جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «چەند بەڵگەیەک لەبارەی ناسنامەی کەرکووک و پەلامارەکەی نادرشای ئەفشار»
(پەڕەی دروست کرد بە « ڕزگار جەباری وێنۆک|تابلۆی جەنگی نادرشا لە کـەرکووک شاری کەرکووک کە دەکەوێتە خوارووی باشووری کوردستان، بەشی لکێندراو بە دەوڵەتی عێراقەوە، بە درێژایی مێژووی خۆیدا هەمیشە هەڵگری ناسنامەی کوردەواری و کوردانە بووە. تۆمارە مێژووی...»ەوە) |
(بەبێ جیاوازی)
|
وەک پێداچوونەوەی ٢٠:٥٩، ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
ڕزگار جەباری
شاری کەرکووک کە دەکەوێتە خوارووی باشووری کوردستان، بەشی لکێندراو بە دەوڵەتی عێراقەوە، بە درێژایی مێژووی خۆیدا هەمیشە هەڵگری ناسنامەی کوردەواری و کوردانە بووە. تۆمارە مێژووییەکانی ئەم مێژووە، بەڵگەیەکی زۆری ئەم ڕاستییە لەخۆدەگرن. تۆمارە مێژووییەکان چی لە زاری خۆیی بووبێت یان بێگانەوە، سەدان بەڵگەنامە و گەواهییان تێدایە بۆ سەلماندنی ئەم ناسنامەیە، کە زۆرجار لە زاری خودی دوژمنانەوە دان بەو ڕاستییەدا نراوە. ئەم بەڵگەنامانە وەکوو بەشێک لە خەباتی ڕۆشنبیریی نەتەوەی کورد هاوشان بە خەباتی سیاسی، خودان بەهایەکی بەزرن، چونکە وەکوو ئاشکرایە لە دوای دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە شارەکە لە سەرەتای سەدەی بیستدا، دەوڵەتی دروستکراوی عێراق کەوتە پیادەکردنی سیاسەتێکی شۆڤینیستانە، لە سەپاندنی فەرهەنگ و چاندی عەرەبی بەسەر شارەکەدا. بە تایبەتی لە دوای جڵەوکردنی دەسەڵات لەلایەن بەعسییەکانەوە، بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە کەوتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، لە دەرکرنی ماڵی کورد و ڕوخاندنی گوندەکانی دەڤەرەکە و هێنانی ماڵە عەرەب و داگیکردنی زەوی و زاری کوردان و دەیان کرداری شۆڤینییانە و دۆژمنکارانەی دیکە، کە تەنانەت تاکوو ئەمڕۆش بەشێکی زۆری ئەو سیاسەتە چەوت و نامرۆڤانانە هەر بەردەوامن.
بەڵگەنامەکە:
بۆ گەڕاندنەوەی شارەکە بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی خۆی، خەباتی جۆراوجۆر کراوە. بەشێک لەو خەباتە دۆزینەوە و خستنە ڕووی بەڵگەنامەکانن. یەکێک لەو بەڵگەنامە گرینگانەی کە ئاماژە بە ناسنامەی شارەکە دەکات، بریتییە لە شیعرێکی (شێخ محی الدین بەرزنجی) کەسایەتیی دیاری شارەکە و زانای کورد لە سەدەی ١٨دا. ئەوەی گرینگیی و بایەخی ئەم بەڵگانە زیاتر دەکات، ئەوەیە کە ئەو سەردەمانەی ئەم هەست و دەربڕینانە گوتراون و نووسراونەتەوە، لە سۆنگەی هیچ پێوەدانگێکی ئایدیۆلۆژیییە نەبووە و هیچ سیاسەتێکی دیاریکراوی لە پشتەوە نەبووە، بەڵکوو لە دڵ و دەروونێکی ڕاستگۆ و دوور لە دەمارگرژییەوە خراونەتە ڕوو.
