نەترساوە و بێباکانە باسی بیر و تێگەیشتن و وتەکانی کردووە. وەک حەکیمێکی لێکۆڵەر و خواییبوو، واتا وەک حەکیمێک کە بە فەلسەفە و سۆفیگەریی لە جیهانی هەستپێکراو و جیهانی باڵا و جیهانی بەرزەخی روانیوە و لە هەمان کاتیشدا روانینێکی تایبەت بە خۆی بۆ رووناکی رووناکییەکان و خواوەند ئاوا کردووە. بە هەردوو زانستی خۆزانی و وێنەزانی، کەشفی هەقیقەتی کردووە و هەمیشە هەقیقەت نەوەک دین خەمی بووە و بەرگری لێ کردووە.

بۆیە بە هۆی ئەو سەرچاوە هزری و روحی و ئەقڵییانەی کە کاریگەری گەورەیان لە سورەوەردی کردووە، کەسیێتیەکی سەرەڕۆ و پشتڕاست و بێباکیان داوەتێ و هەمیشە بێ ترس و تەنانەت بە توندیش لە وتووێژەکانیدا وڵامی نەیارەکانی داوەتەوە و دژمنی زۆری بۆ خۆ درووست کردوون لەو زانایانەی، زانای رەسم و بت و فۆڕمە فەرمییەکانی دینی بوون لە حەلەب و شامی ئەو کاتدا.

شارەزابوونی لە سەرچاوە فەلسەفییەکانی یونانی بە تایبەتی پلاتۆ و ئەرستۆ و پیتاگۆراس و ئاگادیمۆن و سوکرات و ئەوانەی تریش، هەروەها پشتبەستنی لە رووی روحییەوە بە بەستامی و حەلاج و تەسەتوری و سۆفییەکانی تر، لەگەڵ ئاوێتەبوون بە هرمس و زەردەشت و مانی و میراتی جوو و مەسیحی و پڕۆژە مەشرقییەکانی وەک ئبن سینا و مەشاییەکانی ئیسلام وەک فارابی. دەوڵەمەندبوونی لە رووی هزری و ئەقڵی و روحییەوە وایان لە سورەوەردی کردبوو کە بە ئاسانی لە وتووێژەکاندا بەسەر نەیارەکانیدا زاڵ ببێت و قسە و زانستییان پێ نەهێڵێت. ئاساییە بۆ کەسێکی وا کۆمەڵێک نەیار و دوژمن و ناحەز پەیدا ببن. لە نێو ریزی ئەوانەی کە پێیان وایە زانا و دانا و حەکیمی راستەقینەی سەردەمی خۆیانن و تێکەڵاوبوونی دین و فەلسەفە، یان شەریعەت و فەلسەفە بە کوفر دەزانن، بە گومڕایی و تاوان دەیژمێرن، پەنا بۆ دەستەلاتی سیاسی دەبەن، تا ئەو جۆرە بیروبڕوایانە لە نێو ببەن، زانا و دانا و هەڵگرانی ئەو بیروبڕوایانەش بکوژن و کتێب و نووسین و هزرەکانیشیان بسووتێنن.

