جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «کوردستانی سوورو دەنگی کوردانی یەریڤان»

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
(پەڕەی دروست کرد بە «وێنۆک|جوان ئه‌حمه‌د سەرەتا ویستم تەنیا لەسەر رادیۆی یەریڤان و کا...»ەوە)
 
ھێڵی ٩٢: ھێڵی ٩٢:


=سەرچاوەکان:=
=سەرچاوەکان:=
_ ویکیوەند
* ویکیوەند
_ Diplomaticmagazin; دکتۆر جەبار قادر
* Diplomaticmagazin; دکتۆر جەبار قادر
_ ووتاری مستەفا وەکیل لەسەر دامەزراندنی کوردستان سوور
* ووتاری مستەفا وەکیل لەسەر دامەزراندنی کوردستان سوور
_ ڕۆژنامەی رووپێل، ئیزنیڤا
* ڕۆژنامەی رووپێل، ئیزنیڤا
_The Red Book of the Peoples of the Russian Empire
* The Red Book of the Peoples of the Russian Empire
_ ووتارێکی یادگار عەلی، خوێندکاری ماستەر لە ڕاگەیاندن
* ووتارێکی یادگار عەلی، خوێندکاری ماستەر لە ڕاگەیاندن
_ saradistribution
* saradistribution
_Müller, Daniel The Kurds and the Kurdish Language in Soviet Azerbaijan According to the All-Union Census of December 17, 1926. The Journal of Kurdish Studies, vol. 3, pp. 61–84.
* Müller, Daniel The Kurds and the Kurdish Language in Soviet Azerbaijan According to the All-Union Census of December 17, 1926. The Journal of Kurdish Studies, vol. 3, pp. 61–84.

وەک پێداچوونەوەی ‏١٣:١٩، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠

پەڕگە:Jwan-Ahmed.jpg
جوان ئه‌حمه‌د

سەرەتا ویستم تەنیا لەسەر رادیۆی یەریڤان و کارمەندەکانی شتێک بنووسم، ، بەڵام خۆ نەدەکرا ئاماژە بە کوردانی کوردستانی سوور یان کوردانی ئەرمینیا و بەگشتی کوردانی یەکێتی سۆڤێتی ئەو دەم نەکەم. هەڵبەت ساخکردنەوە و نووسین لەسەر بابەتێکی وەها هەستیار نەک هەر بەکاری خۆمی نازانم بەڵکو رێگەنادەم بەخۆم لەسەر نووسینێک تەنیا یەک بست لەو خاکەی ناوی خاکی کوردستانە ببەخشمە ووڵاتانی ئەو ناوچەیە یاخود بوونی کورد لەو ناوچەیە بە زادەی ئاوارەبوون و هەڵهاتن لەو جەنگە ترسناکەی تورکەکان دەرهەق بە نەتەوەی کوردیان کردووە بەگەرێنمەوە..

کوردستانی سوور چی بەسەر هات؟

ئەم هەرێمە لەساڵ 1923 دامەزاو تا ساڵی 1929 بەردەوامی هەبوو واتا تەنیا شەش ساڵ توانیان بەئارامی بەرێوەیبەرن هەرێمی لاچین بەرووسی کراسنێ کوردستان و بە ئەزەری قیزل کوردستان پێ دەگوترا (Krasniy Kurdistan; bi azerî: Qizil Kürdistan) پایتەخەتی کوردستانی سوور لاچین (Laçîn) بووە. زمانی فەرمی زاراوەی کرمانجی (zaraveyê kurmancî) بەتیپی کیریلی (tîpên kîrîlî) نووسیویانە. کوردستانی سوور پێکهاتبوو لەم ناوچانە: کەرەکیشڵاک (قەرەقیشڵاغ)، کەلبەجار، کوباتلی (قوبادلی)، کوتورلی (قوتورلی)، کوردگاجی (کوردحاجی) و مورادخانلی.(Laçîn, Qûbadlî, Kelbajar) ئەم ناوچانەش خاکێکی دانەبراوی کوردەکان بووە و ئەو هەرێمە ئەتۆنۆمەیان تیدا دامەزراند. ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمەکە ئاوایی کەرەکیشڵاک %99،7 دانیشتوانەکەی کورد بوون. ئاوایی کەلبەجار %99،8 دانیشتوانەکەی کورد بوون. ئاوایی قوتورلی %99،9 دانیشتوانەکەی کورد بوون. ئاوایی کوردحاجی %98،6 دانیشتوانەکەی کورد بوون. ئاوایی مورادخانلی %98،02 دانیشتوانەکەی کورد بوون. ئاوایی قوبادلی %98،9 دانیشتوانی ئازەری بوون و 1% تریشی ئەرمەن بوون.!؟