ناوی شێخ محێدین: موحەممەد کوڕی شێخ حەسەنی گڵەزەردی کەرکووکی بەرزنجییە کە لە ساڵی (١٧٢٠ز) لە گوندی گڵەزەردەی دەڤەری قەرەداغ لەدایک بووە و لە ساڵی (١٧٨٠ز) لە شاری کەرکووک کۆچی دوایی کردووە. ئەم زانایە نزیکەی (١٤) کتێبی لە بوارەکانی ئایین و تەریقەت و پزیشکی و بواری دیکە و بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و زمانی دیکەش نووسیوە. مخابن لە ساڵی ١٩٩١ز لەلایەن هێزەکانی بەعسییەوە کتێبخانە دێرینەکەی شێخ ستاری بەرزنجی لە کەرکووک سووتێنرا و بەشێکی زۆری بەرهەمە دەستنووسەکانی شێخ محێدین لەم دەستدرێژییەدا لەناوچوون.١
شێخ لە پێشەکیی کتێبێکی پزیشکیی خۆی بە ناوی (تسهیل العصاب)دا بە شیعر و بە زمانی عەرەبی لە میانی باسی پەلامارەکەی سوپای نادرشای ئەفشار (١٦٨٨ – ١٧٤٧ز) کە بە تێکشانی سوپای نادر تەواو بووە و لە ناوچەکەدا کارەساتی ناوەتەوە، ئاماژە بە ناسنامەی شاری کەرکووک دەکات و وەکوو وڵاتی کوردان دەیناسێنێت:
لا سيما في بلاد (الأكراد)
نهبوها و اسروا الأولاد
و قتلوا خلقا جما كثيرا
اسروا النساء ذي العشيرا
رئيسهم شفيع خان الشقي
مع نظرعلي خان الشقي
مع جيوش ظلام فواجر
و هم بقاطع النصوص كافر
و خربوا بلاد (الشهرزو)
الي حدود (كركوك) بالعبور
قال الفقير مؤلف الكتاب
ال(محي الدين) طالب الثواب٢
لە سەروبەندی پەلامارەکەی نادر(١٧٣٣ز) واتە نزیکەی سێ سەدە لەمەوبەر شێخ محێدین خۆی لە کەرکووک بووە و ئاشنای هەموو لایەنێکی شارەکە بووە. بۆیە بە ڕوونی شاری کەرکووک بە وڵاتی کوردان ناساندووە کە سەربە ویلایەتی شارەزوور بووە.
ئەڵبەتە ئەمە یەکەم بەڵگە و دوا بەڵگەی خۆماڵی نییە کە باس لە کوردەواریی شاری کەرکووکی کردووە. شێخ تەهای کوڕی یەحیای کوردی (؟ - ١٧٩٠ز) لە گەشتنامەکەیدا کاتێک لە شاری بەغداد دەردەچێت و بەرەو شاری کەرکووک بەڕێدەکەوێت، دەڵێت:
"و بقيت في بغداد الى أن ذهب الشتاء، ثم سافرت نحو بد (الاكراد)، وصلنا في طريقنا الى قلعة (كركوك) و اجتمعت بخال و مرشدي ملا عيسى المذكور اول الترجمة حفظه الله تعالى..." .٣
جەنگی نادرشا لە شاری کەرکوک:
دوای ئەوەی نادر قولی دەسەڵاتی خۆی لە ئێراندا جێگیرکرد و بووە شا، بە سوپایەکی زۆرەوە ڕووی کردە عێراق و کوردستان لەپێناو تۆڵەسەندنەوە لە عوسمانییەکان کە لە کاتی سەرقاڵیی ئەو بە جەنگی بەرپەچدانەوەی داگیرکاریی ئەفغانەکاندا، هێرشیان کردبووە سەر ئێران".٤
سەردەمی نادرشا بە گشتی سەردەمێکی پڕ لە جەنگ و هەرا بووە، بە شێوەیەک دەتوانین بڵێین نادر هەموو ژیانی لە جەنگدا بووە. جەنگ لەگەڵ عوسمانییەکان، ئەفغانەکان، هۆزە کورد و تورکەکان، دەسەڵاتی سەفەوی و هتد. کاریگەریی ئەم جەنگانە زۆر بووە و لە چەند ڕووەوە ڕەنگیان داوەتەوە. بە پلە یەک لە کتێبە مێژووییەکان و ئەدەبییەکان و گەشتنامەکان. ئەدەبیاتی کوردیش ئەم سەردەمە بەسەردەکاتەوە. مەلا نۆشادی دینەوەری لە کۆتاییەکانی بەرهەمە شیعرییەکەی بەناوی (داری جەنگیان)دا لە سەر زاری پیرە دارەوە دەلێت:
ئیسە دەعوای دوخت (نادر سوڵتان)ەن
عاڵەم جە جەورەش بێزار جە گیانەن
ڕەعیەت فەرار خەڵق خوڵقەش تەنگەن
ئیقباڵ ئەولاد شاهـ (سەفی) لەنگەن٤
شاعیر لەو سەردەمەدا ژیاوە کە نادر خەریکی ململانێ بووە لەگەڵ شا توماسبی سەفەویدا. ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی هەڵدێن و خوڵقیان نەماوە و لە گیان بێزار بوونە.