سورەوەردی لەو سەردەمدا، کتێبی حیکمەتی ئیشراق تەواو دەکات. کە ئەو کتێبە یەکێکە لە کتێبە هەرە گرنگەکانی مەزهەبی ئیشراق بە گشتی و فەلسەفەی ئیشراق بە تایبەتی. کە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت و لە بەشی دووەمدا بە شێوەیەکی زۆر قوڵ باسی رووناکییە خواوەندییەکان و رێکخستنی هەبوون و ئەقڵ و رەوان و رووناکییە زاڵ و بێگەرد و گەرددار و بت و وێنە و تەلسم و زۆر بابەتی گرنگ دەکات، کە پێگەی زۆر تێگەیشتن و بیروبڕوا دەلەرزێنێت و تا رۆژی ئەوڕۆش کاریگەری خۆیان پاراستووە و دەتوانن ئێستاش گۆڕان و پێشکەوتن لە هزر و ئەقڵ و روحی مرۆڤدا پەیدا بکەن. هەر لەبەر ئەو حیکمەتە پێوەندی سورەوەردی و زاناکانی حەلەب و شام گەیشتە ئاستێک کە چەندین تۆمەتی بدەنێ و بە چەندین خەتا تاوانباری بکەن. لەوانە بە شیعەبوون، مورتەد، زەندەقە، کوفر، ئیلحاد، ئیسماعیلی بوون، بڵاوکردنەوەی گومڕایی، تێکدانی رەوشتی گەنجان، خۆ کردنە پێغەمبەر و چەندین تاوانی تر. تا ئەو رادەیەی کە داوا لە شا زاهر بكەن بيكوژێت، بەڵام شا زاهر مرۆڤێكى زانا و ئەدەبدۆست بوو، داواكاری زاناکانی رەت کردەوە. بە زاناكانى شام و حەلەبى گوت: (سوهرەوەردى، هەندێك بۆچوونى سەبارەت بە حيكمەت نيشانداوە، نەيوتووە من پێغەمبەرم يان ئيسلام رەت دەکەمەوە. بۆيە من چۆن بيكوژم؟) بۆيە ئەوانيش سکاڵاکەی خۆيان گەياندە سەڵاحەدین ئەییوبی. ئەو كاتەش سەڵاحەدین ئەییوبی سەرداری سوريا و ميسر بوو. سورياى لەدەست خاچپەرستەكان و مسری لەدەست فاتمییەکان دەرهێنابوو. بۆ پاراستنى دەستەڵاتی خۆى پێويستى بە پشتگيرى زانايانى دينى بوو. بۆيە گوێى بۆ داواكارييەكەى ئەوان شل كرد. فشاریشى خستە سەر شا زاهری كوڕی و ناچارى كرد كە سوهرەوەردى لە ساڵى ١١٩١ زایین بخاتە زيندانەوە. شێخى ئيشراق لە زينداندا لە تەمەنى ٣٦ ساڵيدا، لە ٢٩/٧/١١٩١ گيان لەدەست دەدات. زۆر سەرچاوە بڕیارەکەی سەڵاحەدینی ئەییوبی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە ترساوە کوڕەکەی شا زاهر بکەوێتە بن کاریگەری سورەوەردی و زیانی پێ بگات. واتا کوشتنی سورەوەردی لە پێناو پاراستنی کوڕەکەی و پاشایەتی و دەستەڵاتی کوڕەکەی و خۆی بووە لە حەلەبدا.

تا ئێستاش بە تەواوی شێوازى مردنى سورەوەردی ديار نييە، چەند گێڕانەوەيەك دەربارەی كوژرانى هەن لەوانە: لەسەر داواى خۆى، شا زاهر دەيخاتە زيندانێك، نان و ئاوى نادەنێ تا دەمرێت. گێڕانەوەيەكى ديكە دەڵێت: لەسەر قەڵاى حەلەبەوە فڕێدراوەتە خوارەوە. هەروەها دەڵێن: بە شمشێر کوشتوویانە، هەڵیانواسیوە و سووتاندوویانە، بەڵام پتری رایەکان لەگەڵ ئەوەدان كە شێخى ئيشراق لە برساندا مردبێت. چونکە سوهرەوەردى بەوە ناسراو بووە كە تواناى هەبووە بۆ ماوەی درێژ خواردن نەخوات. وەك ئاشكرایشە برسيبوون يەكێكە لە رەفتارەكانى سۆفييەكان. هەروەها سوهرەوەردى لە ژيانيدا رووت و رەجاڵ بووە، بايەخی بە خواردن و جلوبەرگ و چتی وا نەداوە. وەك دكتۆر يوسف زێدان دەڵێت: (سوهرەوەردى سۆفييەك بوو سەوداى لەگەڵ پادشا و سوڵتانەكان نەبوو، بايەخى بە جلوبەرگەكانى نەدەدا، هەر كەسێك لە سەر شێواز و جلوبەرگەكانى رووبەڕووى ببايەوە. شێخ دەيوت: من بۆ ئەوە ناژيم تا جل بشۆم، كارى فەرترم هەس.)