دکتۆر جەبار قادر لە توێژنەوەکەی خۆیدا دەڵیت : بەهۆی ئەوەی لە کوردستانی سووردا هیچ باڵەخانەیەکی گونجاو نەبوو بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت، بۆیە ناوەندی هەموو دام و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەکە لە شاری (شوشێ) ی ئازەربایجان بووە. ئەوەی هەر ئەو دەمە مایەی پرسیاری لای زۆر کەس دروستکردبوو لکاندنی ناوچەی قوبادلی بوو بە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە 98، 9% دانیشتوانی ئازەری بوون و 1% تریشی ئەرمەن بوون، واتا هیچ کوردی لێ نەدەژیا. یەکەکانی دیکەی هەرێمەکە ڕێژەی کورد تیاندا نزیکی سەد دەر سەد بوو، ، هەروەها دەڵیت: بە بۆچوونی توێژەری ئەرمەنی داڤید بابایان ئەمە بۆ ئەوە کرا ڕێژەی کورد لە کوردستانی سور لە 100% کەم بکرێتەوە بۆ 73% دانیشتوان. قەوارەیەکی سیاسی لە سەر خاکی ئازربایجان کە سەد دەر سەدی دانیشتوانی کورد بن مایەی نیگەرانی بوو بۆ کاربەدەستانی وڵات.


هۆکاری بە ئۆتۆنۆمیکردنی هەرێمی لاچین!

وەکیل مستەفا لە وتاری بۆچی لینین وگۆرباچۆڤ ویستیان کوردستانی سوور لە نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجاندا دابمەزرێنن؟ کەلەلایەن سوارە شاکەلی وەرگیڕانی بۆ کراوە هۆکارەکەی دەگەرێنتەوە بۆ قەیسەرەکانی رووسیا و چەتەی (دەشناک)ەکانی ئەرمێنیا و دەڵیت : لە ئەنجامی جەنگەکاندا، جەنگی سەد ساڵەی قەوقاز، جەنگی ڕوسی و تورکەکان، جەنگی ڕووس و ئێران. لە سەر ئه و خاکەی کە کوردەکانی لەسەر دەژیان نزیکەی هەشت هەزار ساڵ، لە ئەنجامی ئەم جەنگانەدا ملیونێک ئەرمەنی، یۆنانی و ئاشوری و یەزیدی و تورکی و ئێرانی لە تورکیا و ئێرانەوە گوزرانەوە بۆ ئەم ناوچەیە و نیشتەجێ کران. ئەمەش لەسەر بیرۆکەی قەیسەری ڕووس نیکۆلای یەکەم و قەیسەرەکانی تریش کە بەدوای ئەودا هاتنەسەر حوکم تا دەگاته نیکۆلای دووەم درێژەی هەبوو. ئەم ڕاگوازراوانە کە بوونە نیشتەجێی ئەم ناوچانە، تەنها ئەرکیان پاراستنی هێزەکانی پشتوانی سوپای ڕووسی نەبوو بەرامبەر کوردە موسوڵمانەکان، کە لە بەرهەڵستی ڕووسە داگیرکەرەکاندا بوون لە باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵکو لەسەریان بوو هەموو خواردن و ئالیکی سوپای ڕووسیا ئامادەبکەن، سەرباری ئەمانەش دەبوو وەک کرێکار کار بکەن لە ناوچەی دەر هێنانی نەوتی باکۆ و شیرڤان (بەدوورو درێژی لەسەر ئەمە نوسراوە لە کتێبەکەی مینۆرسکی-دا بەناوی کورد). لەم نیوەندەدا کریستیانەکان ناوچە شاخاویەکانیان بۆمایەوە کەدەکاتە ئەرمەنیای ئێستا، کەرەباخ و زەنگە زورە. لەگەڵ بەردەوامی هێرشی بێکۆتایی کوردەکان. هەر لەبەر خۆپاراستنیش له و هێرشانە ڕویان لەچیاکان کرد، بەشێکی زۆریشیان سەدان هەزار کەس دەبوون ناوچەکەیان بەجێهێشت و ڕوویان لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەراست و ئەوروپا کرد، کە ئێستاشی لەگەڵ بێت له و ناوچانە نیشتەجێن. ئه و ئەرمەنیانەی کەمانەوە بەهاوکاری ڕوسە کازاخەکان زیاتر خەریکی ڕاوڕوتکردن و دەسترێژکردنە سەر و بەرەنگار بوونەوەی موسوڵمانەکانی ناوچەکەبوون تا دەگاتە سنوری باکۆ. ئەم ڕاوڕوت کردن و تاڵانکاریە زیاتر پەرەی سەند لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا بەتایبەت پارتی (دەشناک) کە پارتێکی شۆرشگیڕی ئەرمەنی بەهێز بوو، ئەمان بارودۆخی ئەوسەردەمەی بەلشەفیکەکانیان بۆ خۆیان قۆستەوه و حکومەتی دەشناکی ئەرمەنیان ڕاگەیاند کە پاتیەختەکەی شاری گویمری بوو. هەر لەم ساڵەدا بە بیانووی پاراستنی موسوڵمانانەوه لەبەرامبەر دەستدرێژی ئەرمەنەکان، سوپای تورک هاتنەناو خواروی قەفقازەوە بۆ بە دامەزراوەکردنی تورکە ڕاگوازراوەکانی سەر خاکی کوردستان لە ناو خاکی تاڵیشی و لیزگین حکومەتێکی تورکیان بۆ دامەزراندن لەژیر دەسەڵاتی (موساڤاتدا) بۆموسوڵمانەکان. هەرچەندە لەسەردەمی بونیادنانی سۆڤیەتدا ئەرمەنیا و ئازرباینجان و نیکچان سەر بەیەکێتی سۆڤیەت بوون بەڵام ئەم تاڵانکاروی وڕاو ڕووتکردنەی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی دەشناک، نەک نەتوانرا کۆتایی پێبهێنرێت بەڵکو هەر دڕێژەی هەبوو بۆسەر شارو شارۆچکەکانی ئازرباینجان. لەساڵی 1923 لینین و لایەنگیرەکانی لەوانە کیرۆڤ ناچاربوون حکومەتی ئۆتۆنۆمی کوردستانی سور دابمەزرێنن کە دەکەوێتە نێوان ئەرمینیاو ئازرناینجانەوە. تەنها ئەم کارە توانی کۆتایی بەهێرشی ئەرمەنەکان بۆ سەر ئازەرباینجان بێنێت. فلادمیر لینین(Vladimir Lenin) لەسەرەتای 1920 دا نامەیەک بۆ نەریمانۆڤ (Nariman Karbalayi Najaf) دەنووسیت کە لەو سەردەمەدا نەریمانۆڤ وەزیری دەروەی ئازەربایجانی بووە لە یەکێتی سۆڤێدا، داوای لێدەکات کە هەڵسێت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی لاچین (Laçîn) لەنێوان ئەرمێنیا و ئازربایخان بە دامەزراندی ئەم هەرێمەش نێوانی هەردوو وڵاتی ئەرمێنا و ئازربایجان دووکەرت دەبێت بەم هۆکارەش تاڵانکاری (دەشناک)کەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر ئازەربایجان سنووردار دەکرێت و کۆتایی پێ دێت و نەریمانۆڤ لەرێکەوتی 07-07-1923 بە فەرمی هەرێمی ئۆتۆنۆمی لاچین دادەمەزرێنیت بەناوی (کوردستانی سوور) بە دوو ساڵ دوای دامەزراندنی کوردستانی سوور نەریمانۆڤ لەرێکەوتی 19-03-1925 لە تەمەنی 54 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.