هەروەها ئەڵماس خانی کەندۆڵەیی (١٧٠٦ – ١٧٧٧ز) کە خۆی لە سوپای نادردا سەرهەنگ بووە، لە بەرهەمی داستانەشیعری (نادرنامە)دا کە بە (نادر و کۆپاڵ)یش ناسراوە، بە شیعر و بە زاری گۆرانی و بنزاری کەندۆڵەیی بەشێکی زۆری جەنگەکانی نادری باس کردووە. لەژێر دوو ناونیشاندا باسی پەلامارەکانی نادر دەکات بۆ شاری کەرکووک و دەڤەرەکانی دیکە.
یەکەم: لشکرکشی نادر افشار بە روم و شکست خوردن او از کوپال پاشا سردار عثمانی
دووەم: دیگر بار لشکرکشی نادر افشار بە روم
چەند دێڕێکی ئەڵماس خان وەکوو نموونە لە باسی ئەو کارەساتانەی بەهۆی پەلاماری نادرەوە ڕوویانداوە:
شیری شکاری زەهاو کرد خراو
فەرما بە سپاهـ کردشان چەپاو
خرۆشا ژە قین جۆشا چوین ئەژدەر
رووکرد بە موحاڵ مەملوول قەیسەر
(کەرکووک) و موسڵ باقووە و بەحریز
بەدرانی جەستان بەسرە و بەتەبیز
موڵک مەندەلی و خانەقی و زەهاو
سەمت سەرحەدان تەمام کرد خراو
کردشان قەلار بە قەتڵ و کوشتار
ویران کرد شاران و موحاڵ یەختەسار
چوین توف توفان شیر غەزەوناک
تەوف تەنتەنەی توران کرد نە خاک
توخم مەردان رومی بەرکەندەن
هەریەک جام هون غەنیمان وەردەن
دومای قەتڵ و عام و داوی داروگیر
دەس کردن بە دیل بە وردە ئەسیر٥
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، تێکچڕژانی سوپای هەردوو لا، لای لەیلانی نزیک کەرکووک بووە. هەر لە نادرنامەی ئەڵماس خاندا و لە نوسخەیەکی دیکەدا ئاماژە بە (لەیلان) کراوە:
کەرکووک و موسڵ خانەقی و زەهاو
بەغدا و بەسرەش ژە بن کەرد خراو
تەپەلوو (لەیلان) هەولێر و حەریر
نە سەر ماند نە ماڵ وە قەتڵ و ئەسیر٦
ئەگەرچی خانای قوبادی (١٧٠٠ – ١٧٥٩ز) لە سەردەمی پڕ جەنگ و هەرای نادرشادا ژیاوە، بەڵام شاعیر تەنها باس لە بەخت و تەختی شای کردووە. ئەمەش دوو ئاماژەی خانا بە نادرشا:
یەکەم- لە پێشەکی داستانەشیعری لەیلا مەجنووندا:
بە وێنەی (نادر) بەرز ئیقباڵت بۆ
زۆری ڕۆستەمی نەوەی زاڵت بۆ٧
دووەم- لە شیعری (میرزام یە چێشەن) لە وەڵامی میرزا شەفیعی کولیاییدا:
ئیرەج وە سپای سەلم و توورەوە
(نادرشا) بەو تاج کۆهی نوورەوە٨
کارەساتەکانی پەلامارەکەی نادرشا لە سەرچاوە سریانییەکانیش ڕەنگی داوەتەوە، "قەشەیەکی شاری کەرکووک کە خۆی هاوسەردەمی ڕووداوەکان بووە، بۆمان دەگێڕێتەوە کە سوپاکەی نادرشا فەسادی و وێڕانکارییەکی گەورەیان لە ناوچەکە نایەوە، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆریشی لە پیاوانی ناوچەکە کوشت بە تایبەتی جولەکەکانی شاری کەرکووک کە دوای بەدیلگرتنیان کوژراون. قەشەی ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە خەڵکی کەرکووک خۆڕاگرییان نواندووە و بە توندی بەرپەرچی هێرشەکانی نادریان داوەتەوە."