٩-٢/ بیروڕای لەسەر دانا و زانا نورانییەکان

كاتێك سوهرەوەردى لە حەلەب دانیشت، لە مزگەوتى (ئەلحەلويە) نيشتەجێ بوو. حەلەب بنكەيەكى گرنگى هزرى دينى بوو. سوهرەوەردى توانى سەرنجى زانا دينييەكان بۆ لاى خۆى رابكێشێ، چونکە فەلسەفەى ئيدياليانەى پلاتۆ، ئيستدلالى ئەقڵى ئەرستۆ، لە فەلسەفە و روانینەکانی زەردەشتیی و موغ و داناکانی وەک جامئەسپ، فرەشەوشتر، بوزورگمیهر و پێش ئەوانیش. ئەمە جگە لە حەکیمە کۆنەکانی ئێران فەرەیدون و کەیخوسرەو. هەروەها شارەزابوونی لە قورئان و سوود لێ وەرگرتنی لە کۆمەڵی بواردا، بەهەردوو دیوی سەلماندن و رەتکردنەوەی هەندێ تێگەی تایبەت بە رەوان و روح و بەرجەستەبوون و مەعریفە و دەیان بابەتی دینی و هزری و فەلسەفی دەربارەی هەبوون و رووناکی و جیهانەکان. لە لایەکی دیکەیشەوە، سۆفییەکانی وەک بەستامی و حەلاج و زونونى میسرى و سوهێل كوڕى عەبدولڵاى تەسەتورى و ئەبو سەعيدى ئەلخێر.

سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی روحی بوون و لە رێی ئەوانیشدا دەرگەیەکی دیکەی کردبۆوە بۆ گەیشتن بە جیهانی رووناکی و لە زۆر بابەت و تێگەشدا، وە نەبێت تەنیا هاوڕا بێت لەگەڵیاندا، هەر بۆ نموونە لە بابەتی یەکبوون و حلولدا لە حەلاج جیا دەبێتەوە، وەک چۆن رەخنەیەکی توند لە ئەرستۆ دەگرێت و بەشێکی زۆری نووسینەکانی دوایی وەک (المشارع و المطارحات) هەروەها بەشێکی زۆری (حیکمەتی ئیشراق) تەرخان دەکات بۆ رەخنەگرتن لە ئەرستۆ و وەڵامدانەوەی، وەک چون لە زۆر شوێنیشدا لە پلاتۆ جیا دەبێتەوە و هەروەها لە زەردەشتیش و لە هرمس و باقی سەرچاوە و هزرەکانی تر. چونکە سورەوەردی ویستویەتی خۆی خاوەن هەقیقەتی خۆی بێت و ەک نووسەر محەمەد عەلی رەیان دەڵێت: (جیاوازی سورەوەردی و ئەلغەزالی ئەوەیە کە ئەلغەزالی بەرگری لە ئیسلام دەکرد، بەڵام سورەوەردی بەرگری لە هەقیقەت دەکرد) ئەوەش جیاوازییەکی گەورەیە کە بۆ سورەوەردی هیچ سەرچاوەیەکی روحی یان هزری یان ئەقڵی و دینی و فەلسەفی نەدەبوونە رێگر بۆ ئەوەی لێیان جیا ببێتەوە و رەخنەیان لێ بگرێت و وڵامیشیان بداتەوە.

لەبەر ئەو هۆکارانە زۆر نازناو بە بەر سورەوەردیدا کران، لەوانە (موئەیەد بیلمەلەكوت و سەيدى زەمەن) هەر بۆيەشە لە ئەنجامى ئەو زيرەكييەى، شا زاهری كوڕى سەڵاحەدین ئەییوبی، زۆرى لەخۆ نزيك كردەوە. كە ئەمەش بووە هۆكارى ئەوەى پياوە دينييەكانى ئەوساى حەلەب ئێرەیی پێ ببەن و رقيان لێی ببێتەوە و زوو سەرى بخۆن.