هەندێک لەهاوسۆزانی شیوعی و چەپەکان ئەمە بە بریارێکی دادپەروەران دەخەمڵین و دەلێن هاورێ لینن هاوکارێکی بەهێزی کەمە نەتەوەکان بووە لە یەکێتی سۆڤیدا بە بریاری ئەو دەبوو ئەوکەمە نەتەوانە کە لە لایەن نەتەوەکانی تری ناوچەکەوە گوشاریان دەخرایە سەر و دەچەوسێنرانەوە هەربۆیە فەرمانی داوە بۆ هەر کەمە نەتەوەیەک لە خاک و زێدی خۆیاندا ئۆتۆنۆمی وەربگرن بەردەوامی بەژیان بدەن، ، هاورێ لینن بەم شێوەیە کەمە نەتەوەکان لە زوڵم ستەمی نەتەوەکانی ناوچەکە دەپارێزیت. بەڵام لەتەواوی بەڵگەنامەکاندا ئەوە پشتراستکراوەتە جگە لە بریاریکی سیاسی و پەرژەوەندی سیاسی بە قوربانی کردنی نەتەوەی کورد هیچ پرەنسیپێکی شۆرشگیرانەی لەپشتەوە نەبووە. لەساڵی 1930 دەشناکەکانی ئەرمەنیا بەتەواوەتی لەناوبران و دەسەڵاتی توندی سۆڤیەت حوکمی گرتەدەست، کوردستانی سور ئەرکی خۆی بەجێهێنا، لە کۆتایهاتنی جەنگی نێوان ئەرمەن و ئازرباینجانیەکان، بۆیە ئیدی کەس ئیشی پێنەما، هەر لەبەر ئەمەش ستالین لەسەر داواکاری ئازرباینجان و تورکیا و ئێران بڕیاریدا بە هەڵوەشانەوەی کوردستانی سور. لەنجامی هەموو ئەم شەڕانەدا نزیکەی دوو ملیوێن و سێ سەد هەزار کورد تیاچوون و دوو ملیوێن و نیو کوردی تریش خۆیان ناونوسکرد بە تورک کە لە ئەنجامدا ڕەگەزنامەیان گۆڕاو لەگەڵ تێپەربوونی کاتدا بوون بە تورک، ئەوەی شایانی باسە لە کۆی نزیکەی پەنجا هۆزی جیاوازی کوردی لە قەفقازی خوارودا یەک کوردی تیدا نەمایەوە. دووبارە هەوڵدان بۆ دامەزاندنەوەی کوردستانی سوور لەلایەن میخائیل گۆرباتشۆڤ لەباربردنی. لەساڵی 1988 لە ئەنجامی دووبارە بونیادنانەوەدا (پێری سترۆیکە) کە کۆتاییهات بەلادانی کۆمۆنیستە دیکتاتۆرەکان بوو. ئەرمەنە دانیشتوانەکانی کەرەباخ داوایانکرد کە جیاببنەوە ئۆتۆنۆمی یان خستنەسەر ئەرمەنیا، سەرەتا ئەمە بە خوێن ڕشتن دەستی پێکرد کەرەباخ نەک هەر دەوردرابوو بە ئازرباینجان بەڵکو دەوری گیرابوو بە سوپای سۆڤیتیش. لە ئازباینجانەوە 300 هەزار ئەرمەنی دەرکران و لە ئارمەنیاش نزیکەی 200 هەزار تورک دەرکران لەگەڵ 20 هەزار کوردی موسوڵماندا. لەساڵی 1991 سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت گۆرباتشۆڤ گەشتە ئه و بڕوایەی کە کۆتایهێنان بە جەنگی ئەرمەنیا و ئازرباینجان بە بێ پێکهێنانی کوردستانی سور کۆتایی نایات هەرچەندە لەو سەردەمەدا بە هەوڵەکانی (بابایف محەمەد سلۆ) کە دوای لە تەواوی کوردانی رووسیا کردبوو خۆپیشاندان بکەن لە ساڵی 1990دا سێ خۆپیشاندای گەورەیان لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیاکرد بە سەرۆکایەتی بابایف محەمەد سلۆ کاتێکیش (کەی جی بی KGB) هەست بەوە دەکات بارودۆخەکە خەریکە لەدەست دەر دەچیت. بابایڤ دەستبەسەر دەکەن و لە کاتی لێکۆڵنەوەدا لێ دەپرسن بۆچی داوای کورستانی سوور دەکەنەوە؟ لە وەڵامدا بابایڤ محەمەد سلۆ دەڵیت: ئێمە هەڵبژاردەیەکی ترمان نیە جگە لە کوردستانی سوور، تالەکوشتاری ئەرمنیاکان و سووتانی ماڵەکانمان رزگارمان بێت، ئێمە لەگەڵ دراوسێ ئەرمەنییەکانمان ماندووبووین، ئەوان پێمان دەڵێن ئێوە کێن؟ لە کوێوە هاتوون؟، ئێمەش دەمانەوێت بیسەلمێنین کە ئێمە کێین و ئەم خاکەش خاکی کوردانە، سەرۆکی پێشووی سۆڤیەتیش (لینین) ئەم هەرێمەی دامەزراندوە، دە بڵێن ئێوە بەرهەڵستکاریی لینین دەکەن؟ پاشان بڕیاریان دا لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندیی حزب کۆببنەوە، ئەو کاتە (بریماکۆف) بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی شوعی یەکێتی سۆڤێت دەبێت و کاتێک بریماکۆف دێتە ناو هۆڵەکەوەو بەدەنگی بەرز هاوار دەکات ئەی کوردەکان چیتان دەوێت؟ بابایڤ تورەدەبێت یەخەی بریماکۆڤ دەگریت و دەڵیت تۆدوژمنی کوردیت و نامەویت لەگەڵ تۆ دانیشت بکەم. بۆیە لەمانگی ئایاری ساڵی 1991 گۆرباچۆڤ فەرمانی کرد بەسەرۆکی ئازەرباینجان موتالیبۆڤ کە لە ماوەی دومانگدا ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوردابمەزرێنیتەوه. بۆ ئەوەی ئەمە ڕونەدات سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا دیمیریل، حەیدەر عەلیەڤ-ی داوەتکرد بۆ ئەنکەرە و سەد ملیۆن دۆلاری پێبەخشی، تاوەکو خۆی بۆ شەڕ ئامادە بکات و بتوانێت زۆرێک لە سەرکردەکانی سوپای ئازەرباینجانی پێبکرێت کارێک بکات کە بتوانن کوردەکانی کوردستانی سور دەربکەن و شارەکان ڕادەستی ئەرمینیا بکەن بەبێ کورد، بەم کارەش نەهێڵن فەرمانەکەی گۆرباچۆڤ جێبەجێ بکرێت و بەم هەنگاوەش مەسەلەی کوردستانی سور لە ناو بابەتی ڕۆژ بهێنریتە دەرەوه. بەڵام زۆری پێنەچوو ئازەرباینجان شەرێکی گەورەی دژ بە ئەرمینیا ڕاگەیاند کەتوانرا، قەڵای تشوشی و لاچین و کلبەجار بەبێ هیچ بەرگریەک بگرن. هەرلە مانگی هەشتی هەمان ساڵدا ئیمبراتۆریەتی سۆڤیەت کۆتایی پێهێنراو گورباچۆڤیش لە پۆستەکەی لابرا، دیمیرل لە هەموولایەکیان ژیرتر دەرچوو. حەیدەر عەلیێڤ نەک تەنها ڕزگاری بوو لەدامەزراندنی کوردستانی سور، بەڵکو پارەیەکی زۆریشی دەستکەوت کە بە هاوکاری نەخچکەڵانی و بەرەی گەل و تورکەکانی ئەرمینیا بەبی هیچ بەرگریەکی سەرۆک و لە هەڵبژاردندا کورسی سەرۆکایەتی ئازەرباینجانی زۆر بە ئاسانی بۆ چۆڵکرا و کوردستانی سوور ئەمجارەش بەپیلانی حکومەتی تورکیا لەناوبرا ئەم ململانێیە لە ساڵی 1988 هەتا 1993 بەردەوام بوو.