دەنگوباسی پەلامارەکانی نادرشا بۆ سەر شاری کەرکووک و دەڤەرەکە لە گەشتنامەی ئەورووپییەکانیشدا هاتووە، کە هاوکاتی ڕووداوەکان یان دواتر سەردانیی شاری کەرکووک و دەڤەرەکەیان کردووە. لێرەدا دوو نموونە دەخەینە ڕوو:
یەکەم:
ژان ئۆتەر (١٧٠٧ – ١٧٤٩ز) گەڕاڵێکی فەڕەنسییە. لە سەروبەندی پەلامارەکانی نادرشا سەردانیی کوردستانی کردووە. لە بەشێکی گێڕانەوەکانی باس لەوە دەکات کاتێک گەیشتووەتە تووزخورماتوو، هەواڵی هاتنی لەشکری نادر گەیشتووەتە ئاوایی، خەڵکی ترسیان لێ نیشتووە و بە هەڵەداوان هەڵدێن.
هەروەها سەبارەت بە کەرکووک دەڵێت: پاشای کەرکووک کە لە شەڕی ئێران ئاگادار کرایەوە، فەرمانی کرد شارەکە، کە وەکوو قەڵا بوو، پڕ بکەن لە خۆراک و پێداویستی و هەروەها دیوارە ڕووخاوەکەیشی هەڵچنننەوە و چاکی بکەنەوە. داوای هاوکاریی و یارمەتی لە خەڵکی کرد.٩
دووەم:
کارستن نیبوور (١٧٣٣ – ١٨١٥ز) گەڕاڵی دانیمارکی. لە گەشتنامەکەیدا ئاماژە بە پەلامارەکە دەدات و دەڵێت: کاتێک نادرشا پەلاماری کەرکووکی دا، زۆر تووشی بەرەنگاری نەبووە، بەڵام کاتێک لەبەرامبەر موسڵ تووشی فەشەل بووەوە و هێزەکەی لەوێ لەناوچوو و شکستی هێنا بە پەلە لە شاری کەرکووک کشایەوە، پاش ئەوەی زیانێکی زۆری لێ کەوت. لە ڕێگادا کۆمەڵێکی زۆر چەک و تەقەمەنیم بینی، کە پێش ٢٠ ساڵ فارسەکان لێرە لێیان بەجێماوە.١٠
وتەیەک لەبارەی ناسنامەی نەتەوەیی نادر:
ساغکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کەسایەتییە ناودارەکانی مێژوو، ئەوانەی شوێندراون یان لە ئاڵۆزیدا ماوەتەوە، دوو دیوی هەیە. دەشێت کەسایەتییەک بێت کە بشێت بکرێت بە سیمبوڵێکی نەتەوەیی، یان دەشێت بەپێچەوانەوە ئەوەی لەبار نەبێت. هەردوو باردا وەکوو ساغکردنەوەکە وەکوو زانیاریی مێژوویی گرینگن. نادرشا یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە ناسنامەی کەوتووەتە نێوان دوو بۆچوونەوە. لەبەر ئەوەی لە هۆزی ئەفشار بووە، هەمیشە وەکوو تورک ناسێنراوە. بەڵام مێژوونووسی کوردی خوراسان کەلیموڵڵای تەوەحەدی (کانیماڵ) لە کتێبی (نادر صاحبقران) بە خستنە ڕووی چەند بەڵگەیەکی جیاواز هەوڵی ئەوەی داوە بیسەلمێنێت کە نادرشا لە نەتەوەی کورد بووە. یەکێک لە بەڵگەکانی خستنە ڕووی دێڕەشیعرێکی فارسییە لە کتێبی هۆنراوەی (محمودنامە و پهلوانی حاجی محمد باباقدرتی). ئەم کتێبە