ئەو خۆى بە درێژكراوەى زنجيرەى ئەو دانايانە دادەنا، كە لە مێژوودا، هەردوو ميتۆدى لێكۆڵينەوەداریی و خواییبوویان گرتبووە بەر وەك هرمس و پلاتۆ و پیتاگۆراس و سوکرات و ئەمپادۆکلیس و زەردەشت و مانی . پێشی وابوو كە ئەم دانايانە لە چينى دانا باڵاکانن. لە هەمان كاتيشدا پێى وابوو كە پێغەمبەرى ئيسلام بە نێو لێكۆڵينەوەکاریدا شۆڕنەبۆتەوە. لە خوداییبووندا قوڵ بۆتەوە، چونكە پەيامبەر و پێغەمبەر بووە (رسول و نبى). بۆيە كە زانا دينييەكانى حەلەب سەبارەت بە پێغەمبەر پرسيارى لێ دەكەن، سوهرەوەردى بێدەنگ دەبێت، بەڵام زاناكان بێدەنگ نابن، پرسيارێكى بۆ دروست دەكەن، كە ئەم جۆرە پرسياركردنە لە مەنتقدا بە شێوازى (لە روودامان - الاحراج) ناسراوە. بەو مانايەى پرسيارێك بكەيت كە وڵامەكەى هەر چييەك بێت، كوشندە بێت. پرسيارەكەش ئەمەبوو: (ئايا خودا دەتوانێ لە دواى محەمەد پێغەمبەرێكى ديكە بنێرێت؟!)

ئەگەر سوهرەوەردى وڵامی دابايەوە: (بەڵێ خوا دەتوانێ.) ئەوە مەترسيداربوو، چونكە محەمەد دوا پێغەمبەرى نێردراوى خوايە. ئەگەريش بڵێ: (نەخێر.) بەم وڵامەى سنوور بۆ هێز و دەستەڵاتى خوا دادەنێت. بۆیە سوهرەوەردى بەم شێوەيە وڵام دەداتەوە: (سنوور بۆ هێزى خودا نييە). لەسەر ئەو وڵامەى بڕیاری كوشتنى دەدرێت.

سەبارەت بە كوشتنی، نووسەر (قاسم محەمەد عەباس) كە هەموو نووسراوەكانى (مەنسور حەلاج)ی كۆكردوونەتەوە و تۆمارى كردوون، دەڵێ: (ئەو رەوتەى بووە هۆكارى كارەساتى حەلاج دواى زنجيرەيەك دادگايیكردن، زۆر لەو رەوتە دەچێت كە بووە هۆى كوشتنى سوهرەوەردى.) جگە لەمەش لەبارەى مردنى سوهرەوەردييەوە دەڵێت: (وەك مەرگى حەلاج، مردنێكى كەم وێنە و ريزپەڕ بوو. مردنێكى تاقانە. کە ئەنجامی رەواى سرووشتى ململانێى نێوان هزرى دەستە و تاكێك نەبوو، تاکێکی باڵا كە بۆ چەند كەسانێكى كەمى سۆفييەكان دادەمەزرا. بە شێوەيەك كە ئەو تاکانە پێوەرە ئەخلاقييە باوەكانى گفتۆگۆيان بەسەردا ناچەسپێت، بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەو تاکانە لەسەر ناوەڕۆکی شەریعەت مەترسیدارن، یان پرسيارێكى هەقيقى لەسەر دووبارە خوێندنەوەى ناوەڕۆکی شەريعەت دادەمەزرێنن؟)

ئەمەی سەرەوە بەشێکە لە کتێبی (خوێندنەوەی کتێبی حیکمەتی ئیشراق)، کە بەندە ئەم ساڵ بڵاوی کردەوە، هەر لەبەر ئەو خەمە قورسەی رۆشەنبیری کوردی رۆژانە دەرخواردم دەدات، جارێکی دی لێرە دامنایەوە، لای هەندێ کەس، بیرکردنەوە وەک تاوان و تەماشا دەکرێت. نووسین دەبێتە تۆمەت، بەڵام دەی چاوەڕێی شتی خراپتریش دەکەین!