لە مێژووی گەلاندا سەرەتای هەر شۆڕس و جوڵانەوەیەکی ڕامیاری لە رۆژنامەگەریەوە دەستی پێکردووە تا پەلیکێشاوە بۆ رادیۆ و تیڤی دەزگای راگەیاندو میدیا سەبارەت بەگەلی کوردیش بەهەمان شێوە رۆژنامەگەری کوردی هاوشێوەی گەلانی دیکە بە رۆژنامەگەری چاپکراوە دەستیپێکردووە، تا گیشتۆتە ئەم ئاستەی ئەمێستا ئەوەی ئاشکرایە دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردستانی بەدرخانیەکانە لەساڵی 1898، پاشان لەنێوان سالەکانی 1923-1929 واتا دوای 25 ساڵ رۆژنامەگەری بیستراوی کوردی دەرکەوتووە ئەوکاتەی لەیەکێتی سۆڤیەتی پێشوو؛ یەکەم رادیۆی کوردی زمان لەقەفقاز دەستی بە پەخشکردووە ئەتوانرێت ئەو رادیۆیە بەیەکەم رادیۆی کوردی زمان لەمێژووی کورد تۆمار بکەین. ئەگەر زێدە رۆیی نەکەم لە باسەکەمەدا دەمەوێت بە کورتی ئاماژە بەهەندێک لەو رادیۆیانە بکەم کە لەمێژووی نەتەوەی کوردا بەزمانی کوردی پەخشکراوە جا چ لەلایەن داگیرکەرانی نەتەوەی کوردەوە دامەزرابیت یاخواد لەلایەن خودی کوردەوە دامەزرابێت و بەرێوە برابێت.