باس لە مەلیک مەحموودی سیستانی لە خوراسان دەکات هەروەها باسی ڕۆڵی کوردان و نەدر قولی کە دواتر بوو (نادر شای هەوشار) دێتە ئاراوە. کانیماڵ دەڵێت بە ئەگەری زۆرەوە ئەم کتێبە هی میرزا حەبیبوڵڵای مستەوفیی کوردە کە لە نێوان (١٧٠٠ – ١٧٥٠ز) نووسراوەتەوە. بە گشتی بە زمانی فارسییە، بەڵام چەند دێڕێکی بە زمانەکانی کوردیی کورمانجی و عەرەبی و تورکیی تێدایە.
ئەو دێڕەشیعرەی کە ناسنامەی نادر دەخاتە ڕوو، لە باسی نادر و قەلیچدا هاتووە. ئەم دوو کەسایەتییە ناکۆکییان هەبووە لەسەر سەرکردایەتی هۆزی هەوشار و لە زاری قەلیچەوە لەبارەی نادرەوە دەڵێت:
زبانش بە اکراد چون هست یک
از اکراد آید برایش کمک
واتە: لەبەر ئەوەی زمانی (نادر) لەگەڵ کوردەکان یەک شتە، بۆیە لە کوردەکانەوە هاوکاریی بۆ دێت.١١
تابلۆی جەنگی کەرکووک:
ئەم نیگارە لە کتێبێکی دەستنووسدا هاتووە بە ناوی (تاریخ جهانگشای نادری) لە نووسینی: میرزا محەمەدی مەهدی ئەسترئابادی کوڕی نەسیر، کە نووسەری نادر بووە. ئەم نووسەرە ڕووداوەکانی سەردەمی سەرکردایەتی و پاشایەتیی نادری لەم کتێبەدا نووسیوەتەوە. قەبارەی ئەم کتێبە ٢٢*٣٥ س بە خەتی خۆشنووسی نەستەعلیق و بە پێنووسێکی قەبارە مامناوەند. دوو لاپەڕەی سەرەتا ئاوزێڕ کراوە لەگەڵ سەرلەوحی گوڵ و بنجکی خەتایی. دەستنووسەکە لە کۆتایی ساڵی (١١٧١ کۆچی مانگی / ١٧٥٨ زایینی) نووسراوەتەوە. ئێستا لە کتێبخانەی (روزبە)ی زنجان پارێزراوە. دەستنووسەکە چواردە نیگاری تێدایە کە یەکێکیان تابلۆی جەنگی کەرکووکە. تابلۆکان دیمەنەکانی جەنگەکان و دانیشتنەکانی نادر شا نمایش دەکەن. لەم نیگارانەدا جگە لە خودی نادر، سێ کەسی دیکە ناسراونەتەوە. یەکەم: کوڕەکەی نادر، دووەم: نەسڕوڵا میرزا، سێیەم: نووسەری کتێبەکە. لەبەر وردەکاری نیگارەکان، باوەڕ وایە کە نیگارکێشەکە دیمەنەکانی بینیوە، واتە هاوشانی شا و سوپا لە گەڕاندا بووە. هەوەها باوەڕ وایە کە لەسەر داوای نووسەرەکە، خۆشنووسەکە و نیگارکێشەکە دیاری کرابن و ڕاسپێردرا بن بۆ نووسینەوەی کتێبەکە بە خەتی نەستەعلیق و کێشانی نیگارەکان. هەروەها باوەڕ وایە ڕەنگە نیگارکێشەکە (محەمەد عەلی بەیگ) ناسراو بە (نەقاشباش) نیگارکێشی دەرباری نادر، یان (عەلی کوڕی محەمەد زەمان) یان (عەلی ئەشرەف) بێت. ١٢
بەڵگەی یەکەم/ وێنەی لاپەڕەی پێشەکی کتێبی (تسهیل العصاب)ی شێخ محێدین.