بەپێی ریزبەندی مێژوویی، ساڵی(1939) بەشی کوردی لەرادیۆی (بەغداد-عێراق) کراوەتەوە، ئەم رادیۆیە بەپشتگیری راستەوخۆی دەوڵەت دامەزرا. سەرەتا تایبەت بوو بەگۆرانی و مۆزیک بێ ئەوەی تۆماربکرێن. مامۆستا (عەلی مەردان) کاری تێدا کردووە. رادیۆی بەغداد تاساڵی(1949) دووسەعات و 45 خولەک پەخشی کوردی هەبوو، لەو ماوەیەشدا بەرنامەی ئاینی و پەروەردەیی و چیرۆک و داخوازی گوێگرانی پەخش کردووە.

فەرەنسیەکان ساڵی (1941) رادیۆیەکی کوردی زمان بەناوی (لیوانت) لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دادەمەزرێنن و دوای پێنج ساڵ کار کردن پاش ئەوەی کاریان پێنەما پەخشی ڕادیۆکە دەوەستێن و دایدەخەن. هەروەها ساڵی 1945 لەسەردەمی پێشەوا قازی محەمەد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەشاری تەبرێز ڕادیویەکی کوردی دامەزرا، کارەکانی ئەم رادیۆیە زیاتر خزمەتی بەکۆمارەکەی پێشەوا قازی محەمەد دەکرد و دژیایەتی حکومەتی ناوەندی دەکرد، بەڵام دوای ساڵێک بەردەوامی ئەمیش لەگەڵ کۆتایهاتنی کۆماری کوردستان داخرا. جارێکی ترو لەهەوڵێکی دیکە و بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر گەلانی ژێر دەستی و سازدان و بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە، حکومەتی بەریتانیا ساڵی (1942-1944) (رادیۆی رۆژهەڵاتی نزیک)ی دامەزراند، کە بەشێکی بەرنامەی رادیۆی کوردی کوردستان بوو، شاعیرو نووسەرانی کورد بەشی کوردی رادیۆکەیان بەڕێوە دەبرد لەوانە: گۆران، رەفیق چالاک، رەمزی قەزاز. حکومەتی ئێران، لەماوەی سالەکانی (1955-1966) سوپای پاسداران رادیۆیەکی بەزمانی کوردی دامەزراندو دوای ماوەیەکی کەم پەخشەکەیان راگرت. پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەم لەرادیۆی (حەیفا) لە فەلەستین بەشی کوردی کردەوە کە لەو کاتەدا عەبدوڵڵا گۆران و رەفیق چالاک کاریان تێدا دەکرد. لە رێکەوتی 01-01-1955 یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بۆجاری دووەم رێگەی دا بە کردنەوەی بەشی کوردی لە رادیۆی (یەریڤان)، لەهەفتەیەکدا چوار کاتژمێر بەزمانی کوردی پەخشی دەکرا. ساڵی (1957) لەسەردەمی جەمال عەبدولناسڕ لە وڵاتی میسڕ لە رادیۆی قاهیرەی بەناوی(ئێرە کۆماری عەرەبی یەکگرتووە) 45 خولەکەی کرد بەزمانی کوردی، کەئەوەش تەنیا بۆ دژایەتی و هێرشکردنە سەر حکومەتی عێراقی بوو لەرێگەی کوردەکان و کێشەی کوردەوە. ساڵی (1961-1975) کوردەکانی کوردستانی عێراق بەنهێنی ڕادیۆیەکیان دژبە رژێمی عێراق دامەزراند، ساڵی 1968 و لەگەڵ هاتنی بەعسییەکان بۆ حوکمڕانی عێراق ڕادیۆکە خرایە ژێر دەسەڵاتی ئایدۆلۆژی بەعسەوە. هەروەها لە ساڵی 1963 ڕادێۆی (دەنگی کوردستانی ئیراق) لەلایەن (مستەفا بارزانی) یەوە دامەزرا ئەم رادیۆیە لەسەرەتادا بەشێوەیەکی نهێنی پەخشی دەکرد و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوو. هەرلەهەمان ساڵدا واتا ساڵی 1963 رادیۆی (دەنگی کوردستانی ئێراق) لەناوخۆی عێراق دامەزرا کە ئەوکاتە حزبی شیوعی کوردستان و حکومەتی ناوخۆی ئێراق بەڕێوەیان دەبرد. لەڕێکەوتی 21-03-1979 ڕادیۆی (دەنگی گەلی کوردستان) دامەزراوە، بەناوی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)ەوە، پاش کەمتر لە مانگێک گۆڕاوە بە(دەنگی شۆڕشی ئێراق)، پاشان لەساڵی (1984-1985)ناونراوە (دەنگی گەلی کوردستان). پەخشی بەرنامەکانی ئێزگەکە بەزمانی کوردی و بە هەردوو دیالێکتی کرمانجی ژوور و خوارووە، هەوروەها بەشێکی بەعەرەبی پەخشکردەکرا، جگە لەوەی لە ماوەی جیاجیادا بە ئینگلیزی و فارسی و تورکمانی و هەفتانە بۆ ماوەی سەعاتێک بە زاراوەی هەورامی بەرنامەکانی پەخش دەکرد. جگەلەوانەی سەرەوە ئاماژەم پێکرد ساڵی 1992 ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا بەزمانی کوردی کرایەوە، سەرەتا پەخشە کوردیەکەی یەک کاتژمێربوو دواتر فراوانتر کرا. جگە لەوەش لەچەند ولاتێکی ئەوروپا چەند خولەکێک بۆ کوردەکان کرایەوە بەتایبەتی وڵاتی سوید 15 خولەک پەخشی بەرنامەکانی ڕادیۆکەی بەزمانی کوردی بوو لە رۆژێکدا. لێ ئەوەی دووبارە لەلام گرنگ بوو کەلەم باسەدا باسی بکەم رادیۆی یەریڤان بووە، لەگەل ئەم هەموو کێشە سیاسیە ئاڵۆزە و قڕکردن و راگواستنی کورداندا لەساڵی 1955 لەسەر دەستی خەلیل مورادۆڤ و دەنگبێژی ناوداری کورد حەجێ ڤۆندی و ئەمین ئاوداڵ ڕادیۆی یەریڤان لەدایک دەبێت. کردنەوەی رادێۆی کوردی لەو دەمەدا لە کوردستانی سوور و ناساندنی دنیا بە ئاواز و گۆرانی و هونەری کوردی یەکێک بوو لە کارە دیارەکانی ئەم رادیۆیە دواتر خەلیل مورادۆڤ لە ساڵی 1957 هەتا 1981 بەریوبەری ئەو رادێۆیە بوو، هەر لەسەر دەستی ئەودا چەندین سترانبێژی کوردی وەک گەراپەتی خاچۆو سەیدی شامەدین و مەمێ خۆدۆ و زادینا شاکر فاتیمە عیسا و چەندینی تری بە خەلک ئاشنا کرد. ڕادێۆی یەریڤان بە زمانەکانی تورکی و ئەرمەنی و کوردی پەخش دەکرێت و لە ساڵی 1991 کەریم سیاد و دواتریش تیتال کەریم و لەیلا کەریم کاری بەڕێوەبەری رادێۆکەیان گرتۆتە ئەستۆ. ئەم رادێۆیە جگە لە تورکی و کوردی بە 12 زمانی تر پەخش دەکرا هەتا پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت. لیرەدا بە گرنگی دەزانم ناو و کەمێک زانیاری لەسەر کارمەندە ژنەکانی ئەم ڕادیۆیەو هەندێک هونەرمەندی دیاری کوردستانی سوور باس بکەم، ئەوەی بۆ من زۆر گرنگە دەرکەوتنی دیار و بەرچاوی ژنانی کورد بووە وەک سترانبێز و بێژەر، لەوانەش ئالیسکا، فاتیمە، سوسکا و ئێزنیڤا خانمی خێزانی خەلیل مورادۆڤە.


ئیزنیڤا رەشید: 18-05-1926 لە گوندی چاموشڤان لە ئەرمەنستان لە دایکبووە و لە 16-09-2000 لە یەریڤان کۆچی دوایی کردووە.خوێندنی سەرەتایی لەهەمان گووند تەواو کردووە. لە ساڵی 1955 رادیۆی یەریڤان دەکرێتەوە هەر لەوکاتەوە ئیزنیڤا دەست بە کاری بێژەری دەکات هەتا ساڵی 1982. یەکەمین ژنە بێژەری ڕادیۆی کوردی بوو لە شاری یەریڤانی ووڵاتی ئەرمینیا، هەربۆیە بە دایکی رادیۆی کوردی ناوزەند دەکرێت. ئیزنیڤا ماوەی 27 سال بێ دابران لەو رادێۆیە کاری بێژەری کردووە، هەر لە پاڵ کاری بێژەریشدا نووسەرێکی بە توانا بووە لە بواری داواکردنی مافی ژنان و زۆرینەی نووسینەکانی لە ڕۆژنامە ئەرمەنیەکاندا بلاو دەکرایەوە لەگەل رۆژنامەی (رۆژی نوێ) ی کوردی بە زاراوەی کرمانجی. یەکێک لە پەیامە دیارەکانی کە لە 8 مارسی ساڵی 1962 پیرۆزبایی و بەرز راگرتنی خەباتی ژنان بوو لە رۆژنامەی ڕێیا تازە (تیایدا بە زاراوەی کرمانچی پشتیوانی خۆی بۆ خاباتی ژنان دووپات دەکاتەوە.


ئیزنیڤا، هاوسەرگیری لەگەل خەلیل مورادۆڤ دەکات و دەبنە خاوەنی 4 مندال و تەیموور خەلیل کە کوری گەورەیانە و یەکێکە لە ڕۆژنامەوانە دیارەکانی کورد لە رووسیاو خاوەنی چەندین پەرتووکەو هەروەک لە 25 سالیەوە لە ڕۆژنامەی رێیا تازە کاردەکات و دواتریش لە دەنگی کوردی ڕادیۆی مۆسکۆ برەو بە کاری میدیای خۆی دەدات و ئەندامی دەستەی نووسەرانی مۆسکۆیە و دواتریش لە رۆژنامەی ڕۆژی نوێ برەو بە کارەکەی دەدات. هەروەک هەسێ منالەکانی تری ئەوان بە ناوەکانی سەردار و گولنار و ڤایۆد لە چەندین کاری شانۆیی رۆلی گرنگیان بینیوە کە تایبەت بۆ رادێۆی یەریڤان بەشی کوردی ئامادە دەکرا.


سووسیکا سیمۆ؛ یەکەمین ژنە سترانبێژی کورد بوو لە یەکێتی سۆڤیەتی کۆندا، لە ساڵی 1946 دا وەک سترانبێژ دەردەکەوێت، خاتوو سووسیکا دژی دابوو نەریتی خانەوادەکەی لەگەل ئەوینداری خۆی کە پیاوێکی ئەرمەنی بوو هاوسەرگیری کرد، دواتر لە رادیۆی یەریڤان بەشی کوردی کاری دەکرد وەک سترانبێژی ئەو رادێۆیەو سووسیکا خاتوون بە جوانپۆشی و سەماکردن و ستران یەکێک بوو لە ناودارەکانی سەردەمی خۆی، خاتوو سووسیکا هەلگری فکرە چەپ بوو هەربۆیەش چەندین سترانی هەیە لەسەر دادپەروەری و داکۆکی لەسەر مافی کرێکاران و خاوەنی سترانی (لینیننی مەزنە) و(لینن رابوو مە رزگار بوون) ەمەخابن خانمە ستران بێژی نوداری کورد لە ساڵی 1977 لە تەمەنی 52 ساڵیدا لە شاری یەریڤان کۆچی دوای کرد. ئاسلیکا قادر؛ یەکێکی ترە لە ژنە بوێرەکان کە لە ساڵی 1945 لە گوندی ئەخبارانێ (کە پێشتر ناوی سینۆرین بوو) لە ناوچەی ئەلەگزێ لەدایک بووە. ئەلەگزێ شارۆچکەیەکی سەر بە ئاراگسۆتنی ئەرمینیایە و لە دەوری ئەم شارۆچکەیە 11 گوند هەیە و دانیشتوانی ئەم ناوچەیە هەموو کوردانی ئێزیدین و بە کرمانچی دائاخفن. بۆ خوێندن لە زانکۆی یەریڤان بەشی رۆژهەلات ناسی لە ساڵەکانی 1963 بۆ 1968 روودەکاتە شاری یەریڤان و لەوێ وەک مامۆستای وێژەیی زمانی ئەرمەنی دەست بە کار کردن دەکات. پاش ساڵانێک کار کردن لە وەزارەتی پەروەردەی ئەرمینیا پۆستی چاودێری مامۆستایی وەرگرت وەک (میدۆدیست) کاری کردووە، پاش هەلوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و سەرهەلدانی گرووپە نەژادپەرستەکان، رووناک بیرو ناودارانی کورد کەوتنە بەر هێرشی ئەم گروپانە هەربۆیە ئالیسکا وچەندین رووناکبیرو ناوداری کورد هەوڵی دوور کەوتنەوەیان دا لەوێ و ئالیسکاش لە ساڵەکانی 1990 ئەرمینیای جێهێشت و لە یەکێک لە ووڵاتە ئەوروپیەکان ژیان بەسەر دەبات. فاتمە عیسا؛ لە ساڵی 1934 لە گوندی ئەرەژەگنی ئازربایجان لەدایک بووە و لە 15-01-2010 لە ئەرمەنستان کۆچی دوایی کردووە. دوای تەمەنی 3 ساڵی لە گوندی حەمزالی ئەرمەنستان نیشتەجێ دەبن و وەک زۆرێک لە کچانی کوردی ئەو سەردەمە لە تەمەنی 14 ساڵیدا بە فەرمانی خانەوادەکەی هاوسەرگیری کردووە. هەر لە مناڵیەوە خاوەنی دەنگێکی پڕ سۆز و ناوازە بووە. بەلام دەنگبێژی بۆ ژنێک و لەو سەردەمەدا ئاستەنگیەکی زۆر لەبەردەمی دروست کردووە خێزان و کۆمەلگا یەکێکن لەو بەربەستانە کە ڕێگر بوون لەبەردەمی فاتمە هەربۆیە لە ڕێگای کۆڕ و کۆبونەوە ژنانەکان و دانیشتنە ئاینیەکانی ژناندا دەستی بە ووتنەوەی قەسیدە ئاینیی و دواتریش گۆرانیە باوە کوردیەکانی ئەوسەردەمە کردووە.. هەتا ساڵی 1972 رادێۆی یەریڤان بەشی کوردی بە سترانی مینا لەگەڵ سووسکا خاتوون بۆ یەکەم جار دەرکەوت ئیدی لەوێ بەدوا بەردەوامی بە ستران چرین دەدات هەتا ووردە ووردە تەمەنی بەرەو هەڵکشان دەچێت بەلام هەلی سترانبێژی بۆ