بەڵگەی دووەم/ وێنەی دەستنووسی گەشتنامەکەی تەهای کوڕی یەحیا کوردی.
تابلۆی جەنگی نادرشا لە کەرکووک
تابلۆیەکی کۆنی تەواونەکراوی نادرشا.
سەرچاوەکان/
١-هوية كركوك الثقافة و الادارية، محمد علي القرةداغي، منشورات ئاراس – رقم: ٥٦٠، الطبعة الثانية: اربيل – ٢٠٠٧. ص: ٦٩ و ٧٠.
٢-صفحة معالم و مشاهر السادة البرزنجية في كركوك (لە فەیسبوک).
٣-رحلة الشيخ طه بن يحى الكردي المتوفي سنة 1205 هـ / 1790م، دراسة و تحقيق د. علي نجم عيسى، درا الكتب العلمية، بيروت – لبنان، ٢٠٠٧. ص: ٩١.
٤-هێرشەکانی ئێران لە سەردەمی نادرشای ئەفشار بەسەر شاری کەرکووک، د. بەختیار سەعید مەحموود شوانی، ماڵپەڕی گوڵان، ٢٤ فبروەری ٢٠١٨.
٤-چیرۆکی داری جەنگیان مەشهور بە داری پیرەدار، دانراوی مەلا نۆشادی دینەوەری، لێ توێژینەوەی: عەزیز موحەممەدپور (داشبەندی)، چ١، ١٣٧٨، پەیام. ل:٩٥
٥-شاهنامەء کردی مجلد ٣، نادرنامە (نادر و کوپال)، پیشگفتار، تصحیح و واژەنامە: ایرج بهرامی. نشر آسا، چ١، ١٣٨٩، تهران. ص: ٧٩.
٦-نادرنامەی میرزا ئەڵماس خانی کەڵهوڕ، بەڕێنووسی کوردی باوی ئەمڕۆ نووسینەوە و فەرهەنگۆک بۆ نادانی: شوکور مستەفا، بلاوکراوەی ئاراس ژمارە: ٣٣م چ١، ساڵی ٢٠٠٠. ل: ١٥٨
٧-لەیلا و مەجنوون، جانای قوبادی، ئامادەکار: گەفار ئیبراهیمی (سارۆ)، بنکەی ژین، زنجیرە: ١٣٥ سلێمانی ٢٠١١. ل: ٣٥
٨-دیوانی خانای قوبادی، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی کاروان عوسمان خەیات (ڕێبین)، ٢٠١٦، چ١، نشر شوان. ل: ٣٥٦
٩-سەفەرنامەی ژان ئۆرتەر (١٧٣٤ – ١٧٤٣) سەردەمی نادرشا. وەرگێڕانی: محەمەد حەمەباقی. چاپخانەی مورکیانی (هەولێر). زنجیرە کتێب ٧٠٨ ساڵی ٢٠١٣، چ١. ل: ٨٤ و ٩٣.
١٠-سەفەرنامەی نیبوور (لە سەدەی هەژدەدا)، وەرگێڕانی: ئەردەڵان عەبدوڵا، هەولێر – ٢٠١٣، چ١، چاپخانەی موکریان. زنجیرە کتێب (٨٠١). ل:١٢١
١١-نادر صاحبقران، نادر شاه بر مبنای اسناد خطی، کلیم اللە توحدی (کانیماڵ)، انستیتو فرهنگی کردستان، چ١، ١٣٨٤ نشر ژیار، ص: ٢١٠.
١٢-جستاری دربارەی کتاب تاریج جهانگشای نادری و نگارەهایش، عصر شکوفایی نگارگری در ایران، نوشتە: استاد عبدالعلی ادیب برومند. روزنامە اطلاعات، شنبە ٥ دی ١٣٨٨.