خاتوو فاتمە لە رادێوێی کوردی یەریڤان و رەزامەندی خێزانی وی تایبەتریش کارکردنی برایەکی فاتمە لەو ڕادیۆیە هۆکاری دەنگبێژی و کارکردنی فاتیمە بوو لەوێ.

هەر لەسەر دەستی خەلیل مورادۆڤدا لە هەمان ڕادیۆ چەندین سترانی کوردی و ئاوازی فۆلکلۆری کوردی بە گوێی کوردستانیان و ئەرمەنیەکاندا داوە.لە هەرە سترانە ناسرواوو دیارەکانی خاتوو فاتمە دینامن، شەرێ رەیا، گەدێ نرزرۆ و دەمهۆ.

دەمهۆ چیرۆکی کچە میرێکی کورد بووە بۆ دڵخوازەکەی کە کورە گەدایەک بوو، داخی دڵی دڵدارێکە بۆ زوڵمی زەمانە. بۆیە بە یەکێک لە سترانە ناودار و دیارەکانی خاتوو فاتمە هەژمار دەکرێت. پاش شکست و لێکترازانی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات کە زیاتر لە 50 هەزار بە تەواوی لە ئەرمینیا جێگیر بوون، خانەوادەی فاتمە خاتوونیش لەو خێزانانە بوون لە کە یەریڤان جێگیر مانەوە هەتا لە 15-01-2010 لەوێ بۆ دواجار مالئاوایی کرد. کۆتا هێنان بە باسێکی مێژووی و تایبەتریش مێژووی پڕ تراژیدیاو کێشمەکێشی ڕامیاری ئێمەی کورد هەروا سانا نیە، لە هەر کون و قوژبنێک بڕوانین کەشکۆکمان لە نەهامەتی و ڕەو و ماڵوێرانی پێیە لە پاڵ ئەوانەشدا هەگبەی پڕ هونەر و ڕێچکە شکاندن و کۆت و بەند بڕینمان پڕە بە تایبەت ژنان کە هەمیشە پشکی شیریان لە کۆت و بەندی کەلتووری بەر دەکەوێت، مەخابن بەهۆی وون بوون یان پەرتەوازەبوونەوە زۆرێکمان نامۆین بە ووردەکاریەکانی هەربۆیە زۆر کەسایەتی دیار و هەنەرمەندیش بە وونی ماونەتەوە، بۆیە من وەک خۆم داوای لێبووردن لە هەموو ئەو کەسایەتی و هونەرمەندانە دەکەم کە نەمتوانی بێت لێرەدا ئاماژە بە ناوو کارەکانیان بکەم، حەتمەن لە کەم تەرخەمیم نیە بەڵکو لە نەبوونی زانیاری وورد و دروست بووە.



سەرچاوەکان:

  • ویکیوەند
  • Diplomaticmagazin; دکتۆر جەبار قادر
  • ووتاری مستەفا وەکیل لەسەر دامەزراندنی کوردستان سوور
  • ڕۆژنامەی رووپێل، ئیزنیڤا
  • The Red Book of the Peoples of the Russian Empire
  • ووتارێکی یادگار عەلی، خوێندکاری ماستەر لە ڕاگەیاندن
  • saradistribution
  • Müller, Daniel The Kurds and the Kurdish Language in Soviet Azerbaijan According to the All-Union Census of December 17, 1926. The Journal of Kurdish Studies, vol. 3, pp. 61–84.